تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری

لۆگۆی ماڵپەڕی ژنەفتن

ئێمە (ماڵپەڕی ژنەفتن) پرسیارێک(لەبارەی ڕەخنەی ئەدەبی و هونەریی)مان ئاراستەی چەند ڕەخنەگر و نووسەر و هونەرمەندی خاوەن ڕا کردووە و، داوامان لێ کردوون کە ئازادن وەڵامی چ بەشێک لە پرسیارەکە (کە لای ئەوان شایەنی لەسەر وەستانە) بدەنەوە و بۆشمان گرنگە کە وەڵامەکەیان لە چوارچێوەی وتارێکی سەربەخۆ بێت.

پرسیار: وا دەردەکەوێ کە هەمووان کۆک بن لەسەر ئەوەی کە نەبوونی ڕەخنە (کریتیک)ی ئەدەبی و هونەری دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی دەقی ئەدەبی و بەرهەمی هونەری. بۆیە یەکسەر بپرسین، ئاخۆ ئێمە رەخنەمان هەیە؟ ئەگەر هەیە لە چ ئاستێک دایە؟ ئاخۆ پێ بە پێی دەق و بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان چووەتە پێشەوە؟ ئەگەر لە ئاستێک دایە کە وەک نەبوون بدرێتە قەڵەم، ئەو قەیرانانەی لە نەبوونی ڕەخنەدا هاتوونەتە ئارا چین؟ ئەی ڕەخنەگر (یان ڕەخنەدۆز)مان هەن؟ بە چ دەقێک دەوترێ ڕەخنە و بە کێ دەڵێن ڕەخنەگر (رەخنەدۆز)؟

پێتان وانییە کە کێشەیەکی گەورەترمان هەیە، ئەویش جگە لە نەناسینی تیۆرە ئەدەبییە رۆژئاواییەکان، خۆمان هیچ دەستێکیشمان لە بەرهەمهێنانی تیۆری ئەدەبی و هونەریدا نییە؟

ئایا ئەو ڕانان و نووسینانەی لەسەر دەقە ئەدەبی و بەرهەمە هونەرییەکان دەنووسرێن، دەچنە چوارچێوەی ڕەخنەوە؟ پێوەندیان لەگەڵ دەقی ڕەخنەییدا چییە؟ ئەدی پێوەندی راڤەکردنی دەق و ڕەخنە، خوێندنەوەی دەق و ڕەخنە چییە؟

تێبینی:

مەرج نییە وەڵامی کۆی پرسیارەکە بدەنەوە. بەڵکو دەتوانن سەرنجتان لەسەر ئەو بەشە لە پرسیارەکە قووڵ بکەنەوە، کە لاتان وایە شایەنی قسە لەسەر کردنە.

دەتوانن وەڵامەکەتان وەک وتارێکی سەربەخۆ و بە ناونیشانێکی سەربەخۆ بێت، (هەڵبەت پێوەندی بە پرسیارەکەوە هەبێت).

ئەم پرسیارە بۆ چەندین نووسەر و هونەرمەند دەنێردرێت و وەڵامی هەر کەسێک وەک وتارێکی سەربەخۆ لە بەشی تەوەری (ئەدەبی)، یان گەر هونەری بوو لە بەشی هونەریش بڵاو دەکرێتەوە.

وەڵام یان وتارەکەتان لە ٥٠٠ وشە کەمتر نەبێت. بەڵام درێژییەکەی دەتوانن تا ئاستی توێژینەوەیەکیش بێت.

*(رەخنەدۆز)مان لە کاروان کاکەسوور وەرگرتووە.

لەگەڵ رێزماندا ماڵپەڕی ژنەفتن

ماڵپەڕێکی هزری و کولتووریی سەربەخۆیە