هیوا مه‌سیح له شاعیره دیاره‌کانی ئه‌م دوو دەیەی دوایی ئێرانه، له کورمانجه‌کانی پارێزگای خوراسانه، ساڵی ١٩٦٥ له شاری شێروانی سه‌ر به پارێزگای خوراسان له‌دایک بووه، ناوبراو تا ئێستا چەندین کۆمه‌ڵه شیعر و په‌خشان و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئەدەبی بڵاوکردوەتەوە. ئەم دوو شیعرە لە کۆمەڵەشیعری (هاوسێ! ئەمشەو شتانێکم بیر دەکەوێتەوە) وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردی.
١
ئه‌مشه‌و شتگه‌لێکم بیر ده‌که‌وێته‌وه
هاوسێ!
ئه‌گه‌ر دیتت له تەک مانگ پێده‌که‌نم، له‌نێو -با-دا ده‌گریم
ئه‌گه‌ر له‌ژێر پاڵتۆ-بارانییه‌که‌م، جانتایه‌ک و چه‌ترێکی کۆنت بینی
هیچ مه‌ڵێ، له هیچ جێیه‌ک باسی مه‌که.
لێگه‌ڕێ خه‌ڵکی ئه‌مبه‌ری مانگ و ئه‌وبه‌ری هه‌تاو
له ماڵه‌کانیان که چراکانیان
پڕه له په‌پوله‌ی مردوو
له خه‌ونی نزیکی سپێده
ناوم حونجه بکه‌ن.
هاوسێ!
ئه‌مشه‌و شتگه‌لێکم بیر ده‌که‌وێته‌وه:
دره‌ختە خوشبه‌ختەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو:
هاوسه‌نگه‌ره‌که‌م که دوێنێ بێ ده‌ست گه‌ڕایه‌وه ماڵ.
منداڵانێک که له قوتابخانه‌وه بۆ شوانی چوون.
ئەگر شاملو بمرێ
پێکێک که له دیوانی حافزه‌وه هاتبوو، و
ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ خه‌یام، له یانه‌ی نادری شەرابمان خوارده‌وه.
چووبووینه سه‌ر مانگ و
خواش دیسان پێغەمبه‌ری دیکه‌ی بۆ ڕه‌وانه‌کردین.
چه‌ندین بیری دیکه‌ش، هاوسێ.
به‌ڵام سوێندت ده‌ده‌م به نیوه‌ی مانگ
له‌خۆڕا له پشت په‌رده‌کانی بێده‌نگی
په‌ڵپ مه‌گره
به هه‌ر دانیشتنم له‌سه‌ر پلیکانه‌کان و
به هه‌ر ڕۆیشتنم تا تاریکوڕوونی مانگ.
لێگه‌ڕێ نزیکترین ده‌نگ تا خه‌ونی خه‌ڵک
هێشتا ئاوازی ئه‌و باڵنده‌یه بێت
که له شینترین نازی باڵنجی خه‌یاڵ دێت.
هاوسێ!
ئه‌مشه‌و شتگه‌لێکم بیر ده‌که‌وێته‌وه، ده‌وروبه‌رم.
خه‌ریکم بیر له شتگەلێک ده‌که‌مه‌وه
که له سبه‌ینێوه سه‌ره‌تاتکێ
له‌گه‌ڵ شیعرمدا ده‌که‌ن.
من هه‌موو هاوسێکانم خۆشده‌وێن
که وا له‌سه‌ر پلیکانه‌کان و تاریک و ڕوونی حه‌وشه
به شێوەیەکی غه‌ریب، هاوسێیه‌تی ده‌که‌م.
به‌خوا ئه‌مشه‌و شتگەلێکم بیر ده‌که‌وێته‌وه:
ده‌بێ لێره، له‌وێ، ڕێک له کن هاتن و چوونی نیما و ئێمه، ده‌ریایه‌ک بزر بووبێت.
ده‌بێ لێره، له هه‌ر کوێیه‌ک، ڕێک له نێوه‌ڕاستی چوارڕێیان، په‌نجه‌رەیه‌ک بزر بووبێت.
به گه‌لێک له خه‌یاڵه‌کان، که له پشت شوشه‌وه له دنیا ده‌نۆڕن.
ده‌بێ له ئه‌مڕۆوه، خوشویستنی هه‌موو هاوسێکان له‌گه‌ڵ خۆم ببه‌م
هه‌موو گریانه‌کان بده‌مه مانگی هاوڕێم
بیانباته ژێر خاکی ئه‌ستێره‌یه‌ک بیانشارێته‌وه.
پاشان بڕۆم به‌دوای شتێکی ئاشنادا بگه‌ڕێم:
ڕێگه‌یه‌ک ڕه‌نگه، یان ڕه‌نگه ناوێک
که هه‌ر له شوێنێکی سبه‌ینێ
سه‌ره‌تاتکێ له‌گه‌ل بزربوونمدا ده‌کات.
هاوسێ!
له ئێسته‌وه، ئه‌گه‌ر دیتت چه‌تر و جانتایه‌کی کۆن له کۆڵان ڕاده‌کا، دوور ده‌که‌وێته‌وه، هیچ مه‌ڵێ،
لێگه‌ڕێ له‌به‌ر تۆ، بڕۆم که‌مێ شتی ئاشنا بێنم.
باوه‌ڕ بکه هه‌ر ئه‌م چه‌تره ڕه‌شه
هه‌ر ئه‌م بلیته کۆنانه
مۆرکی غوربه‌تی مه‌یه.
٢
من، ده‌رگه‌یه‌ک و رێگه‌یه‌کی بچوکم بزر کردووه
من، ده‌رگه‌یه‌ک و رێگه‌یه‌کی بچووکم بزر کردووه
که‌مێک خاک له‌سه‌ر جانتایه‌کی بێڕه‌نگ
که‌مێک به‌فر له‌سه‌ر پاڵتۆیه‌کی بارانی درێژ.
نا هاوسێ!
من له ئاخ و تاسه‌ی توێتوێی ژیان نادوێم
ته‌نیا ده‌رگه‌یه‌ک و ڕێگه‌یه‌کی بچووکم بزر کردووه.
ده‌رگه‌یه‌ک که من و تۆ ده‌کاته هاوسێ
ڕێگه‌یه‌کی بچووکی قەراخ جادەی دونیا
که داده‌نیشم و ته‌ماشا ده‌که‌م
ڕێگه‌ش، هه‌میشه ده‌گه‌ڕێته‌وه
ده‌ڕواته سه‌ر که‌مێک به‌فر
که‌مێک خاکه‌نه‌رمه
که فووی پیابکه‌ی دەفڕێ.
هاوسێ!
له ڕۆخ جادەی دنیا له ڕه‌نگه‌کان ده‌ڕوانم که هه‌ر ده‌فڕن!
له‌سه‌ر پرچه‌کان و چاوه‌کان
له‌سه‌ر پیته‌کان و قه‌ڵه‌مه‌کان
ناسنامه‌کان و وێنه‌کان،
که هه‌ندێ جار له رێگه بزر ده‌بن.
هاوسێ!
به قه‌ڵه‌مه‌کان و نامه‌کان
به ڕۆژنامه هه‌واڵگره‌کانم گوتووه،
به‌ڵام هیچ که‌س، ده‌رگه و ڕێگه‌ی بزربووم بۆ نه‌نانێرێ.
سۆراخێ ئه‌گه‌ر،
ده‌نگێ ئه‌گه‌ر،
ده‌رگه و ڕێگه‌یه‌کی ڕه‌نگپه‌ڕیوی غوربه‌تت ئه‌گه‌ر دیت،
ناونیشانی من:
که‌سێک دانیشتووه لە قەراخ جادەی دونیا
که‌مێک خاک له‌سه‌ر جانتایه‌کی بێڕه‌نگ
که‌مێک به‌فر له‌سه‌ر پاڵتۆیه‌کی بارانی درێژ.