کوردستانی پشت قەفقاس و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە
ناوونیشانی کتێب:
هەورامی، ئەفراسیاو. کوردستانی پشت قەفقاس، دۆسیەی تاوانەکانی ڕژێمی سۆڤیت بەرامبەر بە کوردەکانی ئەم وڵاتە، پێداچوونەوەی سەدیق ساڵح، سلێمانی، بنکەی ژین،٢٠٠٦، لاپەرە ٤٨٧.
بابەتی کتێب:
پەردەهەڵدانەوە لە تاوانەکانی ڕژێمی سۆڤیت بەرامبەر بە کوردەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها نووسینەوەی بەشێک لە مێژووی کوردستانی پشت قەفقاس، بابەتی سەرەکی ئەم کتێبەیە.
خوێندنەوە و ڕخنەی ئەم کتێبە لە دوو بەشدا ئاراستە دەکرێت، ناساندنی نووسەر، ڕخنەی ناوەکی.
ناساندنی نووسەر:
ئەفراسیاو هەورامی لە دایکبووی ساڵی ١٩٥٧ی شارۆچکەی نۆدشە سەر بە ناوچەی هەورامانە. پهیمانگای مامۆستایانی له ئێران تهواو کردووه و بووەتە مامۆستا لە ناوچەی سەردەشت. لە سەرەتای دەسپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران گەڕاوەتەوە نۆدشە و لە ناوچەی هەورامان دەستی بە چالاکی سیاسی و حیزبی کردەوە و پاش سەرکەوتنی شۆڕش ناچار بووە وڵات جێ بهێڵێت. سهرهتای ههشتاکان بۆ خوێندن چووهته مۆسکۆ و خوێندنی یاسای له زانکۆکانی مۆسکۆ درێژه پێداوه. پاشان بڕوانامهی دکتۆرای له مێژوودا وهرگرتووه و سهرقاڵی کارکردن بووه له ئارشیڤی کۆمارهکانی یهکێتی سۆڤیهتی پێشوو. ژمارەیەک وتار و لێکۆڵینهوهی له ڕۆژنامه و گۆڤار و میدیاکاندا بڵاوکردووهتهوه. بهداخهوه له شهوی ١٥ی دیسهمبهری ٢٠١٠ کۆچی دوای کردووە.
١) شۆرشی شێخ سهعیدی پیران و سۆڤیهت، دهزگای سەردەم ٢٠٠٤، ٢) تراژیدیای کوردهکانی سۆڤیهت، مهکتهبی بیروهۆشیاری ٢٠٠٤.،
٣) مستهفا بارزانی له ههندێ دیکیومێنت و بهڵگهنامهی سۆڤیهتیدا. دهزگای ئاراس ٢٠٠٣،
٤) کورد له شهڕهکانی ڕووسیا لهگهل ئێران و تورکیادا (لهسهدهی نۆزدهههمدا). وهرگێرانی له ڕووسیهوه. مهکتهبی بیروهوشیاری ٢٠٠٤.
٥) لهکوردستانی ئێراقهوه تا ئهوبهری ڕووباری ئاراس. وهرگیڕانی له فارسییهوه بۆ ڕووسی. ٢٠٠٣،
٦) له مههابادی خوێناوییهوه ههتا لێوارهکانی ئاراس. وهرگیڕان له فارسییهوه بۆ ڕووسی،
٧) بارزانی و بزوتنهوهی ڕزگاریخوازی کورد. وهرگیران له کوردییهوه بۆ ڕووسی ٢٠٠٥.
٨) بزوتنهوهی کورد له سهردهمی هاوچهرخدا. وهرگیڕان له ڕووسییهوه بۆ فارسی،
٩) پیوهندیهکانی ئازهربایجان و کوردستان لهسهردهمی کۆماری مههاباددا.
،١٠) کورد له ئهرشیفی ڕووسیا و سۆڤیهتدا. دهزگای موکریان ٢٠٠، ١١) کوردستانی پشت قهفقاز. سلیمانی بنکهی ژین٢٠٠٤
١٢) پهیوهندیهکانی کوردستان و ئازهربایجان و ههرهسهێنانی ههر دوولا له ساڵی ١٩٤٦دا. سلیمانی بنکهی ژین ٢٠٠٨
١٣) سیناریۆی ڕووداوهکانی ڕۆژههڵاتی کوردستان پیش دامهزراندنی کۆماری مههاباد.
١٤) کورد و کوردستان له بهڵگهنامهکانی بهریتانیا. وهرگێڕان بۆ ڕووسی.
١٥) بیبیلۆگرافیا لهسهر کوردناسی. دوو بهرگه چاپ نهکراوه. له ڕووسییهوه کراوه به کوردی،
١٦) بزوتنهوهی سمکۆ و سۆڤیهت. چاپ نهکراوه
١٧)شێخ عبدوسلام بارزانی. چاپ نهکراوه
١٨)کوردهکانی خۆراسان و ڕاپهڕینهکانیان. چاپ نهکراوه،
١٩) مێژووی کورد و کوردستان. وهرگێڕان بۆ کوردی. چاپ نهکراوه،
٢٠) بهڵگهنامهکانی سهفارهتی ئهمهریکا له تاران سهبارهت به ڕووداوهکانی ئێران له سهردهمی شهڕی جیهانی دووههم. وهرگێڕان له ڕووسییهوه بۆ کوردی.
٢١) کومەڵەی ژیکاف.
سەرجەمی بەرهەمە چاپکراو و نەکراوەکانی نووسەرن.
بەشداری لە بزاڤی چەپ و وەرگرتنی دکتۆرای مێژوو و شارەزایی زمانی ڕووسی و کار لە ئارشیوەکانی ڕووسیا نووسین و کارکردنی نووسەر لە بواری ڕووسیا و کوردەکانی ڕووسیا شەرعییەت دەبەخشێت.
چۆنیەتی دامەزراندنی کوردستانی سوور(٣٠- ١٩٢٣) و هەڵوەشانەوەی ئەم قەوارە کوردییە لە بەشێکی نیشتمانەکەیدا و سەرەنجام دەربەدەرکردنی کورد لە سەردەمی ستالین ئامانجی سەرەکی نووسەر بووە لە نووسینی ئەم کتێبە. نووسەر دەیەوێت پەردە لە سەر ئەم بەشە گرنگەی مێژوو هەڵبداتەوە و هەروەها لە ڕێگەی بەڵگەوە تاوانیڕووسەکان لە ئاست کورد بخاتە ڕوو. (هەورامی،٢٠٠٦ : ٥)
لەم کتێبەدا نووسەر دەیەوێت ئەو ڕوانینەی کە وا سەردەمانێک لە کوردستاندا باو بووە کە گوایە ڕووسیا و سۆڤێیەت دڵسۆز و پێشتوانی زمان و گەلی کورد بوون بداتە بەر ڕەخنە و بیسەلمێنێت بە پێچەوانەوە ڕووسەکان زۆرترین تاوانیان دەرهەق بە گەلی کورد کردووە.
بابەت:
ناوونیشانی سەرەکی ئەم کتێبە هەڵگری سێ وشەی «کوردستانی» و «پشت» و «قەفقاس»ە و هەروەها ناوونیشانی فەرعی (لاوەکی) بریتییە لە هەشت وشەی «دۆسیەی»، «تاوانەکانی»، «رژێم»، «سۆڤیت»، «بەرامبەر»، «بە»، «کوردەکانی»، «ئەم»، «وڵاتە»، ناوونیشانەکان هەڵگری دوو واتان یەکەمیان گوزارەشت لە مێژووی دەسەڵاتێکی کوردی نەناسراو و کەمتر ناسراو بە نێوی «کوردستانی پشت قەفقاس» یان «کوردستانی سوور» دەکات و دووەم؛ تاوانەکانی ڕژێمی سۆڤێیەت دەرهەق بە کوردەکانی ئەو ناوچەیە دەخاتە ڕوو. خاڵی گرنگ لەم نێواندا ئەوەیە لە ناوونیشانی ئەم کتێبە بازنەی زەمەنی دیاری نەکراوە گەرچی لە پێشەکیدا ئاماژەی پێکراوە.
ناوونیشانی ئەم کتێبە باس لە چەمکی کوردستان و دەسەڵاتێک بە نێوی کوردستانی پشت قەفقاس دەکات نە کوردەکانی قەفقاس و ئەم چەمکە هەڵگری واتای سیاسییە، واتە دەیەوێت لە دەوڵەت یان دەسەڵاتێکی کوردی نەناسراو باس بکات. خاڵی گرنگ لەم نێوانەدا ئەوەیە لە ناوونیشانی فەرعی وشەی بایەخدارانەی «تاوان» دەبینرێت و هەر لە سەرەتاوە دەیەوێت خوێنەر بۆ بیستنی تاوانی سۆڤێیەت دەرهەق بە کوردەکانی قەفقاس ئامادە بکات و گرنگتر ئەوەی ناوونیشانی «کوردستانی پشت قەفقاس» بە ڕەنگی سوور نووسراوە و، ڕەنگی سوور لەم ناوونیشانە دوو واتای هەیە، یەکەم ئەوەی ئەم دەسەڵاتە کوردییە لە ناوچەی چەپی سۆڤیت بووە و دووەم ئەم دەسەڵاتە شەهیدکراوە و بە واتەیەک خوێناوی کراوە و هەروەها زەمینەی ڕووبەرگ، وێنەی چیا و بەفر و لە ئەساسدا هێمایەکە بۆ کوردستانی بوونی ئەو ناوچەیە و بوونی چیا و بەفر وەک هێمایەکە بۆ نیشتمانی کوردان. بە گشتی ڕەنگی سوور و هێمای زەمینەی کتێبەکە و دوو چەمکی کوردستان و تاوان دەتوانێت نیشاندەری بۆچوونی نووسەر بن لە ئاستی پرسەکە و بە واتایەک دەتوانێت هەڵگری ڕوانینی بایەخدارانە و هەستدارانەی نووسەر لە ئاست ئەم پرسەدا بێت.
بە گشتی مێژوو و چۆنیەتی دامەزراندنی کوردستانی سوور (٣٠- ١٩٢٣) و هەروەها هۆکارەکانی هەڵوەشانەوەی ئەم قەوارە کوردییە و سەرەنجام دەربەدەرکردنی دانیشتووانی ئەم قەوارە کوردییە لە سەردەمی ستالین(هەورامی، ٢٠٠٦ : ٥). بابەتی سەرەکی ئەم کتێبەیە واتە کتێبەکە مێژوویی و سیاسییە و بازنەی لایەنگرانی سیاسەت و مێژووی کورد، بەردەنگی سەرەکی ئەم کتێبەن.
ناوەڕۆک:
کتێبەکە لە ئەساسدا هەڵگری یەک پێشەکی و پانزە بەش و بەشی بەڵگەنامەیە.
پێشەکی:
باسکردن لە هۆکارەکانی نووسینی ئەم بەرهەمە واتە چۆنیەتی دامەزراندنی کوردستانی سوور (٣٠-١٩٢٣)، هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور، بارودۆخی دانیشتووانی کوردستانی سووری پاشی هەڵوەشاندنەوە، هەروەها ئاماژەکردن بە مێژووی کورد لەم ناوچەیە بابەتی سەرەکی پێشەکی ئەم کتێبەیە. نووسەر پێیوایە بە پێی ئەو بەڵگە و سەرچاوانە کە لەم بەرگەدا ناویان هاتووە، هیج گومان لەوە ناکرێت کە بەشێک لە خاک و نەتەوەی کورد هەر لە کۆنەوە کەوتووەتە نێو هەرێمی پان و بەرینی قەفقاس (هەورامی، ٢٠٠٦ :٦). و لەم بارەوە دەنووسیت: «مێژووی جێگیربوونی کورد لە هەرێمی قەفقاسدا لە هی زۆر گەلی دیکەی ئەم هەرێمە کە ئەمرۆ دەوڵەت و قەوارەیان هەیە یان نیانە کۆنترە» (هەورامی،٢٠٠٦ :٦).
نووسەر لە درێژەی مێژووی پەیوەندی کورد و ناوچەی قەفقاس دەنووسێت: «بە بۆنەی ئەوەی بەڵگەی پێویست نەبووە بۆ ئەو سەردەمەی واتە پێش گرتنە دەسەڵاتی بەلشەویکەکان لە ڕووسیا و لەویشەوە بۆ کاتی دەست بەسەرداگرتنی پشت قەفقاس لە لایان ڕووسیاوە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا و چۆنیەتی ژیان و بەسەرهاتی کوردی ئەم بەشەی کوردستان و لەوێشەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە هێشتا قەفقاس وەک میرایەتییەکی خان و سەردارنشین لە چوارچێوەی پاشایەتی ئێراندا و بەشێکیشی جاروبار لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانیدا بووە و سەربەخۆ یا نیوە سەربەخۆ بوون» (هەورامی،٢٠٠٦ :٥).
نووسەر لە درێژەی پێشەکییەکەدا باس لە ناوچەی «ناگۆرنا» وەک ناوچەی هەرێمی سوور دەکات و لەم بارەوە دەنووسێت: «چاوخشاندنێک بە مێژووی ناگۆرنا قەرەباغدا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە ئەم هەرێمە هیچ کاتێک و لە هیچ بڕیارێکدا سەر بە خاکی ئازەربایجان یا ئەرمینیا نەبووە. هیچ لایەکیان باسی دروستبوونی کوردستانی سوور سەرژمێری کوردەکان و سەرچاوە مێژووییەکانیش سەبارەت بە کورد لەم ناوچەیە ناکەن. دروستبوونی قەوارە و ناسنامەیەکی کوردی یا بەڕێوەبەرێتییەکی کوردی کە سنوورەکانی دیاریکراو و زۆربەی هەرەزۆری دانیشتوانی کورد بووە و دەسەڵاتدارانی سۆڤێت دانیان پێدا ناوە فاکتێکی مێژوویییە هیچ لایەکیان ناتوانن خۆیانی لێ بدزنەوە بەڵام بە ئەنقەست باسی ناکەن (هەورامی،٢٠٠٦ :٩). و دواتر واتە لە ڕێکەوتی ٧/٧/١٩٢٣دا ناگورنا قەرەباغ خرایەوە سەر ئازەربایجان (هەورامی،٢٠٠٦ :١٥). و ئەرمنیەکانی قەرەباغیش لە ١٩٩١ سەربەخۆیی ئەم هەرێمەیان ڕاگەیاند (هەورامی،٢٠٠٦ :١٦) و کوردیش بێ بەش کرا.
هەر لەم پێشەکییەدا بە شێوەیەکی خێرا ئاماژە بە چۆنیەتی لەنێوبەردنی کورد و دەرکەردنیان لە ماڵ و نیشتمانیان دەکات و هەر دوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمەنیا تاوانبار دەکات و، بۆ وێنە سەبارەت بە ئەرمەنیا دەنووسێت: « ئەرمەنیەکان بەڵێنی زۆریان بە کوردەکانی ئەرمەنستاندا کە پاش ئازادکردنی ناگورنا قەرەباغ، کوردستانی سوور سەر لە نوێ دادەمەزرێننەوە، بۆ ئەوەی کوردە ئیزیدیەکانیش بەشداری ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە بکەن و ژمارەیەکی زۆریان بکۆژرێ و بریندار ببێ، بەڵام کورد نەیوێرا بگەڕێتەوە ئەوێ و باسی کوردستانی سوور بکات» (هەورامی،٢٠٠٦ :١٧-١٦). لە ئیدامەدا نووسەر ئاماژە بە مێژووی کوردستانی پشت قەفقاسی پێش لکاندن بە ڕووسیا دەکات و دەڵێت لە بەر نەبوونی بەڵگە لەم بارەوە ئاماژەی پێویست نەکراوە بۆیە دەڵێت؛ بەرگی دووەمی ئەم کتێبە تەرخان دەکرێت بەو بابەتە و بۆیە ئەم کتێبە دەبێت وەک بەشی یەکەمی مێژووی کوردستانی پشت قەفقاس تەماشا بکرێت.
بەشی یەکەم:
بەشی یەکەم دەکرێت بڵێین تەرخانکراوە بۆ ئەم بابەتانە «شوێنی نیشتەجێی کورد لە وڵاتانی پێشووی سەر بە سۆڤیت»، «کورد لە سەرژمێریەکاندا»، « کورد یا کوردستانی پشت قەفقاس لە سەرچاوە ڕووسیەکاندا»، «کوردستانی پشت قەفقاس لە بەڵگەنامە و سەرچاوەکانی سۆڤێتدا»، «کوردی پشت قەفقاس لە سەرژمێرییەکانی ڕووسی و سۆڤێتیدا»، «ژمارەی کوردی سۆڤێت لە سەرژمێرییەکاندا» و « داشناکەکانی ئەرمەنستان و موساواتییەکانی ئازەربایجان.»
نووسەر لە بەشی «شوێنی نیشتەجێی کورد» بە شێوەیەکی ورد باس لە شوێنی نیشتەجێی کورد لە وڵاتانی پێشووی سەر بە سۆڤیت دەکات و ناوچە کوردنیشینەکانی ئەو بەشە وا دیاری دەکات: «لە ئەرمەنستان: لە ناوچەکانی ئالاران، ئارتاسات، ئارتی، ڤیدین، باسارگیچار، دیلمیان، کوتائیس، تالین، ئەچمیازدین، شائومیان، ناوچەی ئاپاران، ئەکتیمبریان و شاری ئیرەڤان… (کوردە سونییەکانی ئەرمەنستان لە ناوچەکانی باسارگیچار، ئارتاشات ژیاون). ئازەربایجان: لە ناوچەکانی زەنگیلان، کەڵباجار، قوتابلی، لاچین، ئیسماعیل. کازاخستان: لە هەرێمی ئالمائاتا. لە تورکمەنستان: لە عەشق ئاباد، ماری و گوئیک تەپە، کائاخکین. جۆرجیا: زۆربەیان ئیستا لە شاری بتلیس جێگیرن و پێش گواستنەوەیان لە ١٩٤٤دا کوردەکانی جۆرجیا لە ناوچەکانی باشووری جۆرجیادا کە هاوسنووری تورکیان، واتە ناوچەکانی ئاخالتیس (میسخیتی)، ئادیگی، ئەسپیندزە و… قرقیزستان: لە ناوچەکانی ئوش، تالاس، جەلال ئاباد، فرونزە. ئوزبەکستان: هەرێمی تاشکەنت، سەمەرقەند، فیرگانە، بوخارا، کاشکادەرین.» (هەورامی،٢٠٠٦ :٢١-١٨).
لە بەشی کورد لە سەرژمێرییەکاندا سەرەتا ئاماژە بە هەندێ سەرچاوە دەکات کە باسیان لە ڕێژەی کورد کردووە و بە پێ سەرژمێری گشتیی یەکێتیی سۆڤێتی ساڵی ١٩٨٩، پاش خشتەبەندی ناوچە کوردنیشینەکانی ئەو وڵاتە، کۆی کورد بە ١٥٢٧١٧ کەس دیاری دەکات و لە درێژەی باسەکدا باس لەو هۆکارانە دەکات کە دواتر کورد لە سەرژمێرییەکاندا کەم دەکات یان تەنانەت باس لێوە ناکەن. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە د. هەورامی بە وردبینی و بە پێ ڕەوتی مێژوو ئەو شتە دەخاتە ڕوو کە چۆن لە سەرژمێرییەکانی پاش ساڵی ١٩٨٩ کورد بەرە بەرە کەم دەکات و تەنانەت بە ئەنقەست و بە ئامانجی سیاسی پەراوێز دەخرێن و تەنانەت وەک ئازەری و ئەرمەنی دەژمێردرێن (هەورامی،٢٠٠٦ : ٥١-٢٧).
هەورامی لە بەشی «کورد یا کوردستانی پشت قەفقاس لە سەرچاوە ڕووسیەکاندا» ئاماژە بە ڕاوبۆچوونی چەندین مێژوونووس و ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی وەک گ.ف. گورسین، مینۆرسکی، خاتوو ئارسیتوڤا سەبارەت بە بوونی کورد لە ناوچەی قەفقاس و دەسەڵاتی بنەماڵەی شەدادیان و دەسەڵاتیان لە هەرێمێکی بەرفراوان لە ڕووباری کوریەوە تا ڕووباری ئاراس وەک بەڵگە دەکات (هەورامی،٢٠٠٦ : ٥٢). هەروەها ئاماژە بەو سەرچاوانە دەکات کە باس لە دەسەڵاتی کوردی لەو ناوچەی دەکەن بۆ نموونە «بۆکشپان» نووسەری کتێبی کوردەکانی ئازەربایجان کە ئەو بەشەی کوردی ئازەربایجان بە کوردستان ناو دەبات (هەورامی،٢٠٠٦ : ٥٤).
نووسەر لە بەشی «کوردستانی پشی قەفقاس لە بەڵگەنامە و سەرچاوەکانی سۆڤێتدا» بە کەڵک وەرگرتن لە بەڵگەی کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی پارتی کۆمۆنیستی ئازەربایجان و کتێبەکەی بۆکشپان، باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ١٩٢٣ کۆمسیۆن بریاری ئۆتۆنۆمی کوردستانی سوور دەردەکات کە پێک دێت لە ناوەند و سنوورەکانی لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی باگورنا قەرەداغ و حوسەین حاجییڤ وەک یەکەم سەرۆکی کۆمیتەی بەڕێوەبەریتی حکومەتی خۆجێیی دیاری دەکرێت و سەبارەت بە جوگرافیای ئەوە هەرێمە دەڵیت: «ئەم هەرێمە دەکەوێتە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە باکوورەوە بۆ باشوور ئەم ناوچانە دەگرێتەوە: کەڵباجار، لاچین، قوتابلی و بەشێک لە ناوچەی جوانشیری ئەمرۆ» (هەورامی،٢٠٠٦ : ٨-٧١).
لە باسی «کوردی پشت قەفقاس لە سەرژمێریەکانی ڕووسی و سۆڤێتیدا» لە زمانی بوکشپانەوە دەنووسێت: «هیچ بایەخێک نەدراوە بە سەرژمێری و دیاریکردنی ژمارەی کوردەکان. کاتێک دەسەڵاتدارانی قەفقاس لە سەردەمی ڕووسیای قەیسەریدا کەوتنە ڕاوەنان و دەربەدەرکردنی کورد، دواتر دەسەڵاتدارانی ڕەگەزپەرستی هاوسێی کورد لە ئازەری و ئەرمەنی و جۆرجی هاتنە سەر دەسەڵاتی موساواتیەکانی ئازەربایجان و داشناکەکانی ئەرمەنستان و مەنشەویکەکانی جۆرجیا و پاشانیش درێژەیان بە هەمان سیاستدا کە دەسەڵاتدارانی سۆڤێتیدا پێڕەیان دەکرد و هەموویان هەوڵی سرێنەوەی ناسنامە و تواندنەوەی کوردیاندا. سەرەنجام سەردەمی ستالین بە تۆپزی گوێزرانەوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست و کازاخستان و سیبریا. کاتێک کورد بۆ دوو نەتەوەی جیاواز (کورد و ئێزدی) دابەش کرا لە ترسی دەسەڵاتداران و دەستکاری نەکردنی ئیش و کار و سامان و ماڵیان ناو و نەتەوە یا زمانی زگماکی خۆیان لە سەر نەتەوەی دەسەڵاتداری ئەو کۆمارە نووسی کە تێیدا دەژیان. کاتێک کورد قەوارەیەکی نەبووبێ. دەبێ لەو بارودۆخەدا سەرژمێری ڕاستەقینەی کورد چۆن کرابێ» (هەورامی،٢٠٠٦ : ٨١)،
نووسەر لە بەشی «ژمارەی کوردی سۆڤێت لە سەرژمێریەکاندا» پێوایە سەرچاوە کۆنەکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە هاتنی هۆزە تورک زمانەکان بۆ هەرێمی قەفقاس و ناوەڕاست تەنگی هەڵچنی بە دانیشتوانی ئەو هەرێمە لەوانە گەلانی ئیرانی زمان (کورد و ئەسەتین و تاتەکان…) بە تایبەت لە نێوان سەدەکانی (١٠-١٤ ) (هەورامی،٢٠٠٦ : ٩٢). بۆ وێنە لە سەرژمێری ١٨٩٧ کورد نزیکی ١٠٠ هەزار کەس تۆمار کراوە، بەڵام پاش سەت ساڵ هەر ئەو ژمارە نووسراوە و هەر دەڵێی کوردەکان زاووزێیان نەکردووە و لە سەرژمێری ١٩٧٠ کورد هەشتاونۆ هەزارە و هەورامی لەمبارەوە دەنووسیت: لە سەرژمێریەکاندا کوردەکاندا نەنووسراون یا خەتیان بەسەردا کێشراوە و جێگەیان بەتاڵە (هەورامی،٢٠٠٦ : ٩٦). و هەروەها زۆرجاریش لە سەرژمێرییەکاندا هەندێ کوردی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە ترسی گوشار و ئەزموونی تاڵی ڕابردوو و بۆ خۆلادان لە زۆر کێشە و تەنگ پێ هەڵچنین خۆیان بە نەتەوەی دیکە نووسیوە یا لە ئەرمینیا خۆیان بە ئێزدی ناونووس کردەووە ئەم تراژیدیانە هەر بەردەوامە. (هەورامی، ٢٠٠٦: ٩٧). هەورامی لە درێژەی باسەکەیدا و بۆ سەلمەندنی سڕێنەوەی کورد لە سەرژمێرییەکاندا دەڵیت: ساڵی ١٩٥٩یش سەرژمێریەکی دیکە گشتی لە یەکێتیی سۆڤێتی کراوە واتە پاش بەرزۆر ڕاگواستنەوەی کورد لە ساڵی ١٩٣٧ و ١٩٤٤ دا بۆ کازاخستان و ئاسیای ناوەڕاست و سیبریا لەم سەرژمێریەدا ژمارەی کوردی ئازەربایجان ٥٨٨٧ کەسە (کەچی لە سەرژمێری ١٩٢٦دا هەر لەم کۆمارە ٤١٢٨٣ کەس کورد بووە) ژمارەی کوردی ناگورنا قەرەباغ ١٧٩٠ لە کۆماری گورجستان ١٦٢١٢ لە قرقیزیا ٤٧٨٣، لە ئەرمنیا ٢٥٦٢٧ کەس بووە. لەکاتێکدا ژمارەی کوردی کازاخستان و ئوزبەکستان گواستراوەنەوە. بە پێی سەرژمێری ١٩٧٠ ژمارەی کورد لە یەکێتییی سۆڤێت ١١٦ هەزار کەسە (هەورامی، ٢٠٠٦: ١٠٣).
بەشی دووەم: بە نێوی «کوردستان و کورد و بەختیاریەکان لە فەرهەنگ و ئینسکلۆپیدیای ڕووسی-سۆڤیتدا»، نووسەر لەم بەشە بە پێی گوزارەشتی بەرگی ١٧ چاپی ساڵی ١٨٩٦ ل ٧٠-٦٩ دەنووسیت: «نە لە دەرباری عوسمانی و نە ئێران ئەوندە هێزو توانایان نەبووە کە بتوانن تەواوی ئەم وڵاتە بخەنە ژێر دەستی خۆیان» (هەورامی، ٢٠٠٦: ٢٢). و هەروەها بە پێی فەرهەنگی ئینسۆکلوپیدیایی بەرگی ٣٦ ساڵی ١٩١٤ لاپەڕي ٢١-٢١٩ دەنووسیت: «ئەوانە بۆ دەسەڵاتدارانی تورک، هیچ کاتێک کێشەی زۆریان پێک نەهێناوە لەلایەکی دیکەوە پەرش و بڵاوی و لەیەکدابڕانی هۆز و خێڵەکانی کورد و هەستی لاوازی نەتەوەیی یان بوونەتە کۆسپی بەردەم یەکگرتنی ڕاپەرێنی کوردەکان دژی تورکیا جگە لەوە دەوڵەتی تورک توانیی کەڵک لە دوژمنایەتی کورد و ئەرمەن وەربگرێ و کوردەکان دژی ئەرمەن هان بدات» (هەورامی، ٢٠٠٦: ٢٤).
سەبارەت بە زمانی بەختیارییەکان بە کەڵک وەرگرتن لە فەرهەنگی ئینسۆکلوپیدیایی بەرگی ٣ ساڵی ١٨٩١ لاپەڕە ٢١٤ دەنووسیت: «بەختیاریەکان بە زاراوەکانی کوردی دەدۆین و بە وتەی ڕیچ ئەوانە کوردی هەرە ڕەسەنن».(هەورامی،٢٠٠٦ : ٢٥ ) و سەبارەت بە ڕەچەڵەکیان بە ئاماژەدان بە فەرهەنگی ئینسۆکلوپیدیایی نوێ بەرگی ٥ ل ٤١٦ دەنووسیت: بنەچە و ڕەچەڵەکی هەندێکیان [بەختیارییەکان] فارس و هەندێکیشیان کوردە (هەورامی، ٢٠٠٦: ٦-٢٥).
بەشی سێهەم: بە نێوی «داشتاکەکانی ئەرمەنستان و موساواتییەکانی ئازەربایجان» تەرخانکراوە بۆ باسکردن لە سیاسەتی داشناکەکانی ئەرمەنستان و موساواتییەکانی ئازەربایجان دەرهەق بە نەتەوەی کورد. نووسەر ئاماژە بە سیاسەتی چەوت و سڕێنەوەری ئەم دوو گروپە لە ئاست کوردی قەفقاس دەکات و دەنووسیت: «هەرچۆنیک بێ، لەم بەرهەمەدا بەڵگە زۆرە لە سەر سیاسەتی کوردی سەردەمی ڕووسیا و دەسەڵاتدارێتی موساواتیەکانی ئازەربایجان و داشناکەکانی ئەرمەنستان و سۆڤێتی، کە یەک لە یەکتر نامرۆڤانەتر بوون» (هەورامی، ٢٠٠٦: ٧٠).
بەشی چوارەم: بە نێوی «ڕوونکردنەوە» تەرخانکراوە بۆ ڕەخنەگرتن لەو لایەنانە کەوا ماوەیەکی زۆر باسیان لە سیاسەتی ئیجابی ڕووسیا دەرهەق بە کورد کردووە و لەم بارەوە دەنووسیت: «بە ڕای هەندێ کەس و لەوانەی وا لە ڕووسیا دەرسیان خوێندووە گوایە کوردی سۆڤێت وەک گەلانی دیکە خاوەنی مافی یەکسانن و… کوردی ئەوەێ کوردی دنیایەکی دیکەیە و بەختەوەر و پێشکەوتوون و ئەوەی بۆ کورد کراوە لە هیچ وڵاتێکی دیکەی دنیادا نەکراوە و گەلێک درۆی شاخدار و هەڵبەستراوی لەو چەشنە» (هەورامی، ٢٠٠٦: ٨٩). و لە درێژەدا دەڵێت: «بەرهەمی زۆربەی کوردناسەکانی سۆڤێت پێش ئەوەی زانستیانە و مێژوویی و بابەتیانە بێ، ئایدۆلۆژیانە و بە مەبەست بووە و، بە گشتی سۆڤێت توانی بزووتنەوەی کورد لە پەیوەندی گرتنی بە ڕۆژئاواوە داببڕێ و دووری بخاتەوە»(هەورامی، ٢٠٠٦: ٩١).
بەشی پێنجەم؛ بە نێوی «بەڵگەنامەی نوێ لە بارەی کوردەکانی سۆڤێتەوە» باس لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەسەڵاتدارانی ئازرەبایجان و ئەرمەنستانی سۆڤێت دەرهەق بە کورد دەکات و دەنووسیت: «بەڕێوەبەردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەسەڵاتدارانی ئازرەبایجان و ئەرمەنستانی سۆڤێت (وەک نووسینی کوردەکانی ئازەربایجان بە ئازەری و ئەرمەنستان بە ئەرمەنی و داسەپاندنی ناو و فامیلی ئازەری و ئەرمەنی و بێ بەشکردنیان لە خوێندن و زمانی زگماک و موسڵمان و ناموسڵمان بوونیان لە سەرژمێریەکاندا) پیسترین و تاوانبارترین کردەوەی بەلشەویکەکان بوو.. جگە لە هەڵوەشانەوەی کوردستانی سوور لە (١٩٣٠-١٩٣٣)دا و دوور خەستنەوەی قۆناغ بە قۆناغ کوردەکان»(هەورامی، ٢٠٠٦: ١٠٥) و هەروەها سەبارەت بە سیاسەتی تورکیا دەنووسیت: «گومان لەوەدا نییە کە بە پێی ئەم بەڵگەنامە و دۆکیومێنتانە، تورکیا دەوری سەرەکی لە نەهێشتنی قەوارە و ناسنامەی کوردی سۆڤێتدا گێڕاوە»(هەورامی، ٢٠٠٦: ١٠٨).
هەورامی هەر لەم بەشەدا ئاماژە بە کوردستانی سوور و هەڵوەشانەوە دەکات و دەنووسیتت: «کوردستانی سوور لە ١٩٣٠دا هەڵوەشێندرایەوە و ساڵی ١٩٣٥ نەیانهێشت کۆبفرانسی کوردناسی لە باکۆ بگیرێ و پاشان هەومم دام و دەزگا و پەیمانگە و قوتابزانەکانی کوردی لە سۆڤێت داخران تورکیا دەوری سەرەکی لەم تاوانانەدا هەبووە کەچی لە سەردەمی دووەهەمین جەنگی جیهانیدا ڕژێمی بەلشەویکی سۆڤێتی بە سەرۆکایەتی ستالینی ڕێبەری کرێکارانی جیهان و ئازادکەری گەلانی چەوساوە فەرمانی دا کوردەکانی سۆڤێت لە کۆمارەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان بۆ سیبریا و ئاسیای ناوەڕاست بگوازرێنەوە بە بیانووی ئەوەی کە ئەم کوردانە هاوهەستی دەوڵەتی تورکیای هاوپەیمانی ئەڵمانیای نازین… لە کاتێکدا نەک تەنیا کوردی سۆڤێت بەڵکوو کوردی بەشەکانی دیکە دژی هاوپەیمانی ئەڵمانی نازە- واتە تورکیا و ئێران- بوون (هەورامی، ٢٠٠٦: ١٠٩).
بەشی شەشەم : بە نێوی «کۆنفرانسی سەرتاسەری کوردناسی لە ساڵی ١٩٣٤» باس لە کۆنفرانسی سەرتاسەری کوردناسی لە ساڵی ١٩٣٤ و داخوازییەکانی کۆنفرانس دەکات و دەنووسیت: «ماڵی فەرهەنگ لە سەر داخوازی پەیمانگەی مێژووی کولتوورەکانی ئەرمەنیا و کۆمیتەی ئەلفووبێی نوێی سەر بە دەوڵەتی ئەرمینیا ئەم کۆنفرانسەیان ساز کرد و لەم کۆنفرانسەدا نزیکەی ٣٠ نوێنەری زەحمەتکێشانی کوردی ئەرمینیا و ئازەربایجان و جورجیا و هەرێمی نەخچەوان و ئاجارستان و کوردناس شارە ناوەندیەکانی یەکێتیی سۆڤێت بەشدارییان تێدا کرد» (هەورامی، ٢٠٠٦: ١١٤). و ئەم بڕیارانە پەسەندکران: «ڕێکخستنی کۆمیسیۆنەکانی زمانێکی ئەدەبی یەکگرتووەی کوردی و ڕێنووس و زاراوەسازی زمانی کوردی بۆ گەشەپێدان بە زمانێکی ئەدەبی یەکگرتووی کوردی، بەکارهێنانی زمانی کوردەکانی ئەرمینیا وەک بناغەیەک بۆ ئەم زمانە، پێکهێنانی ناوەندێکی کوردناسی سەرتاسەری لە ئاستی سۆڤێتدا. نووسەر لە درێژەدا ئاماژە بە بەستنی کۆنفرانسی دووەم لە ساڵی ١٩٣٥ لە ئازەربایجان و ڕێکخستنی بەشێکی کوردناسی لە زانکۆی ئەرمینیا (هەورامی، ٢٠٠٦: ١١٦) دەکات و خاڵی گرنگ دەرخستنی بەڵگەیەکە کە باس لە لەمپەر دروستکردنی وڵاتی تورکیا لە ئاست مافی سەرەتایی کورد دەکات بۆ وێنە نامەی نوێنەرەی وەزارەتی دەرەوەی یەکێتیی سۆڤێت. سکوبلیوڤ.م بۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی یەکێتیی سۆڤێت بە ژمارەی نهێنی ٧٦ لە ٢٨/١٢/١٩٣٤ دەخاتە ڕوو کە دەنووسیت: «من داوام لە هاوڕێیانی ئەرمەنی کرد بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەی کورددا بکەن و لێ دوورەپەرێز بن بە تایبەت هەستیاریی دەوڵەتی تورکیا بەرانبەر بەم کێشەیە لە بەرچاو بگرن… کۆنسوڵەکانی تورکیا سەبارەت بە پەیوەندی کورد و ئەرمەن گوشاری تا ڕادەیەک توندو تیژیان دەکرد» (هەورامی، ٢٠٠٦: ١٤٨).
بەشی هەفتەم: بە نێوی «هێندێ ڕاستیی مێژوویی» باس لە ئامانجەکانی ئەم لێکۆڵینەوە دەکات و دەنووسیت: «مەبەستی لێکۆڵینەوەکەم چەندین خاڵی سەرەکی بوو، لەوانە: بە پێی سەرچاوەکانی ڕووسی-سۆڤێتی بەشێکی کوردستان لە ئەنجامی شەرەکانی ڕووسیاوە لەگەڵ تورکە عوسمانیەکان و شاکانی ئێراندا لە سەدەی نوزدەهەمدا کەوتە سەرخاکی ئیمپڕاتۆریی ڕووسیا، ئەم بەشەی کوردستان درێژەی نیشتمانی کوردانە واتە گەلێکی دیکە ناکەوێتە نێوانیان، دووەم: کوردستانی بن دەستی ڕووسیا هەتا هاتنە سەرکاری بەلشەویکەکان لە ١٩١٧دا بە هۆی شەڕە ماڵوێرانکەرەکانیانەوە تووشی زەرەر و زیانێکی ماڵی و گیانی بوو بە چەشنێک کە ژمارەیەکی زۆری گوند و خانووبەرەیەکی کوردان بە یەکجاری وێران و خاپوور کران و زۆربەی دانیشتوانیان ناچاربوون بەرەو پارچەکانی دیکەی کوردستان هەڵبێن و بۆ هەمیشە بواری گەڕانەوەیان پێ نەدرێ و لە ئێران و تورکیایش بە بیانووی ئەوەی کە ئەوان خەڵکی وڵاتێکی دیکەن دەیانگوازنەوە بۆ دەرەوەی کوردستانی بن دەستیان یا ناهێڵن لە ناوچە سەرسنوورییەکاندا جێگیر ببن. سێهەم: تراژیدیای کوردی کوردستانی سۆڤێت لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بەلشەویکەکاندا تا ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێت چەندین قۆناغ و کێشەی گرنگ دەگرێتە خۆ، وەک سەرژمێری کوردان بە پێی سەرژمێریەکانی سۆڤێت، دروستبوونی کوردستانی سوور (١٩٢٣-١٩٣٠) و هەڵوەشانەوەی کۆنفرانسی کوردناسی ١٩٣٤ بە زۆر ڕاگویزانی ساڵانی ١٩٣٧ و ١٩٤٤ و درێژەی تراژیدیا و نەگەڕانەوەیان بۆ شوێنی باوباپیرانیان. چوارەم: تاوانەکانی ڕژێمی سۆڤێت بەرامبەر بە گەلی کوردی وڵاتەکەی خۆی دەکری تەنیا لە چوارچێوەی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی لێی بکوڵرێتەوە. پێنجەم: پاش مردنی ستالینی دیکتاتۆرەکەی کریملین لە ١٩٥٣دا و هاتنە سەر کاری خرۆشچوڤ و ڕەخنەگرتنی توند لە کۆنگرەی بیستەمی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤێت و شەرمەزارکردنی ئەو تاوانانەی ستالین بەرامبەر بە گەلان و کۆمەڵگەی سۆڤێتی کردوونی تا ڕووخانی ئەم ڕژێمە بوار بە کورد نەدرا بۆ نیشتمانەکەی بگەرێتەوە و قەوارەکەی خۆی دابمەرزێنێتەوە (هەورامی، ٢٠٠٦: ٥٤-١٥٠)
بەشی هەشتەم: تەرخانکراوە بە باسکردن لە «گەلانی بە زۆر ڕاگوێزراو (سەردەمی حوکمی ستالین)» هەورامی سەبارەت بە چارەنووسی کورد وەک گەلێکی بە زۆر ڕاگوێزراو دەنووسیت: تەنیا کورد نەیتوانی بگەڕێتەوە سەر قەوارەی خۆی لەبەر ئەوەی نە دەوڵەتێکی کوردی بوو بەرگری بکات نە وڵاتانی داگیرکەری ئەرمەن و ئازەری ئیزنیاندا (هەورامی، ٢٠٠٦: ٨٣-١٨٠) و لە درێژەدا و بەشی یەکەمی ئەم باسە بە نێوی «کورتە زانیارییەک سەبارەت بە گەلانی دوچاری شاڵاوی بە زۆر ڕاگوێزانی ستالین و ڕژێمەکەی» نێوی ئەم گەلانە وەک گەلانی بە زۆر ڕاگوێزراو دەبات: «بالکارەکان، یۆنانییەکان، فینلەندییەکان، ئینگووشەکان، کالمیەکان، قەرەچایڤەکان، کۆریەکان ،ئەڵمانیەکانی سۆڤێت، تاتارەکانی کریم، تورکی میسخیتیەکان، چیجێنیەکان، ئێرانەکان و نەتەوەکانی تر (هەورامی، ٢٠٠٦: ٢٠٠٣-١٨٤).
لە بەشی دووەم باس لە لێکۆڵینەوە و کتێب دەربارەی گەلانی بە زۆر ڕاگوێزراو دەکات وەک «ئەمە ئاوا بوو لە نووسینی خاتوو سفیتلانا عەلییڤایە لە ساڵی ١٩٩٣» و «قەفقاس: گەلان لە قافڵەی شەمەندەفەریەکاندا نووسینی نیکولای فیدرۆڤیچ بوگابە ١٩٩٥» و «کۆنفیدراسیۆنی گەلانی سەرکوتکراوی ڕووسیای فێدراڵ ١٩٩٣، کۆکردنەوەی ئیسماعیل ئیبراهیمۆڤیچ عەلییڤ» و «کوردەکانی ئازەربایجان لە نووسینی بوکشپان (هەورامی، ٢٠٠٦ :٥٠-٢٠٤).
هەورامی لە بەشی سێهەمی ئەم باسە چەندین نامە و ڕاپۆرت و بڕیار لەم بارەوە دەخاتە ڕوو بۆ وێنە «ژمارەی ڕاگوێزراوە تایبەتەکان لە وڵاتدا تا سەرەتای مانگی ئوکتۆبەری ١٩٤٥ دوو ملیۆن و پەنجاه هەزار کەسە لەوانە تورک و خیمشین و کورد ٨٨٨٠٠ کەس» بە پێ گوزارەشتی سەرۆکی بەشی ڕاگوێزراوانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی یەکێتیی سۆڤێت،کوزنیتسوڤ.م (هەورامی، ٢٠٠٦:٣١٨-٢٥١).
نووسەر لە بەشی چوارەمی ئەم باسە، چەندین بیرەوەری ڕاگواستن دەنووسێتەوە بۆ نموونە: بیرەوری «مودار عوسمان گۆڤاری لیتراتورنی لە قرقیزستان ١٩٩٨٢ لا ١٠٦-٩٦ ، نادر کەریم، ڕۆژنامە سەیوز ژمارە ٣٨ ساڵی ١٩٩٠، ئەنوەر نادیرۆڤ هەرێمی چیمکەنت ١٩٩٠، عەزیز عەلیێڤ ئالمائاتا ١٩٩١، سەلاحەدین قاسیموڤ (هەورامی، ٢٠٠٦: ٥٣-٣١٩).
بەشی نۆهەم: بە نێوی «نامەکانی نێردراوان بۆ سەرکردایەتیی سۆڤێت و ڕووسیای فیدراڵ» باس لە ڕێکخراوێکی کوردی سۆڤێت بە نێوی «یەکبوون» دەکات کە چەندین نامە ئاراستەی گەرباچۆڤ، و سەرۆکی پارلەمان سیرگەیڤیچ (دوو نامە) بۆ یلتسین، بۆ سەرۆک کۆمار و سەرۆک پەرلەمانەکانی کۆمارە سەربەخۆکانی سۆڤێتی پێشوو دەخاتە ڕوو (هەورامی، ٢٠٠٦:٤٠٠ -٣٦٥). هەورامی سەبارەت بەم نامانە دەنووسیت: «ئەم نامانە لە لایان کۆمەڵە یا ڕێکخراوێکی کوردی سۆڤێتەوە «یەکبوون» ئاراستە کراون. ڕێکخراوەکە بە ڕەسمی لە وەزارەتی دادی سۆڤێتدا وەرگیراوە و مۆرکراوە. یەکبوون بە زۆری لە لایان کوردی ئۆتۆنۆمی کوردستانەوە (واتە کوردستانی سوور یا کوردی ئازەربایجان) ڕیکخراوە. نامەکانی یەکبوون باس لەوە دەکەن کە سەردەمی سۆڤێت بە ئاشکرا و ڕاشکاوی نەیانوێراوە لە ڕێگەی ڕێکخراوەی سیاسی یا کۆمەڵایەتی یا کولتووری یا بە ڕێگەی ڕۆژنامە و ڕادیۆ و خۆپیشاندا و مانگرتن لە کێشەکان بدوێن. بە فەرمی لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان لە کورد نەدەوان و لێیان نەدەنووسی چونکە کورد قەوارە و ناسنامەیەکی نەبوو تا باسی بکەن. نووسەرانی نامەکان ژیرانە و بێپەردە لە تاوانەکانی ڕژێمەکانی سۆڤیت بەرامبەر بە کوردی سۆڤێت بگرە دژی کوردی دەرەوەیش دەدوێ کە گەلی کوردی سۆڤیەتی لەناوبردووە. سۆڤیت چۆن هێشتوویەتی ئەو هەموو کوردە لە ئۆزبەکستان و قرقیزستان یان ئەرمەنستان دەربکەن؟ لە نامەکاندا باسی ئەوە دەکرێ کە دەسەڵاتدارانی سۆڤێت نە تەنیا هیچیان بۆ بووژانەوە و پێشکەوتنی کورد لە بواری زمان و کولتوور و…دا نەکردووە، بەڵکوو ئەوەیش کە هەیانبووە لە دەستیان داوە و لە بەر نەبوونی ناسنامە و قەوارە و پرژوبڵاوییان لە ناو گەلانی تردا تواندوویاننەتەوە. خاڵێکی تر کە پێویستە ئاماژەی بکرێ، وەڵامی کاربەدەستانی سۆڤێت بە کوردەکانی سۆڤێتە کە دەبێ جارێ لەبەر شەڕی ئیران و عیراق بوەستن. لە نامەیەکدا هاتووە دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان لە ئازەربایجان بە کوردەکانیان وتووە ڕووسەکان خاک یا وڵاتەکەی ئێوەیان داگیرکردوە بڕۆنە لای ئەوان. لە ڕاستیشدا هەروایە. کوردە ئاوارە و بێ دەرتانەکانی سۆڤیت بە هۆی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستانەوە لە سەر ناگورنا قەرەباغ و لە بەر هۆی ئابووری و سیاسی پاش تێکچوونی سۆڤیت پەنایان بۆ کۆماری ڕووسیا برد. دەیانزانی دەسەڵاتدارانی سۆڤێت و ڕووسیا هیچیان بۆ ناکەن و داوا دەکەن لە ناوچەکانی ڕووسیادا شوێنیان بۆ دیاری بکرێ و چەشنە ئۆتۆنۆمی یا بدرێتێ تا لەوێ بە ئارامی پێکەوە بژین و کاربکەن و قوتابخانە و… خۆیان هەبێ و لە فەوتان و توانەوە و سووکایەتی پێکردن و ڕاکردن لەم شارەوە بۆ ئەو شار ڕزگاریان ببێ، بەڵام ئەم داخوازەشیان جێبەجێ نەکرا. گرنگی نامەکان بۆ کاربەدەستانی یەکێتیی سۆڤێت لەوەدایە کە ئاماژە بە نامە و داخواز و دەستەکانی نوێنەرایەتی کورد لە سەردەمی خرۆشچۆف و بریژینڤ و هەتا گەرباچۆڤ دەکەن. ڕژێمی سۆڤێتی کە ئامادە نابێ مافە زەوتکراوەکانی گەلی کوردی سۆڤێت بگەرێنێتەوە و کوردەکان هەست دەکەن نامۆن بەم دەسەڵاتە، پێشنیار دەکەن(دەپاڕێنەوە) لە ناوچەیەکی هەر کۆمارێک بێ کۆیان کەنەوە، لەو شوێنانەدا کە چۆڵن و کەسیان تێدا نییە. لە نامەی یەکەمی کۆمەڵە یەکبووندا بۆ گەرباچۆڤی سەرۆکی دەوڵەتی سۆڤێت هاتووە: ئەمەش ڕاستییەکی مێژوویییە و حاشای لێ ناکرێ کە ستالین و بێریا بە دوورخستنەوەی کوردەکانی فەفقاس تۆڵەی خۆیان لە کورد سەندەوەتەوە… بەڵام تۆڵەسەندنەوە لە گەلێک بەو چەشنە و لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم و ژێر سێبەری سۆسیالیزمدا نە تەنیا تاوان، بەڵکوو بە جینۆسایدیش دەژمێردرێ..» (هەورامی، ٢٠٠٦: ٣٦٤- ٣٥٤).
بەشی دەهەم: تەرخانکراوە بە باسکردن لە «ئێزدییەکان»: لە ئەساسدا ئەم بەشە باسکردنی وردە لە سەرجەم ناوچە ئێزدییەکانی ڕووسیا و کوردستانی عیراق و تورکیا و ژمارەیان و باس لە بارودۆخی نالەباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستیان، چەندین پێشنیار ئاراستەی ئێزدییەکان دەکرێت: وەک نوێنەرێکی کورد لە پەرلەمان هەبێ، ئامادەکردنی کادری کوردی، چاپکردنی کتێبی قوتابخانە لە بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردی، دیاریکردنی لانی کەم سەعاتێک لە مانگێکدا بۆ بەرنامەی تەلەفزیۆنی کوردی، ڕەخساندنی گەیاندنی ڕۆژنامە بۆ گوندەکان و.. (هەورامی، ٢٠٠٦ :١٥ -٤٠١).
ئەم بەشە وەرگێڕانی کتێبی نەتەوەکانی دانیشتووی ئەرمینیا و دوو گوتاری جەمال سەداخیان سەرۆکی کۆمەڵایەتییەکانی فۆندی نێونەتەوەیی ئێزدییەکان (هەورامی، ٢٠٠٦: ٩-٤٠١) و سەردار سەرۆکی بەرێوەبەرایەتی شوورای ڕووناکبیرانی کوردی کۆماری ئەرمینیا (هەورامی، ٢٠٠٦ :١٥ -٤٠٩).
بەشی یازدەهەم: بە نێوی «ڕووخانی ئیمپڕاتۆریی سۆڤێت و قووڵبوونەوەی تراژیدیای کەمە نەتەوە و گەلانی دەربەدەرکراو» باس لە گەڕانەوەی ئومید لە سەردەمی گەرباچۆڤدا دەکرێت و بەڵام بە هۆی هەڵوەشانەوەی سۆڤێت و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کۆمارەکانی پێشووەوە کە لە ٨ کۆماریاندا کورد هەبوون و دەرچوونیان لە ژێر دەسەڵاتی مۆسکۆ کێشەی کوردی سۆڤێت و گەلانی تری بە زۆر دەرکراوی وەک کورد، تراژیدیایەکی خەمبارتری بە خۆوە بینی ئیتر ناوەندێک نەما ئەو گەلانە پەنای بۆ بەرن و کۆمارە نوێکانیش سەرکردەکانیان هەر ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیستی یەکێیتیی سۆڤێت و دەوڵەتەکەی بوون. ئەوان شۆڤینی و ناسیۆنالیست و دینی و ڕەگەزپەڕست بوون (هەورامی، ٢٠٠٦ :٤١٧).
بەشی دوانزەهەم: تەرخانکراوە بە باسکردن لە «بڕیارێکی بێ سەروبەر لە ڕووسیا سەبارەت بە کوردە ئێزدیەکان» نووسەر باس لە بڕیاری ئوکتوبری ساڵی ٢٠٠٢ سەرژمێری دانیشتووانی ئەم وڵاتە دەکات کە ئێزدی وەک نەتەوەیەکی جیاواز ناوزەد دەکەن (هەورامی، ٢٠٠٦ :٣١-٤٢٤) و بە وردی باس لە هۆکارەکان و ئاکامەکانی ئەم بڕیارە دەکات: نەیار و ناحەزانی کورد ئەمڕۆ لە ڕووسیا دەیانەوەێ بەم چەشنە ژمارەی دانیشتوانی کورد دیاری نەکرێ و سبەینێش لە کۆمارەکانی تری پێشووی سۆڤێتدا کە کوردیان تێدا دەژی لە سەرژمێرییەکانیاندا وێنەی ئەرمەنستان و ڕووسیا دووپات بکەنەوە (هەورامی، ٢٠٠٦ :٤٣٠).
بەشی سیزدەهەم: بە ناوی «تراژیدیای کوردەکانی سۆڤێت و بێ دەنگییەکانی گشتی» باس لەو هۆکارانە دەکات و لەو بڕوادایە «نەبوونی قەوارەی سیاسی، نەبوونی نوێنەری چاودێر لە یۆ ئێن، دەرکردنیان لە ماڵ و نیشتمان، لکاندنی فامیلی گورجی و ئەرمەنی و ئازەری، سووکایەتی و لێدان و هەڕەشەی سەرکردنیان، نەبوونی دەوڵەتی کوردی بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی کورد، کوشتنی خەونی گەڕانەوەی کورد بۆ نیشتمانیان،» (هەورامی، ٢٠٠٦ :٥٧- ٤٢٢) هۆکار و دەرنجامی تراژیدیای کوردەکانی سۆڤێت و بێدەنگییەکانی گشتییە.
بەشی چواردەهەم: تەرخانکراوە بە بابەتی «سیاسەتی ڕابردوو و ئێستای ڕووسیا بەرامبەر بە کێشەی کورد»
نووسەر لەو بڕوایەدایە سەرەڕای ئەوە کورد بەردەوام لە خزمەتی ڕووسدا بووە و «پەیوەندی و دۆستایەتی کورد و ڕووس مێژینەیەکی دیرۆکی هەیە و ڕۆڵی کورد لە پەرەسەندنی ئەو ئێمپڕاتۆریە گەورەیەی ڕووسیادا شتێکی شاراوە نییە.» بەڵام بە درێژایی حەفتا ساڵی تەمەنی ڕژیمی سۆڤێت، زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کورد لە خزمەتی سیاسەتی دەرەوەی سۆڤێتدا بوون، کە زیانێکی قەرەبوونەکراوی بە چارەنووسی کورد گەیاند». (هەورامی، ٢٠٠٦ :٣-٤٦٢)
بەشی کۆتایی: بە نێوی بەڵگەکان، لەم بەشە نووسەر نەخشەی کوردستانی سوور و شوێنی نیشتەجێی بوونی کورد لە ڕووسیا و چەندیدن بەڵگەنامە بە زمانی ڕووسی دەخاتە بەردەم خوێنەران (هەورامی.٢٠٠٦ :٨٧-٤٣٠).
درەنجام: ئەم کتێبە جیا لە شێوازی خراپی چاپ و فونتی، شایانی سەرنجدان و خوێندنەوەیە و دەکرێت لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە ڕەوتی سیاسەتی ڕووسیا و سوڤێیەت و کۆمارەکانی پێشووی سوڤێیەت دەرهەق بە کورد و پرسی کورد ڕوون بکەرێتەوە و هەڵبەت زۆرتر دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ بابەتی کوردستانی پشت قەفقاس تەماشای بکرێت.
بە گشتی ئەم کتێبە خاوەن ئەم خاڵە ئیجابیەنەی خوارەوەیە:
خوێندنەوەی ڕەوتی سیاسەتی ڕووسیا و سوڤێیەت دەرهەق بە کورد و بە تایبەت کوردستانی پشت قەفقاس، خوێندنەوەی ڕەوتی سیاسەتی دوو کۆماری ئەرمەنستان و ئازەربایجان دەرهەق بە کورد و پرسی کورد، خوێندنەوەی ڕەوتی توانەوەی کورد لە لایان ڕووسەکانەوە، ئاگابوون لە دەسەڵات و کیانێکی کوردی بە ناوی کوردستانی سوور لە قەفقاس، ئاگابوون لە سیاسەتی تورکیا دەرهەق بە کوردی کوردستانی سوور، زانیاری سەبارەت بە شوێن نیشتەجێبوونی و ڕێژەی کورد لە قەفقاس، باسکردن و ئاماژەدان بە دەسەڵاتێکی کوردی بە نێوی کوردستانی سوور بۆ یەکەمجار.
کەموکوڕییەکان:
١) نەبوونی شێواز و ڕەوشتێکی یەکدەستی مێژوونووسی، بابەتەبەندی و بەشبەندی بە پەلە و ناڕەوشمەند.
٢) هەڵەی ڕێنووس و چەند دەس بوون ڕێنووس.
٣) لاوازبوونی باسی مێژووی کوردستانی سوور، ئەگەرچی نووسەر لە پێشەکی ئاماژەیە بەم خاڵە داوە کە ئەم کتێبە بە بۆنەی نەبوونی بەڵگەی کوردستانی سووری پێش دەسەڵاتی ڕووسیا پێویستە وەک بەرگی یەکەمی مێژووی کوردستانی پشت قەفقاسە تەماشای بکرێت، بەس بەم حاڵەوەش کەمترین ئاماژەی مێژوومەند بە کوردستانی سووری سەردەمی ڕووسیا و سۆڤێیەت کراوە.
٤)نەبوونی بەشی سەرچاوە.
٥)نەبوونی شیوازی ڕفڕەنسدانی یەکدەست.
٦) ئەوەلەویەتدان بە بەڵگە لە باتی نوووسینەوەی مێژوو بە پێ بەڵگە.
دەمێنێتەوە بڵێن لە بواری مێژووی کوردانی پشت قەفقاس و ڕەوتی سیاسەتی ڕووس سەبارەت بە کورد ئەم کتێبەی د. هەورامی لە ڕیزی بەرچاوترین کتێبەکانی بواری مێژووی کوردستانی پشت قەفقاسە. هەوڵی نووسەر بۆ بە دەست هێنانی بەڵگە و ڕوونکردنەوەی سیاسەتی ڕووسیا و سۆڤێیەت دەرهەق بە کورد و هەرەوەها پەردەلادان لە دەسەڵاتی نەناسراو و کەمتر ناسراوی کوردستانی سوور بۆ یەکەمجار، شایانی خوێندنەوە و سەرنجدان و پێزانینە.