دەقی كراوە، بنەما و پراكتیك

پێشەكی

سەباح ڕەنجدەر: ١٨\١١\١٩٦٥هه‌ولێر- …..، شاعیرێكی دیاری قۆناغی نوێگەریی كوردییە، خاوەنی تایبەتمەندی شێوازی شیعریی خۆیەتی، زۆری لەبارەوە نووسراوە. دەقی زێوانی، لە تەمەنی هه‌ژده‌ ساڵیدا نووسیوە، شاعیر لە ساڵی ١٩٨٣ دەستی بە نووسینی زێوان كردووە و لە ١٩٨٧ تەواوی دەكات. تاقیكردنەوەیەكی نوێی شیعریی كۆتایی ساڵانی هەشتاكانە. ئەم دەقە لە لایەن چەند توێژەرێكەوە خوێندنەوەی بۆ كراوە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە ئەم دەقە، یەكێكە لە دەقە درێژەكانی شیعری قۆناغەكە، كە بە درێژترین دەقی شیعری دادەنرێت و بۆ خۆی لە شێواز و بنیاتی زماندا جیاواز و نوێ بوو، تەنانەت ئەوەندە تازە بوو، ڕێگە نەدراوە چاپ بكرێت و بڵاوبێتەوە، دوای چەند هەوڵێك ئینجا ڕێگای پێدراوە.

ئامانجی توێژینەوەكە ئەوەیە كە زانستییانە بە دروستی چەمك و واتای دەقی كراوە بەو شێوازەی كە ئیكۆ دیاری كردووە بخاتە ڕوو. هەروەها ڕەوینەوەی تەمومژی سەر ئەم چەمكە و تێكەڵكردنی لەگەڵ چەمكی تردا،  كە لای هەندێ لە ڕەخنەگران و شاعیرانی كورد و عەرەب بە واتا ئیكۆیییەكەی لێی ناڕوانن، ئامانجێكی تری توێژینەوەكەیە. دەقی كراوە هەروەك ئیكۆ ئاماژەی پێكردووە زیاتر لە خوێندنەوەیەك و لێكدانەوەیەك هەڵدەگرێت. لەو ڕوانگەیەوە بۆ خوێندنەوە و لێكدانەوەی دەقی زێوان ئێمە میتۆدی تەواوكاریمان لە ڕوانگەی ڕەخنەی خوێنەرەوە بەكارهێناوە. كاتێ كە ڕوو لە شیكردنەوەی دەقی زێوان دەكەین تەنیا لە یەك گۆشەنیگاوە لێی ناڕوانین، بەڵكو پێمان وایە دەق لە ڕوانگەی ئەو میتۆدە ڕەخنەیییانەی كە دەسەڵات بە خوێنەر دەدەن و وەك ناوەندێك ڕۆڵەكەی بە گرنگ دەزانن لە لێكدانەوەی واتادا تا ئەو ئەندازەیەی كە زیاتر لە خوێندنەوە و لێكدانەوەیەك بۆ دەق بكرێت.

بۆ یەكەم جارە لە ڕەخنەی كوردیدا لەبەر ڕۆشنایی بنەماكانی تیۆری دەقی كراوەدا خوێندنەوە بۆ دەقی شیعری زێوان دەكرێ. بۆ گەڕان بەدوای واتای نوێدا، لێكدانەوە و خوێندنەوەی جیاوازی لەبارەوە دەخەینە ڕوو. ئەم كارەش بۆ خۆی زیندووێتی دەقەكە دەردەخات، چونكە دەقەكە لە ئاكامی تاقیكردنەوەیەكی ڕاستەقینەی شاعیر و سۆزێكی ڕاستەقینەوە دروست بووە. وەك ئەوەی خوێنەر خۆی لەبەردەم گێڕانەوەی ژیاننامەی خۆیدا بێت نەك شاعیر ئەمەش سیحری گێڕانەوەیە بەو زمانە شیعرییەی كە لە پشتی دەقەكەوە خوێنەر ئاراستە دەكەن. دیارە هەر ئەم ڕاستییەش هۆكاری سەرەكییە وەك پاڵنەری نووسینی ئەم توێژینەوەیە. دەق لە مانای خۆیدا كەلەبەرێكی گەورە دەهێڵێتەوە بۆ گوتنی تر و بیركردنەوەی تر و هاوبەشیكردنی تر كە خوێنەر ڕادەكێشێتە بازنەی بوونی خۆیەوە.

بەم پێیە سوود لە میتۆدە ڕەخنەیییەكان و هەموو تێڕوانینێكی ڕەخنەیی وەردەگرین بۆ گەیشتن بە جیهانبینی دەقەكە لە ڕێگای كاركردن لەسەر زمان و كردنەوەی كۆدەكانی دەق و ئاماژەكانی بە مەبەستی ئاشكراكردنی مانای دەق كە لە چوارچێوەی دەقەكە دەرناچین و لە مانای بنەڕەتی دەقەكە دوور ناكەوینەوە.

لەسەرەوە لە دوگمەی (داگرتنی کتێب)، ئەم توێژنەوەیە وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) دابگرن.