پاش ٢٥٠ ساڵ: فەلسەفەی ئازادی لە موزیکی بێتهۆڤندا

لە ئینگلیزییەوە: سەعد هەورامی

پاش ٢٥٠ ساڵ لە لەدایکبوونی بێتهۆڤن(١٧٧٠-١٨٢٧)دا

ئازادی لە موزیکی بێتهۆڤندا، لە چەندین شێوەدا دەردەکەوێت: وەک ئازادی قارەمانانە لە ئیرۆیکا (١٨٠٣)، ئازادی لە ستەمی سیاسی لە ئیگمۆنئۆڤەرتۆردا (١٨١٠) و لە سەمفۆنیای نۆیەم (١٨٢٤)یشدا وەکو ئازادی هونەری و ڕۆشنگەری دەبینرێت.

ئەمڕۆ موزیکی بێتهۆڤن بە قووڵی تێکەڵ بە مرۆڤایەتی بووە، کە لە ناخی خۆیدا بنەماکانی ئازادی و سەربەخۆیی خودی هەڵگرتووه .

موزیکی ئەو، لە سه ردەمی ڕۆشنگەری ئەورووپادا گەشەی سەند، سەردەمێک کە عەقڵی مرۆڤ لە چەقی زانیاریدا بوو. ئیمانوێل کانت فەیلەسوفی ئەڵمانی سەردەمی ڕۆشنگەری مانای توانای درکی کەسیی بەبێ وەرگرتنی ڕێنمایی لە کەسانی دیکە دەزانی .

ڕۆشنگەری کاتێک بەدیدێت کە لە ئازادی عەقڵی خۆمان سوود وەربگرین بۆ دیاری کردنی چۆنییەتی شێوازی ژیانمان. ئەم پرۆسەی یاسادانانە دەروونییەش لەسەر بنەمای عه قڵ لە دیدی کانتەوە، هەمان بنەما و ئیرادەی ئازادییە.

گیۆرگ هیگڵ کە لە هەمان سەردەمی کانتدا بوو و فەیلەسوفی ئازادی و سەربەخویی و عه قڵ بوو. هیگڵ بە هەمان شێوەی کانت کەسێکی بە ئازاد دەزانی کە لەسەر بنەمای عەقڵی خۆی شتەکان هەڵبژێرێت. هیگڵ ڕەهەندێکی دیکە بۆ ئازادی کۆمەڵایەتی زیادکرد کە بە بۆچوونی ئەو بەرجەستەبوونی ئازادی ئیرادەیە. ئەو لە کتێبی فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح (١٨٠٧)دا ئازادی بە ”باڵاترین ئامانجی ڕۆحی مرۆڤ” پێناسە دەکات.

موزیک وەک ئیرادە

فەلسەفەی سەدەکانی ١٨ و ١٩ی زایینی ئەڵمانیا، زەمینەی خۆش دەکرد بۆ دۆزینەوەی ئازادی ڕۆح و عەقڵ و ئیرادەی مرۆڤ و بتهۆڤنیش لەو بوارەدا و کاری موزیکی دەکرد. بێتهۆڤن ئارەزووی ئەو ڕۆحی ئازادییەیەی هەبوو و لە نامەیەکدا لە ساڵی ١٨١٩ دەنووسێت: ”ئامانجی ڕاستەقینەی ئێمە لە جیهانی هونەر، ئازادی و پێشکەوتنە، بە هەمان شێوەی جیهانی دروستکردن”.

blank
مینۆمێنتی بێتهۆڤن(١٧٧٠-١٨٢٧) کە پێکەرێکی گەورەی لە برۆنز دروست کراوە لە ساڵێ ١٨٤٥ لە شاری (بۆن)ی ئەڵمانیا دانراوە.. فۆتۆ: هاوار محەمەد، نووسەر و وەرگێڕی کورد

بۆ تێگەیشتن لە شێوازی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان موزیکی بێتهۆڤن لەگەڵ فەلسەفەی ئازادی، دەبێت سەرنجی ئەو هۆکار بدەین کە بووەتە هۆی سەرنج ڕاکێشانی کەسەکان بۆ موزیکی ئەو، سەرنج ڕاکێشانێک کە خۆی ناسێنەری ئیرادەی ئازادی بوو.

بۆ ئارسەر شوپنهاوەر فەیلەسوفی ئەڵمانی، سەمفۆنیاکانی بێتهۆڤن بەیانێکی ڕاستەوخۆ بوو لە ئیرادەی ئازادی: “وێنەیەکی ڕاست و دروست لە سرووشتی جیهان که چەندین شێوازی جیاواز لە خۆی دەگرێت.”

ئەو ئیرادەیەی کە شۆپنهاوەر لە بەرچاوی دەگرت، لەسەر بنەمای درکی ئەرستۆ لە ڕۆح ڕاوەستابوو، کە بە جوڵەی ژیان دەژمێردرا. بە بۆچوونی دانێڵ جوئای موزیکناس، ئەو دیدگا ئەرستۆییە لە بواری توانایی جوڵەی نەفس، خاڵی بنەڕەتی لە ئەندێشەی موزیکی سەدەی نۆزدەیەمە. ئازادی و ئیرادە، بە شێوازێکی جۆری دەبووە جوڵەی درک و موزیکی بێتهۆڤن لە هەر موزیکێکی دیکە زیاتر جوڵەخولقێنەر بوو. بە تایبەت سەمفۆنیاکانی بێتهۆڤن، لەبەر جوڵەی نمایشیی خۆی، بەیانێک بوون لە ئیرادەی خولقێنەری ئازادی و چارەنووس.

نیتچەی فەیلەسوفی ئەڵمانی لە کتێبی لە دایکبوونی تراژیدی(١٨٧٢) موزیکی بێتهۆڤن بە سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ئیرادەی مرۆڤ پێناسە دەکات.

ڕیچارد ڤاگنەر، ئاوازدانەری ئەڵمانیش وەکو شۆپنهاوەر موزیکی بێتهۆڤنی وەکو بەیانێک لە ئیرادەی مرۆڤ باس دەکرد. ئەو  بە ئاماژەدان بە یەکێک لە چوارینە بەناوبانگەکانی بێتهۆڤن، ئەو بە ”سەمای تەواوی جیهان” ناو دەبات. نیتچەی فەیلەسوفی ئەڵمانیش لە کتێبی لە دایکبوونی تراژیدی(١٨٧٢) موزیکی بتهۆڤن بە سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ئیرادەی مرۆڤ پێناسە دەکات.

بێتهۆڤن دەیتوانی کرۆکی ئازادی مرۆڤ لە چوارچێوەی دەنگدا بەیان بکات و، جێگەی سەرسوڕمان نییە کە خۆیشی وەکو موزیکەکەی وەکو ئەفسانەی ئازادی بەخش بناسرێت. کەسایەتی بێتهۆڤن چ ئەو کاتەی کە لە ژیاندا بوو و چ دوای ئەوەش، هەمیشە وەکو هونەرێکی مەزن لەسەر زارەکان بوو: نوێگەرێکی داهێنەر و سەرکێش کە موزیکی لە چێوەی سوننەتی ئازاد کرد.

بێهتۆڤن پیاوێک کە موزیکی ئازاد کرد

نووسەرانی دیکەش لەو چوارچێوەیەدا شتی جیاوازیان وتووە. بۆ نموونە ڤاگنەر، بێتهۆڤن بە کریستۆف کۆڵۆمبس دەچوێنێت کە دەریای موزیکی لە ڕووناکیدا بینی و دۆزینەوەی نوێی لە سەمفۆنیای نۆیەمدا ئەنجام دا. لە سەدەی بیستەمدا ڕۆبەر شافلەر، میوزیکزان و ژیاننامەنووسی ئەمریکایی لە بابەتێکدا لە ساڵی ١٩٢٩، بێهتۆڤن وەکو ”پیاوێک کە موزیکی ئازاد کرد” ناو دەبات.

چێژی ئازادی

میراتی بێتهۆڤن لە ئازادی هونەر، لە ”سروودی ئازادی” لە سەمفۆنیای نویەمدا زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکە دەردەکەوێت و ماوەتەوە، کە لە ڕاستیدا دەرکەوتنی یەکەمین مۆسیقای کۆراڵ بوو لە سەمفۆنیادا.

هەروەها کۆرسی سەمفۆنیاش ئاهەنگی دیداری خۆی لەگەڵ ئافرێنەرەکەی دەگێڕێت، کە “بە دڵنیاییەوە لەنێوان ئەستێرەکاندایە”. ئەم وێنەیەش زۆرجار پەیوەندی هەیە بە نووسینەکانی بێتهۆڤن لە دەفتەری یاداشتەکانی لە شوباتی ١٨٢٠:

یاسای ئەخلاقی لەناو ئێمەدا و لەسەر ئێمەوه ئاسمانی پڕ له  ئەستێرەیە. کانت!!!

بە مانایەکی دیکە، شێعری شیلەر وێنەی ئیرادەی مرۆڤ و باڵا بۆ بێتهۆڤن پێشنیار دەکات. چێژ لێرەدا تێگەیشتنی ئەخلاقە وەک ئازادی .

موزیکی بێتهۆڤن لە بنەڕەتدا دەنگی ئازادی مرۆڤ بووە. ئازادی عەقل، ڕۆح و دەروونی ئێمە.

بۆ هەندێک، دانانی ئاواز بۆ شیعرەکانی شیلەر(شاعیری ئەڵمانی)، ناسێنەری شادییە لە یەکێتی و برایەتی مرۆڤدا. شیلەر بۆ بێتهۆڤن ئیلهام بەخشی وێنەیەکە لە ئیرادە کە هەم مرۆڤانە و هەمیش ئیرادیەکی باڵایە. لێرەدا شادی واتە چەسپاندنی ڕەوشتەکان لە چوارچێوەی ئازادی مرۆڤ.

لە دوای تێپەڕبوونی ٢٥٠ ساڵ بەسەر لە دایکبوونی بێتهۆڤن، موزیکی ئەو هێشتا لە قووڵایی ناخی بیسەرەکانیدا ئەزموونی ئازادییە. ئازادی ئیرادە بەردەوام لە ناوەندی موزیکی بێتهۆڤندا هەبووە و موزیکی ئەو لە بنەڕەتدا دەنگی ئازادی مرۆڤ بووە. ئازادی عەقل، ڕۆح و دەروونی ئێمە.

سەرچاوە:

https://theconversation.com/beethoven-250-how-the-composers-music-embodies-the-enlightenment-philosophy-of-freedom-151888