ڕەنگ و شێوەی یادەوەری لای هونەرمەند عەلی ڕەزا گەرمیانی

کولتوورە بەهێزەکان هەمیشە جەغت لەسەر یادەوەری دەکەن و کردوویانە بە مەتریاڵێکی گرینگ بۆ ناوەڕۆکی کارە هونەری و فیکری و ئەدەبییەکانیان، کارکردنی هونەری شێوەکاری لەسەر بابەتی (یادەوەری) نۆستالجیا نییە، بەڵکوو توانای دروستکردنی هونەرێکی ڕەسەنە کە پشت بە مێژوو دەبەستێ، شێوەیەکی نوێیە بۆ ناوەڕۆکێکی ڕابردوو، بەئێستاکردنی ڕووداوەکەیە وەکوو ئەوەی هونەرمەند عەلی ڕەزا گەرمیانی لەم دوو پێشانگایەیدا بە ڕەنگ و شێوە و مەتریاڵی جۆراوجۆر نیشانیداوە.

 لە ماوەیەکی کورتدا کە دوو مانگی نەخایاند هونەرمەند عەلی ڕەزا گەرمیانی هەندێ لە یادەوەرییەکانی خۆی و میللەتەکەی لە دوو پێشانگای هونەری جیاوازدا لە هەولێر نیشان دا. لەبەر ئەوەی ئەم هونەرمەندە خۆی کەسێکی نزیک بووە لە ڕووداوەکان بۆیە ئەشێ ئەم یادەوەریانە وەکوو یادەوەرییەکانی خۆی و میللەتەکەیشی ببینرێ. هونەرمەند خۆی ژیانێکی زۆری لە گەرمیان بەسەر بردووە، لە شارۆچکەی دووزخورماتوو لە ساڵی ١٩٨٠ لەدایکبووە و کاتەکانی منداڵی و هەرزەکاریشی هەر لەوێ بەسەر بردووە بۆیە چ خۆی و چ خێزان و کەسوکاری لە نزیکەوە بەر ئەنفاڵ و گوێزانەوەی زۆرەملێ و ماڵوێرانی و کۆمەڵکوژی خەڵکی ئەو ناوچەیە کەوتووە، هەندێ لە کەسوکار و خزمەکانیشی بەشێ بوون لە قوربانییەکانی ڕووداوەکان، لەوانە خاڵ و میمک و چەندین کەسی دیکەی نزیکی، بەمجۆرە کۆی ئەو ڕووداوانەی لەسەرەتای لەدایکبوونیەوە تاکوو جێهێشتنی ئەو شیۆنانە بوون بە بەشێکی گرینگ لە دونیای ئاگایی و نائاگاییکانی و لەم دوو پێشانگایەیدا ڕەنگیانداوەتەوە. 

یەکێ لە پێشانگاکان بە ناونیشانی (بیرەوەرییەکانی لم Memory of Sand) بوو کە هونەرمەند لە ١٠ تاکوو ٢١ی مانگی چواری ٢٠١٩ لە پەرلەمانی کوردستان نیشانی دا وەکوو بەشێ لە ئەتروحەی دکتۆراکەی کە لە زانکۆی (NCAD)  لە وڵاتی ئیرلەندا لە شاری (دوبلن) ئامادەکاری بۆ دەکا، بۆیە هونەرمەند ئەم پێشانگایەی بە تیۆری و سەرچاوەی زانستی گرینگ دەوڵەمەند کردووە، لەوانە نووسینەکانی چەند زانا و تویژەرێک کە لە بواری یادەوەریی و شوێن کاریان کردووە، وەکوو جان ئاسمان Jan Assmann، پیێر نورا  Pierre Nora و ماریانا  هێرش Hirsch  Mariana  و کەسانی دیکەش، ئەم توێژەرانە لەسەر هەندێ بابەت وەکوو یادەوەریی تاک، یادەوەریی بەکۆمەڵ، تیۆری یادەوەری بە گشتی، تراوما و پۆست یادەوەری کاریان کردووە.[1] سەبارەت بە شوێنەکانی یادەوەریی پیێر نورا ئەو دۆخانە ڕووندەکاتەوە و پێیوایە کە ڕووداوێک یان شتێک دەبێت بێتە دی بۆ ئەوەی شوێنەکە وەکوو شوێنێکی یادەوەری دەستنیشان بکرێت، بەم جۆرە بە بۆچوونی نورا سێ شوێن هەن کە دەتوانرێ لەوێ بابەتەکانی یادەوەری پۆڵین بکرێن، لەوانە مۆزەخانە، ئەرشیف و گۆرستان(….) بە ڕای نورا یادەوەری پێویستی بە ئاماژەدان بە شوێنی ڕاستەقینە هەیە وەکوو بینا و خەسڵەتەکانی دیکەی ژینگە (…) ئەو پێیوایە مرۆڤ دەتوانێ یادەوەرییەکی تایبەتی وێنا بکا لەسەر ئەوەی کە لەوەپێش هەبووە (لەوەپێش دروستبووە)، بەمجۆرە بۆ نموونە کاتێک کە گوندەکان تەخت دەکرێن، ماڵ و بیناکان دادەرمێن (بەر ڕماندن دەکەون)، یان بە هۆی تۆڵەی شەڕەوە وێران دەبن، یاخود شارەکان دووبارە نوێ دەکرێنەوە و گەشەکردن و بووژانەوە ڕوودەدات ئەوا ئەو ژینگانە کە یادەوەرییەکانی تێدا دروستکراون (بەتایبەتی لە حاڵەتی یادەوەریی تراوما) کە لە ئەنجامی شەر و پێکدادان دروست دەبێت، ئەوسا بە تێپەربوونی کات شێوەییەکی دیکە وەردەگرن، نورا دۆخەکان زیاتر ڕوون دەکاتەوە لەوەی کە پێیوایە: ڕووداوێک یان شتێک پێویستە ڕووبدات بۆ ئەوەی شوێنەکە وەکوو شوێنێکی یادەوەری دەستنیشان بکرێت.[2] سەبارەت بە یادەوەریی تاک/ یادەوەریی بەکۆمەڵ دەڵێت: شوێنەکانی یادەوەری ناتوانن وەک یادەوەریی بەکۆمەڵ بەردەوام بن، ئەو لەم بوارەدا پشت بە نووسینەکانی هالبارک دەبەستێ کە ئەویش پێیوایە: نەک تەنها سروشتی یادەوەریی بەکۆمەڵ، بەڵکوو بە شێوەیەکی دیاریکراو لەسەر بنەمای زمانەوانیش بۆ ئەم بەکۆمەڵ بوونە پێویستە.[3] سەبارەت بە یادەوەری و چەمکی (پۆست یادەوەری)، هونەرمەند عەلی ڕەزا گەرمیانی پشت بە نووسینەکانی ماریانا هێرش دەبەستێ کە پێیوایە: پۆست یادەوەری وەسفی پەیوەندییکی ئاڵۆز دەکات کە نەوەی لەدایکبووی پاش ڕوداوێکی تراوما دەگرێتەوە، ئەمانیش ئەزموونی بەکۆمەڵیان بۆ دروست دەبێت کە کاریگەری تراوماییەکی کولتووریان لەسەرە. بە بۆچوونی ماریانا هێرش ئەو کەسانەی کە ئەزموونی تراومای بەکۆمەڵیان بینیوە، وابەستە دەبن بە ژیانی منداڵ و نەوەکانی دیکەیانەوە، و ئەو چەمکە (پۆست نەوە)یشی پێدەگوترێ. دیسانەوە بە ڕای ماریانا هێرش: پۆست یادەوەری هاوتا (یەکسان) نییە بە یادەوەری، لێرەدا جیاکەرەوەیەکی ڕوون لەنێوان یادەوەرییەکانی یەکەم نەوە و پۆست یادەوەری و وەچەکانیاندا دروست دەبێت، ئەم ئەزموونانەی تراومای بەکۆمەڵ بە شێوەیەکی قووڵ و کاریگەر گواستراونەتەوە بۆ نەوەی دواتر، بەمشێوەیە لە پەیوەندی پۆست یادەوەری بە ڕابردووەوە زیاتر لەڕێگەی وەبەرهێنانی خەیاڵ و ڕێککەوتەوەیە وەک لە بیرکردنەوە.[4]

هونەرمەند عەلی ڕەزا گەرمیانی خۆی پێیوایە کە تێگەیشتن و چوارچێوەی (سنوورەکانی) گواستنەوەی نێوان یادەوەریی کەس و یادەوەریی بەکۆمەڵ پێویستی بە تێگەیشتنی تەواوی هۆکاری پۆست یادەوەری هەیە. ئەو لەم بوارەدا دیسانەوە پشت بە نووسینەکانی ماریانا هێرش دەبەستی کە دەڵێت: پۆست یادەوەری وەسفی پەیوەندییەکی ئاڵۆز دەکات ئەوەیش ئەوەیە کە نەوەکانی لەدایکبووی پاش ڕووداوێکی تراوما دەبنە خاوەنی ئەزموونێکی بەکۆمەڵ، ئەمانیش دیسانەوە کاریگەری تراومای کولتووریان لەسەر دەبێت. جان ئاسمانیش جیاوازی و لێک جوداکردنەوە لەنێوان دوو جۆری بیرخەرەوەی بەکۆمەڵ دەکات، ئەوانەش یادەوەری پەیوەندی (اتصال) و یادەوەریی کولتوورین. یادەوەریی کولتووری بە ڕای جان ئاسمان بریتییە لە فۆرمێکی دامەزراوەیی (شكل مؤسساتي)، بەجۆرێکی تر ئەمە یادەوەرییەکە لەنێوان گروپێک کە خاڵی هاوبەش و هەمان ناسنامەی کولتووریان پێکەوە هەیە.[5]

بەمجۆرە هونەرمەند بۆ ڕێکخستن و نیشاندانی پێشانگاکەی خوێندنەوەیێکی بۆ زانست و تیۆری یادەوەری و تراوما هەبووە بۆ ئەوەی بتوانێ چ  مەتریاڵ و چ شێوە و ڕەنگێ بۆ ئەم چەمک و ناوەرۆکانە بەکاربهێنێ؟ بەشێوەیەکی دیکە بڵێم بۆ ئەوەی چۆن وەکوو پێشانگایەکی هونەری شێوەکاری هاوچەرخ هۆشمەندانە کارەکانی نیشان بدا،  ئەمەیش وەزیفە سەرەکییەکەی هونەرمەندی شێوەکارە کە لە فەیلەسوف و شاعیر و نووسەر جیای دەکاتەوە، بۆیە بیری هونەرمەند بۆ ژمارەیەک لە مەتریاڵ چووە وەکوو جلوبەرگ و لم و گوریس و بەرمیل و ئاسن و تەختەدار و کتێب و ڕەنگی ئەملشن و ڕەنگی ڕۆنی و ماددەی غەرە، وەکوو شێوەیش هونەرمەند زیاتر شێوەی ئینستلەیشن و ڕەلیفێ هەڵبژاردووە کە دوو شێوەی سێ ڕەهەندین یەکێکیان هاوچەرخە و ئەویدیکەیان کۆنە و لەگەڵ کولتووری میزۆپۆتامیادا دروستبووە، هەر دوو شێوکەش مامەڵە ڵەگەڵ ڕاوم (فەزا) دەکەن.

لە مێژووی هونەری شێوەکاری نوێدا کەم نین ئەو هونەرمەندانەی کە (لم) یان خۆڵ یان قوڕیان بۆ کارەکانیان بەکارهێناوە. لەسەرەتای سەدەی بیست هونەرمەندی فەرەنسی ژۆرژ براک George Braque  بە (لم) و غەرە پانتایی کانڤازەکەی داپۆشیوە پیش ئەوەی ڕەنگەکانی لەسەر دابنێ و دەکری ئەو کارانەی براک وەکوو یەکێ لە سەرەتاکانی بەکارهێنانی مەتریاڵی نوێ بۆ هونەری شێوەکاری مۆدێرن بناسێنین، لە پاش دووەمین جەنگی جیهانییەوە ژمارەی ئەو هونەرمەندانە زیادی کردووە کە (لم) یان خۆڵ یان قوڕیان وەکوو مەتریال بۆ کارەکانیان بەکارهێناوە، لەوانە هەردوو هونەرمەندی فەرەنسی جان فووتریر Jean Fautrier، جان دوبوفیە Jean Dubuffet  و هونەرمەندی ئەسپانی ئەنتۆنیۆ تاپیەس، و ئەڵمانی ئەنزلم کیفەر Anselm Kiefer و ژمارەیەکی دیکە کە لە بواری تابلۆی هەڵگری مەتریاڵ، بەکاریان هێناوە. لە بواری ئینستلەیشن و ئۆبجێکتیشدا هونەرمەندی بە ڕەگەز جولەکە میشا ئولمان Micha Ulmann ، و چیکی مەگدەلینا جەتەلۆڤا Magdalena Jetelova   و ئەمەریکی ڤالتەر دی ماریا  Walter  de Maria و ژمارەیەکی دیکەش. لە کوردستانیش جگە لە عەلی ڕەزا گەرمیانی هونەمەند هێمن حەمید لە کارێکیدا کە دیسانەوە دەربارەی یادەوەرییە قوڕی وەکوو مەتریاڵ بەکارهێناوە و نەرمین مستەفایش بۆ تابلۆ هەڵگری مەتریاڵەکانی لمی بەکارهێناوە.

لم و خۆڵ و قوڕ و بەرد چوار مەتریاڵی جیاوازن، بەڵام هەموویان سەر بە زەوین، زەویش مانای شوێن دەبەخشێ و شوێنیش دانەبڕاو نییە لە مانای شوناس کە یەکێ لە مەبەستەکانی هونەرمەند لەم کارانەیدا دەپێکێ لەوەی کە ئەو لەم پێشانگایەیدا دەیەوێ گوزارشت لە شوناسیش بکات و بە مەتریاڵی (لم) و جلوبەرگ و پێلاو و گوریس ماناکانی شوناس بە شوێن ببەستێتەوە، بەمەیش ویستوێتی ئەو تراجیدیایە نیشان بدا کە تیایدا مرۆڤەکان بە زۆرەملێ و فشار شوێنی خۆیان بە جێهیشتوە نەک بە ئارەزووی خۆیان کە لە ئەنجامدا دەبێتە گۆڕانێکی زۆرەملێیش بۆ ناسنامە و شوناسیان کە هەتاکوو هەتا لە دونیای نائاگاییان دەمێنێتەوە.

زانای هونەری شێوەکاری ئەڵمان مۆنیکا ڤاگنەر Monika Wagner خۆڵ، لم ، بەرد وەکوو مەتریاڵی فەقیر وەسف دەکات و لە مەتریاڵی (لم) یان خۆڵدا توانایەکی گەوەرە بۆ هەڵگرتن و پاراستنی یادەوەری دەبینێ[6]. ئەم دوو سیفەتەیش خاڵی جەوهەری لە مەبەستی بەکارهێنانی (لم) لای هونەرمەند عەلی ڕەزا گەرمیانی لەم کارانەیدا پێکدێنن، یەکەمیان ئەو مرۆڤانەی کە بوونەتە قوربانی ئەنفاڵ و کۆمەڵکوژ کراون هەموویان مرۆڤی فەقیر بوونە، دووەمیش لە گەرمیان لەگەڵ لم و خۆڵدا ژیاون و ئەو دوو مەتریاڵە بەشێک لە بیرەوەرییەکانیانی دروستکردووە، هونەرمەند وێنەی لاشەکانیانی بە جلوبەرگ دروستکردووە بەو مەبەستەی کە جلوبەرگەکان بتوانن نوێنەرایەتی لاشەکانیان بکەن، بە شێوەیەکی تر بڵێم بەو مەبەستەی کە جلوبەرگەکان بتوانن وێنەیەک بۆ بینەر بنێرن کە ئاماژە بۆ جەستەیەک بدات کە خۆی نەماوە، بەمجۆرە هونەرمەند لە ڕووداوەکاندا کاری هونەری هاوچەرخ پێکدێنێ، بە (لم) و جلوبەرگ و پێلاو و ئەو دوای مەتریاڵەکان شێوەی قەبریان بۆ دروست دەکات، ئەمە وەکوو دەربڕین و گەیاندنی وێنەی بە ئەنفالبوونیان، هەروەها جارێکی تر (لم) لە وێنەی جەستەیان و لە ڕۆحیان نزیک دەکاتەوە وەکوو ڕەمزێک یان هێمایەک بۆ ئەو جێگایانەی کە لێێ هەڵکەندراون، (هەرچەندە ئەو جێگاکانی دەستنیشان نەکردووە)، بۆ ئەوەی (لم) و بۆنی (لم) هەمیشە وەکوو بۆنی عەتر لەگەڵیان بێت، لەکاتی مردنیشیاندا ئەمە وەکوو خۆشەیستی هونەرمەند بۆ قوربانییەکان، لەلایەکی دیکەوە هونەرمەند وەکوو لە نووسینەکەیدا (Statement) ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێ: کەرەستەی (لم)م بەکارهێناوە کە کەرەستەی پەیوەستە بە یادەوەریی شوێنی جینۆسایدکردن لە بیابانەکاندا. واتا بەکارهێنای مەتریاڵی (لم) لای هونەمەند عەلێ ڕەزا گەرمیانی مانای بیابانیش دەگەیێنێ کە ژمارەیەکی لە قوربانییەکان داپۆشێوە، ئەوانەیکە ڕاگوێزراونەتەوە بۆ بیابانەکانی عێراق و لەوێ مردوون[7].

هونەرمەند جلوبەرگەکانی لەگەڵ شوێندا گونجانووە و دەڵێ: کارەکەم وێناکردنی یادەوەری و جلوبەرگی قوربانییەکانی جینۆسایدی ئەنفالە لەڕێگەی فۆرمی هونەرییەوە، ئەمەیش بە ئامادەنەبوونی جەستە و شوێن، بەڵام بە بەستنەوەی بە ئێستاوە.[8] لێرەدا من وا لەم چەمکەی (ئیستا) دەگەم کە هونەرمەند بەکاریهێناوە بۆ مەبەستی بەیادهێنانەوە یان بە ئێستاکردنی ڕووداوەکە، وەکوو لەسەرەوە ئاماژەم پێیدا، واتا دانانی شێوەی نوێ بۆ ڕووداوێکی ڕابردوو کە یەکێکە لە بنەماکانی کارکردنی هونەرمەند لەسەر بابەتی یادەوەری. مەبەستی هونەرمەند لە (بە ئامادەنەبوونی جەستە و شوێن) وەکوو من لەم بیرۆکەیە دەگەم کە جلوبەرگەکان بتوانن گوزارشت لە جەستەکان بکەن، لەبەر ئەوەی جەستەکان نەماون، هونەرمەند ویستویەتی بە جلوبەرگ و پێڵاوەکان وێنەیان بۆ دروست بکات، نەک وێنەی خۆیان وەکوو هەبوون، بەڵکوو وێنەیان لە کاتی فەنابوونیاندا، لە کاتی لەناوچوونیاندا، بۆ ئەم مەبەستەیش لمەکە ڕۆڵێکی گەورە دەبینێ. هونەرمەند چەمکی (بە ئامادەنەبوونی شوێن)یش بەکاردێنێ، بەمەیش ڕەهەندی هونەری کارەکە قووڵتر دەکاتەوە لەوەی کە نەیویستووە ئاماژە بۆ شوێنێکی دیاریکراو بکا، واتا نەیکات بە کارێکی واقیعی، بەڵکوو بە کارێکی هونەری کە خەیاڵ تیایدا ڕۆڵی خۆی ببینی، ئەمەیش بەشێکە لە لایەنە ئیستێتیکێکەی کارە هونەرییەکە.[9]

عەلی ڕەزا گەرمیانی کارەکانی بەسەر حەوشی باڵەخانەی پەرلەمان و هۆڵی چوونە ژوورەوەکەیدا دابەش کردبوو. لە حەوشی پەرلەمان  کارە ئینستلەیشنەکانی دانابوو و لەناوەوەیش کارە ڕەلیفەکان و ئەو سێ کارەیشی کە لە قەبر دەچوون. ئەو ئەم سێ کارەی ڕاستەوخۆ بە جلوبەرگ و لم و گوریس و پێڵاو و کتێب لەسەر زەوییەکە دروستکردبوو، بە جۆرێ کە بینەران و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەبوایە سەردانوێنەوە بۆیان لە کاتی تەماشاکرنیان. کارە ئینستلەیشنەکانی دەرەوە یەکێکیان لە شێوەی دوو بەرمیلی نەوت بوون کە سەرمەقولانج بە بەرزی دەوری سێ مەتر دایانی نابوو وەکوو پەیکەرێکی نوێ کە وێنەی هاتنەخوارەوەی بە لێشاوی جلوبەرگ نیشان ئەدا کە لە شێوەی لێشاوی هاتنەخوارەوەی نەوت دەچوو، لەم کارەدا هونەرمەند جلوبەرگە بە ڕەش ڕەنگ کراوەکانی لە خوارەوە بە زەوییەکەوە بەستبووەوە بۆ ئەوەی بەرمیلەکان لە ئاسمان بوەستن. لە دوو ئیشەکەی دیکەیدا جلوبەرگەکان بە جۆرێکی تر بەکارهینرا بوون، لە یەکێکیاندا جلوبەرگەکان لە خوارەوەی دارێکی وشک لە سەر زەوییەکە دانرابوون و هەندێکیانیشی بە سەرووی دارەکەوە بەستبووە و با ئەیشەکاندنەوە بۆ ئەوەی وێنەی بەجێماویی و جێهێشتن بە بینەر ببەخشن. بۆ سێهەم کاری ئینستلەیشنەکان هونەرمەند ئاڵای کوردستانی لە شێوەیەکی خڕ بە جلوبەرگ  دروست کردبوو و پاشان بە چوار ڕەنگی سوور و سپی و زەرد و سەوز ڕەنگی کردبوون بۆ ئەوەی لە ئاڵای کوردستان بچێ.

ئەو بۆ کارەکانی ناوەوەی باڵەخانەی پەرلەمان کە بە (لم) و گوریس و غەرە و ڕەنگی ڕۆنی مامەڵەی لەگەڵ جلوبەرگ و پێڵاوەکان کردبوو، وەکوو بەستنەوەیان بە زەوییەوە بە گوریس بۆ ئەوەی وێنەیەک دروست بکات کە لە قەبر بچێت، چەند قەبرێک کە بە توندی بە زەوییەوە بەستراونەتەوە، لە کاتێکدا بۆ کارە ڕەلیفەکانی جلوبەرگەکانی لەسەر تەختەداری گەورە بە غەرە چەسپاندبوو، پاش ئەوەی تەختەدارەکەی بە ئاسن بەستبووە بۆ ئەوەی توند بووەستن، جلوبەرگ و پێڵاو و لمەکانی بە سەر ماددەی هەڵگری کارە ڕەلییەفەکانیەوە (تەختەدارەکە) دانابوو و بە ماددەی غەرە تێکەڵی کردبوون و ڕەنگی ڕۆنیشی بە شێوەیەک بەکارهێنابوو کە وێنەی لاشەی ئینسان لە کاتی مردندا بە جلوبەرگەوە بە بینەر بگەیەنێ، واتا وێنەی ئەو جۆرە مردووانە بگەیەنن کە کۆمەڵکوژ کراون، ئەو گونجانێکی بە جلوبەرگ و لم و پێڵاوەکان دابوو بە جۆرێ کە بتوانێ هەستی لەناوچوونی جەستەی قوربانییەکان نیشان بدا، ئەمەیش ئەگەرێتەوە بۆ بەکارهێنانی هونەرمەند بۆ ڕەنگی ڕۆنی کە لە بنەڕەتدا بۆ تابلۆ بەکاردێ. لە یەکێ لە کارە ڕەلیفەکان هونەرمەند پارچە لانکێکی بەقەراغی کارەکەیەوە چەسپاندبوو وەکوو ئەوەی لەلایەکەوە نیشانیدا کە لەناو قوربانییەکاندا منداڵیشیان تیابووە و لەلایەکی دیکەیشەوە وەکوو ئاماژە بۆ کاتی منداڵی خۆی کە بەشێکە لەم بیرەوەرییانە.

بینەری هۆشمەند ئەیتوانی هەستی خۆشەویستی لەو وێنانە بەدی بکا کە لە شێوەی ڕەلیف نیشاندرابوون ئەمەیش لەپاڵ هەستی غەم و دڵتەنگیدا وەکوو هاوتایەک بۆ کارە هونەرییەکان، چونکە ئەو کاری هونەی لە ڕووداوەکان دروستکردووە نەوەک نیشاندانی ڕووداوەکان دەقاودەق وەکوو خۆیان، ئەمەیش بەشێ بوون لەو دەربڕینانەی هونەرمەند کە بە هۆی وردی بەکارهێنانی جلوبەرگەکان و تێکەڵکردنیان بە لمەکان و ڕەنگە ڕۆنییە زەردەکە کە ڕەهەندێکی ڕەسمکردنیشی بە بینەر دەگەیاند. کارە ڕەلیفەکان ئەو هەستەیان بۆ بینەر دەنارد وەکوو ئەوەی کە جەستەی قوربانییەکان هێواش هێواش بەرەو لەناوچوون ئەڕۆن، بەرەو مردن ئەڕۆن، هەستیاری بەکارهێنانی هونەرمەند بۆ بەکارهێنانی (لم) و ڕەنگەکان یارمەتی دەدا بۆ گەیاندنی هەستی بەرە بەرە لەناوچوونیان، ئەمەیش وەکوو دەرخستن و نیشاندانی سۆز بۆ کەسە لەناوچووەکان، وەکوو ئەوەی بڵێ سەرەڕای ئازار و تراجیدیای کارەساتەکە، بەڵام ئێوە جوان مردوون، بە کەرامەتەوە مردوون، دیسانەوە دەبن بە زەوی و دیسانەوە نەوەی نوێ و ژیانی نوێتان لێ بەرهەم دێت، هونەرمەند ویستوویەتی وێنەی مردن و ئیحساسی دوبارە لەدایکبوونەوەی (قوربانییەکان) بە بینەر ببەخشێ لەوەی کە ڕەنگەکان هەستی لاوانەوەیان بۆ بینەر دەنارد. بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لەم کارەی هونەرمەند عەلی ڕەزا گەرمیانی بە پێویستی دەزانم لێرەدا نووسینەکەی خۆی (Statement) بنووسمەوە:

“بیرەوەرییەکانی لم، وێناکردنی یادەوەری کارەساتی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کوردە، کە بە لێشاو و بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی خوارووی عیراق، لەنێوان ساڵانی ١٩٨٧- ١٩٨٨ بە زیندووی بۆ ژێر لم زیندەبەچاڵ کران. لە کارەکەمدا بۆ دووبارە وێناکردنەوەی هەمان ئەو شوێنەی کە کارەساتەکەی تێدا ئەنجام دراوە […] بەڵام هەندێک گۆڕان یاخود جیاوازی بەدی دەکرێت لە کارەکەمدا، بە شێوەیەک لە شێوەکان کارەکەمم گرێداوە بەو ژینگەیەی کە پرۆسەی ئەنفالی تێدا ئەنجامدراوە، بۆ ئەم مەبەستەیش لم و جلوبەرگم، وەک کەرەستەی شوێن بەکارهێناوە، کە ئاماژەن بۆ ئەمان و لەناوچوونی جەستەی قوربانیان، ئامانج لەم کارەم بەبیرهێنانەوەی ئەو تاوانەیە کە دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دراوە و هەروەها بەستنەوە و ئاشناکردنی نەوەی دوای تاوانی جینۆساید، هەڵبەتە ئەمەش بەئامانجی بەرگرتن لە حاڵەتی لە بیرچوونەوە لە نێوانیاندا، هەروەها بەستنەوەی ڕابردوو بەئێستاوە لەڕێگەی ئەم کارە هونەرییانەی دروستم کردوون”.[10]

نیشاندانی ئەم پێشانگایەی عەلی ڕەزا گەرمیانی لەناو باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان هەندێ ئەشکالیەتی لێکەوتەوە، لەوەی کە پەرلەمانی کوردستان هۆڵێک یان جێگایێک نییە بۆ نیشاندانی پێشانگای هونەری، بەڵکو جێگایەکی سیاسییە، هەر بۆیە لە ڕۆژی ٢٣ی مانگی چواری هەمان ساڵ پانێڵێکی تایبەت بۆ پێشانگاکەی لەلایەن سەنتەری ئاڵا لە هەولیر ڕێکخرا کە تیایدا ئامادەبووان توانیان پرسیار و بۆچوون و ڕەخنەکانیان ڕاستەخۆ ئاراستەی هونەرمەند بکەن. لە پانێلەکەدا هونەرمەند ئاماژەی بۆ ئەو کارەی هونەرمەندی ئەڵمانی هانس هاکە Hans Haacke کرد کە لەناو پەرلەمانی ئەڵمانیادا لە بەرلین زیاد لە بیست ساڵ لەمەوپێش نیشانی دا، بۆ ئەوەی بە ناراستەوخۆ ئەوە بگەیەنێ کە یەکێ لە مەبەستەکانی ئەو لەم نیشاندانە ڕەخنەیە لە پەرلەمانتارانی کوردستان، لەوەی کە ئەوان ئەو کارەساتەیان لە بیرچووەتەوە، هەر بۆیشە یەکێ لە مەبەستەکانی هونەرمەند لە نیشاندانی ئەم کارەی لەناو ساختمانی پەرلەمانی کوردستان ئەوەبوو کە بتوانێ ئەو تراجیدیایە بهێنێتەوە یادی ئەندامانی پەرلەمانیش و وێنەی ئەو کارەساتەیان لێ نزیک بکاتەوە، ئەمجارەیان نە بە شیعر و نە بە نووسینێکی سیاسی تەنانەت نە بە کارێکی هونەری تەقلیدی، بەڵکو بە چەند کارێکی هونەری شێوەکاری نوێ. 

مانگێک و بیستویەک ڕۆژ پاش پێشانگاکەی (بیرەوەرییەکانی لم) واتا لە ١٢ تاکو ٢٤ی مانگی حویزەیرانی هەمان ساڵ هونەرمەند عەلی ڕەزا گەرمیانی لە گەلەری میدیای هەر لە شاری هەولێر پێشانگایەکی دیکەی وەکوو بەردەوامی بۆ پێشانگاکەی (بیرەوەرییەکانی لم) نیشاندا کە دیسانەوە بە ڕادەی یەکەم جلوبەرگی تیادا بەکارهێنابوو. ئەمجارەیان پێشانگاکە لە یەک کاری هونەری پێکهاتبوو کە دیسانەوە دەربارەی بابەتی یادەوەری بوو، بەڵام ئەم جارەیان لە ژێر دوو ناونیشاندا، یەکێکیان (لاوانەوە Mourning) وەکوو ناونیشانێ کە ناوەڕۆکی کارە هونەرییەکە دەپێکێ و ئەوەیدیکەش شەشپاڵوویەکی ڕەش Black Cube  کە شێوە و رنگی کارە هونەرییەکە دەپێکێ. هەرچەندە پێشانگاکە لە یەک کاری هونەری پێکهاتبوو، بەڵام هونەرمەند لە دوو شێوە ڕەشی گەورە نیشانیدابوو، هەر دوو شێوە ڕەشەکە لە ژێرەوە بە جلوبەرگ بەیەکەوە بەسترابوونەوە، یەکێکیان لە چەشنی شەشپاڵوویەکی (مکعب cube)  ڕەشی گەورە کە تاکو بنمیچی هۆڵەکە بەرز بوو، لەسەر شێوەیەکی خڕی دیسانەوە گەورە دانرابوو. هونەرمەند هەر دوو ئەم شێوە گەورانەی بە جلوبەرگێکی زۆر داپۆشیبوو. بە جۆرێکی دیکە بڵێم ئەم پێشانگایەی هونەرمەند عەلی ڕەزا گەرمیانی پێکهاتبوو لە ئینستلەیشنێکی گەورە لە شێوەی تەجریدێکی ئەندازیاری تەلارسازی. هونەرمەند بەم کارە ناوەڕاستی هۆڵەکەی تەواو داگیرکردبوو وەکوو مەبەستی خۆی بۆ ئەوەی ئامادەبووان بتوانن بە دەوریدا بسوورێنەوە یان لە جەند لایەکەوە بەرانبەری بووەستن و ببن بە بەشێ لە ناوەڕۆکی کارە هونەرییەکە، ئامادەبووان بەردەوام گوێیان لە کۆمەڵێ دەنگ دەبوو کە لەناو شێوە شەشپاڵووەکەدا دەهاتە دەرەوە، دەنگەکان لە دەنگی تۆپ و تەیارە و قیژاندن و لاوانەوەی پێکهاتبوون کە هونەرمەندی سینەما ئیبراهیم ڕەمەزان دیزاینی کردبوو وەکوو ئاماژە بۆ دەنگی مرۆڤەکان کە خۆیان نەماون، بەم شێوەیە هونەرمەند جگە لە جلوبەرگ ئەمجارە دەنگیشی وەکوو مەتریال بۆ کارەکەی بەکارهێنا بوو، هەر بۆیشە ئەکرێ بەم کارە هونەرییە بڵێن کارێکی ئەودیۆڤژوەڵ Audiovisuell، واتا کارێکی هونەری کە هەم بۆ بینین و هەم بۆ گوێگردنیش دروست کراوە.

شێوە شەشپاڵووە ڕەشە گەورەکە بە ئاشکرا وێنەی کەعبەی بە بینەران دەبەخشی کە هونەرمەند دەیەویست ئاماژەی بۆ بکا، هەر وەکوو خۆی لە نووسینەکەیدا دەڵێ: “بۆ نموونە بەکارهێنانی سورەتی “ئەنفال“ وەک دەقێکی ئاسمانی ئایینی و لەهەمان کاتدا وەک ئامرازێک بۆ قڕکردنی منێکی موسڵمان، بۆیە مەبەستمە وێنەی ئەم یادەوەرییە پڕ لە زەبروزەنگە لە فۆرمێکی هونەری هاوچەرخدا بەرجەستە بکەم.”[11] لەبەر ئەوەی هونەرمەند خۆی نزیکبووە لە ڕووداوەکان بۆیە ئەو بەو فۆرمە هونەرییەی گوزارشتی لە خودی خۆیشی کردووە، ئەمەیش ڕەهەندێکی سوبجێکتیڤیتی (خودی/زاتی) بە کارە هونەرییەکە بەخشێوە، واتا ئەو فۆرمە هونەریەی کە هونەرمەند بەکاریهێناوە فۆرمێک نییە کە تەنها بۆ گەیاندنی بیرۆکەکەی بەکاریهێناوە، بەجۆریکی تر بڵێم ئەو فۆرمە هونەریەی هەر دوو بواری خودی و بابەتی (سوبجێکت و ئۆبجیکت) ی لە خۆ گردووە و ئەیشکرێ ئەم قسەیە بۆ پێشانگاکەی (بیرەوەرییەکانی لم)یش بەکاربهێنین.    

لەم پێشانگایەیدا هونەرمەند تەنها بە ڕەنگی ئەمۆڵشنی ڕەش مامەڵەی ڵەگەڵ جلەکان کردووە بێ ئەوەی فڵچە بەکاربهێنێ، بەڵکوو بە ئامێرێکی کارەبایی ڕەنگە ئەمڵشنەکەی لە چەشنی سپرێ بە سەر جلوبەرگەکاندا بڵاوکردوەتەوە، ئەکرێ ئەمە وەکوو بەشداریکردنی تەکنەلۆژیا لەم کارەدا ببینرێ، بەمجۆرە گشت جلوبەرگەکان ڕەش دەرکەوتوون بۆ ئەوەی هەستی تاکەکەس بە بینەر نەگەیەنن، بۆ ئەوەی مردنی قوربانییەکان وەکوو یەک دەرکەون، مردنی هیچیان لەوەکەی دی باشتر نەبێ، بەمەیش هونەرمەند ئەو هەستە دەنێرێ کە ئەم مرۆڤانە لەلایەن دەسەڵاتێکی دڕندەوە بێ جیاوازی کۆمەڵکوژ کراون.

 هونەرمەند جلوبەرگەکانی (وەکوو هێما بۆ ڕؤحی مرۆڤەکان) بە جۆرێ بەکارهێناوە کە وێنەی خۆهەڵواستن بە شێوە شەشپاڵووەکەوە بگەیەنن، بەمەیش جلوبەرگەکان ئەو وێنەیە بۆ بینەر دەنێرن وەکوو ئەوەی کە ڕۆحی قوربانییەکان یێخەی کەعبەیان گردبێ و بەرینەدەن، تاوانەکە بخەنە ئەستۆی کەعبەیش وەکوو هێمایێک بۆ ئەو دینەی کە بکەری تاوانەکان ئیمانیان پێی بووە. ئەو شێوە شەشپاڵووە گەورەکەی ڕاستەوخۆ لە سەر شێوە خڕە گەورەکە داناوە کە ئەمەیانی تەنها بە جلوبەرگ دروست کردووە و دیسانەوە بە ڕەنگی ڕەش دایپۆشیوە، لە کاتێکدا ئاسنی بۆ ڕاگردنی شێوە شەشپاڵووەکە بەکارهێناوە، لێرەیشدا جلوبەرگەکان دیسانەوە ئاماژەن بۆ مرۆڤە لەناوبراوەکان، بۆ ڕۆح و جەستەی قوربانییەکان، ئەم دوو جۆرە ڕۆحانە (ئەوانەی قەد شێوە شەشپاڵووەکە و ئەوانەی کە شێوە خڕەکەیان پێکهیناوە) لە دوو ڕیتمی جیادان. بۆ بینینی من وێنەی ئەم جلوبەرگانە لە قەد ئەم دوو شێوە گەورەیە وەکوو وێنەی دوو جۆرە حەشاماتی جیا جیا دەردەکەون، یەکێکیان هەستی چالاکی دەبەخشی و هەڵمەت دەبات و ئەوانی دیکە لەسەر زەوی کەوتوون، یان بەدەوری کەعبەدا دەسووڕێنەوە (وەکوو شێوە خڕەکە هێمای بۆ دەکا) هەر چەندە هەر دوو جۆرە ڕۆحەکان لەیەک جێگان، لەناو یەک کاری هونەرین، لەناو یەک ڕاوم (یەک فەزان)، بەڵام یەکێکیان ئەو وێنەیە دەبەخشێ کە بە لەش مردوو و بە ڕۆح زیندوو و ئەویدکە وێنەیەکی دیکە دەبەخشێ کە بە لەش و بە ڕۆح مردوو، لەمەیشدا دەنگەکانی ناو شێوە شەشپاڵۆکە ڕۆڵی کوشندە دەبینن لە زیندووبوونی ڕۆحی مرۆڤەکان.

هونەرمەند مەبەستی بووە ئەم کارە و بینەرەکانی بهێنێتە ناو هۆڵێکەوە، ناو ڕاومێکی داخراوەوە بۆ ئەوەی لە یەکیان نزیک بخاتەوە، بۆ ئەوەی کارەکە وەکوو کارێکی زەبەلاح بهێنێتە پێش چاوی بینەران، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەم کارە لەناو ڕاومێکی (فەزایەکی) داخراو نەبووایە ئەگەری زۆر هەبوو کە بینەرەکان هێندە لە نزیکەوە کارەکەیان نەدیبایە و هەندێکیان بە تەکیدا ڕەت بوونایە، ئەوکات کاریگەری کارەکە لەسەر بینەر جۆریکی تر دەبوو، هەندێ لە ماناکانی دەگۆڕدران، ئەوسا ئەم دوو شێوەیە (شەشپاڵووەکە و خڕەکە) هێندە زەبەلاح و کاریگەر لە پێش چاوی بینەر دەرنەدەکەوتن، بەمجۆرە شێوەی کارەکە زەبەلاح دەرکەوتووە لەبەر ئەوەی لەناو ڕاومێکی (فەزایەکی) داخراودا نیشاندراوە کە مەودای نێوان کارەکە و بینەرەکانی کورت کردووەتەوە.

جلوبەرگ یەکێکە لەو مەتریالانەی کە هەندێ هونەرمەندانی پاش دووەمین جەنگی جیهانی لە کارەکانیاندا زیاتر وەکوو ئاماژە بۆ جەستە لە بابەتی یادەرەری و بە بیرهێنانەوە بەکاریانهێناوە کە هەمان مەبەستی عەلی گەرمیانییە لەم کارەیدا، لەو ڕووەوە زانای هونەری ئەڵمانی مۆنیکا ڤاگنەر باس لە ماناکانی جلوبەرگ لە کاری هونەری هاوچەرخ دەکا وەکوو شاهید بۆ جەستە، وەکوو جێ پێی جەستە، وەکوو پەنجەمۆری جەستە و دەڵێ: جلوبەرگ شاهید و جێ پێ و پەنجەمۆرێکی ڕەسەنە بۆ جەستە و دەتوانن زۆر باش گوزارشت لە جەستە بکەن، لەبەر ئەوەی ئەمە جەستەیە کە جلوبەرگ لە بەردەکات. [12] بە واتایەکی دی ئەمە جلوبەرگە کە لەش دائەپۆشێ. ڤاگنەر باس لە جلوبەرگ لە میانی کارەکانی هەر دوو هونەرمەندی ئیتالی میشیلەنجەلۆ پستۆلیتۆی Michelangelo Pistoletto و فەرەنسی کرستیان بۆڵتەنسکی Christian Boltanski دەکات کە لە کۆنتێکستی جیاجیادا لە کارەکانیاندا بەکاریان هێناوە، بەڵام ئەگەر کارەکانی عەلی ڕەزا گەرمیانی بە کاری ئەم دوو هونەرمەندە ناوبراوانە بەراورد بکەین، دەبینین ئەم کارەی عەلی ڕەزا گەرمیانی زیاتر لە کارەکانی بۆلتەنسکیەوە نزیکە وەک لە پستۆلیتۆ، لەبەر ئەوەی بؤلتەنسکی لە هەندێ کاریدا جلوبەرگی بۆ دەربڕین لە کۆمەڵکوژی جولەکەکان بەکارهیناوە. هونەرمەند عەلی ڕەزا گەرمیانی خۆیشی ئاشنایە بە کارەکانی ئەم دوو هونەرمەندە بۆیە ئەو لەم کارەیدا بە ئاگادارییەوە و بە جۆرێکی تایبەت جلوبەرگی بۆ ئەم بابەتەی خۆی بەکاریهێناوە. ئەو لە بەشێ لە نووسراوەکەیداStatement دەربارەی ئەم کارەی دەڵێ: “لەم کارەمدا لەرێگەی بەکارهێنانی مەتریاڵی جیاوازەوە وەک جلوبەرگ و شتی تر هەوڵمداوە گوزارشت لەو یادەوەرییە تاڵانە بکەم کە لەڕێگەی ئەوەی ترەوە کە کۆمەڵگا و تاکەکانی لە ژینگە ڕاستەقینەکەی خۆی دابڕاون، بۆیە ئەم کارە گوزارشت لە یادەوەری پڕ زەبر و زەنگ و لە دەستدان دەکات.

لە کۆتایدا هونەرمەند بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارەی سوپاسی تیمێک دەکات کە لە سەرەتای پێشانگاکەی (بیرەوەرییەکانی لم) تاکو کۆتایی پێشانگای (لاوانەوە) لەگەڵیدا هاوکار بوون لەوانە: ڕەوا ئەحمەد، ئاریان ڕەفیق شوانی، ئاڤێستا ڕەفیق شوانی، ئاریاس ڕزگار، مەگروون مەعرووف، نزار خۆشناو وەکوو یاریدەدەری هونەرمەند بۆ جێبەجێکردنی هەر دوو پێشانگاکەی. یاسر ئەحمەد وەکوو دیزاینکردنی کەتەلۆگی پێشانگای (بیرەوەرییەکانی لم). (سەنگەرحەسەن)یش وەکوو بەڕێوەبەری جێبەجێکەری کارە هونەرییەکە لە پێشانگای (بیرەوەرییەکانی لم).  بەشدار قادر، ئاشتی عەدۆ وەکوو دوو هاوکاری گرینگی هونەرمەند لە پێشانگای (لاوانەوە). هونەرمەندی بواری سینەما ئیبراهیم ڕەمەزان دانەری دیزان بۆ دەنگەکانی ناو شێوە شەشپاڵووەکە لە پێشانگای (لاوانەوە). هەروەها نووسەری ئەم دێڕانە وەک ناساندنی کارەکە لە گەلەری میدیا لە کاتی کردنەوەی پێشانگاکەدا.

سەرجاوەکان:

  • روونکردنەوەییک لە شێوەیStatement کە هونەرمەند خۆی دەربارەی هەردوو پێشانگاکەی بە زمانی کوردی وئینگلیزی نوسیوێتی.
  • کەتەلۆگی پێشانگاکەی (بیرەوەرییەکانی لم (Memory of the sand

 Monika Wagner: Das Material der Kunst.Münhen.2011.مۆنیکا ڤاگنەر: مەتریاڵی کاری هونەری


[1]بروانە کەتەلۆگی پێشانگاکەی هونەرمەند (بیرەوەرییکانی لم)

[2] 5هەمان سەرچاوە. لاپەرە 

[3] 7هەمان سەرچاوە. لاپەرە.

[4]8 و7هەمان سەرچاوە. لاپەرە.

[5] 7بروانە کەتەلۆگی پێشانگاکەی هونەرمەند عەلی ڕەزا گەرمیانی (بیرەوەرییەکانی لم) لاپەرە.

[6]Monika Wagner: Das Material der Kunst.

[7]ئەم دیاریکردنەی جێگایە جیایە لەودیارینەکردنەی جیگا کە ڕووداوەکانی تیا ڕوویداوە، لەوەی یەکەم هونەرمەند ناوی شارێک یان شارۆچکەییک یان دێیەکی نەهێناوە..

[8] 1.هەمان سەرچاوە. لاپەرە

[9]من لێرەدا چەمکی (ئێستەتیک)م بەمانای (جوانی) بەکارنەهێناوە.

[10]بروانە دەقی نوسراوەکەی هونەرمەند دەربارەی  پێشانگاکە (بیرەوەرییەکانی لم)

[11]بەشێ لە نووسراوێکی هونەرمەند دەربارەی کاری (لاوانەوە).

[12]Monika Wagner: Das Material der Kunst.

سەرنجێک بنوسن