نەبوونێک کە هەر جارەو سارۆ دەیری1 دەکاتەوە

سنوور… ئەمدیو و ئەودیو

دەمێکە لەنێو قەفەزێکدا تەنیام. جاربەجار سارۆ دەرم‌دێنێ و لێم ورد دەبێتەوە. هەڵبەت ساڵێ دوو سێ جار زیاتر بەسەرم ناکاتەوە. لەم نەورۆز بۆ ئەو نەورۆز دەمباتە بەر هەیوانەکە و بە دەسماڵێک شاڵو قەشاوم دەدات. هەر جارێ کە ئەمە دووبارە دەکاتەوە، ئەو ڕۆژەی وەبیر دێتەوە کە بە چ نەگبەتی و هەژاریێک بوو بە خاوەنمان. بە دەیان جار هەر لەنێو ئەم داڵانەدا، زرمەی داڕمانی دەبیستم و هەست‌دەکەم سەری بووەتە دەربەندێک بۆ زایەڵەیەی نەبڕاوەی ئەو دەنگانە کە بەردەوام لە ئەردی دەدەن. دیسانەوە دەیەوێت هەستێتەوە و جەستەی هاوڕێیەتی ناکات، دەست دەداتە گەز و هێزێک بە خۆی دەخات، دەستی لە ژێری دەترازێ و لەشی و نەخشی موزاییکەکان تێکەڵ‌دەبن. لەگەڵ زایەڵەی تەقە و ئاژوای داڕمانە هەمیشەییەکانی، دیتنی من دەبێتە تاقە سوکناییدەری. لەم مانگانەی دواییدا زیاتر هانام بۆ دێنێت. فرمێسک و شڵەژانی، تێڕامان و بێدەنگی ‌کردنی بەرامبەر بە من، بوونگۆڕانێکە کە لە نێو چاوەکانیدا دەبینم.

ساڵانێکی دوورە بە بێ قسەش لە نیگاکانی تێدەگەم؛ ئەویش وای لێ‌هاتووە. جاروبار کە کەس دیار نەبێ، دەکەوێتە باس و خواس کردن لەگەڵم. ئەوەش گوێ‌ڕاگرێت، خۆ لێمان تێناگات؛ بەس خۆمان دەزانین باسی چی دەکەین. ئەوەی لە جێگەی ئێمەدا نەبێت، درۆیە لێمان تێبگات. کامە تێگەیشتن؟ تێگەیشتنێک کە هەرئەوەی پشتیان ‌تێت‌کرد لەبیردەکرێت و دوای ئەوانەیان دەخات کە ئێمەیان بەم ڕۆژە گەیاند. ڕۆژ نییە سارۆ بیر لە چارەنووسی خۆی نەکاتەوە، ڕۆژ نییە سەری خۆی بە پەتی سێدارەوە نەبینێت، ڕۆژ نییە فیشەکێک بە نێوچاوانی خۆیەوە نەنێت، ڕۆژ نییە نەچێتە دووکانێک و جووت-جووت پێڵاو نەکڕێت. ڕۆژ نییە مناڵ نەبێتەوە و لەگەڵ مناڵانێ کۆڵاندا تۆپێن نەکات، ڕۆژ نییە… دوای تێپەڕینی حەوت ساڵ هێشتاکە لای ئاسایی نەبۆتەوە. کێردێک تا دەسکە چەقیوەتە نێو گەرووی، هەرجارە و زیاتر دەسکەکەی تێداڕۆدەچێت، هەناسەی دەبڕێت و بەدەم پەلکوتانەوە پەلاماری شێرەی ئاوەکە دەدات. یەکێک لە بیرەوەرییە خۆشەکانی پێکەوەبوونمان، ئەو ڕۆژە بوو، وا ئاودیوی سنوور بووین. هەر جارێ کە دەرم‌دەهێنێت، بە دوای لفەکەمدا دەگەڕێ. ئەم ئێوارەیە کە لە بەرهەیوانەکەدا بە دەستیەوە بووم، کەوتە قسەوباس لەگەڵم. ئەو بەشێک لە گیانی و منیش لفەکەم….

دوایین جار کە سارۆ دەیویست لەودیو بگەڕێتەوە، زۆر هەوڵم دا پێشی لێ بگرم، بەڵام منی بێ‌گیان چیم پێ دەکرا؟! من باس و دەمەتەقەی ئەو مینانەم بیستبوو. لەمێژە مەڵازیان لێ‌گرتبوو. زۆرێکیان ڕق لە دڵ بوون و هەندێکیانیش هەر زوو ئەرکی خۆیانیان بەجێهێنابوو. بەڵام زۆربەیان چاوەڕوانیان‌ دەکرد و بۆ ڕۆژی خۆی بۆسەیان ‌گرتبوو. دوایین ئێوارە لەڕێگای چوون بەرەو مەندەلی، سارۆ دوو چارەکێک لەلای کێڵگەمینێکدا پشووی ‌دا. من زۆرێک لە باس و هەڕەشە و گوڕەشەکانی کێڵگە ژاوەژاوکەرەکانم بیست:

بە ئیزنی خودا سارۆ لەناودەبەین و ناهێڵێن خۆی دەربکات. هەندێک لە ئێمە ڕۆیشتن و بە مرادی دڵیان گەیشتن، هەندێکیش نە. بەڵام زۆربەمان لە بنی خۆڵدا ماوینەتەوە و ساڵ بۆ ساڵ تۆز و خۆڵی زیاتر داماندەپۆشێت. تا کەی دەبێ ئێمە بە کۆمەڵ چاوەڕوان بکەین و ئێوەش هەر دەنکە دەنکە بێن؟ ئەرکی ئێمە بە ئێوە بەسراوەتەوە؛ خۆ هەر دێن، هەتا زووتر کەم کێشەتر؟

یەکێکی‌تر کردیە جواو:

دەترسم ڕۆژێک لەبن ئەم خۆڵەدا بخنکێین و بە ئاواتی خۆمان نەگەین.

بو وا دەڵێی؟ مەگەر هەرکام لە ئێمە کە خۆی تەقاندووەتەوە چی بەرکەوتووە؟

ئەم کابرایە بە بێ‌ئیزنی ئێمە و خاوەنەکانمان ئەمدیو و ئەودیو دەکات. مەگەر ئەرکی ئێمە پاراستن و پاسەوانی ئەم وڵاتە نییە؟…

لەنێو کێڵگەمیندا ژاوەژاوێکی زۆر بەرگوێم دەکەوت. هەر جار گیاندارێکی بەستەزمان بە پاڵماندا تێپەڕ دەبوو، لە خەوی چەن ساڵە ڕادەچەنین و هورووژمیان دەبرد بۆ قاچ و قولی.

چی بیر و خەیاڵی دنیا هەبوو ڕژابوونە نێو زەینی سارۆ:

تا کەی دەبێ بە دزییەوە بڕۆم بۆ دیتنی کەسێک کە لە گەرای باوکم و توخمی دایکمەوە گیرساوە؟ چ دنیایێکی جەفەنگ و بێمانایە؟ تاکەی دەبێ بە ترس و دڵەڕاوکێ لەم سنوورە بپەڕێمەوە؟ خودا بۆ بەدکاری نەسازێنێت، جا پاسپۆرت بە کەڵکی چی دێت کە نەتوانی پێی سەردانی ماڵی خوشکت بکەی. خوا تۆ قەبووڵی نەکەی. پێشتر کەی باسی ئەمدیو و ئەودیومان هەبوو؟ ئێستا دەبێ بە هەزار ترس و دڵەخورپەوە ساڵ یان دوو ساڵ جارێک سەردانی کەسوکارم بکەم؟

زەردەپەڕ بوو، سارۆ بە هیوای بینینی ماڵی خوشکەکەی هەڵسا و کەوتەڕێ. لووتی منی بە مینێکدا خشاند، گیانی بۆ هات. سارۆ پای کەوتە لا، ساتمەیێکی‌ دا و یەکێک کە لافاو لە مینەکانی دیکەی دایبڕی بوو، گیانی تێکەوت. ساتمەدانەکەی لێی دوورخستەوە و بە لایدا تێپەڕی. گوێم لە قسەی مینەکە بوو کە دەیگوت:

داخی داخانم ئەم شانسەشم سووتا. سارۆ ئەمجارەش خۆت دەرکرد.

ئێمە هەر دوور دەکەوتینەوە و ورتەورتی مینەکەش کزتر دەبوو.

هەتا گەیشتینە ئەوبەری سنوور، بوومەلێڵ داهات. سارۆ لەو زوقم و وشکەسەرمایەدا نزیک شاری مەندەلی پشوویێکی‌ دا. سێ چوار کاژێر لە سەرما هەڵلەرزی و ددانەکانی بە سەر یەکتردا هەڵقرووسکاند. لەرز هەموو گیانی تەنیبوو و لەبەر خۆیەوە دەیگوت: “تۆ بڵێی ئەم جارەش دەرچم و نەکەومە دەستی ژەندەرمەکان؟”

ئەو شەوە بە هەر چەرمەسەریێک بوو خۆی گەیاندە ماڵی خوشکی. بۆ ئەوەی خەڵک نەیبینن، بە ڕۆژدا دەرنەدەکەوت. بەس شەوان بۆ چوونە سەر ئاوێک هەتا نێو حەوشە دەچوو. لەبەر ترس و خەیاڵ، دەر و دیواری لێ هاتبووە گۆ، لەنێو ئاودەستەکە سێبەری خۆی ڕایچڵەکاند و قاچی کەوتە لا و ئەوەندەی نەمابوو بەسەرەوە بکەوێتە نێو کاسەی ئاودەستەکە. کە دانیشت، لەبەر خۆیەوە گوتی: “تۆ بڵیێ ڕاپۆرتمیان نەدابێت و بە شەو دانەیێنە سەرم و لەنێو نوێندا کەلەپچەم نەکەن؟… لە ژێرخانێکدام کە هیچ دەرگایێکی‌تری بۆ هەڵاتن نییە! بێتو هەڵکوتنە سەرم لە زیندانەکانی بەغدا و بەسرەدا دەپتورکێم و دەفەوتێم. هەرچەند زیندان هەر زیندانە، بەڵام ئەگەر لە ئێراندا بگیردرێم، لە زمانی پاسەوانەکانیش تێنەگەم، لانیکەم لە زیندانییەکان تێدەگەم.”

دوای چەن شەوێک لە خوشک و خوشکەزاکانی ماڵاوایی‌کرد و کەوتەڕێ. شەو لەسەر سنوور کەوتینە نێو بۆسەی ئێرانییەکان. ئەو شەوە تا کازیوەی بەیانی، سەرباز و پاسەوانەکانی سنوور لە هاتووچۆدا بوون. لەسەر هەر یاڵ و لە بن هەر دۆڵ و گڵاڵێک بە دەیان سەرباز کەمینیان کردبوو. هەر جموجۆڵێکیان بەرچاو بکەوتبا، جووڵەیان لێ دەبڕی. ئێمە لە بن کوێرەئەشکەوتێک بەو کڕیوە و سەرما ئێسک‌بڕە، خۆمان حەشار دابوو. بەو هیوایە کە بەر لە دەرکەوتنی ئاسۆ، ئەو سەربازانەش بگەڕێنەوە و بتوانین سنوور ببەزێنین. لەم عانەدا خشەی نزیک‌بوونەوەی سەربازێک بەر گوێمان کەوت. ترپە و خشەی بەرەبەرە نێزیک‌دەکەوتەوە. لە حەوت هەشت مەتریمانەوە، چەکەکەی هێنایە سەر میل، سارۆ زەندەقی چوو و ویستی هەڵسێت و خۆی ڕادەست‌بکات. بە چرپە وتی: “نە ئەم کارە ناکەم، تاقەتی زیندانم نییە. دوایی کێ ئەمانە تێبگەیەنێت بۆچی چوومەتە ئەودیوی سنوور…. قەت لە کۆڵم نابنەوە.” سەربازەکە دەسڕێژێکی کرد بە نێو خەیاڵ و دڵەخورپەی سارۆدا. چاوی قووچاند و دەستی خستە سەر دەمی خۆی. مرخەی بەرازێک لە لاخوارەوەمان هەڵسا. ئەو سەربازانەی سەدام وا بە چرچەی کەویان دەزانی، لە سەنگەرەکانیان دەرکەوتن و هاتن بەرەو لای دەنگی تەقەکەوە. سەربازە ئێرانییەکە دەسبەجێ کشایەوە و لە سنوور دوورکەوتەوە. عێراقییەکان بە شەوقاوێژەکانیان هەموو ئەو ناوەیان کرد بە ڕۆژی ڕووناک. سارۆ دیسانەوە دەستی بە وڕێنە کرد: “تەواو، ئیدی دەرچوونم بۆ نییە…” سەربازە عێراقییەکان چوونە سەر لاشەی بێ‌گیانی بەرازەکە و فەرماندەکەیان بە بینینی ئەو ئاژەڵە چارەڕەشە، بزەتاڵێکی گرت.

خۆر هەڵات و سەربازەکان جێگای خۆیانیان بەرنەدا. سارۆ جارێکی‌تر لە ڕێگاکەی ڕوانی و دڵنیابوو کە بە هەڵە نەهاتووە. بەڵام هەستی‌کرد شتێک قەوماوە، کە سنوورەکەیان بەم چەشنە داگرتووە. سارۆ دەیزانی بە ڕۆژی ڕووناک هیچی پێ ناکرێت؛ هەڵاژا و خەوت. قەوانی فیشەکێک کەوتبووە بەردەم ئەشکەوتەکە. کەوتمە دەمەتەقێ لەگەڵیدا:

چی ڕوویداوە وا ئەم هەموو سەرباز و ئەفسەرە بەم ناوەدا دەخولێنەوە؟

ئێمە لە ئێوە بێ ئاگاتر. ئای دەمێکە بەتاسەی ئەوەم لە جەستەی کەسێکی وەکوو سارۆدا نوقم ‌ببم؛ یان هەڵیدڕم و لەولایەوە دەرکەوم. بەڵام بەر لەشی بەرازێک کەوتم و بێ‌نەسیب مام…

چەن مڕومشتم لەگەڵ ‌کرد، ئەو هەر بە مەنی خۆی دەیپێوا.

سارۆ تا نیوەڕۆ لە بنی ئەشکەوتەکەدا وەک تەرم ڕاکشابوو. دوانیوەڕۆ کە بە ئاگاهاتەوە، سەرما و لەرز هەموو گیانی تەنیبوو، بە هەزار حاڵ بەری پژمینی خۆی گرت. میز تەنگی پێ هەڵچنیبوو و نەیدەوێرا دەرکەوێت. شەو داهات. سەربازەکان هەر لەو شوێنانەدا بوون. سارۆ پای پیا هێنا و ئێمەش بە فەرمانی ئەو کەوتینە ڕێ. سنوورمان بڕی. مەیدانە مینێکمان بەجێ‌‌هێشت کە کەوتبووە لای سەرووی سنوورەوە. لەپڕ چرای پاسەوانە ئیرانییەکان کەوتە سەرمان. سارۆ خۆی ڕاست‌کردەوە گەڕایەوە بەرەو لای سنوورەکە. بە نێو دەراوەکەدا بەبێ لاکردنەوە بەرەو سنوور هەڵدەهاتین. سەربازەکان کردیان بە تەقە و دەسڕێژ. سارۆ لە ترسی گیانی دوو قاچی دیکەشی قەرز کرتبوو و بازی دا بەسەر تەلدڕووەکەی بەردەمیدا. دەیزانی کەمتر لە سەد مەتری ماوە بگاتەوە بە ئەشکەوتەکە. هەرکە پای کەوتەوە سەر ئەرز، دیسانەوە بەرەو ئاسمان بووەوە. تەقە و تووڕدرانمان بوون بە یەکێ. لاقی چەپی سارۆ بە ئاسماندا دەسووڕایەوە و من و لەشی تەڕەگەرم سارۆش لە نزیکی مینێکی تر داکەوتبووین.

مونیخ، ئاپریل ٢٠١٨


[1]. دەیری واتە کەسێک کە لە ئاوەدانی سەری خۆی هەڵدەگرێت و ڕوو لە کوێستان و بیابان دەکات وەکوو کەسێک کە شێت بوو، بەڵام مانای نێگاتیڤی شێتی نییە.