واژۆی بێدەنگی لە سینەما

کیم کی دووک دەرهێنەری سینەمایی کۆریای باشوور

دەبوو لەم یادداشتەدا چەشنی زۆرینەی فیلمەکانی کیم کی-دووک دەڕهێنەری کۆریایی لە کەمترین وشە و دەستەواژە کەڵک وەربگرین. ئەمە یەکەمین و مەزن‌ترین کاریگەری سینەمایی کیم کی-دووکە بە هۆی گێڕانەوەی چیرۆکێکی لێوڕێژ لە ڕووداوی دەروونی هەژێنەر و نەفەسگیر لە سەر پلاتفۆڕمێکی ڕاکێشەری ئەوڕۆیی بە نێوی “بێدەنگی”. داڕشتنی ئەم بێدەنگییە واڵا و ئاست‌بەرزە سەتاسەد بەو هۆیە نییە کە لە ڕووی بەصەریەوە چاوی بەردەنگ بدزێ بەرەو وێنەگەلی جوان و دیمەنی فەریبا پێشوازیت لێ بکات، تەنانەت لەبەر ئەوەش نییە وەکوو ماکێکی سینەمایی بیەوێ خۆ بپارێزێ لە داڕشتنێکی قەبە و کڵێشەیی، بەڵکوو لە ئەوپەڕی ئاگاهی وێڵی ڕۆچوونە لە دڵی ڕووداوێکی دەروونی گەورە و زراڤ. لە سینەمای کیم کی-دووک چیرۆک لە فیلمی دوورگە (the isle)  ئاوسی بێ دەنگییە، لە بەهار، هاوین، زستان…دیسانەوە بەهار (Spring, Summer, Fall, Winter… and Spring)  و هەناسە (the breath)  لە دایک ئەبێ، دواتر لە فیلمی خانووی چۆڵ (3iron)  پێ دەگرێ و لە مۆبیووس (moebus) ئەگاتە ترۆپکی خۆی و لە پۆختە ترین حاڵەتی خۆی دایە کە بەردەنگ دڵبەدوای سینەمایێکە کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی یەک دیالۆگ نابیستێ و باوەڕیشی بەم کەیفیەتە کردووە.

ئەمە گەورەترین وانەی کیم کی-دووکی هەمیشە بلیمەتە بۆ گێڕانەوەیەکی سینەمایی. بێچووی ئەم چەند هێڵە هزرییە جوانی‌ناسانەی کیم کی-دووک بەرهەمی وردبینی و زاڵ بوونی ئەوە بەسەر تێکنیک‌گەلی سینەمایی و هونەری گێڕانەوە لە داوێنی بێدەنگی. ئەو بێدەنگییەی ناوەڕۆکێکی ڕۆژهەڵاتی و فۆڕمێکی ڕۆژاوایی هەیە کە بووە هۆی دەرکەوتنی واژۆی کەسێک کە دەبێژێ بەڵام بێدەنگە.

کیم کی-دووک وێڕای ئەوەی وێژیاری ڕووداوێکی شارییە کەڵکەڵەی گەڕانەوە بۆ چاوانەیەکی هزری و کولتووری بە ناوی عێرفانی ئاسیایی‌شی هەیه. بۆ وێنە لە فیلمی 3iron  بە شێوەیەکی چاوەڕوان‌نەکراو دەگەڕێتەوە بۆ شۆهوود و وەجدێکی ئاشقانەی پڕاوپڕ عێرفانی کە بە هیچ شێوەیەکیش ناکرێ بڵێی لە تایبەتمەندییەکانی گێڕانەوەی چیرۆک و سینەمای ئەوڕۆ بە میل ترازاوە، بگرە پڕ بە باڵا و قەڵافەتی ئەو دوو سنوورە هونەرییە دووراوە.

blank
پلانی کۆتایی فیلمی 3Iron

لە درێژەی هێنانە گۆڕێی مژاری بێدەنگی لەم سینەمایەدا دووهەمین ماکی سەرەکی و بەرچاو ڕەنگە کۆتایی عێرفانی زۆرینەی فیلمەکانی کیم کی-دووک بێت، کە هونەرمەندانە داڕشتنێکی سەرنجڕاکێش و چیرۆکی چەشنی ڕاستی بۆ کراوە. کۆتایی یان سێکانس‌گەلی دوایی فیلمەکانی کیم کی-دووک تایبەت بە مرۆڤی جوگڕافیای کۆریای باشوور نییە، بەڵکوو ئەو شێوە عێرفانی و ڕۆحانییەی کە سواری کڵێشەی گێڕانەوەی کردووە، نزیکایەتییەکی زۆری لە تەک مرۆی سەردەم لە هەموو جۆگڕافیایەک هەیە. (ئەبێ بۆ ئەم باسەی ئێرە ئەوەش لەبەرچاو بگیردرێت کە ئەم وەجد و حاڵە ڕۆژهەڵاتییە بێ هیچ کێشەیەک لە چوارچێوەیەکی دراماتیزەی جیهانی لە دایک بووە). بۆ وێنە لە فیلمی ماڵی چۆڵ ناتوانی بەرەو ڕووی ئەزموونێکی دژوار بیتەوە، بەڵکوو سادە و ساکار لە وڵاتێکی دیکە و کولتوورێکی‌تر عاشقێنییەکەی سەر قەپانەکە ئەو کاتەی سفر نیشان ئەدات، فام ئەکەیت.

blank
دیمەنێک لە فیلمی The isle دورگە

ئەم ناوەرۆکە تەغەزۆلی(دڵدارانە)یە و زورجاریش سێکسییە کە هەر کامەی بە ئاقارێک و لە قەوارەییەکدان لە کۆی بەرهەمەکانی کیم کی-دووک ئەبیندرێ. بەڵام کیم کی-دووک بە پێچەوانەی ناوەرۆک و سووژە تەغەزۆلییەکانی، وێژیارێکی نەرم و نیان و لەتیف نییە… کیم کی-دووک زۆر ڕەق و سەخت وێنای ڕووداوێکی بلاوێن و سۆزدارانە ئەکات. بۆ دۆزینەوەی ئەم هەیەجانە ڕەش و جەرگبڕە ئاماژە ئەکەم بە فیلمی the isle ئەو کاتەی لە بگرەوبەردەی ئەوینێکی غەریب و لەناکاو کاراکتێرێکی ئەویندار، قولاپی ماسیگرتنە لە قوڕگی خۆی دەبەستێ و لە ژێر گەمیەماڵەکەی خۆی، خۆی ئەخنکێنێ..!