ماهییەتی مرۆڤ لە فەلسەفەی بوونخوازی سارتەردا
«مەرگ ئاگاییەکی تایبەتی مرۆڤە»
ژان پۆل سارتەر، لە ڕێگەی فەلسەفەی بوونخوازییەوە، مرۆڤی لە جۆر و شێوازەکانیتری بوون جیاکردەوە. ئەو بوونی بۆ (بوون-بۆ-خۆ) کە ئاماژەیە بۆ کەلوپەل و بابەتە سروشتییەکان، (بوون-لەناو-خۆدا) کە پەیوەستە بە مرۆڤەوە و هەروەها (بوونی-ئەوانیتر) کە باس لە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکاندا دەکات، دابەش کرد[1]. لە فەلسەفەی سارتەردا، تەواوی جۆرەکانیتری بوون وەک، دار و درەخت و ئاژەڵ و شمەک و کەلوپەلەکان، هەڵگری ئاگایی نین. واتا هەر شتێک کە بوون-بۆ-خۆ بێت، بە تەنیا ناتوانێت خۆی بەرجەستە بکات، مەگەر لە ڕێگەی ئاگایی ئێمەدا حەقیقەتی دەربکەوێت. دار، دارە و خۆی ناتوانێت بڵێت من دارم، تا کاتێک ئاگایی من بەرجەستەی نەکات یان ناوێکی بۆ دانەنێت. دار و بەرد و سەگ و پشیلە، وەک مرۆڤ خاوەنی ئاگایی نین، هەر بۆیە نازانن کە چین و بۆ کوێ دەچن! واتا بوونیان لە خودیاندایە و داخراوە بە (ئۆبێکت) ناوزەد دەکرێن. ئاژەڵ و گژوگیا و دار و درەخت دەمرن، بەڵام هیچ کات هەستی پێ ناکەن. بەڵام مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە کە دەزانێت دەمرێت، مەرگ ئاگاییەکی تایبەتی مرۆڤە. مرۆڤ بە ئاگایە لە هەموو شتێک ئەمەش بوونی لە بوونەوەرەکانیتر جیا دەکاتەوە. مرۆڤ وەک، بوون-لەناو-خۆدا، بوونی دەکەوێتە پێش ماهییەتییەوە، بەڵام لە بوون-بۆ-خۆدا بە پێچەوانەیە. «بۆ نموونە کاتێک کتێبیک لە ڕەفەی کتێبخانەدا دەبینین، دەزانین کە داهێنەر یان دروستکەری ئەم کتێبە، ئامانج و مەبەستێکی لە پشت ئەو داهێنانەدا هەبووە و سەرەتا ماهییەتی کتێبەکەی بە زەیندا تێپەریوە و دواتر دروستی کردووە»[2]. کاتێک چاومان بە کورسی و مێز یان هەر کەلوپەلێکی دەورووبەرمان دەکەوێت، دەزانین کە بۆ چ مەبەستێک بەکار دێت و لە هۆکاری بوونەکەی بە باشی بە ئاگاین. بەم پێیە بە پێچەوانەی مرۆڤ، ماهییەتیان دەکەوێتە پێش بوونیانەوە.
بە بڕوای سارتەر و زۆرێک لە فەیلەسوفە بوونخوازەکان، «بوونی مرۆڤ دەکەوێتە پێش ماهییەتییەوە»[3]. مرۆڤ چەقۆ یان کتێبێک نییە کە پێشتر ماهییەتی دیاریکرا بێت، بەڵکو ئەو لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ماهییەتی خۆی دروست دەکات. هەر بۆیە لە فەلسەفەی بوونخوازیدا هەر وەک خودی سارتەر ئاماژەی پێ دەکات، مرۆڤ هەڵگری هیچ تایبەتمەندییەک نییە و سەرەتا تەنیا بوونی هەیە: «ئەگەر فەیلەسوفە بوونخوازەکان دەڵێن مرۆڤ پێناس ناکرێت، بەم هۆیەیە کە لە سەرەتادا شتێکی ئەوتۆ نییە و هیچ شتێکیش نابێت، مەگەر هەر ئەو شتەی کە لە داهاتوودا دروستی دەکات»[4]. مرۆڤ لە سەرەتادا هیچ جۆرە ئاوەڵناوێکی باش یان خراپی ناخرێتە پاڵ، تا ئەو کاتەی لە ڕەفتار یان هەڵسوکەوتیدا، بەرجەستە نەکرێت. لە ڕوانگەی سارتەردا مرۆڤ پرۆژەیە (Project)[5]. وشەی پرۆژە، کە وەک چەمکێک لە فەلسەفەی سارتەردا ڕەنگی داوەتەوە، لە زمانی فەڕەنسیدا، لە پێشگری (پرۆ-Pro) کە بە واتای (پێش- بەرەو) و چاوگی (جیتێ-Jeter) کە بە واتای (فڕێدان، هەڵدان)ـه، پێک دێت. مرۆڤ پرۆژەیە بەو واتایەی کە بەردەوام خۆی بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت و خۆی بەرەو داهاتوو هەڵدەدات و هێدی هێدی، چییەتی یان ماهییەتی خۆی دروست دەکات. پرۆژە تایبەتمەندییەکی (بوون)ـه، کە دەیەوێت لە خۆی زیاتر بێت و بەرەو داهاتوو بڕوات. هەڵبەت مرۆڤ بە ئاگایی و لە ڕێگەی ئەو هێزەوە، کە لە خۆیدا وەری دەگرێت دەبێتە پڕۆژەیەک، کە ماهییەت و چییەتی خۆی بنیات دەنێت.
سارتەر دەڵێت، مرۆڤ لە ڕێگەی ئەو ئاگاییەی کە لە هەمبەر بوونی خۆیدا هەستی پێدەکات، خۆی لە جیهانێکی جەنجاڵدا دەبینێت، کە جۆرها دۆخ و هەڵومەرجی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئەو هیچ ڕێگەچارەیەکی جگە لە هەڵبژاردن نییە. هەڵبژاردنیش مرۆڤ بەرەو پێداویستییەکیتر، کە (ئازادی)یە پەلکێش دەکات. ئازادی مرۆڤ بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی فەلسەفەی سارتەر هەژمار دەکرێت، «مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی»[6]، ئازادی مرۆڤ بە بوونییەوە گرێ دراوە و بەشێکی دانەبڕاوە لێی. بوونی مرۆڤ واتا ئازادی. ئازادی واتا مافی هەڵبژاردن و بڕیاردان، لەم ڕووەوە مرۆڤ خاوەنی ئازادی نییە، بەڵکو خودی ئازادییە. هەرچەندە هاتنە دنیای مرۆڤ لە دەسەڵاتی خۆیدا نییە، بەڵام هەر بە لەدایکبوونییەوە، ئازادیشی لە دایک دەبێت.
مرۆڤ بە تەنیا لە جیهاندا ناژی، بۆیە کاتێک شتێک هەڵدەبژێرێت، بەرپرسیارە لە بەرامبەر کەسانیتریشدا. واتا من شتێک تەنیا بۆ خۆم هەڵنابژێرم بەڵکو بۆ تەواوی مرۆڤایەتیش هەڵدەبژێرم.
ئەگەر بوونی مرۆڤ دەکەوێتە پێش ماهییەتییەوە و خۆی چارەنووسی خۆی دیاری دەکات، کەواتە بەرپرسیارە لە بەرامبەر ئەو کارانەی کە دەیکات و هەروەها بەرپرسیاریش دەبێت لە بەرامبەر (کەسانیتر)دا. مرۆڤ بە تەنیا لە جیهاندا ناژی، بۆیە کاتێک شتێک هەڵدەبژێرێت، بەرپرسیارە لە بەرامبەر کەسانیتریشدا. واتا من شتێک تەنیا بۆ خۆم هەڵنابژێرم بەڵکو بۆ تەواوی مرۆڤایەتیش هەڵدەبژێرم. هەڵبژاردنی من ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کەسانیترەوە هەیە. کرداری مرۆڤ بریتییە لە هەڵبژاردن و بڕیاردان و لە هەمان کاتدا هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتییەی کە دەکەوێتە ئەستۆی، چونکە لە هیچ لایەنێک، بۆ ئەنجامدانی کردار، فەرمان وەرناگرێت و خودی خۆی بڕیار دەدات. سارتەر دەڵێت، ئەو بەرپرسیاریەتییەی کە لە ئەنجامی هەڵبژاردن و بڕیاردانەوە دەکەوێتە سەر شانی مرۆڤ، وای لێدەکات بەردەوام (دڵەڕاوکێ)ـی هەبێت، «کاتێک فەرماندەیەکی سەربازی، بەرپرسیاریەتی هێرشێک دەگرێتە ئەستۆ و ژمارەیەک مرۆڤ ڕووبەڕووی مەرگ دەکاتەوە، ئەمە تەنیا خۆیەتی ئەم بڕیارە دەدات، لەم دۆخەدا ئەم فەرماندەیە بێ دڵەڕاوکێی نابێت»[7]. بڕیار و هەڵبژاردنی تایبەتی ئەو فەرماندەیە، بوو بە بڕیار و هەڵبژاردنی هەمووان، هەر بۆیە ناتوانێت خۆی لە ئەگەری ئەنجامە خراپەکانی ئەو بڕیارە بدزێتەوە.
مرۆڤ جگە لە کرداری خۆی ناتوانێت هیوا لەسەر هیچ شتێکیتر هەڵچنێت.
لە فەلسەفەی بوونخوازی سارتەردا، مرۆڤەکان بە تەواوی ئازادن و بە هەڵبژاردن و بڕیاردانەوە خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن. بەڵام مرۆڤ لە بەرامبەر کۆمەڵێک دۆخ و هەڵومەرجدا بە تەواوی بێ دەسەڵات دەبێت و، هەڵبژاردن و بڕیاردانی لە دەست نامینێت. کاتێک مرۆڤ لە جیهاندا خۆی بە تەنیا دەبینێت و هەروەک سارتەر دەڵێت، «هیچ خوایەک نییە، کە ڕۆژگار بەپێی ویست و ئارەزووی مرۆڤەکاندا بسورێنێت»، تووشی بێهیوایی و نائومێدی دەبێت. لێرەدا سارتەر ئاماژە بە چەمکی فاکت (Facticité) دەکات.[8] فاکت هەموو ئەو هەڵومەرجە نەخوازراوانە دەگرێتەوە کە لەگەڵ مرۆڤدا دێتە بوون. بۆ نموونە ڕەنگی چاوی من ڕەشە، باڵام کورتە، ڕەنگی قژم زەردە، پێستم سوورە، ڕاستە ئەمانە تایبەتمەندی منن، بەڵام من هەڵم نەبژاردوون. مرۆڤ بێ ویستی خۆی لە جیهانێکدا هەڵقوڵاوە، کە ئاو و هەوا و ڕەچەڵەک و مێژو و زمان و کۆمەڵگایەکەی بە بەشێکی دانەبڕاوی هەژمار دەکرێت. لە ڕوانگەی سارتەردا بێهیوای و نائومێدی بە مانای گۆشەگیری نایەت، ڕادەستکردنی ئیرادی خودی مرۆڤە بە کۆمەڵێک ئەگەر. سارتەر دەڵێت، فەلسەفەی بوونخوازی مرۆڤ بە کردارەوە پێناس دەکات و چارەنووسی خۆی دەخاتە ناو دەستی. مرۆڤ جگە لە کرداری خۆی ناتوانێت هیوا لەسەر هیچ شتێکیتر هەڵچنێت. کردار تاکە شتێکە کە بەردەوامی بە مرۆڤ دەبەخشێت، هەر بۆیە هیچ فەلسەفەیەک لە فەلسەفەی بوونخوازی گەشبینتر نییە.
خۆ دوور خستنەوە لە ڕووداوە کۆمەڵایەتی و بەرپرسیاریەتییە کەسێنی و گشتییەکان، بە بیانووی نەبووی ئازادی، مرۆڤ دەکات بە کۆیلە یان کاڵایەک کە لە فەلسەفەی بوونخوازیدا بە (ئۆبێکت) ناوزەد دەکرێت
مرۆڤ لە فەلسەفەی سارتەردا خاوەنی ئازادییەکی ڕەهایە. بەڵام زۆرجار بەرپرسیاریەتی و دڵەڕاوکێ لە بڕیاردان مرۆڤ تووشی ترس دەکات. سارتەر بە ڕوونی ئاماژەی بەو ترسە کردووە کە لە ئەنجامی بەرپرسیاریەتییەوە دەکەوێتە سەر شانمان، مرۆڤ کاتێک دەزانێت کە خاوەنی ئازادییەکی ڕەهایە و لە بەرامبەردا بۆ هەر کارێک کە دەیکات پێویستە بەرپرسیاریەتییەکەی هەڵبگرێت، بە دوای ڕێگەچارەیەک دەگرێت، خۆی لەژێر بەرپرسیاریەتییەکەیدا بدزێتەوە. سارتەر دەڵێت، ئەمانە ئاساییترین ڕێگەن کە مرۆڤ بۆ فریودانی خۆی دەیگرێتە بەر و کۆمەڵێک بیانووی وەک، ویستی خودا بوو یان ناچار بووم و چارەنووس وای دەویست… دەهێنێتەوە. خۆ دوور خستنەوە لە ڕووداوە کۆمەڵایەتی و بەرپرسیاریەتییە کەسێنی و گشتییەکان، بە بیانووی نەبووی ئازادی، مرۆڤ دەکات بە کۆیلە یان کاڵایەک کە لە فەلسەفەی بوونخوازیدا بە (ئۆبێکت) ناوزەد دەکرێت[9]. بەم پێیە سەرەکیترین دوژمنی ئازادی لە فەلسەفەی سارتەردا خۆفریودانە. واتا مرۆڤ وا وێنای بکات کە تووشی زەبری کۆمەڵایەتی یان قەدەری دەستی خودا بووە و لە ئەنجامدا خۆی ڕادەستی ئەو قەدەرە بکات و ئەو ڕۆڵە بگێرێت کە بۆی دیاری کراوە.
سارتەر لە ڕێگەی ئەو تێڕاوانینە بوونخوازییەی کە لە هەمبەر مرۆڤدا هەیبوو، مرۆڤی بەرەو قۆناغێکی نوێی ژیان برد و کردییەوە بە خاوەنی خۆی. مرۆڤ چیدی پێویستی بە دەسەڵاتێکی سەرو خۆی نییە و بەبێ هیچ جۆرە هاوکارییەک دەتوانێت هەم خۆی، هەمیش مرۆڤایەتی بنیات بنێت. ئەم قۆناغەی کە سارتەر مرۆڤی تێدا بەرجەستە دەکات، خۆی خاوەنی دەسەڵاتی تەواو و ئازادی ڕەهایە، کە خۆی دەوڵەتداری دەکات. ئازادە بۆ هەڵبژاردنی هەر شتێک و ئەنجامدانی هەر کارێک، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە ئەرکی بەرپرسیاریەتی کارەکەی هەڵبگرێت. هەر مرۆڤێک هەڵەی ڕەفتار و کردارەکانی بە چارەنووس یان قەزا و قەدەر بزانێت، ئەوە لە بەرپرسیاریەتی ڕا دەکات. لە ڕاستیدا لایەنگرانی فەلسەفەی بوونخوازی پێویستە زۆر بێ باک و چاونەترس بن، چونکە خۆیان لە جیهانێکدا دەبیینەوە، کە تەنیا و بێکەسن. هەموو بڕیارەکان خۆیان دیدەن و خۆشیان پێویستە بەرپرسیاریەتییەکەی هەڵبگرن. بەبێ هیچ مەبەستێک لە جیهاندا هەڵقوڵاون، لەگەڵ مردنیشیان دەبنە بەشێک لە خاک و خۆڵ و بۆ هەمیشە کۆتاییان پێ دێت.
سەرچاوە و پەڕاوێزەکان:
[1] Sartre-Jean-Paul, L’être et le néant, Essai d’ontologie phénoménologique, ÉDITION CORRIGÉE AVEC INDEX PAR A RLETTE ELKAÏM-SARTRE, Éditions Gallimard, 1943.
[2] احمدی، بابک، سارتر کە می نوشت، چاپ پنجم، تهران، نشر مرکز،١٣٨٣.ص١٨٦
[3] امیری، رضا، هستی لنفسە در فلسفە سارتر و نقد آن، فصلنامەی علمی- پژوهشی دانشگاە قم، سال هشتم، شمارەی سوم و چهارم، ص٢٩٨.
[4] گرامی، غلام حسین، بررسی و نقد دیدگاە سارتر دربارە ماهیت انسان، فصلنامە علمی-پژوهشی اندیشە نوین دینی، سال پنجم، شمارە شانزدهم، بهار ١٣٨٨. ص٨٣
[5] سارتر، ژان پل، اگزیستانسیالیسم و اصالت بشر، ترجمە دکتر مصطفی رحیمی، چاپ هشتم، تهران، انتشارات مروارید، ١٣٦١. ص٣٥-٣٦
[6] ایرانی، احمد، شش انسان مبارز، سارتر، راسل، مارکس، ولتر، لنین، گاندی، لس آنجلس، نشر کارون، ١٣٧٥. ص١٢
[7] عبداللهی، محمد علی، تقدم وجود بر ماهیت از دیدگاە سارتر و هایدگر، پژوهشگاە علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، تهران، شمارە٢، پاییز و زمستان ١٣٨٢. ص١٩٧
[8] علیزمانی، امیر عباس، فرجی، علیرضا، بررسی و تطبیق مفهوم خدا و اصالت در اندیشە کرکگور و سارتر، الهیات تطبیقی علمی-پژوهشی، سال پنجم، شمارە یازدهم، بهار و تابستان ١٣٩٣. ص١٠٢
[9] امیری، رضا، هستی لنفسە در فلسفە سارتر و نقد آن، ص٣١٤.