بە یادی ئەمەل دەنقل*
لەگەڵ ئەو لە ژێر پەنجەرەیەک ڕاوەستابووم،
لە خاڵی تاریکی سەر کەناری ئەبەدییەت ورد دەبوومەوە، پێمگوت:
هاوڕێم بێگومان گۆڕایت و… تێکشکایت
ئەوەتا پایسکیلی مردن دەناڵێنێت،
بەڵام توانای بزواندنی هاوارە ڕفێنەرەکەی تۆی نییە
* * * *
پێیگوتم: لە نزیک ژیانی خۆمەوە ژیام،
وەک ئەوەی کە هەبوو
شتێک نایسەلمێنێ کە من زیندووم و،
شتێکیش نایسەلمێنێ کە مردووم
دەستم لەو کارە وەرنەدا، کە باڵندە پێیکردم و
لەو نەخۆشییە سۆزدارییەش. کە شەو هەڵیگرتبوو
* * * *
نائامادەیی وەک جوتێ کۆتر لەسەر نیل باڵەکانی لێکدەکاتەوە…
لە جیاوازی هەنگاوەکان دەربارەی کرداری ڕانەبردوو، وریامان دەکاتەوە…
ئێمە بە یەکەوە و هەر یەکێکمان بە جیا، بەیانییەکی دژوارمان هاندەدا،
جگە لە ڕوونی هیچمان لە هیچ شتێک نەدەویست: سەرنج بدە،
دەبینی گوڵ ڕەشە لەنێو ڕووناکیدا. خەون ببینە، ڕووناکی دەبینیی
لەنێو تاریکی گەشەکردوودا. .
* * * *
باشووری، ڕێگەی پەڕاکەندەکانی لە دڵەوە لەبەر بوو،
هاوشێوەی ئەوان بوو، لە سەلیقەیان و لە هەڕەمەکی دووریدا
نە «لەوێ» هیچی هەبوو،
نە «لێرە»، نە ئەدرەسێکی هەبوو ئاژاوەگێڕەکە،
نە بەرهەڵستکارێک لە دەمەتەقێدا. دەیگوت: سیستم
فەرمانڕەوایەتی سەدایە بەسەرسەداوە. منیش دەنگە باوەکەی
خۆم بووم: من تۆم و ئێمەش من.
لەسەر پلیکانەی بەرەبەیان دەخەوت: ئەمەیە ماڵەکە،
ماڵێک لە شیعر، ماڵی باشووری.
بەڵام ئەو لە ڕێکخستنی قەسیدەدا توندبوو،
خولقێنەرێکی بەهرەمەند، کە کێشی لە ئاژاوەی گەردەلوول ڕزگار کرد.
* * * *
نائامادەیی لە حاڵی خۆیدایە، مانگی ڕاگوزەر بەسەر
“خۆفۆ”دا، پەلکی دارخورماکان زێرین دەکات.
خانمێکی گەشتیار کامێرا لە نائامادەیی پڕ دەکات و دەپرسێت: ئێستا
کاتژمێر چەندە؟ ئەو پێی دەڵێ: ئێستا کاتژمێر
دە خولەک دوای حەوت
هەزار ساڵە لە ئەلف بێ. پاشان دەناڵێنێ:
میسری ئارەزووکرا و جوان و ڕازاوە، سەرقاڵی
نەمرییە. بەڵام من… بیماری دەستی ئەوم، بێجگە لە
تەندروستی ئەو و پچڕینی نانی
برژاوی سبەینێی خۆم، بیر لە هیچی تر ناکەمەوە.
* * * *
شاعیرێ، شاعیرێ لە وەچەی ئەهلی
دۆڕان. کوڕێکی بەوەفا بۆ گوندی هەژاران
قورئانی عەرەبی و مەزموری عەرەبییە و قوربانییەکەشی
عەرەبییە. دوو زەمەنی غەریب لە دڵیدان،
نزیک دەبنەوە و دوور دەکەونەوە: سبەینێ کە واز
لە عوزرخواهی ناهێنێت: «لەبیرم کردی، چاوەڕێم مەکە»
دوێنێش کە گالیسکەکانی فیرعەون ڕادەکێشێت بەرەو باکوور:
«چاوەڕێت بووم، بەڵام دواکەوتی» پێمگوت:
کەواتە تۆ لە کوێ بوویت؟ پێیگوتم: من
ژێر باڵی پەڕەسێلکەیەکی تۆقیو
بۆ هەنووکەم دەگەڕام…
* * * *
باشووری مێژووی خۆی بەدەستەکانی هەڵگرتووە، وەک دوو مشتی پڕ لە گەنم،
لەسەرخۆ دەڕوات و متمانەی بە یەسوعی
گوڵە گەنمەکانە. ژیان بەڵگە نەویستە… لەبەرچی
بە ئەفسانەکان شی بکەینەوە؟ ژیان ڕاستەقینەیە و
ئاوەڵناوەکان ساختەن.
* * * *
لە ڕێگەی بەرەو شەوی خۆی، پێیگوتم:
هەرکاتێ گوتبێتم: نەخێر. خودا ئازادی
پیشانداوم…و گەیشتوومەتە ڕازیبوونی ناوەکی
لە خۆم. گوتم: ئایا شیعر چاکسازی لەوەدا دەکات
کە زەمەن و جەنگیزخان و نەوەکانی
کە گەڕاونەتەوە بۆ لای ڕووبارەکە لەناو ئێمەدا پیسیان کرد؟
گوتی: بە ئەندازەی خەونەکەت، زەمین فراوان دەبێت
زەمین دایکی خەیاڵدانە لەبەر ڕۆیشتووەکانە
* * * *
لە کۆتایی شەودا گوتی: بمبەرەوە بۆ ماڵەوە،
دواهەمین ماڵی میتافۆر…
چون من غەریبم لێرە، ئەی غەریب
هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات لە نزیک ماڵی خۆشەویست و
هیچیش بریندارم ناکات لە «ڕێگەی خۆشەویستی» دووردا
گوتم: چی لەبارەی ڕۆح دەڵێیت؟
گوتی: لە نزیک ژیانمەوە دادەنیشێت،
چون شتێک نییە بیسەلمێنێ من مردووم
شتێکیش نییە بیسەلمێنێ کە زیندووم
دەژی، وەک ئەوە کە هەبووە
حەیران، بەداخە…
*دەروێش بە یادی شاعیری میسری: ئەمەل دەنقل، ئەم قەسیدەیەی نوسیووە. لەبەر ئەوەی ئەمەل مۆرک و سرووشتیی مرۆڤێکی سەعیدی باشووری، توند و ڕاشکاو و یەکلاکەرەوە. لە ڕەفتار و گوفتاری مشتومڕ وروژێنەر و فەوزا خولقێنەریدا، تا کۆتایی ژیانە کورت و تراژیدییەکەی مایەوە، بۆیە ئەم شاعیرە، لە نووسیندا نازناویی “باشووری” دراوەتە پاڵ، بەو جۆرەی کە لە قەسیدەکەدا دەروێش، بە باشووری ناوی بردووە. هەڵبەت خاتوو: عەبلە ئەلڕوەینی هاوسەری ئەمەل دەنقلی شاعیریش، کاتی خۆی لەژێر هەمان تایتڵدا: باشووریی.. یادداشتەکانی ژیانی لەگەڵ ئەم شاعیرەدا چاپ و بڵاوکردوونەتەوە…
سەرچاوە:
دیوانی: لاتعتذر عما فعلت، محمود درويش، منشورات رياض الريس..ط ٢،سنة٢٠٠٦