خوێندنهوهیەك بۆ فیلمی “با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌مانبا”ـی كیاڕۆسته‌می
كیاڕۆسته‌می گۆڕانی به‌سه‌ر زاراوه‌ی “ده‌رهێنه‌ر”دا هێنا: ده‌رهێنه‌ر چیتر ئه‌و كه‌سه نییه شته‌كان به واقیع و كۆنكرێتی ده‌كات، به‌ڵكوو كه‌سێكیشه كه واقیع ده‌خولقێنێت. ئه‌ویش نه‌ك له ڕێگای دروستكردنی وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵی [له واقیع]، یان ڕواڵه‌ته‌كه‌ی: به‌ڵكوو واقیعێكی ڕاشكاو له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا كه سینه‌ما له ده‌ره‌وه نییه و هه‌ر بۆیه نامۆیش نییه. یوسفی ئیسحاق پوور[1] له كتێبه بچووكه به نرخه‌كه‌ی له‌سه‌ر كیاڕۆسته‌می ده‌نووسێت: «هه‌ر كه كامێراكه له‌وێ بێت، ئه‌وا چیتر ڕووداو له پێناو خۆیدا ڕوونادات، به‌ڵكوو ئیتر له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كامێرادایه كه ئه‌و ڕووداوه ده‌ستنیشان ده‌كرێت و ده‌بێته یه‌كێك له ڕه‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی. كامێرا ده‌بێته به‌شێك له بارودۆخێك كه ئه‌و بارودۆخه به بێ كامێراكه بوونی نییە». هه‌روه‌ها ئه‌و باس له پره‌نسیپێك ده‌كات كه به‌بێ ئه‌مه هه‌ر گۆشه‌نیگایه‌كی فیلمه‌كانی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره ئێرانییه تووشی لادان ده‌بێت: هیچ ڕه‌گه‌زێكی واقیع له‌لایه‌ن كامێراكه‌یه‌وه تۆمار ناكرێت، به‌ڵكوو واقیعه‌كان به كامێراكه‌ی ئه‌و و بۆ كامێراكه‌ی ئه‌و ڕووده‌ده‌ن.
«دیالۆگه‌كان ئه‌و شتانه‌ن كه من به كامێرا تۆماریان ده‌كه‌م».
ئێریك ڕۆمێر [ده‌رهێنه‌ری شه‌پۆلی نوێی فره‌نسی] سه‌باره‌ت به زنجیره فیلمه‌كانی “حیكایه‌ته ئه‌خلاقییه‌كان” و سینه‌ما بهرفراونهكهی خۆیدا هاوكێشه‌یه‌كی به‌م چه‌شنه‌ی هه‌یه كه به‌رده‌وام بۆ من وه‌ك به‌رچاوڕوونییه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت: «دیالۆگه‌كان ئه‌و شتانه‌ن كه من به كامێرا تۆماریان ده‌كه‌م». دیالۆگه‌كان، واته ئه‌م شته ساخته سینه‌ماتۆگرافییه، كه له‌لایه‌ن ئه‌كته‌ره‌كان ده‌وترێته‌وه و، ده‌نووسرێت و گرێچن ده‌كرێت و له‌به‌ری ده‌كه‌ن، ده‌بێته ئۆبێكتی فیلم، ده‌بێته ڕه‌گه‌زی جیهانێكی به سرووشتی كرا‌و و مه‌ودایه‌كی بۆ داده‌نرێت، ڕێك هاوشێوه‌ی واقیعێكی ئۆبێكتیڤ. كه‌واته دیالۆگ ته‌نیا یه‌ك واتا ده‌سه‌پێنت: ملكه‌چی ئه‌و وێنانه‌یه كه به ئه‌وی ده‌به‌خشن. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه سینه‌مای كیاڕۆسته‌می، ئامانجی فیلمه‌كانی نه‌ك واقیعێكی به ڕواڵه‌ت سه‌ربه‌خۆیه، نه‌ك به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌یه‌كی ئاشكرایش، به‌ڵكو پلانێكه له كاتی دروست بووندا: ئه‌و شتانه‌ی ئه‌و فیلمی ده‌گرێت نه ته‌نها خاوهكانن نه وێنه خه‌یاڵییه‌كان، به‌ڵكو ڕووداو و شته تهماشاكراوهكانن. چیتر ڕاست و درۆ یان واقیع و نواندنه‌وه بوونی نییه، به‌ڵكو له‌م نێوه‌دا پۆلێنكردنێكی وردی به‌رهه‌مه‌كانه كه به‌ره‌به‌ره ورده‌كارانه دروست ده‌كات.
دیسان یوسفی ئیسحاق پوور سه‌باره‌ت به فیلمی كلۆزئاپی كیاڕۆسته‌می ده‌نووسێت «هه‌ر كه واقیع ڕۆڵی خۆی بینی و، به‌دی هات، ئه‌و به‌شه شاراوه‌یه‌ی له‌نێو لایه‌نه ساخته‌كه‌دا خۆی ئاشكرا ده‌كات ئه‌ویش له ڕێگای به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌یه‌ك كه سنووره‌كانی “دۆكۆمێنت” تێكه‌ڵ ده‌كات، ئه‌مه ئه‌و شته‌یه سینه‌ماكه‌ی ئه‌و پێناسه ده‌كات».
له‌م فیلمه‌دا كه بووه هۆی به‌ناوبانگ بوونی كیارۆسته‌می، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی فیلمه‌كه كه‌سێكی ته‌ڵه‌كه‌بازه كه هه‌وڵ ده‌دات به‌رده‌نگه‌كانی به‌وه فریو بدات كه ئه‌و كه‌سێكی تره، ئه‌مه‌ش به یارمه‌تی كامێراكه‌ی كیاڕۆسته‌می ده‌كات كه ڕۆڵی كه‌سێك ده‌بینێت جگه له خۆی. تێده‌گه‌ین كه چۆن تێكه‌ڵكردنی دۆكۆمێنت و واقیع توانیویه‌تی ببێته تایبه‌تمه‌ندی هه‌ندێك له فیلمه‌كانی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره، به تایبه‌ت ئه‌و سێیهنهی كه ده‌بنه هۆی دروستكردنی فیلمه‌كانی كلۆزئاپ، ژیان و ئیتر هیچ و له‌ژێر دار زه‌یتوونه‌كان، ئه‌ویش له ڕێگای ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی سینه‌ما ــ هه‌قیقه‌ت له ساڵانی 60 كه له ڕێگای سایكۆدرام و سۆسیۆدرام، كه‌سه‌كان خۆیان له ڕێگای ڕۆڵ بینینی خۆیانه‌وه ئاشكرا ده‌كرد؛ ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌ی كه ئه‌وان به‌رانبه‌ر به خۆیان هه‌یانبوو، بووه هۆكاری گۆڕان له واتای «ساخته و فریوده‌ر». به‌ڵام كیاڕۆسته‌می له ڕێگای به‌كارهێنانی واقیعێكی بێ‌رۆح، یان لانیكه‌م ئه‌وانه‌ی ئاگاییان تێدا نییه ــ شته‌كان، ئاژه‌ڵه‌كان، دیمه‌نه‌كان ــ ئه‌و نیگا گۆڕانكارییه دروست ده‌كات، به‌مه‌ش هه‌نگاوێك زیاتر ده‌نێت.
له هه‌موو فیلمه‌كانیدا كه لایه‌نه‌كانی واقعێكی تۆمار كرا‌و و واقعێكی تێكه‌ڵكراو له‌سه‌ر یه‌ك داده‌نێت، ئه‌وا بینه‌ر به شێوه‌یه‌كی به‌دوای یهكداهاتوو هه‌ست به حوزوور و شوناس ده‌كات، فیلمی با له‌گه‌ڵ خۆی ده‌مانبا یه‌كێكه له‌وانه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی زۆر ورد و ڕێك، خرۆش ده‌خاته نێو ئه‌م ژیانه له‌رزۆكه‌ی جیهانی تهماشاكراو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆی ده‌پارێزێت له هه‌ر نیشانه‌یه‌كی جیاكردنه‌وه‌ی[2] ڕاشكاو، ئه‌وا به‌شێك له فیلمه‌كه وه‌ك ڕه‌هه‌ندێكی بنه‌ڕه‌تی فۆرمی شته‌كان ده‌خرێته ڕوو. كاره‌كته‌ره‌كان و ئهكتهكانیان وه‌ك «نواندنێك» له ڕێگای فیلمه‌وه ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌ویش له چوارچێوه‌ی ساختهییبوون و هه‌روه‌ها ماهیه‌تی تایبه‌تی خۆیان، هه‌روه‌ها شوێنه‌كان و مه‌زرای گه‌نمه‌كان و كۆڵانه‌كان و زه‌وییه كێڵدراوهكانیش وا ده‌رده‌كه‌ون كه هه‌بوونیان به‌م شێوه‌یه نییه ته‌نیا له ڕێگای سینه‌ماوه نه‌بێت. ئه‌وه‌ی فیلمه‌كه پیشانی ده‌دات، نه جیهانه، نه گوند و نه ئه‌و ژن و پیاوانه‌ش، به‌ڵكوو جۆرێكه له ته‌ماشاكردنی ئه‌م جیهان و مرۆڤانه. هه‌ر له یه‌كه‌م گرته‌دا كیاڕۆسته‌می ده‌یه‌وێت تێمان بگه‌یه‌نێت ئه‌وه‌ی ڕۆڵ ده‌بینێت بریتییه له نه‌زمی ته‌ماشاكردن نه‌ك خودی شته‌كان. هه‌ر له سه‌ره‌تادا كاتێك ئۆتۆمبیله‌كه له‌سه‌ر ڕێگا پڕ له لۆفهكان نزیك ده‌بێته‌وه له گونده‌كه، یه‌كێك له سه‌رنشینه‌كان باس له ده‌رختێك ده‌كات كه نیشانه‌یه بۆ شوێنه‌كه: «ده‌بێت تاقه دره‌ختێك له‌م شوێنه بێت…»؛ یه‌كسه‌ر سه‌رنشینه‌كان هاوار ده‌كه‌ن: «ئه‌وه‌ته له‌وێ، سه‌یركه‌ن! ئه‌وه خۆیه‌تی. ڕاستی ده‌كرد، ئه‌وه دره‌خته‌كه‌یه!». كامێراكه كه له گرته‌یه‌كی به‌رفراوندا[3] دوای ڕێڕه‌وی ئۆتۆمبیله‌كه كه‌وتووه، به‌ره‌و دره‌خته‌كه جووڵه‌ی خۆی ده‌گۆڕێت، ئینجا له‌نێو دیمه‌نه‌كاندا دره‌خت به‌دی ناكه‌ین. پاشان له گرته‌كه‌ی تردا دره‌خته‌كه ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ویش به شێوه‌یه‌كی شكۆمه‌ند له سه‌ره‌وه‌ی جاده‌كه و، ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی كامێراكهوه؛ دیسان گوێمان لێ ده‌بێت: «نایبینین چیتر! ده‌بێت له به‌رزایی و سه‌ربانێكه‌وه لێی بڕوانین، به‌ڵام تۆ ئیتر نایبینی…»؛ ئێمه‌ی بینه‌ر، دره‌خته‌كه ده‌بینین، به‌ڵام له سه‌رنشینه‌كانی ئۆتۆمبیله‌كه‌وه دیار نامێنێت. دواجار، ئۆتۆمبێله‌كه به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات، دره‌خته‌كه‌ش له چوارچێوه‌ی كامێراكه‌دا دیار نامێنێت، گوێمان لێ ده‌بێت: «دره‌خته‌كه چه‌ند گه‌وره بوو!». ئه‌م یارییه ورده له‌نێوان ئه‌و شته‌ی له‌سه‌ر په‌رده پیشان ده‌درێت و ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان ده‌یبینن ئاماژه‌یه بۆ جێگۆڕكێیه‌ك كه ته‌نانه‌ت ده‌بێته بابه‌تی فیلمه‌كه‌ش، ئه‌ویش له‌نێوان دوو ته‌ماشاكردن و ڕوانیندا، یه‌كێكیان ڕوانینی ده‌رهێنه‌ر و ئه‌وی تریشیان هی كاره‌كته‌ره‌كانه. بۆ نموونه كاتێك كاره‌كته‌ره سهرهكییهکە له گردێك سه‌رده‌كه‌وێت تاوه‌كوو له‌وێوه ته‌له‌فوون بكات (چونكه له سه‌ره‌وه جوانتر گرته تۆمار ده‌كرێت)، ئه‌و ناتوانێت ئه‌و دیمه‌نه سهرهنجڕاكێشانه ببیێنت كه چوارده‌وریان ته‌نیوه و، وا دیاره كامێراكه تا ڕاده‌یه‌ك به ڕێكکه‌وت دانراوه. به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا به ڕێكکه‌وت نییه: نه‌دیتنی كاره‌كته‌ره‌كه جۆرێكه له به‌هادانان له به‌رانبه‌ر ڕوانین و ته‌ماشای ده‌رهێنه‌ردا، كه ئه‌مه ئه‌وه ده‌توانێت دیمه‌نه‌كان زیاد بكات، واته ڕوانین/ ته‌ماشاكردن. ئینجا پاش كه‌مێك كامێراكه له دووره‌وه شوێنی ماتۆڕسێكلتی پزیشكه‌كه ده‌كه‌وێت كه به نێو دۆڵه‌كان و گه‌نم و جاڕهكان تێدهپهڕێـت، ده‌بیستن كه ئه‌و ڕۆژه‌كه‌ی خۆی وه‌سف ده‌كات: «من ته‌ماشای سرووشت ده‌كه‌م…. ته‌ماشای سرووشت ده‌كه‌م، ئه‌مه له یاری تاوڵه باشتره، یان هیچ ناكه‌م…». ته‌ماشاكردنی سرووشت، ئه‌و شته‌یه كامێرا ده‌یكات، هه‌ر چۆن ئه‌و پیاوه‌ش پیشان ده‌دات كه به‌رده‌وام له‌سه‌ر گرده‌كه خه‌ریكی قسه‌كردنه به ته‌له‌فوونه‌كه‌ی. له چه‌ند ساتێكی تردا، هه‌ر ئه‌م پیاوه، خۆی به ته‌نیا، شتێك ده‌بینێت كه ئێمه نایبینین: چاڵ ههڵكهنێك كه زۆر جار له‌گه‌ڵیدا ده‌دوێت و ئێمه هه‌رگیز ئه‌و نابینین، یان ئه‌و دوو هاوكاره‌ی كه هه‌موو به‌یانییه‌ك له‌گه‌ڵیاندا قسه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان له ژووره‌كه‌یان دیار ناكه‌ون.
ئه‌وه “كامێرا” نییه كه به شێوه‌یه‌كی تر ده‌ڕوانێت جیاواز له كاره‌كته‌ره‌كان، ئه‌وه كامێرا نییه كه ئه‌و دیمه‌نانه ده‌خاته ڕوو كه ئه‌وان نایبینین: به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه ئیشی ده‌رهێنه‌ره.
هه‌ر بۆیه ده‌توانین بڵێین كیاڕۆسته‌می به پێداگرییه‌كی زۆر له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی ڕوانینه‌كان دێته نێو یارییه‌كه‌وه: ئه‌وه “كامێرا” نییه كه به شێوه‌یه‌كی تر ده‌ڕوانێت جیاواز له كاره‌كته‌ره‌كان، ئه‌وه كامێرا نییه كه ئه‌و دیمه‌نانه ده‌خاته ڕوو كه ئه‌وان نایبینین: به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه ئیشی ده‌رهێنه‌ره. كیاڕۆسته‌می له پلانه‌كانی تریشی به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ به‌ڵام به پێداگرییه‌كی كه‌متره‌وه له هه‌ر دوو فیلمی كلۆزئاپ و ژیان و هیچی تر ئه‌م شته ده‌كات، چونكه چیتر مهتریاڵهكانی وێنه‌گرتن و ڕێساكانی پیشان نادرێن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌خرێته ڕوو چه‌ندین جۆره وێنه‌یه كه ناتوانن بوونیان هه‌بێت جگه له‌نێو وێنه‌ی سینه‌ماییدا نه‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كامێرای دیجیتاڵ چی به‌و به‌خشیوه، كیاڕۆسته‌می باس له‌و ئازادییه ده‌كات كه ئه‌م كامێرایه به‌وی به‌خشیوه و، به تایبه‌ت: «ڕوانینی من له‌سه‌ر ژیان و ئه‌و جیهانه‌ی ده‌وریان داوم، گۆڕاوه بۆ شتێكی تۆماركراو». به‌ڵام به ته‌نیا به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌م وێنه‌گرتن و تۆماركردنی گرتانه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی جوان و گونجاو ده‌به‌سترێنه‌وه به نیگا و ڕوانینی ئه‌و له‌سه‌ر جیهان به‌س نییه: ئه‌وه‌ی كه بۆ ئه‌و گرنگه و به‌رده‌وام سینه‌مای ئه‌وی خستووه‌ته جووڵه‌وه ئه‌وه‌یه كه‌ره‌سته‌یه‌ك بدۆزێته‌وه تا وا بكات بینه‌ر هه‌ست به‌وه بكات كه له پشته‌وه‌ی ڕواڵه‌تی وه‌سفه میكانییهكان، ڕوانین و نیگای سینه‌ماكار بوونی هه‌یه. ئینجا ئه‌و شته مایه‌ی تێگه‌یشتنه كه، بێ ئه‌وه‌ی پێویست به هات و هاوار بكات، بێ ئه‌وه‌ی باس بكرێت، هیچ وێنه‌یه‌ك به‌بێ نیگا و ڕوانین بوونی نییه، ئه‌م شته‌ش له هاكه‌زایی ترین گرته‌كاندا مایه‌ی تێگه‌یشتنه، ته‌نانه‌ت له‌و ئه‌كته ڕۆژانه‌یش كه تۆمار ده‌كرێت.
ئینجا كیاڕۆسته‌می له بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكی زۆر بۆ به سووبێكتیڤبوونی گرته‌كانی بدات، ئه‌وانه ڕووبه‌ڕووی نیگا و ڕوانینی تر ده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه ڕووبه‌ڕووی ده‌رهێنه‌رێكی ته‌له‌فزیۆن ده‌كاته‌وه كه ئه‌ویش كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی فیلمی “با له گه‌ڵ خۆیدا ده‌مانبا” یه.
ئینجا كیاڕۆسته‌می له بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكی زۆر بۆ به سووبێكتیڤبوونی گرته‌كانی بدات، ئه‌وانه ڕووبه‌ڕووی نیگا و ڕوانینی تر ده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه ڕووبه‌ڕووی ده‌رهێنه‌رێكی ته‌له‌فزیۆن ده‌كاته‌وه كه ئه‌ویش كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی فیلمی “با له گه‌ڵ خۆیدا ده‌مانبا” یه. له ڕێگای ئه‌م شوناسه تایبه‌ته‌یه، كه ئه‌و ڕوانین و نیگای كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كان جیاده‌كاته‌وه، كه دیمانه‌كانی فیلمه‌كه كه‌سایه‌تییه‌كانیان پیشان ده‌دات. كاتێك له‌نێو كۆڵانێكی نسرمدا، له‌سه‌ر دیواره‌كه سێبه‌ری ژنێك ده‌بینین، ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌كرێت نیشانه‌یه‌كی واقیعه وه‌ك ئه‌وانی تر كه ئاماژه‌یه بۆ ڕوانین و نیگایه‌كی تایبه‌ت چونكه له راستیدا كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی سه‌ره‌نجی ئه‌مه نادات؛ ته‌نانەت ئه‌و كچه گه‌نجه‌ش كه له ژێرخانه‌كه شیری پێ ده‌دات، ئه‌و گله‌یی ئه‌وه ده‌كات كه ده‌موچاوی كچه‌كه نابینێت و، ئێمه ده‌بینین كه ئه‌و پشتی له چوارچێوه‌ی ده‌رگای ماڵه‌كه‌یه. گۆڕانێكی واتایی زۆر، ئه‌و گۆڕانانه له هه‌ست پێنه‌كردن، سنووری نێوان دوو جیهان ده‌نه‌خشێنێت، ئه‌وانیش جیهانی چیرۆك و جیهانی فیلمه، كه له هه‌ڵبژاردن و سه‌ره‌نجه‌كان پێك هاتووه كه به ته‌واوه‌تی له‌نێو گێڕانه‌وه‌كه‌دا چاره‌سه‌ر نابێت.
هه‌ر له‌و كاته‌ی كه‌سێك فیلمی لێ ده‌گیرێت ده‌بێته كاراكته‌ر؛ هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی فیلمی سرووشت تۆمار ده‌كرێت ده‌بێته دیمه‌ن؛ ئه‌مه وانه‌ی كیاڕۆستهمییه: ڕوانین ته‌نیا [شته‌كان] ناگوازێته‌وه، به‌ڵكو ده‌یانگۆڕێت. فیلم واقیع تۆمار ناكات، به‌ڵكوو ده‌یخولقێنێت. له‌م فیلمه‌دا كه هه‌مووان چاوه‌ڕوانی مه‌رگی كه‌سێك ده‌كه‌ن، ئه‌م ساته له‌لایه‌ن پزیشكه‌كه‌وه به‌م شێوه‌یه وه‌سف ده‌كرێت: «ئه‌وكاته‌ی چاومان له‌سه‌ر جیهان داده‌خه‌ین، له‌سه‌ر ئه‌م جوانییه…». كه‌س ڕه‌نگه نەتوانێت هیچ شتێك ببینێت تاوه‌كوو وێنه‌یه‌ك به‌ش نه‌كات، یان لانیكه‌م تاوه‌كوو وێنه‌یه‌ك دروست نه‌كات كه بگوازرێته‌وه. ئه‌و گروپه‌ی كه هاتوون بۆ تۆماركردنی ئه‌م پرسه‌ی چاوه‌ڕوانكراوه به پێكه‌نینه‌وه به كوڕه مناڵه‌كه ده‌ڵێن كه به دانیشتوانی گونده‌کە بڵێ ئه‌وان هاتوون به دوای خه‌زێنه‌ی كۆن له‌ژێر خاكدا ده‌گه‌ڕێن: كاتێك ئه‌وان ناوی “خه‌زێنه” ده‌به‌ن، گونده‌كه به شێوه‌یه‌كی زۆر جوان ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی كامێراكهوه. ئه‌وان هه‌رگیز تێ ناگه‌ن كه له راستیدا به ته‌نیشت “خه‌زێنه‌كه‌وه” تێپه‌ڕیون، كه ئه‌ویش ئه‌م جوانییه‌ی جیهانه، له‌م گونده ساده‌یه ئه‌وان ته‌نیا كۆڵانه به‌رته‌سك و فراوله زۆره‌كه‌ی ده‌ناسن. به‌ڵام به هۆی ئه‌وانه‌وه، به هۆی ئه‌م شكسته ڕاشكاوهیانهوه، كه پرۆژه‌كه‌ی كیاڕۆسته‌می خۆی ئاشكرا ده‌كات و سه‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وانیش دروستكردنی وێنه‌كان و گواستنه‌وه‌ی ڕوانین و نیگاكانه.
[1]توێژه‌ری سینه‌ما و مامۆستای زانكۆ كه خاوه‌نی چه‌ندین وتار و كتێبی به نرخه له سه‌ر سینه‌ما به زمانی فره‌نسی.
[2]Distanciation لێره‌دا مه‌به‌ست ئاماژه‌ی راسته‌وخۆیه بۆ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان مه‌سه‌له‌ی تر له فیلم، هه‌روه‌ها دژ به هاوشناسبوونه ئه‌كته‌ره له گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی خۆیدا.
[3]Plan d’ensemble
سه‌رچاوه: Revue positif, avril 2017- n 674, pp. 100-102