چیرۆکی جه‌میل!
فوویه‌ک وه‌کوو سووری ئیسرافیل ده‌یوسیت سووڕی خوێنی ناو ده‌ماره‌کانی پێچه‌وانه بکاته‌وه. لای خۆی ده‌یگوت: خۆ عه‌شق گوناح نییه! تا ئێسته عاشقی هه‌ر کێ بووه کفتی دڵی دانهمردۆتهوه. هه‌ستی ده‌کرد شتێک جیا له خوێن به ناو ده‌ماره‌کانیدا ده‌سووڕێت، ده‌نگی کێشی لێدانی دڵی هه‌ندێجار ده‌یتۆقاند وه‌کوو ئه‌و کاتانه‌ی که منداڵ بوو و خشه‌ی مارێک له چۆڵه‌وانی و ده‌شتاییه‌کاندا له جێگای خۆی ده‌یکرد به به‌رد و دڵی لێده‌کرد به گیاندارێکی پڕ له هاوار، زۆرتر ده‌ترسا، هه‌موو له‌شی ده‌بوو به دڵ و لێی ده‌دا، دوای چه‌ند چرکه‌ش که ئاماده‌ی ته‌سلیمبوون به ماره‌که و داننان به گوناهه‌کانیدا بوو، بۆی ده‌رده‌که‌وت هیچ شتێک نییه جگه له خۆره‌تاوی خوا و ده‌نگی زیکزیکه که له‌و سه‌ری دونیاوه دێت، هه‌ستی ده‌کرد له‌باتی گوێچه‌ی سپی و سوور، ورده‌گه‌ڵا یان بایه‌کی بچووک یان گوڵدان و هه‌ندێجار قه‌یتانی پێڵاوێک که ئه‌نجن ئه‌نجن کرابێ، له ناو ده‌ماره‌کانیدا ده‌گه‌ڕێت! هه‌ستی ده‌کرد شتێک له هه‌ناوی خیلقهتیدا پێچه‌وانه‌یه!
: وه‌کوو فه‌رش و عه‌رش!
ئێسته‌ش نازانێت به پێ و قاچه‌وه هاتووه‌ته دونیاوه یان به سه‌ر و گوێلاکه‌وه! له‌دایکبوون بۆی سه‌رنجڕاکێش نه‌بوو یانی هه‌ر گرینگ نه‌بوو بۆی، پاش ئه‌و هه‌موو ڕامووسان و خه‌وتن و ته‌نانه‌ت هاوسه‌رگیرییه‌شی قه‌ت بیری له‌وه نه‌کردۆته‌وه و نهشیپرسیوه! به پێی قسه و باس ته‌نها شتێک که ئه‌و ده‌یتوانی عاشقبوون بوو.
: سه‌یره ئینسانێک بتوانێت به‌رده‌وام عاشقی که‌سانی جیاواز بێت؟!
لۆمه‌ی مه‌که‌ن ڕه‌نگه دڵیشی پێچه‌وانه بووه، هیچ تاقانه‌یی و وه‌حده‌تێکی تێدا نه‌ده‌دۆزرایه‌وه، جه‌میل کیسرهت و فره‌ڕه‌نگی بوو به ته‌واوی!
-: الله الجمیل و یحب الجمال!
: ئه‌رێ جه‌مالی خۆش ده‌وێ بۆیه جه‌میل وای به سه‌ر هاتووه!
ده‌چووه‌وه دواوه، ده‌هاته‌وه پێشه‌وه و له ناوه‌ڕاستدا گتێکی ده‌کرد، ئه‌و له‌وێ بوو، له زه‌مه‌نی ئێستادا، هه‌ڵواسراو له نێوان ڕابردوو و داهاتوو، ئاوێنه‌که‌ش شاهیده که عاشقترینی سه‌رده‌می خۆی بووه!
: عه‌شق یانی هه‌موو ژنان و کچانی دونیات خۆش بوێت ته‌نانه‌ت بۆ تاقهشهوێک!
-: شه‌و یان ڕۆژ؟!
: گرینگ نییه!
-: مه‌گه‌ر تۆ کرمی؟! ژنان و کچان نا، بڵێ هه‌موو بوونه‌وه‌ران! خودا و ئایه‌ته‌کان و ئه‌نبیاکان و ته‌نانه‌ت فه‌یله‌سووفه کهلامییهکانیشیان وا ده‌ڵێن: هیچ فره‌ڕه‌نگی و کیسرهتێک ناتوانێ به بێ تاقانه‌یی و وه‌حدانییه‌ت مانای هه‌بێت و خاڵی جه‌وهه‌ری و گرینگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه وه‌حدانییه‌ت شتێکی ئایدیال و ده‌رهه‌سته نه‌ک به‌رهه‌ست و ده‌ستپێگه‌یشتوو وه‌کوو ژن و کچ یان سێ‌و و پرته‌قاڵ!
: حه‌تمه‌ن ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێن ژن شه‌یتانه! ئه‌گه‌ر وابێ من شه‌یتانم خۆش ئه‌وێ! به‌ڵێ کرمم هه‌یه! کرمم هه‌یه که‌واته هه‌م!
+: کوڕی چاک بن و مه‌بن به فه‌یله‌سووفه کورده‌کان لێمان، باسی جه‌میل و عه‌شقه و ته‌واو!
یه‌که‌مینیان عاشقی کچێک بوو، نا، عاشقی ناوی کچێک بوو؛ هێرۆ
-: هێرۆ یان هه‌رمه‌ڵه؟
له‌و دهشتودهرهی کوێستانه‌کانی به‌رده‌م شه‌خس(نه‌زرگه)ی تاکهسواردا، له‌گه‌ڵ میمکیدا دایه‌گه‌وره‌ی ناردبووی بۆ گوڵه‌هه‌رمه‌ڵه، کرمی سپیکه‌ڵه دابووی له پاشه‌وه‌ی چه‌ندین به‌رخی ساوایان و به شیله‌ی گوڵی هه‌رمه‌ڵه چاک ده‌بوونه‌وه، به سه‌ر کێلی گۆڕه کۆنه‌کان هه‌نگاوه بچووکه منداڵانه‌کانی به وه‌حشه‌ته‌وه هه‌ڵده‌هێنا و لای خۆی دووپاتی ده‌کرده‌وه: گولهههرمهڵه! گوڵه هه‌رمه‌له! میمکی وه‌کوو ڕۆحانهتێکی که‌ونینه یان جنۆکه‌یه‌کی هه‌زارساڵه چنگی لێده‌کرد و هه‌ندێجاریش پێده‌که‌نی! و ده‌یوت نازانی ناوه‌که‌ی بێژی! با گه‌وره بیت ئه‌زانیت! دواتر که بوو به پیاو و چه‌ند کتێبی کوردی خوێنده‌وه و له شاره‌که‌یان ڕۆشته ده‌ره‌وه زانی گوڵه‌هه‌رمه‌ڵه یانی گوڵه‌هێرۆ!
کاتێک شتێکی له‌باره‌ی گوڵه‌هه‌رمه‌ڵه له باوکی پرسی وا وه‌ڵامی دایه‌وه: تۆ هێشتا نه‌بووی به دۆڵ تا گووت تێکه‌ن!
پێوه‌ندیی گوڵ و گووی هه‌ر بۆ ڕوون نه‌بوویه‌وه! جگه له‌وه‌ی هه‌ردووکیان به “گ” ده‌ست پێده‌که‌ن! به‌ڵام گوڵه‌هێرۆی زیاتر له بیردا بوو!
له دۆڵهکانیشدا ده‌ڕوا!
…
ئێسته به شه‌قامه‌کاندا ده‌ڕوات!
هێرۆ چاوێکی هه‌نگوینی، باڵایه‌کی مامناوه‌ندی، ڕوخسارێکی په‌ریئاسا و قونێکی خڕ و ئاڵۆشاوی هه‌بوو، له پاش ناوه‌که‌ی ئه‌و ته‌نها توانیی پێوه‌ندی ڕۆمانتیکیی به پاشه‌وه‌ی هه‌بێت، خه‌یاڵاوی و گوناهالوود.
-:کێ ناڵێ هیرۆ په‌رییه؟
:کێ ده‌ڵێ هێرۆ په‌رییه؟
له‌به‌ر ئاوێنه‌که‌دا ژیانی خۆی و په‌ری ده‌دیت، ناو ئاوێنه‌که نا، به‌رده‌م ئاوێنه‌که! دوو مۆمی نیوه‌سووتاوی شه‌وێکی بارانی که فیلمی هیندیی “شوعله”یان پێکه‌وه بینیبوو و ئۆدکۆڵۆنێکی سێویی سووری فه‌رانسه‌وی مارکی نیناڕیچی و وێنه‌یه‌کی سه‌ر ته‌پۆڵکه‌یه‌کی سه‌وز که بووک و زاوا یه‌کتریان تێدا خۆش ده‌ویست! پێکه‌نینیش له قاقای دابوو! ئه‌و ده‌یتوانی ته‌نها له‌و حه‌جمه بچووکه‌ی ژیانی ڕامێنێت، له به‌ر ئاوێنه‌که‌دا چاوی ده‌بڕییه خۆی، ڕابردوو و منداڵیی، داهاتوو و مه‌رگ و ئێستا و سه‌رلێشێواویی پێکه‌وه ده‌بینی، قژی شێوا بوو به‌ڵام جوانیش بوو! ئه‌و جاکهتهی که سه‌وزێکی چه‌مه‌نی بوو، یادگاریی دایکی بوو، له ئاوێنه‌که‌دا و له پێش چاوه ڕه‌ش و پیشه‌کانیدا ڕه‌نگی ده‌گۆڕا و ده‌بوو به پستهییهکی خه‌مگین! کاتژمێره‌که‌ی باوکی له ئاوێنه‌که‌دا که‌وتبووه ده‌ستی ڕاستی! دزی و گزیی له ڕاست پێ باشتر بوو، هه‌موو ڕاستێک! هه‌ندێ چه‌پی به جێگه‌ی هیوا ده‌زانی! هه‌ر که هیوا بیری ده‌که‌وته‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ لای هێرۆ.
هه‌وای هێرۆ بردی به‌ڵام له ئانوساتێکدا هه‌وا پیس گۆڕا! هێرۆش هه‌روا، پیس گۆڕاو و ڕۆشت! پاشه‌وه‌ی خۆی نه‌بینی! پاش ڕۆشتنی بۆ ماوه‌ی ساڵێک زیاتر تووشی مادده‌سڕکه‌ره‌کانی کرد!
-: کێ؟ کام؟
له خه‌یاڵی خۆیدا که ئێسته چالاک‌تر و پڕڕه‌نگتر بوو، له گه‌ڵیدا جووت ده‌بووه‌وه، وه‌کوو ئه‌و به‌رخانه‌ی که ئه‌م و میمکی بهرخهوانیان بوون و له دۆڵ و چۆڵه‌کاندا…
: نه چۆڵ مهپرسۆنه ئاوه‌دانی!
… سواری پاشیان ده‌بوو و ختووکه به ناو گه‌ڵ و له‌شیدا ده‌هات، میمکیشی پێده‌که‌نی، ئه‌و به‌رخانه‌ی ئێسته کرم تێیانی دابوو و شیله‌ی گوڵه هێرۆ چاره‌سه‌ریان بوو وه‌کوو دایه گه‌وره‌ی ده‌یگوت!
که له ده‌شت و چیا ده‌چووه‌وه، دایه‌گه‌وره‌ی له دووره‌وه‌ڕا ده‌یدیت و وه‌کوو گۆرانییه‌ک له مه‌دح یان سهرزهنشتیدا بڵێت پێیدهگوت: بایه‌قوشه بۆر و هه‌ندێجاریش ده‌یگوت: گوڵگوڵ!
دایه گه‌وره‌ی که کرمی ده‌دیت له به‌ر ئاوێنه‌که‌دا ده‌یوت: ئاخرزه‌مانه!
بیری ده‌که‌وته‌وه به هه‌ورازه‌که‌دا که بۆ باخه‌که ده‌چوو، پازده ساڵێکی ده‌بوو، یه‌که‌مجار به‌یانییه‌ک بایه‌قوشێکی له سه‌ر به‌ردێکی پان دیت که واق و زاق له چه‌قی ڕێگادا ڕاده‌مێنێت لێی، ترسابوو و و نه‌ترسابوو! بیری باوکی که‌وتبووه‌وه و ڕقی هاتبوو و نه‌ترسا بوو، دایکی هاتبووه خه‌یاڵی و دڵته‌نگ ببوو! چاوی ته‌ڕ ببوو و سڕی بوویه‌وه! له ئاوێنه‌که‌دا چاکه‌ته‌که‌ی پسته‌یی خه‌مگین بوو وه‌کوو ڕه‌نگی ئه‌و دڕکانه‌ی وشک ده‌بن و با به ده‌شته‌کاندا قوویان ده‌دات! له هه‌مان ڕێگا به گه‌رمای هاوین و خۆره‌تاوه تیژه‌که‌ی بۆ پشوودان له سه‌ر هه‌مان به‌رد و له ته‌نیشت بایهقوشهکه دانیشتبوو، سووکهبایهکی ناوه‌خت و نادیار هه‌ڵی کردبوو، تۆزه عاره‌قی مێرمنداڵێکی وشک کردبۆوه، ئه‌وه‌یشی به ته‌ڕی مابوویه‌وه خواردبووی، به سه‌ر لێژیی ته‌وێل و لاجانگی هاتبوو تا ته‌نیشت لێوی و لێسابوویهوه، سۆڵ بوو وه‌کوو نۆکی ته‌ڕ!
: نۆکیش هه‌ندێ جار کرمی هه‌یه!
که هاتبوویه‌وه به‌ر ئاوێنه‌که بایه‌قوشی ته‌نیشتی نه‌مابوو، هه‌ر خۆی له‌وێ بوو! هه‌ر خۆی لێره بوو! له به‌رده‌م ئاوێنه‌که‌دا عاره‌قه‌که‌ی تفیبوویهوه سه‌ر وێنه و ئۆدکۆڵۆنهکهدا! مۆم و مۆمدانه‌که هیچیان بهرنهکهوتبوون! ده‌یزانی سۆڵییهکی تایبه‌ت بووه، ده‌یبینی هه‌ورێک به سه‌ر سه‌رییه‌وه بووه، نه‌یده‌هێشت خۆر لێی بدات! هه‌ورێکی تێپه‌ڕ بووه، ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر بوحهیرایهک هه‌بووبا، ئه‌میش پێغه‌مبه‌رێک ده‌رچووبا!
:ئه‌سته‌خفیره‌ڵڵا…من خاکی به‌رپێی بوحهیرایشم…ئاخرزه‌مانه.
-: هاوارێک به‌رز بوویه‌وه، پیاوێک له سه‌ر ته‌پۆڵکه‌یه‌ک له مه‌دینه بانگی خه‌ڵکی کرد بۆ لای خوا!
: هاوارێک به‌رز نه‌بوویه‌وه!
ئه‌م زۆر بانگی خودای کردبوو بۆ لای خۆی! کاتی ددانئێشه، کاتی تاقیکردنه‌وه‌ی قوتابخانه، ورده‌واڵه‌فرۆشی یان کاتی ده‌سپه‌ڕلێدان! ته‌نانه‌ت کاتی خوێندنه‌وه‌ی “ئاوابوونی بته‌کان” یان چرکه‌ساته‌کانی یه‌که‌مین گوناه و عه‌شق و یه‌که‌مین هێرش و په‌لاماری نه‌ریت و دایکی کچ و قورئانی باوه‌شیان و حه‌دیسی ئابڕو و حه‌یا و حیکایه‌تی حورمه‌تی به زۆر پارێزراو!
: هاوارگهلێک به‌رز نه‌بوونه‌وه! هه‌ندێ که‌س بڕی ئه‌ودیو هه‌وره‌کان ناکه‌ن! ته‌نها کوڕی زه‌مینن، بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ر به‌رد دانیشن وه‌کوو بایه‌قوش!
ئێسته له به‌ر ئاوێنه‌که، له خه‌یاڵی چالاکیدا ده‌چووه سه‌ر شانۆ و بۆ هه‌ندێ دۆست و که‌سی نه‌ناس و ناسراو، نه‌یار و یار شیعری ده‌خوێنده‌وه یان وتاری پێشکه‌ش ده‌کرد و…
-:حه‌تم لای خۆی وای داده‌نا له “ه”ێوه ده‌ستی پێکردووه!
+:ئه‌ری! بڕیاره شتێک “هه‌ڵ”بکات!
… هێرۆش له‌وێیه و له سووچێک‌دا خۆی حه‌شار داوه، هه‌موو وشه‌کانی ده‌بیستێ و ئاره‌زوویه‌تی جارێکی دیکه له ئه‌لفه‌وه ده‌ست پێکه‌نه‌وه.
: له ئه‌لفه‌وه تاکوو “ه”ێ هه‌رچی ده‌زانی بیڵێ!
پاش هه‌ر حونجهیهک له “ج”ێدا، جگه‌ره‌یه‌ک به بێ ئه‌وه‌ی تۆزقاڵه دووکه‌ڵێکی لێ به فیڕۆ بدات، ههڵدهمژایه هه‌موو گیان و هه‌ناوییه‌وه و دواتر ئاوا؛ فیرۆ، هیڕۆ، هه‌یڕۆ، هاڕه، دۆلار و بوون، خودا و نه‌بوون…گوله هه‌رمه‌ڵه! گوڵه هه‌رمه‌له!
: پیته‌کان له ئاوێنه‌دا له‌وه‌ی که ده‌یانبین نێزیکترن به ئێوه!
له به‌ر ئاوێنه‌که به ڕوونی و ده‌نگی به‌رز ده‌یوت: گوڵه هه‌رمه‌ڵه! هه‌ردوو لامه‌که‌ی قه‌ڵه‌ون! وه‌کوو …جگه‌ره‌ی به‌رگ!
-: ده‌یکێشا!
با نیگارێک بکێشێ، خۆ ئه‌و نیگارکێشیشی نه‌ده‌زانی، ته‌نها کێوێک و نیوهخۆرهتاوێکی خاو و بێ تین که له هی زستان ده‌چوو که‌چی سهوزاییش هه‌موو ئه‌و ده‌شته‌ی داگرتبوو!
له داهێنه‌رێکی لار و تێکچوو ده‌چوو که قاچ بخاته شوێن ده‌ست و ده‌ست بخاته جێگای سه‌ر و سه‌ر بخاته خه‌زێنه‌ی دڵ و دڵ بخاته کوێ؟ دڵ…دڵ…
: دڵدڵ ناوی که‌ری کام پێغه‌مبه‌ر بوو؟!
-: گوڵگوڵ یان بایه‌قوشی بۆر؟!
له به‌ر ئاوێنه‌که خه‌وی لێده‌که‌وت، به پێوه یان به ڕێوه، خه‌ونووچکه‌ی ده‌دا، هه‌ڵده‌ستایه‌وه، ده‌یزانی زیندووه، پاشان پووچی و پێچه‌وانه‌یی دایده‌گرت و چاوی له چاوه‌کان و ڕوخساری په‌ریئاسای هێرۆ ده‌کرد، لای خۆی ده‌یگوت: قوون شه‌یتانه و ڕوخسار فریشته!…
: له ئه‌لفه‌وه تاکوو یێ!
…له مرۆڤدا وا کۆ بوونه‌ته‌وه، هه‌ندێجار هه‌ردووکیان له ئاوێنه‌که‌دا ده‌وه‌ستان، هێرۆ خۆی ئارایشت ده‌کرد و ئه‌میش ده‌نووسا به پاشییه‌وه، قه‌ت جێژوانیان له ماڵی خۆیان نه‌بوو.
-:ماڵی خه‌ڵک و خوا ئاوه‌دان!
+:ئه‌ی بێ باوکه‌کان!
تۆ هێشتا نه‌بووی به دۆڵ… له “گێ”وه ده‌ستی پێ‌کردبوو و تاکوو “یێ”ی وتبوو، باوکی وتبووی.
پیتی “گ”ێی ده‌دیت، له‌ناو ئاوێنه‌که‌دا وه‌کوو ته‌پۆڵکه‌یه‌کی قنج که کڵاوه قووچه‌که‌ی باوکی له سه‌ر بێت، و گوڵیش له دامێنی و لاپاڵیدا ڕوا بێ!
“پیتی گێ: ئێسته له ماڵی خۆی سڕ و پڕ خه‌یاڵ ده‌یبات. له‌گه‌ڵ ئاندرێ تارکۆفسکیدا ده‌چووه سه‌ر ته‌پۆڵکه‌کانی تووسکانی، له کڵێساکه‌دا ژنه‌ی هاوڕێی وه‌رگێڕی ده‌بینی، ده‌یتوانی لێی بپرسێ: پیتی ‘گێ” به ئیتالیایی یان ڕووسی ده‌بێته چی؟ گوڵ یان گوو؟ به‌ڵام نه‌یپرسی!
دیمه‌نی کۆتایی فیلمه‌که‌شی قه‌ت نه‌ده‌بینی که دۆمینکۆی قیددیس شێتئاسا ئاگر له خۆی به‌رده‌دا و له ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانێکی گه‌وره‌ی ڕۆمدا هاوار ده‌کات که دونیا به‌رگه‌ی گوناهه‌کان ناگرێت، ئه‌و به‌رگه‌ی گوناهه‌کان ناگرێت، ناڕه‌زایه‌تییه‌کی ئاگراوی ده‌ربڕی و بیتهۆڤێنیش تا دواهه‌ناسه هاوڕێیه‌تی ده‌کات.
مافی ئه‌وه‌ی ده‌دا به دۆمێنیکۆ که ژنه و منداڵه‌کانی بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ بشارێته‌وه تاکوو له ئاگری دۆزه‌خ و گوناهکردن بیانپارێزێت…
: سانتا کاتێرینا…کاتیرینی پیرۆز…
ده‌بێ ئه‌و ئاگره تا ئه‌وپه‌ڕ له‌ناو ئاو و بادا نه‌کوژێته‌وه! ئاگری مۆمه‌که! مۆمی ناو فیلمه‌که!
مۆمی به‌رده‌م ئاوێنه‌که ئیدی ڕۆشن نه‌ده‌بووه‌وه!
ئاوێنه‌که له ماڵه، پیته‌کانی بیر چۆته‌وه، تا گێ…ئاگر…ئاوێنه…تا ئاگر و دۆزه‌خ و جگه‌ره بیژمێره، پیته‌کان ده‌دۆزیته‌وه!
: ئاوێنه! ئا وێنه‌ی ئاوێنه! ئاندرێ!”
دوای فیلمه‌که، “نۆستالژی” بردی بۆ لای فریشته‌یه‌ک. حه‌زی له کچێک کرد ناوی فریشته بوو، شوودار و جوان، چالاک و خوێنه‌وار، به ویقار و جیددی، هه‌موو کتێبێکی ده‌خوێنده‌وه و له ئینستاگرام ستۆریی ده‌کرد، کامۆ، کافکا، ئادۆنیس، مارکیز، فیلمیشی ده‌بینی و…ته‌نها شتێک له فریشته‌دا ختووکه‌ی ده‌دا چاوێکی گه‌وره و لێوێکی زۆر سرووشتی بوو وه‌کوو تووتڕکی ڕه‌ش به‌ڵام گه‌وره‌تر، به قه‌ده‌ر تووت فهرهنگییهک. شه‌وێک خه‌وی بینی له مه‌زرایه‌کی تووت فهرهنگییه به‌ڵام گوڵه‌کان هه‌موویان تووتڕکی گه‌وره‌یان گرتووه و بۆنی سێ‌و دێت. ده‌چوو. کاتێ شه‌یتانی ده‌بوو فریشته‌ی ڕووت ده‌کرده‌وه. ده‌یبرده باوه‌شی. هه‌موو شتێکی به سه‌ر لێوه‌کانیدا ده‌هێنا، ده‌یزانی ته‌واوێتی، هه‌موو ئومێدێکی به خودا لا مردبوو، ئاماده‌ی مه‌رگ بوو، کاتێک بوومه‌له‌رزه گه‌وره‌که‌ی کرماشان هاتبوو وتبووی فریشته‌یه‌ک ڕزگاری کردووه له ژێر دار و په‌ردوودا!
-: ئه‌ی له پاش فریشته؟
+: ئیلهامت بۆ دێت؟ ئایا شاعیری؟
ده‌یوت ئیلهامیشی به بۆنه‌ی باڵایه‌وه خۆش ویستووه، ئه‌گه‌ر بزانێت ڕۆژێک من به هه‌موو ئه‌مانه‌م زانیوه، دیسان خۆی ده‌کوژێته‌وه! ئه‌و هێنده جرحن و بوغزین بوو که لێبووردنی بۆ خۆشی نه‌بوو، ته‌نها خانمانی خانومان نه‌بێ. ئه‌و ساڵه‌هایه و پێش هیچ کۆرۆنایهک قه‌ره‌نتینه‌یه! زۆر له مێژه جیهان لای ئه‌و یانی قهرهنتینهبوون! جیهان گوناحه و گوناحبار!
جارێک ئیلهام وێنه‌یه‌کی بۆ ناردبوو که نووسابوو به گوڵهشیمشادهکانهوه، به پێوه وه‌ستا بوو و هه‌ر دوو ده‌ستی عاشقانه به‌ره‌و ئاسمان کردبۆوه. ئه‌و عاشقی پێکه‌نینێک بوو که له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ستانه‌دا ڕۆشتبوو بۆ ئاسمان به‌ڵام له هه‌مانکاتدا تا هه‌میشه ڕقی له گوڵهشیمشادهکان ده‌بوویه‌وه!
: من فیتیشیست نیم به‌ڵام پێم وایه عاشقی ئاسمان بووه نه‌ک ئیلهام!
-: ئه‌ی ئیلهام له ئاسمانه‌وه نایه‌ت!
پێکه‌نینه‌که‌ی! به هه‌موو پانتای ده‌شتی شیمشادهکان ڕۆچووبوو، ته‌واو ڕه‌گی به زه‌مینه‌وه داکوتابوو! شتێک وه‌کوو مونالیزا به‌ڵام زۆر مهعنهویتر و له هه‌مانکاتدا کوفرانیتر، دوور له هونه‌ری کاڵایی و ده‌رباریی سه‌رده‌می ڕینیسانس، ته‌واو ببوو به پێکه‌نینێک که گریان و دڵته‌نگییه‌کی له خۆیشیدا حه‌شار دابوو! ئومێدبه‌خش و ساده و ئاسایی و بێ ڕه‌حم و واقیعی و جوان و …و دواتر به شه‌ڕێک کۆتای‌یان هات! چوون ئیلهام زانی که ئه‌و عاشقی که‌ژاڵ بووه.
له ڕاستیدا چاوی که‌ژاڵ بوو کوشتی. هه‌ندێک ده‌ڵێن جه‌میل خۆکوژی کرد چوون به‌رگه‌ی چاوی که‌ژاڵی نه‌گرت. زه‌ریایه‌کی شین بوو که دارستانی که‌زییه و زوڵفه‌کانی ده‌وریان گرتبوو، هه‌ندێکیش ده‌ڵێن ئه‌وه‌نده‌ی خودا تێیدا مابووه‌وه که خۆی بکوژێت و ته‌سلیمی شه‌یتانی عه‌شقه‌کانی نه‌بێت.
: هه‌ندێک ده‌ڵێن نا و هه‌ندێکی دیکه ده‌ڵێن با!
خاوه‌ری خوشکی ده‌یگوت پێش ئه‌وه‌ی که‌ژاڵ بناسێت، عاشقی ماشینێکی سوور بووه و کڕیویه‌تی، هه‌موو ڕۆژێ به‌یانیان له‌گه‌ڵ یه‌که‌م لیزگی خۆر به لۆنگێکی سوور هه‌موو گیانی ده‌ماڵی و دهیبریسکاندهوه. وتمان به‌و ماشینه ده‌مرێت، به هه‌موو خێراییه‌ک که بۆی ده‌کرا ده‌ڕۆیشت، له کۆڵان و ناوشار یان ده‌ره‌وه‌ی شار و له جاده ته‌سک و ته‌نگه‌به‌ره‌کاندا.
دوا قسه‌یه‌ک که هێرۆ له‌باره‌یه‌وه کردی ئه‌مه بوو که وتی: ئمم…!جه‌میل…! نازانم…!ئه‌گه‌ر پشتی نه‌کردایه‌ته من قه‌ت پشتم تێنه‌ده‌کرد.
-: بۆ؟ مه‌گه‌ر ئه‌و حه‌زی نه‌ده‌کرد پشتی تێکه‌ی؟!
: نا! با!
ئیلهام ده‌یگوت: شه‌یتانێکه! وه‌کوو خۆی نادۆزیتۆ له دنیا، هه‌ر قسه‌یه‌ک ئه‌کا چوار پێنج مه‌به‌ستی ها له پشت، خۆیشی له پاش دانه‌یه‌ک شاردگهسۆ، هیرمنۆتیک سه‌ری لێ شێوانبوو…من ئه‌ترسم لێی…دوای ئه‌و نوێژ ئه‌که‌م! دڵنیام خوا هه‌س!
که‌ژاڵ هیچی نه‌ده‌گوت: هه‌ر پێده‌که‌نی و ده‌ڕۆیشت.
به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌ده‌بی شاره‌که‌یان ده‌یوت ئه‌و کوڕه پاش ئه‌وه‌ی “حه‌سار و سه‌گه‌کانی باوکم”ی خوێنده‌وه هۆگرییه‌کی به گۆڕستان و گۆمه‌ز په‌یدا کرد، حه‌زی ده‌کرد ببێت به زێوان، به‌ڵام چه‌ند شه‌و که له ماڵی مندا خه‌وتووه به ده‌م خه‌وه‌وه ده‌یحیلاند و سبه‌ینێکه‌ی ده‌یوت حه‌ز ده‌که‌م ببم به ئه‌سپ!
هاوڕێیه‌کی شاعیری که ئێستا و پاش مه‌رگیشی له‌ملاولاوه دژبه‌رێتی، ئاوه‌ها له‌باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: زۆر ئه‌خلاقی باشی هه‌بوو، زۆری زانیاری هه‌بوو، له سه‌ره‌تادا زۆر زانا و گه‌وره ده‌یبینی به‌ڵام دواتر ده‌زانی هیچ نییه ته‌نها هه‌ندێ شتی زۆری له‌به‌ر کردووه و له‌ملاولا ده‌یڵێته‌وه، ئه‌و له ڕاستیدا که‌سێکی عه‌وه‌زی بوو ئه‌گه‌رچی به‌ڕێز و زاناش بوو به‌ڵام با له نێوان خۆمان بێت.
دایکی ده‌یوت: …
دایکی ته‌نها ده‌گریا.
باوکی ده‌یگوت: ئه‌و کوڕه ئه‌گه‌ر ڕووه‌و خوا بڕوایات ئێسته هه‌م خۆی سه‌رفراز بوو و هه‌م منیش و، غروورێک پێشی به فرمێسکه‌کانی ده‌گرت.
ورده‌کارییه‌کانی ئامار و لیستی مه‌رگه‌کانی نه‌خۆشخانه‌ی سینای کرماشان و وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی ته‌نها ده‌ڵێن: جه‌میلی سه‌راوی، ته‌مه‌ن 38 ساڵ، به هۆی کۆرۆناوه پاش شه‌ش ڕۆژ مردووه، جگه‌ره‌ی زۆر سییه‌کانی لاوازتر له‌وه کردبوو به‌رگریی بکات.
په‌ره‌ستارێک به ناوی مریه‌م ده‌یوت: شتێکی درێژکۆڵه‌ی نائاسایی له سییه‌کانیدا بووه که نه‌زانراوه چییه بۆیه ته‌رمه‌که‌ی دراوه به به‌شی نه‌شته‌رگه‌ری و پشکنینی تایبه‌ت!
شاعیرێکی هاوڕێی له شیعرێکیدا له ژێر ناوی “عه‌شقی سه‌رده‌می کۆ/ ڕۆنا” که بۆ ئه‌وی وتووه و دواتر فڕێی داوه ده‌ڵێت: ئه‌و عاشقێک بوو که دیار نه‌بوو له عه‌شقدا خنکابوو یان له مه‌عشووقدا! ده‌بێ ڕێز له کۆڕۆنا بگرین که هه‌م عه‌شقی ڕزگار کرد، هه‌م ئێمه، هه‌م مه‌عشووق و هه‌میش ئه‌و! و هه‌میش من!
دواکتێبێکیش که له سه‌ر مێزی خوێندنه‌وه‌که‌ی دانرابوو کتێبی “ده‌سته‌ی لیبۆکهکان”ی فێردینان سێلین بوو و دواڕستهیهکیش که له ده‌فته‌ره‌که‌یدا یادداشتی کردبوو، ڕسته‌یه‌کی کافکا بوو که ده‌یوت: ڕه‌نگه هیوا ته‌نها بۆ بێهیواکان دابه‌زیبێت!
کتێبخانه‌که‌شی له کتێبخانه‌ی پیاوێکی ئارام و هێمن ده‌چوو، له دووره‌وه سه‌ردێڕی کتێبه‌کانت ده‌بینی؛ مه‌رگ، له‌باره‌ی ڕۆمان، فه‌لسه‌فه‌ی هیگل، نیچه، ئاوابوونی بته‌کان، بوون و کات و…
:له ئه‌لفه‌وه تاکوو یێ!
که تۆزێک نێزیک ده‌بوویته‌وه بزانی به وردی چین و چۆنن، بۆنی شتێکی پیس ده‌هات، له‌و بۆشاییه‌ی ڕیزی کتێبه‌کان له پشته‌وه، وه‌کوو بڵێی کۆمه‌ڵێک کرم تا سنووری ڕزین داویانه‌ته شتێک.