مرۆڤ وه‌ك خوڵقێنه‌ری خودا، خودا وه‌ك ده‌ستكردی مرۆڤ!
دیالۆگێک له‌گه‌ڵ ئێدگار مۆران
پ: وا ته‌مه‌نتان له نه‌وه‌د ساڵی نزیك بۆته‌وه، ئایا تێڕوانینتان بۆ دیارده‌ی ئاینیی چییه؟
مۆران: ته‌واوی كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كان خواوهندگهلێكیان دروستكردووه كه خاوه‌ن هێزی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و بێسنورن، كۆنترۆڵی ڕه‌گه‌زه‌كانی سروشت ده‌كه‌ن و تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه فه‌رمان به خه‌ڵكی ده‌ده‌ن كه خۆیان بكه‌نه قوربانییان. ته‌نانه‌ت تا ئه‌و ئاسته ڕۆیشت كه نه‌ته‌وه‌ی “ئهزتاك” له‌پێناوی سه‌رله‌نوێ زیندووبونه‌وه‌ی خواوه‌ندی خۆر، لاوه‌كانیان كرده قوربانی!
خۆی كێشه‌ی ئه‌فسانه له‌وه‌دایه كه خۆی وه‌ك ئه‌فسانه نابینێت، به‌ڵكوو خۆی لێ بووه به واقیعی ڕاسته‌قینه. هه‌ربۆیه پێویسته ده‌رك به‌وه بكه‌ین كه مرۆڤ خاوه‌نی بڕێكی زۆر خورافه‌ته، لێ خورافه‌ته‌كان خاوه‌ن هێزی ڕاسته‌قینه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر وه‌ك ئه‌فسانه ده‌مێننه‌وه.
خواوه‌نده‌كان زۆر زه‌به‌لاح و به‌هێزن، له‌لایه‌كه‌وه ده‌مانتۆقێنن و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه داوا ده‌كه‌ن خۆشمانبوێن، ئه‌وان له‌یه‌ك كاتدا هه‌م ڕێز و هه‌م ملكهچییشمان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن. له‌به‌رئه‌وه‌ی خواوه‌نده‌كان هێنده‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگیی ئه‌و ژیارانه‌ی باوه‌ڕیان پێیانه هه‌مه‌چه‌شن و فره‌ڕه‌نگن، هه‌ر بۆیه ده‌كرێت بڵێین له داهێنان و ده‌ستكردی خودی ئه‌و گروپه مرۆییانه‌ن كه ده‌یانپه‌رستن. به‌ڕاستیش بۆ هه‌ندێك ئه‌قڵ ئه‌و هێزه فیكریی و ڕۆحییه ده‌سته‌به‌ر بوو كه بتوانن گه‌ردون و كۆمه‌ڵێك خواوه‌ند دروست بكه‌ن كه خاوه‌ن بوونێكی ڕاسته‌قینه‌ن، ئێمه‌ش له‌مڕۆدا به‌و جۆره بوونه‌وه‌رانه گه‌مارۆ دراوین، واته بوونی كۆمه‌ڵێك شێوازی ده‌رككردن و ئایدیا كه ده‌گۆڕێن بۆ قه‌واره‌ی ڕاسته‌قینه و به‌پێی پێویستی ئه‌و گروپانه هه‌ن و ده‌بن كه به‌رهه‌میان هێناون، دیاره كه ئه‌و گروپانه‌ش شكستیان خوارد، به‌هه‌مان شێوه خواوهندهكانیشیان ده‌مرن. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م قسه‌یه بۆ ئایدۆلۆژیاكانیش ڕاسته. به‌ڵام ئه‌قڵه سێكیولاریزكراوهكان جۆری دیكه له دۆگم ده‌خوڵقێنن، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای كۆمۆنیزم ده‌یبینین. به لای ئه‌و ئایینه مۆدێرنه‌وه (واته كۆمۆنیزم) ڕزگاربوون شتێك نییه له ئاسمانه‌وه بۆمان بێته‌خوارێ، به‌ڵكوو له‌سه‌ر زه‌وییه. كۆمۆنیزمیش بۆ خۆی ئایینێكه كه شه‌هید و پاڵه‌وانی خۆی هه‌یه. له‌كاتێكیشدا كه نه‌توانین له هه‌موو ئه‌م گه‌ردونه مه‌عریفییه ڕزگار بین، ده‌بێت ئێستێك لێوه‌ی دوور بین، هه‌م له ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی و هه‌م له زلهێزیهكهشییهوه.
خۆی كێشه‌ی ئه‌فسانه له‌وه‌دایه كه خۆی وه‌ك ئه‌فسانه نابینێت، به‌ڵكوو خۆی لێ بووه به واقیعی ڕاسته‌قینه. هه‌ربۆیه پێویسته ده‌رك به‌وه بكه‌ین كه مرۆڤ خاوه‌نی بڕێكی زۆر خورافه‌ته، لێ خورافه‌ته‌كان خاوه‌ن هێزی ڕاسته‌قینه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر وه‌ك ئه‌فسانه ده‌مێننه‌وه. هه‌ر بۆیه له‌پێناو بونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كی باشتر له‌گه‌ڵ بواری ئه‌قڵییدا، هه‌روه‌ها بۆ مرۆڤاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ خواوهندهكانماندا، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئهفسانهكانماندا بكه‌وینه مشت‌ومڕ و دیالۆگه‌وه، ده‌بێت داوایان لێبكه‌ین زیاده‌ڕۆیی له لێپرسینه‌وه‌مان نه‌كه‌ن و نهشكهونه داوی دیسپۆتیزمه‌وه… ئێمه خۆمان – دیاره به پاراستنیان – ده‌توانین داوایان لێبكه‌ین كه چیدی له‌وه زیاتر نهمانخنكێینن.
پ: ئه‌مه‌ی كه ئێوه باسی ده‌كه‌ن تا ڕاده‌یه‌كی زۆر هه‌ڵگری مۆركێكی بودییانهیه. به‌و مانایه‌ی كه بیروڕا و ئایدیاكانمان كۆمه‌ڵێك فۆرم و وێنه‌ی ئه‌وتۆ ده‌خوڵقێنن كه دواجار له‌سه‌ر ئاستێكی زۆر ورد ئاماده‌گیه‌كی ڕاسته‌قینه‌یان له ژیانماندا ده‌بێت و هه‌ر خودی ئه‌و بیروڕا – ئایدیایانه‌ش خۆیان خواوهندگهلێكمان بۆ ده‌خوڵقێنن كه ده‌یانپه‌رستین، چونكه سوودێكی بۆ باوه‌ڕ و دۆگمهكانمان تیایه. لێ له بودیزمدا كاتێك خواوهندگهلێك هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ خواوه‌ندی زیاد له پێویست زیانبه‌خش و وێرانكه‌ر، ئیدی ده‌بێت واز له په‌رستنیان بهێنرێت!
مۆران: بودیزم زۆر باش له‌وه تێگه‌یشتووه كه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی په‌یوه‌ندییان به بواری یه‌زدانییه‌وه هه‌یه واقیعگهلێكی لاوه‌كی پێكده‌هێنن. لای ئه‌وان یه‌كتاپه‌رستی پێداگرییه له‌سه‌ر یه‌كێتی و فرهباوهڕییش له‌سه‌ر هه‌مه‌ڕه‌نگیی، هه‌ركام له‌مانه‌ش گه‌ر به ته‌نها بۆ خۆیان به جیا وه‌ریانبگریت هه‌قیقه‌تی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه فرهباوهڕن و زیاد له خودایه‌ك ده‌په‌رستن، مرۆڤانه‌تر و تۆلێرانتترن، زیاتر توانای پێكهوهههڵكردنیان هه‌یه.
به شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان من خۆم به سپینۆزایی ده‌زانم، به‌و مانایه‌ی سپینۆزا ئه‌وه‌ی ڕه‌تكردۆته‌وه كه په‌نا بۆ هیچ كام له خواوه‌نده‌كان له ده‌ره‌وه‌ی جیهان ببات، به‌ڵكوو ئه‌و به ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی سروشت داهێنانخوازیی بینیوه.
به‌ڵێ من پێموایه جۆرێكی سه‌رسوڕهێنه‌رانه لهداهێنانخوازیی هه‌یه كه ئه‌ویش بریتیه له‌كاركردن له‌سه‌ر سروشت. به‌ڵام ئه‌ی ئه‌مه له‌كوێوه هات؟ به‌ڕای من له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا نهێنی و ته‌لیسمێكی قوڵ هه‌یه، ئێ ئه‌قڵ و پێگه‌یشتنی ئێمه‌ش سنووردارن. خۆی یه‌كێك له چاكییه‌كانی ئه‌قڵانیه‌تێكی باش، وه‌ك هه‌ریه‌كه له پاسكال و كانت زۆر به جوانی ده‌ریانبڕیوه، بریتییه له دانانی كۆتوپێوه‌ندی سه‌پێنراو بۆ ئه‌و پێگه‌یشتنه‌ی ئه‌قڵ. دیاره كایه و مه‌یدانی دیكه‌ش هه‌ن، بۆ نموونه شیعر و موزیك ده‌مانخه‌نه جیهانگهلێكهوه كه باس و وه‌سفكردنیان زۆر ئه‌سته‌مه. كه‌واته من باوه‌ڕم به بوونی هیچ دیزانێكی زیره‌كانه نییه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ریشدا و سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌لانه‌ی په‌یوه‌ندییان به نهێنییه‌كانی ژیان و بوونه‌وه هه‌یه، ده‌رگاكه به‌كراوه‌ی جێده‌هێڵم. به‌م مانایه‌ش، من هه‌ست ده‌كه‌م زۆر نزیكم له ترادسیۆنه نێگه‌تیڤه‌كه.
سۆفیگه‌ره مه‌زنه‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌زمونێكی قوڵ ده‌كه‌ن كه له‌سه‌ر بنه‌مای جیانه‌كردنه‌وه و “دووفاقی نه‌بوون” دامه‌زراوه. نه‌شوه به‌و پێییه‌ی كه زانست ڕاڤه‌ی كردووه، جۆرێك دۆخی مێشكه و ئیشكردنه له‌سه‌ر خاوكردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی مۆخ كه ته‌واوی كاته‌كه كار له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی نێوان خود و جیهان ده‌كات.
پ: ئامانجی سۆفیزم ڕۆچون و گه‌یشتنه به‌و شتانه‌ی كه ناكرێت وه‌سف بكرێن. ئایا ئێوه‌ش وا بیرده‌كه‌نه‌وه؟
مۆران: به‌دڵنیاییه‌وه! چونكه سۆفیگه‌ره مه‌زنه‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌زمونێكی قوڵ ده‌كه‌ن كه له‌سه‌ر بنه‌مای جیانه‌كردنه‌وه و “دووفاقی نه‌بوون” دامه‌زراوه. نه‌شوه به‌و پێییه‌ی كه زانست ڕاڤه‌ی كردووه، جۆرێك دۆخی مێشكه و ئیشكردنه له‌سه‌ر خاوكردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی مۆخ كه ته‌واوی كاته‌كه كار له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی نێوان خود و جیهان ده‌كات. نه‌شوه ده‌توانێت چالاكییه‌كانی ئه‌و ئامێره فیكرییه كه‌م بكاته‌وه كه ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ دۆخی تاكه‌كه‌سیی و عه‌شقمان بۆ خودی خۆمان. بێگومان ده‌بێت ئه‌مه‌ش یارمه‌تیمان بدات بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كه هه‌موو ڕه‌گه‌زێكی جیاوه‌بوو له‌هه‌مانكاتدا له‌بار نییه بۆ جیابوونه‌وه. ئالێره‌دا ده‌گه‌ینه‌وه سه‌ر ئه‌و ناكۆكی و دۆخه ئایرۆنییانهی بۆ خۆیان بریتین له دوا سنووره‌كانی ئه‌و شتانه‌ی كه ئه‌قڵ ده‌ركیان پێبكات.
پ: كه‌واته به‌ڕای ئێوه رزگاربوون لهخواوهندهكان، هه‌نگاوێكه بۆ پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی؟
مۆران: له‌ئێستادا هه‌ریه‌ك له دوو ئایینه ئاسمانییه باڵاده‌سته‌كه – واته مه‌سیحییه‌ت و ئیسلام – خاوه‌ن چاكه‌یه‌كی گه‌ردونیی زۆرن، هه‌ردووكیان له‌گه‌ڵ خۆیانا هه‌ڵگری پره‌نسیپی جوانن: پره‌نسیپی ئه‌وه‌ی كه یه‌كتریتان خۆشبوێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له مه‌سیحییه‌تدا هه‌یه، یان دڵنه‌رمی و به‌زه‌یی و لێبوردن وه‌ك له ئیسلامدا هه‌یه. كه‌چی وه‌ك من تێبینی ده‌كه‌م، سه‌رله‌به‌ری مێژووی ئه‌م دوو ئایینه پڕه له هه‌موو شێوه‌كانی توندوتیژیی و شه‌ڕانگێزیی به‌رامبه‌ر به ئایینه‌كانی دی. خۆی راسته توخم و ناوه‌ڕۆكی ئه‌م دوو ئاینه زۆر باشه، به‌ڵام ئه‌و ڕۆڵه‌ی گێڕاویانه ته‌واو خراپ و نێگه‌تیڤه. لێ سه‌رباری هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش، من ڕاموایه هه‌وڵدان بۆ ڕزگاربوونمان له خواوه‌نده‌كان هیچ سوودێكی نییه، چونكه هه‌میشه ئه‌فسانه‌ی دیكه ده‌خوڵقێنین و له جێگه‌ی ئه‌وان قوتیان ده‌كه‌ینه‌وه.
سه‌رچاوه: “الأسطورة لا تدرك أنها أسطورة، وتخال نفسها واقعا حقيقیاّ: حوار مع إدغار موران، ترجمة : محمد صدّام. دیالۆگه‌كه به‌رواری ٣ ی مەی ٢٠١٢ له‌ماڵپه‌ڕی الاوان بڵاوكراوه‌ته‌وه، سه‌رچاوه فه‌ره‌نسییه‌كه‌شی بریتیه له گۆڤاری فه‌ره‌نسی جیهانی ئایینه‌كان ((Le Monde des Religions)) له به‌رواری مانگه‌كانی ٣ و ٤ ی ٢٠١٢، لەلایەن فرێدریک لێنوار و جەنیفەر شوارتزەوە سازدراوە.