ئایا شەڕ حەتمییە؟
ئەم وتارەی جێفری گۆردۆن خوێندنەوەی وەڵامی فرۆیدە بۆ نامەیەکی ئالبێرت ئاینستاین لەبارەی شەڕ.
ساڵی ١٩٣٢ گەورەترین بلیمەتی سەدەی بیستەم نامەیەکی بە پەلە بۆ کاریگەرترین دەروونناسی سەدە دەنووسێت. لەو نامەیەدا، ئالبێرت ئاینستاین لە سیگمۆند فرۆید دەپرسێت ” ئایا هیچ رێگەیەک هەیە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی لە مەترسی شەڕ؟” هەمان ساڵ بوو کە دەنگدەرانی ئەڵمانیا نازییەکانیان کردە گەورەترین پارتی سیاسی لە ئەڵمانیا، تەنیا یەک ساڵ پێش هەڵکشانی ئەدۆڵف هیتلەر بەرەو دەسەڵات.
وەڵامە درێژ و پڕ وردەکارییەکەی فرۆید بە جۆش و خرۆشەوە لەلایەن ئاینستاینەوە پێشوازی لێ کرا. نامەکەی فرۆیدی بە ”کلاسیکی راستەقینە… هەمووی پێکەوە دڵڕفێن” وەسفکرد. دوای راگەیاندنی شەڕ لە دژی تیرۆر لەلایەن ئەمریکاوە لەسەرەتای ئەم سەدەیە، پرسیارەکەی ئاینستاین خۆی بەسەر ئێمەشدا دەسەپێنێتەوە. ئەو نامەیە چی تێدابوو؟ ئایا وەڵامەکەی فرۆید هیچ ئومێدێکی تێدایە بۆ ئێمە؟
فرۆید نە بە سرووشت و نە کەسایەتیشی گەشبین نەبوو. تێڕوانینی بۆ سرووشتی مرۆڤ بەدناوانە تاریک بوو. لە نامەکەیدا بۆ ئاینستاین تیۆری غەریزە دەخاتەوە ڕوو کە دوازدە ساڵ پێشتر دایڕشتبوو، بە زۆری وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر دڕەندەیی پێشترنەبینراوی جەنگی یەکەمی جیهانی، کە تێیدا ٢٠ ملیۆن کەس کوژران. وەک هەموو بوونەوەرێک، فرۆید دەڵێ، دوو غەریزەی وەک یەک بە هێز پاڵنەری مرۆڤن: Eros غەریزەی داهێنان و یەکخستنە، thanatos (یان غەریزەی مردن)، غەریزەیەکی توندوتیژ و وێرانکەرە.
لە وەڵامەکەیدا بۆ ئاینستاین فرۆید دەڵێ ئەوەی وادەکات مرۆڤ بە پیری دەهۆڵی شەڕەوە بڕوات هەبوونی گڕوتینێکی خۆزاییە بۆ وێرانکردن، تینی داماڵینی ژیان لە هەموو شتێک. کاتێک ئەو غەریزەی مردنە دەبێتە هاوپەیمانی غەریزەی داهێنان لەپێناو مەبەستێکی مەزن، وەک شەڕ لەپێناو پاراستنی پاکێتی رەگەزی ئاری، یان بۆ شکۆی برایەتی لەپێناو خوا. پێش بە تێرکردنی ئەو دوو غەریزە یەکگرتووە ناگیرێت.
بەڵام سەرەڕای ئەوەش، فرۆید رەتیدەکاتەوە وەڵامی پرسیارە جدییەکەی ئاینستاین لەبارەی پاراستنی مرۆڤایەتی لە مەترسی شەڕ بە ”نەخێر”ێکی نیگەرانکەر بۆ جیهان بداتەوە. لەبری ئەوە لەخۆی دەپرسێت بۆچی لەگەڵ ئاینستاین هێندە لەخەمی ئەوەدان مرۆڤایەتی لە شەڕ رزگار بکەن؟ بۆچی بە سادەیی وەک تراژیدییەکی حەتمی قبوڵی ناکەن، وەک ڕاستییەکی دزێو بەڵام لێڕانەکراو؟
مادام ئەمە ئەو هەڵوێستەیە بەرامبەر شەڕ لەلایەن چەندین بیرمەندەوە، کە چاودێری مرۆڤایەتییان کردووە، لەسەردەمی خۆیان و ئێمەش گیراوەتەبەر، پێموایە ئەوە دەهێنێ وەڵامە ڕاشکاوەکەی فرۆید لەبەرچاوبگرین. فرۆید ڕاستی شەڕ ڕەتدەکاتەوە چونکە مافی بنچینەیی مرۆڤ بۆ ژیان پێشێل دەکات؛ چونکە ژیانی گەنجان لە ناوەڕاستی شکۆفەکردنیدا دەبڕێت و مرۆڤ لە بەڵێنی خۆی دادەبڕێت؛ چونکە تاک دڕندە دەکات لەڕێی پاڵنانی بۆ ناو ”بارودۆخی وا کە مرۆڤبوونی شەرمەزار دەکات، ناچاری دەکات مرۆڤی دیکە بکوژێت، پێچەوانەی خواستی خۆی.” چونکە بەری ماندووبوونی مرۆڤ بەهەدەر دەدات؛ هەروەها چونکە، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامیی بەرەوپێش بردنی تەکنۆلۆژیای چەک، ئێمە خێراتر دەڕۆین بەرەو ئەو ڕۆژەی کە شەڕ تەنیا واتای سڕینەوەی هەموو جەنگاوەران دەبێت.
ئەو ڕەشبینییە پڕ متمانە جیهانییە کە شەڕ وەک ڕاستییەکی نەگۆڕی ژیانی مرۆڤ قبوڵ دەکات هەڵوێستێکە کە ئێمە چیدی ناتوانین بەرگەی بگرین: ئەوە خۆبەکەمزانینی لەڕاددەبەدەرە. وانە دڵتەزێنەکانی مێژوو هەرچییەک بن، سەرەڕای ئەوەی لەبارەی دەروونی مرۆڤ و ئارەزووی خۆزایی بۆ خوێنڕێژی و وێرانکردن دەیزانین، پێویستە ئومێدی ئاشتی بە زیندوویی بهێڵینەوە. چونکە مەیدان چۆڵکردن بۆ حەتمی بوونی شەڕ ئێستا مەیدان چۆڵکردنە بۆ کۆتاییهاتنی مرۆڤایەتی. ئەوجا لەبەر ئەوەیە گەشبین بوون بە ئاشتی بۆ فرۆید پێویستییەکی ئەخلاقی بوو.
گەشبین بوون بە ئاشتی بۆ فرۆید پێویستییەکی ئەخلاقی بوو.
بەڵام ئەگەر شەڕ بنچینەیەکی غەریزەیی هەیە، وەک فرۆید دەڵێت، ئایا هیچ ستراتیژییەک بەخەیاڵدا نایەت هێندە بەهێز بێت شەڕ بسڕێتەوە؟ ئەگەر گەشبینی بە ئاشتی ناچارییەکی ئەخلاقییە، دەتوانین چ بنەمایەکی عەقڵانیمان هەبێت بۆ ئەو گەشبینییە؟ فرۆید کە خۆی ئێمەی وا تێگەیاندووە بەدکاریی مرۆڤ شتێکی سرووشتییە، ئایا بە ڕاستی ئەوە داواکاری فرۆید نییە لە ئێمە تا باوەڕ بە وەهم بکەین؟ یان کوێرییەکی خۆویستانە نییە لەبەردەم حەتمیبوونی شەڕ؟
فرۆید دوو سەرچاوەی سەرەکیمان بۆ ئومێد پێدەناسێنێت:
ئێمە دەتوانین شەڕ تێکبشکێنین لەرێی بەهێزکردنی بەرگری سرووشتیمان لەدژی غەریزەی کوشتن، یان بەیەکجاری زاڵبوون بەسەر هەموو غەریزەکاندا، ئەوەش لەرێی پەرەسەندن لە دەروونی مرۆڤدا.
بژاردەی یەکەم واتای بەهێزکردنی ریشەکانی غەریزەی eros دەگەیەنێت لەنێو مرۆڤان، ئەوەش لەرێی پەرەدان بە هەست و سۆزی ڕاستەقینە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە یان قایلکردنی مرۆڤی دیکە کە ئەوەی وەک دوو مرۆڤ تێیاندا هاوبەشە زۆر بەهێزترە لە جیاوازییەکانیان وەک دوو کەسی سەر بە دوو خێڵی جیاواز. بۆ سەرچاوەی دووەمی ئومێد ئیلهامی لە پلاتۆ (ئەفلاتوون) وەرگرتووە: پێویستە ژیریی بەشارستانی بوو گەشە بکات، کە وادەکات پاڵنەرە غەریزەییەکانی مرۆڤ دەستەمۆی هێزی عەقڵ بن لە بەشێکی گەورەی دانیشتووانی جیهاندا (بەتایبەتی لە سەرکردان).
مێژووی ململانێی مرۆڤ هاندەر نییە بۆ هیچ کام لەم ئەگەرانە. بەهێزترین پەیوەندی ناسنامە و خۆشەویستی لەنێو دانیشتواندا بەردەوام ئەوکاتە بەدی هاتووە کە ویستوویانە تۆڵە لە دوژمنێکی هاوبەش بکەنەوە. زاڵبوونی غەریزە لەڕێی ژیرییەوە تەنیا لەبەشێکی کەمی مرۆڤایەتیدا بەدیهاتووە- ئەمەش بێ مەترسی نەبووە لەسەر دەروون بەهۆی خواردنەوەی توڕەییەوە. سەرهەڵدانەوەی ململانێی خێڵەکی هەر لە بۆسنیاوە تاوەکو دارفور، پاشان شەڕی ناوخۆی عێراق، ئەمانە هەموویان پشتڕاستی دەکەنەوە کە جیهان زۆر دوورە لە هەر کام لەو سیناریۆیانەی بۆ ئاشتی باسکران. بەو جۆرەش نییە کە خولیای بەدیهاتنی ئاشتی جیهانی هیچ پشتگیرییەکی غەریزەیی بەهێزی لەپشت نەبێت. لەسەردەمی ئێمەدا ئاماژە هەن بۆ سەرکەوتوویی غەریزەی eros، بۆ نموونە دامەزرانی یەکێتی ئەوروپا و کاڵبوونەوەی سنوورەکان و پەرەسەندنی بازرگانی و دەربڕینی پاڵپشتی و هاوسۆزی لە هەموو جیهانەوە بۆ ئەمریکا لەدوای ١١/٩.
بەجۆرێک لە جۆرەکان فرۆید ئەرکیشی بۆ ئێمە داناوە وەک هاوڵاتیانی سەدەی ٢١. پێویستە ئێمە یارمەتیدەر بین بۆ بەهێزکردنی رایەڵەکانی eros لەنێو مرۆڤان، وێڕای زیادکردنی هێزی ژیریمان بۆ ئاڕاستەکردنی پاڵنەرە غەریزەییەکانمان. ئەگەر بتوانین بزانین چۆن ئەم دوو ئەرکە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەماندا دەربکەون، ئەوە هەموومان بە درێژایی ژیانمان ئەجێندایەکمان دەبێت.
مێژوو هیچ وانەیەکی پووچی نییە تا فێرمان بکات. ئەوە تەنیا بە ڕازیبوونی ئێستامانە کە ڕێگە دەدەین ڕابردوو سنوور بۆ داهاتوو دابنێت.
بەڵام مێژوو پێمان ناڵێت ئەم هەوڵانە پووچن؟ ئەگەر بڵێین وایە ئەوە خەریکین هێزێکی ئەفسانەیی بە مێژوو دەبەخشین. چونکە مێژوو هیچ وانەیەکی پووچی نییە تا فێرمان بکات. ئەوە تەنیا بە ڕازیبوونی ئێستامانە کە ڕێگە دەدەین ڕابردوو سنوور بۆ داهاتوو دابنێت. کەوایە دەتوانین بوێرین ئومێدمان بە ئاشتی هەبێت لەسەر زەوی؟ وەڵامی فرۆید پەیڕەوێکی ڕوونە بۆ سەردەمی ئێمە: دەتوانین بوێرین بە کەمتر ڕازی نەبین.
جێفری گۆردۆن ٢٠٠٨
پرۆفیسۆری فەلسەفە لە زانکۆی تێکساس
سەرچاوە: