ئێمە بەرەو کارەسات دەڕۆین

وتووێژ لەگەڵ فەیلەسوفی هاوچەرخ بایونگ چول هان

بایونگ چول هان (Byung Chul Han) لە ساڵی  ١٩٥٩ لە کۆریای باشوور لە دایک بووە. فەلسەفە، ئیلاهیاتی کاسۆلیکی و ئەدەبیاتی ئەڵمانیی، لە زانکۆی فرایبورگ و مونشن خوێندووە و، تێزی دکتۆراکەشی، کە لە ساڵی ١٩٩٤ پێشکەشکراوە و، تایبەت بووە بە مارتین هایدێگەر. مامۆستای فەلسەفە و لێکۆڵینەوەی کولتوورییە لە کۆلێژی هونەر، زانکۆی بەرلین.

یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی هان چول، کتێبی “کۆمەڵگای بە هیلاکچوون”ـە، کە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکراوەتەوە و، یەکێک بووە لە کتێبە پڕفرۆشەکان. جیا لەمە، چەندین بەرهەمی دیکەی هەیە وەکوو، “کۆمەڵگای شەفافییەت” لەساڵی ٢٠١٢، کە تیایدا روونیدەکاتەوە، چۆن کۆمەڵگا لەژێر ناوی دیموکراسی و شەفافییەتدا، بە تەواوەتی قۆرخ و کۆنتڕۆڵکراوە. ئەم فەیلەسوفە، خاوەنی چەندین کتێبی دیکەشە، وەکو “زل کولتووری ـ کولتوور و پەیوەندی”، “فەلسەفەی بۆدیزم” و “بۆنی کات”.

بایونگ چول هان فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەڵمانی-کۆریایی

هەمێشە دەگوترێت: دەبێ هەموو شتێک شەفاف بێت، هەر لە ئەندێشەوە بگرە تا سیستەمی باج و سیاسەتوانەکان. بەڵام فەیلەسوف “بایونگ چول هان” بۆچوونێکی دیکەی هەیە و ئەمە بە مەترسیدار دەزانێت و، ئەوە روون دەکاتەوە “ئەگەر ئیمە تەنها متمانەمان بە شەفافییەت هەبێت، چیدی متمانە بە یەکدی ناکەین”.

هابێرل: بەڕێز هان، مرۆڤەکان هەموو رۆژێک لاپەڕەی رۆژنامەکان هەڵدەدەنەوە، بە ئومێدی هەرچی زیاتر بەرکەوتنیان لەگەڵ “شەفافییەت”دا. نەک هەر حزبی “چەتەکانی دەریا”، تەنانەت کاسۆلیکەکان، خاوەن کار، بەرخۆرەکان و سیاسەتوانەکانی “سێ ئۆفەر”[1]، “ئالتمایەر”[2] و “تریتن”[3] خوازیاری شەفافییەتی زیاترن. حزبی سەوزەکانیش، شانازی بە خۆیانەوە دەکەن، کە “شەفافییەت”، بژاری سەرەکییانە. تەنانەت ئەندامانی [4]“SV”ش، داوای شەفافییەتی زیاتر لە ئەنجومەنەکەیان دەکەن. هەموو ئەمانە بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟

بایونگ چول هان: بەڵێ وایە.  ئێستا خواست و داوای “شەفافییەت”، بووەتە هەڵگری کۆمەڵێ تایبەتمەندی “تۆتالیتاریزم”. لە راستیدا، ئەمە نیگەرانی کردووم.

هابێرل: بەڵام خۆ شەفافییەت، خوازیاری “ئازادبوونی زانیاری”یەکانە. کەواتە پێناچێت، شتێکی خراپ بێت؟

بایونگ چول هان: ئەمە پاساویکی گشتییە. بەڵام من پێموایە، کە هۆکارێکی جیددی و ویستێکی شێلگیرانە، لە پشت خواست و داواکردنی شەفافییەتەوە بوونی هەیە. بۆ تێگەشتن لەم هۆکارەش، پێویستمان بە تێڕوانین و گفتوگۆیەکی فەلسەفیانە هەیە، نەک کەش و گفتوگۆیەکی نمایش ئاسا.

هابێرل: تێدەگەم. کەواتە، تۆ پێتوایە، دەکرێ شەفافییەت خراپ بيت.

بایونگ چول هان: من شتی وام نەگوتووە.

هابێرل: ئەدی؟

بایونگ چول هان: “شەفاف سازی بکەن”. ئەمە ریک وەکو ئەوە وایە، یەکێک بە بێ بەزییانەترین شێوە، لە ناوەوە داگیرسابێت، وەک بڵێی، مرۆڤێک بە ڕووت و قوتی، خرابێتە نێو ئامێری سکانەوە. من باوەڕم بە لایەنە “توندوتیژ”ـەکەش هەیە، کە لە بنەڕەتدا جەوهەری دیاردەی شەفافییەتە.

هابێرل: بەڵام شەفافییەت دەتوانێ بەر بە گەندەڵی، هەلپەرستی کردن و خراپ بەکارهێنانی هێز بکات. ئێوەش ئەم بۆچوونەتان هەیە؟

بایونگ چول هان: حاشا لەمە ناکەم، بەڵام خواستی شەفافییەت، دژی هەموو فۆڕمەکانی “هيز”ە. دەبێ ئەوەش بزانین، مافی ئەوەمان نییە، “هێز” لە “هەلپەرستی” و “خراپ بەکارهێنان” ـیدا بچووک بکەینەوە. هێز، بە سرووشتی خۆی، شتێکی خراپ نییە و، بگره  بوونی هێز، لە سیاسەت و کردەوەی سیاسیدا، مەرجێکی سەرەتایی و حەتمییە. هەرگیز ئەوەش لەبیر نەکەین: سیاسەت، بەبێ بوونی هێز، کارێکی مەحاڵە. ئەم جۆرە تیرۆرکردنەی شەفافییەتیش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە نەک هەر هاوپەیمانییەکان، بەڵکو خودی سیاسەتیش لە قەیرانێکی قوڵدایە.

هابێرل: چ جۆرە قەیرانێک؟

بایونگ چول هان: چیدی سیاسەتوانەکان، بە هۆی کردەوە سیاسییەکانیانەوە ناناسرێنەوە. بیر لە “کارل تێۆدۆر”[5] یان “پییەر شتاین بروک”[6] بکەنەوە. یەکیکان دەبێ هەر گیرۆدەی تێزی دکتۆراکەی بێت و، ئەوی دیکەشیان، سەرقاڵە بە داهاتە زیادەکەیەوە. هەرەها پێموانییە، کە دەنگدەرەکانی پێشوو، ئەوەیان بەلاوە گرنگ بێت، ئاخۆ “ئادێرناوێر”، فێڵی لە هاوژینەکەی کردبێت، یان پارەیەکی زۆری بۆ گوتارەکانی وەرگرتبێت. خەڵکیی ڕێزیان بۆ سەرۆکایەتییەکەی هەیە. ئیدی لە ژیانی کەسێتییدا، چی کردووە و چی نەکردووە، زۆر گرنگ نییە. لێرەدا تێگەشتنێکی ڕاست و دروست بۆ “رۆڵ” و “رووکەش” بوونی هەبوو. لەو سەردەمەدا، ئەوە زۆر گرنگ نەبوو، کە تۆ یان فڵان و فیسارە کەس کێیە (لە ژیانی کەسێتییدا). لەم سەردەمەشدا، سیاسەتەوان تەنها کاتێ بەناوبانگ و باوەڕپیکراو دەبێت، کە هەستە کەسییەکانی ئاشکرا دەکات. ئێمە لە سەردەمی تیرۆری میهرەبانی و ئاشکراکردندا دەژین.

هابێرل: کەواتە سیاسەتوانێک تا ئەو کاتەی، کە لە بارە سیاسییەکەوە، ژیرانە هەڵسوکەوت بکات، هەرچییەکی بوێت دەتوانێت بیکات؟

بایونگ چول هان: من ئەمە دەڵیم، بەڵام بەبێ هیچ جۆره هە‌ڵسەنگاندن و بڕیاردانێک. جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە، کە تینوو بوون و شەیدابوون بۆ شەفافییەت، ئاستی دیموکراسی بەرز ناکاتەوە، بەڵکو دەیخاتە مەترسیشەوە و، چیدی لێرەدا، کۆمەڵێ بەهای وەک متمانە و ڕێزمان لەدەستداوە.

هابێرل: ئایا هێزیش بۆ خۆی بەهایە؟

بایونگ چول هان: هێز، توانا و ورەیەکی میدیاییە لە سیاسەتدا. لە کردەوەی سیاسی و بە گشتی لە سیاسەتدا و بۆ کونتڕۆڵکردن و حوکمڕانی بەسەر پڕۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی زانیاریدا، بوونی “هێزی زانیاری”، بوونێکی پێویستە. هەرەها ئەوەش بەشیکی گرنگی سیاسەتە، کە دەبێ هەندێ زانیاری تایبەت بپارێزرێت. سیاسەت بەبێ بوونی نهێنی و شتی شاراوە، مەحاڵە. سیاسەت کردەوەیەکی ستراتیژییە، یاری کردنە بە “هێز”. بەڵام شتێک بە ناوی شەفافییەتی تێدا نییە.

هابێرل: کریستیان وڵف و پییەر شتاین بروک هەوڵیان دا، بە ئاشکراکردنی بازرگانییە کەسێتییەکەیان، سەرنجی خەڵک بەرەولای خۆیان رابکێشن. ئایا ئەمە سوود و کاریگەری هەبوو؟

بایونگ چول هان: نا، بە هیچ شێوەیەک. متمانە پێویستی بە سەلماندن و بەڵگە و پاساو بۆ هێنانەوە نییە. ئەوەش زۆر گاڵتەئامێزە، کە سیاسەتوانێک، چالاکییەکانی هەژمارە بانکییەکەی بڵاوو دەکاتەوە.

هابێرل: بۆچی؟

بایونگ چول هان: چونکە ئەو ڕۆشتووەتە ناو لۆژیکێکی کوشندەوە. خواستی شەفافییەت، تەنها ئەو کاتە دەنگ هەڵدەڕێت، کە متمانە کەم بووبێتەوە. خۆمان لە قۆناغی ئەزموونکردنی ئەوەداین، کە چیدی “کۆمەڵگەی متمانەپێکردن” بەرەو کۆتایی دەڕوات و بوونی نامێنێت. لە باتی کۆتایی هاتن بەم جۆرە کۆمەڵگایەش، چیدی متمانە بە شەفافییەت دەکەین، بۆیە دواجار لە کۆمەڵگای متمانە دوور دەکەوینەوە، چونکە شەفافییەت هەمیشە، شەفافییەت و کۆنتڕۆڵ و چاودێری دەخوازێت. یەکجار سەیری ماڵپەڕی (شوفا)[7] بکەن. تێیدا نووسراوە “ئیمە متمانە دروست دەکەین”. ئەمەش ئەوپەڕی بێباوەڕی و ڕەشبینییە. شوفا متمانە دروست ناکات، بەڵکو بە پست بەستن بە چاوديری و کۆنتڕۆڵی تەواو، متمانە لەناو دەبات.

هابێرل: هێرشێکی زۆر کرایە سەر پییەر شتای نبروک، کاتێک گوتی “تەنها لە دیکتاتۆرییەتدا، شەفافییەت بوونی هەیە”.

بایونگ چول هان: لەمەیاندا راست دەکات. شەفافییەتی تەواو، یان شەفافییەتی ڕەها، تەنها بە بوونی کۆنتڕۆڵ و چاودێری ڕەهاوە، بوونی دەبێت. دیارە چاودێری ڕەهاش، تەنها لای دیکتاتۆرەکان بوونی هەیە. ئەمەش بەشێکە لە دیموکراسی، کە ناکرێ مرۆڤەکان هەموو شتيک بزانن. لە دیموکراسیدا کۆمەڵێ هۆبە بوونیان هەیە، کە ناکرێ و نابێ تیشکیان بخرێتە سەر. وشەیەکی نوێ بۆ “رێکخستن و ئاراستەکردن: “شەفافییەت”.

ئولریش شاخت ی رۆژنامەنووس نوسیویەتی “لە ساڵی ١٩٧٣ و لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، بە تۆمەتی هاندان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات، بە حەوت ساڵ بەندبوون، سزا دراوە.” ئێمە ئێستا لە مەبەستەکەی تێدەگەین. یانی نەک هەر ژیری دەستەجەمعی، بەڵکو گەوجیی دەستەجەمعی و دیکتاتۆرییەتی دەستەجەمعیش بوونی هەیە.

هابێرل: کەواتە حزبی “چەتەکانی دەریا”، خۆیان پێچەوانەی خۆیانن.

بایونگ چول هان: ئەم حزبە پاش سەرکەوتنەکانی سەرەتا، تووشی سەرلێشێواوی و پەرتبوون بووە، لە ئەدا و بۆچوونەکانیدا. هەمووان دەتوانن قسە بکەن، دەنگ هەڵبڕن. هەموویان هەموو شتێک دەزانن. چەتەکانی دەریا، توانای دەربڕینی ویستی سیاسییان نییە. توانای یاری سیاسیشیان نییە. کەچی دیسانەوە خاتوو مارینا ڤایسباند، حەز دەکات، ڕۆڵی خۆی وەک خوێنمژێکی زیندوو، بەرجەستە بکات. لەم ڕۆڵ گێڕانەشدا، دەزگیرانێکی دەست کەوت و هەروەها سیاسەتیشی ناسی. یانی ئەو سیاسەتەی، کە بریتییە لە پیلان گێڕان و دانیشتن و دیداری نهێنی. ئینجا سەرجەم چەتەکانی دەریا و، بە تایبەت ئەوانەی، کە خوازیاری شەفافییەتن، بە ئاشکرا ئەمەیان گوتووە.

“شەفافییەت چەکێکە بۆ سەرکوتکردنی بۆچوونە جیاوازەکان”

هابێرل: خۆ ئەم خاتوونە وازی لە سەرۆکایەتی چەتەکانی دەریا هێناوە.

بایونگ چول هان: بەڵێ بەڵێ. رەنگە تێگەشتبێت، کە سیاسەت زۆر زیاترە لە یارییەکی بێوەی و بێزیان. لە لایەکی دیکەشەوە، چەتەیەکی دەریایی دیکەی سەر بە بازنەی بەرلین بە ناوی “کریستۆف لاوێر” دەڵێت: “شەفافییەت چەکێکە بۆ سەرکوتکردنی بۆچوونە جیاوازەکان”. دیارە هەڵوەشاندنەوەی سەرکردایەتی و سیستەم و دەستوپێوەندەکانی، کارێکی گەلێ دژوارە و، غەڵبەغەڵب و هەرایەک دەنێتەوە، کە حزبێکی پێ نوقم دەکرێت.

هابێرل: دەبێ ئەمەمان بە وردی بۆ ڕوون بکەنەوە.

بایونگ چول هان: ئەگەر سیاسەتوان کاریزمای هەبێت، دەتوانێت بە کەمترین هیلاکی و ماندوبوون، بۆچوونەکانی، دنیابینی و ویستەکانی زاڵ بکات و ئامانجەکەی بپێکێت. هەرچییەک بڵێت، خەڵک قبوڵی دەکەن و دڵ و دەروونی دەدەنێ، چونکە بە لای خەڵکەوە ڕێزی هەیە. ئەمە پێی دەڵێن، هێز. چیدی ئەم جۆرە سیاسەتوانانە بوونیان نییە. ئێستا سیاسەتوانان لە لایەن دەنگدەرانەوە، دەخرێنە نێو زریانی گووەوە. ئەمەش کردەوەی سیاسی ئیفلیج و دژوار دەکات.  سەیری ئەو ڕێککەوتەش بکە؛ لەملاوە دەبینی، کە کۆمەڵگەی شەفاف، زۆر ئاڵۆز و ناڕوونە، چونکە پڕه لە ژاوە ژاو و دەنگەدەنگ، یانی مرۆڤ گێژ دەکات. تیۆریسییەن و شارەزایەکی دەستووری وەک “کارل شمیت” دەڵێت: “حوکمڕان ئەو کەسەیە، کە دەسەڵاتی بەدەستەوەبوون و بڕیاردانی لە دۆخی تایبەت و لەناکاودا هەیە.”[8] کەواتە، حوکمڕان ئەو کەسەیە، کە توانای بەرمهێنانی بێدەنگیی هەیە.

هابێرل: خۆ ئەگەر وابێت، ئەم بۆچوونەتان، شەرعییەت دانە بە هەڵسوکەوتی کۆمەڵێ دەسەڵاتی ستەمکاری وەک چین و ڕووسیا. لەم وڵاتانەدا، شەقامەکان، یەک سایدن(سایدی دەسەڵات).

بایونگ چول هان: دووبارەی دەکەمەوە؛ هەر سیاسەتوانیک، هێز و دنیابینی هەبێت، دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی بێ هاوتا بەرهەم بهێنێت.

هابێرل: کێ ئەم هێزەی هەیە؟ پۆتین یان کیم جۆنگی سەرۆکی کۆریای باکوور؟

بایونگ چول هان: بە دڵنیاییەوە، ئەمان هێزیان نییە. ستەمکار و شەقاوە، بێ هێزن، چونکە لە نەبوونی هێزدا، چیدی حوکمڕان دەبێتە ستەمکار. ئەوەشی هێزی هەیە، چیدی پێویستی بە بەکارهێنانی توندوتیژی نییە. بەهێزکان تووشی سەرسەختی و بەرگریکردنی لایەنی بەرامبەر نابن.

هابێرل: شارەزایەکی بازاڕگێڕی ئینتەرنێتیی “ڤایل گۆنیم”، پێی وایە “بۆ ئازاد کردنی کۆمەڵگایەک، تەنها پێویستمان بەوەیە، رێگەی رۆشتنە نێو ئینتەرنێت بخەینە بەردەستیان.” چی لەمبارەیەوە دەڵێن؟

بایونگ چول هان: با ئێران و چین لەبەرچاو بگرین. ئینتەرنێت لەم دوو وڵاتە، باشترین و سەرکەوتووترین ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی هاووڵاتییە. تۆڕی ئینتەرنێت یان تۆڕی دیجیتاڵ، گومان و پرسیاری دیجیتاڵی بەرهەم دەهێنێت. دیارە بۆ دەسەڵاتیش ئەمە بەرەکەتە، چونکە خەڵکەکە بە ویستی خۆیان، خۆیان ئاشکرا دەکەن. ڕووناکایی دەگۆڕدرێت بۆ بەکارهێنان. چیدی خۆمان بە ویستی خۆمان ڕێگەمان بە ڕووناکایی و بەکار‌هێنانمان داوە، بەڵێ خودی خۆمان. لەم کەشەدا، کە بەکاردەهینرێین، هەست بە ئازادی دەکەین. ئەمەش لە پڕۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا، باشترین ئامرازە.

هابێرل: ئێستا جەنابتان پلار لە فەیسبوک دەگرن. ئایا جەنابتان هەژماری فەیسبوکتان هەیە؟

بایونگ چول هان: نا. بە ڕاستی نازانم لەوێ چیبکەم، زۆر بێتاقەتکەرە. “پێتێر هاندکە” دەڵێت: “من لەنێو ئەو شتانەدا دەژیم، کە ئەوانی دی، لەبارەی منەوە نایزانن.” ئەو ڕاست دەکات. من بە زۆری قسە لەگەڵ خۆمدا دەکەم و، بۆ ئەمەش پێویستم بە فەیسبوک نییە.

هابێرل: بەڵام یەک ملیار مرۆڤ، ئەندامبوونیان لە فەیسبوکدا بەلاوە گرنگە و بە پێویستیشی دەزانن. هۆکاری ئەمە بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟

بایونگ چول هان: پرسیارەکە بەمشێوەیەیە: ئەسڵەن بۆچی ئێمە لەگەڵ یەکدیدا، لە پەیوەندیداین؟ “ڤیلە فلوسەر”، تیوریسییەنی بواری پەیوەندی، پێیوایە “ئیمە بۆ هەڵهاتن لە مەرگ، پێکەوە لە پەیوەندیداین.”

لە فەیسبوک یان لە تویتەردا، دەرفەتی دیالۆگ بوونی نییە و، هەر بژاری “بەدڵمە” بوونی هەیە. بەڵام کڵێسە بەتاڵ و چۆڵە و فەیسبوکیش جمەی دێت. ئەمە سەرهەڵدانی كڵێسەیەکی نوێیە، هاوکات نالۆژیکیشە. لە فەیسبوکدا، ناتوانین لە مەرگ هەڵبێین، چونکە پێمانوایە تا دێت، زیاتر و خێراتر پەیوەندی چێ دەکەین و پەرەیان پێدەدەین.

هابێرل: کەواتە ئێمە بۆ مانابەخشین بە ژیان، پێکەوە لە پەیوەندیداین؟

بایونگ چول هان: بەڵێ وایە، بەڵام ئەمە ئەرکی پەیوەندی دیجیتاڵ نییە و، لە بنەڕەتدا، بۆ ئەم مەبەستە دروستنەکراوە. تەنها گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ “تۆ” (تەنیکی ناسراو و دیاریکراو) مانابەخش دەبێت. دەکرێ دۆعا و پاڕانەوەیەک، دیالۆگ بێت. لە فەیسبوک یان لە تویتەردا، دەرفەتی دیالۆگ بوونی نییە و، هەر بژاری “بەدڵمە” بوونی هەیە. بەڵام کڵێسە بەتاڵ و چۆڵە و فەیسبوکیش جمەی دێت. ئەمە سەرهەڵدانی كڵێسەیەکی نوێیە، هاوکات نالۆژیکیشە. لە فەیسبوکدا، ناتوانین لە مەرگ هەڵبێین، چونکە پێمانوایە تا دێت، زیاتر و خێراتر پەیوەندی چێ دەکەین و پەرەیان پێدەدەین.

هابێرل: بەڵام گفتوگۆ ـ تەنانەت ئەگەر لە فەیسبوکیشدا بێت ـ دەتوانێت هیوامان بداتێ، هانمان بدات بۆ بیرکردنەوە و، ئاسودەشمان بکات.

بایونگ چول هان: ئەو ڕێژەیە لە زانیاری، کە لە فەیسبوکدا بوونی هەیە، رێژەیەکی ئێجگار زۆرە، بەڵام خۆ چەنداییەتی، چۆناییەتی بەرهەم ناهێنێت. ئێمە وا بیردەکەینەوە: تا پەیامی زیاتر بنێرم یان وەریبگرم، بەو ئاستەش نزیکم لەوانی دییەوە، لە مرۆڤەکان.

هابێرل: ئەمەش راست نییە؟

بایونگ چول هان: پرسیارەکە ئەمەیە: ئەمە یانی چی، پێتوایە یەکێکت لێوە نزیکە و دەتوانیت لەمسی بکەیت و، مرۆڤێکی دیکەشت لێوە دوورە و دەتوانی تەنها بیری لێبکەیتەوە؛ کەچی لەگەڵ هەردووکیان، بە نامە و ئێس ئێم ئێس لە پەیوەندیدا بیت؟ پێچەوانەی ئەمەش بوونی نییە: هۆکاری ئەمەش ئەوەیە، چونکە  ئێمە بەردەوام پەیام بۆ ئەوانی دی دەنێرین، چیدی توانا و هێزی لەمس کردن و بەرکەوتنی ئەو مرۆڤانە لە دەست دەدەین، کە لێمانەوە نزیکن، بۆیە بیر لە مرۆڤە دوورەکان دەکەینەوە. دیارە کاتێ لەگەڵ یەکێکدا، بەردەوام ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکەین، شتێک هەر ڕوو دەدات، بەڵام من ئەمە ناو نانێم نزیکبوونەوە، بەڵکو پێی دەڵێم، نەبوونی مەودا، نەبوونی دووری.

هابێرل: لێرەدا جیاوازییەکە چییە؟

بایونگ چول هان: نزیکی، فۆڕمیکی دیالیکتیکییە. “نزیک”ـی هەمیشە بە گوێرەی مەودا پێوانە دەکرێت و، کاتێ یەکێک خۆی لە نزیکبوونەوە دوور دەخاتەوە، مانای ئەوەیە، کە بابەتەکە دەگۆڕدرێت بۆ نەبوونی مەودا. “پاول کێلان” لە شێعرێکی ئەوینداریدا دەڵێت: “تۆ زۆر نزیکیت، کاتێ لێره نیت.” ئەمە سەرەتا وەک پاڕادۆکسێک دەردەکەێت، بەڵام ئەمە حەقیقەت و راستییەکەیە. دوو مرۆڤ دەتوانن لە یەکدییەوە نزیک بن، بەڵام کاتێ لە یەکدی دوورن. ئەم تۆڕە دیجیتاڵەش، ئەم دیالیکتیکەی لەناو برد. ئەم تۆرە هەمووان ناچار دەکات بە “لێرە بوون” و “ئێستا.” دواجار ئەوە “نزیکی”ـیە لەناو دەچێت.

ئیمە هێندە بی شومار و لە ڕادەبەدەر پەیوەندی بە یەکدییەوە دەکەین، چیتر دەرفەتێک بۆ پشوودان و بێدەنگی نامێنێتەوە.

هابێرل: پێتانوایە، کە تۆره دیجیتاڵەکان، لە درێژماوەدا، کاریگەری خراپ لەسەر دەروونی بەکاربەرەکان دادەنێت؟

بایونگ چول هان: ناتوانین ئێستا ئەمە بڵێین. بەڵام ئەمە شایەنی گرنگی پێدانە، کە ئیمە هێندە بی شومار و لە ڕادەبەدەر پەیوەندی بە یەکدییەوە دەکەین، چیتر دەرفەتێک بۆ پشوودان و بێدەنگی نامێنێتەوە. هەر چەشنە درزێکمان لەنێو ئەم شاڵاوی زانیارییانەدا، بەلاوە تاقەتپروکین دەبێت، چونکە چیدی پشوو، وەستان و بێدەنگی لە “کۆمەڵگەی زانیاری”ـیدا، هیچ پێگە و ڕۆڵێکی نابێت. پشوودان دەبێتە مردن. بۆیە پرتە و بۆڵەمان دێت و، فێر نابین، گرنگ لە ناگرنگ جیا بکەینەوە. لەم حاڵەتەشدا، وازهێنان و لەبیرکردن، باشترین یارمەتیدەر بێت؛ بێدەنگبوون لە دەربڕینی بینینەکانمان. کۆمەڵێ بینراو و بەڵگە، کە بە هۆی فراوانی زانیارییەکانەوە، لە کیسمان دەچێت. بۆ ئەوەی بتوانین بیر بکەینەوە، بێدەنگی و بەتاڵ بوونمان پێویستە.

هابێرل: بوونی ئەم دووانەش دژوارە.

بایونگ چول هان: بەڵێ وایە. ئیمە لە ئێستا بەر خێرایی سووڕی سەرمایە، ئاماژە و زانیارییەکان دەکەوین. لەپیناو ئەم خێراییەش، پێویستە هەموو نهێنی، هێڵی گەڕانەوە، تایبەت بوون، سوچ و پاڵوو و قەراخەکان  لەناو ببردرێن. تەنها لە کۆمەڵگای شەفافدایە، کە رێڕەوی هەمیشەیی زانیاری و شتومەکەکان، ڕووبەڕووی بەرهەڵستکاری و بەرنگاربوونەوە نابن. لە کۆمەڵگای شەفافدا، هەموو شتێک بە دیوی دەرەوەدا دەکرێنەوە، ئاشکرا دەبێت و لەناو دەچێت. ئیمە خۆمان دەخەینە بەر چاو و دەم، بەر سەرنجەکان.

هابێرل: ئەنجام چی دەبێت؟

بایونگ چول هان: لە ئەنجامدا، ئێمە پشتگیری دەینەمۆی سەرمایەداری و کۆمەڵگای نیولیبراڵ دەکەین و، دواجار خوشمان دەبینە کاڵا. تاکە بەهایەکیش، کە بوونی دەمێنێت، بەهای نمایشکردنی بەهاکان دەبێت. ئەمەش دابەزینێکی جەرگبڕی ئاستی ژیان و بوونە.

فەیسبوک ئەو شوێنەیە، کە هەمووان تیایدا ڕێک دەبنەوە، هەمووان لە یەک دەچن، چونکە هەموویان دەیانەوێت جیاواز بن. هەرکەسە و لە شێوەی کاڵایەک دروستکراوە، بۆ ئەوەی بە هۆیەوە، خۆی بخزێنێتە نێو سیستەمەکەوە.

هابێرل: بەڵام ئێمە بەردەوام و بێ وچان، پەیام و نامە دەنێرین، بۆ ئەوەی بێ وێنەبوون، دانسقە و بێ هاوتا بوونی خۆمان پیشان بدەین.

بایونگ چول هان: هەڵەیەکی گەورەیە. فەیسبوک ئەو شوێنەیە، کە هەمووان تیایدا ڕێک دەبنەوە، هەمووان لە یەک دەچن، چونکە هەموویان دەیانەوێت جیاواز بن. هەرکەسە و لە شێوەی کاڵایەک دروستکراوە، بۆ ئەوەی بە هۆیەوە، خۆی بخزێنێتە نێو سیستەمەکەوە. لە فەیسبوکدا، کەس ناتوانێت ئەوی دی بێت. سەنتەری ئەم لێکچوون و یەکسانییەش بریتییە لە بژاری”بە دڵمە”. ئەی بۆچی بژاری “بە دڵم نییە”ی تێدا نییە؟ کتێبێکی ڕێنوێنی کردن هەیە، چۆن هاوڕێی ئینتەرنێتی بدۆزینەوە بە ناوی “یەک میلیۆن ژن چاوەڕێتە.” ئەدی پیاوان چ دەکەن؟ خۆتان بەراوردێکی بکەن:

بەراورد ـ (هاوتاکردن) یانی: هەموو شتێک یەکسان و هاوتا دەکرێت. ئیمە لە دۆزەخی یەکسانی و هاوتاییدا دەژین، کە بۆ ئەزموونکردن و بەرکەوتنی ئیرۆتیک، دەست نادات.

هابێرل: چونکە ئێمە، لە ڕادەبەدەر حەزمان لە خۆمانە؟

 بایونگ چول هان: بەڵێ. لە کتێبە نوێیەکەمدا، قسە لەسەر ئەمە دەکەم. ناوی “ئازاری سوواو بوون”ـە و، تیشک دەخاتە سەر ئەو لایەنە، کە ئێمە تووشی خەمۆکی دەبین، چونکە لە هەموو شوینیک خۆمان دەبینینەوە. خۆمان لە خۆمان هیلاک بووین. بۆیە “سوواو بوون” بە پێچەوانەوە، جۆرە ئەزموونێکە، کە پێیوایە لە لایەن ئەوی دییەوە، بە دەست ئەوی دییەوە، هەلاهەلا و وێران دەبین. ئەمەش هێمای ئەو کۆمەڵگایەیە، کە بەرەو “حەز لەخۆ کردن” دەکشێت و، ئەوی دی لەناو دەبات. بۆیە لەگەڵ “سوواو بوون”، یانی دەرفەتی عەشق…

هابێرل: لێکدانەوەتان چۆنە بۆ ئاستی ئەم پێشکەوتنە؟

بایونگ چول هان: من پێموایە، ئێمە بەرەو کارەسات دەڕۆین.

مرۆڤەکان لە کارەساتەکانەوە فێر دەبن، نەک لە دنیابینییەکانەوە.

هابێرل: بەڵام خۆ “دژە سەرمایەداری” دیسانەوە خۆی رێکخستووە و پۆشتە و پەرداخیشە و، بگره تێگەشتنی ئێکۆلۆژیکیشی، لە ئاستێکی بەرزدایە. ئایا ناکرێت، شەفافییەت و گەشە بخزێنرێتە نێو سیستەمەوە و، بەر لەوەی هەموو شتێک داگیر بکات، چاکسازی تێدا بکرێت؟

بایونگ چول هان: چ گرنگ نییە، ئاخۆ چەندە بیر لە رابردوو دەکرێتەوە؛ مرۆڤەکان لە کارەساتەکانەوە فێر دەبن، نەک لە دنیابینییەکانەوە. بەبێ جەنگی دووەمی جیهانی، لە ئەوروپا ئازادی بوونی نەدەبوو. “ئارتۆر شنیتسلەر” دەڵێت: “مرۆڤەکان وەکو باسیل (جۆرە باکتریایەک) هەڵسوکەوت دەکەن، گەشە دەکەن و، ئەو فەزایە یان ئەو ژوورە لەناو دەبەن، کە تیایدا گەورە دەبن. لە کۆتاییدا و بە هۆی ئەم پڕۆسەیەوە، سەری خۆشیان دەخۆن و خۆشیان لەناو دەچن.” ئەمە بەلای منەوە، بەراوردێکی مانادار و لۆژیکییە. ئێمە تیادەچین و دەگەڕێینەوە سەرەتا، چونکە ئیمە هیچ لە قۆناغەکانی سەرەوە نازانین، هیچ زانیارییەکمان لەبارەوە نییە. بەو پێیەش، کە ئێمە بەردەوامین لە گەشەکردنەکەمان، بۆیە خودی ئەم گەشەکردنەمان، تیامان دەبات، سەرمان دەخوات.

هابێرل: دەشێ ئەم قۆناغە باڵایە چی بێت؟

بایونگ چول هان: تەنها بوونەوەرێک دەزانێت، ئەم قۆناغ باڵایە چییە، کە لە ئێمە زیرەکتر بێت.

هابێرل: گۆڤاری “شپیگل” وەکوو “حاڵ خراپترین” فەیلەسوف دەستنیشانی کردیت. ئێستا دەزانی، بۆچی ئەم نازناوەی پێدایت؟

بایونگ چول هان: ڕاستییەکەی من فەیلەسوفێکی حاڵ خراپم لە فەیلەسوفێکی خۆشحاڵ بەلاوە باشترە. ڕاست دەکات، من هەر حاڵم نییە، هەندێجار بێتاقەتم، بەڵام ئەمە شتێکی دیکەیە. ئێوە هەمیشە بیر لە فۆڕمێک لە فۆڕمەکانی بەرگریکردن دەکەنەوە. بەڵێ من بیر دەکەمەوە، لە پێناو هەڵهاتن لە مەرگ. بۆ خزمەتکردنی ژیان.

بڵاوکراوەی:

Süddeutsche Zeitung

پەراوێزەکان:


[1] سیاسەتوان و وەزیری ئێستای ناوخۆی ئەڵمانیا لە حزبی  CSU

[2] پیتەر ئالتمایەر، وەزیری ئابووری و ووزه لە کابینەکەی مێرکڵ لە سەر حزبیCDU

[3] یورگن تریتین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەڵمانیا، لەسەر حزبی سەوزەکان

[4] ـ ئەنجومەنی پاراستنی سەگی وڵف دۆگ.

[5] لۆبی کار و ڕاوێژکاری بەڕێوەبردن و ماوەیەکیش وەزیری بەرگری حکومەتی فیدراڵی بوو. کاتێ ناوی کەوتە نێو ناوان، کە زانکۆی گوتنبێرگ بە تۆمەتی دزینی تێز و ڕچاونەکردنی مافی کۆپی ڕایت، دکتۆراکەیی هەڵوەشاندەوە. بۆیە ساڵی ٢٠١١ بە یەکجاری وازی لە سیاسەت هێنا. ئەندامی حزبی CUS بوو.

[6] سیاسەتوانێکی دێرینە و سەرباری شکستەکانی لە ‌هەڵبژاردنەکاندا، دیسانەوە چەندین پۆستی باڵای سیاسیی پێدراوە و تۆمەتباریشە کە لەم رێگەیەوە، سەروەتێکی نامەشرعی کەڵەکە کردووە.

[7] Schufa دامەزراوەیەکی ئابووری، یاساییە و، ئەو کەسانە دەخاتە نێو لیستی ڕەشەوە، کە توانای دانەوەی قەرز یان قیستاکانیان بە بانکەکان نییە.

[8] ئاماژەیە بۆ دەستپیکی کتێبی “مانای کردەوەی سیاسی”ی، فەیلەسوف و یاساناسی ئەڵمانی کارل شمیت. ئەم فەیلەسوفە بەوە دەناسرێتەوە، کە دژی لیبڕالیزمە و، هەندێجاریش وەک داکۆکیکاری فاشیست ناو دەبرێت. بەڵام تەوەری سەرەکی دوو بەرهەمە بەناوبانگەکەی “مانای کردەوەی سیاسی” و “ئیلاهیاتی سیاسی”، قسە کردنە لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانی هێز.