بۆچی هانا ئارێنت فیلسووفێکە بۆ ئێستا؟
هانا ئارێنت ئەو کاتەی کە لە سەربازگەی دەستبەسەربووان واتە “گوورس” لە باشووری ڕۆژئاوای فەڕەنسادا بەسەر دەبرد (مەی١٩٤٠)، ژیرانەترین کارێک کە کردی و هەر تاکێکی دیکەش دەتوانێ لەو دۆخە دێوزمەئاسایەدا جێبەجێی بکات، خوێندنەوەی ڕۆمانی “گەڕان بە دوای کاتی لەدەستچوو“ی پڕۆست، کتێبی “لەبارەی شەڕ“ی کڵاوزویتز و لە ڕووی ناچاریشەوە سەری لە چیرۆکە پۆلیسییەکانی جۆرجز سیمێنۆن دەرهێنا. ئێستا خەڵک ئارێنت دەخوێننەوە بۆ تێگەیشتن لەم تەنگژە سەرسووڕهێنەر و تۆقێنەرانەی کە تێی کەوتووین.
لە ماوەیەکی کورتخایەندا دوای دەستپێکی ترامپ، کتێبی “بنەماکانی تۆتالیتاریزم“، شاکاری ئارێنت لە ساڵی ١٩٥١، لە ئامریکا کەوتە لیستی پڕفرۆشترین کتێب. لەو کاتە بە دواوە خاڵە گرینگەکانی تێفکرینی وەک هۆشدارییەک لەسەر ژیانی سیاسی “پاشحەقێقەت” لە قەوارەی پەیامی تویتێرییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەسووڕایەوە. ئارێنت کە سەردەمانێک وەک “پەنابەری نایاسایی”(بە وتەی خۆی)، مێژوونووسی تۆتالیتاریزم و شیکاری ئایەخبوون و نەگریسی حکوومەتیی و لایەنگری دەستپێکی سیاسەتی نوێ بوو، ئێستا بیرمەندی سیاسی چاخی دووەمی هۆڤیگەریی فاشیستییە.
دەسەڵات “ڕێک لەو کاتەدا مەترسیدار دەبێت کە بەستێنی گشتی کۆتایی پێ دێت”.
تەنیا دژبەرانی ناسیۆنالیزمی نەریتخواز نین کە بە دوای تێگەیشتنی دووبارەی بەرهەمەکانی ئارێنتەوەن. AFD، واتە پارتی نەریتخوازی “ئاڵتەڕناتیڤ بۆ ئاڵمان” لە هەوڵی ئەوەدایە کە داواکارییەکانیان لە لێکۆڵینەوەیەکی جیددیدا بە نیوەچڵەهێنانەوەی وتەکانی ئارێنت بڕازێننەوە. ئەرکی ڕۆشنبیری AFD، کە گۆمانیشتان لێ نەدەکرد، دروستکردنی کەشێکی “ئاشکرا و ڕوون” لە دیسکۆڕسی گشتیدا بوو. ئەوان بەپێی وتەکانی ئارێنت ژیرانە هوشیارمان دەکەنەوە، کە دەسەڵات “ڕێک لەو کاتەدا مەترسیدار دەبێت کە بەستێنی گشتی کۆتایی پێ دێت”. ئارێنت هەروەها دەڵێت کە دەسەڵات مەترسیدار دەبێت کاتێک کە ئێلیتی سەرمایەدار لەلایەن جەماوەرەوە لایەنگیری بکرێت و، کاتێک کە ڕاسیزم دەزگا حوکمییەکان داگیر بکات و، هەروەها کاتێک کە تەنیایی پڕئێش و ئازاری ژیانکردن لە کۆمەڵگایەکی ئەتۆمیزەکراوی دوور لە ڕاستی کە تاکەکان بەرەو خەیاڵی سووک و پووچ دەبات تا لە پاڵ یەکتری ڕایانبگرێت.
ڕاستە کە ئارێنت حەزی لە بەستێنی گشتی بوو بە هۆی ئاشکرابوونی بەهێزی کە بە ژیانی پێکەوبوونی دەدا و ڕاستە کە ئەو باسی لە کۆماری سیاسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی دەکرد. هەر ئەم دوو هۆکارەشە کە دەبێتە هۆی ئەوە کە دەبێ هەنووکە ئارێنت بخوێنینەوە. ئەگەرچی خۆبەستەیی ئارێنت بە پلۆرالیتێ بانگهێشتێک بۆ ناسیۆنالیزم نییە. ئارێنت دەیویست کە سیاسەت بکێشێنێتە ڕۆشناییەک تاکوو ئێمە یەکتر هەر ئەوجۆرەی کە هەین، ببینین. بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناچار ببین ئەو شتەی کە بە ڕوونی خۆی واتە سیاسەت وێران دەکات، ددانی پێدابنێین، بەڵکوو تەنیا دەبێت ددان بەوەدا بنێین کە نەخوازراوترین شت کە لە ڕاستیدا هەیە، دەیناسینەوە و بەرهەڵەستی دەوەستین.
ئەگەریش شتێک ببێ لە دوو ساڵی ڕابردوودا کە ئێمە دەبێ وانەی لێ فێر ببین، ئەوەیە کە واقیعی سیاسییمان ئەوە نییە کە بیرمان لێ دەکردەوە چ بگات بەوەی کە دەمانویست ببێت. ئارێنت لە خێرابیرکردنەوە و بە وردی تێفکرین لە ڕووی سیاسی و ڕەوشتەوە بێوێنە بوو، چونکە ئارێنت سەرەڕای ئەوەی کە لە سەردەمێکدا ژیا کە پڕ لە ڕەشایی، توندوتیژی و کەشێکی ئاڵۆز و پێشبینینەکراودا بوو، لەهەمان کاتیشدا کەسێکی زیرەک، تێکۆشەر و پڕکار بوو. ئەو متمانەی بە هەڵسەنگاندنە سادەکان نەبوو، پێشینە مێژووییەکانی تێفکرین شێوەیەکی لاواز بوو بۆ فام و تێگەیشتنی بابەتە پێشبینینەکراوەکان، و لە جیاتی کردارێک بوو کە ئارێنت ناوی دەنێت “تێفکرینی بێنەردە”. وانەکانی ئارێنت سەبارەت بە دژوارییەکان و چەرمەسەرییەکان بۆ ئێمە وەک بیرمەندێکی سیاسی کەمتر لە بەشی یەکەمی کتێبە مێژووییەکەی کاساندرا نییە.
دایکی پێی دەگووت کە کاتێک وەکوو جوویەک هێرشت دەکرێتە سەر، دەبێ وەکوو جوویەک بەرگری لە خۆت بکەیت.
تێفکرین کلیلی چیرۆکی ژیانی ئارێنتە. ئەو لە ساڵی ١٩٠٦دا لە شاری کونییگزبێڕگ(زێدی کانت)، لەدایک بوو، تاقانە منداڵ و زۆر خۆشەویست و خاوەن زیرەکییەکی بێوینە بوو، لە بنەماڵەیەکی چەپ کە هەر لە سەرەتاوە بابەتی زۆری بۆ بیرکردنەوە هەبوو. یەکەمینیان بیرکردنەوە لەسەر دۆخی باوکی بوو کاتێک کە تووشی نەخۆشی سیفلیس بوو و لەکۆتاییدا شێتبوون و مردنی بوو لەو کاتەی کە ئارێنت تەنیا حەوت ساڵان بوو، ئارێنت بیری لە جیهانێک دەکردەوە کە دەسووڕایەوە و پێی وابوو کە چەندە نامۆ و نامسۆگەرە. دواتر دژەسێمیتیزم(دژەجوو)یی ئەزموون کرد کە بە سووکایەتیکردنی لەلایەن منداڵەکانی دیکەوە لە کاتی کایەکردن دەستی پێکرد و خێرایش تێگەیشت کە لەو ئازار و ڕق و قینە لەلایەن منداڵانەوە لەگەڵ زۆرینەی گەورەکانی دورووبەریدا هاوبەشە. دایکی پێی دەگووت کە کاتێک وەکوو جوویەک هێرشت دەکرێتە سەر، دەبێ وەکوو جوویەک بەرگری لە خۆت بکەیت.
یەکەمین چەکی ئارێنت بۆ بەرەوڕووبوونەوەی جیهانی سەرسووڕهێنەر، تێفکرین بوو. بەڵام تێفکرین هەموو کاتێک زۆرتر لەوەی شتێک بووبێت کە لە مێشک و زەینیدا ڕووی دەدا؛ ڕێگایەک بوو بۆ ئەوەی لە جیهاندا ببێت. ئەمە یەکەمین وانەیەک بوو کە لە مامۆستاکەی و لە قۆناغێکیشدا خۆشەویستی مارتین هایدێگەر فێر بووبوو. ئارێنت لە ساڵی ١٩٢٤، کاتێک هەژدە ساڵان بوو بۆ یەکەمینجار هایدێگەری لە زانستگای ماربێڕگ بینیوە. ڕێی تێناچێ (هەروەها کە بڕێک لەسەر ئەو باوەڕەن)، بە هۆی شەڵوارە کورتە چەرمییەکی هایدێگەر یان شێوەی هەڵواسینی پەتی ئێسکییەکانی بەسەر شانییەوە نیی ئارێنتی بۆ جێژوانی خۆی ڕاکێشابێت، بەڵام ئارێنت بەسۆز و تینەوە بەرەو تێڕوانینی هایدێگەر ڕادەکێشرا و ئەویش ئەوە بوو کە لە ڕێگەی وشەکانەوە ئێمە بیر دەکەینەوە، هەین و خۆشەویستی دەکەین. ئارێنت دواتر وتی کە “ئێمە لە ڕیگەی زمانی ئاڵمانییەوە یەکترمان بینییەوە”.
وشەکان بۆ ئارێنت زۆر گرینگ بوون چونکوو ئێمە لە ڕیگەی ئەوانە کە بیردەکەینەوە و دەبنە هۆی ئەوە کە پێکەوەژیان شیاو ببێت. ئارێنت بە سێ زمان دەینووسی و لانیکەم بە شەش زمان دەیخوێندەوە. ئەو دواتر وتی کە ئەوە زمانی ئاڵمانی نەبوو کە شێت بوو، بەڵکو لە تەمەنی بیست ساڵیدا، ئەوە خەڵک بوون کە بەرەبەرە بەرەو شێتی هەنگاویان ناو، تەنانەت ئەو کەسانەی کە عاقڵ و بیرمەند بوون و ئارێنت وەک هاوڕێی خۆی دەیدانە قەڵەم، لە هەمبەر واقیعی سیاسی کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ناشیرین دەبوو، بێدەنگییان هەڵبژاردبوو. ئارێنت وەک جوویەک خاوەن ژیانێکی لاکچێری وەک “پەنابەری ناوخۆیی” نەبوو و، درێژەی ژیانی بە بیرکردنەوە و گەڕانەوەیەک بۆ جیهانێک تەرخان کردبوو کە تێیدا بە تەواوی مافی بوونی خستبووە ژێر پرسیار و ئێستە بەڕەنگاری دەبووەوە.
بیرکردنەوە و تێفکرین، ژیانی ئارێنتی زۆرتر لە یەکجار پاراست. خوێندنەوە سەرەتاییەکانی ئارێنت سەبارەت بە مێژووی سیاسی ئەورووپاییەکان تووشی چەند هەڵەیەکی کردبوو لە بارەی توانمەندی “مافی مرۆڤ” بۆ پاراستنی ژیانی هەر تاکێک لەبەرامبەر توندوتێژی، کە کاتێک توندوتێژی سەردەردێنێت کە دامەزراوە سیاسییەکان ڕووخابێت. کە سەردەمی تاریکی سەریهەڵدا، ئارێنت بەپێی ئەو سەردەمە کەوتە جووڵە و کردەوە.
ئارێنت لە ساڵی ١٩٣٣ لەلایەن گێشتاپۆ بەهۆی لێکۆڵینەوە لەسەر پڕوپاگاندەی دژەسێمیتیک دەسبەسەر کرا و زۆر زوو زانی کە کەوتووتە تۆڕی سەربازێکی نوێکار و نابەدڵ و، تەنیا بە قسەکردن لەگەڵیدا خۆی لە زیندان دەرباز کرد. کاتێک لە ساڵی ١٩٤٠ بانگەوازێک کرا بۆ تەواوی پەنابەرانێک کە لە پاریس بوون و هەموو ئەو ژنانەی کە لە “دوژمنی بیانی” منداڵیان نەبووە، کە لە وێڵدرۆم دیوێر بۆ دوورخستنەوەیان کۆ ببنەوە، ئەو تەنیا کەسێک بوو کە ئازایانە ترسی لە خراپترینەکان بوو. ئارێنت لەنێوان شڵەژاویی و داگیرکاری ئاڵمانییەکان لە سەربازگەی دەستبەسەربووان خۆی دەرباز کرد و ئەوانەی کە مانەوە بۆ ئاشویتس-بیرکناو گوێزرانەوە. ئەو لە “مارسێی” بە باشی سوودی لە وانەکانی سیمێنۆن لەبارەی کەڵکوەرگرتن لە فێڵ و تەڵەکە وەرگرتبوو و، بە فێڵ و فریودانی بەرپرسانی کارێکی کرد کە ئەوان وابزانن کە هاوژینەکەی پێشتر دەستبەسەر کراوە.
فامی سیاسی پێگەیشتووی ئارێنت لەو شوێنانە پێکهات کە AFD و هاوڕێیانی پێیان وابوو کە ئەو شوێنانە ئاژاوەگێڕ و ماندووکەرن: لە حەشیمەتی پەنابەران، لەنێو تەڵەکەبازەکانی پەنابەرانی هەڵهاتوو، لەنێوان بێمافەکان، لەنێوان داماوەکان و، لەنێوان بزێو و یاخییەکاندا. ئەو “دەرکراوی خۆبژاردە” بوو، دەستەواژەیەک کە ئارێنت لە بێڕنارد لازاری، بیرمەندی ڕادیکاڵی جووی وەرگرتبوو، کەسێک کە لە دریفووسی فەڕەنسی فێر بووبوو کە تواندنەوە و یەکاندن هیچ پارێزگارییەک لەهەمبەر ڕاسیزمدا وەدی ناهێنێت. ئارێنت پێی وابوو کە پەنابەرە دوورخراوەکان “پێشەنگ”ی خەڵکەکەیانن و ئەو شانازی دەکرد کە لە نێوانیاندا بێت.
بۆ بەرەی ئارێنت تێگەیاندنی خەڵک، خۆی خەباتێک بوو بۆ ئەوەی تێبگەن کە ئەوەی ڕووی داوە تەنیا چارەڕەشی ئەوان نەبووە یان پرسێکی مرۆڤدۆستانە کە دەکرێ چارەسەر بکرێت، بەڵکوو گۆڕینی جیهانە، بەڵام ئەمڕۆکە چالاکوانانی دۆخی پەنابەران هەموویان بە باشی لەم دۆخە تێدەگەن.
“بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا هیچکەس نایەوێ بزانێت کە مێژووی هاوچەرخ، جۆرێکی نوێی لە مرۆڤی بەرهەم هێناوە، بە جۆریک کە لەلایەن نەیارەکانیانەوە دەنێردرێنە کەمپەکانی کاری زۆرەملێی و لەلایەن یارەکانیشیانەەوە دەنێردرێنە کەمپەکانی زیندان ئاسای پەنابەران”، ئەمە بەشێکە لە وتاری تاڵ و جوانی ئارێنتە بە ناوی “ئێمەی پەنابەر” کە لە ساڵی ١٩٤٣دا نووسی. دوای ئەوە کە ئارێنت لە ئەورووپا هەڵهات و بەرەو نیویۆرک ڕۆێشت، بەرەبەرە خۆی لەناو گرووپێکی ڕۆشنبیری ئەوێ دییەوە کە دەسبەجێ بوو بە گرینگترین گرووپی ڕۆشنبیری سەدەی بیستەم، کە کەسانێک وەکوو هانس جۆنز، ئیروینگ هوو، ڕۆبێرت لۆوێل، ڕانداڵ جاڕێڵ، مێری مەککارتی و دەبلیوئیچ ئاودێنی لە خۆ دەگرت.
ئارێنت حەزی لە جگەرەکێشان بوو بەو جۆرەی کە حەزی لە هاوڕێیانی بوو، حەزێکی ئاسایی و قووڵ.
پەنابەری جوویی دیکە بەناوی فرێد ستیین، وێنەیەکی بەناوبانگی لە ئارێنت گرت، وێنەیەک کە پیشاندەری بەهێزیی و جوانی ئارێنت لەو ساڵانەدا بوو: ئەو بە لاڕوومەتەوە، بە بەردەوامی چاوی بڕیوەتە داهاتوو، جگەرەیەکی لەنێوان قامکە درێژەکانی ڕاگرتووە و خۆڵەمێشەکەی شۆربووەتەوە. ئارێنت حەزی لە جگەرەکێشان بوو بەوجۆرەی کە حەزی لە هاوڕێیانی بوو، حەزێکی ئاسایی و قووڵ.
ئارێنت ئەو پێوەندیی و هاوڕێیەتییە نزیکەی لە نیوەی دووەمی ژیانی سەرەڕای نائارامییەکان لەگەڵ ناوبانگی ڕۆشنبیریی و گوماناوی بوونی هەڵوێستە گشتییەکان، ڕاگرت. ئەو لە ساڵی ١٩٧٥ لەنێو هاوڕێکانیدا دوای ژەمی ئێوارە ماڵئاوایی لە ژیان کرد. ئەم هاوڕێیەتییە و هاونشینییە بە هەمان ڕادە کە خۆیی بوو، جۆریک لە “بەڕەنگاری”ی و “سیاسی”ش بوو. “جۆریکی نوێ لە مرۆڤ”ی ئارێنت تەنیا قوربانییەکانی ژێر ئازاروئەشکەنجەکانی نازیی نەدەگرتەوە. پەنابەرە جووەکان هەر وەک پەنابەرەکانی ئیمڕۆکە لە ناوچەکانی باشووری جیهان لە ڕوانگەی کەسانی ترەوە وەک بوونەوەرانێکی زێدە دەژمێردران، “پاشماوەی زەوی”، پێناسەی کۆستلێر لە خۆی و میلیۆنان کەسی تر کە هاوشێوەی ئارێنت ڕێگەی پەنابەرییان پێوابوو. ئارێنت تەنانەت پێش ئەوەی کە ترس و تۆقین لە کەمپەکانی مردن ئاشکرا ببێت، دەرکی بەوەی کردبوو کە جیهان “هیچ شتێکی پیرۆز لە ڕووتبوونەوەی پەتی مرۆڤ نەدۆزیوەتەوە”. ئێستاش نەیدۆزیوەتەوە.
ئەمە تەنیا بە هۆی پڕۆپاگاندەی جەماوەری نەبوو کە خەڵک بێسۆز و خراپ بووبوون، بەڵکو هەروەها ئەنجامی دامەزراندنی جیهان لەناو دەوڵەت نەتەوەدا بوو. ئەو پێی وابوو کە کاتێک تاکێک لە وڵاتێک دەردەکرێت، لە هەموو وڵاتان فڕێ دەدرێت، “کە لە ڕاستیدا لە مرۆڤایەتی وەدەردەنرێت”.
مافی مرۆڤ شیاوی گوازتنەوە نەبوو. ئەمە بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە خۆیانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەی یەکدەستی ئێتنیکی ئامادە دەکرد، هەواڵێکی باش نەبوو، هەروەها کە بۆ جووەکان و کەمینەکانی تر ئەمە ڕوویدا کاتێک کە ئەورووپا دوای شەڕی جیهانی یەکەم بە دەوڵەت نەتەوەکانی نوێ دابەش بوو. و دیسان لە ساڵی ١٩٤٨ بۆ فەڵستینییەکان ڕووی دا. ئارێنت سەبارەت بە ئیسراییل تووشی کێشە و ئاڵۆزی بوو بەڵام دیسان زیرەک و وشیار بوو. ئەو نووسی: “لە ڕاستیدا وەکوو هەموو ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم، ڕێگاچارەی پرسی جوو تەنیا دەستەی نوێی لە پەنابەرانی، واتە عەرەبەکانی، هێنایە ئارا، بەوجۆرە ئەژماری بێوڵاتەکان و بێمافەکان گەیشتە حەفتسەد تا هەشتسەدهەزار کەس.”
تەنیا ڕێکخراوێکی سیاسی کە ناسیۆناڵیزم نەبێ یان ڕێکخراوێک کە ناسیۆناڵیزمی لە جێگا و قەوارەی خۆی جێگیر کردبێت، دەتوانێ “ماف”ی هەر تاکێک بۆ”خاەن مافبوون”، دەستەبەر بکات، کە بتوانێت قسان بکات و وەک بەشێک لە کۆمەڵگا بناسرێت. بێوڵاتبوون ئارێنتی فێری ئەوە کردبوو کە ئێمە مرۆڤبوونی خۆمان لە ڕیگەی هاوڕێیەتی، پێکەوە قسەکردن، کردەوە و لە هەمووان سەرتر لە ڕێگەی سیاسەتەوە دروست دەکەین. ئەو دواتر وتی: “ئێمە ئەو شتەی کە لە جیهان و لە خۆماندا ڕوو دەدا، ئینسانیی دەکەینەوە، لە ڕێگەی قسەکردن لەبارەیەوە و لە کاتی قسەکردن فێر دەبین کە مرۆڤ بین”.
هەروەها ئەو دەیزانی کە وانەی “مرۆڤبوون” لە سەردەمی “نامرۆڤبوون” سەختە و جاروبار نابێت. خەڵکانێک هەن کە گەمژانە حەزیان لە نیشاندانی هەڵەکانی ئارێنتە لەم بارەیەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ زۆربەی بیرمەندانی ژن بەم شێوە مامەڵە دەکەن، و تاڕادەیەکی زۆر سکاڵا سەبارەت بە هەڵەکانی ئارێنت لەبارەی پیاواندا هەیە. ئەوە ڕاستە کە دوو پیاوی جێ پرس و ئاماژە هەردووکیان نازیین: ئادۆڵف ئایشمەن کە بەڕێوبەری سەرەکیی کووشتنەکان بوو، ئەو کەسەی کە ئارێنت ڕاپۆڕتی دادگاییکردنی لە ئۆرشەلیم بۆ گۆڤاری “نیویۆڕکێر” نارد، ئەو بە شیکارییەکی هێمنانە بێئابڕوویی پەڕپووتی(هیچوپووچ) نەگریسیی مودێڕن دەردەخات؛ و هایدێگەر، کە لە ساڵی ١٩٣٣دا چووە ناو حیزبی نازی و بە پشتگیری ئەو حیزبە بوو بە سەرۆکی زانکۆی فڕایبۆڕگ. هایدێگەر نازییەکی هەلپەرەست و تاڕادەیەکی زۆر جێی بەزەیی بوو، بەڵام گومانێک لەوەدا نییە کە دژەجوو بوو. ئارێنت زۆر بەجێ ڕقی لە هایدێگەر هەڵسا؛ و دواتر زۆر نابەجێ لێی بوورا.
لە ڕاستیدا هایدێگەرێک کە ئارێنت لە کۆتاییدا لێگەڕابوو بگەڕێتەوە نێو ژیانی، (وەک زۆربەی پیاوانی بەساڵاچووی نوستالژیک بۆ ئەو شتەی کە جارێک لە ژیانیاندا بوون)، تا ڕادەیەک گەمژە بوو، خۆپەرەستێک کە ئارێنتی وەک “دارستان”ی خۆی ناوزەد دەکرد و لە ڕابردوویەک کە لەگەڵ ئارێنت بووە، ئەفسانەی ساز دەکرد. سۆز و دڵفڕێنی تاڕادەیەک جێسەرسووڕمانی نێوان ئەو دووانە، ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە پێوەندی ئارێنت لەگەڵ هاوژینی دووەمی واتە هاینریش بڵووشێڕ کە پیاوێکی زیرەک و قۆز بوو، نەبوو. ڕاستە کە بڵووشێر بۆ ژنانی دیکەش دڵڕفێن بوو بە تایبەت هاوڕێکانی ئارێنت، بەڵام ئارێنت لەمەشدا زۆر واقیعگەرا بوو. بڵووشێر لەسەر نووسراوەکانی ئارێنت، بابەتی دەنووسی و کاتێک چاوی لە ئارێنت دەکرد، چاوەکانی دەدڕۆشایەوە. ئەگەر ئەو لە کۆتاییدا لە هایدێگەر بوورا نەک بە هۆی ئەوەی کە پێویستی بە هایدێگەر بوو بەڵکوو، هایدێگەر بوو کە زۆرتر پێویستی بە ئارێنت بوو.
هایدێگەر ڕێوییەکی فێڵباز بوو کە دواتر ڕوون بووەوە کە هێندەش فێڵباز نەبووە، ئەو بە خۆبینی بە بیرکردنەوەکانی خۆی لەناو خۆیدا داوێکی بۆ خۆی تەنیبوو. لەلایەکی دیکەوە، ئایشمەن بە سەقەتبوونی تەواوی لە خۆناسینیی ڕەخنەگرانە، پیاوێکی جیاواز بوو. ئایشمەن لە لایەن مووسادەوە لە ئارژانتین دەسبەسەر کرا، کە فەرماندەی ئێسئێسی نازییەکان بوو و بەڕێوبەری گواستنەوەی جووەکانی ئەورووپا بۆ کەمپەکانی مردن بوو، کە لە ساڵی ١٩٦١ دادگایی کرا. ئارێنت بڕیاری دا کە بڕوات بۆ دادگا و ڕووبەروو چاو لەم “مێردەزمە زیندوو”ە بکات. ئارێنت پیاوێکی بینی کە لە پشت ژووری چکۆلە و شوشەییەکەی دادگا دانیشتووە و سارد و بیڕۆح و پەککەتوو لە وتنەوەی قسەی هیچ و پووچ و بێمانا بەڵام زۆر کلێشەیی. زۆرکەس ئارێنت تاوانبار دەکات کە بە تەواوەتی لە ناسینی ئایشمەن هەڵەی کردووە. بەڵگەکان نیشان دەدەن کە ئایشمەن بە باشی زانیویەتی کە چی دەکات: ئەو بەڕاشکاوی مرۆڤێکی خراپ بوو. بەڵام ئارێنت قەت نەیگووتووە کە ئایشمەن بێمێشکێکی دڵسافە، لە باتی ئەوە دەیگووت کە ئایشمەن خاوەن کەسایەتییەکی گاڵتەجاڕانە و کەسێکی “تەنیاوتەنیا” (merely) و بە شێوەی کارەساتبار کەمتەرخەمە. وشەی”تەنیاوتەنیا” ئاماژەیە بە بێفکریی و کەمتەرخەمییەکەی نە بە تاوانێک کە ئەنجامی داوە.
بیرکردنەوە وتووێژی دوو کەسە لەناو یەک کەسدا
ئارێنت دەڵێت بیرکردنەوە وتووێژی دوو کەسە لەناو یەک کەسدا، هیچکەس نایهەوێت کە لەگەڵ بکووژێک وتووێژ بکات جگە لە کەسانێک وەک ئایشمەن. مەبەستی ئارێنت لە پەڕپووتی خراپە(نەگریسی) ئەمەیە. کەمتەرخەمی و بێفکری وات لێدەکات کە ئاکامە ڕەوشتییەکانی ئەو کارەی کە دەتەوەێ ئەنجامی بدەی وەکوو بەکارهێنانی سیستەمی گواستنەوە بۆ گۆڕینی کەسەکان بۆ لاشەی مردوو، لە بەرچاو نەگرێت. ئایشمەن جۆرێکی نوێی تاوانبارە لە سەدەی بیستەمدا کە تەنیا بکوژێکی قڕکەر نەبوو بەڵکوو دوژمنی مرۆڤایەتی بوو چونکوو ئەو نە دەیدەتوانی و نە دەیویست کە جگە لە تێڕوانینی خۆی بڕوانێت و بیر بکاتەوە.
ئەمە فێڵبازییەکی شەیتانی نەبوو، بەڵکوو بێفکریی و کەمتەرخەمییەکی لەخۆبایانە بوو کە زۆرێکی مەحکووم بە چارەڕەشیی و ئێش و ئازار و مردن کرد. ئەمە ئەو بابەتە بوو کە ئارێنت تەواو بێوێنە لەبارەی سەردەمی خۆی پێگەیشت. کۆمەڵگایەکی ئەتۆمیزەکراو، پڕ لە میدیای گشتی لەگەڵ بوروکراتیزەبوونی ناڕێکی ژیانی ئێمە ئەم دیاردانە شیاو دەکات. ئێستاش درێژەی هەیە.
پارتی AFD بە هەڵە نەیگووت کە دەسەڵات مەترسیدار دەبێت کاتێک کە لێپرسینەوەی گشتی چیتر لەوێدا نەمێنێت. بەڵام ڕێک لەم کاتانەیە کە ئارێنت پێمان دەڵێت کە بۆ بەڕەنگابوونەوەی جەماوەری دەبێت زۆرتر لە بواری سیاسییەوە بیر بکەینەوە: “کاتێک کە هەمووان بێمێشکانە دەکەونە ژێر کاریگەری کردەوەکان و باوەڕەکانی تاکەکانی تر، ئەوانەی کە وادەزانن لە خۆشاردنەوە دێنەدەرەوە چونکە… بیرکردنەوە دەبێتە جۆڕێک لە کردەوە.”
ئارێنت نووسی کە درۆزنی هەمووکات لە سیاسەت بووە، ئەو شتەی کە نوێیە و بۆ کۆماری ئامریکایی مەترسیدارە درۆزنی نییە، بەڵکو بارودۆخێک بوو کە تێیدا درۆ لە ڕاستی جیا نەدەبووەوە.
ئارێنت ئەم وتانەی لە ساڵی ١٩٧١ نووسی. ڕووڕەشی بەڵگەکانی پێنتاگۆن هەر لە سەرەتایی ئەو ساڵەدا زڕا. ساڵی دواتر واتێرگەیت ڕووی دا، و ئارێنت وتاری “درۆزنی لە سیاست”ی نووسی. وتارێک کە ئێستا زۆرکەس پشتی پێ دەبەستێت. ئارێنت نووسی کە درۆزنی هەمووکات لە سیاسەت بووە، ئەو شتەی کە نوێیە و بۆ کۆماری ئامریکایی مەترسیدارە درۆزنی نییە، بەڵکو بارودۆخێک بوو کە تێیدا درۆ لە ڕاستی جیا نەدەبووەوە. فەکتەکان بەبێ هیچ بنەمایەک ئازادانە بڵاو دەبووەوە وەک هەڵخڵەتاندنی دوایین نارسیست، و ئەو شتەی کە بە ڕواڵەت نەشیانە و نابێت، وەک منداڵان لە کەمپەکان(کەمپی پەنابەری)، گلدانەوەکانی درێژخایەن، ناسیۆنالیزمی بێفکر و کەمتەرخەم، دیسان شیاو دەبن.
چۆن بەڕەنگاری بکرێت؟ چۆن بیرکردنەوە و تێفکرین بڕواتە ناخی کردە(ئەکت)وە؟ وتارێکی دیکەی ئارێنت لەبارەی “یاخیبوونی مەدەنی”یە. ئەو ئەم وتارەی بەم پرسیارە دەست پێ کرد: “ئاخۆ یاسا مردووە؟” ئارێنت هیچ جۆرە خەیاڵ و فانتێزیایەک سەبارەت بە داواکاری سەرتر لە یاسا یان دەسەڵاتدارێتی ڕەوشتییکەی بۆ جێبەجێبوونی کاری چاکەی لەسەردا نەبوو. گرینگ یاسا بوو چونکوو یاسا چیرۆکێکی ئێگزیستانسیاڵە کە چیرۆکی یاسای بنەڕەتی ئامریکای پێکەوە گرێ دەدا. هەر بە هۆی ئەم هۆکارەشە کە یاخیبوونی مەدەنی بۆ بەرگری لە یاسا دەبێت کردەوەیەکی سیاسی بەکۆمەڵ بێت: ئەمە کۆمەڵگای سیاسییە نە ویژدانی تاکەکەسی کە بەرەوڕووی مەترسییە. ئارێنت لە بزووتنەوەی خوێندکاری و دژی شەڕی ڤێتنام لە سەرەتاکانی ١٩٧٠ پشتیوانی کرد چۆن ئەو باوەڕی وابوو کە کردەوەکانیان کە لە دەرەوەی نەریتی سیاسی چاکەی بنچینەییە، شتێکی نوێ دەخوڵقێنن و ئەو هەمووکات بۆ ئەوان کاتی بوو کە پێیانی دەگووت “خەڵکی نوێ”.
ئەو هەروەها تێگەیشتبوو کە یاسا، وەکوو سیستەمی کۆماری خۆی لەسەر بنەمای توندوتیژی، ڕەگەزپەرەستیی و داگیرکاری دامەزراوە. پرسیاری پڕکێشەی دیکە لە ناخی ئەم وتارەوە پرسیاری ئێستاشە: بۆ دەبێت لە یاسایەک بەرگری بکرێت کە لەسەر بنەمای بێبەریکردن دامەزرابێت؟ بە شێوەی بەربڵاوتر، چی ڕوو دەدات کاتێک ئەوانەی کە بە “خەڵکی زێدەی جیهان”، ناوزەد دەکرێن وەک دوورخراوەکان، پەنابەران، کۆچبەران، خەڵکی ڕەشپێست و ڕەنگاڵەپێستەکان، بێمافەکان، بیرکردنەوەکانیان بە کردەوەی سیاسی بگۆڕن؟
ئارێنت لە کۆتایی سەدەی بیستەم لە ئامریکادا نەیدەتوانی وڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، چونکە ئەو نەیدەتوانی بە شێوەی خۆی بیر لە سیاسەتی گۆڕدراوی چالاکی و خەباتی ڕەشپێستەکان بکاتەوە. هەرچۆنێک بێت ئەوە تەنیا پیاوەکانی نازی نەبوون کە لەبارەیانەوە هەڵەی دەکرد بەڵکوو ئەو هەڵەشی سەبارەت بە ئێلیزابێت ئێکفۆرد، ژنێکی لاوی ڕەشپێست هەبوو. ئێکفۆرد کچێک بوو کە بۆ بە یاساییکردنی مافی بەرامبەر لە خوێندن و نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی لە قوتابخانە و زانکۆدا لەنێوان هەراوهاواری خەڵکی سپیپێست لە وێنەیەکدا لە ساڵی ١٩٧٥ لە شاری لیتڵ ڕاکی ئارکانساس دەرکەوت.
ئارێنت دەڵێت کە ئێکفۆرد لەو تەمەنە کەمەدا نابێت هەڵگری ئەو بارە سیاسییە ببێت و پەروەردە بابەتێکی کۆمەڵایەتییە و لە بنەڕەتدا تایبەتییە. ڕالف ئێلیسۆنی نووسەر لە وڵامدا دەڵێت کە منداڵانی ڕەشپێست لە باشووردا هەر لەو ڕۆژەی کە لە دایک دەبن چ خۆیان و چ دایک و باوکیان، چ حەز بکەن و چ حەز نەکەن، هەڵگری ئەو بارە سیاسییەن. ئارێنت بێدەنگ دەبێت. ئەوە یەکێک لەو دەگمەن کاتانە دەبێت کە لە داوەریکردن لە ڕوانگەی کەسێکی ترەوە سەرناکەوێت.
ئێمە ناتوانین گومان بکەین کە ئارێنت سەبارەت بە سیاسەتی ئێستای ئێمە چۆن بیری دەکردەوە، و ئەو ڕێز لە هەوڵەکانی ئێمە ناگرێت چۆن ئەو دەیگووت کە بۆ خۆتان بیر بکەنەوە. بەڵام ئەو ئێمەی بە پەیامێکی گرینگ بەجێهشت: چاوەڕوان بن و ئامادە بن بۆ خراپترینەکان، بەڵام بۆ شتی باشتر بیربکەنەوە و کردەوەتان هەبێت. ناکرێ هەمووکات دەکرێ(نەشیان هەمووکات شیان دەبێ).
سەرچاوە: لە سایتی: https://www.newstatesman.com/culture/books/2019/03/hannah-arendt-resurgence-philosophy-relevance