فۆرمه‌كانی هه‌راسانكردن و توندوتیژیی سێكسی
هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه گه‌ر پێمان وابێت كه توندوتیژی و هه‌راسانكردن یه‌ك پرۆسه‌ن و خاوه‌ن یه‌ك كرۆكی یه‌كگرتوون، كه ده‌كرێت به یه‌ك پێناسه ده‌ستنیشانی بكه‌ین، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا سرووشتێكی په‌لكه‌زێڕینه‌یی هه‌یه و به چه‌ندین فۆرم و خه‌سڵه‌تی جیاواز خۆی ده‌نوێنێت. هه‌راسانكردن و توندوتیژی سێكسی چه‌نده به‌رجه‌سته‌یه، هێنده‌یش سیمبولیكه، چه‌نده وه‌ك كرده‌یه‌كی واقیعی و كرده‌گی ده‌رده‌كه‌وێت، هێنده‌یش له فۆرمی جۆراوجۆری ئه‌بستراكتدا خۆی ده‌نوێنێت كه به بێ باسكردن لێیان، ناتوانین تێگه‌یشتنێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌مان بۆی هه‌بێت و له‌هه‌موو سووچ و نهێنیه‌كانی تێبگه‌ین.
هه‌راسانكردن ده‌شێت زاره‌كی بێت له فۆرمی پلار و تانه‌دا، ده‌توانێت نازارهكییش بێت له‌شێوه‌ی نیگاكردندا، ده‌توانێت شكۆمه‌ندانه و ئه‌ده‌بیانه بێت وه‌ك نووسین له فۆرمی غه‌زه‌لی شیعری و تێكستی گۆرانیدا، وه‌ك چۆن ده‌یشكرێت له‌م سه‌رده‌مه نوێیه‌دا دیجیتاڵی و ئه‌لیكترۆنی بێت. هه‌ربۆیه تا بتوانین ئه‌و فۆرمانه له یه‌كتری جیابكه‌ینه‌وه، باشتره تاك تاك وه‌ریانبگرین و كرۆك و خه‌سڵه‌ته‌كانیان دیاری بكه‌ین.
١
توانج و پلار وه‌ك ئازادی ڕاده‌ربڕین
ئایا قه‌ده‌ری مێینه‌یه كه به ته‌نها وه‌ك بابه‌تێكی ئاره‌زووكراو ببینرێت له‌لایه‌ن نێرینه‌وه؟ تاكه چاره‌نووسێ كه هه‌یبێت وێناكردنیهتی وه‌ك بابه‌تێكی سێكسی بۆ دامركاندنه‌وه‌ی حه‌زه‌كان؟ به ڕای من، یه‌كێك له بهرجهستهبوونهكانی هه‌راسانكردنی سێكسی بریتییه له توندوتیژی له ئاخاوتن و ده‌ربڕیندا وه‌ك سه‌رسامبوون به مێینه له فۆرمێكی سێكسواڵدا. واته نێرینه له‌ڕێی بچوككردنه‌وه‌ی زمانه‌وه، تانه و ته‌شه‌ر ئاسایی ده‌كاته‌وه و تا له‌ژێر ده‌مامكی ئازادی ڕاده‌ربڕیندا ڕه‌وایه‌تی پێ بدات. ئه‌و ئازاده له‌وه‌ی كه چۆن هه‌سته‌كانی خۆی ده‌رده‌بڕێت له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مێیینه، چۆن ده‌ئاخڤێت و له‌سه‌ر چ بابه‌تێك كه له مێیینه‌دا وه‌ك وروژێنه‌ر ده‌یبینێت (سنگی، ڕانی، ڕوومه‌تی، سمتی، قۆڵی، به‌ژنی… هتد) ڕای خۆی ده‌ڵێت. كه كیژێك یان خانمێك ده‌بینێت، سه‌ربه‌سته كه چی له‌سه‌ر ده‌ڵێت و تێڕوانینی چۆنه بۆی وه‌ك ئۆبێكتێك: جا وه‌ك بابه‌تێك بێت بۆ ده‌ربڕین له خۆشه‌ویستی، وه‌ك وه‌سفكردن و به شانوباڵ هه‌ڵدانیدا بێت وه‌ك په‌یكه‌ر و خواوه‌ندی جوانی یا ڤینۆس، یان به ته‌نها به‌ژن و باڵا و لهشولارێك كه له‌ڕووی سێكسییه‌وه وروژێنه‌ره و ناچاری ده‌كات حه‌ز و ئاره‌زووی خۆی به‌رامبه‌ر ده‌رببڕێت. ئه‌مه یه‌كێكه له گرفته‌كانی پێناسه‌كردنی ئازادی ڕاده‌ربڕین له فۆرمه به ناو دیموكراتییه‌كه‌یدا، كه له‌بنه‌ڕه‌تدا قۆستنه‌وه‌یه‌تی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی توندوتیژی له ئاخاوتندا به ناوی ئازادییه‌وه. ئه‌م فۆرمه له هه‌راسانكردن سه‌رلێشێوێنه‌ره، چونكه ده‌توانێت سیمبولیك بێت، ده‌توانێت به‌ده‌مامكه‌كانی سه‌رسامبوون و سه‌رنجڕاكێشان یا مه‌ستبوونه‌وه به مێیینه پاساو بۆ تانه و ته‌شه‌ر و وه‌سفه‌كانی بهێنێته‌وه كه زیاتر له په‌لاماردان و سوكایهتیپێكردنهوه نزیكن تاوه‌كو غه‌زه‌ل و پیاهه‌ڵدان. نموونه‌كانی ئه‌م چه‌شنه له توندوتیژی و هه‌راسانكردن به مه‌به‌ستی سێكسی، جگه له فۆرمه ئاسایی و ڕۆتینییه‌كانی له‌ژیانی ئاسایی و ڕۆژانه‌دا كه له‌سه‌ر شه‌قام یان له‌سه‌ر كار و بازاڕه‌كاندا به‌رده‌وام خۆیان به‌رهه‌مده‌هێننه‌وه، پله‌یه‌ك له‌وه به‌رزتر ڕۆیشتوون و دزه‌یان كردووه بۆ ناو ئه‌ده‌ب و موزیكیش كه نموونه‌كانی زۆر ئاشكران و به ناوی ڕۆمانتیزه‌كردن و پیرۆزكردنهوه، جلوبه‌رگ له‌به‌ری مێیینه‌دا ناهێڵن و ڕووتیدهكهنهوه. گه‌ر چاوێكی خێرا به ئه‌ده‌بی كلاسیك و ڕۆمانتیكی كوردیدا بخشێنین، زۆر سانا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه چ فۆرمێك له زمان، ژن داده‌ڕێژێت و فانتازی ده‌كات، دیاره ئه‌مه بۆ گۆرانی مۆدێرن به‌ر له گۆرانی فۆلكلۆریش ڕاسته. به كورتی ئه‌م چه‌شنه له هه‌راسانكردن زیاد له كه‌ناڵێكی له‌زماندا دۆزیوهتهوە و به‌كاریان ده‌بات تاوه‌كو خودی توندوتیژییه‌كه‌ی پێ ئاساییبكاته‌وه و وه‌ك ئازادی ڕاده‌ربڕین یا غه‌زه‌ل و پیاهه‌ڵدان و ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی نیشانی بداته‌وه.
٢
سكۆپتۆفیلیا یان توندوتیژی به چاو
یه‌كێكی تر له فۆرمه سه‌خت و ئاڵۆزه‌كانی هه‌راسانكردن و توندوتیژی سێكسی ده‌ستكراوه‌یی منه له نیشانه‌گرتنه‌وه‌دا له‌تۆ وه‌ك ئامانجێك، وه‌ك قه‌ناس به‌ده‌ستێك كه له زوومی دووربینه‌كه‌ی مندایت، وه‌ك نێچیرێك كه كه‌ی خواستم ڕاوت بكه‌م، نیشانه‌ت لێبگرمه‌وه و بتپێكم، پێكاندنی تۆ وه‌ك نیشانه‌یه‌ك، بۆ خۆی ده‌مانخاته‌به‌ر ململانێی دوو كاتیگۆری كه بریتین له چاوێكی مۆڵه‌تدار بۆ نیشانه‌گرتنه‌وه له جه‌سته، له‌گه‌ڵ جه‌سته‌یه‌كی بێمۆڵه‌ت له دووربینی نیشانهگرهوهیهكدا. به‌ڵام به بێ هه‌ژموونی چاودێریكردن و نیگاكردن له ڕێیی چاوه‌وە، ناتوانین باس له‌و چاوه مۆڵه‌تداره بكه‌ین كه سه‌ربه‌ستانه چاودێریمان ده‌كات و وه‌ك نیشانه‌شكێنێك دهمانپێكێت. كه‌واته خودی نیگاكردن و بڕینی سنووره‌كانی جه‌سته‌ی من وه‌ك نیشانه‌یه‌كی سێكسی، پشتی به ئۆرگانێكی تری نێرینه به‌ستووه كه چاویه‌تی.
هه‌ر بۆیه تاوه‌كو پرسیار له نیگای مۆڵه‌تدراوی ئه‌و به پێكانی من وه‌ك نیشانه‌یه‌كی سێكسی بكه‌ین، ناتوانین ڕۆڵی چاو فه‌رامۆشبكه‌ین، چاو وه‌ك دووربینی قه‌ناسێك، وه‌ك كامێرایه‌ك كه زۆر خێرا پێناسه‌ت ده‌كات، ڕووتت ده‌كاته‌وه و به‌رگت له‌به‌ر داده‌ماڵێت، به به‌رده‌وامی ئاماژه‌ت بۆ ده‌نێرێت و شه‌هوه‌ته‌كانی خۆی له‌ڕێگای نیگاكردنهوه به‌یان ده‌كات. به‌ڵام ئه‌م پرۆسێسه له كرده‌یه‌كی تر جیاناكرێته‌وه كه بریتییه چاودێریكردن: كه خۆی له‌بنه‌ڕه‌تدا وشهیهكهی لێكدراوه وه‌ك درێژكراوه‌ی چاو. چاو ئۆرگانێكی بێده‌نگه، هه‌راوهوریای نییه و خامۆشانه كاری خۆی ده‌كات، توندوتیژی و گێچه‌ڵی سێكسی به چاو و نیگاكردن به سرووشتی خۆیان بێده‌نگن و دوورن له ژاوه‌ژاو یان ده‌ربڕین به وشه له فۆرمی تانه و پلار و توانجی سێكسی‌دا، گه‌رچی هه‌ر هه‌مان ئامانجیان هه‌یه كه بریتییه له پراكسیسكردنی ئاره‌زووه سێكسییه‌كانی كه‌سی چاو‌دێر له‌سه‌ر جه‌سته‌ی چاودێریكراو. گرفتی چاودێریكردن وه‌ك گێچه‌ڵی سێكسی و زه‌مینه‌یه‌ك بۆ به‌زاندنی سنووری جه‌سته‌ی من له‌وه‌دایه كه زۆرجار به دزیهوهیه، شاراوه‌یه، وه‌ك خێوێك دواتكهوتووه و به‌رت نادات، فۆرمێك له چاودێریكردنی سێكسی كه به تێرمه سایكۆلۆژییه‌كه‌ی بریتییه له سكۆپتۆفیلیا كه به كوردی واته دزه‌نیگایی به ئامانجی سێكسی. سكۆپتۆفیلیا سایكۆلۆژیای ئه‌و جۆره له مرۆڤی لاده‌ره (گه‌رچی هێشتا ڕێكکه‌وتنێكی ئه‌كادیمی و زانستی له‌سه‌ر ئه‌وه‌نییه كه داخۆ ئه‌مه لادانه یان ڕه‌فتارێكی نۆرماڵ و ئاساییه)، كه وه‌ك كامێرایه‌كی چاودێری به دوای مێینهوهیه تا به ڕووتی یا به جلی ژێره‌وه، له گه‌رماو یان مه‌له‌وانگه‌یه‌كدا بیبینێت و چێژی لێ ببینێت. ئه‌م جۆره له گێچه‌ڵ به مانای به‌زاندنی سنووره‌كانی جیهانی وه‌ك سپه‌یسێكی تایبه‌ت، لاڵه و خۆی له هه‌موو شتێك كه‌ڕ ده‌كات و دووره له ژاوه‌ژاو. به‌ڵام دزه‌نیگایی به ته‌نها چاودێریه‌كی واقیعی نییه و ده‌كرێت له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و سینه‌مایشدا خۆی به‌رجه‌سته بكات.
٣
ده‌ست وه‌ك ئامێره یهكلاییكهرهوهكهی هه‌راسانكردنی سێكسی
كه هه‌راسانكردن له‌زمان و نیگادا كۆتایی دێت وه‌ك گێچه‌ڵ و په‌ڵپگرتنی سێكسی به مێیینه، ئیدی هه‌ژموونی ده‌ست ده‌رده‌كه‌وێت وه‌ك فۆرمه توندوتیژه جه‌سته‌ییه واقیعییه‌كه. هه‌راسانكردن تا له فۆرمی پلار و توانج یان چاودێریكردندایه، پتر سیمبولیك و ڕه‌مزیه، هێمایه و كه‌متر توندوتیژییه‌كانی دیارن، واته توندوتیژییه‌كی نه‌رمه كه زۆرجار سه‌ر لێ تێكدهریشه، چونكه سه‌رمان لێ تێكده‌دات له‌نێوانی ئه‌وه‌ی كه داخۆ ئه‌وه‌ی ئاڕاسته‌مان ده‌كرێت و ده‌یبیستین پلاره یا ستایش، داخۆ ئه‌وه‌ی كه چاوی له‌سه‌رمانه و له‌دوومان كه‌وتووه، چاودێریمان ده‌كات تا له بۆسه‌یه‌كدا په‌لامارمان بدات یان نیگاكانی عاشقانه‌ن و خوازیاری گرتنی ژووانێك به مه‌به‌ستی پێكهێنانی هاوسه‌رگیرییه‌كی شكۆمه‌ندانه. قوربانییه‌كانی ئه‌م چه‌شنه له هه‌راسانكردن زه‌ره‌رمه‌ندترن له‌و دوو نمونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه كه باسمانكردن، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو كردهگیانه توندوتیژییهكهیان له‌سه‌ر پراكتیزه ده‌كرێت و شۆكه‌كه بۆیان هه‌م فیزیكه و هه‌م سایكۆلۆژییش.
٤
تێكنۆلۆژیا و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان:
دامركانه‌وه یا هه‌ڵایسانی هه‌راسانكردنی سێكسی
كە قۆناغی نامه‌نووسین و ژووانگرتن وه‌ك فۆرمێكی كۆن و ترادسیۆنالی له‌نێوان ڕه‌گه‌زه‌كاندا كۆتاییان دێت، كه مرۆڤه‌كان ده‌بن به ته‌له‌فونهه‌ڵگر و خاوه‌ن ئه‌ژماری دیجیتاڵی و ئه‌لیكترۆنی، وه‌ك سۆسیۆلۆگی به‌ناوبانگ (زیگمۆنت باومان) له كتێبی (خۆشه‌ویستی شلۆك)دا شیكاری كردووه، ئیدی ژووانی ئه‌لكترۆنی و خۆشه‌ویستی دیجیتاڵیش په‌یدا ده‌بن كه كوشنده‌ترین په‌ناگه‌ن بۆ زیاتر گه‌شه‌كردن و هه‌ڵایسانی توندوتیژی. ڕه‌نگه دژوارترین به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م وروژاندنی هه‌راسانكردنی سێكسی له‌جیهانی ئه‌مڕۆماندا بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ژموونی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بوونی مرۆڤه‌كان به ته‌له‌فونهه‌ڵگر، كه ئه‌مه‌یش هێنده‌ی تر گرفته‌كه‌ی ئاڵۆزتر كردووه، چونكه دیسان بووه به سپه‌یسێك بۆ خۆشاردنه‌وه‌ی و دیارنه‌كه‌وتنی له‌واقیعدا. ئه‌م جیهانه نوێ دیجیتاڵی و ئه‌لكترۆنییه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی سپه‌یسێكی ئازادانه و مۆراڵی بخوڵقاندایه بۆ كۆتاییهێنان به هه‌راسانكردن و په‌لاماری سێكسی، به‌پێچه‌وانه‌وه پتر گه‌شه‌ی پێداوه و كردوویه‌تی به دیارده‌یه‌كی به‌رفراوانتر و گڵۆباڵی. جاران گه‌ر مرۆڤ به‌س له گه‌ڕه‌ك و بازاڕی شاره‌كه‌ی خۆیدا بكه‌وتایه‌ته به‌ر تانه و ته‌شه‌ر، ئه‌مێستا له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری گه‌ردوونه‌وه و به خێرایی بروسكەئاساكهی هێڵی ئینته‌رنێت، هه‌راسان ده‌كرێت و ههڕهشەی بۆ دێت، بەوه ده‌تۆقێندرێت كه وێنه‌كانی پاش شێواندن بڵاوده‌كرێنه‌وه، كه كامێراكه‌ی هاك ده‌كرێت، ئه‌ژماری ئایفۆنه‌كه‌ی ده‌دزرێت و كۆده‌كانی ده‌شكێندرێت تاوه‌كوو تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كانی بخرێته ڕوو و دیسانەوە به مه‌به‌ستی سێكسی، ڕووگیر بكرێت. ئه‌م فۆرمه له توندوتیژی له‌وه‌دا مه‌ترسیدارتره كه بكه‌ر نادیاره، ئه‌وانه‌ی كه پێی هه‌ڵده‌ستن شاراوه‌ن و بێ دهموچاون.