سنوورە خوێناوییەکان

خویندنەوەیەک بۆ چیرۆکی «نەبوونێک کە هەر جارەو سارۆ دەیری دەکاتەوە»١ی ژیار جەهانفەرد

+ سەرەتا مەرجە ئەوە بدرکێنم کە ئەم خوێندنەوەیەی من ناچیتە ژێر خانەی شیکاری و ڕەخنەی ئەدەبی بە مانا ئاکادیمییەکەی، بەڵکوو گوزارشتە لە هەست و نەستی خۆم بەرامبەر بە کۆی ئەو چیرۆکانەی لەلایەن “ژیار جەهانفەرد“ەوە خرانە بەر دەستی من، بەڵام ئەم هەوڵەی من بەدەر نییە لە زانیاری و ئەزموونێک کە بە درێژایی نیو سەدە پترە کە تیایدا سەرگەرمی ئەدەب و فیکر بووم، بگرە لەتەک هونەری چیرۆکیشدا لە کەڵکەڵەیەک و خولیایەکی بەردەوامدا بووم کە منیش وەک “ژیار” بیکەم بە پەیکێک  بۆ گەیاندنی پەیامی خۆم بۆ هەر کەس و خەڵکانێک کە مەرامیان بە تێگەیشتنی خۆیان و دونیا هەبووە لە ڕێگەی ئەدەبدا، بە تایبەتیش ژانری چیرۆک کە بۆ ئێمە هونەرێکی هاوردە و تازە بووە، ئەوەی کە من نیازمەندم لەم خوێندنەوەیەدا بیگەمێ دۆزینەوەی ئەو بەشە نەنووسراو و نەوتراوانەیە کە لە پشت کۆی پرۆژە ئەدەبییەکەی نووسەردایە، بۆ من گرنگە کۆی ئەو پەیام و تێما و مانا و بەها و ئاماژانە بدۆزمەوە کە خەم و کەڵکەڵەی مرۆڤپەروەرانەی “ژیار” بووە کە لە ناوئاخنی هەر هەموو چیرۆکەکانیدا بەرجەستە بوون، یان بە واتایەکی دیکە ئەو بەشە بدوێنم کە وەک ئەزموونی ئەم ئەدیبە لە خەمی ئەوەدایە کە ببێت بە خاوەنی “جیهانبینی” خۆی کە تیایدا مرۆڤ سەنتەر بێت، بە تایبەتیش  مرۆڤی کورد کە گیرۆدەی مێژوویەکی پڕ لە ستەمکاری بووە لەسەر هەر سێ ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و هەم نێونەتەوەیی، بەڵام ئەم هەوڵە ئەدەبییە بەدەرە لە دروشمبازی و دروستکردنی پاڵەوانی سوپەرمان و سێبەری هەر ئایدیۆلۆژیایەکی فەرمی و ڕەسمی و دژ بە ئازادی داهێنان.

شاعیری فرەنسایی “لویس ئاراگۆن” بڕوای وایە کە هەر نووسەرێک وەک سەرەتا ناچارە بەوەی لاسایی و دەمەلاسکەی نووسەرانی داهێنەر و ڕابەر و پێش خۆی بکاتەوە، بەڵام هاوکات بڕوای وایە کە مەرجە تا بۆی بکرێت لەژێر هەژموونی ئەو پێشەنگ و ڕابەرانە دەربازی بێت و خاوەنی خۆی بێت، من بە ئەمەکەوە دەیدرکێنم کە “ژیار” هەر لە سەرەتاوە خاوەنی مۆرک و دەنگی ڕەسەنی خۆیەتی و کۆپی هیچ چیرۆکنووسێکی دیکەی ناو نێوەندی ئەدەبی کوردستانی و بیانی نییە، بە واتا ئەم بە قەرز لەناو هیچ کۆشکێکی داهێناندا نیشتەجێ نەبووە

من کەم و زۆر ئاگام لە نەخشەی داهێنانی نەوەی نوێیە لە کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی خۆمان، کە شەپۆلێک و بزاڤێکی ئەدەبی بەڕیوەیە کە بانگەشەی پۆست مۆدێرنیزم و تەکنیکبازی و هەم فۆرمالیزم دەکات، بەڵام پتر گەمەیەکی ئاڵۆز و تەمومژدار و تێکشکاندنی زمانەوانییە کە من وەک خوێنەری ئەدەبیات وێڵ دەکات و هیچ مانا و پەیام و تێمایەک بەدی ناکەم کە بمباتەوە سەر ژیان و جڤات و جڤاکی خۆمان، بێگومان ڕێز لەوەش دەگرم کە ڕەنگە هەوڵێک بێت بۆ خۆ دەربازکردن لە “سانسۆر” و پۆلیس و سیخوڕەکانی ئەدەب، بەڵام  دواجار “مانا” دۆڕاوە کە ئێمەی کورد گرفتاری ئەوەین بە دوای مانایەک بگەڕێین بۆ بوون و مانەوە و گێڕانەوە، شەهرەزاد ئاسا، گێڕانەوە لەپێناو مانەوە و بەرخۆدان.

“ژیار” نموونەی ئەو نەوەیە نییە کە تەنیا لە ڕێگای فۆرمالیزم و تەکنیکبازی یان تێک‌شکاندنی زمان، پشت لە مانا و پەیامی مرۆڤدۆستانەی خۆی بکات، با بزانین لەم خوێندنەوەیەدا چ مانا و پەیام و جیهانبینییەک دەدۆزینەوە.

ژیار جەهانفەرد و شیرزاد حەسەن

“نەبوونێک: سارۆ دەیری دەکاتەوە”

+ هەڵبەتە تایتڵی/ ناونیشانی چیرۆک کلیلی دەرگا کردنەوەیەکە بۆ چوونە ناو هەر دەقێکی ئەدەبی، کە دەکرێت پتر هێمایەک بێت بۆ گڕدانی مەراق و خولیای خوێنەر کە کۆد و نهێنییەکانی تێکستەکە بدۆزێتەوە، من هەر لە سەرەتاوە مەراقداری ئەوە بووم کە ئەو “نەبوون”ە چییە کە “ئەو- سارۆ”ێک کە کەسێکی نادیارە دەیری و شێت دەکات؟ بۆچی دێوانە دەبێت بە هەر شتێک کە “بوون”ی نییە؟ کەی و لە کوێ و چۆن؟

کات ئێستایە، بەڵام پردی نێوان ڕابردوویەک و هەم ئایندەیە کە سەرلەبەری درامی و تراژیکە، کە خودی چیرۆکەکە بە گێڕانەوەی چیرۆکبێژێکە کە خۆیمان پێدەناسێنێت و بە ڕاناوی “من” کە بۆ ئێمە دەدوێت و دیار نییە کێیە، مۆنۆلۆگێکی تاک دەنگییە، کە هێدی هێدی و لەگەڵ گەشتی ئەو دەنگە ئێمە دەرکی دەکەین کە هەقایەتبێژ تاکە پێڵاوی کەسێکە کە هیچ ناسنامەیەکی شارستانیی نییە کە پێگە و پیشە و ڕەوتی ژیانی ئەم بدۆزینەوە، کەوش بۆ خۆی زیندانی پێیە و هەم پارێزەرییەتی دژ بە هەر شتێک زیانی پێبگەێنێت.

ئێمە دواتر تێدەگەین کە خاوەنی پێڵاوەکە: کوڕە لاوێکە و گەرەکییەتی لە “کرماشان“ەوە ڕووەو “مەندەلی” بچیت بۆ سەردانی خوشکەکەی کە تا هەنووکە هیچ درامایەک و ململانێیەکی تێدا بەدی ناکەین کە ڕۆح و گەوهەرێ هەر چیرۆکێکە، هونەرەکەش لێرەدایە کە “پلۆت- گرێچن” و “ململانێ – کۆنفلکت”  نەکەوتۆتە سەرەتا و نە  ناوەراست و  نە  کۆتایی، بەڵکو  پەرت و پەخش بۆتەوە بەسەر کۆی پانتایی چیرۆکەکەدا کە ئەوەشیان تەکنیکێکە بۆ کەوتنە دوای ماجەرا و ناوەرۆکی چیرۆکەکە، لە پاڵ هەڵواسینی ئێمەی خوێنەر بە خودی چیرۆکەکەوە کە پتر خولیای ئەوە بین کە لەکۆتایی ئەم گێڕانەوە و گەشتەدا کە هاوشانی یەکترین: ئاخۆ دەگەین بە کام هەوار و مەنزڵگای ئارام یان چارەنووسێکی ڕەش؟ ڕیتم و ڕەوتی چیرۆکەکە لە بازنەی گەشتێکدا بەرجەستە بووە، بۆ کەسێک کە سۆز و هاوخوێنی وای کردووە سەرکێشی بکات لە “کرماشان”ەوە ڕووەو “مەندەلی” بڕوات تا بە دیداری خوشکەکەی شاد بێت کە  بە هەموو پێوودانگ و کلۆجێک مەرجە ئاسایی بێت و هیچ کۆسپ و تەگەرەیەک نەبێت بە بەربەست، کەچی وا ناکەوێتەوە.. بە بەڵگەی ئەوەی کۆتایی چیرۆکەکەمان تراژیدیایەکە کە هیچ هۆشمەندێک نییە بە ڕەوای بزانێت.

خوێنەر درەنگتر و لە  نێوەراستی چیرۆکەکەدا تێدەگات کە خودانی گێڕانەوە و سەرگوزشتەی گەشتیارەکەمان خۆی نییە، بەڵکو پێڵاوی ڕاستەی کەسێکە کە دەکرێت نمایندەی هەر یەكێک لە ئێمە بێت، بە واتا نوێنەری هەر هەموومانە، خودی کارەساتی کەوتن بەسەر “لوغم/مین”ێکدا دەگێڕێتەوە، کە دیارە قاچی چەپی و پێڵاوەکەی لە بن و بۆتکەوە دەقرتێت و دەپەڕیت و دەچیت بە ئاسماندا، کە ئیدی تێما و پەیامی چیرۆکەکە بۆ ئێمە ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر خوێنەر بپرسێت کە بۆچی لە جیاتی “ئەو”ی قوربانی سەرگوزشتەی مەرگەساتەکە دەگێڕێتەوە، مەرجە دان بەوەدا بنێین کە “ئەو-سارۆ”ی قوربانی تەنها یەک کەس نییە، بەڵکو وەک ڕیاڵ و ژیانی ڕۆژانە و واقیعی حاڵ بە هەزارەها گیرۆدەن بەدەست ئەم گرفتەوە کە لە چاندنی ملیۆنەها مین/لوغم خۆی دەبینێتەوە، کە لەم چیرۆکەشدا سنووری مینڕێژکراوی نێوان دوو شاری کوردستان هەر هەموومانی گیرۆدە و بەدبەخت کردووە نەک بە تەنها یەک کەس، لە سەردەمی بانگەشەکردنی مۆدێرنیتە و ڕۆشنگەری و داننان بە سەربەخۆیی نەتەوە جیاوازەکان، بێجگە لە کوردەیل.

 پەیامی نووسەر لێرەدا گومانکردن و بانگەشە و پرۆتێستۆی جەنگ  و داگیرکاری و ستەمێکە کە بە درێژایی مێژوویەک درێژەی هەبووە کە ئێمە تیایدا دەرکراوین، بگرە لە  پەراوێزی مێژووەکەشدا ناژین. ڕەنگە بپرسن ئەوەیان چ فانتازیا و خەیاڵێکی بازە کە پێلاوێک لە بری خاوەنەکەی بۆ ئێمە بدوێت؟

 ڕاستی وەڵامەکەی وا لە تایتڵ و ناوونیشانی چیرۆکەکەدایە کە “ئەو”ێک یان “سارۆ” زمانحاڵی ئێمەیە کە چۆتە خانەی “نەبووەکان”ەوە کە بە تەنها سنوورە خوێناوییەکانی مینڕێژ نەکردووە کە لەبەردەمی ئێمەدا بەستراوە، هاوکات بە خەڵک و خاکەوە وەک “عیسا-ی مەسیح” چوارمێخەمان کێشراوە و لە خاچ دراوین، بە بڕیار و نەخشەی دەوڵەتانی زلهێزی دونیا کە وایکردووە ئێمە بە تەنها “کۆلۆنیال”ی نێوان چوار ڕژێمی بارباریست و ستەمکار نەبین، بەڵکو موستەعەمرە و “کۆڵۆنیال”ی نێونەتەوەیی بین لەسەر ئاستی هەموو دونیا، ئەوە سنوورەکان نین کە مینڕێژ کراون، بەڵکو هەموو جوگرافیا و کۆی ژیان و خاک و خەڵک و بوونی ئێمە مینڕێژ کراوە، بگرە ژەهراوی بووین بەو مین و تەقەمەنی باروودی ڕژاونەتە ناو ڕووبار و دەریاچەکانەوە، هەر بە هەمان لۆژیک و پێوودانگ ناکرێت “سارۆ” کە نمایندەی هەر نەتەوەیەک، ئەم چیرۆکەی بگێڕێتەوە، واتە نەتەوەیەک هەیە لەسەر خاکی خۆی نامۆ و پەنابەری هەمیشەییە، بە واتا لە دۆخ و حاڵی “نەبوون”دایە.. نەک “بوون” و “مانەوە”، دابەشبوو بەسەر داگیرکەراندا، کەواتە وەک مەنتق و دیفاکتۆ و واقیع، نووسەر ناچار بووە شتێكی بێگیانی وەک “کەوش” بدوێت و مەرگەساتەکە بگێڕێتەوە، کە کەوش بۆ خۆی ڕەمزی خۆپاراستن و گەشت و گەیشتنە بە مەنزڵگا و هەواری دڵنشینی خۆمان کە دزراوە لێمان، مانەوەی کەوشەکە بە تەنیا وەک دۆخی ڕیاڵ.. ئاسایی نییە، چونکە کەسێک نییە بە لنگ و تاکە کەوشێکەوە گەشتێکی کورت یان درێژ بکات، کە ئەویش بەم چەشنەیە: گەر پێڵاوی چەپ بە قاچەوە قرتابێت و بە ئاسماندا چووبێت، مانەوەی کەوشی پێی ڕاستە کەڵکی هەیە؟

 لە ناوئاخنی چیرۆکەکەدا ئاشکرا دیارە کە “ئەو”ی قوربانی و قاچ پەڕیو ئارەزوویەکی کوشندەی هەیە کە خۆی بکوژێت، بەڵام بە یەک شێوە نا.. هەر جارە و بە شێوە و ئامرازێکی جیاواز فانتازیای خۆکوژی دەکات، خودی ئەو هەستە زاڵەی خۆکوژی هاوشانی دۆخی “نەبوون”ێکە بۆ خۆی، بەڵکوو لە مەرگ کوشندەترە. تاکە شتێکی بەجێماو لە ناکامی و شکستی گەشتەکەیدا تاکە پێڵاوێکەی پای چەپییەتی کە لنگ و تاکەکەی دیکەی نەماوە، کە لە بۆنە و جەژنەکاندا لە قەفەزی کەوشەکاندا دەریدەهێنێت و پاکی دەکاتەوە و بێ ئەوەی بدوێت، بەڵام بە خەیاڵ دەگەڕێتەوە ڕۆژگاری منداڵی و گەنجییەتی کە لە گەشت و گەڕان و ژیاندا بەردەوام بووە،  کە ئەوێکی نەدارا بە چ زەحمەتێکەوە پارەی کڕینی ئەو کەوشانەی پەیدا کردووە، بەردەوامیش پاکی دەکاتەوە کە ئەوەشیان جۆرێکە لە بڕوانەکردن بەو ڕاستییەی کە دوای حەوت ساڵ لە کارەساتی قاچ لە دەستدانەکەی ئەم هێشتا ساغڵەم و تەندروستە، ئەم دۆخەش بە هێزی خەیاڵ فەراهەم بووە، کە ئەوەشیان جۆرێکە لە خۆدزینەوەیە لە شکست و ئەو “نەبوون”ەی کە بۆتە چارەنووسی هەمیشەیی، بە بەڵگەی ئەوەی کە بۆ هەمیشە بە خەیاڵ پێڵاوی تازە دەکڕیت و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی کە سەرگەرمی یاری و فوتبۆڵێن بووە.

لە ڕاستیدا  قەفەزەکە بە تەنها بۆکسی شاردنەوە و دانانی پێڵاوەکان نییە تیایدا، بەڵکو خودی قەفەزەکە هاوکات زیندانی ئەو “نەبووە”ەیە کە لەتەک کەوشەکەیدا هەمان چارەنووسە. هەموو هەوڵی “نەبووەکەی” ناو چیرۆکەکە ئەوەیە کە لە ئێمە ون و شاراوە نەبێت، هەر هەمان ئەو حەز و خولیایە کە وایکردووە زوو زوو بمانگێڕێتەوە بۆ ڕابردوویەکی دووری سەردەمی منداڵیی و لاوییەتی خۆی.

بەردەوامیش وەک ئەوە وایە کە نووسەر خۆی ئامادە نەبێت و چاوی کامیرایەکی زیندوو کۆی ماجەرا و ڕووداوەکان تۆمار بکات، بە کوشندەترین شێوە و گۆشەنیگایەکی حەسرەتکێش.. بەڵام بێلایەنگیری دزینی سۆزی ئێمە، بێگومان کۆی چیرۆکەکە سینەماتیکە و هەر دیمەن و تابلۆ و نیگارێک گوشەیەکی تراژیدیاکەمان پیشان دەدات.

 بە واتا گەرچی لەباری فیزیکییەوە “ئەو- سارۆ” ماوە، بەڵام “ئەو”ی قوربانی وەک باری ڕۆحی و ئینسانی: کوشتەی دەستی نەخشە بە زۆر سەپێنراوەکاندا کە خۆی بە “نەبوو” دادەنێت، گەر ئەو ڕاستییەش بزانین کە “ئەو” قوربانی دەستی وڵاتانی سەرمەیەدار و قازانج -پەرستە و هیچی دیکە کە بە ملیۆنەها مین و لوغمی کوشندەیان کردووە بە خەڵاتی ئێمە کە زیانەکەی کوشندەترە لە کوشتن و مەرگ، کە هەستی قوربانییەکە بە جۆرێک غەمناکە کە هەموو ڕۆژێکی خۆی و هاوخوێن و هاوتوخمەکانی مەرگێکە کە بە درێژایی ژیان بە کوێری و شەل و دەست پەڕیو و لاق پەڕیو دەژین،  کە جار هەیە قوربانییەکان هەر چوار پەلیان دەقرتێن و نامێنن. پرسیاری ئەخلاقی و ڕەوشتمەندانە ئەوەیە: ئایا دونیای  شارستانی و شۆرشی پیشەسازی “ڕۆژئاوا” دیارییەکانی ناو فابریقە و کارگەکانی کوێربوون و کەڕبوون و لاڵبوون و شەل بوون و مەرگ و بە کیسەڵ-بوونە بۆ ئێمەی قوربانی دەستی نەتەوە سەردەستەکانی دونیا؟ کۆی تراژدیاکە ئاماژەیە بە “جینۆساید” و قڕکردنی مەردمگەلی ئێمەیە، بێ‌هۆکار نییە کە کەوشەکە چیرۆکبێژ بێت وەک “ئۆبژێکت”، چونکە خودی “سوبژێکتەکان” لەسەر زەمین خامۆشن.

کەواتە بۆچی نابێت لنگە پێڵاوێکی بێگیان چیرۆکبێژەکە بێت؟  کە خاوەنەکەی بە نیازی گەشتێک بووە کە بە سۆز و خۆشەویستییەوە گەرەکی بووە بە دیداری خوشکەکەی شاد ببێتەوە کە ڕۆژگارێکی زووتر کە بە وەک نەو-بووکێک گواستراوەتەوە و هیچ لوغم و مینێک لەو ناوە نەبووە، کەچی لەدوای ساڵانێک مەرجە براکەی بە دزییەوە گەشتەکەی تەواو بکات کە نەیکرد، چونکە تەلبەندکراوە و بە سەگی پۆلیسی  و هەم سیخوڕ و ڕاپۆرتنووس و سەربازی چەکبەدەست تەنراوە.

 لەمیانەی گەشتەکەدا پێڵاوەکان گوێبیستی مینەکان دەبن کە دەدوێن کە دیسانەجوە نمایندەی وڵاتانی دێموکراتخواز و مرۆڤدۆستن لە ڕووکەشدا، نەک لە گەوهەردا. گەر “سارۆ”ی قوربانی بۆ خۆی وەک هەر بزن و مەڕ یان هەر گیاندارێکی ناو سرووشت بکەوێتە سەر مین و پیایدا بتەقێتەوە، کەواتە  ‘ئەو’ی ئادەمی هیچ جیاوازی نییە لەتەک هەر شتێکی مردوو یان زیندوو، بە واتا ‘ئەو’ دەچێتە خانەیەک کە چیدیکە مرۆڤ نییە، بەڵکو شتێکە بێگیان و مردووە،  “ئۆبژێکت”ە نەک “سوبژێکت” و زیندوو، دیارە “ئەو – سارۆ” بە جۆرێک تەنیایە کە پەنا بۆ پێڵاوی پێی ڕاستە دەبات وەک یادێک بۆ گەشتەکە و دیتنی خۆشەویست و هاوخوێنی کە خوشکەکەیەتی، تەنیایی و بە “شتبوون”ی ‘ئەو’ کە هەموومانین وایکردووە لنگ/ تاکە کەوشی جێماو سەرگوزشتەی مەرگەساتەکە بگێڕێتەوە کە ئەوی بێگیان دەبێت بە نمایندەی هەست و نەستی “ئەو – سارۆ”ی قوربانی، لەو کاتەی کە کەوشی جێماو دەبێت بە هەقایەتخوان و چیرۆکبێژ لەبەردەم بوونەوەرێکی سۆزیار و سەرکێش و سنووربەزێن کە مەرگ دەخوازێت نەک ژیان، لە خەیاڵی خۆیدا بەدەم بەردەوامبوونی گەشتەکەی لە خەمی ئەودایە گەر سەربازانی عیراقی سەر سنوور بیگرن، ئەوسا دەچێتە زیندانێک کە زمانی زیندانییەکانی دیکە نازانێت، گەرچی کە لە دوای کارەساتەکەوە “ئەو”ی نەبوو بە یەک وشەش زار ناکاتەوە وەک ئەوەی بۆ هەتاهەتایە لاڵ بێت، کەوش و مین و فیشەک و بەرد و داریش قسان دەکەن، بێجگە لە خودی قوربانییەکەمان.

کەواتە زەخمی سەرزەنشتکردن و دادگاییکردنی دەوڵەتانی شارستان و مۆدێرن، نووسەری هانداوە کە لە بری ئێمە کە “نەبووەکان”ین لەسەر ئاستی سیاسی و مێژوویی، کەواتە وا دروستترە پێڵاوەکان و مینەکان بدوێن چونکە ئێمە نین، بگرە بەشێک لە مینە کوشندەکان وەها ئینسانیترن لە خاوەن فابریقە و کارگەکان و سیاسەتبازەکان و سەرمایەدارانی قازانج-ویست و خۆپەرست، بە ئەندازەیەک درامی و تراژیکە کە خودی لوغمەکان هەستیان بەوە کردووە کە چەندە بێهوودەگی و نامرۆییە کە خۆیان بتەقێننەوە بەو نیازەی مرۆڤەکان و گیاندارە کێوییەکان بکوژن، خودی بەخشینی زمان بە “مینەکان” ئاماژەی نووسەرە بە “شتبوون”ی بازرگانانی خوێن و مەرگ  لەسەر ئاستی دونیادا، وەک ئەو دەستەواژەی کە دەگوترێت، “مەرگەساتەکە وەها تراژیک و کوشندەیە کە بەرد و دار دێنێتە قسە.. نەک مرۆڤ.”

لەناو ئەم چیرۆکەدا کەسێکی زیندوو نادۆزینەوە قسان بکات و بدوێت، بیجگە لە کەوش و مینەکان و شتگەلێکی بێ ڕۆح، لەپاڵ سەربازەکان کە ئەوانیش ژیانکوژ و پاسەوانانی مەرگن و هەم مەرگچێنن، ئەوانەن کە هەر مرۆیەک سنووربەزێن بێت، ناچارە بچیتە ناو خانەی “نەبووەکان”ەوە کە هەموومانین.

ڕاستە کە “کەوش” وەک ڕەمز و هێما نمایندەی جۆرەها مانا و بابەت و دۆخ و شتگەلێکە، بە تایبەتی لای ئێمەی “رۆژهەڵاتی” کە پتر وەک ڕەمزی سووکی و پووجی و چەپەڵی و هیچبوونی هەر کەسێک و شتێکە کە مەردمگەل ڕێککەوتوون لای ئێمە کە نزم و کەم و پیسە، گەرچی لەناو کولتووری دیکەی میلەتان ڕەمزی دەیەها شتی جوانە، واتا سەر چەندە جێگەی بڵندی هەیە لەنێو نیگای ئێمە، کەوشیش هەمان سەنگ و جوانی هەیە، بەلام لای ئێمە هەرگیز کەوش وەک سەر نییە کە ڕەمزی شکۆمەندی و ئاوەز و بوونێکی خواهانەیە، هەر لەبەر هەمان مانا و هێما چیرۆکنووس بە دەستی ئەنقەست وایکردووە وەک ڕەمزێکی باوی ناو کولتووری ئێمە: سەنتەر و کرۆکی چیرۆکەکە داگیر بکات بۆ دۆخی بە شتبوون و سڕینەوە و نەمانی فیزیکی و ڕۆحی ئێمە و هەم شێواندنی یەکجارەکی، لەناو جیهانێکدا کە بێجگە لە فەرامۆشی و زیندەگی پەراوێزخراوی و مەرگ و شێواندن هیچی دیکە بۆ ئێمە بە ڕەوا و ڕاست نازانن.

بە هەموو پێوودانگ و کلۆجێک مەرجە گەشتی پاڵەوانەکە ئاسایی بووایە و هیچ کۆسپ و تەگەرەیەک نەبێت بە بەربەست، کەچی وا ناکەوێتەوە.. بە بەڵگەی ئەوەی کۆتایی چیرۆکەکەمان تراژیدیایەکە کە هیچ هۆشمەندێک نییە بە ڕەوای بزانێت.  ناکرێت چاوەڕوانی هیچ درامایەک بکەین بۆ پەڕینەوە لە سنوورێکی دەستکردی نێوان دوو شار کە لە هیچ جوگرافیایەکدا نەبۆتە  مایەی کارەسات، بێجگە لەم جوگرافیایەی ئێمەدا کە لە زیندانێکی گەورە دەچێت، یان مەملەکەتێکی تەلبەندکراو کە ناوی “ڕەشهەڵاتی ناوەراست”ـە کە ئەگەرچی خۆرێکی درەوشاوە وا بە ئاسمانەوە، بەڵام ڕۆحی مەردمگەلەکەی تاریکستانە و خۆری تێدا هەڵنایەت.

گوتار و دیسکۆرس و پەیامی سەرەکی و گەوهەرداری نووسەر لەوەدا چڕ دەکەمەوە کە مەرجە ئێمەی مرۆڤ ڕێز و سەنگ بۆ سنوورە دەستکردەکان دانەنێین کە خوێناوی بوون، سنوورێک کە مەلەکان و فڕندەکانی ئاسمان و گیاندارە کێوییەکانی ناو وشکانی و سروشتی کراوەن لەبەردەم هەموواندا، بگرە ماسی و نەهەنگ و گیاندارەکانی ناو زەریاش ڕێزی لێناگرن، کەچی لە سەدەی بیستویەک و هەزارەی سێیەمدا ئێمەی مەردمگەل دونیای بەرین و کراوەمان دیواربەند و تەلبەند و سنووربەند کردووە کە پتر لە زیندان و ئۆردوگای زۆرەملێ دەچێت نەک جوگرافیایەک بۆ ژیان و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان!

پەراوێز

١؛چیرۆکی «نەبوونێک کە هەر جارەو دەیری دەکاتەوە»ی ژیار جەهانفەرد پێشتر هەر لە ماڵپەڕی ژنەفتن بڵاوکراوەتەوە، دەتوانن لەم بەستەرەدا بیخوێننەوە: https://jineftin.krd/2020/10/27/نەبوونێک-کە-هەر-جارەو-سارۆ-دەیری1-دەکات/