ڕێبوارێكی خومار و بەختیارم لە شەقامی تۆدا
خۆر لەسەر ناوچەوانم ماوەتەوە
هەزار جیهانی تێدا درەوشاوەیە
هەزاریش شاراوە
هەموو خواستێكی خۆم لەبیر كردووە
تەنیا بیر لە ئەستێرە گوێڕایەڵەكانی تۆ دەكەمەوە
لە زاتتدا بوێر دەژیم و مۆسیقای تاسەم لێ دەتكێت
مەیەكم ناسی و خواردمەوە
واتای تاهەتایی دامێ
تاهەتایی تەواوی هەقیقەتە
نەناسراوم پێ دەناسێنێ و خۆم تێدا زیندوو دەكاتەوە
ڕیزێك مۆم لەسەر سینی ماڵ دادەگیرسێت
مۆم دڵی دەهێنێتە ناو دڵمان
لە جیاتی هەموومان جوانی دەپشكوێنێ
ئاداری 2019 هەولێر
