ژوور

تابلۆی ژووری خەوتنی ئارل… شێوەکاری هۆڵندی ڤینسێنت ڤان گۆخ

١

شەوانی پێشوو نێوان وەرگرتن و دانەوەیدا سێ چرکە؛ لە یەک تا ژماردنی سێی دەخایاند. ئێستا شەش، حەوت، هەندێ جار یەک چرکە، ئاساییش نین. ئەو هەناسانە ئەوانە نین کە من دەمژماردن. شەوانی تر بەر لەوەی خەوت لێ بکەوێ، چەند کەڕەت ئەمدیو و ئەودیوت دەکرد، ئێستا، دە، بیست خولەک جارێک جووڵێکیش ناکەیت. چەشنی منداڵێک کە بە ئەنقەست و بۆ بێخەم بوونی دایکی و فریودانی باوکی خۆی دەکات بە خەوتوو، چاوت نوقاندووە. نەخەوتوویت و نوقاندووتن ئەو چاوە ڕەشە و مەیلەو قاوەییانەت. بەڕاست چەند تاقەتت هەیە ئاوا بیت؟ دوو کاتژمێر، سێ، چوار، ئاخر چەند؟ من کە بچووک بووم، لەو ژوورەی هەموومان تێیدا دەخەوتین، تەنیا بیست، سی خولەک تاقەتم هەبوو و دەمتوانی بە ئەنقەست خۆم بکەم بە خەوتوو.

تۆ چۆن ئەوە دەکەیت؟ ده‌ڵێی: ئەی تۆ بۆ وات دەکرد؟ دەڵێی من بۆ وام دەکرد؟ من نەبووم وام دەکرد، یانی نە توانین بوو نە حەز و ئارەزوویەک بوو. تەنیا نەمدەویست دەنگی لێکترازانی قۆچپەکانی ئێخەی کراسەکەی دایکم بە دەستە بزێوەکانی باوکم ببیستم. نە بە خودا چێژم نەدەبینی، ڕقم هەڵدەستا، پەست و کاس دەبووم، هەناسەم لە خۆم دەبڕی، دەمویست بخنکێم، نەک ببیستم دایکم بڵێت: “هار بوویت؟ بوەستە نەکا کچەکە هێشتا نەخەوتبێ! تۆ بە من دەڵێی: ئەی تۆ بۆ ئەوەت دەکرد؟ گوتم، خۆ گوتم بە خودا حەزم نەدەکرد ئەوە بکەم، چیم کردبایە، خۆ تۆ دەزانی من ناتوانم بە زۆر وابکەم خەوم لێبکەوێ! ناشکرێ بپرسی بۆ لەو ژوورە بوویت و نەچوویت بۆ ژوورێکی تر؟ چونكه‌ دەزانیت دەڵێم: کام ژوور؟ بۆتم باسکردووە، خۆ بینیبووت خانووەکەمان، ماڵەکەمان هەر ئەو ژووری خەوەی هەبوو!

من هەمدیس دەترسم؟ دەترسم و ناتوانم بخەوم و ئەها لە داخا خەریکی وڕێنە کردنم، وانییە؟ تۆ کە ئاوا جوان ڕاکشاویت و ناجووڵێتەوە هیچ، قووڵ قووڵ، بەڕاست خەوتوویت؟ لە بۆسە نیم، من؟ دەڵێی: نا… بەڵام تۆ ئاوا ناخەویت خۆ! شەوانی تر، هەمووی نا، هەندێک شەو، ئەو شەوانەی وەڕەزیت بە دەست نووسینەوە، توند ئێخەی دەگرتیت. دەهاتیت، باوەشت لێم دەدا و توند دەتگوشیم بە خۆتەوە. پاڵت دەخستم. جگەرەت دەکێشا و بێ ئەوەی تاقەتت هەبێ هیچ بڵێی، خاو دەبوویتەوە بەسەرمدا و تەماشات دەکردم. تەماشام ناکەیت ئێستا، سەرت بردووەتە ژێر لێفەکەوە. نەک هەر ئەوە، هەم قژە درێژەکانت ئاوەڵا نین، هەم پانتۆڵەکەتت لەبەرنەکردووەتەوە. نەخەوتوویت ئاوا، هەرگیز. نیوەی پێنج قامکی دەستی چەپت لە ژێر سەرینەکە نەبووە، هەرگیز. هەرگیز دەستتت نەخستووتە ژێر سەرین، یان لە کەمەرمت ئاڵاندووە، یان کردوونت بە سەرین بۆم. ئێستا دەبێ شتێک لەژێر سەرینەکە بێت! دەڵێی: وەک چی؟ دەڵێم: نازانم؟ دەڵێی: پشیلەیەک، ڕەشێکی گەورە؟ پێدەکەنیت توڕەم دەکەیت. دەڵێم نا: دەمانچەیەک! دەمانچەیەکی بچووک. دەڵێی: بەڵام… مەیڵێ دەزانم دەڵێی: بەڵام ئێمە دەمانچەمان لە ماڵەوە نییە. ئەرێ نەمانبووە دەزانم… دەڵێی: کەواتە؟ نازانم کەواتە چی! دەڵێی: لە بکوژ دەچم؟ نا نەخێر پێکەنیناوییە، ئەو ڕۆژانە پەنجەکانت تاقەتی تاپیکردنی نەماوە، چ جا هێنانەوەی میللی دەمانچەیەک! دەڵێی: ئەی کەواتە؟ چووزانم کەواتە کەواتە کەواتە نازانم چی! تەنیا دەزانم بمتوانیبایە بنووم باش دەبوو. دەڵێی: چاو بنووقێنە. چاو دەنووقێنم. چاو دەکەیتەوە. دەیکەمەوە، دایدەخەیت. سەیرت دەکەم، پێڵوەکانت ناجووڵێنەوە، دەڵێی چیتر تاقەتیان نەماوە بکرێنەوە. دەڵێیت: لە بکوژ ناچم وانییە؟ لە بکوژ ناکەیت نەخێر، قامکەکانت وردن، کچانەن پەنجەکانت. پەنجەکانت جگە لە  هەڵدانەوەی پەڕ و گرتنی قەڵەم هێزی هیچ شتێکی دیکەیان تیا نییە.

٢

خێرا بە تەک دیواری گەرماوەکە، دیواری ژووری خەوەکە و دیواری هۆڵەکە و دیواری نازانم کوێ، تێدەپەڕم. هەناسەم تەنگە، ڕێم نەکردووە، هەڵاتووم. هەمووجار ئاوا زەندەقم دەچێ لە پشتەوەی دیوارەکان. ساڵانێکە پێموایە لە پشتی هەر دیوارێکەوە پیاوێک خۆی حەشارداوە. لە موبەق، لەسەر کورسییەک بەرامبەر بە پێپلیکانەکان دادەنیشم.

سێوێکی زەرد هەڵدەگرم. دنیا، ماڵەکە، ژوورەکان هێندە کشوماتن، گوێ هەڵدەخەم زۆر باش گوێم لە دەنگی دوو پێیە، کە بەسەر جەمەلۆنە ئاسەنیینەکەی سەربانەکەدا دەڕۆن. دەنگێکی تر نایەت، کپ و هێورە هەموو لایەک.

دەبن بە چوار، دەنگی چوار پێ، قوڕس نین دەنگی پێییەکان، جەمەلۆنەکە ناقۆپێننەوە. دەمیاوێنن، پێیەکان دز نین، پشیلەن. ڕادەچڵەکێم. خراپتر کە دز نین، پشیلەن! تازە نییە ئەمە، ترسی هەژدە ساڵی پێشووە، ئەو شەوانەی دایکم بە میاوە میاوی پشیلەیەکی ڕەش دەیخەواندم و باوکم هیچی نەدەگوت. تۆ پشیلەت بینیووە سی ساڵ تەمەنی بێت؟ نەتبینیووە. قەت هیچ ئاژەڵێک لە ماڵەکەمان نەبووە. پشیلە نا، ڕەنگە باش بووایە سمۆرەیەکمان هەبوایە. نەبوونیان ڕق نییە، تۆ کاتت بۆیان نییە، من لێیان دەترسم. تۆ تەنانەت هێندە کەمترخەمیت؛ هیچ چیرۆکێکت نییە پاڵەوانەکەی سەگ، ژووژک و کیسەڵێکی پیر، دێوەزمە ترسێنەرەکەی من، پشیلەیەک بێت. دەڵێی: هێشتا هەر دەترسی لە پشیلە؟ هەر دەترسم. خۆت گوتت: هەندێک ترس، یان ترس لە پشیلە بە گەورەبوون و هەڵکشانی تەمەن ناڕەوێتەوە. گوتت: مرۆڤ بیەوێت، دەتوانیت پەیوەندی بە منداڵییەوە بپچڕێنیت، وابکات هیچی بیر نەکەوێتەوە، بەڵام تاکە شت کە هەرگیز لێی نابێتەوە، لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت و گەورەی دەکات، ترسە!

دەنگی پێیەکان نزیکتر و میاوە میاوەکان زۆرتر دەبن. پەلکی تەنک و ڕەقی سێوەکە لە پدووم ڕادەچێت. نزیکتر دەبێتەوە دەنگەکە، هەست دەکەم ئەو پێیانەی بە پێپلیکانەکان دادەگەڕێنە خوارەوە، پشیلەکانن. گاز لە سێوەکە ده‌گرم. دەڵێی قەپ لە گۆشتی خاو دەدەم؛ قەپ لە پشتی ڕەشی پشیلەیەک. دەیتفێنمەوە و ڕادەکەم.

سەبارەت بە پشیلە جارێک، لە کوێ؟ نازانم، گوتت: “یەکێکیان لە دەستی ژنێکە، سەد دانەی دیکەیان ماشێن دەیانشێلێ! جیاوازی چییە ئەمە و ئەوانی تر؟ هەر ئەوەندەی ئەمیان تووکی درێژو سپییە، ئەوانی تر یەک ڕەنگن؛ خەنەیی تێکەڵ بە…”

بیرم نەماوە چیترت گوت. دەگەمە ژوور. نەجووڵاویتەتەوە، هیچ. هیچ گۆڕانێک بەسەر شێوازی خەوتنەکەتدا نەهاتووە. هێشتا چوار قامکی دەستی چەپت لەژێر سەرینەکەیە.

جگە لە چەند کاتژمێرێک خەوتن لە ڕۆژدا، ئەمڕۆ سێ ڕۆژە، لە شەودا ناتوانم بخەوم. سێ هەفتەیە لێرەین، هێشتا نەپڕژاومەتە سەر ڕێکخستنی کەلوپەل و بەتاڵکردنەوەی جانتاکان. دەستم نەداوە لە جانتاکان، هەموو شتم هێناوە، پشیلەکەش! بیر لە بیانووێک دەکەمەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگوازینەوە. دەڵێی: چی دیسان لەماوەی حەڤدە مانگی هاوسەرگیریمان ئەمە چوارەم کەڕەتە دەگوازینەوە؟ جارێک بە بیانووی بچووکی مووبەقەکە؟ جارێک بە بیانووی نەبوونی ژوورێکی دیکە بۆ منداڵەکەمان. کوا منداڵ؟ جارێکی تر بە بیانووی نەبوونی سەوزایی لە حەوشەکە، کۆتا جار ڕەنگی بۆیە ماڕۆنییە وەڕسکەر و ماندووکەرەکە، کە سەرتاپای دیوارەکانی پێ ڕەنگ کرابوو. گوتم: ڕەنگیان دەکەینەوە دیوارەکان. گوتت: پشیلەکەش! ئیدی بیانووەکانت چیتر جێی باوەڕ نین ئازیزم، تۆ ترسەکانت گۆشت دەگرن!