لەبارەی گۆشەگیریی و تۆتالیتاریزمەوە

وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

بەس بوونی یاسا درێژخایەنەکان شتێکی ڕاست بووایە، گەر یاسا هەتاهەتاییەکان بوونیان هەبووایە و بە شێوەیەکی ڕەها فەرمانڕەوایەتی هەموو ئەو شتانەیان بکردایە کە مرۆیین، تەنها شتێکیش کە مرۆڤ لە سەری بووایە، ملکەچییەکی ڕەها بێت بۆ ئەو یاسایانە، ئەو کات ئازادی خۆی دەبوو بە گاڵتەجاڕی و کۆمیدیا. گەر وا بووایە، دانایی یەک کەس بەس بووایە، ئیدی زانین و زانیارییەکانی ئێمەی مرۆڤ هیچ بایەخێکیان نەدەبوو، ئەو کات تەنها شتێک کە گرنگ بووایە، بوونی چالاکییەکی تەواو و بەردەوام بوو کە لەم کۆنتێکستە دیاریکراوەی داناییدا ئیشی دەکرد، کۆنتێکستێک خاوەن ئەو لۆژیکەی کە سەرکردە تۆتالیتێرەکان بەکاری دەهێنن و بۆ زەمینەی فیکری هاوشێوە دادەمەزرێنرێن: بۆ سەروەریی بێ چەندوچۆنی یاسا، بەبێ بوونی هیچ دۆخێکی تایبەتمەند و ئاوارتە. دیارە مەبەست لە لۆژیک ئەو هزرە پەتییەیە کە هیچ نرخ و کێشێک بۆ ئەزموون و راستییەکان دانانێ: لۆژیک وەک کەموکوڕییە ڕاستەقینەکەی گۆشەگیریی.

وا دیارە هۆکاری کەموکورتییەکانی گۆشەگیریی لە واقیعدا و بە شێوەیەکی نایەکسان بریتییە لەو نائومێدیەی کە هاوشان و تەریبە بە گۆشەگیریی خۆی. ئەو گۆشەگیرییەیشی کە لە جیهانی ئێمەدا بوونی هەیە و هەموو پەیوەندییە مرۆییەکانی پارچەپارچە کردووە، سەرباری ئەوەی کە دۆخی ئەو داڕمانە هاوبەشەی نێوان هەموومانی قۆستۆتەوە کە دەیگوزەرێنین. ئەمە جگە لەوەی خودی گۆشەگیریی هیچ نییە جگە لە دەرەنجامی کاریگەری شۆڕشەکانمان، کە ئەمیش دیسان بۆ خۆی ئەنجامی داڕمانێکی ترە. ئەو گۆشەگیرییە کە لەوە کەوتووە بە تەنها کێشەیەکی دەروونی بێت و بەس، دەتوانین بە چەندین زاراوەی خۆشئاواز و هاوکات بێمانایش، هێند گفتوگۆی لەبارەوە بکەین تا هێڵنج دەدەین: بۆ نموونە بە زاراوەکانی وەک داخران و هاوکات کرانەوەیش بەسەر ئەوانی تردا.

لە ڕوانگەی مرۆڤەوە، گۆشەگیریی وەک ئەنجامی نائامادەبوون و پێواری هاوڕێکانمان، وەک دەرەنجامی نامۆبوون، ئەو نەخۆشییە درێژخایەنە کوشندەیەیە کە جیهانی ئێمە بە دەستییەوە دەناڵێنێت. تەنانەت گەر ئەوەیش ڕاست بێت، دەتوانین بڕێکی زۆر کەم لە خەڵک ببینین کە بە بێ هیچ پاڵپشتییەک، توند توند دەستیان بە باڵی یەکەوە گرتووە. ئامرازەکانی پەیوەندیگرتن هیچ سوودێک بەو کەسانە ناگەیەنێت، تەنها جیهانێکیان پێشکەش دەکات کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دامەزراوە. بەڵام ئەو کەسانە یارمەتیمان دەدەن تا هەموومان لە نەفرەتی نامرۆڤبوون ڕزگارمان ببێت، لە کۆمەڵگەیەکدا کە وا دیارە ئەستێرەی هەمووان ئاوابووە و کەسیان پێویست نین، هەمووان ئەوی تر بەم شێوەیە دەبینن.

ئێمە لە تەنیاییدا هەرگیز لەگەڵ خۆماندا تەنیا ناکەوین. ئێمە لە تەنیایدا هەمیشە دوو کەسین لەناو یەک کەسدا، تا دواتر دەبینە یەک تاکەکەس.

گۆشەگیریی جیایە لە تەنیایی. ئێمە لە تەنیاییدا هەرگیز لەگەڵ خۆماندا تەنیا ناکەوین. ئێمە لە تەنیایدا هەمیشە دوو کەسین لەناو یەک کەسدا، تا دواتر دەبینە یەک تاکەکەس: تاکەکەسێکی تەواو، بە هەموو سنوورداری و بەرفراوانی گونجاو خۆیەوە کە ناچار بە هاوەڵایەتی و پەیوەندییەتی بە ئەوانی ترەوە.

پرسیارە میتافیزیکییە گەورەکانی وەک گەڕان لە دوی یەزدان و ئازادی و نەمری، پرسیارەکانی بوون و نەبوون، پەیوەندی مرۆڤ بە جیهانەوە یا زیندوومانەوە لە نێوان مەرگ و ژیاندا، کۆی ئەم پرسیارانە زادەی تەنیایین: تەنیایی دروست و فۆرمەلەیان دەکات.

ئەو کاتەیشی کە مرۆڤ بە ویستی خۆی واز لە شتەکان دەهێنێت، هێشتا هاوەڵی شتەکانە و پێیانەوە بەندە.

تەنانەت ئەو کاتەیشی کە مرۆڤ بە ویستی خۆی واز لە شتەکان دەهێنێت، هێشتا هاوەڵی شتەکانە و پێیانەوە بەندە. کاتێک هەقیقەتی مرۆڤ، گەر هاتوو بۆ چرکەساتێکیش بووە، لە تاکێتی و خودێتی مرۆڤ جیادەبێتەوە، ئەو جیابوونەوەیەی ڕێگەی بۆ خۆشدەکات پرسیارە هەتاهەتاییەکانی مرۆڤایەتی دابڕێژێت. ئەوەی وا دەکات دوای هەموو ئەو پرسیارانە بکەوێت کە لای تاکەکەس دروست دەبن و دەبنە مایەی تێڕامان.

هەمیشە مەترسی تەنیایی لەوەدا پەنهانە کە مرۆڤ خۆی لەدەستبدات. رەنگە یەکێک لە ئێمە بڵێت: ئەوە ریسک و مەترسییەکی پیشەگەرانەیە بۆ فەیلەسوف، مادام بە دوای ڕاستیدا دەگەڕێت، خۆی بە پرسیارگەلێکەوە سەرقاڵ دەکات کە پێیان دەڵێین میتافیزیکی، لەکاتێکدا پرسیارێکە کە لە واقیعدا هەمووان پێوە سەرقاڵن و بۆیان گرنگە.

وا دیارە، چارەسەری فەیلەسوفەکان ئەوە بوو تێبینی ئەوە بکەن کە لە هزری مرۆڤدا ڕەگەزێک هەیە دەتوانێت هەموو ڕەگەزەکانی تر بخاتە ژێر ڕکێڤی خۆیەوە و ملیان پێبدات، هەروەها هێزێکی دیاریکراو بخوڵقێنێت. ئێمە وا راهاتووین کە بەم بیرکردنەوەیە بڵیین لۆژیکی دەستکراوەیی و مافی بڕیاردان، لۆژیکێک کە هەر کات بڵێین فڵانە پرەنسیپ یا گوزارشتی دیاریکراو لەناو خودی خۆیدا خاوەنی هێزی باوەڕپێهێنانە، دژمان دەوەستێتەوە. واتە بڵێین تایبەتمەندێتییەک هەیە کە بە سەر مرۆڤیدا دەسەپێنێت بە فڵانە پرەنسیپ ڕازی بێت و قبوڵی بکات.

بەو دواییانە بۆمان دەرکەوت کە ئەوەی دەستکراوەیە و وەک هێزێکی زەبەلاحی ملپێکەچکردن دەسەڵاتی بەسەر هزری خەڵکیدا هەیە، ستەمکارییە، هزری ستەمکارانەیە، نەک ئەو بەڵگە و بیانوانەی کە لە سەریان دروستبووە و خزمەت بە ستەمکاریی سیاسی دەکەن. بەڵام ئەو ڕاستییەیش هەر دەمێنێتەوە کە دەڵێت: هەموو کۆتاییەک لە مێژوودا، لە هەناوی خۆیدا هەڵگری سەرەتایەکی نوێیە. سەرەتا تاکە بەڵێنێکە، تاکە پەیامێکە کە هەر کۆتاییەک دەتوانێت بیدات و بیگەیەنێت. جارێک (ئۆگەستین)یش وتویەتی: مرۆڤ بۆ ئەوە خوڵقاوە تا سەرەتای تازە بوونیان هەبێت، تاکە گەڕانتیش بۆ ئەو سەرەتایە پابەندە بە لە دایکبوونی نوێوە کە لە ڕاستیدا بریتییە لە هەموو مرۆڤێک.


سەرچاوە: