تۆشیۆ سائیکی؛ پێشەنگی ژانری ئیرۆ-گۆرۆ

ناساندن و بەرهەمەکانی

هونەرمەندی شێوەکار تۆشیۆ سائیکی Toshio Saeki (1945- 2019)، بە پێشەنگی ژانری (ئێڕۆ-گورۆ Ero Guro) دادەنرێت، کە ئێرۆ-گورۆ ڕێبازێکی هونەری و ئەدەبی ژاپۆنییە کە لە سەرەتاکانی سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە سەری هەڵداوە.

سائیکی لە ساڵی ١٩٤٥ لە شاری میازاکی لە ژاپۆن لە دایک بووە. هەر بە مێردمناڵی خۆی فێری نیگارکێشان کردووە و، پاش تەواوکردنی زانکۆ لە گرافیک و وێنەکێشانی ڕێکلامی کار دەکات و لە ساڵی ١٩٦٩ دەڕواتە تۆکیۆی پایتەخت و لەوێ ستایلی کارکردنی خۆی دەدۆزێتەوە و ساڵێک دوای ئەوە بە سوود وەرگرتن لە وێنەکێشان و میناتۆری کۆنی ژاپۆنی و چیرۆکە سەیروسەمەرە کۆنە پر لە کابووس و خێوەکانی ژاپۆن کار لە ستایلەکەیدا دەکات و کۆمەڵێ وێنە دەکێشێتەوە کە زوو سەرنجی خەڵک و بەردەنگ بۆ لای خۆی ڕادەکێشت. ئەو ژانرەی کە سائیکی کاری لەسەر دەکات، ژانری ئێڕۆ-گوڕۆ یان ئیرۆتیک- گرۆتێسکی کە هەندێ لە هونەرمەندانی ئەو بوارە لەژێر کاریگەری “ژۆرژ بەتای و مارکی دۆ ساد” بەرهەمەکانیان خوڵقاندووە و بەم ژانرە جیهان ڕاڤە دەکەن کە پێکهاتەکانیان ئاخێنراوە بە مردووەکان و گرۆتێسکەکانییەوە کە لە کۆتاییدا ئیماژێکی کۆمیدیی کابووساوی لێوە دێتە ئارا. ئەم ژانرە کە لە ناونیشانی وتارێکی دەزگای وەشانی کۆرنێلیوسدا ئاماژەی پێدراوە لەگەڵ ناساندنی یەکێ لە پێشەنگەکانی ئەوە ژانرە لە شێوەکاریدا، کە تۆشیۆ سائیکییە، لە کۆتایی وتارەکەدا بە پشت بەستن بە ڕای خودی هونەرمەندەکە ئاماژە دەدرێ بەوەی کە ئەم ژانرە دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن واتە هەمان (ئیرۆس Éros) و (تاناتۆسThanatos)ن.

***

چیرۆکە وێنەی (سەندوقی سوور) یەکێک لە بەرهەمەکانی تۆشیۆ سائیکییە کە دەزگای وەشانی کۆرنێلیوس بۆ جارێکی تر لە مارسی ٢٠١٩ وەکو دووەم بەرهەمی خۆی بڵاوی کردەوە. لە پێشەکییەکەیدا کە ژان لوی گۆتێی نووسیویەتی، ئاماژە بە ژیاننامەی ئەو هونەرمەندە و بەرهەمەکانی دەکات. تۆشیۆ سائیکی لە ساڵی ١٩٦٩ لە گۆڤاری ئیرۆتیکی SM وێنە و بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە. دواتر لە ١٩٧٠ بۆ دۆزینەوەی ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی، ڕوو لە تۆکیۆی پایتەخت دەکات و دوو بەرهەمی خۆی بە ناوی Saeki Toshio Sakuhin Shuu(1970)  لە Agleman Publishing ئەوەیتریان بە ناونیشانی Saekitoshio Gashuu(1971)  لە Gakugei Shorindrawing books  بڵاو دەکاتەوە.

لە ساڵی ١٩٧٠ دەزگای چاپەمەنی هاگا شوتن کە پێشنیار دەدات بە تۆشیۆ سائیکی بۆ بەرهەمهێنانی کتێبێک کە دواتر دەبێت بە ناوبانگترین بەرهەمی ئەو، واتە سەندوقی سوور کە لە ساڵی ١٩٧٢ دەکێشرێت. ئەم بەرهەمە ڕەنگدانەوەی هەندێ لە ڕووداوەکانی نێو ژیانی خودی هونەرمەندەکەن، کە ئەو کاتە تازە ژنێکی ناسیوە، کەسێک (کە کێشەی دەروونی هەبووە) دوای ژنەکە کەوتووە و، هەڕەشەی کوشتنی لە ژنەکە و سائیکی کردووە، ئەو هەڕەشە و دواکەوتنەی ئەو شێتە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەیانشڵەژێنێ، بۆیە تۆشیۆ سائیکی لەگەڵ ژنەکەدا، خۆیان لە هۆتێلێک حەشار دەدەن کە شێڵتەری سۆزدارەکانە و لەوێ عاشقان پەناگەیەکی ئارام بۆ مانەوە و پاراستنی ئاسایشی ژیانیان دەستەبەر دەکەن. لە ماوەی دوو مانگی مانەوەیان لەو هۆتێلەدا، تا ئەو کاتەی کە شێتەکە دەیاندۆزێتەوە و پەلاماری ژنەکە دەدات کە بیکوژێ، بەڵام سەرکەوتوو نابێت و، لە کۆتاییدا خۆی دەکوژێ، تۆشیۆ سائیکیی هونەرمەند لەسەر مێزێکی بچووک، کتێبەکەی لە ژێر کاریگەری کەش و هەوای ژیانی پڕ لە دڵەڕاوکێیان دەکێشێتەوە کە لە لوتکەی دراماتیکی تەواو دەبێت. جێگەی پەنجەی ئەو چیرۆکە تایبەتەی ژیانی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە وێنەکان نمایش کراون هەڵبەتە لە بەرگی پاڵەوانێک بە ناوی کەنجی. هەروەکوو لە مانشێتی کۆرنێلیوس ”تۆشیۆ سائیکی، پاڵەوان، رابەری ئێرۆ-گورۆ” دەردەکەوێت خودی سائیکی هەمان پاڵەوانی چیرۆکەکەیە واتە کەنجی.

ئەم بەرهەمە لە ساڵی ٢٠٠٧ بە شێوازی ئۆفسێت لە Publishing Waira بڵاو دەکرێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٩ بە دەستکاری و ڕەنگی تایبەتی و ڕاستەقینەوە لەلایەن کۆرنێلیوس چاپ دەکرێتەوە ئەو بەرهەمەی بەردەنگ ڕاستەوخۆ دەباتە ناو فەزایەکی پڕ لە ترس، ئیرۆتیسم و کۆمیدیای ڕەش.

 بۆچی هەوادارانی تۆشیۆ سائیکی بە پەرۆشن بۆ کارەکانی؟

جێگەی ئاماژەیە یەکەم نمایشی تابلۆکانی لە ساڵی ١٩٧٠ لە وێستگەی شەمەندەفەری سانت لازاری شاری پاریسدا بووە. سائیکی خاوەن بیست کتێبی چیرۆکە وێنەییە و زیاتر لە چل پیشانگای بۆ وێنە و تابلۆکانی لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئەمریکا و بە تایبەتی لە تایوان کردووەتەوە. لە ساڵانی ١٩٨٠ تاکو ١٩٩٠ لە ئەمریکا هەوادارەکانی پەیتا پەیتا زۆرتر بوون، لە دوای کاری بۆ ڕۆمێن سلۆکۆمب بە بڵاوکردنەوەی ژاپۆنیڕۆحلە ١٩٩٠ لە وڵاتی فەڕەنسا، لە ژاپۆن بە شێوەیەکی فراون بووە خاوەنی بەردەنگ و هەواداری زۆر. خۆشەویستی خەڵکی بۆ بەرهەمەکانی بە ڕادەیەک ڕوو لە هەڵکشان بوو و زوو بووە هونەرمەندێکی خۆشەویستی ژاپۆنییەکان و چووە ڕیزی سویهیرۆ مارۆ و هیدشی هینۆ.

***

فێدێریک ‌هۆژلۆ لە ساڵی ٢٠١٦ لە بەرنامەی تڕاکی کەناڵی Arte چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ تۆشیۆ سائیکی ساز داوە کە لە وەڵامی پرسیارەکاندا ددان بە هەندێ شتی جێی سەرنجدا دەنێت. هونەرمەندەکە ئاماژە بە کڕیارەکانی وێنەکانی لە سەرەتای کارکردنیدا دەدات و دەڵێ زۆربەیان کوڕی گەنج بوون و بۆ دەستپەڕکردن داوایان لێ کردووە، کە ئەو وێنانەیان بۆ بکێشت. ئاماژە بەوەش دەدات کە ڕێسا و یاساکانی ژاپۆن ڕێگر بوون لەوەی کە وێنەی کۆئەندامی زاوزێ بکێشێت، چوونکە بە گوێرەی رێسا و یاساکانی ژاپۆن نابێت بۆ هیچ مەبەستێک تەنانەت هونەریش، کۆئەندامە سێکسییەکانی زاوزێ بە ڕوونی وێنە بکێشرێنەوە. سائێکی ددان بەوەش دادەنێت کە سەرەتاکانی کارکردنی بە تایبەت لە سەردەمی کێشانی وێنانەکانی ناو سەندوقی سوور هیچ ئەزمونێکی سێکسی نەبووە بۆیە بۆ کێسانی وێنەی ئیرۆتیکی و وێنە داواکراوەکان، پەنای بردۆتە بەر خەیاڵاتی خۆی بە تایبەتی ئاوێتەکردنی ئەفسانە و چیرۆکەکانی کۆنەکانی شونگای شێوەکاری ئیرۆتیکی سەدەی شانزدەهەم، هەروەها یۆگای گای سەدەی نۆزدەم (ئیماژی شەبح و خێوەکانی ناو چیرۆکە کۆن و فۆلکلۆرییە ژاپۆنییەکان) یارمەتیدەری بوون لە کێشانی وێنەکان و گەشەدان بەم ژانرە.

تۆشیۆ سائیکی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو باوەڕی بەوەیە هونەرمەنی ڕاستەقینە دەبێ دەستکاری زەوق و سەلیقەی بەردەنگ و بینەر بکات و بە گژیاندا بچێتەوە. بۆیە پێی وایە پێویست ناکات باسکردنی بەشی خوارەی خۆمان بشارینەوە، چونکە ئەوێ کەسایەتی ئێمەیە و بێمانایە ئەگەر بیشارینەوە. هەروەها باسی ئەو مقۆمقۆیانەش دەکات لە کاتی نمایشکردنی بەرهەمەکانی گوێبستیان بووە. ئینجا ئاماژە بەوەش دەکات کە لە سەرەتاکانی کارکردنی بەردەنگەکانی هەمووی پیاو بوون و بەڵام ئێستا نیوەی بەردەنگەکانی ژنن.

هەر ئەوەندە بەسە کە چەند پەڕەیەکی ئەو کتێبە هەڵبدرێتەوە، تێدەگەین کە بۆچی هەواداری سەرسەختی بە دەستهێناوە. هەرچەندە نیگارەکانی واقیعی نین بەڵام بە دوور نین لە ئەگەری بەدیهاتنیان. وەکو ئەوەی لە کاتی کابووسێک دەبینرێت. لە وێنەکانیدا ئاوێتەیەک لە کەسە دێرینە ژاپۆنییەکان و بوونەوەرە خەیاڵییەکان کە پیشاندەری دڵەراوکێی و  توڕەیی و نێوچەوان گرژی کەسەکان، وێنەکێشراون. حاڵەتەکانی کە کێشراون بڕی جار بێشەرمانەن، بەڵام هەمیشە سەرسووڕهێنەرن بە جۆرێک وا دەردەکەوێت کە پاڵەوانەکە عاجاباتییەکە و بەو جۆرە سێکس و وروژوانی خۆی دەربریوە و لای بینەر گرژبوونێک دروست دەکات.

***

هەموو ڕەنگێک، ماتریاڵ و شمەکێک، تەنانەت خانوو و شوێنێک، ئاژەڵ و گیانلەبەرێک (کە ڕۆڵێکی هوشمەندانە و هەندێکیان پیسیان دراوەتێ) ئیماژ و ڕەمز زمانێکی تایبەتە بەو هونەرە و ژانرە و بە تایبەت تر هونەرمەندەکە. جگە لە دیوە سادیزمە چێژگەراییەکەی کە لە زۆرینەی بەرهەمەکانی سائیکی دەبینرێ و زۆرتریش خۆشیبەخشە (مەبەست لە سیمای کارئەکتەرەکانی وێنەکان خۆشیبەخشییەکە دەبینرێ)؛ دەبێ ئەوەشمان بیر نەچێ کە مەیلی سێکسی توندوتیژانە بەشێکی گرنگە لە کولتووری ژاپۆنی، بۆیە دەکرێ هەم وەک کاریگەری ئەو کولتوورە لەسەر ئەم هونەرمەندە و ژانرە هونەرییەکە خوێندنەوەی بۆ بکرێ، هەم دەکرێتیش بۆ هەندێ بەرهەمی وەک بە گژاچوونەوەی ئەو کولتوورە راڤە بکرێن. ئینجا جگە لە خێۆ و دێۆ و بوونەوەرە سەیر و سەرمەرەکانی تر، کارئەکتەرەکانی کە لە هەندێکیاندا دوو بەرەن بەرەی خێر کە زۆرتر ساموراییەکانی کردوەتەوە ڕەمز و بەرەی شەڕ کە ئانی و تەنگۆکانن(دوو جۆر ئیبلیسی ناسراوی ژاپۆنین).

 تێبینی: جگە لەوەی کە نابێت کەسانی خوار ١٨ ساڵ سەیری بەرهەمەکان بکەن، ڕەنگیشە ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمانە بۆ تۆ ناخۆش بێت.

سەرنجێک بنوسن