ئەو هێمنە، هەروەها منیش

لە عەرەبییەوە: دلێر محەمەد

ئەو هێمنە، هەروەها منیش
ئەو چای تێکەڵ بە لیمۆ دەخواتەوە،
منیش قاوە
ئەوە جیاوازی نێوانمانە
ئەو وەک من کراسێکی خەتخەتی فراوانی پۆشیووە
منیش وەک ئەو ڕۆژنامەی ئێواران دەخوێنمەوە
ئەو چاوی لە من نییە، کاتێ بە دزییەوە لێی دەڕوانم،
منیش ئەو نابینم وەختێ بە دزییەوە تەماشام دەکات،
ئەو هێمنە، هەروەها منیش.
شتێک لە گارسۆنەکە دەپرسێت،
شتێک لە گارسۆنەکە دەپرسم
پشیلەیەکی ڕەش بە نێوانماندا تێدەپەڕێت
دەست بە تووکە تاریکەکەیدا دەهێنم
دەست بە تووکە تاریکەکەیدا دەهێنێت
من پێیناڵێم: ئاسمانی ئەمڕۆ ساماڵ و
گەلێ شینە
ئەویش پێمناڵێ: ئاسمانی ئەمڕۆ ساماڵە
ئەو بینراو و بینەرە
منیش بینراو و بینەرم
قاچی چەپم دەجووڵێنم
قاچی ڕاستی دەجووڵێنێ
ئاوازی گۆرانییەک دەڵێمەوە
ئاوازی گۆرانییەکی وەک ئەوەی من دەڵێ
بیرلەوە دەکەمەوە: داخۆ ئەو ئاوێنەیەکە، خۆمی تێدا ببینم؟



پاشان بەرەو لای چاوەکانی دەڕوانم،
بەڵام نایبینم…
خێرا کافتریاکە بەجێدەهێڵم،
بیر لەوە دەکەمەوە: لەوانەیە ئەو بکوژ بێت، یان ڕەنگە،
ڕێبوارێ بێت و وایزانیبێت من بکوژم،
ئەو ترسابوو، هەروەها منیش!

photo_٢٠٢١-٠١-٢٨_١١-٠٤-٥١

سەرنجێک بنوسن