ڕەخنەی ئەدەبی: چەند تێڕامانی خێرا

ئەم وتارە، وەڵامی (هاشم ئەحمەدزادە)ی لێکۆڵەر و ڕەخنەگرە بۆ پرسیارێکی (تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری) ماڵپەڕی ژنەفتن.

ڕەنگە لەو ڕۆژەوە مرۆڤ بوو بە بیسەری بابەتێک و بینەری دیمەنێک، و بە نیگا و بە وشە و تەنانەت بە ئاماژەیەک و سەرەلەقەیەک ڕای خۆی دەربڕی، ئێمە ڕووبەڕووی کردەی هەڵسەنگاندن و ڕاڤەی بابەتی بیسراو و بینراو بووبین. من بە ئاگاییەوە لە یەکەم ڕستەی ئەم نووسینەدا ئاماژەم بە خوێنەر نەکرد. هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی درەنگوەختی خوێنەر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. کەواتە سەردەمانێک کانگەی تێگەیشتنی مرۆڤ لە جیهانی دەوروبەری، شتێک نەبووە جگە لە هەستی بینین و بیستن. کارتێکەریی چڕی ئەم هەستانە لەسەر بەرفراوانکردنی ئاسۆی ئەندێشە و تێکەڵبوونیان لەگەڵ توانایی چڕکردنەوە و گشتاندنی ئاوەزییانەی مرۆڤ لە قۆناغێکی گەشەکردنی هزریی مرۆڤدا، نووسینی کردە کاراترین داهێنانی مێژووی مرۆڤایەتی. بەرەبەرە دەقی نووسراو بوو بە بەشێک لە پێداویستییەکانی ژیان و خەیاڵی بەردەوامیی ژیانی هزری و شارستانیی مرۆڤ لە دەرەوەی ئەم داهێنانەدا کارێکی ئەستەمە. لەو ڕۆژەوە دەقی نووسراو کەوتە بەر دیدی مرۆڤەوە، جۆرێکی دیکە لە تێڕوانین سەری هەڵدا.

ئێستا ئیتر بیستن و بینینی دیاردەکان نەبوون کە دەرەوەیان دەگواستەوە دونیای زەینیی مرۆڤ، بەڵکو ئەوە پڕۆسەیەکی پێچەڵپێچی هاوکاریی هەموو هەستەکان بوو کە لە ڕێگەی داهێنانێکی مرۆیانەوە، تێگەیشتنێکی نوێی بۆ مرۆڤ دەستەبەر دەکرد. تۆ کۆمەڵێک نیشانەت دەبینی و دە زەینی خۆتدا بە پێی کۆمەڵێک پیشفەڕز و باوەڕ مانات دەکردنەوە و دەبووی بە هەڵگری تێگەیشتنی تایبەتیی خۆت. ئەمە سەرەتای ڕەوتێکی دوورودرێژی مێژووییە کە تێیدا سێ لایەن بەشداری بەرهەمهێنانی ڕەوتێک دەبن کە دواجار تێگەیشتنی ئێمەی لێ دەکەوێتەوە. کەس یان کەسانێک دەقەکە بەرهەم دێنن، دەقی بەرهەمهاتوو دەکەوێتە بەر دیدی کەس یان کەسانێک و دەخوێندرێتەوە.

ئەمە ئەو سێگۆشە گرنگە مێژووییەیە کە هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش درێژ بووەتەوە. لێکدانەوەی میکانیزمی کارکرد و پێوەندیی ئەم سێ لایەنە بە یەکترەوە دەبێتە هەموو مێژووی ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری لە ئاستی بەرفراوانی جیهانیدا. هەتا ئەو کاتەی دەسەڵاتی نووسەر وەک دەسەڵاتی پاشا و قەیسەر و تزار و پەیامهێنەر و ڕابەر و ئاغا و کوێخا دەبینرا، ئەوە تێگەیشتن لە مەبەست و ئامانجی ئەو دەبووە ئامانجی خوێندنەوە. ئیتر دەق شتێک نەبوو جگە لە ئافرێندراوی دەسەڵاتی بێسنووری نووسەر و خوێنەریش شتێک نەبوو جگە لە بەردەنگێکی بێدەسەڵات کە دەبوایە هەموو هەوڵی خۆی دابا بۆ وەرگرتنی پەیامی نووسەر. ئەوەی بە ڕەخنەی مێژوویی ناسراوە و تییدا تێگەیشتنی پەیام و مەبەستی نووسەر بەرجەستە دەبێتەوە بۆ چەندین سەدە قسەی سەرەتا و کۆتایی دەکرد و تۆی خۆێنەریش تەنێ ئەرکی تێگەیشتنی ئەوت هەبوو. هەر بۆیە دروشمی باوی سەردەمانێکی دوورودرێژی ڕەخنەی ئەدەبی ئەوە بوو تۆ هومێرۆسم دەیە من پێت دەڵێم ئیلیاد و ئۆدیسە چین. تۆ فیردەوسیم دەیە من پێت دەڵیم شانامە چییە. تۆ ئیبنی عەرەبیم دەیە پێت دەڵێم “وەحدەتی وجود” چییە. تۆ جزیریم دەیە پێت دەڵێم دیوانەکەی چی دەڵێت. ڕەنگە یەک لە نەگۆڕترین پێوەرەکانی ڕەخنە هەتا ئێستایشی لەگەڵدا بێت هەر ئەو باوەڕە بووبێت کە کاری خوێنەر شتێک نییە لە دۆزینەوەی مانا و مەبەستی نووسەر. تەنانەت بوومەلەرزەی مۆدێرنیتەش چەند سەدەیەکی پێچوو هەتا بڵێت ئەمە دوورە لە ڕاستی. هەڵبەت دەکرێ لەسەر ئاست و قووڵایی ئەم باوەڕە بە شێوەیەکی مێژوویی، جیاوازیی چەندایەتی هەبووبێت، بەڵام کاکڵی بۆچوونەکە هەر یەک شت بووە و ئەویش دەسەڵاتی بێئەملاولای نووسەر بووە لە ئافراندنی مانادا. کەواتە ئەگەر بۆ ئەفلاتون، بە گوێرەی نیگارە بەناوبانگەکەی ڕافائێل لە سەرەتاکانی سەدەی شانزدەهەمدا، سەرچاوەی هەموو شتەکان لە ئاسمانەکاندا بوون و ئەو بە قامک ئاماژەی پێ دەکرد، ئەوە هەر بە گوێرەی هەمان نیگار، ئەرەستوو شتەکانی جۆرێکی دیکە دەبینی و ئاماژەی دەستی ڕوو لە زەویی ژێر پێمانە کە بۆ ئەو وەک کانگەی هەموو دیاردەکان بوو. بێگومان ئەم دوو بۆچوونە دوو خوێندنەوەی لێ دەکەوێتەوە و دونیای بوتیقای ئەرەستو لەگەل دونیای کۆماری ئەفلاتون هەر لەو دەمەوە جیاوازتر وێنا دەکران. بەڵام لەبیرمان نەچێت هەتا ئێستاش هەر سەری زار و بنی زارمان بریتییە لە “ئەفلاتون وا دەڵێت” و “ئەرەستو وا دەڵێت”. لەڕاستیدا ئەم بۆچوونە ڕیشەی لە باوەڕێکی هزری و فەلسەفیی کۆندایە کە تێگەیشتن لە ئامانج و مەبەستی ئەوی دیکە دەکاتە سەرچاوەی تێڕوانینی خۆی لە جیهانی دەوروبەری.

لە دەیەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا لە ڕووسیای ئەمڕۆدا شۆڕشێک ڕوو دەدات کە جیاوازە لە هەموو شۆڕشەکانی مێژووی مرۆڤ. لەم شۆڕشەدا پلان و خوێندنەوەی چڕوپڕی ساڵانێکی دوورودرێژی کۆمەڵە خەڵکانێک دەور دەگێڕێت کە قسە لەسەر زانستیبوونی شۆڕشەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکەن. ئەگەر ئەمە ڕەنگدانەوەی سیاسی و ئایدۆلۆژیکی بیری زانستی بووبێت، هەر لەم وڵاتەدا کەسانێک قۆڵ لە دەکارهێنانی زانستی بەرهەست (objective) لە بواری ئەدەبیاتدا دەکەن. ئەوان کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای زانستی بۆ پێواوتنی جوانیناسانەی دەقەکان ئاراستە دەکەن کە بە شوێن دۆزینەوەی ئەدەبییەتی دەقدان لە دەرەوەی ویست و خواستی نووسەرەکەیدا. کەسانی وەک شکلۆڤسکی و ئاخنباوم پێشەنگایەتی ڕەوتێکی ئاوایان کرد و کارتێکەرییەکی مەزنیان لەسەر ڕەوتی ڕەخنەی ئەدەبی لە هەموو جیهاندا، هەڵبەت زۆر دواتر، هەبوو. بەداخەوە سالانی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبر هاومانا بوو لەگەڵ بەرتەسککردنەوە و دواجار لەنێوبردنی ئەم بزاڤە تیۆریکە کارتێکەر و کارایە.

تێکچوونی بواری چالاکیی فۆرمالیستەکانی ڕووس زۆری نەخایاند کە چەکەرەی هزرێکی هاوشێوە لە پارزەمینێکی دیکە، واتا لە ئامریکادا، دڵی تیۆری و ڕەخنەی ئەدەبی زیندوو کردەوە. سەرهەڵدانی ڕەخنەی نوێی ئەمریکایی بەردەوامی و تەواوکەریی ئەو ڕەوتە دەقتەوەرە بوو. ڕەوتێک کە ڕەهەندێکی نوێی بە ڕەخنەی ئەدەبی بەخشی و شێوازی ڕوانینی ئێمەی لە مانا و نیشانەکان بە تەواوی گۆڕی.

لە کاتێکدا تێۆریی ئەدەبی هەوڵی تیگەیشتن لە میکانیزمی کارکردی بەرهەمهێنانی ئەدەبی دەدات و تێدەکۆشێت بزانێت لەنێوان دەقی بەرهەمهاتوو و جیهانی دەوروبەریدا چ پێوەندییەک هەیە و ئەم پێوەندییانە چۆن هەڵسوکەوت دەکەن، ڕەخنەی ئەدەبی لە هەوڵی چلۆنایەتیی وردبوونەوەی ئەم تیۆرییانەدایە لە دەقێکی دیاریکراودا.

دەیەی شێستی سەدەی بیستەم لە ئوروپادا دەیەیەکە پڕ لە گۆڕانکاریی لە ئاستی هزر و تێڕوانینی مرۆڤ بە بوون و جیهان. ئەزموونەکانی دوو شەڕی جیهانی و لێکەوتە پڕ لە ئازارەکانی مەرگی بە میلیۆنان مرۆڤ، هاندەری پێداچوونەوەی پرۆژەی مۆدێرنیتە بوون و لە وڵاتی فەڕەنسە کۆمەڵێک بیرمەندی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان بەردی بناخەی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بنەڕەتییان دانا کە لە درێژەی دەستکەوتە هزرییەکانی زمانناسی و پێکهاتەخوازیدا هەموو بوارەکانی زانستی گرتبووەوە. لێرەدایە دوو ڕەهەندی نووسەر و دەق وردەوردە جێگەی خۆیان دەدەن بە ڕەهەندی سێهەم واتا خوێنەر. ئیتر لێرەوە خوێنەر دەبێتە دوا سەرچاوەی بەرهەمهێنانی مانا. وردەکارییەکانی ئەم گۆڕانکارییە بەربڵاوانە لەم کورتە نووسینەدا ناگونجێت. مەبەستی سەرەکیی من لەم پێشەکییە چڕە شتێک نییە جگە لە زەقکردنەوەی ڕۆڵی تیۆری لە کایەی ڕەخنەی ئەدەبیدا. بە واتایەکی دیکە بۆ هۆگرانی ئەدەبی هەنگاوی گرنگ ئەوەیە کە دوو بواری تیۆری ئەدەبی و ڕەخنەی ئەدەبی لێک جیا بکەنەوە. لە کاتێکدا تێۆریی ئەدەبی هەوڵی تیگەیشتن لە میکانیزمی کارکردی بەرهەمهێنانی ئەدەبی دەدات و تێدەکۆشێت بزانێت لەنێوان دەقی بەرهەمهاتوو و جیهانی دەوروبەریدا چ پێوەندییەک هەیە و ئەم پێوەندییانە چۆن هەڵسوکەوت دەکەن، ڕەخنەی ئەدەبی لە هەوڵی چلۆنایەتیی وردبوونەوەی ئەم تیۆرییانەدایە لە دەقێکی دیاریکراودا. دەقی بەرهەمهاتوو دەبێتە ئەو بەستێنە کە ڕەخنەکاری ئەدەبی دەیکاتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی چلۆنایەتیی دەکارهێنان و بەکارهاتنی تیۆرییە گشتییەکان. تیۆریزانان و ڕەخنەکاران لە چەند دەیەی ڕابردوودا بە بەردەوامی خەرمانی ئەدەبییان لە ڕەهەندگەلی جیاوازەوە تاوتوێ کردووە و دونیای زانایی و وشیاریی ڕەخنەیی و تیۆرییان لە هەمیشە زیاتر برەو پێداوە. سەرهەڵدانی چەمکگەلی نوێ لەم ڕەوتەدا زۆر سەرسوڕمێنەر و بەڵێندەر و دڵخۆشکەرە. وێدەچێت بەربڵاویی جیهانی ئەدەبی، داڕاشتنەوە و پەرەپێدانی بەردەوامی تیۆریسازیی لەم بوارانەدا، کردبێتە پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگر.

ڕەوتی سەرهەڵدان و گەشەی تیۆری و ڕەخنەی ئەدەبی دەکرێت لە گۆشەنیگایەکی دیکەشەوە سەیر بکردرێت. بە واتایەکی دیەک ئەگەر سێ تەوەر/ڕەهەند/فاکتەری نووسەر و دەق و خوێنەر دەتوانن ڕێنوێنی باش بن بۆ وردبوونەوە لە میژووی گۆڕانکاریی تیۆری و ڕەخنەی ئەدەبی، ئەوە بە ڕوویەکی دیکەدا دەکرێت شێوازی ڕوانین لە هەر یەک لەم تەوەرانە/فاکتەرانە پێمان بڵێت کە خوێندنەوەی ڕەخنەییانە چۆن بەڕێوە دەچێت.

ئەگەر تۆ شارەزای وردەکارییە تیۆریکەکان نەبی، ڕەخنەکانت لە دەقی ئەدەبی زۆر ئاماتۆرانە دەبن و ناتوانن لە دونیای ئاڵۆزی ئەم سەردەمەدا پەنجەرەیەک بەسەر بینینێکی جیاواز و هەمەلایەنەی ئێمەدا ئاواڵە بکەنەوە.

بۆ نموونە ئەگەر ئێمە دەقی ئەدەبی بە بنەما بگرین دەتوانین بۆچوونەکان لەسەر دەق بە دوو بواریی سەرەکیی نێودەق (intrinsic) و دەرەوەی دەق(extrinsic) دابەش بکەین. ئایا دەق وەک خۆی و لەنێو خۆیدا بنەمای خوێندنەوەی ئێمەیە؟ ئەگەر وەڵام ئەرێنی بێت، ئێمە لەگەڵ بنەمایەکی هزری ڕووبەڕووین کە شتەکان تەنێ و تەنێ لە خودی دەق هەڵدێنجێت و واتا خوێندنەوەی ئێمە دەقییانە دەبێت. ئەگەر بێتوو وەلام نەرێنی بێت ئەوە ئیتر ئێمە بۆ لێکدانەوەی دەق ڕوو لە دەرەوەی جیهانی دەق دەکەین و بۆچوونێکی کۆدەقییانە (contextual) ڕەچاو دەکەین. هەر یەک لەم بۆچوونانە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و ئەنجامەکانی خوێندنەوە لەسەر بناغەی ئەم تیۆرییانە، جیاواز دەبن. لێرەدا تیۆرییەکان یارمەتیمان دەدەن تێ بگەین کە پێوەندیی خوێنەر و دەق لەسەر کامە بناغەگەل کار دەکەن و تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی ئەم پێوەندییانە چەندە یارمەتیدەری گەڵاڵەکردنی ڕەخنەیەکی بەپێز دەبێت. وەک دەبینین لێرەدا هەمدیسان لەگەڵ گرنگیی پێوەرە تیۆریکەکان ڕووبەڕوو دەبینەوە.

ئەگەر بنەماکانی ڕەخنەی ئەدەبی ئاوا گرێدراوی تیۆرییە ئەدەبییەکان بن، ئاشکرایە هیچ ڕەخنەیەکی جیددی لە دەرەوەی شارەزایی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەم تیۆرییانە ناتوانێت بەرهەم بێت. بە واتایەکی ساکارتر ئەگەر تۆ شارەزای وردەکارییە تیۆریکەکان نەبی، ڕەخنەکانت لە دەقی ئەدەبی زۆر ئاماتۆرانە دەبن و ناتوانن لە دونیای ئاڵۆزی ئەم سەردەمەدا پەنجەرەیەک بەسەر بینینێکی جیاواز و هەمەلایەنەی ئێمەدا ئاواڵە بکەنەوە.

ڕەخنە یانی کە تۆ زانای بێئەملاوئەولا نی و دەکرێ جگە لە بۆچوونی تۆ شێوازی دیکەی ڕوانین لە دیاردەکان هەبێت. ڕەخنە یانی یارمەتیدان بە دەستەبەرکردنی هەرەوەزی تێگەیشتن و دەرهێنانی زانایی و تێگەیشتنی دواجار و هەمیشەیی لە مۆنۆپۆلی کەسێک یان تاقمێک. ڕۆڵی تیۆرییەکان لێرەدا وەک ڕێنوێنین بۆ هاسان کردنەوەی پێوانی ئەم ڕێگە پێچەڵپێچە. هەروەها دەتوانن پێوەریش بن بۆ لە مەحەکدانی ڕێژەییبوونی خوێندنەوەکان.

بەر لەوەی بپرژێمە سەر باسی ڕەخنەی کوردی، حەز دەکەم خاڵێکی گشتیی دیکەش باس بکەم کە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە پێداویستیی ڕەخنە وەک ئەکتێکی فەلسەفی و زانستی. لەو ڕۆژەوە مۆدێرنیتە وەک پرۆژەیەکی هەمەلایەنەی ڕوانین لە جیهان، باڵی بەسەر بواری هزر و تێگەیشتنی مرۆڤدا کێشا، ڕاستییەک خۆی هاویشتە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ و دەوروبەری. ئەم ڕاستییەش شتێک نەبوو جگە لەوەی کە ڕاستی/حەقیقەت (truth) دەربەست گرێدراوی تۆ وەک تاکە کەس نییە و دەکرێ تۆ وەک هەر کەسێکی دیکە هەڵە لە شتەکان تێ بگەی و ئەمە تەنیا لە سایەی هاودەنگی و هاوفکریدایە کە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان بە ئاکام دەگات. ئەگەر باوەڕمان بە ئەم ڕاستییە هەبێت ئەوە زۆر سانایە کە خوێندنەوەی جیاواز لە دەقێک دەتوانێت یارمەتیدەری دۆزینەوەی ڕاستییەکان و جوانییەکان بێت. ڕەخنە یانی کە تۆ زانای بێئەملاوئەولا نی و دەکرێ جگە لە بۆچوونی تۆ شێوازی دیکەی ڕوانین لە دیاردەکان هەبێت. ڕەخنە یانی یارمەتیدان بە دەستەبەرکردنی هەرەوەزی تێگەیشتن و دەرهێنانی زانایی و تێگەیشتنی دواجار و هەمیشەیی لە مۆنۆپۆلی کەسێک یان تاقمێک. ڕۆڵی تیۆرییەکان لێرەدا وەک ڕێنوێنین بۆ هاسان کردنەوەی پێوانی ئەم ڕێگە پێچەڵپێچە. هەروەها دەتوانن پێوەریش بن بۆ لە مەحەکدانی ڕێژەییبوونی خوێندنەوەکان.

وەک دەبینین تیۆری و ڕەخنەی ئەدەبی بە نێو هەناوی مێژووی بیر و فەلسەفەدا شۆڕ بوونەتەوە و هەر دەستکەوتێکی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان ڕاستەوخۆ کاری کردووەتە سەر گەشەی ئەو بوارە گرنگەی ژیانی مرۆڤ. بۆ نموونە گەشەی تیۆرییەکانی مارکسیستی کارتێکەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر شێوازی لێکدانەوەی کۆدەقییانەی ئەدەب هەبووە و هەیە. کاتێک  کەسایەتییە هزرییە گرنگەکانی وەک لوکاج، گادامێر، ئادرنۆ، جەیمسۆن، ئیگلتن و هتد، دەبینین، تێدەگەین کە بواری تیۆری ئەدەبی لە هیچ بوارێکی دیکەی فەلسەفی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان کەمتر نییە. هەر بەم شێوەیەش دەستکەوتەکانی بواری دەروونناسی و دەروونشیکاری و کەسانی وەک فرۆید و یۆنگ و لاکان ئاسۆی تازەیان بۆ بەهەمهێنانی ئەدەبی و هەروەها ڕەخنەی ئەدەبی، دەستەبەر کرد.  

لە هەر ڕوانگەیەکەوە بڕوانینە ڕەوتی گەشەی تیۆری و ڕەخنەی ئەدەبی، تێدەگەین کە لە پشت هەر بۆچوونییەکی ڕەخنەی ئەدەبییەوە دونیایەک کاری جیددی خەوتووە. جا بۆیە چ لە ڕوانگەی پێوەندیی نووسەر و دەق و خوێنەر و ڕەخنەکارەوە بڕوانییە مێژووی ڕەخنە، چ لە ڕوانگەی ڕەخنەی مێژوویی (historical) و مۆدێڕنەوە (modern/new) بڕوانییە ڕەوتی سەرهەڵدانی ڕێبازە ڕەخنەییەکان، یام با بڵێین لە ڕوانگەی نێودەقی (textual) و کۆدەقییەوە (contextual) ئەم کارە بکەین، دواجار جێپێیەکانی هزر و تیۆری بە ڕوونی دیارن. هەر ڕەخنەیەک لە دەرەوەی دەکارهێنانی ئەم بوارە تیۆریکییانە ڕەخنەیەکە دوور لە پێوەرگەلی سەلماو و باوەڕپێکراو. ڕەخنەگەلی لەم چەشنەش ناتوانن ئامانجی وردبوونەوەی هەمەلایەنە لە دەق بپێکن و بە خوێندنەوەی ورد نهێنییەکانی دەق بخەنە ڕوو و ئاسۆی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهانی دەوروبەر بدۆزنەوە.

ئێمە “ڕەخنەگرمان” کەم نییە، بەڵام پێوەر و بنەمای هزریمان بۆ ڕەخنە زۆر لاوازە. لەم ساڵانەی دواییدا بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی زۆر پەرەی ساندووە، بەلام ئایا هەر بەم نیسبەتە لە بواری ڕەخنەشدا هەنگاومان هەڵێناوەتەوە؟ مخابن، نا.

ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایانەی باسم کرد ئاوڕ لە ڕەخنەی کوردی بدەینەوە بەداخەوە کارنامەیەکی ئەوتۆ و ڕەنگینمان نییە. لێردەا ڕەنگە دەرفەتی ڕیزکردنی هۆکارەکانی پشت ئەم نەداری و هەژارییە نەبێت، بەڵام زۆر بەخێرایی دەتوانم بڵێم ئێمە تووشی هەژارییەکی بەربڵاوی ڕەخنەیین. کاتی خۆی مارکس “فەلسەفەی هەژاریی” پرۆدۆن بە “هەژاریی فەلسەفە” بەرپەرچ دەداتەوە. دەستەواژەی هەژاریی فەلسەفە پڕ بە پێستی هەلومەرجی ڕەخنەی ئەدەبی و تەنانەت سیاسی و کۆمەڵایەتییشە لە کوردستان. ئێمە “ڕەخنەگرمان” کەم نییە، بەڵام پێوەر و بنەمای هزریمان بۆ ڕەخنە زۆر لاوازە. لەم ساڵانەی دواییدا بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی زۆر پەرەی ساندووە، بەلام ئایا هەر بەم نیسبەتە لە بواری ڕەخنەشدا هەنگاومان هەڵێناوەتەوە؟ مخابن، نا. ئێمە تەنانەت یەک گۆڤاری تایبەتیی ڕەخنەی ئەدەبیمان نییە. ماڵپەڕیکی ناسراوی ئەدەبیمان نییە. حەفتەنامە، مانگنامە، بگرە وەرزنامەی ئەدەبیشمان نییە. ئەو کتێبانەی چاپ و بڵاو دەبنەوە بە بێنازی لە کونجی کتێبخانەکان و لەسەر ڕەفە تۆزاوییەکاندا خەویان لێ دەکەوێت و کەس لە دەرگای لاپەڕەکانیان نادات کە بە چاویلکەی ڕەخنەییەوە بیانخوێنێتەوە و شوێنی شیاوی خۆیان لەنێو جەماوەری خوێنەردا بداتێ. ڕوانینی ڕەش یان سپی، باش یان خراپ، هێشتا بەسەر هەڵسەنگاندنەکاندا زاڵە. هێشتا دمەقاڵەی لەسەر ڕێنووسی کوردی و لە کوێ دەهارهێنانی ڕ و ر و ی و یی ڕووبەرێکی زۆری نووسینەکانی ئێمە داگیر کردووە، هێشتا بە یەکەوە لکاندنی بەشەکانی کرداری لێکدراو یان بە جیا نووسینیان، جێی مشتومڕی ڕەخنەگرانە. هێشتا چلۆنایەتیی نووسینی دای پاشگر و دای کردار جێی دڕدۆنگی و تاوانبارکردنی یەکتر بە نەزانییە. هێشتا کوردی دەزانێت و نازانێت شابەیتی قەسیدەی ڕەخنەیی ئێمەیە. هێشتا “نازانێ ڕۆمان چییە و ڕۆمان دەنووسێت” و هێشتا “کورد وا ناڵێت و وا دەڵێت”، کۆڵەکەی نووسینی ڕەخنەیی ئێمەیە. جاری وا هەیە دڵم بۆ لێکدانەوەیەکی ڕەخنەیی هەمەلایەنەی پشتئەستوور بە پێوەرە تیۆریکییەکان هێندە تەنگ دەبێت پەنا بۆ خوێندنەوەی س/زی بارت دەبەم و تەماشای قامەتی بەرزی سارازین دەکەم و سڵاو بۆ بالزاک دەنێرم و سپاسی بارت دەکەم. لە پەنا ئەمەشدا بە دڵ ئاواتەخوازم بواری کاری فەرهەنگی و ئەدەبی لە کوردستان زیاتر پەرە بگرێت. ئەزموونی ژیانی مرۆڤەکان و دەتوانم بڵێم نەتەوەکانیش نیشانیان داوە ئەدەبیات چ ڕۆڵێکی مەزن لە دەستەبەرکردنی هۆکارەکانی مانەوە و گەشەکردندا دەگێڕێت. بێگومان هیچ ئەدەبێکیش بێ پشتیوانیی ڕەخنەیی دەوڵەمەند، ناتوانێت سەرێک لەنێو سەران دەر بێنێت و بڵێت منیش هەم یان ئێمەیش هەین. لێرەدا دیالێکتیکی بەرپرسیاریی تاک و کۆمەڵ، تاک و دامودەزگا/سازی هەمدیسان خۆی قوت دەکاتەوە. بەدەر لە چلۆنایەتیی پێوەندیی ئەم هاوکێشەیە، ئەوەی حاشای لێ ناکرێت پێداویستیی کۆمەڵگەی کوردییە بە هەبوونی ڕەخنەی ئەدەبیی پشتئەستوور بە بنەما هزری و تیۆریکییەکانی ناسراوی جیهانی ئەدەب.