هایدێگەر، ڕاڤەکردنی نیهیلیزمی نیتچە

‎ مێژووی نیهیلیزم و لە بیرکردنی بوون

‎لەناو تەواوی چەمکە نیتچەییەکاندا، تاکە چەمکێک کە هایدێگەر وەک چەمکێکی خۆی وەریگرتبێت و خۆی بە خاوەنی زانیبێت، چەمکی نیهیلیزمە. پرسیاری ئەم سیحر و تەلیسمە لە کوێوە دێت؟ و چی شتێکی جەوهەری لەم چەمکەدا هەیە بۆ هایدێگەر تا هێندە پێداگیریی لە سەر بکات و خۆی بە خاوەنی بزانێت؟ لێرەدا زیاتر لە هەر شوێنێک کە بۆ کارکردنی هایدێگەر بگەڕێین لە سەر ئەم چەمکە، کۆرسەکانێتی لە eiträge دا.

‎لە لاپەڕە سەرەتاییەکانی یەکەمین کۆڕسی لە Beiträge دا لە ساڵی ۱۹۳٦، ئیرادە و ویستی هێز بەو شێوەی کە هونەرە، لەگەڵ خوێندنەوەیەکی گرنگ و کاپیتاڵی چەمکی نیهیلیزم لەناو فەلسەفەی نیتچەدا دەنووسێت “پێویستە لەسەرمان خاوەنی مەعریفەیەکی قوڵ و جددی بین، بۆ تێگەیشتن لەوەی نیتچە دەیەوێت لە ڕێگەی نیهیلیزمەوە ڕەسمی بکات”[1]

 لێرەوە هایدێگەر ئەوە ڕادەگەیەنێت کە تەفسیرکردنەکەی دوورە لەو کۆمێنتاتور و ستووننووس و شاعیرانەوە کە باسی نیتچەیان کردووە، دوورە لەو ئەنارشیستانەوە کە لە چەمکی نیهیلیست دونیایەکیان درووستکردووە، دژ بە هەموو پێناسە و دیاریکردنێک، هایدێگەر لە سەرەتای کۆرسەکەوە شتێکی دیکە پێشنیار دەکات و چەمکی نیهیلیزمی پێوە گرێداوە، گرێدان و بەستنەوە و لکاندنی بە مێژووی فۆندەمۆنتاڵ و بنەڕەتیی فیکر و بیرکردنەوەی ڕۆژئاواوە، نیهیلیزم فاکتێکی فۆندەمۆنتاڵی ناو مێژووی ڕۆژئاوایە… کارێکتەری بنچینەیی ڕووداوێکە لە مێژووی ڕۆژئاوادا… مۆدێۆیفۆندەمۆنتاڵی جوڵەیەکی مێژووییە.[2]

پۆرترێتی نیتچە

‎لە ڕێگەی وشەی نیهیلیزمەوە لای نیتچە، هایدگەر پێمان دەڵێت كه‌ دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێکی دەگمەن و تاقانە و تاک و تەرا لە مێژووی ڕۆژئاوادا کە هاوڕێیە لەگەڵ لە دایکبوونی فەلسەفەی سوکراتدا. نیتچە ئەم ڕووداوەی دۆزییەوە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و جاڕدانی: مەرگی خوداوە. ئەم ڕاگەیاندن و جاڕدانە، هایدێگەر پێمان دەڵێت؛ نابێت وەک پرەنسیپێکی ئەتەیستیی و بێباوەڕی لێی تێبگەین. نیتچە زیاتر باس و خواسی لە جەوهەری نیهیلیزمە، لەگەڵ مەرگی خوداوەندا، بە واتایەکی دیکە لەگەڵ هاتنی پلاتۆنیزمدا، تەواوی بەها باڵاکان بێنرخ و سووک بوون و فەزیلەتە داهێنەرانەکەیان ون کرد. بوون بە دژیەک و بەرانبەربوونەوە و بەرهەڵستکاری یەکتر. لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا، بۆ نموونە دەستمانکرد بە پۆلێنکردنی چاکە، ئەو مرۆڤەی کە گوێ دەگرێت لە دڵی و، ئەو مرۆڤەی لە ڕێگەی ئەرکەوە. بە کورتی و بە پوختی، لەگەڵ هاتن و گەیشتنی نیهیلیزمدا، بیرکردنەوە سست و لاواز دەبێت. چیتر تێرمێک نییە بۆ چارەسەرکردن وەک ئەوەی لە پێشدا وابوو. بە پێچەوانەوە، لەناو تەواوی ماناکاندا دێت و دەچێت. تەوای بەهاکان پێداگیری و جەختکردنەوەی خۆیان ونکردووە، پێناسە و تایبەتمەندی خۆیان ونکردووە، ئەو هێزەی ونکردووە کە ئەکسیۆنی بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو ئاراستە دەکرد. لە دایکبوونی نیهیلیزم بوو بە هاوڕێ لەگەڵ لە دایکبوونی سووککردن و بێنرخکردنی ژیاندا. لە پلاتۆوە، بیرکردنەوە لە زەوی دوورکەوتەوە و لە ئاسمان و جیهانە سەرو حسسییەکانی ئایدیاکاندا جێگیر بوو، ئەمەش بە دابەزاندن و نزمکردنەی ژیان کەوتەوە. دونیا و جیهانی حسسیی وەک ناـ بوون کەوتەوە و حەقیقەتی خۆی ونکرد. بەڵام نیهیلیزم بە تەنیا ڕووداوێکی تێپەڕ نییە کە لەناو زەمەندا جیا ببێتەوە، بەڵکوو مێژوویشە. نیتچە لەو بڕوایەدا بوو کە ئەم جوڵە دەسپێکردووە لەلایەن سوکرات و ئەفلاتونەوە، هەرگیز بە پرسیار نەهێنراوە و نەخراوەتە ناو پرسیار لێکردنەوە، تەواو بە پێچەوانەوە، لەگەڵ کریستیانیزمدا زیاتر خۆراکی پێدراوە و پاڵی پێوەنراوە، ئەمەش واتە کریستیانیزم زیاتر لە سوکرات ژیانی سووک کردووە. بڵاوکردنەوە و فێرکردنی بەهاگەلێک کە بوونی واقیعی بێنرخ دەکات لەناو ژیانێکی تردا لە ئاسمانەکاندا. مۆدێرنیتێ شتێکی دیکە نەبوو جگە لە شوێن پێ هەڵگرتن و شوێنکەوتنی ئەم جوڵەیە؛ مۆدێرنیتێ کە وا لە خۆی دەڕوانێت تێپەڕاندنی پلاتۆنیزمە، لە ڕاستیدا هەر کەڵکەڵە و ماخولیایەکی پلاتۆنی و کریستیانییە لە دوورخستنەوە و نەفی ژیان. تەواوی فەلسەفە مۆدێرنەکانی شت لەخۆیدا، chose en so، فەلسەفەکانی مۆراڵ، ئایین، هەموو ئەمانە لەناو مۆدێرنیتێدا جگە لە پلاتۆنیزمێک کە خۆی لە بیر کردووە هیچی تر نییە. توانا و دەسەڵاتی نیهیلیزم لەوە نەکەوتووە و، دەسبەرداری گەشەکرنی خۆی نەبووە لە سەروبەندی گەیشتن و هاتنییەوە. تا ڕۆژی ئەمڕۆ فەرمانڕەوایی و حاکمییەت و دەسەڵاتی لە سەر پێیە، ئەمەش لەناو تەواوی پانتاییەکانی ژیان و مەعریفەدا. بە تەنیا لە مەیدان و پانتاییەکانی زاست، فەلسەفە و مۆراڵدا نەوەستاوە، بەڵکوو لە هەموو شوێنێک مومارەسەی خۆی دەکات، لەناو ئەو زمانەی کە قسەی پێدەکەین، لەناو گرامەردا، لەناو لۆژیکدا، تەنانەت لەناو هونەریشدا کە وایدەبینین پانتاییەکی پاک و بێگەردە کە ژیان تێیدا گوزارشت لە خۆی دەکات، دەسەڵاتی نیهیلیزم بە تەواوی پەرش و بڵاو بۆتەوە. زیاتر لە ڕووداوێکی تاک و تەڕا و، زیاتر لە مێژوویەک، نیهیلیزم ڕووداوێکی فۆندەمۆنتاڵە، کاتێک کە سەرکەوتوو بووە لەوەی هەیمەنەی بە سەر تەواوی پنتەکانی ژیاندا بسەپێنێت، لەبەر ئەوەیە کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژە کە چوارچێوەکانی فەلسەفەیەکی تێکشکاندووە، چوارچێوەکانی سیستەمێکی بەهای تێپەڕاندووە. بۆ ماوەیەکی درێژە بووە بە فاکتێکی فۆندەمۆنتاڵ و بنچینەیی و بنەڕەتی ڕۆژئاوا. بەڵام لێرەدا مەبەستمان لە فۆندەمۆنتاڵی چییە؟ مەبەستمان لە کارێکتەری فۆندەمۆنتاڵیی ئەوەیە کاتێک لە فینۆمینەکانی ڕووخسار و سەر ڕووتەختدا دەرناکەوێت، سیمپتۆمگەلێک نین تەنیا لە تەماشاکردن و نیگایەکی سادە و ساکار و ڕاگوزەر ببینرێت. فۆندەمۆنتاڵ ئەو پرەنسیپەیە کە لە قۆڵاییەکاندا دەدۆزێتەوە و کەشف دەکرێت. نیتچە لە ڕێگەی تێرمی نیهیلیزمەوە سیستێمی بەهاکان ڕەسم ناکات، سیستێمی ئەو بەهاگەلەی لە ڕۆژئاوادا هژمونکار و زاڵە، بەڵکوو زیاتر قۆڵایی و پرەنسیپەکان دێنێتە بەر باس و خواس. ئەو باکگراوند و پرەنسیپانەی کە سەرچاوە و ژێدەری ئەم بەهاگەلەن. “ناونیشانی کتێبی سێیەمیم ویستی هێز پرەنسیپێکی نوێی دەزگای بەهاکانە”، لەم دیدگایەوە زۆر ئیلهامهێنەرە، بە بیرمان دێنێتەوە کە ئەوەی پرسیارە لای نیتچە گۆشەنیگای فەلسەفەکان نین کە سەرکەوتوون لە ڕۆژئاوا و، مۆراڵ نییە، بەڵکوو زیاتر هۆکارە قوڵەکان و پرەنسیپی شاراوەی تەواوی فەلسەفە و بەها و گۆشەنیگاکانن. چونکە ئەو بیر لە فاکتی فۆندەمۆنتاڵ و بنچینەیی ڕۆژئاوا و پرەنسیپەکانی دەکاتەوە، ئەوانی لە سەری خۆیان دامەزراندووە. فەلسەفەی نیتچە ناتوانێت مۆراڵێک بێت، ناتوانێت چەمکاندنێک بێت سەبارەت بە جیهان، کۆدێکی باش بێت بۆ ڕابەرایەتی کردن، پێشەنگ بوون، بەڵکوو بیرکردنەوەیەکە لە پرەنسیپ و سەرچاوە و ژێدەرە شاراوە و نهێنییەکانی بەهاکانی ڕۆژئاوا، بەها ڕۆژئاواییەکان. دۆکترینێکی ڕەخنەیی نییە کە دژ بوەستێتەوە بە سیستەمێکی بەهاکان، بەڵێندەر و موژدەدەری کۆدێکی مۆراڵی نییە. تێڕوانین و گۆشەنیگای فەلسەفی نیتچە شوێنگەیەکە دەکەوێتە ئەودیو چاکە و خراپەوە، شوێنگەی قوڵایی و پرەنسیپەکانە. ئەگەر نیهیلیزم ئەوە بێت کە لە قوڵاییەکاندا خۆی حەشار دابێت، بە دڵنیاییەوە دەبێت مێژوویەکی تایبەت بە خۆی هەبێت کە بە زەرورەت ناگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووەی کە دیار و بەرچاوە. لەبەر ئەوەی بەهاکان لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە بگۆڕێن و گۆڕانکارییان بە سەردا بێت حوکمدان لەبارەی ئەوەی چاکە و ئەوەی خراپە دەتوانن بگۆڕێن؛ بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە بە ناچاری و بە هەمیشەیی دەربڕی ئەوە نین کە جوڵەیەک بن لەناو پرەنسیپە ڕیشەیی و فۆندەمۆنتاڵەکاندا. تەواو بە پێچەوانەوە، هەمان ڕوانگەی قوڵاییەکان دەتوانن دەسپێک و کۆتایی شتێک ببینن و وەک بوونێکی پێچەوانە دەتوانن بوونێک بن لە سەرچاوە و ژێدەری سیستەمی ئەو بەهاگەلەی لە سەردەمێکی جیاوازدا دەردەکەون. ئەو نموونەیەی نیتچە بۆ ئەم پرسە وەریگرتووە و، شایەدی مانەوەی پرەنسیپ و قوڵاییەکانن لە مێژووی ڕۆژئاوادا. ئێمە دەتوانین ئەوە ببینین کە کریستیانیتێ، مۆدێرنیتێ و بیرکردنەوەی سوکراتی وەک جیاواز و ناهاوشێوە دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا یەک پرەنسیپ و یەک قوڵاییان هەیە، هەمان پرەنسیپگەل و هەمان ڕێشەیان هەیە ئەگەرچی دەرکەوتنی فریودەرانەیان هەبێت و بانگەشەی جیاوازیش بکەن. ئەم مێژووەی قوڵاییەکان بە زەرورەت و بە ناچاری دەگەڕێتەوە بۆ کاتی بوون، وەختی بوونێکی قوڵاییەکان، زەمەنیەتێکی نامێژوویی. مێژووی ڕۆژئاوا کە لە ڕوخساردا وەک سەرکەوتن و سیحری سەردەمێک دەردەکەوێت، لە فەلسەفە و لە بەهای جیاوازدا، بەڵام یەک ڕێشە و هەمان ژێدەریان هەیە. مێژووی ڕۆژئاوا هیچ ناکات جگە لە دووبارەبوونەوە، بە بێ پرسیار و بە بێ گومان، هەمان پرەنسیپگەل لە پشتەوەی جێهێشت و دوورکەوتنەوە لە حەقیقەت شاراوەتەوە، لە قوڵاییەکاندا، لە پرەنسیپەکاندا. کەواتە نیهیلیزم ئەو واتا و مانای مێژووە فۆندەمۆنتاڵەی ڕۆژئاوایە، ئەو مێژووەیە کە بە شێوەیەکی نهێنی لە هەناوی مێژووی سەردەمییدا کار دەکات. لەو شوێنەی کە سەرنج و تێڕوانینی مێژوونووسانی ئایدیاکان وەک جیاوازی دەیبینن لەناو سەردەم و سیستێمی بەهاکاندا. بۆ ئەو کەسەی کە لە سۆنگەی قوڵاییەکان و پرەنسیپەکانەوە بیر دەکاتەوە، گەڕانەوەی هەمان شت، جیاوازیگەلێکی مێژوویی کە جێگیریی و نەگۆڕێکی مێژوویی لە پشتەوەی هەیە، تەنیا بیرکردنەوە و تەفسیرێکی قوڵ و فۆندەمۆنتاڵ دەتوانێت ئەمە ببینێت. ئەوەی کە بڕیاردەر و یەکلاکەرەوەیە، ئەوەی کە لە ڕێگەی چەمکی نیهیلیزمەوە نیتچە دەیبینێت، ئەوەیە کە جەبر و قەدەرێکی هەمیشەیی و ئەبەدی نابینێت، چارەنووس و قەدەرێکی کوێرانە نابینێت بەو شێوەیە ڕۆژئاوا نەتوانێت لێی ڕا بکات. تەواو بە پێچەوانەوە، نیتچە لەو بڕوایەدایە کە نیهیلیزم ئاراستەی بەرەو ئامانجێک گرتۆتە بەر، بەرەو تێپەڕاندن و جێهێشتنی خۆی دەڕوات. ئەم زەرورەت و ناچارییەش ئیرادە و ویستی کەسێک نییە، بەڵکوو تایبەتمەندی و سنووربەندییەکی خودی مێژووە. ئەم بە کۆتاگەیشتنەی لە خۆیدا هەڵگرتووە چونکە مەرگ و کۆتایی ئەم مێژووە لە هەناوی ئەکتی لە دایکبوونی خودی نیهیلیزمدا نووسراوە و خۆی تۆمار کردووە. هەر لە سەرەتا و دەسپێکە سوکراتییەکەیەوە، دەسپێکردنەکەی کۆتایی خۆی جاڕداوە و ڕایگەیاندووە. نیتچە ئەم مەرگ و کۆتاییەی لە ڕێگەی ڕستەی “مەرگی خوداوەند”ەوە دەربڕیوە. لە چرکەساتە سوکراتییەکەیەوە تا ڕۆژگاری ئێمە، ئێمە لەم مێژووەدا دەژین. کەواتە ئەم مێژووە مێژووی کۆتاییەکی ڕاگەیەنراو و جاڕدراوە هەر لە سەرەتاوە، بەڵام کۆتاییەک کە بۆ نزیکەی دوو هەزار ساڵە تێیداین. تاوەکوو ئێمە لە سەرەتا و دەسپێکی ئەم مێژووە دوور بکەوینەوە، زیاتر ڕووداوەکە بریقە و بریسکەدانەوەی خۆی ون دەکات. مێژووی نیهیلیزم گەشە و پەرەسەندنێک نییە، بەڵکوو مێژووی سەرەولێژبوونەوە و کەوتن و ڕووخانێکە. تەحەولکردن و گۆڕانی تەواوی بەهاکان، وێرانبوون و شیبوونەوەی میتافیزیک، دەسپێککردنی مێژوویەکی تر هیچ نین جگە لە بە کەماڵ گەیشتن و تەواو بوونی مەرگێکی ڕاگەیەنراو و جاڕ بۆ دراو، لە سەروبەندی دەسپێک و دەسپێکردنە گریکییەکەیەوە. فەلسەفەی نیتچە دروستکردنی وشیاریی و ئاگادارکردنەوەیەکە سەبارەت بەم کۆتاییە. لەبارەی مەرگ و تێپەڕاندنی مێژووی نیهیلیزم، هایدێگەر لەو باوەڕەدایە کە نیتچە بیری لەم ڕووداوە نەکردۆتەوە بەو شێوەی مێژووناسانی ئایدیاکان سەروکاریان لەگەڵدا هەیە، ئەو بە ئامانجی تێپەڕاندن و بە سەریدا سەرکەوتن بیری لێکردۆتەوە، بۆ نیتچە، بیرکردنەوە لە نیهیلیزم پێش هەر شتێک، بیرلێکردنەوەیەتی لە گۆشەنیگا و تێڕوانیێکی تێپەڕاندنییەوە. کاتێک نیهیلیزم فاکتێکی فۆندەمۆنتاڵ بێت، تێپەڕاندن و سەرکەوتن بە سەریدا پێویستە سەر بە هەمان نەزم بێت، تەنیا ڕەفتار و هەڵسوکەتێکی فۆندەمۆنتاڵ لەناو شوێنکەی نیهیلزمدا دەتوانێت لەگەڵیدا تا ئەوپەڕ بڕوات. سەرکەوتن بە سەر نیهیلیزمدا دوا دەکەوێت و بە جێدەمێنێت ئەگەر بیرکردنەوە سەرقاڵیی و مەشغەڵەتی ببێت بە شوێنگرتنەوە و فەلسەفەیەک لەلایەن فەلسەفەیەی ترەوە و شوێنگۆڕکێ، یان شوێنگرتەوە و شوێن پێ گۆڕینی جەستەیەکی بەهاکان بە جەستەیەی تری بەهاگەلێک. تێپەڕاندنی نیهیلیزم بە وەرچەرخان و تەحەول بوونی بەهاکان نەبێت، نابێت، بە دەست لێدان و گۆڕانکارییەکی سادە و ساکار نابێت. هەر جارێک، لەناو هەر تەحەولێکدا، ئەم تێپەڕاندنە ناتوانێت خۆی مومارەسە بکات لە سەر زەمینە قوڵەکان، ئەو قوڵاییانەی هێزی خۆی لێوەردەگرێت ئەگەر لە دەرەوە بێت. واتە دەبێت لە هەناوی مێژووی فۆندەمۆنتاڵی ڕۆژئاوادا بێت. تێپەڕاندنێک، بازدانێک نییە بە کتوپڕی نیهیلیزم بخاتە دواوەی خۆی، تەواو بە پێچەوانەوە، پێش هەموو شتێک تەفسیرکردن و ڕاڤەکردنە هاوڕێ لەگەڵ هەمان مێژوودا، لەگەڵ ئەوەی کە ناوی لێناوە حەقیقەتی هەبووەکان، حەقیقەتێک بۆ هەبووەکان، زەمەن و مرۆڤ، نیتچە تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بەرگری لەو ئایدیایە بکات، کە بیرکردنەوەی تێپەڕاندن و بیرکردنەوە لە تێپەڕاندن ناتوانێت لەگەڵی بڕوات، تەنیا لەوێدا نەبێت کە دەبێ بە نیهیلیست. بۆ تێپەڕاندنی نیهیلیزم، پێش هەر شتێک پێویستە خودی خۆی ببێت بە نیهیلیست و، لەناو نیهیلیزمدا و لەگەڵیدا دەستەویەخە ببێتەوە. بیرکردنەوەی گەڕانەوەی هەمیشەیی نابێت بیر لە خۆی بکاتەوە تەنیا بەو پێیە نەبێت کە بە سەر نیهیلیزمدا سەرکەوێت لە خۆیدا.[3]

blank
بۆ نیتچە، بیرکردنەوە لە نیهیلیزم پێش هەر شتێک، بیرلێکردنەوەیەتی لە گۆشەنیگا و تێڕوانیێکی تێپەڕاندنییەوە.

لە دوو کۆرسدا، لەناو Beiträge دا، هایدێگەر وا لە نیهیلیزم تێدەگات، کە: تەنیا چەمکێک نییە کە بگەڕێتەوە سەر ڕووداوێکی فۆندەمۆنتاڵ لە بیرکرنەوەی ڕۆژئاوادا، ئەوەی کە لە لای سوکرات و ئەفلاتونەوە دەستی پێکردووە، بەڵکوو وەک جوڵەیەکی فۆندەمۆنتاڵ دەیبینێت کە بەردەوەمە لە بەردەوامییدان و ئیدامە بە خۆدان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە فیکری ڕۆژئاوادا. ئەم جوڵەیە پەرەسەندن و گەشەکردن و پێشکەوتن نییە، بەڵکوو سەرەولێژبوونەوە و کەوتنە. ئەگەرچی بەردەوامیش بێت لەگەڵ هێز و دەسەڵات و حاکمییەتێکی زۆردا، جوڵەی نیهیلیزم ڕایدەکێشێت بۆ ڕووخان و کەوتنێکی دڵنیاکەرەوە. فەلسەفەی نیتچە بە شێوەیەکی بنچینەیی و فۆندەمۆنتاڵی وا وێنای دەکات کە لە ڕێگەی ناچاری و زەرورەتەوە تێپەڕێت بۆ مێژوویەکی تر. بیرکردنەوە لە نیهیلیزم، بیرلێکردنەوەیە وەک گشتێک لە گۆشەنیکای تێپەڕاندنییەوە، لە تێڕوانین، لە تێپەڕاندن لەم گشتە نەک یەکێک لە پارچە و پێکهێنەرەکانی.

‎لە چرکەساتی یەکەمدا، هایدێگەر جۆرێک لە هاوڕایی و وێکهاتنەوەیەکی تەواوەتی هەبوو لەگەڵ چەمکی نیهیلیزمی نیتچەدا. هۆکارەکانی پشتەوەی ئەم ژێستەش بە بێگومانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوبیریی و هاوتێڕۆانینەی کە لە نێوان خوێندنەوەیەکی تایبەتکراو بۆ مێژووی بیرکردنەوەی ڕۆژئاوا لە بوون و زمەن. پاشان لە Beiträge دا هایدێگر و خوێندنەوەی نیتچەیی بۆ هەمان مێژوو بوونی هەیە. ئەم وەرگرتنەی هایدێگەر بۆ چەمکی نیهیلیزم لەوە زیاترە کە تەنیا سەروکار و سەرقاڵبوون بێت بە وشەکەوە، زیاتر تەرجومەکردن و بەرهەمهێنانێکی هاوڕاییەکی جەوهەرییە لە بارەی جەوهەری مێژووی ڕۆژئاواوە. وەرگرتنەکە لە ڕێگەی ڕزگارکردنی چەمکی نیهیلیزمەوە بوو لە تەواوی تەفسیرکردن و تێڕوانینگەلێک کە ڕایان دەکێشایە ناو کولتوورێکی پسیکۆلۆژی، یاخود ڕاکێشان و وەرگرتنی وەک دۆکترینێک کە فێر دەکرێت چۆنچۆنی وەک ئامانجگەلێکی ژیان چەسپێنراوە. بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە هایدێگەر ئەم تێنەگەیشتن و بەدحاڵیبوونەی لەلایەن قوتابییەکانی نیتچە و کۆمێنتێر نووسینەکانەوە ڕەد نەدەکردەوە، هەڵبژاردنی ئەم چەمکە لەلایەن چەندین ڕووناکبیرە و هونەرمەندەوە بۆ جەبر و شێوازی کارکردنی خودی نیهیلیزم دەبینی لە سەریان. ڕەهەندی یەکەمی ئەم وەرگرتن و وەچنگ کەوتنەی نیهیلیزم بۆ هایدێگەر لە هاوڕابوونییدا مانیفێست دەبێت سەبارەت بەوەی کە بیرکردنەوە و فیکری ڕۆژئاوا گشتێکی نەبینراو دەنوێنێتەوە. ئەوەی بۆ هایدێگەر مایەی لە سەر وەستان بوو، لەگەڵ چەمکی نیهیلیزمدا نیتچە سەرکەتوو بوو لە تەنیا ژێستێکدا شوێن پێی فیکر و بیرکردنەوەی ڕۆژئاوا هەڵگرێت لەناو تۆتالیتێ و گشتەکیی بوونیدا. لە ڕێگەی ئەم وشەوە، ڕابردوو، ئێستا، داهاتووی ڕۆژئاوای وەرگرت. تەواوی جیاوازییەکان، تەواوی گۆڕان و گۆڕانکارییەکان و هەڵگەڕانەوەکان بەرهەم و لێکەوتە و دەرئەنجامی ناو ئەم مێژووەن. تەحەولێکی ڕیشەیی و بنچینەیی و فۆندەمۆنتاڵ ڕووینەداوە. تەواوی ئەمانە، سەرجەمیان شوێنکەوتە و درێژبوونەوەی دۆکترینە سوکراتییەکەن؛ دۆکترینی دوو جیهان. ئێمە ئەوە دەزانین تەواو وەک نیتچە، هایدێگەر پێداگیرێکی سەرسەخت بوو لە بیرکردنەوەیدا سەبارەت بە کارێکتەری یەکێتیخواز و یەکێتییانەی میتافیزیکیای ڕۆژئاوا. لە “بوون و کات“دا، لە ڕێگەی چەمکی لە بیرکردن و لە یادکردنی بوونەوە L´oubli de l´être، ئەم کارێکتەرەی دەربڕیوە، گوزارشتی لەم کارێکتەرە کردووە. بۆیە، بۆ هایدێگەر وەک ڕووداوێک وەرگیراوە کە تۆتالیتێ و گشتێتی مێژووی ڕۆژئاوای ڕەنگڕێژ کردووە. پاش هاوڕایی هایدێگەر لە گەڵ نیتچەدا لە وەرگرتنی مێژووی ڕۆژئاوادا وەک گشتێکی جیانەبووەوە هاوڕاییەکی دیکە دێتە ئاراوە؛ هاوڕابوون لە سەر ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئەفلاتون کە لەم مێژووەدا گێڕاویەتی. سەبارەت بە ئەفلاتون، هایدێگەر پێگەیەکی تایبەتی پێبەخشیوە، پێگەیەکی تایبەتی بە فەلسەفەکەی داوە.

blank
مارتن هایدێگەر (١٨٨٩-١٩٧٦)

 نیتچە یەکەمین بوو کە پێگەی ئەفلاتون و ئەفلاتونیزمی لە مێژووی ڕۆژئاوادا ناسییەوە. نیتچە پلاتۆنیزمی دۆزییەوە لەناو شوێنە هەرە شاراوەکاندا، ئەمەش بۆ زۆر کەس گرنگە: کریستیانیتێ و بە سیکیولاریزەبوونەکانی بە شێوەیەکی گشتی (پلاتۆنیزمێکە بۆ ڕەشۆکی و عەوام). هەموو جارێک گرنگی پلاتۆ و تەواوی بیرکردنەوەو فیکری گریک هەرگیز وای لە نیتچە و لە هایدگەر نەکرد کە چرکەسات و سەردەمی گریک، وەک بۆ چەندین مێژوونووسی دیکە موعجیزە بوو، بە تایبەت بۆ چەند ڕۆمانتیکێی ئەڵمانی، بۆ نیتچە و هایدگەر وەک چرکەساتی کەوتن و سەرەولێژبوونەوە وەردەگیرا، ئەگەر چی کۆمەڵێک فەیلەسوف لە پێش نیتچە و هایدگەر و لە پاشانیش، سەردەمی گریکییان وەک چرکەساتی گەشانەوە دەبینی لە ئاسمانی دونیادا بلیمەتییەکی بێوێنە بوو. ئەم هاوڕاییە لەبارەی کرنی پلاتۆوە زیاترە لەوەی ڕقلێبوون و کینە بێت بەرانبەر ئەم بیرکردنەوەیە، مانیفێستی هاوڕاییەکی جەوهەری بوو کە سەبارەت بە دیاریکردن و تەعریفکردنی مێژووی ڕۆژئاوا هاتووەتە ئاراوە، مێژووی ڕۆژئاوا وەک دۆکترینێکی حەقیقەت. ئەو کردە و فاکتەی کە نیتچە لکاندی بە لە دایکبوونی نیهیلیزمەوە لەگەڵ لە دایکبوونی دۆکترینی ئەفلاتونیی حەقیقەت، بۆ هایدێگەر، دیارخەری ئەوەیە کە ئەو تێگەیشت تا چ خاڵێک دۆکترینی حەقیقەت سێنتراڵ و چەقە لەناو مێژووی نیهیلیزمدا. زیاتر لەمە، ئەمە ئەوە دەردەخات کە نیتچە لە هاتن و گەیشتنی نیهیلیزم تێگەیشت وەک تەحەول و وەرچەرخانێکی فۆندەمۆنتاڵ لەناو جەوهەری حەقیقەتدا. لە Beiträge دا، هایدێگەر هیچی تری نەکرد جگە لە شوێن کەوتن و شوێن پێ هەڵگرتنی ئەم تەحەولە نیتچەییە. ئەگەر نیتچە لەناو ئەکتی لەدایکبوونی مێژووی ڕۆژئاوادا ڕووداوی هەڵهاتنی حەقیقەتی تۆمار کردبێت لە جیهانی سەرو حسسییدا، ئەوا هایدگەر لەناو هەمان ئەکتی لە دایکبوونی ڕووداودا بێنرخبوون و دابەزین و سوکبوونی aletheia ی دەبینی. لە جیهێشتن و دوورکەوتنەوە لە بوون لە هەمان کات و سەروبەندی بە نزم پیشاندانی ژیاندا، لە بیرکردنی بوون دەردەکەوێت، هەر دووکیان یەک شتن. بۆ هایدێگەر و بۆ نیتچە، ئەفلاتون زیاتر لە ناوێک دەنوێنێت کە لە دایکبوونی نیهیلیزمی جێگیر کردبێت. ڕووداوێکی جەوهەرییە لەناو جەوهەری حەقیقەتدا. هایدێگەر هەڵگرەوەی هەمان ئایدیای نیتچەیە لەو شوێنەی کە مێژووی ڕۆژئاوا جگە لە سەرەولێژبوونەوەیەک هیچی تر نییە. ڕەنگە بە هۆی ئەم دابەزین و هەڵهاتنەوەوە بێت لە حەقیقەت کە هایدێگەر و نیتچە مێژووی ڕۆژئاوایان وەک مێژوویەک وەرگرتووە کە ڕووی لە بریقەدانەوە و ڕۆشنایی نییە، بەڵکوو ڕووی لە ڕووخان و وێرانبوونە. لای هەردووکیان، تا زیاتر ئەم مێژووە لە سەرەتا و دەسپێکی دوور بکەوێتەوە، زیاتر لە تاریکییدا ون دەبێت. مۆدێرنیتێ پەرەسەندن و پێشکەوتنێک نییە، ڕۆشنایی و نورێک نییە بە بەراوردکردنی بە زەمەنە پێشینەییەکانی، ڕێگە بڕین و ڕۆیشتنێکە ڕووە و کامڵبوون و تەواوبوونی لە جەوهەردا، کەوتنی جەوهەر. هایدێگەر بە هەمان شێوەی نیتچە، جاڕدەر و پەیامبەری ڕاگەیاندنی کۆتایی زەمەن و ئاپۆکالیپس نییە کە هەموو شتێک لە عەدەمدا دەبێت بە تارمایی. بە پێچەوانەوە، هەردووکیان وا بیر لە نیهلیزم دەکەنەوە کە ناو لێدەرچوون و تێپەڕاندن و سەرکەوتن بە سەریدا و، دەرگاکەیان واڵاکردووە لە بەردەم ئیمکانی گەیشتن و هاتنی مێژوویەکی دیکە. مێژووی نیهیلیستیی قەدەرێکی ئەبەدی و جەبرێک نییە بۆ هەمیشە. چەمکی نیهیلیزم بەو شێوەی کە جاڕدەری کەوتن و داڕووخان و وێرانبوونێکە، جاڕدەری دەسپێک و سەرەتایەکی تریشە، تا زیاتر دەسەڵات و حاکمییەتی نیهیلیزم بڕواتە پێشەوە، چرکەساتی بڕیارە گەورەکە و، تێپەڕاندنی نزیک دەبێتەوە. ئەم هاوڕاییە لەبارەی ئەو کردە و فاکتەی کە نیهیلیزم پێش هەر شتێک دۆکترینێکی حەقیقەتە، هاوڕاییەکی دیکە دێنێتە ئاراوە؛ سەروکار بوون لەگەڵ سروشتی تێپەڕاندنی نیهیلیزم. هایدێگەر و نیتچە، هەردووکیان وا بیر دەکەنەوە کە تێپەڕاندن و سەرکەوتن و، گۆڕانکاری مێژوویی ناتوانن خۆیان تەواو بکەن و بە کەمال بگەن تەنیا لە ڕێگەی تەحەول و وەرچەرخانێکەوە نەبێت لە جەوهەری حەقیقەتدا. هێڵەکە چیتر ڕەسمکردن و نەخشە بۆ کێشان نییە لە نێوان بیرکردنەوەیەکی ئایدیالیست و ماتریالیست، لە نێوان بیرکردنەوەیەکی تیۆری و پراتیک، لە نێوان زانست و هونەردا، بەڵکوو ڕەسمکردن و نەخشەکێشانە لە نێوان حەقیقەتێکی میتافیزیکی کە دەکەوێتە پشتەوەی هەموو شتێک، لەکەڵ نامیتافیزیک، بیرکردنەوەی تێپەڕاندن و جێهێشتن. پنتێکی دیکەی هاوڕابوونی هایدێگەر لەگەڵ نیتچەدا سەبارەت بە هەڵگرتنەوەی چەمکی نیهیلیزم، سەروکاری بە کاتیبوون و زەمەنیبوونی تێپەڕاندنەوە هەیە. تەواو وەک نیتچە، هایدگەر بیری لە تێپەڕاندن نەکردەوە وەک بازدانێک کە نیهیلیزم بخاتە پشتەوەی خۆی. بە پێچەوانەوە، تێپەڕاندن و سەرکەوتن بە سەر نیهیلیزمدا لە ڕێگەی تەفسیرکردن و شیکردنەوەیەکەوە نەبێت، ناتوانێت مومارەسەی خۆی بکات، بە شێوەیەک کە هەمیشە نیهیلیزم بە یاد بهێنێتەوە. لە پاش شیکاری و شیکردنەوەیەکی دوور و درێژی دەقەکانی نیتچە لە لایەن هایدێگەرەوە سەبارەت بە ڕادیکاڵێیەتی تێپەڕاندنی نیتچەیی میتافیزیک، بۆهایدێگەر گەڕانەوەی هەمیشەیی، بیرکردنەوەی نیتچە، وەرچەرخانێکی ڕادیکاڵ بوو، هەڵگەڕانەوەیەکی نیهیلیزم بوو. زیاد لە جارێک لەناو کۆرسەکانیدا، هایدێگەر هاوڕابوونی خۆی نەشاردۆتەوە و بەیانی کردووە، هاوڕابوونی لەگەڵ تێپەڕاندنی نیتچەیی[4].

سەرباری هاوڕایی هایدێگەر لەگەڵ نیتچەدا سەبارەت بە مانای وشەی نیهیلیزم، سەبارەت بە خوێدنەوەی مێژووی ڕۆژئاوا، هایدێگەر لە هەندێک جێگەدا لە نیتچە جیا دەبێتەوە:

‎سەرباری هاوڕابوونی هایدێگەر لە سەر پێگەی گرنگ و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئەفلاتون و، پێگەی ناوازەی، هایدگەر دوورتر دەڕوات و مێژووی نیهیلیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ پێش ئەفلاتون، بۆ پارمینید و هیراکلیت، تەنانەت ئەناکسیماندر. هایدگەر لەو بڕوایەدایە کە دەسپێکی یەکەم دەکەوێتە ئەودیو فەلسەفەیەکی بیرمەندێکەوە. تەواوی بیرکردنەوەی گریک لە ئەناکسیماندەرەوە بۆ ئەریستۆ دەربڕی تەنیا ڕووداوێکە، جێهێشتن و لە بیرکردنی بوون. لە خۆیدا شوێن پێ و جێکەوتەی ئەم ڕووداوەی نەخشاندووە.

‎ڕووداوی نیهیلیزم وەک ئەوەی نیتچە لە مەرگی خوداوەندەوە دەیبینێت، ناکاتە مەرگی خوداوەند و بێنرخبوونی تەواوی بەهاکان، نائامادەیی و غیابی ئامانج، دابەزاندن و سووککردنی ژیان، جێهێشتنی جیهانی مەحسوسەکان، هەڵهاتن و ڕاکردن لەناو جیهانی ئایدیکاندا، بەڵکوو جێهێشتن و لە بیرکردن و لە یادکردنی بوونە. لە Beiträge دا، هایدێگەر جیابوونەوە و جیاکاری خۆی لەگەڵ نیتچەدا بەیان دەکات سەبارەت بەوەی چی لە قوڵایی یەکەمین دەسپێکردنەوە هەیە. بۆ هایدێگەر، کارێکتەری بنچینەیی و فۆندەمۆنتاڵی مێژووی ڕۆژئاوا جێهێشتن و لە بیرکردنی بوونە. ئەوەی نیتچە دۆزیویەتییەوە تەنیا فینۆمینێکە لە سەر ڕووتەخت و لە ڕووخساردا.

‎جیاوازییەکی جەوهەری لەگەڵ نیتچەدا سەبارەت بە تەعریف کردن و تایەتمەندکردنی ئەوەی فۆندەمۆنتاڵ و بنچینەیێە، هایدێگەر وایدەبینێت کە مێژووی بیرکردنەوە و فیکری ڕۆژئاوا دووبارەکردنەوەی دۆکترینی دوو جیهان نییە، بەڵکوو زیاترە و دەکاتە زاڵبوونی هەیمەنەی گشتیی و تۆتالی هەبوون لە سەر بوون. فەلسەفەی پلاتۆ، ئەرستۆ، دیکارت، کانت و هیگڵ بە قوربانیکردنی ئەم ڕووداوە فۆندەمۆنتاڵەیە.

‎جیاوازیی سەبارەت بەوەی نیهیلیزم چییە و لێکەوتەی هەبووە، سرووتی تێپەڕاندن و سەرکەوتن بە سەریدا، هایدگەر لەو بڕوایەدایە بە تەنیا ناتوانین لە ڕێگەی هەڵگەڕانەوەیەکەوە بێت، یاخود لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوە و ڕووخاندنی پلاتۆنیزم و دۆکترینی دوو جیهانەکەیەوە، بەڵکوو تەنیا و تەنیا لە ڕێگەی گەڕانەوەیەکەوە دەبێت بۆ بوون.

پەراوێز:


[1] Martin Heidegger, Nitzsche, I, P. 32

[2] M. Heideggr, Nietzsche, I, P. 32.

[3] Heidegger, Nietzsche, I, P. 139- 140.

[4] M.Heidegger, Nietzsche, I, p. 308.