بیرەوەرى، دیالێکتیکى خەیاڵ و واقیع

باسێک لەسەر فەلسەفەی ئەدەب

وەرگێڕانى: شۆڕش غەفوورى

یەکەم: بوونناسیى بیرەوەرى

دەکرێت بیرەوەرى لە دوو بیچم و ڕوانگەى تاکى و گشتییەوە هەڵسەنگێنرێت.

ئەلف: بیرەوەرى تاکی(فەردی)

بیرەوەرییە (فەردی) تاکەکەسیییەکان دەربڕی “جیهانژى Lifeworld”ـى تاک و هەڵگرى ئەزموونگەلێکى “نێوان کەسی ـ Interpersonal”ین. ئەگەر بتوانرێت لە ڕێگەى خوێندنەوەى بیرەوەرى کەسانێکەوە، پەى بە بەشێک لە ئەزموونى مێژووى نەوەى بوورى ببەین، بەو مانایەیە ئەم بیرەوەرییانە پەیوەندییان بە فەرە ـ ئەزموونى کۆمەڵایەتى و مێژووییەوە هەیە. نمونەیەکى باش لەم بارەوە، کونجکۆڵى ئەزموونى دەروونناسییانەى تاکە لە کاتى وێنەگرتنى لەگەڵ کەسانى بەنێوبانگ و دیار.

بۆچى مرۆڤ چێژ لە وێنەگرتن لەگەڵ کەسانى بەنێوبانگ وەردەگرێت و تا ماوەیەکى زۆر و جارى واشە تا کۆتایی تەمەن ئەو وێنانە دەپارێزێت و هەر جارەى بە تەماشاکردنەوەیان بیرەوەرییەکانى بۆ زیندوو دەبنەوە؟

دەکرێت وەڵامێکی ئەمە بێت، کاتێک کەسێک لەگەڵ کەسێکى بەنێوبانگ وێنە دەگرێت، دەبێتە خاوەن ناسنامەیەکى نوێ کە لە کەسە بەنێوبانگەکەوە بۆى دەگوازرێتەوە. بە دەربڕینێکى دیکە و بە زمانێکى فەلسەفیتر، سوژەى ئینسانى بە ئۆبژەگرتنى سوژەى کەسى بەنێوبانگ، “بوونە مێژوویی و ژیانکرد”ەکەى ئەو گرێ دەداتەوە بە “بوونى خۆی”ـەوە، بی ئەوەى بە ئەزموونى کەسە بەنێوبانگەکەدا ڕۆیشتبێت، تەنیا لە ڕێگەى وێنەگرتن لەگەڵى ئەزموونى یەکانگیرى و جیهانژی وهاودڵى لەگەڵدا دەکات، بێ ئەوەى پێویست بەوەش بکات ئاگادارى ماهیەتى ئەم ئەزموونە چێژبەخشە بێت، چێژێک کە دەرهاویشتەى تێکەڵاوییەکە لە ئەنتۆلۆژیا و بوونناسیى دوو جۆرە بوون.

تێکەڵبوونى “بوون”ـى سوژەى یەکەم لەگەڵ “بوون”ـى سوژەى دووەم، کە گۆڕاوە و بووە بە ئۆبژەى سوژەى یەکەم. چەندى ئەم پێکهاتەى بوونناسییە گەورەتر و زیاتر بێتەوە، ئەزموونى چێژەکەش لە تاکدا زۆرتر دەبێت، چونکە تاک بە نزیکتربوونى لە “وجوودی گەورە”تر لە خۆى، “قەبارەى بوون” لە “وجوودى خۆی” زیاتر و قورستر دەکات و خاوەنداریەتى ئەم “قەبارە قورس”ترەیە کە بۆ تاک چێژبەخشە.

ب. بیرەوەرى گشتى (بەکۆمەڵ)

بیرەوەرییە گشتى یا بەکۆمەڵەکان، “بوون ـى مێژوویی” لە “وجوودى تاک” گەشە و پەرە پێ دەدەن، چونکە ڕێگە بە تاک دەدەن بێ ئەوەى تەمەنى فیزیکاڵى خاوەن بیرەوەرییەکانى هەبێت، چێژى ئەزموونى ژیانکردووى ئەوان هەست و ئەزموون بکات، تەنانەت ئەگەر ئەم بیرەوەرییانە هى خودى تاکەکەش بن. بۆیە تاکێک کە بیرەوەریى خۆش و شادیى بەکۆمەڵى هەیە، دوو ڕووداوى گرنگ ئەزموون دەکات:

ـ یەکەم ئەوەى کە ساڵیانى دواترى، بە چێژێکى زۆرن و حوزن و خەمێکى کەمترەوە بەسەر دەبات، چونکە ئەو سوژانەى بیرەوەریى گشتیى باشیان هەیە، لە “بوون نزیک”ترن، هەر لەم ڕووەوەوە “بوونێکى قووڵتر”یشیان هەیە.

ـ دووەم ئەوەى کە تاک لە ڕێگەى بوونى مەڵاسدراو و شاراوەیى نێو بیرەوەرییە بەکۆمەڵەکان (چ خراپ و چ باش)، دەبێتە خاوەن ناسنامەیەکى مێژوویی کە “وجوودە بچکۆڵەکەى تاک” دەبەستێتەوە بە “بوون ـە گەورەکەى مێژوو”وەوە و، تاک نە لە ڕێگەى جەستە و فیزیکى جەستەییەوە، بەڵکو لە ڕێگەى زەین و واتاى بوون ـەوە، دەبێتە خاوەن “بوونێکى مێژوویی” و دەتوانێت بە سەردەمانێکى جیاوازى مێژووییدا سەفەر کات و فێر بێت و ئەزموون بکات. دەشتوانین بڵێین دەبێتە خاوەنی “زەینێکى مێژوویی”، زەینێک کە چیتر نە تاکی و ڕێژەگەرایانە، نە چوارچێوەدار و دۆگماتیزم (ئایدۆلۆژیک و تئۆلۆژیک)، بەڵکو لۆجیکی و ڕەخنەگەرایانەیە.

دووەم: جوانیناسیى بیرەوەرى

پێچەوانەى پڕۆسێسەکەى سەرەوەش ئەگەرى ڕوودانى هەیە، بەڵام قسەکردن لەسەرى بۆ وتارێکى دیکە گونجاوە. ئەویش ئەوەیە کە سوژەى ئینسانى هەوڵدان بە نزیکبوونەوە لە بوون (نەهێشتنى دووری نێوان سوژە و ئۆبژە)، بیرەوەریی باش بخوڵقێنێت. کارێک کە لە ئەدەبیاتى زمانى فارسى، دەکرێت مەولەوى سەرچڵى بێت.

ڕێگاى خوڵقاندنى ئەم جۆرە لە ئەدەبیاتى بیرەوەرى، “شاهیدی” و قسەى گێڕەرەوەیە. شاهیدییەک کە لە ڕەگەزى مەعریفەیە.”مەعریفەیەک” کە “پاکانە”کەى لە دەروونى خۆیدایە. بە دەربڕینێکى دیکە، مەعریفەى شاهیدى، بە پێچەوانەى مەعریفەى فیزیکاڵ، لۆجیکى و ڕاڤەیی، “خود ـى پاکانە”یە، چونکە وەک کارڵ گۆستاو یۆنگ دەڵێت: “شاهیدى، درککردنە لە ڕێگەى ناخودئاگاوە” (لە دەقى یەکێک لە سیمینارەکانى یۆنگ).

و مەولەوى هەوڵ دەدات ئەو “بوون”ـەى کە لە ڕێگەى وشەگەلى وەک “ئەو” و “یار” و “مەعشووق” و “دلۆڤانى” و “بارانى بەهارى” گۆى دەکات، لە “ناخودئاگاى خۆى”ـیەوە بیدۆزێتەوە و بیگوازێتەوە بۆ “خودئاگاى ئەویتر”. مەولەوى بە ڕێگاکانى جوانیناسى لە گێڕانەوە ئەدەبییەکان، هەوڵ دەدات دوورى سوژەى چکۆڵە (ئینسان) و ئۆبژەى گەورە (بوون) بگەیێنێتە سفر و نەیهێڵێت و بەم سفرکردنەوەى دوورى نێوان سوژە و ئۆبژە (مرۆڤ و وجوود)، بیرەوەرییەکى لەبیرنەچووەوەى ئەرێنى و وزەبەخشى بۆ دروست بکات.

مەولەوى دەڵێت:

دوست دارد یار این آشتفتگى/ کوشش بیهودە بە ز خفتگى

بە واتاى (حەزى لێیە یار ئەم پشێوى و بێ ئۆقرەییە/ هەوڵى بێسوود لە خەوتوویی)

لە باسکردنى ئەم خاڵە گرنگە، ئەم مەعریفەی شاهیدییە، ئەوە گرنگە کە لە “بوون”ـدا مرۆڤ تەنیا لەنێوان دوو جەمسەرى “کارى بێسوود ـ کارى بەسوود” نەوەستاوە، بەڵکو جارى وایە و ڕەنگیشە لە زۆربەى کاتەکان لەنێوان دوو جەمسەرى شاراوە، بەڵام کاریگەرى دیکە جێ بگرێت، لەنێوان دوو جەمسەرى “قەتیسمان ـ کارى بێسوود ئەنجامدان”.

مەولەوى دەڵێت ئەوانەى لەم دۆخە وەستان و کتمانە، کارى بێسوود ئەنجام بدەن زیاتر لە بوون نزیک و بەمەش سەرکەوتووترن. هێندەش بەسە کە تاک بۆ جارێک ئەم ئەزموونى شاهیدی و بوونناسییە ئەزموون بکات ئیتر هەرگیز لە ژیانیدا تەنانەت لە خراپترین دۆخى ژیانیدا وەستاوى و دڵمردوویى ئەزموون ناکات کە لە ئەنجامى وەستاوى و مایەپووچییەوە دروست دەبێت. بە واتایەکى تر، ڕێگەی جووڵەى “بە سفرگەیاندنى پەیوەندى سوژە و بوون” دەگۆڕێت بۆ بیرەوەرییەکى خۆش و جوان و نەمر، بیرەوەرییەک کە پاش ئەفڕاندنی، لە فۆڕمى دیالێکتیکى دەبێتە سەرچاوەى پەیوەندى دواترى “سوژەى ئینسانى” لەگەڵ “بوونى گەورەتر لە سوژە”.

کەوایە جوانیناسیی بیرەوەریى، شاهیدیدانى بوونە لەلایەن سوژەى ئینسانییەوە بۆ گەیشتن بە بیرەوەرى کە بە پێچەوانەى ڕێگایەکەى پێشووە (واتە ژیانى سوژە لەگەڵ بیرەوەرى، بۆ بەرفراوانترکردنى سوژەیە لە بوون).

سێیەم: لەنێوچوونى بیرەوەرى، دەرکەوتنى نۆستالژى

ئیحساسى نۆستالژیک، ئیحساس و هەستکردن بە نیگەرانى ئەو کاتەیە کە تاک سەرچاوەى دروستکردنى بیرەوەرییەکەى خۆى لە مەترسى لەنێوچوون و نەماندا دەبینێتەوە. هەستێک کە ڕێک پێچەوانەى هەستى جوانى “ئەزموونى هاوبەشى ژیان”ـە، کە لە بیرەوەرى دروستکەرانى بیرەوەرییەوە دەرکەوتووە. هەمان ئەو بیرەوەریگەلەى کە لە فۆڕمى جیاواز (وێنە، دەنگ، کەلوپەل، نووسراو، بیناسازى، ئەزموونى هاوبەشى ژیان) لە زەین و یادگە و ژیانى تاک ماوەتەوە و تاک بە گەڕانەوە بۆیان ئارامى یا دڵتەنگى ئەزموون دەکات.

بیرەوەریسازانی کورد: پۆرترێتی ١٦٠ کەسایەتی مێژوویی، فەرهەنگی، هونەری کوردن، کە لەلایەن (ڕێبوار خالید)ی شێوەکارەوە کێشراون.

“بیرەوەرییە نۆستالژیکەکان” و “نۆستالژیاى بیرەوەرییەکان”یش هەر لە ڕێگەى ئەم “ئەزموونە ژیانکردە”وە بۆ ئەوانى دیکە دەگوازرێتەوە و بە دەخیلکردنى ئەم سوژە ئینسانییە لەم ئەزموونە ژیانکردە، هەستى سوژە دەخاتە مەترسى دوورکەوتنەوە لە بوونێکى گەورەتر (بوونى مێژوویی، بوونى گەردوونى).

لەبیرچوون دەبێتە هۆى لەنێوچوون و نەمانى داتا و زانیارى بێکەڵک لە یادگە و فۆرموولەبوونى بیرەوەرى بەسوود، بەڵام کاتێک خودى فەرامۆشى لەبیر دەکرێت، بوارى فۆرموولەبوونى بیرەوەرییەکانیش لەنێو دەچێت و ئەمەش ترسێکى گەورەیە کە تەنیا ئەگەر لەبیر بکرێت، جێگەى تەحەموولکردنە.

هۆکارى ئەم هەوڵە، مەیل و حەز بە مانەوە، ترس لە مەرگ، زەندەقچوون لە لەبیرچوون و خراپتر لە هەمووشیان ترس لە “لەبیرکردنى لەبیرکردن”ـە، چونکە لەبیرچوون دەبێتە هۆى لەنێوچوون و نەمانى داتا و زانیارى بێکەڵک لە یادگە و فۆرموولەبوونى بیرەوەرى بەسوود، بەڵام کاتێک خودى فەرامۆشى لەبیر دەکرێت، بوارى فۆرموولەبوونى بیرەوەرییەکانیش لەنێو دەچێت و ئەمەش ترسێکى گەورەیە کە تەنیا ئەگەر لەبیر بکرێت، جێگەى تەحەموولکردنە. بەدەر لەمە زۆر نۆستالژیک و بۆ ناخودئاگاى تاکیش زۆر خەمهێنەرە، چونکە تاکی ناخودئاگا هەوڵى ڕەگداکوتانیەتى لە بوونى یەکێکى تر تا بەم شێوەیە “بوونى خود” بەرفراوانتر و هەنگاوێک لە “بوونى ڕەها” نێزیکتر ببێتەوە. هەنگاوێک کە بەربەرستە لەبەرامبەر هەمان هەستى نۆستالژیکى هەڵێنجراو و دروستبوو لە لەدەستدانى بیرەوەرى.

دەکرێت مەسنەوى مەولەوى، شانامەى فێردەوسى و دیوانى حافز بە سێ نموونەى نەمرى بیرەوەریی سازیى ئەدەبیاتى کلاسیکى ئێران و، سادق هیدایەتیش بە نموونەیەکى مۆدێڕنى بیرەوەریی سازیى ئەدەبیاتى هاوچەرخى ئێران هەژمار بکەین.

بیرەوەریسازانێک کە لەم ڕێگەیەوە نە تەنیا توانییان “بوونى تاکی”ـى خۆیان پەیوەست بکەنەوە بە “بوونى گشتى یا کۆمەڵ”، بەڵکو توانیشیان لە دیوار و بەربەستەکانى سەردەمى خۆشیان واوەتر بڕۆن و بگەنە سەردەمانى پاش خۆیان، بە شێوەیەک کە ساڵیانێک دواى نەمانى فیزیکیشیان کەسانێکى زۆر بە هاوچەرخى سەردەمەکەیان هەژماریان دەکەن و بەشێک لە ئەزموونە ژیانکردەکەى خۆشیان پەیوەست دەکەن بەوانەوە و لەگەڵیان دابەشی دەکەن. هەر لەو ژنەى ماڵەوە بگرە کە فاڵ بە حافز دەگرێتەوە تا لەگەڵ ڕەفتارەکانى وێک بێتەوە تا دەگاتە ئەو ئەکادیمیانەى کە چەندین بەرگ توێژینەوە لەبارەى مەولەوى وحافز و فێردەوسى چاپ دەکەن تا هاوپشکى بوونە گەورەکەیان بن، تا دەگاتە چیرۆکنووسانێکى نوێ کە شێواز و تەنزى مۆدێڕنى هیدایەت بە ڕێنوێنیکەر و ئاراستەدۆزى خۆیان دەزانن تا مۆدێڕنیتەى لەگەڵ ئەزموون بکەن، هەموویان بەشێکن لەو بوونە گەورە و بەکۆمەڵەیەى کە کڕۆکەکەى “بیرەوەرى گشتى”ـیە و بە پشتبەستن پێى، هاوچەرخ دەبن. ئەم هاوچەرخبوونە سیفەتێکە کە تەنیا “بوون” هەیەتى و “بوونەوەران” لێى سوودمەندن، مەگەر ئەوەى کە “بوونەوەر” سەرنجى بخاتە سەر “بوون” و “زات”.

هەر ئەمە لە سەردەمى ئەزموونى مۆدێرنیتەش ڕوو دەدات، بەڵام بە فۆڕمگەلێکی تایبەت بە خودى مۆدێڕنیتە. بە دەرکەوتنى وێنە و دواتر فیلم، ئوستوورە مۆدێڕنەکان زۆر زیاتر لە ئوستوورە کلاسیکەکان دەخوڵقێندرێن و تاکەکان بۆ دونیاى بیرەوەرییەکان دەگێڕنەوە. واتە هەم لە کاتى ژیان بیرەوەرى بۆ بەرامبەرەکانیان دروست دەکەن و هەم دواى مەرگیشیان دەبنە ئەستوورەیەکى بیرەوەریساز کە لە ڕێگەى وێنە و دەنگ و بیرەوەرییەکانەوە ئەمنیەت و ئاسایشێکى جوان و ناسکى دەروونى، شەخسى، خۆماڵى و جیهانى و جارى واشە مێژوویی بۆ تاکەکان دەخوڵقێنن.

کەسانێکى وەک (جان لینۆن ـ John Lennon)، (ئەندامانى پینک فلۆید ـ Pink Floyd) و (ئێلڤیس پرێسلى ـ Elvis Presley) و (فرانک سیناترا ـ Frank Sinatra) و (ڕیچارد ڤاگنەر ـ Richard Wagner) و (جۆهان سبستیان باخ ـ Johann Sebastian Bach) و (لودڤیچ ڤن بێتهۆڤن ـ Ludwig van Beethoven) و (جۆهان شتراوس ـ Johann Strauss) و (جۆن واینی ـ John Wayne) و (ئاودرى هیپبۆرن ـ Audrey Hepburn)، (مارلین مۆنرۆ ـ Marilyn Monroe) و (ئاندرێ تارکۆفسکى ـ Andrei Tarkovsky) لە مۆسیقا و سینەما و کەسانێکى وەک (ولیام فاکنەر ـ William Faulkner)، (جەیمز جۆیس ـ James Joyce) و (مارسێل پڕۆست ـ Marcel Proust) و (فڕانس کافکا ـ Franz Kafka) و (لیۆ تۆڵستۆى ـ Leo Tolstoy) و (ئەنتۆن چیخۆف ـ Anton Chekhov) و (بێرتۆڵد بڕێخت ـ Bertolt Brecht) و (فرێدریش وێلهێلم نیتچە ـ Friedrich Wilhelm Nietzsche) و (فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکى ـ Fyodor Dostoevsky) لە نووسین و ئەدەبیاتدا نمونەگەلێکى گرنگ و دیارى ئوستوورە (ئەفسانە) نوێینەکانن کە جیاواز لە ئوستوورە کلاسیکەکان بیرەوەرییان خوڵقاند، بیرەوەریسازییان کرد و بوونى سنووردارى سوژەى ئینسانییان پەیوەست کردەوە بە بوونێکى بەرفراوانتر لە خۆیان و گەورەتریان کردەوە و هەروەها بە هاوچەرخیش ماونەتەوە.

ئێرانى مۆدێڕنیش هەرچەندە بە تەواوى مۆدێڕنیتەى ئەزموون نەکرد، بەڵام بە سینەما و مۆسیقا بەشێک لە بیرەوەریسازیى گشتى ئەزموون کرد، بۆ بیرەوەریسازانێکى وەک شەجەریان، ئیرەج، ئیبی، داریوش، گوگوش، فەردین، مەلەک موتیعى، بێهروز وسووقى، سادق هیدایەت، بیژەن موفید، سوهراب شەهید سالس، داوود پیرنیا و بەرنامەى “گلهاى جاودان”ـى.

ئەو چین و توێژە لە بیرەوەریسازان کە هەرچەندە جیاوازییەکى قووڵ و کاریگەریان لەگەڵ یەکترى هەبوو، بەڵام لە بیرەوەریسازیى گشتیدا لە تەنیشتى یەکتریەوە دێن.

ئوستوورە مۆدێڕنە بیرەوەریسازەکان، خۆیان کۆپى و زیاد و بەرهەم دەهێننەوە و بەم کۆپیکردنەوەش هەم چێژى “ئەزموونگەلى نوێى جوانیناسى” دەبەخشنە ئەوانى دیکە و هەم خۆشیان هەنگاوێک لە جاویدانەگى و نەمرى نزیک دەکەنەوە، چونکە لە ئەزموونێکى گەورەتر لە بوون نێزیک دەبنەوە.

چوارەم: بیرەوەرى، خودئاگاییەکى مێژووییە

بیرەوەرى بە بەرهەمهێنانەوە و بڵاوکردنەوەى لە “بوون”ـى خاوەن بیرەوەرییەکە، ناسنامەیەکى بوونناسانە دەبەخشێتە “یادگەى مێژوویی” و ئەم یادگە مێژووییەش دەتوانێت “ناخودئاگاى گشتی”ـی یۆنگی[1] بگۆڕێت بۆ “ناخودئاگاى گشتى” مەعریفەیی. هەروەک چۆن “زەینى مێژوویی” لە “ئارکى تایپییەکان ـ Archetype”[2] و “باوەڕە زاڵەکان”ـەوە بەرەو “دانایی و مەعریفەى ڕەخنەقبوڵکەر” دەجووڵێت و دەڕواتە پێشەوە و لەم ڕێگەیەشدا هەم بیرۆکەى “جیاکردنەوەى مەعریفەناسانەى سوژە لە ئۆبژە” ئەزموون دەکات (مەعریفە، بێ سوژە)[3] و هەم بیرۆکەى “بوونناسانەى سفربوونەوەى پەیوەندى سوژە و ئۆبژە” لە ناسین (مەرعریفە، لەگەڵ سوژە).

مێژووى بیهەقى یا مەسعودى[4] نموونەیەکى ئەدەبی جوانە کە تێکەڵییەکى ئەم دوو بیرۆکەیەیە. بە تەماشاکردنى ئەم مێژووە دەردەکەوێت کە بیهەقى بەو پەخشانە تەڕ و بڕەیەوە چۆن توانیویەتى “زانستی شڕۆڤەیی وەسفکردنى مێژوو” لەگەڵ “بەیانى دراماتیکى بیرەوەریى مێژوویی” پێکەوە گرێ بداتەوە بێ ئەوەى یەکیان ئەویتریان ڕەت بکاتەوە.

ئەگەر حەز بە بیرەوەرى و بیرەوەریسازى و یاریکردن لەگەڵ بیرەوەرى نەبوایە، حەز و خواستى هاوبەشى “ئەزموونى ژیانکردى خود” لەگەڵ ” جیهانژیی ئەویتر”یش نەبوایە، ئەوا مێژوو تووشى ئەلزەهایمر و لەبیرچوونەوە دەبوو. بۆیە تۆقێنەرترین کۆمەڵگە، ئەو کۆمەڵگەیە نییە کە تیایدا دیکتاتۆر حاکم بێت، بەڵکو ترسناکترین کۆمەڵگە کۆمەڵگەیەکە کە تیایدا بیرەوەرییەکان ون دەبن. کۆمەڵگەیەک تۆقێنەرە کە تایایدا شاهیدى لەنێوچوون و ونبوونى بیرەوەرییەکان بین. وەها کۆمەڵگەیەک نە بوارى ئەزموونى ئیگزیستانسى هەیە و نە بوارى بەرفراوانبوونى فەزاى زیندەئینسانى (ژیانى مرۆڤ) و نە بیرەوەرییەک لە خۆى جێ دەهێڵێت تا ئەوانى دیکە بە ژیانکردنەوە، ژیانێکى مۆدێڕن ئەزموون بکەن. وەها کۆمەڵگەیەک لە مێژووش ون دەبێت هەروەک زۆرێک لەو شارستانیەتانەى کە لە ڕابردوودا بوونە و ئێستا نینە و هەموویان لە مێژوو ون بوون.

هەروەک چۆن پێکەوەگرێدانى بیرەوەرییەکان جۆرە ئەزموونێکى جوانى بوونناسانەیە، ئەوا ونبوونى بیرەوەرییەکانیش بەشێکە لە مردنى بوونى تاک. تاکەکانى کۆمەڵگە کاتێک بە جوانى درک بەم هەستى دەمپینگ و هەڵبەز و دابەزینە (Damping) دەکەن کە ڕووخسارێکى دیار و خۆشەویست و بەنێوبانگ لە دەست خۆیان بدەن. بە مەرگى هەر بیرەوەریسازێک لە کۆمەڵگە، وەک ئەوە وایە کۆڵەگە و پاڵپشتەیەکى تاکەکانى ئەو کۆمەڵگەیە لەنێو چووبێت، چونکە مەرگى هەر بیرەوەریسازێک، مەرگى بەشێک لە ژیان و مەرگى بەشێک لە ڕەوانى کەسانێکە کە لەو بیرەوەریسازە بیرەوەرییان هەیە. مەرگێک کە تەنیا بیرەوەری ئەو بیرەوەریسازە دەتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت.

چەندین هۆکار لە بەرهەمهێنان و دروستکردنى بیرەوەری و گواستنەوەى بۆ نەوەکانى دیکە هەن:

یەکەم: بە جیددیگرتنى ڕابردوو و زەروورەتى بە فەرمیناسینى ڕوانگەی مێژوویی، هەروەک ولیام فاکنەر دەڵێت: “مێژوو، ڕابردوو نییە و، ڕابردووش بە هیچ شێوەیەک ڕانەبوردووە”.

دووەم: نووسین و تۆمارکردنى ئەزموونەگەلى ژیانکردی ئیگزیستانس لەگەڵ تۆمارکردنى ئەزموونی بگۆڕی هزری (کارێک کە مرۆڤى مۆدێڕن لە ڕۆمان و هەندێک فیلم ئەنجامى دەدات).

سێیەم: هاوبەشی پێکردنى ئەزموونگەلى ژیانکردی بیرهێنەرەوەی بیرەوەری.

ئەدەبیاتى ئەمڕۆی ئێران لە هەرسێ بەش، تووشى قەیران و کارەساتە و لەم بوارەدا دەستکەوتێکى دیار و بەهادارى نییە. هەر لەبەر ئەمەیە ئێرانییەکانى ئەمڕۆ دەرەنجامى نەرێنى وەها لەدەستدانێکیان ئەزموون کردووە وەک ئەزموونى بڵاوبووەوەى جۆرە جیاوازەکانى خەمۆکى ڕۆحى و فیکرى و ڕەوانى و ژیانى، کە بە هۆى لەدەستدانى بیرەوەرییە باشەکانەوەیە (حوسەین عەلیزادە ژەنیار و ئاوازدانەرى هاوچەرخ لە گفتوگۆیەکیدا دەڵێت کێشەى ئەو لە ئەفڕاندنى هونەرى ئەوەیە کە لەم چەند دەیەى ڕابردوو تەنانەت بیرەوەرییەکى خۆشى ئەزموون نەکردووە).

لە وەها دۆخێکدایە بیرەوەرییەکان (بەرهەمهێنانیان، نووسینیان، خوێندنەوە و بڵاوکردنەوەیان) بەها و گرنگییەکى نوێ پەیدا دەکەن. بیرەوەریگەلێک کە چیتر تەنیا چیرۆکى ژیانى یەکێک یا چەند کەسێک نین، بەڵکو ئەزموونى ژیان و ئیگزیستانسى ناسنامەیەکى گشتین کە لە بەرگى ناوى کەس یا چەند کەسێک گۆڕاوە بۆ هەڵگرى بەشێک لە ڕۆحى زەمانە و سەردەمى خۆى.

بەم واتایە بیرەوەرییەکان چیتر لە چوارچێوەى وشەکان نانووسرێن و ناهێنرێنە بەرچاو، بەڵکو لە دونیای وێنا و دەنگ و بیناسازیش تۆمار و دەخوێندرێنەوە.

ئەوەى کە دەڵێن “کۆن، زێڕە”[5] بەو مانایەیە کە “کۆنە، بیرەوەریسازە”.

بە تەماشاکردنى دیمەن و پلانی فیلمە فارسییەکانى ساڵانى ٤٠ و٥٠ى هەتاوى، بە باشى دەتوانین پەى بە گرنگیی بیرەوەری و بیرەوەریسازى ببەین. لەم فیلم و دیمەنگەلە بەجێماوە، چیتر کەس بە دواى گێڕانەوە و چیرۆک و هونەر و تەنانەت سیاسەتەوە نییە، بەڵکو ئەوەى گرنگە “بۆنى بیرەوەرییەکان”ـە لە ڕێگەى بینینى کۆڵان و شەقام و مەیدان و دوکان و ماڵەکان و کەلووپەلەکانى ژیان و ئۆتۆمبێل و جلوبەرگەکان و شێوازى قسەکردن و چۆنیەتى دەربڕینى خۆشەویستى و حەزەکان کە هەموویان تەنیا دەرخەر و نیشاندەرى یەک شتن: کە ئەویش بیرەوەرییەکانە.

لەگەڵ ئەوەى ئەم سیمبول و دیمەنە کۆن و بە ئەنتیکەبووانە بەشێکن لە مێژووى سینەمایی حیکایەتبێژى عامەپەسەند و، لەگەڵ ئەوەى نە لە دەروونى ئەم دیمەنانە و نە لە زەینى دروستکەرانیان و نە لە فیکرى بینەرەکانیشیان، هیچ بانگەشەیەکى تێهزرین نییە، بەڵام هەڵەیەکى مسۆگەرە ئەگەر ئەزموونى ژیارییان بەتاڵ و بێبەرى بکەینەوە لە بەهاى جوانیناسانەى ژیان و وا نیشان بدەین کە خەڵک پێویستیان بە زانینى ئەوە نییە کە ژیان لە کۆندا چۆن بووە. هەر ئەم پێویستییەیە کە بیرەوەری، لە “سەرگەرمى”ـیەوە بۆ “زەروورەت” دەگۆڕێت، زەروورەتی “ئەزموونى سوژە لە خۆى” و “بۆ خۆى”، لە “پڕۆسەیەکى مێژوویی”.

وەک بڵێى هەمووان هاوکارى بیرەوەرییەکانن چوون بەشێکى گەورەترى سوژەیەکى مێژوویی وەک کارل گۆستاو یۆنگ دەڵێت “ناخودئاگاى گشتى”ـى یەکترن کە بیرەوەرییەکان دەگۆڕێت بۆ “ئارکى تایپەکان” یا “باوەڕگەلى زاڵ”.

یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانى گۆڕینى “زەینى شەخسى” بۆ “زەینێکى مێژوویی” یا “زەینى گشتى”، بیرەوەریگەلى هاوبەشى بەکۆمەڵە، بە تایبەت بیرەوەریگەلى بەجێماو لە ئوستوورە مۆدێڕنەکان.

دەتوانرێت ئەم خاڵەى “مێتۆلۆژى ـ Methodology” و جوانیناسیبە تێڕوانینى بەشێک لە بیرەوەرییە کاریگەرە مێژووییەکان ئەزموون بکرێت. لەوانەش لە کتێبی “دژى بیرەوەری ـ Antimémoires” لە نووسینى ئاندرە مالرۆ، لە ڕۆمانە حەوت بەرگییەکەى “گەڕان بە دواى زەمەنى لەدەستچوو ـ À la recherche du temps perdu” لە نووسینى مارسێل پڕۆست و لە فیلمى “مێژووى سینەماکان ـ Histoire du cinéma” دروستکراوى ژان ـ لۆک گۆدار.

لەگەڵ ئەوەشدا نابێت گومانمان لەوە هەبێت کە تەنیا بیرەوەرى دەستەبژێر و نوخبە فیکرى و ئەدەبی و فەلسەفى و هونەرییەکانە کە بەهاى خوێندنەوەیان هەیە، چونکە ئەزموونى ژیان و ژیارى مرۆڤایەتى، بە تایبەت لە ڕەهەندگەلى زەریفى ئیگزیستانس و وجوودییەکەى، گشتى و تایبەتى نییە و پەیوەیستە بە هەموو سووژە ئینسانییەکانەوە. هەمان ئەو سووژە و سووژەبوون ـەیە کە چەندین سەدەیە پرسى گرنگى ئەدەبیات و فەلسەفە و شیعر و شانۆ و مۆسیقا و بیناسازى دونیا بووە.[6] هەر لەبەر ئەمەشە دەتوانین ئەم ئەزموونى جوانیناسییە لە بیرەوەرییەکانى مێرلین مۆنرۆش ئەزموون بکەین بەو مەرجەى بەر لەوە لە “سووژەبوونە شاراوەى ئەم بیرەوەرییانە” بگەین.

یرەوەرییەکان، پێش لەوە و زیاتر لەوەى کە نوخبەگەرا و دەستەبژێرانە بن، مرۆڤگەران

پێنجەم: زمانى بیرەوەری، زەروورەتێکى مۆدێڕن

بیرەوەرییەکان، پێش لەوە و زیاتر لەوەى کە نوخبەگەرا و دەستەبژێرانە بن، مرۆڤگەران و وابەستەن بەو شتەى کە بە لانکى بنەڕەتى بەرهەمى بیرەوەری لە مێژووى مرۆڤ نێو دەبرێت، واتە بە “جیهانژى”ـى ئەو.

لە “جیهانژی”، منداڵ و پێگەیشتوو، عام و نوخبە، فاشیست و دیموکرات، ئەقڵانى و ئایدۆلۆژیک لە گۆشەنیگاى بەرهەمهێنانى بیرەوەرى و زەرووریەتى بیرەوەری، بەهاى یەکسانیان هەیە. دەکرێت ئەم قسەیە بە بینینى باشترین بەڵگەنامەى مێژوویى دونیا واتە “سەرکەوتنى ئیرادە Die Macht der Bilder “ى “لینى ڕیفنشتاڵ ـ Leni Riefenstahl” و بەڵگەنامەى “هێزى وێنا” لەبارەى ئەو و هێزى وێنایە، باشتر تێى بگەین و دەرکى بکەین.

مەگەر دەکرێت وا دابنێین منداڵ لەبەر  منداڵییەکەی، پێویستى بە بیرەوەرى نییە و بە جیددی وەرینەگرین؟ ڕێگەچارەى دروست لێرەدا هەمان شتە کە مەولوى دەڵێت:

چون کە با کودک سر و کارت فتاد

پس زبان کودکى باید گشاد

واتە: کاتێک کە سەروکارت کەوت لەگەڵ منداڵ، پێویستە زمانى منداڵانیش فێر بیت و بە زمانى ئەو قسەى بکەیت.

و ئەگەر لەم ڕێگەچارە بینراوەدا کە خۆشى بەشێکە لە “ناخودئاگایی گشتیی مرۆڤ”، لەبرى “منداڵ”، سوود لە “بیرەوەرى” وەربگرین، دەگەینە دیاردەیەکى نوێ لە ئەدەبیات و تێهزرین، بە “زمانى بیرەوەری”، جۆرێک لە زمان، یا وەک ویتگنشتاین دەڵێت، بەشێک لە “یارى زمانى مرۆڤ” کە حەشارگە و دروستکەرى بیرەوەرییەکانە لە “جیهانژی”ـى مرۆڤایەتى.

شەشەم: زەینى مێژوویی، ئەلزەهایمرى مێژوویی

ناتوانرێت “ئیگزیستانسى خەیاڵاویانەى بێرەوەرییەکان” وەبەرچاو نەگرین کاتێک کە دەبینین مرۆڤەکان یەک جار وەک حەقیقەتێک، ئەزموونى ژیانى خۆیان دەکەنە بیرەوەریى و خەون و خەیاڵ و جارێکى دیکەیش ئەو بیرەوەرییانە دەکەنە بنەماى ئەفراندنى ئەزموونى ژیانێکى نوێ تا بەم شێوەیە لە دیالێکتیکى هەمیشەیی خەیاڵ و حەقیقەت بمێننەوە.

 واقعیەت دەگۆڕێت بۆ بیرەوەری، بیرەوەریش دەبێتە خەون و خەیاڵى حەقیقەتى دواتر تا حەقیقەتى دواتریش ببێتە بیرەوەرییەک بۆ خەیاڵەکانى دواتر. و ئەم چەرخ و بازنەی دیالێکتیکییە مرۆڤییە درێژەى دەبێت. فیلمى نەمر و درەوشاوەى مێژووى سینەماکانى ژان ـ لۆک گۆدار، ئەم دیالێکتییەکەى لە فۆرمێکى زۆر جوان وێنا کردووە بە شێوەیەک کە بینەر لە کاتى بینینى فیلمەکە، ناتوانێت لێکى بداتەوە کە شاهیدى بینینى چ شتێک بووە؟ حەقیقەت یا فیلمێکى سینەمایی؟ خەیاڵێکى خوڵقێنراو لەلایەن فیلمساز یا بیرەوەریگەلى بەجێماو لە مێژووى سینەما یا پێکهاتە و تێکەڵەیەک لە هەموو ئەمانە؟!

فیلمى “مێژووى سینەماکان” دەتوانێت بە باشى نیشان بدات کە خەڵکى بە بیرەوەرییەکانیان عاشق دەبن، بە بیرەوەرییەکانیشان باوەڕ بە دین یا ئایدیۆلۆژیا پەیدا دەکەن، بە بیرەوەرییەکانیان دەگەنە مەعریفە و تێگەیشتن، بە بیرەوەرییەکانیان لە شوێنگەى خۆیان لە بوون تێدەگەن، دەگەن بە تێگەیشتنێک لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بوون، بە بیرەوەرییەکانیان پشت بە سووننەتگەلێک دەبەستن یا لێوەیان تێدەپەڕن تا بیرەوەرى مۆدێڕن بخوڵقێنن و ببنە دوستکەر و ڕۆنەرى نەریتگەلى دوایی.

پشتگوێخستن و وەبەرچاونەگرتنى زەروورەتى وجوودى بیرەوەرییەکان، بنمیچ و سەقفى زەین و ڕەوان بێ هیچ کۆڵەگەیەک دەهێڵێتەوە. ئەمەش هەمان داڕمانى زەین و ڕەوانە کە بەشێکیشى لە نەخۆشى ئەلزهایمەر دەبینینەوە. وەها داڕمانێک دەبێتە هۆى دروستکردنى “ئەلزهایمرى مێژوویی” کە ڕێگەیەکە بۆ دەرمانى بەهێزکردنى “زەینى مێژوویی”. زەینێک کە بنەمایەکى سەرەکى لە “دیالیکتیکى خەیاڵ و حەقیقەت” پێک دێت.

حەوتەم: جوانیناسى بیرەوەری

دەتوانرێت هاوارى هەندێک لە ئازار و دەردەکان بکەین، بەڵام ئەو ئازارانەى کە بە کپکردن و ئۆقرەگرتن دەبنە هاوار، لە خراپترین ئێش و ئازارەکانى مرۆڤایەتین کە هەرگیز ناگەنە هاوار.

بیرەوەرییەکان، مەکۆیەکى ئەمنى “ئازارە بێ هاوار”ەکان و “هاوارە کپەکان”ـن.

بیرەوەرییەکان، مەکۆیەکى ئەمنى “ئازارە بێ هاوار”ەکان و “هاوارە کپەکان”ـن. زەروورەتى وجوودى بیرەوەرییەکان لە ئەزموونى بیستنى هاوارگەلێکەوەیە کە لە بێدەنگى بەرز دەبنەوە و جگە لە بێدەنگیش نابیسترێن. بێدەنگییەک کە جگە لە ئەزموونکردن بە بیرەوەری، نابنە ئەزموون و دەرک ناکرێن.

بەردەنگ (گێڕەرەوە و ژەنفتیار)ى بیرەوەرییەکان، بە تایبەت بیرەوەریگەلێک کە ڕەهەندێکى مێژووییان بۆ پەیدا بووە، بە شادى و خۆشى بیرەوەرییەکان، دڵخۆش و شاد دەبن و بە غەمى بیرەوەرییەکانیش هاودەردى دەکەن و هەستێکى نۆستالژیک پەیدا دەکەن. بەردەنگى بیرەوەری، لە هاوڕایی بیرەوەریدا وجوودى فرەڕەهەند دەبێت و بە زمانى بیرەوەرى تێکەڵ بە “ژیانێکى دیکە” دەبێت، وەک ئەوەى خۆى ئەو بیرەوەرییەى ئەزموون کردبێت.

“جوانیناسى بیرەوەری” هەر لەم ئەزموونى ژیارییە خۆى مەڵاس داوە. ئەزموونێک کە “زەروورەت”ـە، نەوەک “خۆخافڵاندن و سەرگەرمى”، “زەروورەتێک” کە نابێتە لەمپەر لەبەردەم ڕووکارە “سەرگەرمکەر”ەکەى بیرەوەرى، “زەروورەتێک” کە سووژەبوونى مرۆڤى هاوچەرخ پێویستى بە تێگەیشتنى هەیە.

کەوایە پێویستە “زمانى بیرەوەری” فێر بین و ئەنجامى بدەین و واڵاى بکەین.

پەراوێز:


[1] کارۆڵ یۆنگ، فەیلەسووف و دەرووناسێکى خەڵکى سویسرا بوو کە چەندین تیۆرى لەمەڕ دەروونناسیى شڕۆڤەیی خستووەتە ڕوو. وەک فریدا فۆردهامى توێژەرى بەرهەمەکانى یۆنگ دەڵێت: “هەر شتێک فرۆید نەیوتووە و جێى هێڵاوە، یۆنگ تەواوى کردووە”.

[2]  ئارکى تایپ ـ Archetype: کۆنە تایپ یا دێرینەناسى یا کۆنە مۆدێل یا قالب.

[3]  مەعریفە، بێ سوژە ـ Knowledge without knowing subject

[4]  مێژووى بیهەقى یا مێژووى مەسعودى لە نووسینى ئەبولفەزل محەمەد بن حوسەین بیهەقییە کە باسى مێژووى پاشایەتى مەسعود غەزنەوى دەکات.

[5]  پەندێکى کۆنە ـOld is Gold

[6]  زەینى ئێرانى و نووسراوە بەجێماوەکانى، لە چەندین سەدە بەر لە ئێستاوە تاوەکو ئێستا، بەتاڵن لە تێڕوانین و تێهزرینى جیددى لەمەڕ هەردوو چەمک و واتاى “سوژە” و “ئۆبژە”.

“ئۆبژکتیڤ ـ Objective “ـیان بە “عەینییەت” و “سوبژێکتیڤ ـ Subjectivism”ـیان بە “زەینیەت” وەرگێڕاوە و فێرى خەڵکى دەکەن، بێ ئەوەى ئەم وەرگێڕانانە تەنانەت بەشێکى بچووک لە واتاى ئەم دوو چەمەکە هەڵگرن. و لەبەر ئەوەى تێگەیشتنى واتاى تەواوى ئەم دوو وشەیە، پەیوەندییەکى زۆریان لەگەڵ واتا و ئەزموونى “تاکگەرایی” یا هەمان “ئیندى ویجواڵیەتى” هەیە و پێشینەى ژیانى ئێرانیش چەندین سەدەیە لەگەڵ ئەم جۆرە ژیانە بێگانەیە، کەوایە واپێناچێت بتوانرێت بە وەرگێڕانى چەند کتێب و وتارێک، لەم بەربەستە زەینى و زمانى و فەرهەنگییە تێپەڕین و بگەینە واتاى حەقیقى ئۆبژکتیڤیتە و سوبژیکتیڤیتە لە زمانى فارسى. لە هەمان کاتدا کە زۆرێک لە پرسەکانى ئەوڕۆى ئێمە و هەروەها ناسینى ڕێگەچارەى ئەو پرسانە، ڕەگ و ڕیشەیان هەر لەم دوو واتایەدایە.

لە ئەدەبیاتى مۆدێڕنى ئێران، دوو نووسەر توانییان لە چیرۆکەکانیاندا لە واتاى سوژە و سوژەبوون نزیک ببنەوە و قووڵای و گەورەییان پێ ببەخشن. بە شێوەیەک کە لە دەقى چیرۆکەکانیان، دەتوانن دیالێکتیکى بیرەوەرى ـ حەقیقەت ئەزموون بکەن:

ـ ڕۆمانى سەرئێشە، لە نووسینى سودابە فەزایلى

ـ فیل لە تاریکى، لە نووسینى قاسم هاشمى نژاد

لەگەڵ ئەوەى کە ئەم دوو چیرۆکە بە دوو ستایلى جیاواز گێڕدراونەتەوە (یەکەمیان سوریالی و دووەمیان ڕیالیستىیە)، بەڵام هەردووکیان، دیالێکتیکى بیرەوەرى ـ حەقیقەتیان تێدا ئەزموون دەکرێت. لە یەکەمیان لە زەین و خەیاڵەوە دەگەینە ڕاستى و حەقیقەت و لە دووەمیشیانەوە لە حەقیقەت و ڕاستییەوە دەگەینە زەین و خەیاڵ. یەکەمیان لە بیرەوەرى بێ زەمەن و بێ شوێنى خەیاڵییەوە دەگەینە پرسى مێژوو و لە دووەمیشیان لە زەمەن و شوێنێکى دیاریکراو و زانراوەوە دەگەینە بیرەوەرى و خەیاڵ.

سەرچاوە:

مجلە سینما و ادبیات. شمارە ٧٤- تیر و مرداد ٩٨