(بزاڤی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی) په‌راوێزخراوترین جومگه‌ی ڕۆشنبیریی كوردییه
ده‌قی ئه‌ده‌بيی له ڕووی بنیاتی بابه‌تییه‌وه، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ده‌ربڕی ژیانبینیی و په‌یام و ئایدیای نووسه‌ره له به‌رامبه‌ر ڕواڵه‌ته جیاوازه‌كانی ژیانی مرۆڤ و جڤاك و گه‌ردوون.
ڕه‌خنه‌ی ئهدهبیيش له‌ڕێگه‌ی دواندن و به قسه‌هێنانی ئه‌و ده‌قانه‌ی كه خاوه‌ن وزه و هێزێكی ئیستاتیكی بەرزن و له هه‌مان كاتیش‌دا خه‌م و خه‌ونێكی مرۆییان له‌خۆ گرتووه، ده‌توانێت له‌لایه‌ك بنیاتی ئیستاتیكی ئه‌م ده‌قه ئه‌ده‌بییانه شیبكاته‌وه و په‌نجه بخاته سه‌ر گه‌مه هونه‌رییه‌كانیان، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه په‌یام و ڕسته نه‌گوتراوه‌كانی نێو ده‌قه‌كان بخاته‌به‌ر دیدی خوێنه‌ر، لێره‌شه‌وه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌توانێت تاك و كۆی كۆمه‌ڵگه كه‌مه‌ندكێشی باسوخواسی ئێش و ئاریشه دیار و نادیاره‌كانی ژیان بكات و ده‌رگای ده‌یان بابه‌تی هزریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی بداته سه‌ر پشت به مه‌به‌ستی زه‌مینه‌سازی بۆ دیالۆگێكی ژیرانه و ژیانپهروهرانه. به‌مه‌ش هۆشمه‌ندی ڕه‌خنه‌یی گه‌شه ده‌كات و تاكێكی ئه‌ده‌بدۆست و بیركراوه پێده‌گات.
ئاشكرایه بزاڤی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی، به چه‌ند هۆكارێك ئه‌م ڕۆڵه‌ی به‌پێی پێویست نه‌بینیوه، گرنگترین هۆكاریش ـ به بۆچوونی من ـ په‌راوێزخستنی خودی ئه‌م بزاڤه‌یه له ئاست و ناوه‌نده جیاوازه‌كاندا، به تایبه‌تی له قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕینی (١٩٩١)، چونكه له‌م قۆناغه‌دا ـ به‌راورد به پێش خۆی ـ زه‌مینه له‌بارتر بوو بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی زۆربه‌ی بوار و كایه‌كانی ڕۆشنبیریی كوردی.
ده‌كرێ نیشانه و ڕواڵه‌ته‌كانی په‌راوێزخستنی بزاڤی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی له‌م چه‌ند ئاسته‌دا بخه‌ینه‌ڕوو:
* كتێبخانه‌ی كوردی:
كتێبخانه‌ی كوردی خاوه‌نی سه‌دان كتێبه له بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی شیعر و چیرۆك و ڕۆمانیشه‌وه، به‌ڵام جێی سه‌رنجه ـ هێنده‌ی من ئاگاداربم ـ كتێبێكی سه‌ربه‌خۆ نابینرێت به ناونیشانی (ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی) و ته‌رخانكرابێت بۆ تاوتوێكردنی بزاڤی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی له‌ڕووی (مێژوویی، قۆناغبه‌ندیی، ڕێباز و ئاراسته‌كانی، كێشه‌كانى، پێشه‌نگ و دیارترین به‌رهه‌مه‌كانی).
* كۆڕ و كۆنفرانسی زانستی:
زۆرجار كۆڕ و كۆبوونه‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆك و شیعری كوردی كراوه و هه‌ندێ جار وتاریشی تێدا خوێنراوهتهوه، ده‌رباره‌ی لایه‌نی فۆرم و ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ده‌قانه، به‌ڵام له دوای ڕاپه‌ڕینی (١٩٩١)ه‌وه تا چركه‌ساتی نووسینی ئه‌م چه‌ند دێره كه ڕێكکه‌وتی ٢٥/١٢/٢٠٢٠ یه‌ك كۆڕی ڕۆشنبیریی و یه‌ك كۆنفرانسی زانستی نه‌كراوه بۆ به‌دیارخستنی ئاست و كێشه‌كانی (بزاڤی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی) نه له ناوه‌وه‌ی زانكۆكانی كوردستان و نه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م زانكۆیانه‌ش، ئه‌مه له كاتێكدا بۆ نموونە (به‌شی زمانی عه‌ره‌بی) له زانكۆی (یه‌رموك) له وڵاتی (ئه‌رده‌ن) له ساڵی (٢٠١٩) حه‌ڤده‌مین كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی خۆی به‌ستووه، بۆ شیكردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی (گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی).
به درێژایی قۆناغه جیاوازه‌كانی خوێندنی (به‌كالۆریۆس) و (ماسته‌ر) و (دكتۆرا) له پرۆگرامی هیچ به‌شێكی كوردی ئه‌م زانكۆيانهدا وانه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆمان نییه تایبه‌ت به (ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی)!
* به‌شه كوردییه‌كانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان:
ئه‌مڕۆ له زاخۆوه تا خانه‌قین، زیاتر له (٢٠) به‌شی كوردی هه‌یه له زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان.
جێی سه‌رنجه به درێژایی قۆناغه جیاوازه‌كانی خوێندنی (به‌كالۆریۆس) و (ماسته‌ر) و (دكتۆرا) له پرۆگرامی هیچ به‌شێكی كوردی ئه‌م زانكۆيانهدا وانه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆمان نییه تایبه‌ت به (ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی)!
* له ئاستی ڕۆژنامه‌گه‌ریی:
ئاشكرایه له دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی (١٩٩١)ه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر گۆڤاری ههمهجۆر له بواری جیا جیای سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی و زانستی و ته‌ندروستی و فۆلكلۆری و ڕۆشنبیری بڵاوكراونه‌ته‌وه، له‌م هه‌موو گۆڤاره زۆر و زه‌به‌نده و به درێژایی ئه‌م سی ساڵه، دوو گۆڤار نابینرێت تایبه‌ت كرابێت بۆ (ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی) له‌دوو توێیشیدا به‌شێكیشی بزاڤی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی له‌خۆ گرتبێت.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا شایه‌نی ئاماژه بۆكردنه، بڵاوكراوه‌ی (پرۆژه) كه له ساڵی ١٩٩٢ بڵاوكراوه‌ته‌وه تایبه‌ت بووه به ڕه‌خنه، هه‌روه‌كو له‌سه‌ر به‌رگی یه‌كه‌می نووسراوه (كتێبێكی وه‌رزییه بایه‌خی سه‌ره‌كی به ڕه‌خنه ده‌دات)، ئه‌م بڵاوكراوه‌یه ته‌مه‌نی زۆر كورت بووه و ته‌نها سێ ژماره‌ی لێ بڵاوكراوه‌ته‌وه.[1]
هه‌ڵبه‌ته ئه‌م حاڵه‌ته مانای سڕینه‌وه‌ی ڕۆڵی چه‌ندان گۆڤاری تر نییه له بواری ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی كوردیدا، به تایبه‌تی گۆڤارێكی وه‌كو (ڕامان)، به‌ڵام لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر نه‌بوونی گۆڤارێكی سهربهخۆو تايبه‌تمه‌نده به ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كوردى.
* گروپ و به‌یاننامه‌ی ڕه‌خنه‌یی:
له مێژووی شیعری كوردیدا، چه‌ندان گروپی ئه‌ده‌بی پێكهێنراون، وه‌كو گروپه‌كانی (ڕوانگه، كفری، ته‌لیعییه‌كان، تهغریبییهكان،…)، به‌ڵام له هه‌موو مێژووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا ـ هێنده‌ی من ئاگاداربم ـ گروپێكی ڕه‌خنه‌یی پێك نه‌هێنراوه كه ستراتیژیه‌تی كار و ئامانجیان كاركردن بێت له‌سه‌ر (گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی).
ده‌رباره‌ی به‌یاننامه‌ی ڕه‌خنه‌ییش، له ساڵی (١٩٩٢) به‌ڕێزان (عه‌بدولڵا تاهیر به‌رزنجی و حه‌مید ڕێبوار و محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌حمه‌د) بهياننامهیهكیان به ناوی (به‌یاننامه‌ی ڕه‌خنه‌یی) له ژماره (١)ی بڵاوكراوه‌ی (پرۆژه) بڵاوكردۆته‌وه، كه تیایدا له هۆشمه‌ندییه‌كی ڕه‌خنه‌ییه‌وه باس له گۆڕینی گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی ده‌كه‌ن له چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌ق و نووسه‌ر.
ئه‌م به‌یاننامه‌یه تاكه به‌یاننامه‌یه‌ی ڕه‌خنه‌ییه له مێژووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا و شایانی له‌سه‌ر نووسینه، چونكه ده‌كرێ وه‌كو خاڵێكی وه‌رچه‌رخان له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا ته‌ماشا بكرێت.
په‌راوێزخستن و فه‌رامۆشكردنی بزاڤی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی، كاریگه‌رییه‌كی خراپی كردووه‌ته سه‌ر كار و پێگه و جێگه‌ی ئه‌م بزاڤه له‌نێو ڕۆشنبیریی كوردیدا.
ته‌نها ئاماژه به دوو لایه‌نی ئه‌م كاریگه‌رییه ده‌كه‌ین:
1ـ نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی:
له‌مێژه نووسه‌رانی كورد، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ باسیان له كێشه‌كانی ڕه‌خنه و ڕۆشنبیریی كوردی كردووه، له‌مانه‌ش قسه‌كردن له بوون و نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی كوردی، ئه‌م بابه‌ته بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن نووسه‌ر (حسێن محەمەد سەعید)ه‌وه وروژێنراوه.
ئه‌مه‌ش له وتارێكیدا به‌ناونیشانی (أزمة النقد الأدبی الكردی = قه‌یرانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی) كه له ژماره (٣٢٨)ی ڕۆژنامه‌ی (التآخی) ڕیكکهوتی ٢/٨/١٩٦٨ بڵاوكردووه‌ته‌وه.
هه‌ڵبه‌ته باسكردن له (نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی) بۆ ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، به‌هانه و به‌ڵگه‌ی جیاوازی خۆی هه‌یه، به‌ڵام تۆ بێیت و پاش (٤٨) ساڵ له (٢٠١٦)یش بڵێیت ((یه‌كێك له گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی نه‌بوونی ڕه‌خنه‌یه، ڕه‌خنه به مانا زانستییه‌كه‌ی كه ئێستا له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا نییه))[2].
ئه‌مه‌یان جێگه‌ی پرسیار و له‌سه‌ر ڕاوه‌ستانه! لێره‌دا من ناچمه سه‌ر بابه‌تی سه‌لماندنی بوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بى كوردی، به‌ڵكوو مه‌به‌ستمه ئاماژه به‌وه بده‌م كه باسكردنی (نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی كوردی) به‌رهه‌مێكی پرۆسه‌ی پهراوێزخستنهكهیهتی.
په‌راوێزخستنی بزاڤی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی له ئاسته جیاوازه‌كاندا، وایكردووه زۆرێك له نووسه‌ران له دیدار و چاوپێكه‌وتنه ڕۆژنامهوانییهكانیاندا، پتر قسه به (ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی) بڵێن نه‌ك قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن.
2ـ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی، هێنده‌ی قسه‌ی پێكراوه، ئه‌وه‌نده قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه!
ئه‌نجامێكی سروشتی په‌راوێزخستنی بزاڤی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی له ئاسته جیاوازه‌كاندا، وایكردووه زۆرێك له نووسه‌ران له دیدار و چاوپێكه‌وتنه ڕۆژنامهوانییهكانیاندا، پتر قسه به (ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی) بڵێن نه‌ك قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن. بۆ نموونه (ڕه‌خنه‌كانمان هه‌مووى ميزاجى و شه‌خسييه)، (ڕه‌خنه‌ى كوردى هه‌مووى ئينشايه)، (ڕه‌خنه‌كانمان شهڕهقسهن). هه‌ڵبه‌ته ئه‌م جۆره دهربڕينانه (قسهپێكردنن) نه‌ك ( قسه‌له‌سه‌ركردن).
ئه‌گه‌ر وتاره‌كانى (شێخ نوورى شێخ ساڵح كه له نێوان ساڵى ١٩٢٦-١٩٢٧) له ڕۆژنامه‌ى (ژيان) بلاويكرده‌وه، به سه‌ره‌تاى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كوردى دابنێین، ئه‌وا ئه‌مڕۆ ته‌مه‌نى ڕه‌خنه‌ى كوردى خۆى ده‌دات له نزيكه‌ى ١٠٠ ساڵ، ئه‌رێ كاتى ئه‌وه نه‌هاتووه خويندنه‌وه و و شيكاريي و هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ بزاڤى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كوردى بكه‌ين و چيدى له چاوپێكه‌وتنه‌كاندا كه‌س به دوو ڕسته‌ى ساده باسى نه‌بوونى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كوردى نه‌كات. كاتى ئه‌وه نه‌هاتووه (ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كوردى) وه‌كوو وانه‌يه‌كى سه‌ربه‌خۆ بخوێندرێت، هه‌ر نه‌بێ له خوێندنى باڵا.
له كۆتاییدا به پێویستی ده‌زانم بڵێم، منیش باش ده‌زانم چالاككردنی بزاڤێكی ڕه‌خنه‌یی و پێگه‌یاندنی عه‌قڵیه‌تێكی ڕه‌خنه‌گرانه به مانا زانستییه‌كه‌ی به سازدانی كۆڕ و كۆنفرانسێك و بڵاوكردنه‌وه‌ی مانیفێستێك ناكرێت، به‌ڵام دیاره ئه‌نجامدانی هه‌ریه‌ك له‌و چالاكییانه و هاوشێوه‌كانیان كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت له زه‌مینه‌سازكردن بۆ گۆڕانكاری و پتر ڕاچلهكاندنی ئه‌و بزاڤه.
په‌راوێز:
[1] عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه، ڕۆژنامه‌نووسی كوردی له كوردستان دوای ڕاپه‌ڕین، وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، هه‌ولێر، ١٩٩٨، ل (٧٦).
[2] بژار حه‌كیم، قه‌یرانی ڕه‌خنه له ئه‌ده‌بی كوردیدا، (3/2/2016) له ماڵپه‌ڕی ڕووداو.( https://www.rudaw.net/sorani/opinion/culture_and_literature/03022016 )