ئەرمەنی و ئەرمەنی

درەنگانی شەو لە شاری ڕۆستۆڤ بە تەنیشت مەیخانەیەکدا دەڕۆیشتم، مەیگێڕێک کە کۆتێکی سپی لەبەردا بوو سەرنجمی ڕاکێشا، بێگومان ئەرمەنی بوو، هەر بۆیە چوومە ژوورەوە و بە زمانی خۆمان پێم گوت، چۆنی برا، خودا ماڵت خرا کا، چاکی؟ نازانم چۆن زانیم ئەرمەنییە، بەڵام زانیم. نە لەبەر ئەوەی ڕەش‌ئەسمەر بوو، یا کەپووی وەک قەڵانگ، یا هەموو گیانی تووکن بوو، تەنانەت لەبەر ئەوەش نا کە چاوە بریقەدارەکانی بە قوڵکی کاژەڵاکیدا ڕۆچووبوون. زۆر کەسی ڕەش‌ئەسمەر هەن کە کەپوویان وەک قەڵانگە، تووکنن و چاویان دەدرەوشێتەوە، بەڵام ئەرمەنی نین. ئێمە هۆزێکی بێ‌وێنەمان هەیە و، من ملی ڕێگام بەرەو ئەرمەنستان گرتبوو. بەڵام، بەداخەوە. بە داخێکی گرانەوە، ئەرمەنستان لە هیچ کوێ نییە. زۆر دڵگرانم کە شوێنێک بە ناوی ئەرمەنستان نییە.

پارچە زەوییەک لە ئاسیای ناوەندی هەیە کە پێی دەگوترێت ئەرمەنستان، بەڵام وا نییە. ئەوێ ئەرمەنستان نییە. ئەوێ هەر شوێنێکە و بەس. ئەو شوێنە شاخ و دەشت و ڕووبار و باژاری لێیە، زۆریش خۆشە، هێندەی هەموو جێیەکی جیهان خۆشە، بەڵام ئەرمەنستان نییە. تەنها خەڵکی ئەرمەنی هەن، ئەوانیش لەسەر زەوی دەژین، نەک لە ئەرمەنستان، کە گوتمان ئەرمەنستان نییە، کەواتە، هاوڕێیان، ئینگیلتەرەش نییە، فەڕەنساش نییە، ئیتاڵیاش بە هەمان شێوە، بەس زەوی هەیە، هاوڕێیان.

چوومە ناو مەیخانە ڕووسییە چکۆڵەکەوە تا هاونیشتمانییەک بدوێنم، غەوارەیەک لە هەندەران.

ڤی، بە ئەنقەست دەمی بە نیشانەی سەرسووڕمان خوار کردەوە، ئەم کارە زمانمان و شێوەی دەربڕینمان زۆر پێکەنینی دەکات. جەنابت؟

کە بێگومان مەبەست منی بێگانە بوو. جلوبەرگم، بۆ نموونە. کڵاوەکەم، پێڵاوەکانم و لەوانەیە تەنانەت تۆزقاڵێک ڕەنگی ئەمەریکی کە نیشتبووە سەر ڕوخسارم.

چۆنت ئێرە دۆزییەوە؟

دزم، بە بزەیەکەوە گوتم، بێرەدا تێدەپەڕیم. خەڵکی کام شاری؟ لە کوێ لەدایک بووی؟ (لە ئەرمەنستان، لە چ شوێنێک هاتوویە دنیا؟)

وتی، مووش. بۆ کوێ دەڕۆی؟ لێرە چ دەکەی؟ تۆ ئەرمەنیت. بە جلوبەرگەکانتدا دیارە.

مووش. ئەو شارەم زۆر خۆش دەوێت. دەتوانم بێ ئەوەی چاوم بە شوێنێک بکەوێت، خۆشم بوێت، تەنانەت ئەگەر نەمابێ، ئەگەر دانیشتووانی کوژرابن. باوکم بە جەوانی جارجارە سەردانی ئەو شارەی دەکرد.

خودایە، چەندە خۆش بوو ئەو ئەرمەنییەڕەش‌تاڵەی خەڵکی مووشم بینی. نازانن کاتێک دوو ئەرمەنی لە شوێنێکی دوورەدەست لەم جیهانە پانە دەگەنەیەکتری، چەندە خۆشحاڵ دەبن. وەک ئەو مەیگێڕەی ناو ئەو مەیخانەیە. ئەو شوێنەی خەڵک بۆ خواردنەوەڕووی تێدەکەن. کێ بۆنی گەنیوی بیرەکانی لا گرینگە؟ کێ گوێ دەداتە مێش و مەگەزی ناو مەیخانەکە؟ کێ، هەروەها، دیکتاتۆرییەتی بە پووشێکە؟ گۆڕینی هەندێک شت نامومکینە.

وتی، ڤی. ڤی (بە ئەسپایی و بە جەفەنگەوە) ڤی. ئەرمەنی دەزانی ئەگەر وایە. زۆر چاکە کە لە بیرت نەچووەتەوە.

دوو لیوانی لیپاولیپ لە بیرەی قۆڕی ڕووسی هێنا.

قیافەگرتنی ئەرمەنیانە، کە هەڵگری کۆمەڵێک واتایە. بە زیلە لەڕانی خۆڕاکێشان و بۆڕەبۆڕ قاقا لێدان. زمانێکی پڕ جنێو. گاڵتەجاڕی کردن بە جیهان و بیرۆکەکانی. قسەکردن بە زمانی ئەرمەنی، نیگا، قیافەگرتن، زەردەخەنە و، لە ناخی هەموو ئەمانەوە بووژانەوەی بە لەزی نەتەوەیەک، تاهەتایی و بە گوڕ و تینی دووبارەوە، هەرچەندە ساڵ تێپەڕیون، هەرچەندە شارەکان وێران کراون، باوک و برا و کوڕەکان کوژراون، شوێنەکان لە بیر چوونەتەوە، خەون و خەیاڵەکان زەوت کراون، دڵە زیندووەکان بە ڕق و قین ڕەش هەڵگەڕاون.

حەزم لێیە چ زلهێزی ئەم جیهانەیە بێت و ئەم نەتەوەیە، ئەم هۆزە بچووکەی لە کۆمەڵێک خەڵکی بێکەڵکە پێکهاتووە، تەفروتونا بکات، خاڵکانێک کە دیرۆکیان لەناو چووە، هەموو شەڕەکانیان دۆڕاندووە، بنەما و بنچینەیان سەراوبن بووە، کەلام و کتێبیان پشت گوێ خراوە، مۆسیقایان نەبیسراوە، نزا و پاڕانەوەیان بێدەنگ کراوە.

دە وەرن، ئەم تیرەیە لەناو ببەن. با بڵێین دیسانەوە ساڵی ١٩١٥یە. جیهان لە شەڕدایە. وەرن ئەرمەنستان وێران بکەن. بزانن پێتان دەکرێت. شاربەدەریان بکەن و بیاننێرنە سەحرای قاقڕ. مەهێڵن دەستیان نە بە نان و نە بە ئاو ڕانەگات. ماڵەکانیان و کڵێسەکانیان لە بڵێسەی ئاگردا بسووتێنن. بزانن سەرلەنوێ ناژیێنەوە. بزانن دیسانەوە بزە نانیشێتەوە سەر لێوەکانیان. بزانن لەگەڵکوو دوانیان لە مەیخانەیەک دەگەنە یەکتری، ئەم ڕەگەزە دیسان ناژیێتەوە، پاش بیست ساڵان، بە زمانی خۆیان نادوێن و پێناکەننەوە. دە وەرن، بزانن چیتان پێ دەکرێت. بزانن دەتوانن پێشیان پێ بگرن و نەهێڵن گاڵتە بە بیرۆکە مەزنەکانی جیهان بکەن. وەرن قەحپەدایکانە، جووتێک ئەرمەنی لەم جیهانە بە زمانی خۆیان دەدوێن، دە وەرن و لە ناویان ببەن.

نیویۆرک، ئاگست، ١٩٣٥

سەرنجێک بنوسن