“خاتووزین پەیکەرەکانی لوتکەی هونەری ئەبستڕاکتن”

دایکی ئەفسانەکانی کوردستان

خاتووزین بە گەنجی لەپاڵ دروستکردنی تەنوور بۆ خەڵکی گوندەکەیان، خەریکی دروستکردنی کاسە و گۆزە و قاپ و قاچاغی بەر دەستی خەڵکی دەبێت، تا ئەوەیکە لەنێو خەڵکی گوندەکانی دەوروبەیشیان وەک ژنێکی تەڕدەست و لێهاتوو لە دروستکردنی قاپ و قاچاغە جۆراوجۆرەکان دەیناسن و ناوبانگ پەیدا دەکات.

خاتووزین لە مانگی ئابی ١٩٢١ لە گوندی «بۆگەبەسی» سەر بە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. وەک لە زمانی خۆیەوە دەگێڕنەوە وتویەتی کە “هەر لە منداڵییەوە عاشقی خاک و ئاو و تێکەڵکردنیان بووە”.

خاتووزین خوێندەواری نەبووە و لە تەمەنێکی درەنگەوە دەست دەکات بە دروستکردنی پەیکەر کە پێکهاتەیەکی سەیریان هەبووە، بەڵام وەک دەگێڕنەوە خۆی پێی سەیر و سەمەرە نەبوون.

خاتووزین ٣١ ساڵ پێش مەرگی خۆی، هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردوه و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە جێگەی باوکی منداڵەکانیشی پڕ بکاتەوە و بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان زیاتر لە جاران خۆی ماندوو بکات. ناوبراو بۆ ئەم مەبەسته دەستی داوەته درووست کردنی تەنوور و سازکردنی گۆزەی سووری سەرشانی کچان و دێزه و دەرخۆنەی هەمەڕەنگ و کارگەیەکی خۆماڵی لە ماڵی خۆیدا لە گوندی بۆگەبەسی سازکردبوو.

پەیکەرەکانی خاتووزین، بەردەنگی پیشەگەر و هونەرمەندی ئەمرۆ دەرگیری پرسیارگەلێک دەکات، کە ئاخۆ ئەم خاتوونە ئاشنایەتی لەگەڵ بەرهەمە مێژووییە دێرینەکان هەبووە؟ یان ئەسڵەن ئاگاداری هونەر بووە تا ڕیباز یان ستایلی وەک ئەبستڕاک بناسێتەوە؟ چەندە لەژێر کاریگەری ئەدەبی (زارەکی-ڕوایی) دابووە، کە سینە بە سینە لە نەوەکانی پێشینەوە بۆ ئەم گواسترابێتەوە، یان لە چییەوە ئیلهامی تەرحە ئەفسانەییانەی بۆ هاتبێ؟ و چەندین پرسیاری دیکە.

خاتووزین لە وەڵامی ئەو جۆرە پرسیارانەدا وتویەتی: “چەند ساڵ پێش لە ناخمدا هەستم بە شۆر و شەوقی دروستکردنی کەلەپەلی جگە لە تەنوور و گۆزە کرد، منیش وەڵامی هەستەکانمم دایەوە و ئەو باڵندە و زیندەوەرانەی کە بە درێژایی ژیانم بینی بوونم و هەروەها ئەو پاڵەوانانەی کە لە (بەیت و حەیران و حکایەتی کوردی) بیستبوومن لە زەینی خۆمدا دەمکێشانەوە، گیانم دەکردە بەر قوڕ و خاکەکە، و خەڵک پێیان دەوت هونەر و منیش زیاتر هەوڵم دەدا کە ئەم هەستانە دەربڕم”.

دوو سال بەر لە مردنی و لەساڵی ١٩٩٣ چەند بەرهەمی لە فیناڵی پەیکەرتاشی تاران دەخرێنەڕوو و سەرکەوتوو دەبی لە بەدەستهێنانی (پلەی ئیمتیاز). ئیتر لەلایەن خەڵک و بەردەنگەکانییەوە نازناوی دایکی ئەفسانەکانی کوردستانیان پێدەدرێ.

ئێستا چەندین بەرهەمی گرنگ و سەرسووڕهێنەری ناوبراو لە مۆزەخانە مرۆڤناسی ماڵی کورد لە شاری سنە پارێزراون.

پەیکەرەکانی خاتووزین زۆرتر لە خەون و خەیاڵیدا فۆرمۆڵە دەبوون. شێوەگەلی پەتی و دەرهەستی و سەیروسەمەرە کە تێکەڵەیەک بوو لە ئەندامی ئاژەڵ و باڵندەکان. بەرهەمەکانی پێکهاتوون لە دوو بەشی ئاژەڵەکان و گریوفن (کە لە دێرینەناسیدا بەو ئاژەڵانە دەوترێ کە تێکەڵەیەکە لە چەند ئاژەڵ).

ئەو پەیکەرەکانی بۆ گوزەرانی ژیان دەروست دەکرد و بە خەڵکی گوندەکانی دەفرۆشت. هەوڵدان و بەردەوامی لەسەر ئەم چالاکییە بووە هۆی پێشکەوتنی ئەو لە دوانزەساڵی کۆتایی تەمەنیدا. “حەمە هاشم” هونەرمەندی شێوەکار و نووسەر لە یەكێ لە نووسینەکانیدا لەژێر ناوی “ئەبستڕاکت ئاڕت چییە؟” کە لە ماڵپەڕی ژنەفین بڵاوکراوەتەوە لە بەشی ئەبستڕاکت و پەیکەرتاشیدا ئاماژە بە ناو و پەیکەرەکانی “خاتووزین” دەدات و کارەکانی ناوبراو بە لوتکەی ئەبستڕاکت ناوزەد دەکات. “حەمە هاشم”ی شێوەکار لە لێدواێکیدا بۆ ژنەفتن لەبارەی ئەو بۆچوونەی و پەیکەرەکانی خاتووزین گوتی: “بۆچى من واى ده‌بینم كه‌ هونه‌رى (خاتووزین) په‌یكه‌رسازى خۆڕسكى كورد، نزیكمان ده‌كاته‌وه‌ له‌ هونه‌رى مۆدێرن، بابه‌تێكى ئاڵۆز نییه‌، ئه‌گه‌رچى (خاتووزین) خۆى شتێكى ئه‌وتۆى نه‌زانیوه‌ له‌سه‌ر زانسته‌كانى هونه‌رى مۆدێرنه‌، به‌ڵام ئیدراككردن به‌و هێزه‌ ستاتیكییه‌ خۆڕسكه‌ى كه‌ له‌ هه‌سته‌كانییه‌وه‌ هاتووه‌ و مه‌یلى تێكشكاندنى شێوه‌ى مه‌ئلووفى فیگه‌ره‌كان بۆ خۆى ئه‌و تێڕوانینه‌مان به‌ڕاست دەسەلمێنێت. ده‌توانین شێوه‌ده‌ربڕین ئامێزه‌كانى ئه‌و فیگه‌رانه‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌ سه‌ر سه‌بكه‌ هونه‌رییه‌ تازه‌كانى وه‌ك (ئه‌بستڕاكتى ده‌ربڕینخوازى)، چوونكه‌ بنه‌ماكانى ئه‌بستڕاكت له‌ كاره‌كانیدا یه‌كه‌م به‌ردیده‌ن بۆ كه‌سێك كه‌ بگه‌ڕێت بۆ بینگه‌ هونه‌رییه‌ ڕه‌هاكان له‌ كارى هونه‌رییدا، ئه‌و بنه‌مایانه‌ى كه‌ ئه‌بستڕاكت له‌ شێوه‌ و ساده‌كردنه‌وه‌ و تێماى ده‌ربڕینه‌كانى پێویستى پێیه‌تى، هه‌ر بۆیه‌ من شێوه‌ بینراوه‌كان له‌ فۆڕمى ئه‌بستڕاكتیدا چڕده‌كه‌مه‌وه‌، بێگوومان ئه‌مه‌ش رێگا به‌خۆدانه‌ به‌ پاڵپشتى ئه‌و ئاسته‌ زانستیانه‌ى كه‌ له‌ هونه‌رى ئه‌بستڕاكتدا كه‌ڵه‌كه‌ بوون له‌لاى من. بۆى هه‌یه‌ به‌پێى ئاستى بینینى ستاتیكیانه‌ له‌لاى خه‌ڵكى چێژوه‌رگر ئه‌م دیده‌ى من زۆر پێشوازى لێكراو نه‌بێت، به‌ هۆكارى ڕێژه‌یی له‌ چێژبینینى گشتى ستاتیكادا كه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكى دى گۆڕانكارى به‌سه‌ردادێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕێگامان لێناگرێت بۆ تێڕوانینى گشتى ئه‌بستڕاكتییانه‌ى كاره‌كانى خاتووزین. به‌شێكى سه‌ره‌كى له‌ تۆكمه ‌نیشاندانى ئاستى ستاتیكى كاره‌كانى (ماتریاڵ)ى به‌رهه‌مه‌كانییه‌تى، به‌كارهێنانى (قوڕ) به‌و جۆره‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ و ئاوێته‌بوونى له‌گه‌ڵ په‌نجه‌كانى و شێلان و درووستكردنى شێوه‌بینراوه‌كان بۆ خۆى فه‌زایه‌كى (ئه‌بستڕاكتیانه‌یه‌)، چوونكه‌ نه‌ فیگه‌ره‌كان واقیعى و ڕاسته‌قینه‌ن و نه‌ ئه‌و ئیدراك و هه‌ستانه‌ش كه‌ خاتووزین ده‌یبه‌خشێته‌ بارسته‌ و جووڵه‌ و ساو(مه‌لمه‌س)ى په‌یكه‌ره‌كانى ئه‌كادیمین، ئه‌مه‌ش كتومت ئه‌ندێشه‌ى ئه‌بستڕاكتیانه‌ى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌مان بۆ نزیكتر ده‌كاته‌وه‌ و ڕوونده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ى (خاتووزین) كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌مى هونه‌رى (ئه‌بستڕاكتیڤن) له‌ كه‌شى ده‌ربڕینى ساكارى ژنێكى لادێیدا”.

خاتووزین لە قۆناخی گەنجیدا بە تەنیا خاکی پەیکەرەکانی لە داوێنی چیاکانەوە هێناوە و پەیکەری پی دروست کردووە، بەڵام پاشان کوڕ و بوکەکەیشی یارمەتیان داوە.

خاتووزین میهربان و قسەخۆس بووە و ڕوخسارێکی سەرنجڕاکێش و چاوانێکی ڕەنگینی هەبووە. وەک دەگێڕەنەوە بۆ هەر پەیکەرێکی چیرۆک و حکایەتێکی هەبووە کە لە گێڕانەوەیدا چێژی وەرگرتووە.

خاتووزین بە هۆی بەرهەمە بەجێماوەکانی پاش مردنی ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد، بەڵام وەک دەگێڕنەوە ناوبراو بە درێژایی ژیانی لە هەژاریدا ژیا.

خاتووزین لە ساڵی ١٩٩٥ لە تەمەنی ٧٤ دا لە گوندەکەی خۆی کۆچی دوایی کرد.

سەرنجێک بنوسن