ڕۆمان لەنێوان جەماوەر و خوێنەردا

(کۆندێرا) لە کتێبی (هونەری ڕۆمان)دا دەنووسێت: (لای من دامەزرێنەری سەردەمی نوێ، تەنیا دێکارت نییە، بەڵکوو سێرڤانتسیشە). دەیەوێت بڵێت ئەوەی ڕۆماننووس لە چاوی خۆیەوە دەیبینێت، هەمان ئەو دنیایەیە، کە فیلۆسۆفیش دەیبینێت، بۆیە ئەوەی (سێرڤانتس)ی ڕۆماننووس، نووسەری (دۆنکیشۆت) لە ڕووی ئێستاتیکاوە بەرهەمی هێناوە، کەمتر نییە لەوەی (دێکارت)ی فیلۆسۆف لە ڕووی فەلسەفییەوە پێی گەیشتووە.

جەماوەر ئەو زۆرایەتییە دەگرێتەوە، کە بە ڕێککەوت و لە بۆنەکاندا دەبنە بینەری چالاکییەک.

ڕۆمان لە دوای بڵاوبوونەوەی بە دوو ئاڕاستەدا دەڕوات: یەکەم، ئاڕاستەی جەماوەر و دووەم، ئاڕاستەی خوێنەر. پێویستە بزانین جیاوازیی نێوان جەماوەر (Audience) و خوێنەر (Reader) چییە. جەماوەر ئەو زۆرایەتییە دەگرێتەوە، کە بە ڕێککەوت و لە بۆنەکاندا دەبنە بینەری چالاکییەک. مەبەستی دیاریکراویان هەیە و ئەوانە هەڵدەبژێرن، لێیانەوە نزیکن و دەتوانن ئارەزوویان تێر بکەن. شەڕەکەڵەشێر، یاریی فوتبۆڵ، کۆنسێرت و شتی لەم بابەتە سەرنجیان ڕادەکێشن و هەستی خۆیان، کە زۆربەی کات ئەو هەستە کاتییە، لە ڕێی چەپڵە، فیکە، قیژە، قاقای پێکەنین، گریان، هەلهەلە و هیی دیکەی لەم شێوەیەوە دەردەبڕن. دڵنیایییەکی زۆر لە قەرەباڵغیدا وەردەگرن، بۆیە هەمیشە خۆیان لەو شوێنانەدا دەبیننەوە، کە تێیاندا زۆرایەتی پشتگیریی هەست و بۆچوونیان دەکەن. هەر بەو هەستەوە دێنە ناو دنیای خوێندنەوەوە، بگرە هەندێکیان دەبنە نووسەر، نووسەری ناسراویش، بەوەی هەمان ئاستی جەماوەریان هەیە. ئەو بەرهەمانە سەرنجیان ڕادەکێشن، کە ئاسانن. ئەمەیش مانای وایە لەوێیشدا ئەو زۆرایەتییە دەدۆزنەوە، بەوەی زۆرایەتی لە دەوری شتە زەقەکاندا کۆ دەبنەوە. جەماوەر لە خوێندنەوەدا بە دوای ئەو نووسراوانەدا دەگەڕێن، کە یاساکانی وەک هیی شەڕەکەڵەشێر ڕوونن. ئەوەیان لا گرنگە تێگەیشتنەکەیان هەمان تێگەیشتنی ئەوانەی تر بێت، تا دڵنیا ببن لەوەی پێوەندییان پێکەوە ماوە. نووسەرە سادەنووسەکان دەچنە دڵی جەماوەرەوە، بەوەی هەمان تێگەیشتنی ئەوانیان هەیە و گوتەکانیان گوتەی خۆیانن. مێدیای حیزبی و ناحیزبییش لێرەدا ڕۆڵی خۆیان دەبینن، چونکە خودی ئەو مێدیایانە جەماوەرین.

خوێنەر بوونەوەرێکی تاکانەیە. تێگەیشتنێکی جیاوازی هەیە و لە ڕێی ئەو تێگەیشتنەوە دنیایەکی دیکەی سەربەخۆی دروست کردووە.

بەڵام خوێنەر چییە؟ خوێنەر بوونەوەرێکی تاکانەیە. تێگەیشتنێکی جیاوازی هەیە و لە ڕێی ئەو تێگەیشتنەوە دنیایەکی دیکەی سەربەخۆی دروست کردووە. لەناو ئەو دنیایەدا خاوەنی سیستەمێکی دیکەی زمانەوانییە، بۆیە نەک هەر مانا ئاشکراکانی تێپەڕاندووە، بەڵکوو بە یەک ڕێگەی لێکدانەوەی ماناکانی دنیای خۆیشی ڕازی نییە. دەستی لە بڕیاردانی پێشوەختە هەڵگرتووە و متمانەی تەواوی لەسەر تواناکانی خۆیەتی. خوێنەر ئەو چەمکەیە، کە لانی کەم لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانی بە خۆیەوە خەریک کردووە، بەڵام ناکرێت ئەوە لە بیر خۆمان ببەینەوە، کە بە گشتی ڕێبازە فەلسەفییەکان لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەمەوە ڕێگەیان بۆ لەدایکبوونی چەمکی خوێنەر خۆش کرد. بۆ نموونە لە بیرۆکەی (مەرگی خواوەند)ی (نیتشە)وە بیرۆکەی (مەرگی نووسەر) لای (بارت) و (فۆکۆ) دێتە کایەوە، کە (بارت) لە کتێبی (مەرگی نووسەر)دا دەڵێت پێویستە لەدایکبوونی خوێنەر لەسەر حیسابی مەرگی نووسەر بێت. لە کتێبی (چێژی تێکست)دا پێی لەسەر دادەگرێت، کە خوێنەر ئەو بوونەوەرەیە لە جیاتیی ئەوەی ببێتە بەکاربەری تێکست، دەبێتە بەشدارێکی چالاک لە بەرهەمهێنانیدا. پێوەندییەکەی بە تێکستەوە وەک پێوەندیی دڵدارە بە دڵبەرەکەیەوە. (بارت) بەم شێوەیە خۆی وەک خوێنەر پێناسە دەکات: (من عاشقی زمانم، کەواتە عیشقی خۆم بۆ نووسراو ڕادەگەیەنم). خوێنەر لە ڕێگەی چێژەوە یاخی دەبێت و لە یاسا دەردەچێت، بەوەی خاوەنی خوێندنەوەیەکی جیاوازە. بۆیە چێژ دەبینێت، چونکە تاکە و خاوەنی جەستەی خۆیەتی. سەرەڕای ئەو بایەخە گەورەیەی (بارت) بە خوێنەری دەدات، کەچی هێشتا لای تیۆریستانی تیۆریی وەرگر (Reception theory) ئەو بایەخە کەمە، بەوەی زیاتر بۆ تێکست ئاڕاستە کراوە. لێرەوە کۆمەڵێک ڕەخنەدۆزی وەک (یاوس)، (ئایزەر)، (ئیکۆ)، (ڕیفاتێر) و هیی دیکە پێوەی خەریک دەبن و لەم ڕووەوە چەند چەمکی وەک (خوێنەری ناوەکی)، (خوێنەری نموونەیی)، (خوێنەری باڵا)، (خوێنەری ڕاستی) و زۆری تر دێنە کایەوە. هەر لەم نێوەدا ناکرێت چەمکی هەڵوەشاندنەوەی (دێریدا) فەرامۆش بکەین، کە ئەو فیلۆسۆفە بە شێوازی خۆی بایەخ بۆ خوێنەر دەگەڕێنێتەوە.مەبەستم نییە بە درێژی لەبارەی ئەو تیۆرییانەوە بنووسم، کە پێشتر نووسیمە، بەڵکوو تەنیا دەمەوێت وێنەیەکی چەمکی (خوێنەر) بە دەستەوە بدەم، تا جیاوازییەکەی لە ئاست چەمکی (جەماوەر)دا دەربکەوێت.

ئایا بۆچوونی جەماوەر لە هەڵسەنگاندنی چەمکێکی وەک ڕۆماندا بایەخی هەیە؟ بەر لەوەی خۆم بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەوە خەریک بکەم، پێویستە بپرسم ئایا (جەماوەر) چەمکێکی چەسپاوە و چوارچێوەی کۆنکرێتبەندیی هەیە؟ دەکرێت بڵێم بەشێکی ئەوانەی ئەمڕۆ خوێنەرن، دوێنێ جەماوەر بوون. هەر کاتێ تاکێک دەست لە بڕیاری پێشوەخت هەڵدەگرێت و لە ڕێی پرسیاری خۆیەوە ڕووبەڕووی تێکست دەبێتەوە، بەو مەبەستەی مانای شاراوە بدۆزێتەوە و لێکی بداتەوە، ئەوە لە ئاستی جەماوەرەوە دەچێتە ئاستی خوێنەر.

ئەگەر بۆ دەربڕینەکەی (کۆندێرا) بگەڕێینەوە و لە گۆشەیەکی دیکەوە بیخوێنینەوە، ئەوەیشمان بۆ دەردەکەوێت، کە ڕۆمان وەک فەلسەفە لە گەشەکردنی بەردەوامدایە. با (نیتشە)، (فرۆید) و (بێرگسۆن) بە نموونە بهێنینەوە، کە هەرسێکیان لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا دەردەکەون و گۆڕانی گەورە لە بیرکردنەوەدا دەکەن. کاریگەریی ئەوانە هەر خێرا لە ئەدەب بە گشتی و لە ڕۆمان بە تایبەتیدا دەردەکەوێت. خاڵی هاوبەشی هەرسێکیان، ئەوەیە، دەروونی مرۆڤ هەڵدەکۆڵن و مانای دیکەی تێدا دەدۆزنەوە. مەبەستم نییە بە وردی باسیان لێوە بکەم، لە کاتێکدا پێشتر کردوومە و ئەگەر پێویستیش بکات، بۆیان دەگەڕێمەوە، بەڵکوو تەنیا ئەو کاریگەرییەیان دەردەخەم، کە لەسەر ڕۆماندا جێیان هێشتووە. چەمکی (کات) و (زمان) وەردەگرین، کە لای ئەوان گۆڕانی گەورەیان بەسەردا دێت. ئەو دوو چەمکە ڕۆمانی نوێیان لەسەر دامەزراوە. بە هۆی ئەو دووانەوە گێڕانەوە دەگاتە ئاستێکی تر، کە بەرهەمەکانی (جۆیس)، (پرۆست)، (ڤێرجینا ۆلف)، (فۆکنەر) و زۆری دیکە دابڕانی گەورە لەگەڵ هیی پێش خۆیان دروست دەکەن. لەمەوە وێنەی ئەدەبی لە ئاستی دیار (Visible)ـەوە دەچێتە ئاستی نادیار (Invisible). بە مانایەکی دیکە، ماناکان ئەوە نین بە زەقی هەن و لە خوێنەر دیارن، بەڵکوو لە ناوەوەن و تێکچڕژاون. وێنەی بێچوارچێوەن و سنووریان دیار نییە، بەڵکوو ئەوە خوێنەرە لە ڕێی خوێندنەوە و لێکدانەوەوە پێکیان دەبەستێتەوە، لە کاتێکدا ئەو پرۆسێسە تایبەتە بەو خوێنەرە، بە ڕادەیەک هەم لە هیی نووسەر جیاوازە و هەم لە هیی خوێنەرێکی دیکەیش.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەو ڕۆمانەی جەماوەری ئێمە، نەوەک خوێنەرمان هەڵیدەسەنگێنن و پێی شاگەشکە دەبن، لەبەر ئەوە نییە هەمان ئاستی خۆیانی هەیە؟ ئایا من دژی ئازادیی ئەو جەماوەرەم؟ نەخێر، بەڵام قسەم هەیە، کاتێ ئەو حوکمەی جەماوەر دەگاتە لای ڕەخنەگری میلـلی و هەندێک لە مامۆستایانی زانکۆ، کە بایەخی فڵان ڕۆمان لەوەدا دەبیننەوە جەماوەر پەسەندی کردووە. زۆری لێ فرۆشراوە و زۆری لەبارەوە گوتراوە.

* ئەگەر مەبەستتە زیاتر لەبارەی ئەم چەمکانەوە بخوێنیتەوە، دەکرێت بۆ ئەم بەرهەمانەم بگەڕێیتەوە:

_ گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام.

_ منداڵێک بە دزییەوە کتێب دەخوێنێتەوە.

_ لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە). بۆ تەوەرەی (ڕەخنە)ی (ژنەفتن) نووسراوە.

_ کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا. (گێڕانەوەی ئەزموونی خۆمە لەبارەی چەمکی کاتەوە، کە لەم نزیکانە گۆڤاری گێڕانەوەناسی بڵاوی دەکاتەوە).