کاریکاتێر لەنێوان هونەر و ڕۆژنامەوانیدا

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کاریکاتێرست "رەمەزانی"دا

كیانووش ڕه‌مه‌زانی، كاریكاتێریست و چالاكێكی ئێرانییه‌. له‌ ساڵی ٢٠٠٩وه‌ له‌ تاراوگه ‌(فه‌ڕه‌نسا) ده‌ژی و كار ده‌كات. به‌ به‌رده‌وامی كاریكاتێره‌كانی له‌ ڕۆژنامه‌ و هه‌فته‌نامه‌كانی فه‌ڕه‌نسادا بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، له‌وانه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی له‌ كروا« La Croix »  و گۆڤاری « Courrier International » و «Le1»  و گاردیان « Guardian » و ته‌له‌ڤیزیۆنی ئارتێ  « Arte »و چه‌ندانی تر.  له‌ ساڵی ٢٠١٠ه‌وه‌ به‌شداری ده‌یان كۆنفرانس و دیدار ده‌رباره‌ی كولتوور و په‌روه‌رده و ئازادی ڕاده‌ربڕین‌ له‌ فه‌ڕه‌نسا و ئه‌وروپا و وڵاتانی دیكه‌ی جیهان كردووه. كاره‌ ئۆرجیناڵه‌كانی له‌ چه‌ندین مۆزه‌خانه‌ی فه‌ڕه‌نسی و ئه‌ڵمانیدا دانراون، له‌وانه [Le Mémorial de Caen – Kunstmuseum Solingen]‌  ساڵی ٢٠١٤، ته‌نیا چه‌ند مانگێك پێش ئه‌و هێرشه‌ی بكرێته‌ سه‌ر ڕۆژنامه‌ی شارلی ئێبدۆ له‌ پاریس و چه‌ندین كاریكاتێریستی به‌ناوبانگ له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ بكوژرێن، ڕەمەزانی له‌ دیداری TEDx وتارێكی به‌ناونیشانی (نیگار‌كێشان، هونه‌رێكی مه‌ترسیدار) پێشكه‌ش كردووه.‌ ناوبراو سه‌رۆكی ڕێكخراوی  «United Sketches »ه‌ كه‌ ڕێكخراوێكی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ بۆ پشتیوانی له‌ ئازادی ده‌ربڕین و پشتگیریی كاریكاتێریستانی تاراوگه‌. لەبارەی هونەری کاریکاتێرەوە ئەم دیمانە کورتەمان لەگەڵدا سازدا.

هەڵگورد: لای تۆ نیگارکێشان بەگشتی چییە، بەتایبەتیش کاریکاتێر؟

ڕەمەزانی: بە بۆچوونی من نیگارکێشان بەرهەمهێنانی خەیاڵ و بە ماددی کردنی ڕوانینە. کاریکاتێریش هەمان شتە، بەڵام لە کاریکاتێردا دەستکاری شێوە و شتەکان دەکرێ و بە شێوەی گەپ و پێکەنیناوی.

هەڵگورد: چەند جۆر کاریکاتێر هەیە؟

ڕەمەزانی: کاریکاتێر چەند جۆرێکی هەیە: جورێ ئەوەیە کە تەنیا شێوەی دەموچاو بە شێوەیەکی پێکەنیناوی دەکێشێ، ئەمە پێی دەکوترێ کاریکاتێر.

کاریکاتێری ڕۆژنامەوانیش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە پەیوەندیی بە بابەتە ڕۆژنامەوانییەکان و بوویەرە ڕامیارییەکان و ڕووداوەکانی ڕۆژەوە هەیە. ئەمەیان لە مێدیاکان و چاپەمەنییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە.

جۆرێکی دیکە کاریکاتێری گاڵتەوگەپ(کۆمێدیا)یە کە  دەربڕی باسێکی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی یانیش ئەدەبییە.

جۆرێکی تری کاریکاتێر هەیە کە داستانێك یان چیرۆکێک یان بابەتێك لە ڕێگەی زنجیرەیەک کاریکاتێر دەگێڕێتەوە، ئەمە پێی دەڵێن ستریپ(Strip). ئەمە هەندێ هەم لە ڕۆژنامە و مێدیادا یان لە دووتوێی پەرتووکێک یان گۆڤارێکدا بڵاو دەکرێتەوە.

کاریکاتێری باش دەبێ لە دەربڕیندا ڕوون و بێ پێچ و پەنا بێت، هەمووان بە ئاسانی تێیبگەن، هەروەها دنەدەر و وروژێنەر بێت

هەڵگورد: بۆچی کاریکاتێر زۆرجار ڕاماندەگرێت یان بەدیارییەوەواقمان وڕدەمێنێ؟!

ڕەمەزانی: لەبەرئەوەی کاریکاتێریستەکان لێزانانە سیمبولەکان بەکاردەهێنن و بەشێوەیەکی کۆمێدی و گاڵتەئامێزەوە بابەتەکان لە کۆنتێکستێکی دیاریکراودا دەخەنەڕوو. کاریکاتێری باش دەبێ لە دەربڕیندا ڕوون  و بێ پێچ و پەنا بێت، هەمووان بە ئاسانی تێیبگەن، هەروەها دنەدەر و وروژێنەر بێت، تا بتوانێ لە یادەوەریی وەرگردا بمێنێتەوە. بۆیە کاریکاتێریی ڕۆژنامەوانیی باشترین ڕێگەیە بۆ خستنەڕوو و ڕوونکردنەوەی بابەت ئاڵۆزەکان.

هەڵگورد: بۆچی لای کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان، لای ئاینداران و بەتایبەتیش موسڵمانان کاریکاتێر بە سووکایەتی و جوێن لێکدەدرێتەوە؟

ڕەمەزانی: لەبەرئەوەی کولتوور و پەروەردەی کۆمەڵگەی ئیسلامی هونەری نیگارکێشان و کاریکاتێری تێدا نییە. ئەو بۆشاییە لە پەروەردەیاندا بۆتە هۆی هەڵە پێناسەکردنی بابەتەکە.

لەلایەتی ترەوە، لەهەندێ وڵاتی ئیسلامیدا، دەسەڵاتدارانی سیاسی باش دەزانن کە کاریکاتێر کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کۆمەڵگە هەیە. بۆ نموونە؛ لە ئێران، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکەن تاوەکوو کاریکاتێریست و نیگارکێشەکان بخەنە خزمەتی خۆیان و پڕوپاگەندەیان بۆ بکەن، کە بەداخەوە (کێبڕکێی کاریکاتێری هۆلۆکۆست[1]) یەکێکە لەو نموونانە کە جێی خۆی گرتووە!

هەڵگورد: سوودی کاریکاتێر لەمڕۆدا چییە و چ کاریگەرییەکی لەسەر ئازادی دەربڕین هەیە؟

ڕەمەزانی: لەخۆیدا کاریکاتێری ڕۆژنامەوانی جۆرێکە لە تێکۆشان و خەبات: زانیاریی بە خوێنەر دەدات، وا لە خوێنەر دەکات بیر بکاتەوە، هەندێجار وادەکات کە هەڵوێست یان پەرچەکردارمان هەبێت، وروژێنەرە. بەڵام ئازادی ڕادەربڕین مەرجی بنەڕەتییە بۆ کاریکاتێر بۆ بڵاوبوونەوە و گەشەکردنی. پێم وایە کاریکاتێریستە ڕۆژنامەوانییە ڕاستەقینەکان خەباتکاری ئازادی ڕادەربڕینن.

هەڵگورد: ئایا کاریکاتێر هونەرە؟ ئەگەر هونەرە دەکەوێتە چ خانەیەکی هونەرییەوە؟

ئایا دەتوانین لە هەندێ کاتدا بڵێین ئەو کاریکاتێرە دەکەوێتە دەرەوەی هونەرکە خزمەت بە دیکتاتۆر و ستەمکاران دەکات یان بانگەشە بۆ ئایدۆلۆژیایەك دەکات؟

ڕەمەزانی: بەڵێ، کاریکاتێر هونەرە و سەر بە خێزانی هونەرە پلاستیکییەکان و بەشی نیگارکێشانە. بۆیە پێموایە ئێمە وەکو کاریکاتێریستان دوو پێناسەمان هەیە:

لە ڕووی پیشەییەوە، هەم هونەرمەندی دانەرین، هەمیش ڕۆژنامەوانین. لە فەڕەنسا کاریکاتێریستان بەشێکن لە خانەی هونەرمەندان. هیچ کاریکاتێرێك نییە هونەر نەبێ و بکەوێتە دەرەوەی ئەو خانەیەوە، بەوانەشەوە کە بانگەشە بۆ ئایدۆلۆژیایەکی تاکڕەو یان ستەمکارەوە دەکەن. بەداخەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەردەوام هەندێ هونەرمەند هەبوونە و هەن کە خزمەت بە دیکتاتۆران دەکەن و پڕوپاگەندەیان بۆ دەکەن.


[1] کێبڕکێی کاریکاتێری هۆلۆکۆست: کێبڕکێیەکی کاریکاتێرییە دەربارەی “بەدرۆخستنەوە و گاڵتەکردن” بە هۆڵۆکۆست (جینۆسایدی جووەکان لە جەنگی دووەمی جیهانی). کێبڕکێکە لەلایەن ڕۆژنامەی (همشهری)ی ئێرانی و بە پشتیوانی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، دوای بڵاوبوونەوەی کاریکاتێرەکانی موحەمەد، پێغەمبەری ئیسلام لە ڕۆژنامەیەکی دانیمارکی لە ساڵی ٢٠٠٦ دروست کراوە.

سەرنجێک بنوسن