چوار شیعری ئەنتۆنین ئارتۆ

لە سویدییەوە: دانا ڕەئووف

١

شاعیری ڕەش

شاعیری ڕەش، مەمکێکی پاکیزەیی

دووچاری بەڵات دەکا،

شاعیری تفت و تاڵ، ژیان دەکوڵێت و

شار دەسووتێت،

ئاسمانیش بە باران هەڵدەمژێت،

قەڵەمەکەت دڵی ژیان دەکڕێنێت.

دارستان، دارستان، چاو ڕێشکە و پێشکە دەکا

بە سەر تۆوی گزگلی سنەوبەری فرە لقدا

قژ لە باوبۆران، شاعیرەکان

سواری ئەسپ و سەگ بوون.

چاوەکان وێران دەبن، زمانەکان دەشکێن

ئاسمان بە خوڕ دەرژێتە کونەکەپووەوە

وەک شیرێکی ژیانبەخش و شین؛

من بە لێوی ئێوەوە

ئەی ژن، دڵێک لە سرکەی ڕەق، هەڵدەواسم.

***

٢

من کێم؟

من کێم؟

من لە کوێوە هاتووم؟

من ئەنتۆنین ئارتۆم

من ئەوە دەڵێم

کە دەزانم ئەوە بڵێم:

هەر ئێستا

ئێوە ئەم جەستەیەی ئێستام دەبینن

هەپروون بە هەپروون دەفرێت

لە ژێر دە هەزار ڕوانگەی

زۆر ئاشنادا

خۆی ڕۆ دەنێتەوە

جەستەیەکی نوێ

کە ئێوە هەرگیز

جارێکی تر

منتان لە بیر ناچێتەوە

***

٣

باخچەی ڕەش

بەڵام ئەوان لەنێو زەوی مردووانەوە وەدیارکەوتن

ئەم گوڵانە وەک خەونێکی درێژی بە هەدەرچوو وەرین

بە خۆڵەمێش و ئەو دووکەڵە ناڕاستەقینەوە

لە باخچەیەکی گوڵە سەوسەنی شەوەکییدا، یەک لە دوای یەک

وەک سەعاتەکانی تاریکی، ڕووت بوونەوە

لە قەڵبەزە ترسناک و هەرە بە هوروژمەکانی وەرزی ساڵدا

ڕووەو ئاوی ڕەش، ساتەوەختی دوایین بریقەی ئەڵماس پرشنگی دا

درەوشایەوە

ڕۆشناییەکی سەرسووڕهێن

لە خۆرێکی وەرگەڕاوەوە گوڵە سەوسەنەکان تاریکی ئاسمانیان

لەو باخچە جوانەدا ڕەواندەوە

ئەوەی کە هەڵکشان و داکشانی شەپۆلەکانی زەریا تێکوپێک دەشکێ.

مەعدەنی ڕەقی کۆڵەکە پیرۆزەکانیشتان و

 لاسکی گوڵەکان، لەرینەوە.

 – لە شەو بنۆڕە و

کلیلی دەروازە گەردوونییەکانی خۆی، کە لە قۆچن

بە فەیزی ئەو ڕۆحە خواوەندییە درەوشاوە ڕزگاربووانە دەبەخشێت.

***

٤

بۆ خاتوو مانوێل کانۆ دێ کاسترۆ

ئاگر لە ئاودا،

      هەوا لە زەویدا

ئاو لە هەوادا و

     زەوی لە دەریادا.

ئەوان هێشتا بە تەواوی شێت نین، ئەوان هێشتا بە ڕووی یەکدا تووڕ نەدراون، لەگەڵ ئەوەیشدا هەر چەندێکیش زیاتر کەللەیی ببن، هەرچەندێکیش زیاتر کەللەیی بکرێن ئەوان لە یەک نزیکتر و زیاتر ئاشنای یەکترن.

لەوێدا، دایک بێت و کوڕەکانی خۆی دەخوات،

لەوێدا، دەسەڵات دەسەڵات دەخوات

بە بێ شەڕ هیچ سەقامگیرییەک نییە

دێوانەییەکی

کوشندە

باڵ بە سەر دونیادا دەکێشێت

لەبەر ئەوەی مرۆڤ

لەم شەوەدا

سەرلەنوێ لە ڕەهاییدا

نیشتەجێ دەکرێتەوە.

ئەم شیعرانە لەم سەرچاوەیەوە کراون بە کوردی

Artaud av Artaud, texter i urval. Inledning och redigering av Percival, Almqvist & Wiksell Förlag AB, 1981

photo_٢٠٢٠-١٢-١٣_١٥-٠١-٥٠

سەرنجێک بنوسن