زانستی ڕەخنە

ئەمەی دەیخوێننەوە وەڵامی (بەختیار عەلی)ی نووسەر و ڕۆشنبیرە بۆ پرسیارێکی تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری ماڵپەڕی ژنەفتن.

سوپاس بۆ پرسیارەکەتان. واهەستدەکەم پێویست بێت ڕەخنە وەک جۆرێک لە زانست تەماشا بکەین، وەک هەموو جۆرە زانستەکانیش بوون و سەرهەڵدانی پابەندی بوون و سەرهەڵدانی لق و کایە زانستییەکانی ترە. لە هەر جێگایەک زانستە فەلسەفی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لاواز بن، ڕەخنەی ئەدەبیش لاواز دەبێت. بە گشتی لەدایکبوونی مرۆڤی ڕەخنەگر دەکەوێتە پێش لەدایکبوونی «ڕەخنەگری ئەدەب»ـەوە. زۆر سەختە پرسیاری بوونی ڕەخنەگری ئەدەبی بکەین، بێئەوەی پرسیار لە بوونی مرۆڤی ڕەخنەگر نەخەینە پێش. وشەی ڕەخنە لە زۆربەی زمانەکاندا هەڵگری ڕەهەندێکی نیگەتیڤە، واتە مرۆڤ بە چاوێکی گوماناوی لە شتێک بڕوانێت، بەڵام خودی پرۆسەی ڕەخنە کارێکی گرنگە کە کارێکی بە گومانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە خواستی تێگەیشتن و دۆزینەوە و تێپەڕاندنەوە هەیە. ڕەخنە بەر لەهەر شتێک بەو دەستپێک و خواستە دەستپێدەکات، تێبگەین «ڕاستی» یان «چۆنێتی» شتەکان لەوە ئاڵۆزترن، وەک یەکەم تێگەیشتن پێمان دەبەخشێت. هەنگاوی یەکەمی ڕەخنە گومانە لە توانای خۆمان لەسەر بینین و تێگەیشتن. ڕەخنە بەر لەهەر شت کردەیەکی شەڕانی نییە دژ بە بابەتێکی دەرەکی، ئیدی ئەو بابەتە «کۆمەڵگا»، «کایەی سیاسی» یان «تێکستێکی ئەدەبی» بێت. خواستی ڕەخنە سەرەتا تاقیکردنەوەی سنووری مەعریفەی خۆمانە، جۆرێکە لە دوودڵی دەرهەق بە تواناکانی خۆمان لەسەر بینین و تێگەیشتن. لێرەوە هەر پرۆسەیەکی ڕەخنە بەر لەوەی بیر لە وردبوونەوە بکات لە «بابەت ـ ئۆبێکت»ـی ڕەخنە، هەنگاوی یەکەمی بیرکردنەوە، گومانکردن، تێڕامانە لە سنوورەکانی ئیدراک و تێگەیشتنمان. هەڵەیەکی گەورەیە لە سەرەتاوە قسە لەسەر «بابەتی ڕەخنە» بکەین، بێئەوەی قسەمان لەسەر «هوشیاریی ڕەخنەگرانە» کردبێت.

ڕەخنەگر زادەی کولتوورێکە، بەر لەوەی چاوێکی تێدا بێت لە تێکست وردببێتەوە، دەبێت چاوێکی تێدا بێت لە دونیا وردببێتەوە.

 لە دونیای ئێمەدا ڕەخنە تا ئێستا وەک جۆرە پرۆسەیەکی حوکمدان سەیر دەکرێت، واتە پرۆسەی دەرکردنی بڕیارە لەسەر تێکستێک یان هەر بابەتێکی دی. بەڵام ڕەخنە لە سەرەتادا دەرکردنی بڕیار نییە لەسەر ئەو شتەی ڕەخنەی لێدەگرین، بەڵکو تێڕامانە لەوەی ئاخۆ دەتوانین تێبگەین، ئاخۆ دەتوانین بچینە ناو ئەم بابەتەوە، کەرەستەی نزیکبوونەوە و تێگەیشتن و تێڕامانمان پێیە. ڕەخنەگر کەسێکە بەردەوام سنووری مەعریفەی خۆی و چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو مەعریفەیە تاقیدەکاتەوە. ڕەخنەگر کەسێکە بابەتێک دەکات بە بەهانە تا تێڕوانینی خۆی تاقیبکاتەوە. ئەوەی ڕەخنە دروست دەکات ئەو پلان و کەرەستانەیە کە دەبێت ڕەخنەگر بۆ خوێندنەوە هەیبێت. کەسی ڕەخنەگر بەر لەوەی ڕەخنە بگرێت، دەبێت لە زۆر جێگای دیکەدا کاری کردبێت، ڕەخنە جۆرە پەیوەندییەک نییە کە لەگەڵ هەڵچوون و داچوونەکانی خوێندنەوەدا دروست ببێت، بەڵکوو پێشتر لە جێگای ترەوە دێت. بە بێ ئیشی کۆمەڵێک کایە، ڕەخنەگر دروست نابێت. ڕەخنەگر لە جێگایەکدا دروست نابێت، پێشتر هیچ جیهانبینییەکی تێدا نەبێت، ڕەخنەگر زادەی کولتوورێکە، بەر لەوەی چاوێکی تێدا بێت لە تێکست وردببێتەوە، دەبێت چاوێکی تێدا بێت لە دونیا وردببێتەوە. بە بێ گەشەی ڕاستەقینەی ئەو چاوە، بە بێ ئەوەی جۆرە مرۆڤێکی بیرکەرەوە ئامادەبێت، بتوانێت بە ڕوونی قسە لەسەر دونیای خۆی بکات، کەسێک دروست نابێت بتوانێت بە قووڵی قسە لەسەر تێکست بکات. توانای قسەکردن لەسەر تێکست بە توانای قسەکردن لەسەر دونیاوە گرێدراوە.

بۆ خوێندنەوەی تێکست پێویستمان بە کەسێکە لە دونیایەکی ترەوە هاتبێت، واتە بە ناو کایەی تردا گوزەری کردبێت، فەلسەفە، دەرونناسی، مێژوو… هتد. دونیای ڕۆشنبیریی ئێمە، فەزایەک نییە وەک فەزای کولتووری خۆرئاوا کە کایەکان پڕن و تێڕامان بەردەوامە و خۆنوێکردنەوە پرۆسەیەکی ڕۆژانەیە. تایبەتمەندی «تخصص» لە جیهانی خۆرئاوادا پێشوەخت، هەموو مەرجە قووڵەکانی ڕوانینی گشتی و تێڕامانی پانۆرامی و جیهانبینی کۆیی لە خۆ گرتووە. تایبەتمەندی لە خۆرئاوادا گەرچی زۆرجار زۆر ورد دەبێتەوە و دەبێت بە جۆرێک لە پسپۆڕی لە کایەیەک یان لە کێشەیەکی بچوک و دیاریکراودا، بەڵام هیچ کات لەناو کایەی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، تایبەتمەندیی و پسپۆڕیی بە مانای دابڕان و دوورکەوتنەوە لە فەلسەفەیەکی گشتی یان لە جیهانبینییەکی گشتی نایەت. گشتی هەمیشە ئامادەیە، واتە مرۆڤ دەشێت ڕەخنەگری تێکست بێت، پسپۆڕی ئەدەبی بێت، بەڵام لەناو ئەو پسپۆڕییەدا چەندین شێوە و ڕەهەندی فەلسەفی و سیاسی و دەروونی خۆی حەشارداوە، هەر لەبەر ئەوەشە هیچ پسپۆڕییەک نییە لەسەر ژێرخانێکی مەعریفی گەورە ڕانەوەستابێت. لە خوارئاوادا تایبەتمەندبوون خۆدزینەوە نییە لە کایە و زانستەکانی تر، بەڵکوو ناواخنکردن و بە بنەماکردنی ئەو زانستانەیە وەک ژێرخان بۆ هەموو جۆرە پسپۆڕییەک و تایبەتمەندبوونێک. کاتێک ڕەخنەگرێکی ئەدەبی تێکست وەک یەکەیەکی بونیادیی سەربەخۆ وەردەگرێت، پێش دەستدانە کاری شیکاری تێکست، هەڵگری وێنەیەک و بۆچوونێکی تیۆریی و میتۆدییە بۆ جیهان و بۆ چۆنێتی تێگەیشتن لێی. ئەم دەستپێکە گرنگە بۆ ئەوەی «پسپۆڕیی» نەبێتە کۆمەڵێک زانیاریی موجەڕەد و دابڕاو لە کۆی زانیارییەکانی ترمان لەسەر دونیا. لە کولتوورێکی وەک کولتووری کوردی و لە زۆرینەی کولتوورە خۆرهەڵاتییەکانیشدا، ئەم دەستپێکە ونە. ڕەخنەگر پاشخانێکی ئەوتۆی لە دەرەوەی کایە ئەدەبییەکان نییە، واتە تێڕوانینێکی ڕەخنەیی قووڵی بۆ جیهان نییە، کایەکان بوونیان نییە، یاخود لە خەیاڵی ڕەخنەگردا وێنەیەکی مەعریفی یان فەلسەفی بۆ جیهان ئامادە نییە. ئەوە وادەکات کاری ڕەخنەگر لە سنووری هەڵچوونە دەرونییەکاندا بوەستێت و نەبێت بە ئیشێکی فیکری.

لێرەدا مەبەستم لە بوونی ئەو پێشخان و دەستپێکە، جۆرە سەرەتایەکی ئایدۆلۆژی نییە، وەک ئەوەی بڵێم ڕەخنەگر دەبێت پێشتر ئایدۆلۆژیایەکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی تەواو ئامادەی هەبێت، دوای ئەوە تێکست بخوێنێتەوە. بێگومان ئەم بۆچوونە بۆچوونێکی دروست نییە. مەبەستم ئەوەیە بەر لەوەی لەنێوان «ڕەخنەگر» و «تێکست»دا پەیوەندییەکی ڕەخنەیی دروست ببێت، دەبێت لەنێوان «ڕەخنەگر» و «جیهان»دا ئەو پەیوەندییە بە کەرەستەی فیکری و مەعریفی قەرار بوو بێت. ئیشکردن لەسەر تێکست، دەبێت دێژکراوەی ئیشکردنی گشتیمان بێت لەسەر دونیا.

ئێمە بەر لە ڕەخنە، دۆخێکی تێڕامان و بیرکردنەوەی قووڵمان دەربارەی دونیا نییە، هەروەها بەر لە ڕەخنەگر مرۆڤێکی تێڕامێن و بیرکەرەوەمان نییە. بە کورتی ناکرێت ڕۆشنبیرییەکی بێبەرهەممان هەبێت، بەڵام ڕەخنەیەکی دەوڵەمەندمان هەبێت. بارودۆخی ڕەخنە ئاوێنەی بارودۆخی گشتی ڕۆشنبیریی ئێمەیە.

نەبوونی ڕەخنە تەنیا کەلێنێک لە تێگەیشتنی ئێستادا دروست ناکات، بەڵکوو کەلێنێک لە تێگەیشتنی تەواوی مێژوودا دروست دەکات

بە بڕوای من، نەوەک لە ئێستادا لە هەموو قۆناغەکانی پێشووتریشدا، ئەدەبیات لە پێش ڕەخنەوە بووە. دەستەوەستانی ڕەخنەی کوردی تەنیا بەرامبەر ئێستای ئەدەبیات نییە، بەڵکوو بەرامبەر ڕابردووشە. کولتووریی کلاسیکی بۆتە کولتوورێکی تەواو فەرامۆشکراو و نەخوێندراوە. هۆکەش تەنیا نەبوونی توانای شیکاری ئەدەبی نییە، بەڵکوو نەبوونی توانای دەرککردنە بە مانای مێژوویی ئەو تێکستانە. ئەو تێکستە ئەدەبیانە تەنیا دەروازەی ئێمەن بۆ نزیکبوونەوە لە ڕۆح و تێڕوانین و شێوازی بیرکردنەوە لەو سەردەمانەدا، بەڵام کاتێک ڕەخنەگر لە ساتەوەختی مێژوویی خۆیدا چەقیبێت، بێگومان شتێکی ئەوتۆ تایبەت بە ڕابردوو نازانێت. نەبوونی ڕەخنە تەنیا کەلێنێک لە تێگەیشتنی ئێستادا دروست ناکات، بەڵکوو کەلێنێک لە تێگەیشتنی تەواوی مێژوودا دروست دەکات.

تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری

ڕەخنەی ئەدەبی وەک کایە لەسەر دوو ستوونی گەورە دەوەستێت. ستوونی یەکەم، ئەو تیۆر و گووتار و چەمکانەیە کە کایەی ڕەخنە پێویستی پێیانە. بەشێک لەو تیۆر و چەمکانە دەتوانین لە خۆرئاواوە یان لە جێگاکانی ترەوە بیانهێنین، بەڵام بەکارهێنانی تیۆرە ناسراوەکانی ڕەخنە، چەمکە ئەکادیمییە باوەکان، زاراوە ڕەخنەییە خوازراوەکان، تەنیا بەشێکی کایەی ڕەخنە دیاری دەکەن، ئەویدیکە، ئەو چەمک و سیستمە زاراوەییەیە کە ڕەخنەگر خۆی پەرەیان پێدەدات. ڕەخنەگر تەنیا پراکتیزەی ئەو تیۆرانە ناکات کە هەن، بەڵکوو زەمینەیەکی  بەردەوامیش بۆ تیۆرەسازیی دەڕەخسێنێت. مەرج نییە ڕەخنەگر تیۆری ئەدەبی دابڕێژێت، بەڵام بە هۆی چالاکی ڕەخنەیی خۆیەوە زەمینەی تیۆرەسازیی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. ئەم بەشە لە کاری ڕەخنە، تایبەتمەندی و هێز دەبەخشێتە ڕەخنەگر بتوانێت لە تێکستەکانی ناو کولتووری خۆی تێبگات. چونکە بە بڕوای من زۆر لە کەرەستە میتۆدی و بنەڕەتی و ژێرخانییەکانی زانستی ڕەخنەش پێویستیان بە جۆرێک لە لۆکالیزەکردن هەیە، دوو ڕەخنەگر لە دونیادا نین یەک میتۆدی ڕەخنەیی بە هەمان شێوە و تەکنیک بەکار بهێنن. ڕەخنەی ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر لەهەر دوو لایەنەکەدا کورتی هێناوە، نە تیۆرییە گشتی و ئەکادیمییەکانی ڕەخنە بە جۆرێکی بەرفراوان و بەرچاو دەبینرێن، نە سیستمێکی زاراوەیی و نە کۆمەڵێک کەرەستەی خۆسازیش بەرچاو دەکەون کە ڕەخنەگری کورد پەرەیپێدابن. 

ستوونی دووەم، پەیوەندی ڕەخنەیە وەک کایە لەگەڵ کایەکانی تردا، واتە پەیوەندی ڕەخنەی ئەدەبی بە فەلسەفە، دەروونناسی، کۆمەڵناسی و کۆمەڵێک لقە زانستی پێویستی دیکەوە کە ئاسۆی بینینی ڕەخنەگر فراوان دەکەن، لە ڕاستیدا ئەم بەشە لەبەر لاوازی ئەم کایانە لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا تا ڕادەیەک زۆر لاوازە. بەڵام ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەکی سەرەکی و ستراتیژییە بۆ ڕەخنە، بە بێ ئەو پەیوەندییە ئەستەمە ڕەخنەگر بزانێت لەناو تێکستە جیاوازەکاندا بۆچی دەگەڕێت و خۆشی بە چ مەبەستێک دەنووسێت. گەرچی ئەم لاوازییە لە هەموو شتێکیدا بۆ ڕەخنەگری ئەدەبی ناگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی لەناو خودی ڕەخنەدا هەوڵی بەرچاو نابینین پرۆسەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بە بیرکردنەوەی فەلسەفەییەوە گرێ بدات، یان خودی پەیوەندییەکە شێلگیرانە وەرناگیرێت، نیشانەیە کە هوشیاریی بە گرنگی دروستکردنی ئەم پەیوەندییانە ئامادە نییە.

لە ساڵانی ڕابردوودا کە ژمارەی زانکۆکان زیادی کرد، ژمارەی تۆژینەوە و ڕەخنەی ئەکادیمیش لەگەڵیدا لە جاران زۆرتر بوو، چەندەها کتێب و نامەی ماستەر و دکتۆرای ئەدەبیمان بینی، بەڵام بەشی هەرە زۆری کارەکان، تەنیا لە فۆرمی ئەکادیمیدا وەک باس یان وەک کاری ڕەخنەیی دەنوێنن، بەشێک لەو کارانەی من بینیومن، بێڕۆح و بێوزە نووسراون و پێوەیان دیارە بەرهەمی کاری کەسانێکن دەیانەوێت هەر چۆنێک بووە خوێندن تەواو بکەن، پتر لەوە دەچێت فۆرمێکی پێشوەختیان پێدرابێت و بیانەوێت پڕی بکەنەوە، ڕۆح و گڕی بیرکردنەوەیان تێدا ونە، باسی بێگیان و مردوون کە نەزانانە تێکستەکان بە ناوی ئەکادیمییەتەوە لەت دەکەن و پەیوەندی دانەمەزراو و زۆرەملێ لە نێوانیاندا دەخولقێنن. زۆربەی ئەم نووسەرانەش دوای ئەوەی کە نامەکەیان پێشکەش کرد، ئیتر نابینرێنەوە و لە بواری ڕەخنەدا چالاکییەکیان نامێنێت. لێرەوە لەدایکبوونی ڕەخنە و ڕەخنەگر لەنێو ئەکادیمیاوە پرۆسەیەکی هیوابەخش دەرناکەوێت، زۆرینەی ئەوەی تا ئێستا بینیومانە و خوێندومانەتەوە هیوای لێ ناکرێت.

ڕەخنە جگە لەوەی دەتوانێت دیوارە تاریک و مانا شاردراوە و ستراکتورە نهێنییەکانی دەق بدۆزێتەوە، دەشتوانێت لەهەمان کاتدا مانای مێژوویی دیاردە ئەدەبییەکان دەستنیشان بکات،

لە ڕاستیدا پەرەسەندن و پێشکەوتنی ئەدەبی پرۆسەیەکی خێراترە لە گەشەی ڕەخنە. ڕەنگە هۆکارەکە ئەوە بێت کە داهێنانی ئەدەبی پابەستی دامەزراندن و بوونی ژێرخانی فەلسەفی و فیکری نییە. ڕەخنە، کایەیەکە کۆی بواری کولتووری دەوڵەمەند دەکات، سوودێکی بێوێنە بە خوێنەر دەگەێنێت، بەڵام نووسینی تێکست و بەرهەمی داهێنەرانە گرێدراوی بوون و نەبوونی ڕەخنە نین. لە سەردەمی شکسپیر و موتەنەبی و فیردەوسیدا ڕەخنە وەک ئیشکردنی ڕاستەوخۆ لەسەر تێکست بوونی نەبووە. بەشی هەرە زۆری شاکارە گەورەکانی دونیا نووسراون بێئەوەی ڕەخنە ڕۆڵێک لە خولقاندنیاندا ببینێت. من بەش بە حاڵی خۆم هیچ نووسەرێک ناناسم و نەمبیستووە ڕەخنە کردبێتی بە نووسەر. بەڵام ڕەخنە جگە لەوەی دەتوانێت دیوارە تاریک و مانا شاردراوە و ستراکتورە نهێنییەکانی دەق بدۆزێتەوە، دەشتوانێت لەهەمان کاتدا مانای مێژوویی دیاردە ئەدەبییەکان دەستنیشان بکات، بۆ نموونە ئیشی ڕەخنە تەنیا ئەوە نییە شیعرێکی “مەحوی”مان بۆ شیبکاتەوە، بەڵکوو ئەوەشە مانا مێژووییەکانی کۆی ئەزموونی مەحوی لە ناوکۆییە «سیاقە» مێژووییەکەدا دیاری بکات. نەبوونی ڕەخنە کێشەیەکی گەورە بۆ تێگەیشتنی مێژووی ئەدەب دروست دەکات. پرۆسەی تێگەیشتن و ناونانی سەردەمە ئەدەبییەکان تووشی گرفتی ڕاستەقینە دەبێت. نەبوونی ڕەخنە واتە مردنی هوشیاریی بە مانا مێژووییەکانی سەرهەڵدانی دەق. پڕۆسەی قۆناغ قۆناغکردنی ئەدەبی و دابەشکردنی دەقەکان بە سەر سەردەمەکان و ڕێبازەکان و فۆرمە جیاوازەکاندا، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە سەرهەڵدانی هوشیاریی مێژووییدا. هەر کات ئەم پرۆسەیە نەبوو، جیاکردنەوەی دەقەکان و تێگەیشتن لە خسوسییەتیان دەبێت بە کارێکی سەخت.

کولتووری بێڕەخنە لە ئێستای دونیادا کە دیکتاتۆرییەتی گەمژەکان باڵی بەسەر فەزای دیجیتاڵدا گرتووە، لەبەردەم مەترسی نوقمبووندایە لە تێکستی بچوک و لاواز و ڕووکەشگیردا. ونبوونی ڕەخنە جۆرە خوێنەرێکی دروست کردووە توانای جیاکردنەوەی تێکستی نەماوە، نازانێت بۆچی دەقێکی بە دڵە و دەقێکی تری بە دڵ نییە.

بەڵام لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە، نەبوونی ڕەخنە، واتە لەدایکبوونی نەوەیەک کە توانای جیاکردنەوەی تێکستی باشی لە خراپ نییە. توانای نییە داهێنان لە هەندێک خورتە و بۆڵەی عاتیفی جیابکاتەوە. لە ڕۆشنبیریی وەهادا مەرجەعێک نابێت، داهێنان بناسێتەوە و دیاری بکات. ئەگەر تەماشا بکەیت نەبوونی ڕەخنەی جیدی وایکردووە لێشاوێک لە شیعر و ئەدەبیاتی بازاڕی کە جگە لە ختوکەدانی عاتیفی مانایەک و ناوەڕۆکێکی تریان نییە، بوون بە ئەدەبیاتێکی قەبووڵکراو. ئێمە هەمیشە ڕەخنەمان پێویستە تا لە دەریای نووسینی پوچ و سادە و ڕۆژانەدا نوقم نەبین، کاری ڕەخنەیە دەلیل و بەڵگەکان لەسەر داهێنان بخاتەڕوو. کولتووری بێڕەخنە لە ئێستای دونیادا کە دیکتاتۆرییەتی گەمژەکان باڵی بەسەر فەزای دیجیتاڵدا گرتووە، لەبەردەم مەترسی نوقمبووندایە لە تێکستی بچوک و لاواز و ڕووکەشگیردا. ونبوونی ڕەخنە جۆرە خوێنەرێکی دروست کردووە توانای جیاکردنەوەی تێکستی نەماوە، نازانێت بۆچی دەقێکی بە دڵە و دەقێکی تری بە دڵ نییە. ئەگەر لە سەردەمەکانی تردا ئەمە ترسناک نەبووبێت، ئێستا زۆر ترسناکە، چونکە مرۆڤی جیهانی نوێ لە بەیانییەوە هەڵدەستێت  تا شەو دەخەوێت لەبەر لێشاوێکی ترسناکی دەق و وێنەی نەپاڵاوتەدان. ئێستا جگە لە هێزی ڕەخنە هیچ هێزێکی تر نییە لە ناو ئەو لێشاوە گەورەیەدا ببێت بە چاوساغی خوێنەران.

خاڵێکی دیکە کە دەبێت لە کاتی قسەکردن لەسەر گرنگی بوونی ڕەخنەدا لە یادی نەکەین، هێزی ڕەخنەیە لەسەر دەرخستنی گووتارەکانی ناو دەق، ئاشکراکردنی چۆنێتی ئەو زمانە سیاسی و فەلسەفییەی دەق قسەی پێدەکات، واتە تیشک هاویشتنە سەر ئەو دونیابینییە شارداوەیەی لە پشت ڕووداوەکان و کاراکتەرەکان و دیالۆگەکانەوە هەیە. داهێنەری ڕاستەقینە بۆ ئەوەی هەڵوێستی بەرامبەر سەردەمی خۆی هەبێت، چەکێکی کاریگەر و دووربڕی پێیە کە چەکی ئەدەبیاتە. نووسەران لە ئەدەبی خۆیاندا ڕۆحی سەردەمی خۆیان و تێڕوانینی فەلسەفی و سیاسی خۆیان دەخەنە ڕوو، دونیای ئەدەبیات دونیایەکی تێکەڵە لە فەنتازیا و ڕووداوی مێژوویی، لە خەیاڵ و واقیع، دەرچوونە لە زمانی ڕاستەوخۆ و ئەزموونکردنی جۆرە زمانێکی دیکەی میتافۆرییە. ئەوە وەزیفەی ڕەخنەیە لەو دیوو ئەو زمانە میتافۆرییەوە، ڕوانینە سیاسی و فەلسەفییەکان بپاڵێوێت و بیخاتە بەردەمی خوێنەران. هەموو دەقێک بە جۆرێک لە جۆرەکان زۆر ئاماژەی نهێنی دەنێرێت کە بە خوێندنەوەی سادە ئاشکرا نابن و دەرکیان پێ ناکرێت. ڕۆحی سیاسی و فەلسەفی دەق لەناو ئەو ڕەهەندە میتافۆرییەدایە. بە بێ بوونی ڕەخنە، وەرگێڕانی ئەو زمانە میتافۆری و ڕەمزی و فەنتازییە بۆ زمانێکی فیکری و تیۆری کارێکی ئەستەمە. وەک چۆن وەزیفەی ڕەخنەی هونەر گواستنەوەی زمانی ڕەنگ و هێڵ و فۆرمە بۆ چەمک و زاراوەی هونەری و فەلسەفی. وەزیفەی ڕەخنەی ئەدەبیش گواستنەوەی زمانی مەجاز و فەنتازییە بۆ سەر فۆرمی گووتاری  فیکری. نەبوونی ڕەخنە وادەکات قووڵاییە فیکری و مەعریفی و سیاسییەکەی تێکست تەواو ون ببێت.