شەش نوشتە
تا مرۆڤ بیر خۆی بهێنینەوە

١

گەیشتینە دوڕگەی نەزانراوەکان و شوێنپێیەکمان دی

شوێنپێیەک بەسەر لمی ئەو کەنارەوە کە دەستی

شەپۆلەکانی یادەوەریمانی پێ ناگات؛

شوێنپێیەک کە شت بوو، نەک ناو …

گەڕاین و گەڕاین و

تەنیا لە کۆتایی سەفەرەکەدا زانیمان

کە ئەوە شوێنپێی خۆمانە: ئێمە هەمیشە لێرەبووین.

٢

سێو گۆشتی درەختەکەیە مێش تێی نەدابێت

سێو گۆشتی سرووشتە بە خۆیەوە؛

درەختەکە لەوێدا ڕاوەستاوە

مرۆڤێکی لە ژێردا ڕاکشاوە،

سێوەکان بەردەبنەوە

گۆشتی درەختەکە هەڵدەوەرێت

مرۆڤێک ڕەگەکانی ناگەن بە ئاو.

٣

نەدەبوو بە تووتنچیەکان بڵێین کە

لە بری تووتن

لە بەهاردا دەبێت جەرگی خۆیان لە چوارداخ بدەن،

گەر نا

نەدەبوونە تووتنچی.

٤

تاریکی چواردەوری ماڵەکە دەگرێت

پەردەکان دادەدرێنەوە، تا تاریکی نەیەتە ژوور

بەڵام هەر دێت

قەپاڵ قەپاڵ ڕووناکی دەخوات،

مرۆڤەکە

تۆقیو و شپرزە

بە شوێن سووچێکدا دەگەڕێت

کە تاریکی لووشی نەدابێت.

٥

چەخماخسازەکان لە ئێوارەوە قەمەی تیشک

دەهێنن بە هەسانەکانی ئەفسانەدا، لە ترسی شەوێک کە نایەت /

ئاشقەکان لە بەرەبەیانەوە دڵی ئەژدیهایەک

لە مەحاڵەکانی ئەفسانە قەرز دەکەن، بۆ خەنجەرەکانی ئەو یارەی

هەرگیز نەهاتەوە /

ماڵی چەخماخسازەکان پڕە لە پژمەی نوور،

زبڵدانی ئاشقەکان پڕە لە توێکڵی ماچ.

٦

مرۆڤەکە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ، دەزانێت کە هیچ ڕزگاری ناکات؛

نە خۆرنشین: سماقی کوتراو و پەخشێنراو بەسەر قاژەکانی ئەو کەنارەدا کە هەموو شوێنپێی

ئێمەن،

نە شەبەنگ: شمشێرەوانی سەر بە میرنشینی خۆر دەمێک شمشێرە هەتاویەکەی بە نێوان لقەکانی

ئەو درەختەدا دەوەشێنێتت کە سێو خوێنبەربوونیەتی،

نە کێشانی جەرگی تووتنەوانەکان پاش ئەوەی بەهارێکیان لە چوارداخ کرایەوە و هاڕییان و لە

جگەرەیەکدا لوولدرا،

نە شەوانە دادانەوەی پەردەکان: هەڵبەستنی دەربەند لەنێوان ڕوناکی و تاریکیدا / نە شەو خۆی:

بەنداوی بێبنی زوڵمەت کە هەڵدەچێت و لە دەربەندەکانی پەنجەرەوە فیچقە دەکات،

نە لێدانی چەخماخ: هەڵدڕینی پێستی شەو بە قەمە و چەقۆکانی تیشک،

نە قەرزکردنی دڵ لە ئەژدیها: کە ئاشقەکان لە دەستپێکی هەر یارییەکی نوێدا دەیخەنە سنگیانەوە،

نە گەڕانەوەی مرۆڤەکە بۆ ماڵ،

نە نەگەڕانەوەی مرۆڤەکە بۆ ماڵ،

کاتێک

مرۆڤەکە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ

و

دەشزانێت کە هیچ ڕزگاری ناکات.

٢٠٢٠

photo_٢٠٢٠-١١-٠٤_١٣-٣٣-٠٢

سەرنجێک بنوسن