ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

تێرۆریستەکە، چاودێری ئەکا

نووسەر ڤیسواڤا شیمبۆرسکا
وەرگێر لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەسوەد

کاتژمێر یەك و بیست خولەك بۆمبەکە لە باڕەکەدا ئەتەقێتەوە.

ئێستا یەك و شازدە خولەکە.

هێشتا کات ماوە هەندێك بڕۆنە ژوورێ،

هەندێك بێنەدەرێ.

تێرۆریستەکە لەوبەرەوە چاودێری ئەکات.

شوێنێکی ئارامە بۆ خۆپاراستن لە مەترسی

کە هەر لە سینەما ئەچێت:

ژنێکی چاکەت زەرد، خۆی بەژووردا ئەکات.

پیاوێکی چاویلکە ڕەش، دەرئەچێت.

چەند لاوێکی جینز لەپێ، گفتوگۆ ئەکەن.

یەك و حەڤدە خولەك و چوار چرکەیە.

کورتەباڵاکەیان بەختەوەرە، سواری سکووتەرەکەی ئەبێ.

بەڵام باڵابەرزەکەیان ئەچێتە ناو باڕەکەوە.

یەك و حەڤدە خولەك و چل چرکەیە.

کچێکی قردێلەسەوز، بەلای باڕەکەدا تێپەڕئەبێ.

بەڵام پاسێك لەناکاو لە بەردەمیدا ئەوەستێ.

یەك و هەژدە خولەکە.

کچەکە لە چاو ون ئەبێ.

تۆبڵێی هێندە گەمژە بێ خۆی بەژووردا کردبێ، یا نەچۆتە ژوورەوە.

کە لاشەکان دەرئەهێنن ئەوسا بۆمان دەرئەکەوێ.

یەك و نۆزدە خولەکە.

پێئەچێ کەسی دی نەچێتە ژوورێ.

بەڵام پیاوێکی قەڵەو و کەچەڵ دێتەدەرێ.

وا دیارە گیرفانەکانی ئەپشکنێ

دە چرکەی ئەوێ بۆ یەك و بیست خولەك

بۆ دەستکێشە شڕەکەی ئەگەڕێتەوە باڕەکە.

یەك و بیست خولەکی ڕێکە.

کات ناڕوات.

بە دڵنیاییەوە، ئێستا کاتیەتی.

نا هێشتا نا.

بەڵێ، ئێستا.

بۆمبەکە، ئەتەقێتەوە.

سەرچاوە: The Ecco Anthology of International Poetry, Edited by Ilya Kaminsky and Susan Harris, Words Without Borders, Harper Collins Publishers, New York, 2010

blank
دەربارەی نووسەر
ڤیسواڤا شیمبۆرسکا
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە