بارانێ بەخووڕ وا دادەکا

لە ئینگلیزییەوە: هیوا قۆچاڵی

ئای، ئەوە لەکوێ بووی، کوڕیژگەی چاوشینم؟

ئەوە لە کوێ بووی، نازداری خنجیلانەم؟

من لە هەڵدێری دوازدە شاخی تەماوی خزاوم

لەسەر شەش تیژەڕێی* خواروخێچ رۆیشتووم و گاگۆلکێم کردووە

پێم ناوەتە ناوەڕاستی حەوت دارستانی خەمگین

چوومەتە بەردەم دەرزەنێ زەریای مردوو

دە هەزار میل رۆچوومە نێو زاری گۆڕستانێ

بەخووڕیشە، بەخووڕە، بەخووڕە، بەخووڕە

بارانێ بەخووڕ وا دادەکا



ئای، چیت بینی، کوڕیژگەی چاوشینم؟

ئەرێ چیت بینی، نازداری خنجیلانەم؟

مەلۆتکەیەکم بینی گورگ چواردەوریان گرتبوو

تیژەڕێیەکی تژی ئەڵماسم بینی کەسی لەسەر نەبوو

چڵێکی ڕەشم بینی هێشتا خوێنی لێ دەتکا

ژوورێکی پڕ پیاوم بینی تەوریان خوێنی لێ دەهات

پێلیژەیەکی** سپیم بینی ئاو دایپۆشیبوو

دە هەزار زۆربڵێم بینی گشتیان زمانیان شکابوو

تفەنگ و خەنجەری تیژم لە دەستی منداڵاندا بینی

بەخووڕیشە، بەخووڕە، بەخووڕە، بەخووڕە

بارانێ بەخووڕ وا دادەکا.



ئەی چیت بیست، کوڕیژگەی چاوشینم؟

ئەی چیت بیست، نازداری خنجیلانەم؟

دەنگی هەورەتریشقەیەکم بیست هۆشدارییەکی نەڕاند

نەڕەی شەپۆلێکم بیست دەیتوانی جیهان بخنکێنێ

سەت تەپڵژەنم بیست دەستیان قرچێنەر بوو

دە هەزار چرپەم بیست و کەس گوێی نەدەگرت

گیاندانی برسییەکم بیست، قاقای زۆر کەسیش دەبیسترا

گۆرانی شاعیرێکم بیست کە لەنێو ئاوەڕۆیەک مرد

دەنگی گاڵتەجارێکم بیست لە کۆڵانێ دەگریا

بەخووڕیشە، بەخووڕە، بەخووڕە، بەخووڕە

بارانێ بەخووڕ وا دادەکا.



ئەی چاوت بە کێ کەوت، کوڕیژگەی چاوشینم؟

چاوت بە کێ کەوت، نازداری خنجیلانەم؟

چاوم بە منداڵێک کەوت لە تەنیشت جوانووێکی مردار

پیاوێکی سپی پێستم بینی، سەگێ ڕەشی ڕادەکێشا

چاوم بە ژنێکی گەنج کەوت لەشی دەسووتا

چاوم بە کچێکی گەنج کەوت، پەلکەزێڕینەی دامێ

چاوم بە پیاوێک کەوت لە ئەڤیندا بریندار بووبوو

پیاوێکی دیکەم بینی برینداربوو بە ڕق

بەخووڕیشە، بەخووڕە، بەخووڕە، بەخووڕە

بارانێ بەخووڕ وا دادەکا



ئەی ئێستا چ دەکەی، کوڕیژگەی چاوشینم؟

ئەی ئێستا چ دەکەی، نازداری خنجیلانەم؟

من دیسان دەردەچم پێش ئەوەی باران دابکا

تا جەرگەی قووڵترین دارستانی ڕەش دەڕۆم

لەوێ کە خەڵک زۆرن و دەستی هەموویان بەتاڵ

لەوێ کە دنکی ژەهر شۆڕدەبێتەوە نێو ئاوەکانیان

لەوێ کە ماڵی نێو ئەو دۆڵە بەرامبەر زیندانێکی پۆخڵە

ڕووخساری جەلادیش هەمیشە باش داپۆشراوە

لەوێ کە برسێتی دزێوە، لەوێ کە گیان لەبیرکراوە

لەوێ کە ڕەش رەنگە، لەوێ کە هیچ ژمارەیە

منیش دەیڵێم و دەیهزرێنم و دەیقسێنم و هەڵیدەمژم

لە سەر چیا دەیدەمەوە تا هەموو گیانەکان بیبینن

دواتر لە ڕۆخی زەریا دەوەستم تا نقووم دەبم

بەڵام من گۆرانی خۆم باش فێردەبم پێش ئەوەی دەستبکەم بە چڕین

بەخووڕیشە، بەخووڕە، بەخووڕە، بەخووڕە

بارانێ بەخووڕ وا دادەکا.


*تیژەڕێ: Highway، ئۆتۆبان،
**پێلیژە: پەیژە

لینکی گۆرانییەکە:

photo_٢٠٢١-٠١-٢٧_٠٨-٣٤-١٦

سەرنجێک بنوسن