وتووێژێک لەگەڵ ئاگۆتا کریستۆف

لە ئینگلیزییەوە: ڕەها ئەبوبەکر

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٩، ڕیکاردۆ بینێدێتینی کە تێزێکی لەسەر ئەدەبیاتی فەرەنسایی بە سەرپەرشتیی ڤالێریۆ ماگریلیی شاعیر لە زانکۆی پیزا نووسی، بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەری گەورەی بە ڕەچەڵەک هەنگاریایی، ئاگۆتا کریستۆف، گەشتێکی بۆ سویسڕا کرد. ئەم نووسراوەی وتووێژەکەیان، یەکێکە لەو چەند چاوپێکەوتنە کەمەی کە لە ئێستادا بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵ کریستۆف بەردەستە.

کریستۆف، بە زمانی فەڕەنسایی دەینووسی، نەک زمانی زێدەکەی خۆی کە هەنگاریایی بوو، ئەمەش دوای کۆچکردنی بۆ سویسڕا و لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا کە بەزامەت فێری بوو. وەک ماگرێلی دەڵێت “کریستۆف جۆرێکی نوێی لە فەڕەنسایی داهێنا.” بە پێچەوانەی بێکێت کە لەپێناو هونەردا زمانی دەکار دەهێنا، هەوڵی کریستۆف لەو پێناوەدا نەبوو، بەڵکوو تەنێ تا ئەوەی ژیانی پێ ڕایی بکا و لێی تێبگا. ئەو شێوازی بەکارهێنانەیش کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو.

کریستۆف بەپێ و لەژێر پەردەی شەودا، لەگەڵ کچە کۆرپەکەی، هاوسەرەکەی و دوو جانتا کە یەکێکیان دایبی و ئەوی دیکەیان فەرهەنگی تێدابوون، هەنگاریایان بەجێ هێشت. پێش ئەوەی لە سویسڕا نیشتەجێ بن، گەیشتنە نەمسا، لەوێ کریستۆف لە کارگەیەکی کاتژمێردا کارێکی دۆزییەوە. لەنێو هاوکارەکانیدا کە زۆربەیان ئاوارە بوون، قسەکردن ڕێپێنەدراو بوو. لە دەرەوەی کارگەش، بەهۆی نەزانینی زمانی فەڕەنسایییەوە، کریستۆف زۆربەی کاتەکانی بە بێدەنگی تێدەپەڕاندتەنانەت کاتێک لە قسەکردنی فەڕەنساییش شارەزا بوو، ساڵانێکی زۆر هەر بە نەخوێندەواری مایەوە. چوار هاوڕێی کە هەموویان هەنگاریایی بوون و لە سویسڕا ئاوارە بوون، هەر زوو دوای گەیشتنیان، کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێنا. یادداشتەکەی کریستۆف، نەخوێندەوار، کە باسی ئەم ڕووداوانە دەکات، یەکێکە لە نموونە هەرە مات و پوختەکانی ئەم ژانێرە لە تەواوی ئەدەبیاتدا؛ تەنیا لە چل و چوار لاپەڕەدا، ژیانی کریستۆف لە منداڵییەوە بە ئاوازێکی سەیر و تایبەت و بێهاوتا نیشان دەدات.

ئاگۆتا کریستۆف (1935-2011) ڕۆماننووسی هەنگاریایی

لەم چاوپێکەوتنە سەرنجڕاکێشەدا کە ویڵ هایوارد بۆ یەکەمجار وەری گێڕاوە، کریستۆف بە هەمان زمانی سێیینە ڕۆمانەکەی؛ دەفتەری گەورە، بەڵگە و سێیەمین درۆ، بە شێوازێکی سادە و بێ پێچوپەنا وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە. کاتێک کە لێی دەپرسن کە چۆن یان بۆچی کارەکتەرێکی پەشێو یان دیمەنێکی نەشیاوی چێ کردووە، وەڵامەکەی تەنیا ئەوەیە کە یان ئەو کەسەی ناسیوە، یان ئەو دیمەنەی لە ژیانی ڕاستەقینەدا بینیوە. ڕێک بەو شێوەیە و زیاتر نا. بەڵام، ئاماژەکانی کریستۆف بۆ ئەوەی کە پێی دەڵێین “ژیانی ڕاستەقینە”، هێندە گرینگی ژیاننامەکەی ناخەنە ڕوو، بەڵکوو ئەوەی کە چۆن بەهۆیەوە خەیاڵەکانی خولقاندووە. تەنانەت، کاتێک بە “نازانم” وەڵام دەداتەوە، شتێک ئاشکرا دەکات. بۆ کریستۆف؛ نووسین وەڵامەکەیەتی. نووسین واتە داهێنان، سەرگەرمی و خۆلادان لە دەردەسەرییە جۆراوجۆرەکانی ژیان. هەر وەک کارەکتەری لوکاس لە کتێبی بەڵگەدا دەڵێت: “چیرۆکی خەمناک گەلێک زۆرن، بەڵام هیچ شتێک وەک ژیان خەمناک نییە.”

-میکێ چیو، نیویۆرک، ئایاری ٢٠١٦

ئاگۆتا کریستۆف ساڵی ١٩٣٥ لە هەنگاریا هاتووەتە دنیاوە، ساڵی ١٩٥٦ ڕووی لە سویسڕای فەرەنساییزمان کردووە و لە کارگەیەکدا کاری کردووە، بە خاوی فێری زمانی فەرەنسایی بووە، یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی دەفتەری گەورە لە ساڵی ١٩٨٦ نووسیوە، هەر زوو ناوبانگێکی جیهانی وەدەست دەهێنێ و بۆ زیاتر لە سی زمان وەردەگێڕدرێ. دواتریش بە دوو کتێبی دیکە، بە ناوەکانی بەڵگە (١٩٨٨) و سێیەمین درۆ (١٩٩١) درێژەی بە چیرۆکەکە داوە. هەروەها ساڵی ٢٠٠٤، یادداشتێکی بە ناوی نەخوێندەوار نووسیوە کە باس لە سەردەمی منداڵی، جێهێشتنی هەنگاریا، فێربوونی زمانێکی نوێ وەک پەنابەر و نووسینی بەم زمانە بێگانەیە دەکات. هەروەها، شانۆنامە و چیرۆک و ڕۆمانی دیکەیشی نووسیون. ساڵی ٢٠١١ لە سویسڕا کۆچی دوایی کردووە.

ڕیکاردۆ بێنێدێتینی: ڕۆمانەکانت سەرکەوتنی زۆریان وەدەست هێناون، گەلێ جار نووسینەکانت بە هی تۆماس بێرنارد و بێکێت و کافکا بەراورد دەکرێن. پێت وایە هەندێک لایەنی کارەکانت کەوتوونە بەر هەڵەتێگەیشتن، یان وەک پێویست گرنگییان پێ نەدراون؟

ئاگۆتا کریستۆف: حەز دەکەم باسی بێرنارد بکەم، چونکە بەڕاستی خۆشم دەوێت [بەپێکەنینەوە]. نازانم. حەزم لەوە نییە کە بە مارگریت دووراس بەراورد دەکرێم. کەیفم بە دووراس نایەت. ئایا هەندێک لایەنی کارەکانم کەوتوونە بەر هەڵەتێگەیشتن؟ ئای… ڕاستییەکەی نازانم، نازانم مەبەستت لەوە چییە.

ڕیکاردۆ: کتێبەکانت بۆ بیست زمان وەرگێڕراون—

 کریستۆف: [پێی دەبڕێ] نەخێر… بۆ زیاتر لە سی زمان.

ڕیکاردۆ: ببەخشە، سی زمان. هەستت چۆنە کە نێوبانگێکی وا فراوانت هەیە؟

کریستۆف: ئای، لە سەرەتاوە، باوەڕپێنەکراو بوو. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە کتێبەکان، دوای دە ساڵ زیاتر لە چاپکردن، هێشتا دەفڕۆشرێن. ئەوە سەرسوڕهێنەرە. دەفتەری گەورە زۆر دەفڕۆشرێت. داواکاری زۆریشم بۆ دێ بۆ وەرگیران و بەکارهێنانی.

ڕیکاردۆ: ئەوەم بیست. ئایا فیلمێکی لێ دروست دەکرێ؟

کریستۆف: هێشتا نا، بەڵام مافەکانی فڕۆشراون. بەرهەمهێنەرەکە ئەمریکایییە و سینەماتۆگرافەرەکەش دانیمارکی دەبێت. بڕیارە فیلمەکە لە ناوەندی شارۆچکەی کۆزێگدا ڕوو بدات، ڕێک لەبەردەم هۆتێلەکە کە کتێبفڕۆشییەکەی لێ بوو. کاتێک سەردانی کۆزێگت دەکرد، بە ئاسانی هەردووکیانت دەبینی. ئەو خانووەی کە بۆ ماڵی داپیرە بەکاری دەهێنن، ماڵەکەی دەفتەری گەورە، پێشتر لە چەندان فیلمی دیکەدا دەرکەوتووە. بۆ کتێبەکەی دیکەیشم، دوێنێ، هەندێک لە ئیتاڵیایییەکان فیلمەکەیان دەستنیشان کردووە.

ڕیکاردۆ: دەقەکانت لەلایەن ڕەخنەگرانی ئەدەبییەوە زۆر جێی کنە و سەرنجن. زیاتر حەز دەکەیت سەرنجیان لەسەر چی لایەنێکی تایبەتی کارەکانت بێت؟

کریستۆف: نازانم. هەمووی یەک شتە بۆم.

ڕیکاردۆ: پێت وایە کتێبەکانت پەیامێک هەڵبگرن؟

کریستۆف: بێگومان نەخێر. نامەوێت پەیامێکم هەبێت. نەخێر [بە پێکەنینەوە]، بە هیچ شێوەیەک. من بەو شێوەیە نانووسم. تەنیا ویستم کەمێک باسی ژیانم بکەم. هەمووی بەم شێوەیە دەستی پێ کرد. لە دەفتەری گەورەدا، ئەوە منداڵیم بوو کە ئارەزووم دەکرد باسی بکەم، ئەوەی کە لەگەڵ یەنو’ی برامدا ئەزموونم کرد. تەنیا ژیاننامەیییە.

ڕیکاردۆ: لەوەتای دەستت بە نووسین کردووە، لە چی ڕوویەکەوە پەرەت سەندووە؟

 کریستۆف: ڕوونە کە زۆر پەرەم سەندووە. لە تەمەنی سێزدە ساڵییەوە دەستم بە نووسین کردووە و لەو کاتەوە شێوازی نووسینم بەتەواوی گۆڕاوە. بەتەواوی. شیعرەکان، زۆر شیعری و لەڕادەبەدەر هەستبزوێن بوون. حەزم لەم شێوازی نووسینە نییە، بە هیچ شێوەیەک و هیچی دی حەزم لە شیعرەکانم نییە.

ڕیکاردۆ: کەی زانیت کە نووسەریت؟

کریستۆف: ڕاستییەکەی هەردەم زانیومە. لە منداڵیدا، زۆرم دەخوێندەوە، بەتایبەتیش نووسەرانی ڕووسیایی. دۆستۆیڤسکیم خۆش دەویست. ڕەنگە دڵخوازترینم بێ. هەروەها زۆر ڕۆمانی پۆلیسیشم دەخوێندنەوە.

 ڕیکاردۆ: چۆنچۆنی دەنووسی؟

کریستۆف: ڕاستگۆ بم، نازانم. سەرەتا بە نووسینی سیناریۆی شانۆنامەکان بە زمانی فەڕەنسایی دەستم پێ کرد. کاتێک لاو بووم و هێند نەبوو هاتبوومە ئێرە، لە بیستەکانی تەمەنمدا، بە زمانی هەنگاریایی شیعرم دەنووسی. بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی فێربوونی زمانی فەڕەنسایی، بەو زمانە کەوتمە نووسین. ئەوە چێژبەخش بوو بۆم. بەڵێ، ئەوەم دەکرد تا کەمێک خۆم سەرقاڵ بکەم. دوای ئەوە، دەستم بە ناسینی شانۆدۆستان و دەرهێنەران کرد. شانۆنامەم دەنووسین و لەگەڵ خوێندکارانی شانۆیش زۆر کارم دەکرد. تەنانەت زۆرێک لە کارەکانمان لە ڕادیۆ پێشکەش کرد، هەرچەندە زۆربەیشیان بەتەواوی ئامادە نەکرابوون. بەڵام خۆش بوو.

ڕیکاردۆ: پێوەندییەک هەیە لەنێوان دایەلۆگەکانی نێو شانۆکانت و هی نێو دەفتەری گەورە؟

کریستۆف: بەڵێ، بێگومان.

ڕیکاردۆ: چۆن لە کتێبەکانت دەڕوانی؟

کریستۆف: ڕاستییەکەی… تەواو جددی و خەمهێنن. بەڵێ، تا ڕادەیەکی زۆر.

ڕیکاردۆ: کام لە نووسەران زۆر گرنگن بۆت؟

کریستۆف: سەرسامم بە کنووت هامسۆن و نووسەرێکی دیکە، کە ناوەکەیم وەبیر نایەتەوە. سەرنووسەرەکەم کتێبێکی ئەم نووسەرەی پێ دام و گوتی کە زۆر هاوشێوەی کارەکانی منە. بەڵێ، تا بیڵێی سەنگین بوو، بەڵام بەڕاستی هیچ لێکچوونێکم نەبینی. ئێستا زۆر ناخوێنمەوە. هەروەها حەزم بە فرانسیس پۆنژ و ژۆرژ باتایش هەیە، بەڵام زۆر ئاشنای نووسەرانی هاوچەرخ نیم.

ڕیکاردۆ: خۆت وەک نوێنەری ئەدەبیاتی نەتەوەییی هەنگاریایی، یان ئەدەبیاتی فەڕەنسایی-سویسڕایی دەبینیت، یانیش ناپێوەند بە نەتەوەیەکەوە؟

کریستۆف: هەنگاریایی، تەنانەت گەر فەڕەنسایینووسیش بم. هەموو کتێبەکانم باس لە هەنگاریا دەکەن. تەنانەت چوارەم دانەش، خوێندووتەتەوە؟

ڕیکاردۆ: دوێنێ؟

کریستۆف: بەڵێ، شوێنی چیرۆکەکە سویسڕایە، بەڵام لە گەڕەکێکی پەنابەراندا. کەمتاکورتێک چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە. تەواو ئۆتۆبایۆگرافییە. لە کارگەیەکدا کارم دەکرد. کارگەکە لە گوندی چوارەم بوو. دەبووایە لەوێ سواری پاسێک ببین. ئێمە لە گوندی یەکەم دەژیاین. من لین’م، کارەکتەرەکەی دوێنێ، ئەو کەسە بووم کە لە گوندی یەکەمەوە سواری پاس دەبووم. هاوسەری پێشووشم سکۆلەرشیپێکی هەبوو، کارەکتەری ساندۆر بوو، هەنگاریایییەکی بە ڕەگەز ڕۆمانی کە لە کارگەیەکدا کاری دەکرد. پێکەوە کارمان دەکرد. کچی هەوەڵم هەموو ئەوانەی بەباشی ناسییەوە. بۆ نموونە، ئەو ئەپارتمانەی کە باسی دەکەم. بەڵێ، پێم وایە لەنێو هەموو ڕۆمانەکانمدا، ئۆتۆبایۆگرافیترین ڕۆمانمە. هەموو ئەو شتانەی کە باسیان دەکەم بە ڕاستی ڕوویان داوە، بە خۆکوشتنەکانیشەوە. چوار کەسم دەناسین کە دوای جێهێشتنی هەنگاریا خۆیان کوشت، ئەوە هەموو ئەوە بوو کە دەمویست باسی بکەم.

ڕیکاردۆ: پێم خۆشە بەدیاریکراوی ئەو ڕێکەوتە بزانم کە هەنگاریات بەجێ هێشت.

کریستۆف: ساڵی ١٩٥٦ بوو، دوای شۆڕش.

ڕیکاردۆ: ڕاستە، بەڵام دەمەوێت ڕۆژەکەی بزانم.

کریستۆف: پێم وایە ٢٧ی تشرینی یەکەم بوو، بەڵام دڵنیا نیم. نا، نەخێر، ٢٧ی تشرینی دووەم بوو.

ڕیکاردۆ: ٢٧ی تشرینی دووەم؟

کریستۆف: بەڵێ، پێم وایە. درەنگانی شەو ڕۆیشتین. لە کۆمەڵەیەکدا بووین. گەیشتینە گوندێک کە پڕی پەنابەر بوو. یەکڕاست بەپیرمانەوە هاتن. کۆمەڵەکەمان زۆربەی منداڵ بوو. لە ماڵی ئەو گوندنشینانە ماینەوە کە پارەیان پێ دەدرا تا خواردن و شوێنی حەوانەوەمان بۆ دابین بکەن. نازانم چەند ڕۆژ لەوێ ماینەوە. لەپاشان، سەرۆک شارەوانیی گوندەکە بلیتی پاسی ڤیەننای بۆ کڕیین. لە دواییدا پارەکەمان دایەوە. لە ڤیەنناش، لە سەربازگەیەکدا ماینەوە.

ڕیکاردۆ: بەرنامەتان وا بوو بچنە سویسڕا؟ وا خوێندمەوە گوایە بەنیازی کەنەدای بوون، وایە؟

کریستۆف: نا، نەخێر. بۆ کەنەدا نا. ویستم بچینە ئەمریکا چونکە خێزانەکەم لەوێ بوون. کە گەیشتینە ئەوێ، پێیان گوتین کە تەنیا شەش مانگ دەتوانین بمێنینەوە. بۆیە، گەڕاینەوە سویسڕا و هاوسەرەکەم کە مامۆستای مێژوو بوو، لەوێ سکۆلەرشیپی وەرگرت. زۆر یارمەتیدەرمان بوون. ئاپارتمانیان بۆ دۆزینەوە، ئیشێک بۆ من، دایەنگەیەک بۆ منداڵەکە. هەر لەبەر ئەوەش لەوێ ماینەوە. ویستم بگەڕێمەوە بۆ ئەمریکا، بەڵام دەبووایە چاوەڕێ بکەم. منداڵەکانم لێرەن لە سویسڕا، منیش نامەوێت زۆر لێیان دوور بم.

ڕیکاردۆ: یەکەم گەڕانەوەت بۆ هەنگاریا کەی بوو؟

کریستۆف: پاش دوازدە ساڵ لە رۆیشتنم، ساڵی ١٩٦٨. ئەو کاتە بوو کە دایباب و براکانم هێشتا هەموویان لە ژیاندا بوون. ئێستا، دایبابم کۆچی دوایییان کردووە. ئەوانی ماون براکانم و منداڵە چکۆلەکانیانن لە هەنگاریا. بەڵام چی دی لە گوندە گچکەکەدا ناژین. ئاتیلا’ی برام، نووسەرە و لە بوداپێست دەژیێت. زوو زوو بۆ هەنگاریا دەگەڕێمەوە.

ڕیکاردۆ: کە هەنگاریات بەجێ هێشت، هەستت دەکرد کە هێشتا قوربانی دەستی ئەوانی ژێردەستی ڕژێمی؟

کریستۆف: زۆر حەزم لە سیاسەت نییە. هاوسەرەکەم بوو کە ویستی بڕۆین، چونکە ئەو بە پێچەوانەوە زۆر حەزی لە سیاسەتە و ئەگەر مابایەوە، بە دڵنیایییەوە لە کوچی زیندانێیان دەکرد. هاوڕێکانی کە مانەوە، دوو ساڵان زیندانی کران. هەرچۆنێکی بێت، دوو ساڵ هێندەیش زۆر نییە.

ڕیکاردۆ: ئەگەر سەرنجمان لەسەر ڕۆمانەکانت بێت، کلارا، بێوەژنەکەی نێو دەفتەری گەورە کە هاوسەرەکەی لەسێدارە دەدرێت، بەڵگەی نادادیی ڕژێممان پێ دەدات.

کریستۆف: بەڵێ، کلارا دایکمە. ئەو چیرۆکەکەی بۆ باس کردم. قژی بەهۆی ڕاچەنینەوە سپی بووبوو، هەر وەک قژی کلارا. ئەوە ڕاستە، ئەوان، ڕژێم، کەسانێکیان دەکردنە ئارمانج. بۆ نموونە، هەر کەسێک پێوەندی لەگەڵ یووگۆسلاڤیایییەکان هەبووبا، بە خیانەتکار ناوزەد دەکرا.

ڕیکاردۆ: وەختێک گەیشتییە سویسڕا، لە کێشەی زۆر دابووی؟

کریستۆف: هەر زۆر. پێنج ساڵان نەمدەتوانی بخوێنمەوە. لە کارگەیەکدا کارم دەکرد کە ڕێگەمان پێ نەدەدرا زۆر قسە لەگەڵ یەکدی بکەین. تەنیا زمانی ڕووسیاییم دەزانی. بابم وانەی بیرکاری دەگوتەوە، بەڵام، لەبەر ئەوەی تاکە مامۆستای گوندەکە بوو، پێش ئەوەی بچێتە سەربازی وانەکانی دیکەیشی دەگوتەوە. هاوسەرەکەم، کەمێک زمانی فەڕەنسایی دەزانی چونکە زۆر لە من گەورەتر بوو. زۆریش باش نەیدەزانی، بەڵام سەروزیاد بوو. کاتێک چووبووە قوتابخانە، هێشتا زمانی فەڕەنسایی و ئەڵمانیایی دەگوترانەوە، بەڵام لە دواییدا تەنیا ڕێ بە زمانی ڕووسیایی دەدرا. لێرە چوومە زانکۆ، بەڵام تەنیا کۆرسی بیانییەکانم وەرگرت. تەنانەت لێرەش دەبوو بەکالۆریۆست هەبێت.

ڕیکاردۆ: هێشتا بە زمانی هەنگاریایی دەنووسیت؟

کریستۆف: نەخێر. بە هەنگاریایییەکی نموونەیی قسەم دەکرد، بەڵام کاتێک نامە یان کارتم دەنووسی، هەڵەی زۆرم دەکردن. زۆر جار، شتەکان لە شوێنی هەڵەدا دادەنێم، وەک زیادکردنی پیتی “e,”ی بێدەنگ بۆ نموونە.

ڕیکاردۆ: لەگەڵ ئەو پێناسەیەدا هاوڕایت کە ڕۆمان دەبێ لەسەر بنەمای ناسازیی نێوان تاک و جیهانی دەوروبەری بێت؟

کریستۆف: نازانم. بیر لەو جۆرە شتانە ناکەمەوە.

ڕیکاردۆ: وشەی “سێیینە.” ڕات چییە لەسەر هەڵبژاردنی ئەم وشەیە وەک ناونیشان بۆ وەرگێڕانی ڕۆمانەکانت؟

کریستۆف: کێشەم لەگەڵی نییە، بەڵێ، چونکە لە هەرسێکیاندا هەمان کەسن و بەیەکەوە گرێدراون.

ڕیکاردۆ: ڕوونە کە جەنگ کاریگەری هەبووە لەسەر پێوەندیت لەگەڵ جیهانی ڕاستەقینەدا. ئەی کاریگەری چۆن بووە لەسەر پێوەندیت لەگەڵ کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکانت؟

کریستۆف: جەنگ کاریگەری لەسەرم هەبوو، منیش دەربارەیم نووسی. تەمەنم دە ساڵ بوو کاتێک جەنگ کۆتایی هات، ڕاستییەکەی بۆ من باڵکێش بوو. ئەو چیرۆکەی کە لە یەکەم ڕۆمانمدا دەیگێڕمەوە ساڵی ١٩٤٤ دەست پێ دەکات، دوا ساڵمان لەوێ بەسەر برد. دەبێ بگوترێ کە ساڵی کۆتایی، سەختترین و مەترسیدارترین ساڵ بوو، چونکە بەرەی پێشەوە بە شێوەیەکی بەردەوام پێشڕەوی دەکرد، نزیکتر و نزیکتر دەبووەوە. بەڵام گوندەکەمان زۆر بۆردومان نەکرا، تەنیا کەمێک ڕاستییەکەی. خانووی زۆر وێران نەبوون. زەنگی ئاگادارکردنەوە زۆر بوو و لەو کاتانەیشدا قوتابخانە دادەخرا. لە قوتابخانەکەدا هیچ مێزێک بۆ خوێندکارەکان نەبوو، خۆ ئەگەر هەشبووایە، کەس نەیدەویست بچێت، کەس نەیدەتوانی.

ڕیکاردۆ: ئایا لەگەڵ خوێندنەوەیەکی واقیعییانەی کتێبەکانتی، بەو واتەیەی، خوێندنەوەیەک کە هەوڵی ناسینی کات و شوێنە مێژوویییەکانی نێوی بدات؟

کریستۆف: بەڵێ، چونکە دواجار ئەوە ژیانی منە، هەستەکانمە و گەڕانەوەمە بۆ گوندەکە.

ڕیکاردۆ: بەڵام، نووسینەکانت لە کەشێکدان کە نەبەستراونەتەوە بە کات و شوێنێکی دیاریکراوەوە. ئەم ناڕوونییە بۆچی؟

کریستۆف: هەر بەو شێوەیە نووسیومە، تەنانەت لە شانۆنامەکانیشمدا. هیچیانت خوێندووەتەوە؟

ڕیکاردۆ: بەڵێ، بێگومان. بۆ نموونە ڕێگا.

کریستۆف: بەڵێ [بەپێکەنینەوە]… بەڵام خۆ هێشتا ئامادە و چاپ نەکراوە. چۆن دەستت کەوتووە؟

ڕیکاردۆ: لە سەرنووسەرەکەتەوە. کۆپییەکی بۆ ناردبووم.

کریستۆف: ئای! بەڵێ، ماوەیەکی باشە هیچم بۆ نەناردووە.

ڕیکاردۆ: ئایا دەتوانین بڵێین شارۆچکەی “س” کە لە درۆی سێیەمدا وێنای دەکەیت، شارۆچکەی سۆمباتێیی نزیک کۆزێگە؟

کریستۆف: بەڵێ، خۆیەتی.

ڕیکاردۆ: ئەی خوێندنەوەیەکی پێوەست بە ئاکارەوە پەسەند دەکەیت بۆ کتێبەکانت؟

کریستۆف: بەڵێ، دەتوانین باسی بکەین. جیاوازی نییە بۆم.

ڕیکاردۆ: هەڵبژاردنی دووانە، کێشە و کێشمەکێشمی ناسنامەیی دروست دەکات. بۆچی دووانە و، بۆچی تەنیا خوشک و برایەک نەبێت؟

کریستۆف: نازانم. هاتنە نێو میشکمەوە. لە سەرەتادا، لەسەر خۆم و براکەم نووسیم و باش نەڕۆیشت. بۆیە “ئێمە”م بەکار هێنا.

ڕیکاردۆ: گرنگیی ئەو چەند شتە سنووردارەی کە دووانەکە هەیانن چییە؟ مەبەستم لە کتێبی پیرۆز و فەرهەنگی باوکم و دەفتەرە گەورەکەیە.

کریستۆف: ئەمانە شتە جەوهەرییەکانی ژیانن. یەکەمیان کە کتێبی پیرۆزە، نوێنەرایەتیی بیرۆکەی خوێندنەوە دەکات بەگشتی. هەر کاتێک کتێبێک دەخوێنینەوە، وەک ئەوە وایە کتێبی پیرۆز بخوێنینەوە. فەرهەنگەکە لە سەرووی هەموویانەوەیە، چونکە کاتێک هاتمە ئێرە زۆر فەڕەنساییم نەدەزانی. بۆیە کاتێکی زۆرم بە خوێندنەوەی فەرهەنگ بەسەر دەبرد. بەردەوام بەدوای وشەکاندا دەگەڕام. گەلێک حەزم بە فەرهەنگانە؛ بە زمانی هەنگاریاییش زۆر بەکاریان دێنم. سەبارەت بە دەفتەرە گەورەکەش، لەبەر ئەوەیە کە لە قۆناغی ئامادەییدا گۆڤارێکم بە زمانی هەنگاریایی دەنووسی. شێوازێکی تایبەتی نووسینم پەرە پێدابوو کە ئێستا تەنانەت ئەگەر هەوڵیش بدەم، ناتوانم بیخوێنمەوە. بیرم نەماوە.

ڕیکاردۆ: تۆش هاوشێوەی دووانەکە، لەگەڵ دوو براکەتدا پێڕەوی پەروەردەیەکی تایبەتی ئۆتۆدیداکتیکت دەکرد؟

کریستۆف: بەڵێ، بەڵام هێندەی ڕاهێنان بوو، پەروەردە نەبوو. شتگەلێکی وەک دوو ڕۆژ نەخواردن، نەجوڵان، یان بۆ ماوەی کاتژمێرێک قسەنەکردن. هەروەها ڕاهێنانی دڕندانەیش هەبوون، بەو پێیەی نە داکم و نە بابم ئاژەڵیان نەدەکوشتن. باشە، ڕەنگە بابم کردبێتی، بەڵام دواجار ئەو لە لامان نەبوو. بۆیە، ئەوە براکەم بوو کە مریشکەکانی دەکوشتن. من… نا، نەمدەتوانی. ڕاستییەکەی پشیلەیەکیشمان هەڵواسی، بەڵام هەردەم ئەوە براکەم بوو کە دەیکرد. سەیرکردنی ئاسان نەبوو. پشیلەکە ماوەیەکی باش خوستی لێ بڕا، ئێمەش پێمان وا بوو مردووە، بۆیە هێنامانە خوارێ. ماوەیەک وا مایەوە و پاشان تێی قوچاند. کاتێک بە براکەمم گوت کە لەسەر منداڵیمان دەنووسم، پێی گوتم، “پشیلەکە لەبیر نەکەی.”

ڕیکاردۆ: گەر هەڵە نەبم، لە برایانی کارامازۆڤی دۆستۆیڤسکیشدا هەڵواسینی پشیلەیەک هەیە.

کریستۆف: بەڕاستی؟

ڕیکاردۆ: بەڵێ، بەڵام با واز لەوە بێنین. ئێستا، حەز دەکەم بۆ ساتێک، باسی هەندێک لە کارەکتەرەکانی دیکە بکەین. لە ڕۆمانەکانتدا، جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوان ئەوەی پیشان دەدرێت و ئەوەی کە ڕاستەقینەیە هەیە. کارەکتەری داپیرە، یان بۆ نموونە دیمەنی سێوەکان چ مانایەک دەبەخشن؟*

کریستۆف: داپیرە کارەکتەرێکی خەیاڵییە، بەڵام کردارەکانی و ئەو کارانەی کە دەیکردن، سروشیان لە کارە ڕاستەقینەکانی داکم وەرگرتووە، وەک چاودێریکردنی باخچەکە و مریشکەکان. هەروەها، هەندێک جار تووشی هەندێک کۆڵبەری پیر و تا ڕادەیەک بەد دەبووین. بەڵێ، ژنی لەو جۆرە زۆر بوون. سەبارەت بە دیمەنی سێوەکان، بێگومان داپیرە ئامادەیی هەیە.

ڕیکاردۆ: بە پێچەوانەی ئەوەوە، کارەکتەری کەیبانووش هەیە، وەک هێمای ئەو بەشەی خەڵکی کە بێباکن لە ئازارچەشتنی ئەوانی دیکە. ئەو لەگەڵ دوو منداڵەکەدا دلۆڤانە، بەڵام دڕندەیییەکی زیاد لە پێویست بەرانبەر بە جووەکانی گوندەکە کە شاربەدەر دەکرێن، نیشان دەدات.**

کریستۆف: بەڵام، دەزانی، ئەوەش هەر ڕاستییە. ئێمە لە شارۆچکەیەکدا دەژیاین و شایەتحاڵی ڕاگواستنەکە بووین. کاروانێک لە ژنان، بەساڵداچووان و منداڵان. دایەنێکمان هەبوو لە ماڵێ، نەمسایی بوو. نانی دەخوارد و هەمان شتی دەکرد. کاتێک ئەوان تێدەپەڕین، نانەکەی دەستی درێژ دەکرد و دواتر دەیکێشایەوە. لە گوندەکەمدا، کەمپێکی گوزەر هەبوو. تەنانەت ئێستا لە شوێنی کەمپەکەدا مۆنۆمێنتێک هەیە. بینیوتە؟

ڕیکاردۆ: بەداخەوە نەمدیوە. لین، لە دوێنێدا، لە هەمان کاتدا هێمای خۆشەویستییەکی پاک و ڕەگەزپەرستییەکی دڵرەقانە و ناپێویستانەیشە. ئایا ناکۆکیی نێوان ڕواڵەت و سروشتی ڕاستەقینەیان، نێوان درۆ و واقیع، کارەکتەرەکانت بە یەکدییەوە دەبەستێتەوە؟

کریستۆف: بەڵێ، ئەوە ڕاستە. پێم وایە مرۆڤەکان، نە بەتەواوی باش و نە بەتەواوی خراپن.

ڕیکاردۆ: بە جۆرێک لە جۆرەکان، دەفتەری گەورە ڕۆمانێکە دەربارەی خۆدۆزینەوە و گەڕان بەدوای ئازادیدا. پێوەندیی بەهێزی نێوان دووانەکە، چەندەش پێویست بێ تا ئەوەی بتوانن لە ژیاندا بمێننەوە، بەڵام دواجار دەبێ ئەم پێوەندییەش بپچڕێنن بۆ ئەوەی سەربەخۆیانە بژین. ڕاستە؟

کریستۆف: بەڵێ.

ڕیکاردۆ: ئەوە ڕاستە کە لە درۆی سێیەمدا، بەیەکگەیشتنەوەی تەواوەتیی دوو براکە نالوێ؟ 

کریستۆف: بەڵێ، کلاوس بە تەنیا دەژی. نایەوێت خووەکانی بگۆڕێت و ژیانێکی ئارامی پێ باشترە. دواجاریش، ئەو ئیرەیی بە براکەی دەبات.

ڕیکاردۆ: خۆشەویستی، دەورێکی لاوەکی هەیە لە کتێبەکانتدا، بەڵام، زۆر جار هەوڵ دەدەی بە هەموو توندوتیژییەکانییەوە، سێکس نیشان بدەی. سەرەڕای ئەوەش، پێ دەچێت تەنیا ئەو کارەکتەرانە توانای خۆشەویستییان هەبێ کە بە شێوەیەکی “جیاواز” خۆشەویستی دەکەن. بۆچی ئاوایە؟

کریستۆف: بەڵێ، بەتەواوی ڕاستە. لە منداڵیدا زۆر باسی ئەم بابەتەمان دەکرد. هەمیشە ئاگاداری ئەوە بووین کە چی لە دەوروبەرمان دەگوزەرێت. لە شارۆچکەی چیکڤاند بوو [ئەو شارۆچکە هەنگاریایییەی کە تێیدا لەدایک بووم] دوو ئاژەڵ و هەموو ئەوانە هەبوون. گشت منداڵەکان هەموو شتێکیان دەزانی. من پێم وایە لە منداڵیدا، سێکس پانتایییەکی فروان داگیر دەکات. زانخوازییەک هەیە بۆ زانینی ئەوەی کە چی ڕوو دەدات، مرۆ بڕیارە چی بکات و چۆن. جگە لەوەش، لە کاتی جەنگدا نهێنییەکان زۆر کەمتر دەبنەوە و هەتککردن زیاتر.

ڕیکادۆ: بۆچی بیرت لە ئەفسەرێکی بیانیی هاوڕەگەزخواز و مازۆشی کردەوە؟

کریستۆف: ئەفسەرەکە بەڕاستی بوونی هەبووە. لە ئاپارتمانەکەمان بوو. سێ ژوور هەبوون، یەکێکیان دەرگای چوونەژوورەوەی جیاوازی هەبوو، لە کاتی جەنگدا هەمیشە گیرابوو. سەرەتا لەلایەن هەنگاریایییەکانەوە، دواتر لەلایەن ئەڵمانیایییەکانەوە و دواجاریش ڕووسیایییەکان. بەڵام ئەفسەرەکە، نەخێر، ئەو منداڵباز نەبوو. ئەوە تەنیا داهێنانێکە و مەبەست لێی سەرسامکردنی خەڵکی نییە. بە هیچ شێوەیەک. ئەگەر ئەوەم بۆ زیاد نەکردبا، هەمووان دەیانتوانی بیخوێننەوە، تەنانەت منداڵانیش، کە وام پێ باشتر بوو. ئەم وردەکارییە، ڕێگری دەکات لە خوێندنەوەی کتێبەکە لەلایەن خەڵکێکی زۆر و بۆ ئەوەیش پەشیمانم.

ڕیکاردۆ: بەڵام ئەفسەرەکە ئەوانی خۆش دەویست؟

کریستۆف: بەڵێ، ڕاستە. ئەفسەرەکە خۆشی دەویستن.

ڕیکاردۆ: هەرچۆنێکی بێت، بەڵام بیرۆکەی تولازی و پێوەندیی سێکسیی ناپەسەند لە کتێبەکەدا بەرچاوە. لە دوێنێدا، ساندۆر دەڵێ کە هاوسەرگیریی بێخەوش و نموونەیی لەنێوان خوشک و برادایە، هەر وەک ئەوەی لەنێو فیرعەونەکاندا دەبینرێت. کەواتە، بۆچی سەرەڕای ئەوەی کە دوو کەسیشن، هەرگیز شاهێدی دیمەنێکی خۆڕەحەتکردن یان پێوەندیی سێکسیی دووانەکە نابین؟

کریستۆف: نازانم.

ڕیکاردۆ: ئەوە سەیرە کە هەرچەندە دووانەکە بەهۆی بارودۆخەکەیانەوە، لە ڕووی جەستەیییەوە زۆر لێکەوە نزیکن، بەڵام هەرگیز دەست لە یەکدی نادەن. بۆچی هەردەم وەک چاودێرێک بەسەر زایەندێتیی ئەوانی ترەوە دەردەکەون؟ کاتێکیش کە پێوەندیی سێکسییان دەبێت، وەک لەگەڵ خزمەتکارەکە یان ئەفسەرەکە، هەردەم دوورییەک هەیە، وەک پشڕاستکردنەوەیەک بۆ نامۆبوونیان بە کردارەکە. ئەم نەبزێوییە بۆچی؟

کریستۆف: بەڵێ، ئەوان دابڕاون.

ڕیکاردۆ: پێت وایە هەندێک نووسەر هەن کە کاریگەرییان لەسەرت هەبووە؟

کریستۆف: بەڵێ، کتێبێکم خوێندەوە کە تەواو لە کتێبەکەی من دەچوو، بەڵام باسی کوڕ و کچێک بوو. شێوازێکی توندوتیژی هەبوو، هاوشێوەی دەفتەری گەورە. پرسیارم لە سەرنووسەرەکەم کرد کە دەتوانین چی بکەین، پێی گوتم کە وازی لێ بێنم. دواجار، کتێبەکە زۆر سەرکەوتوو نەبوو. بۆیە، بەڵێ، پێم وایە کاریگەریم لەسەر ژمارەیەکی باشی خەڵکی هەبووە [بە پێکەنینەوە].

ڕیکاردۆ: لە ڕاستیدا پێچەوانەکەیم لێ پرسییت. کە کێ کاریگەری لەسەر تۆ هەبووە. باشە… پێم وایە گۆڕینی بابەتەکە خراپ نەبێ. کارەکتەری دوولچە، لە دەفتەری گەورە،*** زۆر کاری لێ کردم. ئایا ئەوە لەسەر بنەمای کەسێکە کە دەیناسیت یان هەر تەنیا خەیاڵێکی ڕووتە؟

کریستۆف: ئای، نا بوونی هەبووە. ژنێکی خەڵکی کۆزێگ بوو. هەر خۆی ئەوەندە وێران بوو، نەمدەزانی چۆن دەربارەی بنووسم. لوتی نەبوو. کەوتبووە خوارەوە و لوتی شکابوو. چاک نەبووبووەوە و لێببووەوە. لەگەڵ هەموو پیاوەکانی گوندەکەدا دەخەوت. دوو منداڵی جوانی هەبوون، دوو یان سێ، چی دی نازانم، بەڵام بەڕاستی جوان بوون. براکەیشم کتێبێکی نووسیوە کە باسی دەکات. کتێبێک ڕێک دەربارەی هەمان سەردەم، بەڵام زۆر جیاواز. لەبارەی تیرۆرکردنێکەوە نووسیویەتی. لە کام ڕۆمانی مندا تیرۆرکردن هەیە؟

ڕیکاردۆ: ڕۆمانەکانت تیرۆرکردنی زۆریان تێدایە…

کریستۆف: بەڵێ، ئەوە ڕاستە. بەڵام… تیرۆرکردنی ژنێکت لەبیرە؟

ڕیکاردۆ: ئای، تیرۆرکردنی هاوسەری کەمخەوەکەی کتێبی بەڵگە

کریستۆف: بەڵێ، خۆیەتی. هاوسەری کەسە کەمخەوەکەی کتێبی بەڵگە. هەر بەڕاستی ئەوە ڕووی دا. ژنێک هەبوو لەنێو ماڵەکەیدا کوژرا. زۆر نزیک بوو لە ماڵەکەی ئێمەوە. براکەم ئەوەی وەک سروشێک وەرگرت و لەسەری نووسی. بەهۆی ئەوەی سێ کارگەی لە شارۆچکەکەدا هەبوون، کوژرا. جگە لەوەش، کچەکە بیانی بوو، حکومەت نەیدەتوانی کارگەکانی بیانییەک بە نیشتمانی بکات. هەر بۆیەش کوژرا. براکەم ڕۆمانەکەی دەربارەی ئەم چیرۆکە نووسیوە. پشکنینی تەواوەتی کرد و زانیاری لەسەر هەموو شتێک چنگ خست. چووە لای پۆلیسیش تەنانەت، لەوێ ئەرشیفەکان هەڵگیرابوون.

ڕیکاردۆ: ئەی کەمخەوەکە.

کریستۆف: کەمخەوەکە، لە کۆزێگ نەبوو، ئەوە لێرە بوو، لە نوشاتل. دراوسێیەکم هەبوو لە بەرانبەرم دەژیا. ژنێک بوو هەموو شەوەکەی بە دانیشتن لەبەردەم پەنجەرەکەدا بەڕێ دەکرد. پرسیاری کاتی لە ڕێبواران دەکرد. “كاتژمێر چەندە؟ كاتژمێر چەندە؟” باڵکۆنێکم هەبوو و ئەویش هەوڵی دەدا لەگەڵم بدوێ.

ڕیکاردۆ: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کارەکتەری دوولچە، پێم وایە، دەتوانین مردنەکەی بە مردنێکی بەختەوەرانەی دژوێژی دابنێین. ڕات چییە لەسەر ئەوە؟****

کریستۆف: مردنی دوولچە، بەڵێ، مردنێکی بەختەوەرانەیە.

ڕیکاردۆ: هیچ بیر لە مردن دەکەیتەوە؟

کریستۆف: بەردەوام بیری لێ دەکەمەوە. لێی دەترسێم. نەک هەر تەنانەت لە مردن، بەڵکوو لە پیری و نەخۆشیش. بێگومان مردنیش. هەروەها، باوەڕیشم بە خودا نییە.

ڕیکاردۆ: هەبوونی نووسەر لە بەرهەمی نووسەرێکدا. بۆچی جێیەکی هێندەت بۆ چیرۆکی ڤیکتۆر لە بەڵگەدا تەرخان کردووە؟

کریستۆف: هاوڕێیەکم هەبوو لێرە، لە نوشاتل. مەشروبخۆر و جگەرەکێشێکی عەجیب بوو. ئەو خوشکەکەی نەکوشت، بەڵام هەردەم دەیویست بنووسێت. هەندێک لاپەڕەی پێ دام. شیعر بوون. زۆر باش بوون، بەڵام نەیتوانی کتێبێکی تەواو بنووسێت. پاش مردنی، خوشکەکەی دەستنووسەکەی دەویستەوە تا چاپی بکات. لەوە پەشیمان بووم، چونکە دەمتوانی ڕۆمانێکی دیکەی تەواوی لەسەر بنووسم.

ڕیکاردۆ: تێبینی هەبوونی چەندان خەونم کردووە. وەک خەونەکانی ماتیاس لە بەڵگە، ئەوانەی تۆماس لە دوێنێ. هەردەم ئاژەڵێک، پومەیەک یان پڵینگێک هەیە بە قژێکی ئاوریشمییەوە. هۆکاری ڕاستەقینەی پشت ئەمە چییە و لە سەرووی هەمووشییەوە، مانای چییە؟

کریستۆف: بەگشتی، ئەوانە خەونە ڕاستەقینەکانی خۆمن.

ڕیکاردۆ: دەربارەی مردنی باوکی دووانەکە؛ لە بەشی “قوتابخانە”دا، دوو منداڵەکە، بە شێوەیەک لە شێوەکان باوکیان دەنێرن بەرەو بەرەی پێشەوەی جەنگ. ئایا هەر لەبەر ئەوەش وات کردبوو کە بە بۆمبێک بکوژرێت؟ چونکە خوێندوومەتەوە کە باوکت زۆر توندوتیژ بووە.

کریستۆف: باوکم مامۆستا بوو لە شاری چیکڤاند، ئەو گوندەی کە لێی لەدایک بووم، زۆر دوور نەبوو لە کۆزێگ. لەو گوندەدا، تەنانەت بەڕێوەبەری قوتابخانەیش نەبوو، خوێندکارەکان دەبوو بە پاس بچنە قوتابخانەکەی گوندی دراوسێ. تەنانەت وێستگەی شەمەندەفەریشی نەبوو. بەڵێ، زۆر توندوتیژ بوو. دڵخۆش بووین کاتێک کە لە بەرەی پێشەوە بوو؛ ئاوا زۆر باشتر بوو [بە پێکەنینەوە]. بەڵێ، دەتوانین بڵێین دووانەکە بە ئانقەست ئەویان ناردووە.

ڕیکاردۆ: ئەمڕۆکە لە سویسڕا چۆن دەژییت؟

کریستۆف: پارەی پێویستم دەست دەکەوێت… چی دی کار ناکەم.

ڕیکاردۆ: بەڵێ، لەوە دڵنیام خاتوون، بەڵام نامەوێت باسی باری دارایییت بکەین. ویستم باسی ژیانی ڕاستەقینەی خۆت بکەین، پێوەندیت لەگەڵ خەڵکی سویسڕا.

کریستۆف: هەندێک هاوڕێم هەن، زۆر کەم دەچمە دەرێ، زۆریش سەیری تەلەڤزیۆن دەکەم، ڕۆژنامە دەخوێنمەوە، چەند کتێبێکیش. سەردانی منداڵەکانم دەکەم و ئەوانیش سەردانم دەکەن. منداڵی چکۆڵەیان هەنە.

ڕیکاردۆ: ئەگەر بۆ ساتێک بتوانم یاریی “دوورگەی بیابان”ت لەگەڵ بکەم، کام لە کتێبەکانت، خۆ ئەگەر بتوانیت تەنیا یەکێکیان ببەیت، لەگەڵ خۆتدا دەبەیت بۆ دوورگەیەکی بیابان؟

کریستۆف: بەڵگە.

ڕیکاردۆ: حەزت لە گەشتێکی لەو شێوەیە هەیە؟

کریستۆف: نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. ڕقم لە گەشتکردنە. لەبەر کتێبەکانم گەشتی زۆرم کردوون، بەڵام چی دی نامەوێت. هەروەها، بانگهێشتیشیان کردم بۆ مۆسکۆ، لینینگراد و بێلگراد [بەپێکەنینەوە]. قبوڵم نەکرد.

ڕیکاردۆ: لە کام بەشی ژیانی ڕاستەقینەت زۆر پەشیمانی و کام بەشەیشی زۆر نۆستالژییە لەلات؟

کریستۆف: منداڵەکانم و کتێبەکانم.

ڕیکاردۆ: لەلایەکی دیکەوە، حەز دەکەی کام بەشی ژیانت لەبیر بکەی؟

کریستۆف: جێهێشتن. هاوسەرگیریش.

ڕیکاردۆ: کار لەسەر چی دەکەیت لە ئێستادا؟

کریستۆف: هیچ. زۆر کەم دەنووسم.

* لە دەفتەری گەورەدا، پاش ئەوەی کە داپیرە “بەڕێکەوت” سێوەکانی نێو بەروانکەکەی لێ دەکەونە خوارێ لە کاتێکدا کە جووەکانی گووندەکە شاربەدەر دەکرێن و بەبەردەم ماڵەکەیدا تێدەپەڕن، لەلایەن سەربازێکەوە بە قۆنداخە تفەنگ لە سەری دەدرێت و بێهۆش دەکرێت. داپیرە دەڵێ: “بەڵام هێشتا، هەندێک هەبوون کە توانیان سێوەکانم بخۆن!”

** بەنزیکەیی دیمەنەکەی داپیرە بەتەواوی پێچەوانەی دیمەنی کەیبانووەکەی بەشەکەی پێشووترە. کاتێک کە جووەکان رادەگوازرێن و بەلای ژووری کەیبانووەکەدا تێدەپەڕن، جوویێک دەست ڕادەکێشێ و داوای نانی لێ دەکات. “کەیبانووەکە وا خۆی نیشان دەدات کە تەواوی ئەو نانەی ماوە دەیداتێ، دەستی بۆ نزیک دەکاتەوە، پاشان، بە قاقاوە، لەتە نانەکە دەخاتە دەمی، گازی لێ دەگرێ و دەڵێت “ئەمنیش برسیمە.” سەربازێک کە ئەمە دەبینێت، لە لە پشەوەوە بە کەیبانووەکەدا دەکێشی، نوقورچێک لە روومەتی دەگرێ و ئەویش بە دەستکێشەکەی وەڵامی دەداتەوە.

*** دوولچە، کەمێک جیاوازتر لە زۆربەی خەڵکی دیکە؛ لە ناوەڕاستدا درزێک لە لێوی هەیە، خێلە، لوتی پڕی چڵمە و ڕیپۆق لە گۆشەی چاوەکانیدا هەیە. قاچ و قۆڵەکانی بە زیپکە داپۆشراون. خۆی بەم شێوەیە دەناسێنێت: “پێم دەڵێن دوولچە.”

**** دوولچە، دوای جووتبوون دەگەڵ کۆمەڵێک سەربازی داگیرکەر کە پێ دەچێت ڕووسی بن، خەریکی دزینی ماڵەکانن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنانی گوندەکە، دەمرێت. دووانەکە، دوولچە بەمردوویی لە ماڵەکەیدا دەدۆزنەوە و لە دایکی دەپرسن کە چی ڕوویداوە. ئەویش وا وەڵام دەداتەوە: “بۆخۆی بانگی کردن. چووە دەرێ و ئاماژەی دانێ کە بێنە ژوورێ. دوازدە بۆ پازدە کەسێک دەبوون. کاتێکیش لەگەڵی خەریکبوون، بەردەوام هاوار دەکرد: ‘ئای، زۆر دڵخۆشم، زۆر دڵخۆشم! وەرن، هەمووتان، وەرن، دانەیەکی دیکە، دەی دیسانەوە، دانەیەکی دیکە!’ ئەو بەختەوەرانە مرد، گانی بە مەرگ دا.”

ژێدەر:
musicandliterature.org/features/2016/6/8/a-conversation-with-agota-kristof