پیاچوونەوە بە پرسیاری ئامادەبوون لە ڕەخنەی شانۆییدا

ئەم وتارە وەڵامی (نیهاد جامی) نووسەر و شانۆکارە بۆ پرسیارێکی تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری ماڵپەڕی ژنەفتن.

هەر کاتێک باس لە ڕەخنەی شانۆیی بکەین، پێویستە لە سەر تەواوی ئاستەکانی ڕەخنە قسە بکەین، ئەوەی لە ئێستادا ئامادەبوونی هەیە ڕەخنەیە یاخود پەیوەندی بە ڕەخنەوە نییە؟ هەمیشە ئەو پرسیارە ڕووبەروومان دەبێتەوە، بە بڕوای ئێمە ئەوە پرسیارە گرنگەکە نییە، ئەی کەوایە بۆچی ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە؟

پرسیارێک بۆ تێگەیشتن بێت لەبارەی زانیاری بەرایی بۆ ڕەخنە، وابەستەی ئەو تێگەیشتنەیە کە نووسین لەبارەی نمایشەوە تاچەند دەبێتە ئامادەبوونی ڕەخنەیی؟ بەدڵنیاییەوە کۆی مێژووی نووسینی ڕەخنەیی ئێمە لە شانۆدا لە هەواڵ و سەرنجەوە دەست پێدەکات، سەرنج گەشە بە خۆی دەدات و دەبێت بە تێگەیشتن بە پێی ئاستی مەعریفەی ڕەخنەگر، ئەوەش ڕەخنەیەک نییە وابەستەی میتۆد بێت، هێندەی بە پێی چێژی خودیی نووسەرەکەی ڕەخنە دەباتە ناو ململانێی “ستایش/ سەرزەنشتکردن” خێرا لەو ململانێیەش خۆی یەکلا دەکاتەوە، ئەو شێوازە بە ناوی ڕەخنە لە سەرەتای سەرهەڵدانی لەناو نمایشە کوردییەکان هاتۆتە بوون، تا ئەمڕۆش وێنەیەکی نەگۆڕی هەیە بۆ ڕەخنەی شانۆیی، بۆیە کاتێک باس لە ڕەخنە دەکرێت قسە لەو سەرنجەیە، لێرەدا ئەو پرسیارەی ناوە ناوە لە میدیاکان و نێوەندە شانۆییەکە سەرهەڵدەدات کە دەپرسێت: ئاخۆ ڕەخنەی شانۆییمان هەیە؟ ئایا ئەوەی هەیە ڕەخنەیە یاخود پەیوەندی بە ڕەخنەوە نییە؟

وێنەیەک لە شانۆگەری شینە لە شیندام، نووسین و دەرهێنانی ڕاڤیار نەوزاد، نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

تا ئەو شوێنەی سەرنج لە شوێنی ڕەخنەدا کار بکات، دەتوانین ناوی بەرین ڕەخنە لە شانۆی ئێمەدا بوونی هەیە، وەک ئەوەی ڕوانینی بینین دەگوازێتەوە، بە پێی چێژی خودگەراییش قسە لە نمایش دەکات، بەڵام ئەو دەمەی قسەکردنەکە لە میتۆد بێت، ئاخۆ ئەو ڕەخنەیە خاوەنی میتۆدێکە و تیۆر بەشێکە لەناو نووسین؟ ئەو پرسیارە نەک نەفی ڕەخنە دەکاتەوە، بەڵکوو گومان لە کۆی پڕۆسەی ڕەخنەیی دەکات لەناو نووسینی کوردیدا، بۆچی؟

لێرەدا بۆ ئەوەی ئەو گومانە بەرینە ناو ڕوانینێکی ڕەخنەییەوە دەبێت قسە لە دوو ئاستی جیاوازی ڕەخنە بکەین، کە ئەوانیش بە دوای سەرنج دێنە بوون، بە واتایەکیتر سەرنج تەنیا زەمینەیەکە بۆ ڕەخنە، بەڵام ڕەخنە نییە هێندەی گواستنەوەی پڕۆسەی نووسینە، لە پیرەمێردەوە کە هەواڵی نمایشەکانی بڵاو کردۆتەوە تا دەگات بە ڕەخنەی شانۆیی بۆ سەرەتای هەشتاکان، ئێمە یەک شێوەمان بۆ ڕەخنەی شانۆیی هەیە، ئەوەی لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە لەلایان بەشێک لە شانۆکاران دەنووسرێت، هەوڵێکە بۆ ڕزگاربوون لە سەرنج، ئەوەش هەوڵدانە بۆ نزیکبوونەوە لە گوتار، بۆ ئەوەی ئاگایی نووسین بەشداری بکات لە نمایشی شانۆیی، لێرەدا گوتار کار لەسەر ئاشکراکردنی ئەو نەبینراوانە دەکات بۆ بینەر، لە ڕێی خوێندنەوەی سیستمێکی شانۆیی، ئەوەش نزیکبوونەوەی گوتارە لەمیتۆد، تاوەکو پەیوەندییەک لە نێوان نمایش و بینەر درووست بکات، هەرچەندە گوتار تا ئاستێکی دەگمەن لەناو ڕەخنەی ئێمەدا دەرکەوتووە، چەند هەوڵێکن نەیانتوانیوە درێژی بە خۆیان بدەن، کاتێک گوتار توانی ئامادەبوونی لە ڕەخنەدا هەبێت، ئەوسا دەتوانێت بچێتە دۆخێکیترەوە کە دەقی ڕەخنەییە، دیارە ئێمە لە تەواوی مێژووی نووسینی ڕەخنە شتێکمان نییە بە ناوی دەقی ڕەخنەیی، کە وەک دەقی نووسەر و دەقی نمایش بێت، بۆ ئەوەی ڕەخنە دەقێکی سەربەخۆ بنووسێتەوە، بەشداری لە کۆی پڕۆسەی خوڵقاندنەوەی نووسین و نمایش بکات، شێوەیەک بێت لە دەقئاوێزانێکی نێوان هەردوو دەقی نووسین و نمایش، ئامادەنەبوونی دەقە پەیوەستە بە ئامادەنەبوونی مەعریفە، بە هۆی ئەوەی پێویستی بە تێگەیشتنە لە زانستە مرۆییەکانەوە، بتوانێت سێنتەری دەقی نووسەر و دەقی نمایش هەڵبوەشێنێتەوە، کار لەتەک بونیادەکان بکات، بەر لەوەی بوونە بە سێنتەر، ئەو کارە ڕەخنەگر دەکات بە نووسەری دەقێکی سەربەخۆ، ئەو لە پەراوێزی نمایشی شانۆییەوە نایەتە بوون، ئەو پەراوێزبوونەوە وایکردووە هەمیشە ڕەخنە گرنگی خۆی نەبێت لە نەخشەی شانۆی ئێمەدا، گرنگییەکەی لەناو ستایش و سەرزەنشتکردندایە، ستایش ئەکتەر و دەرهێەرەکانی دڵخۆش کردووە و ناویان بردووە بە ڕەخنەی ڕاستەقینە و زانستی، سەرزەنشتیش شانۆکارانی دەرەوەی نمایشەکەی ئاسودە کردووە بەوەی ڕەخنەی زانستین، سەرەنجام ململانێکە لەناو نێوەندە شانۆییەکەدا لە سەر زانستی و شێواندن ناوی بردراوە، بەڵام لە بنەرەتدا شتێک لەو نووسینانە بوونی نییە بە ناوی زانستی و شێواندن، چونکە ئەوە زانستی بوون نییە، هێندەی بینینە بە پێێ چێژی ڕەخنەگرەکە، وەک چۆن شێواندنیش نییە، چێ بشێوێنێت، ئەو هاتووە ئەوانەی بە خواستی چێژی ئەو نین ڕەخنەی ئاراستە کردوون، بۆیە ئەوەی نووسراوە سەرنجی بینین بووە، بە دەگمەن نووسینێک دەبینین کە نزیکبوونەوە بێت لە گوتار و شتێکیشمان نییە بە ناوی دەقی ڕەخنەیی.