کوشتنى واقیع

گفتوگۆ لەگەڵ ژان بۆدریار'دا

وەرگێڕانى: هاوار محەمەد
ژان بۆدریار (١٩٢٩-٢٠٠٧) فەیلەسوفی فەڕەنسی

بارۆ: مادام پێ دەنێینە مانگى کانوونى دووەم (یانیوەرى)، واتاى چییە لەم ساڵى ٢٠٠٦ـەدا، [لە ڕێگەى پێشکەشکردنى دیارى و کارتى پیرۆزباییەوە] پیرۆزبایى سەرى ساڵ لە یەکتر بکەین؟ 

بۆدریار: یەکەم، ئەمە سروتێکى ڕەمزییە کە لەلایەن کۆمەڵە خەڵکانێکەوە لە کۆنتێکستى پرۆسەیەکى خۆبەخۆى پەراوێزیدا پەیڕەو دەکرێت، وەکو ئەو ڕۆژنامانەى دەخرێنە بەردەستى گەشتیاران، یان دیارییەکانى دامەزراوەیەک. من لە ئاڵوگۆڕى ڕەمزییەوە دەستم كرد بە لێوردبوونەوە بەو جۆرەى کە کۆمەڵناس و ئەنترۆپۆلۆژیست “مارسێل موس” لە کتێبى “نامەیەک دەربارەى دیاری” (1923-1924)دا وەسفى کردووە؛ دەكرێت كاریگەریى هەموو ئەمانە لە کارتى پیرۆزبایی جیا بکەمەوە. ئەم کارتى پیرۆزباییە دەشێت یەکێک بێت لە سروتەکانى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بۆماوەکان کە دەسەڵات و هێزى خۆى هەبوو، بەڵام لەمڕۆدا گۆڕاوە و بووە بە پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتى دەستکرد و لەبەرگیراو، کە لە ڕێگەى نیشانەگەلى بێ کاریگەرییەوە، لە ڕێگەى سروتگەلى خاڵیى لە ماناوە، نائومێدانە دەست بە دووبارە خوڵقاندنەوەیەوە دەگرین. وێڕاى ئەو ڕەنگە کەرنەڤاڵییە ڕووکەشییە هەندێ ڕەقوتەقەى وا کارتەکانى پیرۆزبایى هەیانە، کە ناشێت ببنە مایەى هیچ گرێبەستێک، هێشتا ئێمە نیشانە بێناوەڕۆکەکان ئاڵوگۆڕ دەکەین. جا کاتێک پەیوەندییەکان، دوور لە ئامانجە ڕاستەقینەکانیان، بەرەو ئەم جۆرە لە بوونى ڕووکەش دەڕۆن، ئیدى دەبنە پەیوەندیى زۆروزەبەند و بێ سنوور.

بارۆ: [بە کورتی] بیر لە چى دەکەیتەوە؟ 

بۆدریار: بیر لە زیندووکردنەوەى ئەو یادەوەرى و کەرنەڤاڵانە دەکەمەوە کە گریمانەى هیچ ژیانێکى ڕاستەقینەى دەستەجەمعى ناکەن، ئەوانەى کە تەنیا نۆستالژیا بۆ “پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتى”ـمان تێدا دەبزوێنن. بیر لە هەموو مومارەسە سیاسییەکان دەکەمەوە، تەنانەت لە سیستەمى هەڵبژاردنیش؛ ئەمە ژیانێکە بە ئاستەم پارێزگاریى لێدەکرێت، بەڵام سیستەمێکى چالاک بۆ نواندنەوە پێکناهێنێت. میکانیکییەت هێشتایش وەکو ئەو بوونەوەرە زیندووانە کار دەکات کە ژیانیان لەدەستداوە بەڵام بە ئامێرى دەستکرد دەژین. 

بارۆ: لێرەدا، داخۆ هێشتایش ئێمە لە ناوجەرگەى بیرکردنەوەى تۆدا نین کە لە تێربوون و هەڵوەشانەوەى ئەم جیهانەوە بەرهەم هاتووە؟  

بۆدریار: لە ڕاستیدا، لەوێوە دەستمپێکرد کە وەک دیاردەیەکى گشتگیر بیر لە “بەکاربردن” بکەمەوە. بەرهەمەکانى بەکارهێنان تەنیا ئەو بەرهەمانە نین کە دەبنە مایەى کردەیەکى زەرورى و ناچارییانە، بەڵکوو قەڵەمبازێکى زەینییش پێکدێنن. دوور لە مەملەکەتى زەرورەت، خۆمان لەبەردەم میکانیکییەتدا دەبینینەوە کە خۆبەخۆ کار دەکات. ئێمەیش هەڵگر و بارمتەى ئەم میکانیزمە دەنوێنینەوە. ئێمە چیتر بکەر و بەرهەمهێنەر نین، بەڵکو بووینەتە بەکاربەر: پێداویستى و ئارەزوو لەنێو چوون، ئەوەى دەزگاى بەرهەمهێنان بەرهەمى دەهێنێت دەبێت بەکارببرێت. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە شوێنکەوتەى ئەم سووڕە ناچارییە. ئەمەیش تەفسیرى هۆکارى ئەوە دەکات کە بۆچى من گوزارەى “ئاڵوگۆڕى گشتگیر“م لە گوزارەى “بەکاربردن” پێباشترە؛ ئەمەى دووەمیان زیاد لە ڕادە پەیوەست کراوە بە بەهاى بەکارهێنانێکەوە کە خۆى تێپەڕێنراوە. ئێمە لە قۆناغى بەهاى نیشانەدا دەژین: ئێمە بەشێوەیەکى میکانیکى نیشانەکان بەکاردەبەین. 

وامان لێهاتووە هەتابێ زیاتر لە ڕێگەى تەندروستى و خۆشگوزەرانى و ڕابواردنەوە گرنگى بە جەستە دەدەین، ئێمە کەوتووینەتە نێو هەوەسى جەستەمانەوە، بەڵام چیتر نازانین چیشى لێ بکەین.

بارۆ: پاشان، وەک تۆ دەڵێیت: ”نازانین چى لە جیهانى واقیعى بکەین و بە گشتى نازانین ئەم پاشماوانە چ زەرورەتێکیان هەیە کە بوونەتە بارێکى قورس بەسەر شانمانەوە”. 

بۆدریار: ئەوەى ون دەبێت بنەماى واقیعـە. لەو چرکەساتەوە کە چیتر واقیع ئاماژە بە هۆکار یان ماقووڵییەت یان مەرجەع یان بەردەوامێتیى زەمەن یان مێژوو ناکات، لەو ساتەوە کە چیتر دەسەڵاتێکى دیکە (ترانسێندنتاڵ یان خودایى) بە مەرجەعى خۆمان دانانێین، نازانین چى لە واقیعى ماتریاڵیى خام بکەین. واقیع پێویستى بە ڕاگرێک یان دەستەبەرییەکە تاوەکوو هەبێت. 

با نموونەکەمان جەستە بێت کە یەکێکە لەو واقیعە بەراییانەى وا هەمانە و خۆمان خاوەندارێتى لێدەکەین. وامان لێهاتووە هەتابێ زیاتر لە ڕێگەى تەندروستى و خۆشگوزەرانى و ڕابواردنەوە گرنگى بە جەستە دەدەین، ئێمە کەوتووینەتە نێو هەوەسى جەستەمانەوە، بەڵام چیتر نازانین چیشى لێ بکەین. ئەو کاتەى بڕوامان بە دەروون هەبوو، لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکى فیکریى نێوان دەروون و جەستەدا دەژیاین. بەڵام لەمڕۆدا چیتر جەستە ڕەگەزێکى ڕەمزیى نییە، بەڵکوو ئەگەر بە شاشەیەکیشەوە شەتەک نەدرابێت، ئەوا تەنیا بۆتە ئامرازێک بۆ هاتوچۆى ڕۆژانە. 

چیتر شتەکان هیچ ئامانجگەراییەکیان نییە، لە هەمان کاتیشدا وا دەردەکەون هیچ کۆتاییەکیان نەبێت. شتەکان بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە فڕێدراونەتە بازنەیەکى بەتاڵەوە. پاشان دەتوانین گریمانەى ئەوە بکەین کە جیهانى ماتریاڵى تەنیا وەهمێکى پەتییە بە واتا وردەکەى وشەکە: جیهانى ماتریاڵى شتێکە بە شێوەى زەینى بەرهەمى دێنین، شتێک کە هیچ پاساوێک پشتیوانیى لێ ناکات.

بارۆ: دژ بەوەى وتراوە [گوایە] ”واقیع دەمێنێتەوە و هەموو گریمانەکان بەرەو واقیع دەڕۆن”، تۆ نووسیوتە واقیع پتەو نییە و شیمانەى ئەوەى هەیە بەرەو فەوزا بچەرخێت. 

بۆدریار: “مارک ئۆگۆر“ى ئەنترۆپۆلۆژیستیش دەڵێت چیتر هیچ هۆکارێکى دیکە بۆ بوونى واقیع نەماوەتەوە جگە لە دووبارەبوونەوە یان پەرشوبڵاوبوونەوە. واقیع ئاماژە بە هیچ هۆکارێک ناکات کە لەودیو خۆیەوە بێت، هیچ مەرجەعێک لەپشت یان لە سەرووى واقیعەوە لە گۆڕێدا نییە، لەبەرئەوە واقیع ناچار بە زۆر بوون و دووجابوونەوە و کۆپیکردنەوەى خۆى بووە، وەکو جەستەکان و ئایدیاکان. لەو ساتەوەى کە چیتر مەبەست، ئامانج، باڵایەتی نەماون، شتەکان دەسپێردرێنە چارەنووسە حەتمییەکەى خۆیان، ئەویش هیچ نییە جگە لە زۆربوونى بێ سنوور. لەم حاڵەتەدا بە دوو واتا شتەکان هیچ کۆتاییەکیان بۆ نییە؛ واتە: چیتر شتەکان هیچ ئامانجگەراییەکیان نییە، لە هەمان کاتیشدا وا دەردەکەون هیچ کۆتاییەکیان نەبێت. شتەکان بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە فڕێدراونەتە بازنەیەکى بەتاڵەوە. پاشان دەتوانین گریمانەى ئەوە بکەین کە جیهانى ماتریاڵى تەنیا وەهمێکى پەتییە بە واتا وردەکەى وشەکە: جیهانى ماتریاڵى شتێکە بە شێوەى زەینى بەرهەمى دێنین، شتێک کە هیچ پاساوێک پشتیوانیى لێ ناکات. ناتوانین ئەو بۆچوون و وێنایانەى هەمانن بگەڕێنینەوە بۆ حەقیقەتێکى بنجبڕ و پاشانیش بۆ واقیعێک. ئەمە قڵپبوونەوەى مەسەلەى فانتازیاکردنى بەردەوامى بوونى واقیعە. دەتوانین بە ڕووى میتافیزیکادا هاوار بکەین، بەڵام لەمڕۆدا هەموو بەرهەمە سینەمایى و هەموو ڕۆمانە ئەدەبییەکان لە دەورى ئەم هەوا و هەوەسە بە کۆمەڵە دەسووڕێنەوە: ئایا لە جیهانى واقیعیداین؟ ئایا هەموو شتێک بەرەو مەجازیبوونەوە ناڕوات؟ 

لە ڕێگەى جۆرێک پارادۆکسەوە، دەگەمە ئومێدى دووبارە گەڕانەوەى سەنگى سەرمایە دژ بە شتێکى خراپتر لە سەرمایە.

بارۆ: کەواتە ئایا لەسەرمان پێویستە واقیع ڕزگار بکەین بەو جۆرەى کە لە “تاوانى پێرفێکت”ـدا نووسیوتە؟

بۆدریار: ئەوە من نیم وەها پێشنیارێکم کردبێ: من لەبارەى هەوا و هەوەسێکى بە کۆمەڵمانەوە دەدوێم بۆ دروستکردنى ئەو تەکنیکانەى کە هەتابێ زیاتر جیهانى ناواقیعی بەرهەم دێنن، لە هەمان ئەو کاتەى کە هەوڵدەدەین هێزى ڕاکێشان، قورسایى، ئامانجى بوون دابمەزرێنین. دژ بە نەمان، دژ بە ونبوون و توانەوە لە فەزاى مەجازیدا، دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو پنتە پتەوەى کە تێیدا هێشتا واقیع بوونى هەیە. ڕەنگە پێویست بێت دژ بە پێدراوى جیهانیى نوێى تایبەت بە ئاڵوگۆڕى گشتگیر، بگەڕێینەوە بۆ بنەماى واقیع. بەم شێوەیە، لە ڕێگەى جۆرێک پارادۆکسەوە، دەگەمە ئومێدى دووبارە گەڕانەوەى سەنگى سەرمایە دژ بە شتێکى خراپتر لە سەرمایە. هەموو فیکرى ڕەخنەیى دژ بە سەرمایە، دژ بە ئایدیۆلۆژیاى شمەک/کاڵا ئاراستە کراوە. لەمڕۆدا، ئەم فیکرە بەرامبەر نەزمى نوێى جیهانى هیچ شتێکى لە دەست نایەت. ڕەنگە فۆڕمى سیستەمى سەرمایەدارى دوایین هەل بێت لەبەردەم ئەو نا-واقیعییەتە پەڕگیرەدا کە لە هەموو شوێنێک چاوەڕوانمانە…

ئانتوان بارۆ (گۆڤارى تێلى ڕاما)

سەرچاوە

حوار مع جان بوديار، قتل الواقع، ترجمة: خالد الكلبوسي، 2014.

http://tareekelnajeh.blogspot.com/2014/12/blog-post_28.html