ده‌نگ

برین و بڕین

 

برین ده‌ڵێی مانگی پڕه‌ به‌سه‌ر ڕێگای نیوه‌چۆڵ كراوه‌ته‌وه‌

ده‌ست به‌سه‌ر دژوارییه‌كان داده‌هێنێ و په‌نجه‌ی گه‌رم ده‌بن

گه‌رمایی په‌نجه‌ گۆرانیی هێمنی و بیره‌وه‌ریی زه‌وییه‌

به‌ سوپای دۆڕاو شه‌ڕناكات

***

بڕین به‌دوات دادێ

بڕوای به‌ ڕۆیشتن نامێنێ و ده‌رگات له‌دوا داده‌خا

چرای سێبووریت ده‌كوژێنێته‌وه‌ 

به‌ده‌نگێكی برووسكه‌دار ده‌تخاته‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی سارده‌وه‌

 

بۆر و بۆڕ

 

سۆفه‌ له‌ناو عه‌ردێك كه‌ سڵاوی دۆستانی وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌

بۆر ده‌چێته‌وه‌ و سه‌ری ده‌جووڵێنێته‌وه‌

له‌ په‌نجه‌ی گه‌وجی سه‌ر په‌لاپیتكه‌ بێپه‌روایه‌

له‌ چاوی یاران به‌ر بینینی هه‌قیقه‌ت كه‌وتووه‌

به‌ ئازاری دانه‌وێڵه‌ په‌روه‌رده‌ بووه‌ و نازی بای ناوباڵه‌

         ***

تۆوی بۆڕ له‌ژێر خاكێكدا له‌ جه‌زبه‌ به‌رز بووبێته‌وه‌

ڕایه‌ڵی خۆر به‌سه‌ر خۆیدا هه‌ڵده‌كشێ

ڕه‌نگ له‌چاوی به‌هێز ده‌بێت و هه‌ڵه ناكا

ته‌زووی مردن به‌ جه‌سته‌ی زه‌وی نه‌گه‌ڕاوه‌

 

گۆران و گۆڕان

 

گۆران خۆی مووتوربه‌ی دره‌خت كرد و به‌لای ڕووبارێكدا ڕۆیشت

گه‌ڵاكانی ڕازیان دركاند و له‌ شێوه‌ی كۆتری په‌ڕگه‌رم جه‌ژنی فڕینیان ڕێكخستووه‌

***

گۆڕان چاودێریی بوون و باشی نه‌كرد

خۆڵی ده‌وری كوارگی كێوی هه‌ڵدایه‌وه‌ و نواندیه‌وه‌

ڕوانییه‌ ڕه‌شایییه‌كی دوور

 

بر و بڕ

 

شتێكی ساده‌یه‌ له‌بری دڵه‌كوتێی دوا هاوار كه‌ ڕێگات نادات بمێنیته‌وه‌

چاوت ته‌واو خاوببێته‌وه و سروودی نیشتیمانیت بیربچێته‌وه‌ ‌

***

له‌بڕی ده‌ستهه‌قی گۆڕ

وه‌ك بوونه‌هه‌ڵمی ئاو

له‌ شوێنێكی تردا ده‌ربكه‌ویته‌وه‌ و خێوه‌تگای په‌نابه‌ران هه‌ڵبژێری

 

كه‌ر و كه‌ڕ

 

چاره‌نووسی كه‌ر ڕسكانه‌ به‌رانبه‌ر گردێك

سوپای گیا داگیری كردبێت

***

كه‌ڕ له‌سه‌ر زه‌مینی حیكمه‌تدا

بێباكه‌ له‌ دڵه‌خورپه‌ی مۆسیقای ماته‌م و پێكه‌نیوه‌ بۆ چرۆی نۆبه‌ره‌

هێڵێكه به‌ دڵنیایییه‌كی ماندووه‌وه‌‌ ده‌ڕژێته‌ خاڵه‌وه‌

 

وه‌رین و وه‌ڕین

 

گوڵێك له‌ بێده‌نگییدا گه‌شه‌ی كرد

له ‌شێی زستانێك وه‌ری

شوێنی ڕسكانی ناسی و ڕسكایه‌وه‌

داوای كرد ده‌ست بێن یه‌كتری بناسن

***

فریشته‌ی دووڕوو

له ‌ڕووی یه‌كه‌می شه‌رابی به‌هێ بوو

له‌ ڕووی دووه‌می سه‌گی وه‌ڕیوی كلكبڕاو

هه‌ور تێكنه‌ئاڵان و دایاننه‌كرد

 

هه‌ڵكران و هه‌ڵكڕان

 

له ‌ڕوومه‌تی كراوه‌دا ئاڵا هه‌ڵكران

با ده‌می هه‌ڵبزڕكا و چۆكی مه‌یی

لێژی و گرژی له‌ له‌رینه‌وه‌ و سه‌ما مه‌ودایان نییه‌ ده‌فته‌ری ڕێزمانن

***

خۆشه‌ویستان ڕۆیشتن

هیوام خواست وێنه‌ی دزی هه‌زار ئاگرم له‌ به‌رگی دیوانه‌كه‌م هه‌ڵكڕاندا

 

باراندن و باڕاندن

 

باراندن ته‌پونم له ‌باڵی باڵنده‌ی هه‌رداوهه‌رد داده‌ته‌كێنێ

فێری بزه‌ی دڵنه‌وایی ده‌كا و ده‌یڕژێنێته‌ ژێر دره‌ختی دووبه‌ر

گه‌شه‌ و ئه‌نوای لێ ون نابێ

***

ئاسكێكی سه‌رتاساو له‌ ئه‌شكه‌وت ماوه‌ته‌وه‌

خودایه‌ ڕێم بده‌ به‌ دوای ئه‌م باڕاندنه‌ دا بچم

پاشان چه‌ترێك هه‌ڵده‌م و به‌ناو تاریكیی شه‌ودا بڕۆم

 

فریو و فڕیو

 

به‌ژێر دره‌ختی سه‌ر پڕ جریوه‌ و جووكه‌ی باڵنده‌دا تێپه‌ڕیم

فریوم خوارد ده‌نگی باڵنده‌م له‌ بێده‌نگیی دره‌خت خۆشتر ویست

        ***

دان و پووشی قه‌قنه‌س له‌ زایه‌ڵه‌یه‌

پاراوی ئاگر ده‌چۆڕێنێته‌وه‌

به‌ره‌و چاوه‌ڕوانی فڕین هێلكه‌ی له‌ ڕازی نه‌بوون به‌ سه‌كۆی زه‌وی ده‌ترووكێ

له‌خۆبایی نییه‌ دژی مرۆڤی گه‌وج دان و پووش و ترووكانی برده‌ ئاسمان

ڕێی نه‌دا هیچ ئاوێنه‌یه‌ك به‌رانبه‌ری خۆی پاك بكاته‌وه‌

دزی هێلانه‌ شوێنپێشی قایم بكات هه‌ڵده‌خلیسكێ

 

سوور و سووڕ

 

ڕه‌نگی دڵ به‌ سوور بڵێ

تۆ له‌ كوێ بووی ئه‌ی له‌ ئاو پڕ ڕه‌نگتر و سه‌نگه‌رگرتوو له‌ ژماره‌ و ساڵه ‌كه‌وتووه‌كان

***

ئاهه‌نگی چ نسكۆیه‌ك یان ماره‌كردنی خۆر له‌ خۆی بگێڕێ

سووڕی ناو و نیشان و گیان به‌به‌رهێنانه‌وه‌ و به‌ زمان هێنان

ڕه‌نگی دڵ نه‌بووایه‌

ئه‌م دنیایه‌ش نه‌ده‌بوو یان زاری نه‌هه‌نگ ده‌بوو

تشرینی دووه‌می 2020 هه‌ولێر

photo_٢٠٢١-٠١-٠١_١٨-٣١-٣٦

سەرنجێک بنوسن