لە دوورەوە خۆشم دەوێی

لە تورکییەوە: باوەڕ مەعرووفی

لە دوورەوە خۆشم دەوێی[1]

بێ ئەوەی بەرامەی خۆشت هەڵمژم

بێ ئەوەی باسکم لە گەردنت گرێ بدەم

بێ ئەوەی دەستم بخشێنم بە ڕوومەتتا

بەس خۆشم دەوێی

 

بەمجۆرە و لە دوورەوە

خۆشم دەوێی

بێ ئەوەی پەنجەم بخەمە ناو پەنجەت

بێ ئەوەی دڵت دابلەرزێنم

بێ ئەوەی نوقمی نیگات ببم

باوەڕم نییە به ئەوینی یەک دوو ڕۆژە

سەرسەریانه نا، وەک جوامێران خۆشم دەوێی

 

بەمجۆرە و لە دوورەوە

خۆشم دەوێی

بێ ئەوەی دوو تنۆکەی تکاوی سەر کوڵمەت بسڕمەوە

بێ ئەوەی قاقای پێکەوە پێکەنینمان بگاتە ئاسمان

بێ ئەوەی گۆرانییە دڵخوازەکەت وێکڕا بڵێینەوە

 

بەمجۆرە و لە دوورەوە

خۆشم دەوێی

بێ ئەوەی بتڕەنجێنم

بێ ئەوەی فرمێسکت پێ هەڵوەرێنم

بێ ئەوەی بتڕووخێنم

بێ ئەوەی بتتۆرێنم

بێ ئەوەی بتگریێنم

لە دوورەوە خۆشم دەوێی

 

بەمجۆرە و لە دوورەوە

خۆشم دەوێی

کاتێ هەرچی وشەی حەزم لێیە بە تۆی بڵێم لە زارمدا وردوخاش دەبێ،

خۆشم دەوێی

وشەکانم تنۆک تنۆک کە دەتکێنە سەر لاپەڕەی سپی و ساکارم،

ئەو دەمانە خۆشم دەوێی


[1] Uzaktan Seviyorum Seni, Cemal Süreya

photo_٢٠٢١-٠١-٠٤_١٨-٠٣-١٨

سەرنجێک بنوسن