پێنج شیعری محەمەد ماغوت

لە عەرەبییەوە: عەبدولکەریم شاکر

هەڵبژاردە


گۆچانەکەت کە بەسەریدا لار دەبیتەوە

ئازاری قیڕ دەدات

چونکە «ئێستا لە کاتژمێر سێی ئەم سەدەیەدا

هیچ شتێک نەماوە کە تەرمی مردووەکان

لە پێڵاوی ڕاگوزەران جیابکاتەوە».

* * * 

ئەی بێڵا ئەسمەرە شێوندراوەکەم

کەسوکار و خۆشەویستانم هەموویان مردن

مردن لە دەروازی گوندەکان

پەنجەکانیشیان وەک دڕک

لە بـادا بڵاوبوونەتەوە

بەڵام من شەوێک دەگەرێمە

و لە سەرووی قورگمدا

خوێنی نێرگز و یاسەمین دەتزێت.

* * *

لەگەڵ جریوەی بولبول و جیکەجیکی چۆلەکاکان

بە خودا لێت دەپارێمەوە باوکە

واز لە  کۆکردنەوەی دار و زانیاری بێنە دەربارەی من و

وەرە پارچەکانم کۆبکەوە لە شەقامەکاندا

بەر لەوەی با بمشارێتەوە

یاخود کەناسەکان پەرتەوازەم بکەن

ئەم پێنووسەم بەرەو کۆتاییم دەبات

نە زیندانێکی هێشتەوە مەگەر بۆی بردبم

نە شەقامێک مەگەر لەسەری بۆگەنی کردبم

* * *

ئێمە برسین لە بەردەم گێڵگەکانمان.

شپرزەین لە بەردەم منداڵەکانمان..

سەرشۆڕین لە بەردەم ئاڵاکانمان..

تازەهاتووی بەردەم باڵویزخانەکانمانین..

ئێمە ئەوانەین کە هیچ قورساییەکمان نییە

لە نێو فرۆکەکاندا نەبێت

ئێمە پەشمی ئەو ڕایەخە مرۆڤییەین کە لەبەردەم

هاتوو و ڕۆیشتووی ئەم ناوچەیە ڕادەخرێت

چی بکەین لای ئەم عەرەبانە لە دەریاوە بۆ کەنار..؟

کاتژمێرەکانیان پێداین و کاتیان برد،،

پێڵاویان پێداین و ڕێگاکانیان برد،،

پەرلەمانەکانیان پێداین و ئازادیان برد،،

عەتڕ و مستیلەیان پێداین و خۆشەویستیان برد،،

جۆلانەکانیان پێداین و جەژنەکانیان برد،،

شیری وشککراویان پێداین و منداڵیان برد،،

پەینی کیمیاییان پێداین و بەهارییان برد،،

پاسەوان و قفڵیان پێداین و ئاسایشیان برد،،

شۆڕشگێریان پێداین و شۆڕشیان برد،،

***

کە شەپۆلێک نیشتەجێی ڕووت بێت

دان بە گوناهەکانیدا نەنێت

کە بچیتە نێو جلی سواڵ و

ببێت بە تیفالێک بۆت

بۆ ئێوارەیێکی سەرووی پۆستەر

کە گوێ لە لۆرد بگریت وەک وتەبێژی فەرمی

بە ناوی ئاگرەکان

کە ژیانت وەک پێکێک بخۆیتەوە لەگەڵ پایتەختەکان

و پایەکان و قوربانییەکان

کە هەوڵ بدەیت

ببیت پیتێکی ڕۆیشتوو

بە سەنگی دووانەیی سێ چارەگ

بۆ سەرزەنشتکردنی مێژوو

ئەمە ئەو شتەیە کە دەنگ لە زەنگەکاندا تێک دەدات

** *

((ئەوەی بە ڕاستی دڵنەوایت دەکات.. هێماکانی هاتووچۆن

بۆیە لەسەر دووچەرخەکەت بە. لەوێ بۆ هەتاهەتایە))

***

کاتژمێرەکانیان پێداین و کاتیان برد،،

پێڵاویان پێداین و ڕێگاکانیان برد،،

پەرلەمانەکانیان پێداین و ئازادیان برد،،

عەتڕ و مستیلەیان پێداین و خۆشەویستیان برد،،

جۆلانەکانیان پێداین و جەژنەکانیان برد،،

شیری وشککراویان پێداین و منداڵیان برد

پەینی کیمیاییان پێداین و بەهارییان برد،،

پاسەوان و قفڵیان پێداین و ئاسایشیان برد،،

شۆڕشگێریان پێداین و شۆڕشیان،،

*****

خەمێک لەبەر تریفەی مانگدا


ئەی بەهاری هاتوو لە چاوەکانییەوە

ئەی بولبولی ڕێبوار لە تریفەی مانگدا

بۆ ئەوم ببە

وەک هۆنراوەیەکی دڵداری یاخود لێدانی خەنجەرێک

چونکە من دەربەدەر و بریندارم

حەزم لە باران و ناڵەی شەپۆلە دوورەکانە

لە قوڵایی خەو هەڵدەستمەوە

بۆ ئەوەی بیر لە ئەژنۆی ئافرەتێکی بە چێژ بکەمەوە

کە ڕۆژێک دیومەوە

تا مەی بخۆمەوە و شیعر بچڕم

بە “لەیلای” خۆشەویستم بڵێ

بەو دەم شەکرەی پێ ئاوریشمە

کە من نەخۆشم و بیری ئەکەم

من شوێن پێی ئەبینم لەسەر دڵم٠

دیمەشق ئەی گالیسکەی پەمەیی دیلەکان

کاتێک لە ژوورەکەمدا پاڵکەوتووم

دەنووسم و خەون دەبینم و چاودێری ڕاگوزەران دەکەم

لە دڵی ئاسمانی بەرزەوە

گوێم لەترپەی گۆشتە ڕووتەکەتە

بیست ساڵە لە دەرگا پتەواکانت دەدەین

 باران دەبارێت بەسەر جل و مناڵەکانمان

ڕوخساڕەکانیشمان کە خنکاون بە کۆکەی بریندارکەر

خەمگینن وەک ماڵئاوای، زەرد هەڵگەڕاون وەک سیل

بای گۆشەنشینی وشکانی

شیوەنمان لەگەڵ خۆی دەبات

بۆ کۆڵان و نانەواو و سیخوڕەکان

ئێمەش وەک ئەسپی کێوی

 بەسەر ڵاپەڕەکانی مێژوودا غاردەدەین

دەگرین و دەلەرزین

لە پشتەوەی پێیە نووشتاوەکانیشمان

با و گوڵەگەنمە پڕتەقاڵییەکان گوزەر دەکەن

لە یەکتر جیابووینەوە و

لە چاوە ساردەکانی تۆدا

زریانێک لە ئەستێرەی تیژڕەو دەناڵێنن

ئەی خۆشەویستە گرژەکە

ئەی جەستە داپۆشراو بە کۆکە و گەوهەر

تۆ بۆ منیت

ئەم خولیایە بۆ تۆیە ئەی بە قین

چەند ساتێک پێش ڕۆیشتن

لەگەڵ ئافرەتێک خەوتم و هۆنراوەیەکم نووسی

دەربارەی شەو و پایز و میلەتە شکستخواردووەکان

لەژێر هەتاوی زەردی نیوەڕۆژدا

سەرم دەخستە سەر چەرخەی پەنجەرەکان و

ڕێگەم بە فرمێسک دەدا بریسک بداتەوە

وەک بەیانییەک وەک ئافرەتێکی ڕووت

چونکە من لە پەیوەندییەکی کۆندام

 لەگەڵ دڵتەنگی و کۆیلایەتی

لە نزیک هەورە بێدەنگە دوورەکانیشەوە

سەدان سنگی ڕووتی پیس دەستیان بۆ ڕادەوەشاندم

لە ڕووبارێکی دڕکاویدا ورژمیان دەکرد

هەورێکیش لە چاوی شینی خەمبار

سەیری دەکردم

بە مێژووی بەستراوی سەر لێوم

ئەی نیگا درێژخایەنەکانی خەم

ئەی پەڵە خوێنە بچووکەکان.. ڕابن

من لێرە دەتانبینم

لەسەر ئاڵا گەورە نزمەکانن

لەناو قەدی جلە ئاوریشمییەکانن

منیش وەک هەورەگرمەیێکی قژ زەرد بەناو ئاپۆڕادا دەڕۆم

لەژێر ئاسمانە ساماڵەکەت

بە گریانەوە دەڕۆم ئەی نیشتمان

کوان ئەو کەشتییانەی پڕ کراون لە تووتن و شمشێر

کوا ئەو کەنیزەکەی بە چاوە گەورەکانی وەک دوو ئافرەتی گەرمۆکە شانشینێکی ڕزگارکرد

نیشتمانەکەم تۆ وەک شەوێکی درێژیت بەسەر سینەی مێینەیەکەوە

من لێرە تارماییەکی نامۆی نەناسراوم

شکۆی بەساڵاچووت

سەر دەخاتە ژێر نینۆکە عەتراوییەکانم

لە چاوی منداڵەکاندا

ترپەی دڵە لاوازەکەت دەڕوات

لەمەو دوا چیتر چاوەکانمان یەکتر نابینن

سەرومڕ سروودم بۆ چڕیت

لە مەودوا وەک مێخەکێکی سووری دوور

وەک ئەو هەورەی هیچ نیشتمانێکی نییە نیگات دەکەم

ئەی ڵاپەڕەکان ئەی شەو ئەی پەنجەرە ئەرخەوانییەکان

ماڵئاوا

سێدارەکەم بەرز دابنێن لە خۆرئاوابووندا

ئەو کاتەی دڵم وەک کۆترێک ئارام دەبێت

جوان دایبنێن وەک گولێکی شینی سەر گردۆکەیەک

ئەمەوێ خوێناویانە بمرم و

چاوەکانم پڕ بێت لە فرمێسک

با بۆ گەردەن بەرز بێتەوە ئەگەر بۆ جارێکیش بێت لە تەمەندا

چونکە من پڕم لە پیت و ناونیشانی خوێناوی

لە منداڵیمدا

خەونم بە کراسێکی بە زێرکفتە و

ئەسپێکەوە دەبینی کە بەنێو باغ و کێوە بەردینەکان غاربدا

بەڵام ئێستا

کە بە ژێر تیشکی گڵۆپەکانەوە گوزەر دەکەم

وەک سۆزانییەکان لەم شەقام دەچمە ئەو شەقام

چێژی تاوانێکی گەورە و

کەشتیێکی سپی دەکەم کە لەنێو مەمکە سوێرەکانیدا

هەڵمبگرێت و بمبات بۆ وڵاتێکی دووڕ

کە لە هەر هەنگاوێکیان مەیخانەیەک و دارێکی سەوز و

کچێکی دووڕەگ هەیە

کە بەتەن

یا شەونخوونی لەگەڵ مەمکە تینوویەکانی دەکات.

*****

زستان


وەک گورگ لە سەردەمانی وێرانەییدا

لە هەموو شوێنێک دەڕواین

بارانمان خۆشدەویست و

پاییزمان دەپەرست

تا ڕۆژێک هاتە بیرمان

نامەیەکی سوپاسگوزاری بۆ ئاسمان بنووسین

لە جیاتی پول گەڵای پاییزی لێبدەین

ئێمە باوەڕمان وا بوو کە چیاکان لەناوچوونە

دەریاکان لەناوچوونە و شارستانیەتەکان لەناوچوونە

بەڵام خۆشەویستی ماوەتەوە

لەپڕ: جیابووینەوە

ئەو حەزی بە تەختی درێژە

منیش حەزم بە کەشتی درێژ

ئەو ئاشقی چرپە و هەنسکی قاوەخانەکانە

منیش ئاشقی بازدان و هاوارکردنی شەقامەکانم

لەگەڵ ئەوەشدا

باسکەکانم بە پانایی گەردوون

چاوەڕێی دەکەن.

*****

بیرەوەری رووداوێکی بە ئازاری نەقەوماو


کاتێک لەگەڵ سەبیل و یادگارییەکانم

لەژێر درەختە چەکەرە کردووەکان پیاسەم دەکرد

وەک پاڵەوانێکی پیر کە لە ئاوارەیدا ماڵی دەبێت

ئەوانم بینی لە زریانە بەفراوییەکاندا گوژمیان دەکرد

نیوەیان پاڵتۆیە

نیوەیان پەتووە

بە کەوشەکانیان قوڕیان ڕادەوەشاند

هەمووشیان پەنجەکانیان لە سەریان گیر دەکرد و

هاواریان دەکرد

فریام کەون.. فریام کەون

من دەفتەرم

من شۆڕشگێرم

من دادنووسم

من تەلەفۆنم

من پۆستەچیم

لەسەر دیوارەکانی شاردا دەنیشم

وەک پلیکانەی ئاگرکوژێنەوە و

 شمشێرەکەشم تا چەنگی نێژراوە

لە کولکەی ڕەیحان.

*****

پایزی ڕووبەندەکان


ئەی ڕاگوزەران

شەقامەکان بەتاڵ بکەن لە پاکیزە و ئافرەتە ڕووپۆشەکان

بە ڕووتی لە ماڵەکەم دێمە دەرەوە و

دەگەرێمەوە بۆ دارستانەکەم

مەحاڵە… مەحاڵ

کە خۆم خەیاڵ بکەم

جگە لە ڕووبارێک لە بیابانێک

یاخود کەشتیێک لەناو دەریا

یان مەیمونێک لە دارستان

کە میوەی نەگەییو لێ دەکاتەوە و

فرێی دەداتە سەر سەری ڕاگوزەران و

بە پێکەنین و چەپڵەوە باز دەدا

لەم لق بۆ ئەو لق

من، نە ناسنامەیێک لە گیرفانمدا هەڵدەگرم

نە ژوانێک لە بیرەوەریم

من لە قاوەخانە دانەنیشتووم و

لەسەر شۆستە پیاسەم نەکردووە

من منداڵم

ها، ئەوە من بە زەحمەت جەستەی خۆم درێژ دەکەم

تاکو ددانە شیرییەکانم لە کەلێنی دیوارەکان بنێژم

من شێخم

ها، پشتم دەچەمێتەوە و

ڕێبواران دەستم دەگرن

من شازادەم

ها، شمشێرەکەم شۆڕدەبێتەوە و

ئەسپەکەم لەسەر گردەکان دەپڕمێنێت

من سواڵکەرم

ها ئەوە من ددانەکانم بە شۆستەکان تیژ دەکەم و

دوای ڕاگوزەران دەکەوم لەم شەقام بۆ ئەو شەقام

من پاڵەوانم… کوا گەلەکەم؟

من ناپاکم… کوا سێدارەکەم؟ من پێڵاوم… کوا ڕێگاکەم؟

photo_٢٠٢١-٠٢-١٥_٠٣-٤٩-١٥

سەرنجێک بنوسن