ڕادیکاڵ

لە درزێکی قەپێلکەکەمەوە دەرپەڕیوم،

جیھانم پەتک کردووە و

بە ھەوادا ئەیگێڕم.

باھۆز، کراسە گەڕۆکەکەی لە خۆی داماڵیوە

لەسەر کورسییەکی باڵدار وەنەوز ئەدا.

کەناسێک، لە داڵانە نغرۆکان

بە گسکە شیتاڵ و شەکەتەکەی

بەرماوەی «سەرمایە»ی کارڵ ماڕکس کۆ ئەکاتەوە.

بوومەلەرزەیەکی خۆڵەمێشیی

تەڵەزم ئەڕژێنێتە کۆشم،

گرمەیەکی شینباو ملیۆنەھا قریشکەی تێکچڕژاو زارەترەک ئەکا،

شوێن بە ناخمدا ئەگوزەرێ ئەبێ بە ناشوێن.

نازانم کەوتنەخوارەوەی نەیزەکە

یان پرخەی میتافیزیکییانەی باوکم؟

کەلەپچەیەکی زێڕین ئەمگەڕێنێتەوە نێو قەپێلکەکەم

لە درزێکی ترەوە سەیری ئاسمان ئەکەم

لە دوێنێ نووتەکترە و ھەوای سبەینێش بۆگەنیوتر.

photo_٢٠٢٠-١٢-٢٣_١٠-٠٩-٢٨

سەرنجێک بنوسن