پەتای کۆرۆنا: خوێندنەوە فەلسەفییەکان

وەرگێڕانی: دلێر محەمەد


کاتێک فەلسەفە تابلۆ لێڵ و خۆڵەمێشییەکەی دەکێشێت، ئەوا ئەمە بانگەوازێکە بۆ ئەوەی کە وێنەیەک لە وێنەکانی ژیان، یاخود فۆڕمێک لە فۆرمەکانی ژیان ساڵخوردە و پیر بووە. بەڵام فەلسەفە بەم تابلۆ لێڵ و خۆڵەمێشییە، ناتوانێ سەر لەنوێ ئەو فۆرمە پیربووەی ژیان، گەنج بکاتەوە، بەڵکو تەنیا لێی تێدەگات. کوندەپەپوو “مینێرڤا”، تەنیا لە بومەلێڵی ئێوارە و ئاوابوونی خۆردا دەست بە فڕین دەکات، کاتێ کە شەو باڵی تاریکی دەکێشێت بەسەر جیهاندا.

هیگڵ: فەلسەفەی حەق

***
“فەیلەسوفەکان بە لێکدانەوەی جیهان دەستبەرداربوون و وازیان هێنا، لەکاتێکدا گرنگ گۆڕینیەتی”
کارل مارکس: تێزەکان دەربارەی فیورباخ

فەلسەفە و کۆرۆنا:
لە ڕابردوودا هیگڵ فەلسەفەی بە باڵندەی کوندەپەپوو “مینێرڤا” وەسفکردووە، کە لە ئێوارە و لە سەروبەندی ئاوابوونی خۆردا، دەردەکەوێت. بەم مانایەش فەلسەفە کەمێک چاوەڕوان دەبێت، تا ئەو کاتەی بیرکردنەوەکان پێدەگەن و وێنە ڕوون دەبێتەوە و ڕوانین مانیفێست دەبێت. ئیدی فەلسەفە دەست بە گوتاری خۆی دەکات، نمایشەکانی فۆرمالیزە دەکات، چەمکەکانی هەڵدەکۆڵێت و پرسیارەکانی قڵپ دەکاتەوە.
بەڵام پەتای کۆرۆنا ناگەهان هەموانی تێوەگلاند، لە ناویاندا خودی فەیلەسوفەکانیش، کە هەوڵیاندەدا هەندێک لە هێڵەکانی ڕووداوەکە/ پەتاکە، بە دەستەوە بگرن، چونکە  سەرەڕای کتوپڕی ئەوەی کە ڕوویدا و ئەوەی کە پێشبینی کراو نەبوو، جارێ کەسیش نازانێ ئایا ئەسڵەن ئێوارە دادێ، مادەم سپێدەی توولانی ئەم پەتایە هێشتا دەرنەکەوتووە؟
بێگومان کۆرۆنا پێوەرەکان و بیرکردنەوەکان و ستراتیژەکان و پلانەکان و هەتا شێوازەکانی ژیان و پەیوەندییەکانیشی گۆڕین، وەکچۆن سیاسەت و ئابووری و فێرکردنیشی گۆڕی. هەروەها چەمکەکانی سەرمایەداری و نیولیبڕالیزم، سیکولاریزم و بازاری ئازاد، ژیانی هاوبەش و ئەویدی گەرایی، خستنە بەردەم ڕەشەبای گۆڕان و ڕەخنە و پرسیارەوە. ئایا جیهان لەدایکبوونی سیستمێکی نوێی جیهانی: “جیهانی پاش کۆرۆنا” بە خۆیەوە دەبینێت؟ یاخود سەرمایەداری وەک مار کاژ فڕێ دەدات و پێستەکەی دەگۆڕێت و لەم قەیرانەش بەهێزتر و توندڕەوتر لە جاران دەژێتەوە؟ ئایا لە ئاست مەترسی ئەوەی کە تێیدا دەژین، لەبەردەم شەپۆلەکانی ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدەی داڕزێنەر و لەناوبەردا، فەلسەفە دەیەوێ چی بڵێت؟

لەنێوان ئاگامبێن و ژیژەکدا: ژیانێکی ڕووت و بەربەری، بە ڕوخسارێکی هیومانیستییەوە

فەیلەسوفی ئیتالی جۆرجیۆ ئاگامبێنی خاوەنی کتێبی دۆخی ئاوارتە، بە خوازەیەک ئەو هەلومەرجە دەخاتەڕوو کە ئیتالیای تێدا ژیا و دەژی لەبەردەم هێرشی کۆرۆنادا و بە (ژیانێکی ڕووت) ناوی دەبات. بە جۆرێک کە لە سایەیدا قوربانی بە ژیانی سرووشتی، هاوڕێیەتی، سۆزەکان، کارکردن، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەتا بیروباوەڕە سیاسیی و ئاینییەکانیش دەدرێت، هەروەها ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەوڵەت گرتنییە بەر، بوونە هۆی دابڕان و لە یەککردنی خەڵکی و فراوانکردنی بۆشاییەکانی نێوانیان، بە گوزارشتی ئاگامبێن ئەمەش هەموانی دووچاری کوێریی کرد.. کۆمەڵگا لە هەموو بەهایەک داماڵرا، تەنیا هەوڵی پاراستنی مانەوە درا، گەرچی ناکرێ لەوێ بیانوویەک یاخود پاساوێک هەبێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی حاڵەتی کتوپڕی و داخستنی تەواوەتی و کەرەنتینەکردنی خەڵکی، بۆیە مەترسی مانەوەی ئەو ڕێوشوێنانە بۆ کاتی لاوازی  ڤایرۆسەکە و کەمبوونەوەی پەتاکەش لە ئارادایە، بە جۆرێک کە دەوڵەت بیانکاتە ئامرازێک بە دەستی خۆیەوە، لە پێناو فەرمانڕەوایەتی و هەژموونی زۆرتر و زیاتردا. بەبڕوای ئاگامبن، لە ڕابردوودا نەتەوەکان کارەسات و ڤایرۆس و پەتاگەلیی لەناوبەرتر و ترسناکتر لەوەی ئەمڕۆیان دیووە، بەبێ ئەوەی کەس بیر لە ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتە بکاتەوە و حاڵەتیی کتوپڕی ڕابگەیەنێت، بەو جۆرەی حکومەتەکانی ئەمڕۆ بەپەلە دەستیان بە پڕاکتیک کردنی کرد. بێگومان بەمە ئازادی سنووردار کرا و ژیانی خەڵکی کورت کرایەوە، بۆ ئەرکە بایۆلۆژییەکەی و قوربانی بە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و سیاسی و سۆزدارییەکانی ژیان درا. حاڵەتی ئاوارتە، ناکۆک و دژ بە کۆمەڵگەی ئازادە، لەبەر پاڵنەرگەلی ئەمنیی پەتیی، کە ئازادی سانسۆر دەکەن، مادام ترساندن و نەمانی ئاسایش، پاساوێکی بێگەردە. لەمانەش زیاتر، ڕاگەیاندنی جەنگ لەگەڵ دوژمنێکی نەبینراودا، لە سایەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی کتوپڕی و قەدەغەکردنی هاتووچۆدا، بێهوودەترین و پوچترین جەنگە، لەنێو هەموو جەنگەکاندا. لە ڕاستیدا ئەوە جەنگێکی خودیی و نێوخۆییە، لە کاتێکدا گەر بزانین دوژمن لە دەرەوەمان نییە، بەڵکو لەناو خۆماندایە.  لەوانەیە زۆربەی نیگەرانییەکە، پەیوەندی بە ئێستاوە نەبێت، بەڵکو پەیوەست بێت بە ئایندەوە، ئاخر وەکچۆن جەنگەکان زنجیرەیەک تەکنیکی شوومیان لێ بەجێما، دەکرێ بە هەمان شێوە، ئەو ئەزموون و ڕێوشوێنانەی، بەهۆی قەیرانە کتوپڕەکەوە گیراونەتە بەر، بەردەوام بن، وەک: داخستنی زانکۆکان و خوێندنگاکان، ئیکتفاکردن بە فێرکردن لە دوورەوە، یاساغکردنی کۆڕ و کۆبوونەوە و دیالۆگ و دیدارە مشتومڕئامێزە سیاسی و کولتوورییەکان، پاشان ناچارکردنمان بەوەی کە ڕازی بین بە ئاڵوگۆڕی نامە و مەسیجە ئەلیکترۆنییەکان، وەک ئامرازی پەیوەندیکردن و ئەنجامدانی دیداری ئامێریانەی دیجیتاڵی، لە جیاتی یاخود وەک ئەڵتەرناتیڤی هەموو چاوپێکەوتن و دیدارێکی ئاسایی نێوان مرۆڤەکان.

blank
سلاڤۆی ژیژەک فەیلەسوفی هاوچەرخ

هەروەها لەلای خۆیەوە فەیلەسوفی سلۆڤینی “سلاڤۆی ژیژەک” وتارەکەی بەوە دەستپێکرد، کە خوازیارە دووچاری پەتای کۆرۆنا ببێت، ڕەنگە ئەمە خواست و تەمەننایەکی سەیر و نامۆ بێت، بەڵام لەوانەیە ڕێگایەکیش بێت بۆ ڕزگاربوون لەو حاڵەتی ترس و نیگەرانی و دۆخە گوماناوییە ماندووکەرەی،  کە زادەی بارودۆخێکە فەیلەسوفەکە لە سایەی پەتای کۆرۆنادا تێیدا دەژی. بە بۆچوونی ژیژەک هەندێ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ژیانی ئەمڕۆدا سەریان هەڵداوە، چونکە ناتوانین فەنتازیای ئەو وەرچەرخانە بکەین کە بەسەر ژیانی ڕۆژانەماندا هاتووە. بێگومان جیهان دەستبەرداری سوڕانەوە بووە، ئایندە سەرسامکەر و دژوارترە، ئەمە لە کاتێکدا کە ڕۆشنایی قەیرانێکی مەزن، لە ئاسۆدا دەرکەوتووە. هەموو ئەمەش بەو واتایە دێت، کە پێویستە پەرچەکرداری ئێمە مەحاڵ فەراهەم بکات، لە پێناو کەناگیرکردنی خراپتردا، وادیارە ئەم مەحاڵە لەنێو ڕێوشوێنەکانی سیستمی جیهانی هەنووکەدا شیمانە نییە. ژیژەک بڕوای وایە کە هەڕەشە مەزنەکە کورت نابێتەوە بۆ ” بەربەریزمی ڕاشکاو”، یاخود کورت نابێتەوە بۆ ململانێی دڕندانە لەسەر مانەوە. بەڵکو هەڕەشە گەورەکە لە مەترسیی دەرکەوتنی “بەربەریزمدایە بە ڕوخسارێکی  هیومانیستییەوە”  کە لەناو ڕێوشوێنە توندانەدا بەدی دەکرێت، کە بۆ پاراستنی مانەوە گیراونەتە بەر و هەروەها شەرعییەتی خۆشی لە گوتەی پسپۆڕ و شارەزایانەوە بەرجەستە دەکات. بێگومان وێناکردنەکانمان، لەبارەی کەمکردنەوەی گریمانە بنچینەییەکەی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیمان بینی، ئەو کاتەی ئیتالیا ڕایگەیاند لە حاڵەتی خراپتربوونی بارودۆخەکەدا، شیمانەیە بەساڵاچووان و ئەوانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لە چاودێری تەندروستی بێبەش بکرێن. یانی بە ئاسانی  وازیان لێدەهێنرێت بۆ مردن. لەم حاڵەتەشدا دەستدرێژی دەکرێتە سەر لۆژیکی مانەوە بۆ بەهێزەکان، سادەترین پرەنسیپەکانی ئەخلاقی سەربازی، ئەوەیە کە بە دەق باس لە پێداویستی چارەسەرکردنی بریندارەکان دەکات، پاش تەواوبوونی جەنگەکە، هەتا گەر هەلی مان و ڕزگارکردنیشیان زۆر کەمیش بێت. پاشان فەیلەسوفەکە ئەمەش بۆ گوتەکانی زیاد دەکات: من کەسێکی زۆر واقیعیم، چونکە لە جیاتیی فەراهەمکردن و ئابووری، پێویستە ئامانجی یەکەم بریتی بێت لە پێشکەشکردنی یارمەتی بێمەرج بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی، بە چاوپۆشین لە تێچوونەکان. هەروەها لە خستنەڕووی ڕەخنەکانیدا لەسەر ئەو بۆچوونەی ئاگامبێن، کە پێیوابوو ئەوەی ئێمە تێیدا دەژین “ژیانێکی ڕووت”ە، کە دەبێتە مایەی جیاکردنەوەی مرۆڤەکان، ژیژەک بۆچوونی وابوو کە هێشتنەوەی مەودا و ئاسایش پارێزی، بە هەمان شێوە جۆرێکە لە ڕێزگرتن لەوانیدی، لە ترسی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لەنێویاندا، لەبەر ئەوە لێرەشدا تەرکیز خراوەتە سەر بەرپرسیارییەتی تاک، لەبەر گرنگییەکەی، کە دەتوانێت مشتومڕە گرنگەکە بەرەو: چۆنییەتی گۆڕینی سیستمە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکە بەرێت.
جەنگ لەگەڵ کۆرۆنا هیچی تر نییە، جگە لە دەست خستنە نێو دەست دژ بە  “وەهم و خەیاڵپڵاوە ئایدۆلۆژییەکان”، ئەویش بەو پێیەی کە ئەم جەنگە بەشێکی جیانەکراوەیە، لە بەرخۆدانی فراوانی ژینگەپارێزی.
بەپێی هەڵسەنگاندنی ژیژەک قەیرانی کۆرۆنا، ئەم سێ ڕەهەندە بنەڕەتییەی هەیە: ڕەهەندی تەندروستی و پزیشکی (بڵاوبوونەوەی پەتاکە). ڕەهەندی ئابووری (بە چاوپۆشین لە دەرئەنجامەکانی، پەتاکە دەرهاویشتەی ئابووری خۆی هەیە) هەرچی ڕەهەندی سێیەمە، ڕەهەندێکی گرنگە و ناکرێ بێئەرزش و سووک تەماشای بکەین، ئەویش ڕەهەندێکی پەیوەستە بە تەندروستیی هزری و ئەقڵییەوە.
بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ تێبینی دەکەین، بریتییە لە هەڵوەشانەوەی ڕێوشوێنە بنەڕەتییەکانی جیهان: “پەیوەندی جەستەیی ڕۆژانەی مرۆڤەکان، گەشتی فڕۆکەوانی، پشووەکان، کڕین و فرۆشتنی پشکەکان قازانج…”،  لەبەر ئەوە تەنیا کەرەنتینەکردنی خەڵک بەس نییە بۆ ڕزگاربوون لە پەتاکە، بەڵکو بۆ ئەوەی هەوڵەکانی کەرەنتینەکردن سەرکەوتووبن، پێویستە هاوکارییە خۆراکی و تەندروستییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ خەڵکی کەرەنتینەکراو فەراهەم بکرێن. ئەمانە کۆمەڵێ وێناکردنی کۆمۆنیستانەی نموونەیی نین، بەڵکو کۆمەڵێ وێناکردنی کۆمۆنیستانەن، کە پێداویستی مانەوەی ڕووت و ئەبستراکت دەیانسەپێنێت، چونکە ” لە قەیرانەکەدا هەموان سۆشیالیستین”.
پاشان ئەم فەیلەسوفە ئەوەش دەخاتە سەر گوتەکانی و دەپرسێت: ئایا ئەوەی هەنووکە لەناویدا دەژین، دابڕانێکی تازەیە، وەک ئەوەی “نائومی کلاین” بە سەرمایەداری کارەساتەکان، ناوی برد؟ یان بەو مانایە دێت کە ئێمە لەبەردەم سیستمێکی نوێی جیهانیداین، کە لەوانەیە سیستمێکی خاکیتر و گەلێ هاوسەنگتریش بێت؟

ئێدگار مۆران و قەیرانی نادڵنیایی

فەیلەسوفی فەرەنسی ئێدگار مۆران، لە دیدارێکدا پێیوایە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی کتوپڕ و تراژیدی چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی ڕووتکردووەتەوە، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین ئەوەیە کە سیکولاریزم لە هەوڵەکانیدا بۆ یەکخستنی بواری تەکنیکی و ئابووری سەر ڕووی زەمین، هانی لێکتێگەیشتنی نێوان گەلانی نەداوە، بۆیە لەبەر ئەم هۆکارە و لەبەردەم نەبوونی هاریکاریی نێودەوڵەتی و پیوار و نائامادەیی ڕێکخراوگەلێکدا، کە بە هاوبەشی ڕێوشوێنگەلێک بگرنە بەر کە لە ئاستی پەتاکەدا بن، بە ئاشکرا داخرانی نەرگسیانەی نەتەوەکان بەسەر خۆیاندا دەرکەوتووە.

blank
ئێدگار مۆران کۆمەڵناس و فەیلەسوف

زەمەن لەگەڵ کەرەنتینەدا لە ئەژمارکردن، ڕزگار دەبێت، واتە زەمەنێک کە لە بازنەی (میترۆ- کار- نووستن) قوتار بووە. بۆیە دەتوانین خودی خۆمانی تێدا بگێڕینەوە و پێداویستییە ژینالۆژییەکانمان دیاری بکەین: کە مەبەست لە خۆشەویستیی و سۆز و هاوڕێیەتیی و هاریکاریی و بەتەنگەوەچوونی یەکتری و شیعرییەتی ژیانە

لێرەوە بە تێگەیشتنی مۆران، پێویستە بە دوای ڕێڕەوێکی نوێدا بگەڕێین، کە دەستبەرداری ئایدۆلۆژیای نیولیبڕالیزم دەبێت، لە پێناو بونیادنانی سیاسەتێکی کۆمەڵایەتیی و ژینگەییدا دژ بە قەیرانەکە. ئەم ڕێڕەوە تازەیەش کار لەسەر ڕاستکردنەوەی ئەو پاشماوانە دەکات، کە سیکولاریزم کەڵەکەی کردوون، لە ڕێگەی دامەزراندنی هەندێ ناوچەوە، کە ڕزگاریان بووە لە سیکولاریزم، چونکە لەنێو کۆمەڵگای ئەمڕۆدا پایەکانی هاریکاریی سوننەتی بوونیان نەماوە، هاریکاری و بە تەنگەوەچوونی یەکتری، مەسەلەیەکە، کە پێویستیی بە هاندانە لەنێوان هاوڵاتییان و دراوسێکان و کرێکاراندا. بارودۆخەکە ئەوەش دەکاتە پێداویستی کە چاو بە کەڵکەڵەی بەرخۆری یاخود بەرخۆری سڕکراودا بگێڕینەوە، بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی چلۆنایەتیدا، ڕزگارمان ببێت لە چەندایەتی. بە بۆچوونی ئەم بیریارە، بە ڕوونی دەردەکەوێت، کە زەمەن لەگەڵ کەرەنتینەدا لە ئەژمارکردن، ڕزگار دەبێت، واتە زەمەنێک کە لە بازنەی (میترۆ- کار- نووستن) قوتار بووە. بۆیە دەتوانین خودی خۆمانی تێدا بگێڕینەوە و پێداویستییە ژینالۆژییەکانمان دیاری بکەین: کە مەبەست لە خۆشەویستیی و سۆز و هاوڕێیەتیی و هاریکاریی و بەتەنگەوەچوونی یەکتری و شیعرییەتی ژیانە، کە ئەویش جۆرە پاککەرەوەیەکە، کە شێوەی ژیانمان درێژ دەکاتەوە و حاڵیمان دەکات کە ژیانی هاوبەش بە فۆرمێکی باش، بریتییە لە فەراهەمبوونی تواناکانی من لەناو ئێوەی فرەدا، چونکە ترس لەوەی کە ڕوودەدات، خۆراک بە نێرگسییەتی نیشتمانی یاخود ئایینی دەدات، دواتریش هاریکاریی نیشتمانی پێویستە، بەڵام بەبێ فەرامۆشکردنی هوشیاری هاوبەش لەسەر چارەنووسی ئینسان. مرۆڤایەتیی لە قەیراندایە و پەیامی ڤایرۆسەکەش ئاشکرایە و پێویستە گوێبیستی بین، ئەم پەتایە دەمانخاتە بەردەم شێوازە جۆربەجۆرەکانی نادڵنیایی، چونکە ئێمە هیچ لەبارەی سەرچاوەی ڤایرۆسەکە و ئەو گۆڕانکارییانەوە نازانین، کە دەکرێ لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا سەرهەڵبدەن. یان هەتا هیچ لەبارەی پاشەکشێکردنی پەتاکەوە نازانین و زانیاریمان لەبارەی پاشماوەکانی کەرەنتینەکردن لەبەردەم جۆرەکانی دابەشکردن نییە و هەروەها زانیاریمان لەسەر دەرهاویشتە سیاسی و ئابووری و نیشتمانیی و جیهانییەکانی پەتاکەش نییە، دواتریش لەبەر ئەوەیە ئێمە لەبەردەم شێوازە جۆربەجۆرەکانی دڵنیا نەبوونداین.  ئەوە مەسەلەیەکی تراژیدییە کە شێوازی بیرکردنەوەی کەرتکەری دابەشکەر ژیانی ئێمەی کۆنترۆڵ کردووە و فەرمانڕەوایەتی بڕیارە سیاسیی و ئابوورییەکان دەکات. بێگومان دەستنیشانکردن بووە مایەی هەڵە لە پێشبینیکردن و وەرگرتنی بڕیارەکاندا، هەروەها مەیلی قازانج و پاڵنەری هەڵپەکار بەرەو قازانج، ئەو ڕەگەزانەن کە بەرپرسیاری سەرهەڵدانی گەلێ کارەسات بوون، لەوانە پەتای کۆرۆنای٢٠١٩. پاشان لە چوارچێوەی تیۆری بیرکردنەوەی پێکهاتەدا کە مۆران بەرگری لێدەکات، ئەمەش دەخاتە سەر گوتەکانی: جیهان لە ئەمڕۆدا کە بە شارەزایی و پسپۆڕی هەمەلایەن و قووڵ هەڕەشە لێکراوە و لەبری دیالۆگ و گفتوگۆ لەسەر دابەشکردن دامەزراوە. بێگومان بینیمان کە توێژەرە یەکگرتووەکان خاوەنی پێشڕەوی بوون، چونکە ئەوان لە ڕێگەی پەیوەندی و دیالۆگەوە توانیان بەگژ پەتاکەدا بچنەوە، دیالۆگێک، کە لەنێوان پزیشکەکانی جیهاندا، بە جیاوازی پسپۆڕییەکانیانەوە، هێشتا ڕوو لە فراوان بوونە. بۆیە زانست بە گفتوگۆ دەژی، بوونی هەر سانسۆر و چاودێرییەکیش لەسەری بێبەشی دەکات لە دەرئەنجامی باشتر.
مۆران بەرەو لای کتێبەکەی “چەمکی قەیران” ئاراستەمان دەکات. چونکە هەموو قەیرانێک لە سایەی پشێوی و نەبوونی دڵنیاییدا دروست دەبێت و لەناو بنەمای کاری سیستمێکی دیاریکراودا دەردەکەوێت. سیستم هەوڵدەدات پارێزگاری لە هاوسەنگی خۆی بکات و هەموو شێوازە لادەرەکانیش یاساغ بکات، شێوازگەلی لادەر، کە ئەگەر بەریان لێنەگیرێت، توانای هەڕەشەکرن و تێکشکاندنی بنەماکانی سیستمیان هەیە. دەکرێ بڵێین، قەیرانەکە بە دوو ئاراستەدا دەڕوات:
یەکەم: خەیاڵ هاندەدات، بە ئاراستەی چارەسەری نوێگەردا بگەڕێت.
دووەم: دەکرێ لە حاڵەتی سەقامگیری پێشوودا، دەستبەردار ببێت، یان دەکرێ چاوەڕوانی ئەوە بکات کە ئاسمان و چاودێری ئیلاهی بۆی دەدۆزێتەوە، بەپێی بۆچوونێک، کە دەڵێ: قەیرانەکە دەرئەنجامی کرداری گوناهبارانە، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی فەنتازیایەک کە پێیوایە پێویستە کەسی گوناهبار بکرێتە قوربانی. بە بۆچوونی ئێدگار مۆران لە واقیعدا سەرلەنوێ گەلێ بیرۆکەی پەرش و پەراوێزخراو بە یەکەوە گێڕدرانەوە و لە هەموو جێگایەکیش بڵاو کرانەوە، وەک: گەڕانەوە بۆ بیرۆکەی سەروەری، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، تایبەتمەندی و پسپۆڕییەکان، گەڕانەوە بۆ کولتوورە لۆکاڵییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی سیکولاریزم و نیولیبڕالیزم، چونکە لە بەگژاچوونەوەی کەمی خزمەتگوزارییە گشتتییەکاندا، بڵاوبوونەوەی پیشەسازی دەمامکی واقیعیمان بینی، بە شێوازگەلی هەرەوەزی لە کارگە تایبەت و ئەهلییەکاندا، کە لەگەڵ دابەشکردنی دەمامکدا بە خۆڕایی، هاریکاریی نێوان دراوسێکان و چاودێریکردنی بەساڵاچووان و منداڵانیشمان بینی، کە هاوسەنگ بوو لەگەڵ نائامادەیی شێوازەکانی هاریکاریی نێوان دەوڵەتاندا. کەرەنتینەی تەندروستی، توانای خەڵکی هاندا، لەسەر ڕێکخستنی ئامێرئاسا و سووککردنی فشارەکان، بە خوێندنەوە و گوێگرتن لە میوزیک و سەیرکردنی فیلم. قەیرانەکە هاندەری تواناکانی داهێنانە لەلای تاکەکان. هەروەها ڕێنماییەکانی پاش هیومانیزم، ئەفسانەی پێداویستی مێژوویی پەرەسەندن و توانای ئینسان لەسەر دەستەبەرکردنی نەمری، تا سەر لوتکە بەرز دەکاتەوە، ئاشکرایە لە چاودێریکردنی هەموو ئەمەشدا، زیرەکی دروستکراو بووەتە ئامرازی. لەبەر ئەوەی ئەم قەیرانە، بەو پێیەی کە قەیرانێکی بایۆ ئیکۆلۆژی- ژینگەیی- هەسارەی زەوییە، بۆیە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لاوازی ڕەگەزی مرۆڤی لەسەر فەراهەمکردنی هیومانیزمەکەی، ڕووتکردەوە، چونکە لە ڕووی ئابوورییەوە، هەموو ئەو دۆگمانەی لەرزاند کە ئاراستەی ئابوورییەک کران، کە بە دیاردەی فەوزا و کەمایەسی، هەڕەشەی لە ئایندەمان دەکرد. لەسەر ئاستی دەوڵەت نەتەوەش، ئەو کەموکوڕییانەی دۆزییەوە، کە لەنێو سیاسەتدا ئەولەوییەتیان دەدا بە سەرمایەدار لەسەر حیسابی کار. وەک ئەڵتەرناتیڤیش خۆپاراستنی ئاشکراکرد لە پێناو هەرچی زیاتری ڕەتدانەوە و کێبەرکێ کردندا، بەبێ پشتگوێ خستنی لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی: کە بێگومان بووە مایەی کەوتن و داڕمانی جیاوازییەکانی نێوان ئەوانەی کە لەنێو ئاسایشێکی بەرتەسکدا دەژین و ئەوانەش کە لەنێو خانەباخە گەورەکانیان و کۆشکە شاهانەکانیاندا دەژین. لەسەر ئاستی شارستانیش: لە نائامادەیی بەتەنگەوەچوون و هاریکاریکردنی یەکتری و ژەهراویبوونی بەرخۆرییەوە دەمانگێڕێتەوە سەر بیرکردنەوە. دواتر بەو پێیەی کە پەتاکە قەیرانێکی فیکرییە: ئەوا لێرەوە لە ڕێگەی پەتاکەوە پەی بە قەوارەی کونە ڕەشەکەی نێو بیرکردنەوەمان دەبەین، ئەو کونە ڕەشەی کە ڕێگەمان پێنادات دژوارییەکانی واقیع ببینین. هەروەها وەک قەیرانێکی ئۆنتۆلۆژی: بە هەمان شێوە پەتاکە پاڵمان پێوە دەنێت بۆ پرسیارکردن لەبارەی پێداویستییە ڕاستەقینەکانمان و دەربارەی بەدواداچوونەکانمان کە نامۆبوونمان لەنێو ژیانی ڕۆژانەدا دەیشارێتەوە. پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان سەرگەرمییەکدا کە حەقیقەتی ئێمە دەشارێتەوە و لەنێوان بەختەوەرییەکیشدا کە لە دیدارماندا لەگەڵ بەرهەمە هونەرییە مەزنەکاندا بە دەستی دەهێنین، بە جۆرێک کە ڕووبەڕوو چاویان بە حەقیقەتیی چارەنووسی مرۆییمان دەکەوێت. لێرەوە بە تێگەیشتنی مۆران دەکرێ بڵێین: گەر لەم قەیرانەدا چارەنووسمان ئەوە بێت، کە لەنێو دووری و داخرانی گشتی جەستەییدا بژین، ئەوا پێویستە لەمەوە خۆراک بە نزیکبوونەوەی هزری نێوان مرۆڤەکان بدرێت.

blank
ئالان بادیۆ، فەیلەسوفی هاوچەرخ

ئالان بادیۆ: بەرەو قۆناغی سێیەمی کۆمونیزم

وەسفکردنی بیریاری فەڕەنسی “ئالان بادیۆ” بۆ پەتاکە، پشت بە ڕەخنەگرتن و ئاسانکردنەوە دەبەستێت. واتە ئەو بە گشتی ڕەخنە لە کارلێککردن لەگەڵ پەتاکە دەگرێت و ئاسانکردنەوەکەش هەوڵدانە بۆ ئەوەی مەسەلەکە گەورە و ترسناک نەکرێت. مادام ڤایرۆسەکە سەر بە بنەماڵەیەکە کە لە ڕابردوودا و لە ساڵی ٢٠٠٣دا خۆی لێداوین، بەبێ ئەوەی وڵاتان پاڵپشتی جیدی پڕۆژەکانی لێکۆڵینەوەی تەندروستییان دابێت لەم بوارەدا. یەکەمجار “من” وەک بنەمایەکی زێڕینی ئایدۆلۆژیای هاوچەرخ، بێهوودە و بێمانا بووە، ڕێگاکانی ڕزگاربوون دەستەبەر ناکات، بە قەدەر ئەوەی وەک بەشدارێک دەستی هەیە لە درێژکردنەوەی تواناکانی خراپەدا. لەبەر ئەوە لەوانەیە تەحەدای نموونەیی کە پەتای کۆرۆنا دەیکات، بریتی بێت لە “پەرش و بڵاوکردنەوەی چالاکی جەوهەریی ئەقڵ” و ناچارکردنی کەسەکان بە گەڕانەوە بۆ ترادیسیۆن: ( سۆفیگەری، پڕوپووچی ، نوێژ و نزا کردن، پێغەمبەرایەتی، نەفرەت..) ئەم مەسەلەیە سەدەکانی ناوەڕاستمان بیر دەخاتەوە لە کاتی بڵاوبوونەوەی تاعوندا. بە هەمان شێوە ئەم بارودۆخە وامان لێدەکات سەرنج بدەینە یەکتربڕینەکان و پارادۆکس و ناکۆکییە فرە چەشنەکانی پەتاکە: یەکتربڕینی سرووشت و کۆمەڵگا، لە دوو هۆکاری بنچینەییدا: هۆکاری یەکەمیان کۆنە کە خۆی لە دۆخی بێ ئەرزشبوونی بازاردا دەبینێتەوە (وەک بازاری ویلایەتی ووهان) کە ئاژەڵان لە بازارەکەیدا بەپێی ڕێوشوێن و خوونەریتی کۆن دەفرۆشرێن. هۆکاری دووەمیش مۆدێرنە: بریتییە لە بەرپرسیاریەتی سەرچاوەی ڕەسەنی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لەسەر هەسارەکە، کە لە ئەستۆی بازاری سەرمایەداری جیهانییدایە، کە پشت بە بزاوتە بەردەوام و خێراکەی دەبەستێت. لێرەوە لە جیهانی هاوچەرخدا، دەست لە پارادۆکس و ناکۆکییەکی گرنگ دەدەین، بە جۆرێک کە ئابووری و پڕۆسە گەورەکانی بەرهەمهێنانی شتومەکی پیشەسازی لەژێر چاودێری بازاری جیهانیدایە و هەر خۆشی بە کارەکانی هەڵدەستێت، بەپێی ڕەهەندێکی پێکهاتەیی هاوبەشی نێوان وڵاتان، بۆ نموونە پێکهاتەی مۆبایلێک هەوڵی حەوت دەوڵەتی جیاوازی بۆ دروستکردنی لە خۆ دەگرێت، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هێزە سیاسییەکان لە بنەڕەتدا هێزگەلی نیشتمانین، لەبەردەم هەر ڕێوشوێنێکدا کە بگیرێتە بەر و ببێتە مایەی دەرکەوتنی دەوڵەتێکی سەرمایەداری جیهانی.

لە کاتی جەنگ و پەتاشدا دەوڵەت پەنا دەباتە بەر تێپەڕاندنی ڕێڕەوی سرووشتی چینەکەی، تاکو هەندێ کرداری ستەمکارانە ئەنجام بدات،


هەروەها پەتاکە دروستکەری چرکەساتێکە، کە تیایدا ناکۆکی نێوان سیاسەت و ئابووری دەبێتە ناکۆکییەکی ئاشکرا و زەق، بە جۆرێک کە وڵاتانی ئەوروپا پەنایان نەبردە بەر هەموارکردنەوەی سیاسەتەکانیان بۆ بەگژاچوونەوەی ڤایرۆسەکە،  بۆیە کە وڵاتان کەوتنە ناو ئەم جۆرە ناکۆکیانەوە وایان لێدێت لە بەگژاچوونەوەی پەتاکەدا لایەنی ڕێزگرتن لە میکانیزمە شیمانەکانی سەرمایەدار بگرن. گەرچی سرووشتی پەتاکەش ناچاری بکات کە شێوازی دەسەڵات و چالاکییەکانی هەموار بکاتەوە. ڕەنگە میتافۆرەکەی ماکرۆن، کە دەڵێ: “ئێمە لە دۆخی جەنگ داین”، تا ئەندازەیەکی زۆر ڕاست و  دروست بێت، چونکە لە کاتی جەنگ و پەتاشدا دەوڵەت پەنا دەباتە بەر تێپەڕاندنی ڕێڕەوی سرووشتی چینەکەی، تاکو هەندێ کرداری ستەمکارانە ئەنجام بدات، تاکو بەر بە ڕوودانی کارەساتێکی ستراتیژی بگرێت. لێرەوە گەڕانەوەی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی خەرجییەکان کە دەبێتە مایەی یارمەتیدانی خەڵک و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، لەو دەربڕینانەیە کە هیچ ئایرۆنی و سەرسامییەک ناوروژێنێت، ئەمەش دەرئەنجامی لۆژیکی بردنەوەی جەنگەکەیە، لەگەڵ پاراستنی سیستمی کۆمەڵایەتی باڵادەستدا. ئەمەش پێداویستییەکی سەپێنراوە، لە ڕێگەی ئەنجامدانێکەوە کە لەگەڵ سرووشت یەکدەبڕێت و (لە ڕووی ڕۆڵی بەرچاو و دیاری زاناکانەوە) لەگەڵ سیستمی کۆمەڵایەتیشدا (لە ڕووی دەستتێوەردانی ستەمکارانەی دەوڵەتەوە) لەبەردەم گەورەیی پەتا پێشبینی نەکراوەکەدا، هیچ ڕێوشوێنێکی دەوڵەتی پێش ماکرۆنی نەگیرانە بەر، ئەمەش داوای لە دەوڵەت دەکرد کە بە شێوەیەکی ئاشکراو هەمەلایەن پێداگری لە بەرژەوەندییەکان بکات، ڕێوشوێنێک کە هەر بە تەنیا بۆ بۆرژواکان سەرەتا گرنگ نەبوو، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەولەوییەتی پاراستنی بەرژەوەندی ئەو چینە لە ئایندەدا، کە شادەماری دەوڵەتە. بە بۆچوونی بادیۆ وانەیەکی سوودبەخش کە هەڵهێنجانی شیمانە بێت ئەوەیە کە دەرکەوتووە ناکرێ پەتاکە لە فەڕەنسا هیچ دەرهاویشتەیەکی سیاسی شایەنی باسی لێبکەوێتەوە. چونکە لەبەردەم دزێوی و بێئەرزشی دروشمە بۆرژواکاندا بۆ ڕزگاربوون لە ماکرۆن، ئەوا ئەمە لە هەموو حاڵەتێکدا هەرگیز نوێنەرایەتی هیچ گۆڕانێکی شایستە بە سەرنجدان ناکات. سەبارەت بەوانەش کە داوای گۆڕانکاری سیاسی دەکەن، پێویستە کار لەسەر دۆزینەوەی کارئەکتەرە سیاسییە تازەکان و پڕۆژەی پێگە سیاسییە نوێیەکان و پێشکەوتنێک کە سنووری وڵاتان تێدەپەڕێنێ بەرەو قۆناغی سێیەم لە کۆمونیزم، پاش ئەوەی کە هەردوو سەردەمی تیوریزەکردن و ئەزموونە نێودەوڵەتییەکەی بە شکست کوتاییان هات، هەروەها سەبارەت بە کارلێککردن لەگەڵ پەتەکەدا تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەوەی کە گەرمکەرەوەی گیرفانی دەوڵەمەندەکان بوون ئەوەشیان سەلماندووە کە شوێنی زۆربوونی ئەو پڕوپاگەندانە کە بەڵگەیەک نییە بۆ ڕاستییان، لەگەڵ ئیفلیجی پەتالێدراوان و ئەوانەی کە ڕێوشوێنە کۆن و تاریک و فاشییەکان دەدۆزنەوە.

سەرچاوە: وتاری /  جائخة كورونا: قرات فلسفية….احمد العطار…موقع: الاوان العربي ١٠يونيو ٢٠٢٠.*