ڕیزبەندییەکی نوێ بۆ مێژووی چیرۆکی کوردی

ئەم چیرۆکەی لە خوارەوە هاوپێچ کراوە، دەبێت بە یەکەم چیرۆک لە مێژووی چیرۆکی کوردیدا. هەر لەم سەرەتایەوە دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە دەستپێکی چیرۆکی کوردی، لە ڕووی هونەرییەوە، سادە و ئاساییە، ئەمە نەک تەنیا بۆ چیرۆکی کوردی، بەڵکو لە چیرۆکی گەلانی تریشدا دووبارە بووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەو سەرەتا ساکارە کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە هیچ لە بایەخی ئەو چیرۆکانە کەم ناکاتەوە، بەڵکو وەک دەستپێک و بناخەیەک بۆ ئێستا و داهاتووی چیرۆکی ئەو گەلانە دادەنرێن.

***

بڵاوبوونەوەی پەخشانی کوردی (چیرۆکیش وەک لکێک لە پەخشان)، پەیوەستە بە ڕۆژنامەگەرییەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، پەخشانی کوردیش دەرووی لێ دەکرێتەوە و سەر دەردێنێت. ئەوەی پەیوەندی بەم باسەوە هەبێت، ڕۆژنامەی “ژیانەوە”یە، ئەو بابەتەی ئێمە دەمانەوێت دەربارەی بنووسین، لەسەر ڕووپەلی ڕۆژنامەی “ژیانەوە” ڕووی داوە، هەر بۆیە ئاوڕدانەوە لەم ڕۆژنامەیە و سیاسەتی کارکردنی، پێویستییەکی ئەم باسەیە.

ڕۆژنامەی “ژیانەوە” لەنێوان ساڵانی (١٩٢٤ – ١٩٢٦)ـدا، لە سلێمانی، لە لایەن حوکمەتی ئەوکات، کە ئینگلیز بووە، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، (٥٦) ژمارەی لێ چاپ و بڵاو بووەتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە خزمەتێکی بەرچاوی بە مێژوو، زمان و ئەدەبی کوردی کردووە. هەواڵەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی تێدا بڵاو کراوەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و خوێنەران، لە سلێمانی و شارەکانی تر، لە دەوری خۆی گرد کردووەتەوە. کەسانێک، کە ئەم ڕۆژنامەیان هەڵسەنگاندووە، بە داردەست و کەناڵی ئینگلیز لە شارەکەدا، ناساندوویانە، هەڵبەت ئەگەر چاو بە تێکڕای ژمارەکانی “ژیانەوە”ـدا بخشێنین، ئەم ڕاستییە دەبینین، بەڵام وەک د. کەمال مەزهەر لە پێشەکیی کۆژمارەی فۆتۆکۆپی “ژیانەوە”ـدا نووسیویەتی: «”ژیانەوە” بە ڕاشکاوی بە شانوباهوی ئینگلیزیدا هەڵدەدا، بەڵام ئەوە خۆی لە خۆیدا ئەوە ناگەیەنێت، کە ئەوانەی لە “ژیانەوە”ـدا دەیاننووسی، پیاوی ئینگلیز بوون، هەموویان کوردپەروەری ڕەسەن بوون و لەو باوەڕەدا بوون تەنیا لە ڕێگەی ئینگلیزەوە دەتوانرێت چارەسەرێک بۆ کێشەی نەتەوەیی کوردیش بدۆزرێتەوە.» ئەمە وێڕای ئەوەی ئەم ڕۆژنامەیە، لە مێژوویی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، جێیەک و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و بە دڵنیایی بۆ داهاتووش دەیبێت.

***

توێژەرانی بواری گێڕانەوە و چیرۆکی کوردی دەریانخستووە و چەسپاندوویانە، سەرەتای چیرۆکی کوردی، دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکێکی تەواونەکراوی “فوادی تەمۆ“، چیرۆکەکەی فوادی تەمۆ بێ ناونیشانە و بە سەرناوی “چیرۆک”، لە ساڵی ١٩١٣ بە دوو بەش، لە ژمارە “١” و “٢”ـی گۆڤاری “ڕۆژی کورد“ـی کۆمەڵەی “هێڤی”، کە لە ئەستەمووڵ دەرچووە، بڵاو کراوەتەوە، بەڵام دواتر هیچ سەروسۆراخ و بەشێکی تر لەم چیرۆکە نەبینراوە. بایەخی ئەم دەقەی فوادی تەمۆ لەو ڕووەوەیە کە بۆ یەکەمجار پەیڤی “چیرۆک” لە زمانی کوردیدا دەنوێنێت، هەڵبەت تا ئێستاش ئەوە یەکلایی نەبووەتەوە، ئایا دەستەی گۆڤاری “ڕۆژی کورد”، یان خودی فوادی تەمۆ، ئەو ناوەیان داناوە.

ساڵانێکە، بە کۆدەنگی و کۆکبوون، چیرۆکی “لە خەوما“ـی جەمیل سائیب، بە یەکەم چیرۆک لە مێژووی چیرۆکی کوردیدا دانراوە. “لە خەوما” لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٢٥ – ١٩٢٦)ـدا و بە چەند بەش، لە هەردوو ڕۆژنامەی “ژیانەوە” و “ژیان”ـدا، بڵاو کراوەتەوە. دەستپێکی “لە خەوما“، کە بەشێکە لە چیرۆکەکە و دەکرێت بۆ خۆی وەک هونەرێک تەماشا بکرێت، لە (٢٦ـی ٦ـی ١٩٢٥)ـدا، لە ژمارە (٢٨)ـدا، ئەم بەشە لە سەرجەم چاپەکاندا لابراوە، بەم جۆرەیە بڵاو کراوەتەوە:

«لە طەرەف شەخصێکەوە، خەوێکی زۆر عەجائیب و غەرائیب بینراوە، ئەم خەوە حەیات و ئیدارە و ڕابواردنی چەند ساڵێکی ئەم وڵاتە ئەنوێنێ، گەلێ ئەسراری خوێناوی وەحشیانە دەرئەخات، زۆر ئەحواڵی خصووصی ئەخاتە بەرچاوی ئەم عالەمە. جارێ لە پێشەوە حەفتەی بەعضێک لەم خەوە لەم غەزەتەیەدا دەرج دەکەین، لە نوسخەی پاش ئەم نوسخەیەوە ئیشەڵڵا دەستی پێ ئەکرێ، لەسەر هەموو کەسێ لازمە هەتا دواکەلیمەی زۆر بە دیققەت بخوێنێتەوە و هەتا نەتیجەی وازی لێ نەهێنێ.»

لە ژمارەکانی دواتری “ژیانەوە” و دواتریش “ژیان“ـدا، بەش بەش دەست بە بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکە کراوە. ئەمە تا ئیرە تەواوە و لە چەند لێکۆڵینەوەدا ئەم باسە دووبارە کراوەتەوە، بەڵام بە قەڵەمبازێک، باز بەسەر چیرۆکێکی تردا دراوە، کە لە هەمان ڕۆژنامەدا، واتە “ژیانەوە”ـدا بڵاو بووەتەوە، لە هیچ سەرچاوەیەکدا، جیا لە وتارێکی هونەرمەند یاسین قادر بەرزنجی، لە تشرینی دووەمی ١٩٨٧ لە ژمارە (١٣٧)ـی گۆڤاری “بەیان“، هیچ باسێک لەم چیرۆکە نییە. لە ژمارە (١٥)ـدا، لە (١٦ی شوباتی ١٩٢٥)ـدا، واتا: چوار مانگ و دە ڕۆژ بەر لە چیرۆکی “لە خەوما”ـی جەمیل سائیب، چیرۆکی “بۆچی جلخوارم؟“، لە نووسینی مامۆستا کەریم سەعید زانستی بڵاو کراوەتەوە، بەمەش چوار مانگ و دە ڕۆژ پێش چیرۆکی “لە خەوما” دەکەوێت، کە ئەمەش لە ڕووی نووسینەوەی مێژوویی ئەدەبییەوە بایەخی خۆی هەیە و ناچار بە دووبارە ڕیزبەندییەکی مێژووییمان دەکاتەوە.

جێی پرسیارە، بۆ مامۆستایانێک کە لە چیرۆکی کوردییان کۆڵیوەتەوە و بیبلیۆگرافیایان بۆ ئامادە کردووە، چۆنە نە ناوی نووسەری ئەم چیرۆکە، نە ناوی چیرۆکەکەیان نەهێناوە. ئەمە لە دوو هۆکار تێپەڕ ناکات، یەک: ئەم چیرۆکەیان نەدیوە و بەسەریاندا تێپەڕیوە، دوو: “بۆچی جلخوارم؟”یان بە چیرۆک دانەناوە. لە یەکەمدا هیچ ناکرێ و ناوترێ، بۆ دووەم، دەبێت بڵێم “بۆچی جلخوارم؟” بێدوودڵیی چیرۆکە، تەنانەت ئەگەر بە چاوی ئەمڕۆشەوە لێی بڕوانین چیرۆکە و گرفتێکی ئەوتۆی نییە، تەنیا ئەوە نەبێت چیرۆکێکی سادەیە، لە گێڕانەوەیەکی هێڵی و ڕاستەوڕاستدا، خۆ ئەگەر لەناو زەمەن و سیاقی خۆیشیدا بیخوێنینەوە، بێگومان چیرۆکێکی سەرکەوتووە و هیچی کەمتر نییە لەو چیرۆکانەی لەو سەردەمەدا بڵاو بوونەتەوە.

کەریم سەعید زانستی کێیە؟

مامۆستا کەریم زانستی (١٩٠٠ – ٤‌ـی کانوونی دووەمی ١٩٩٦) کەسێکی ڕووناکبیر بووە، وەک مامۆستا، شاعیر و وەرگێڕ خزمەتی کردووە. لە سەرەتای ژیانی لاویدا خولیای بووە زانست، زانیاری و خوێنەواری بڵاو بکاتەوە. بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، لەگەڵ ژمارەیەک ڕووناکبیری ئەو سەردەمە، لەوانە: (پیرەمێرد، ڕەشید زەکی کابان، ڕەفیق حلمی، ڕەشید نەجیب، ئەحمەد عەزیز ئاغا و عەبدوڵڵا عەزیز هەولێری)، بە مۆڵەتی ڕەسمی میری (کۆمەڵەی زانستی)یان لە ٢٤ـی شوباتی ١٩٢٦ پێکهێناوە. ئامانجی کۆمەڵەکە: نەهێشتنی نەخوێندەواری، بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری و ڕۆشنبیری بووە لە ڕێی چاپکردنی کتێب، گۆڤار، ڕۆژنامە، کۆڕوکۆبونەوەوە. بە مەبەستی نەهێشتنی نەخوێندەواری، کۆمەڵەکە قوتابخانەی زانستی کردەوە و مامۆستا کەریم بووە بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە، ئیدی بە “کەریم زانستی” ناسراوە. قوتابخانەکە ڕۆڵی دیاری هەبووە لە بڵاوکردنەوەی خوێندەواری و چەندین کەس لەو ڕێیەوە فێری خوێندنەوە و نووسین بوون، تەنانەت کەسایەتی دیاریشی پێگەیاند، لەوانە: بەنگینەی شاعیر. مامۆستا سەرباری خزمەتەکانی وەک مامۆستا و پەروەردەکار، وەک شاعیر و وەرگێڕیش ڕۆڵی خۆی هەبووە، لە ساڵی ١٩٢٨ لە چاپحانەی فورات لە بەغدا کتێبی گۆرانی، کە کۆمەڵەشیعرێکی خۆی بوون، بە چاپ گەیاند. وەرگێڕێکی بە سەلیقەش بووە و لە زمانی عەرەبیەوە بابەتی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە. وێڕای ئەوانە، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە ڕادیۆی کوردی بەغداد.

***

چیرۆکەکەی مامۆستا کەریم زانستی؛ “بۆچی جلخوارم؟“، دەکەوێتە قاڵبی کورتەچیرۆکەوە و ڕیالستییانە داڕێژراوە، یەکێک لەو هونەرانەی لەم چیرۆکەدا بەکار هاتووە “لەگەڵ‌خۆدوان” “مۆنۆلۆگ”ـە، سەرەتای چیرۆکەکە بە شێوەی خۆهەڵنان و خۆخستنەجێی ئەوێکی بە هەیبەت و بە دەسەڵات دەست پێ دەکات و تەقریبەن تا کۆتایی بەم جۆرە بەردەوام دەبێت، بەڵام لە چەند دێڕی کۆتاییدا، دەنگی ویژدان لە ناخەوە بەئاگا دێتەوە و دێتە دەنگ و دەکەوێتە خۆسەرکۆنەکردن و خۆشکاندنەوە. گەڕانەوەیەکی خێرا و پارانۆمایی بۆ ئەو دەورانەی ئەم چیرۆکەی تێدا نووسراوە، کە بە توندی پەیوەستە بە سەردەمەکەی خۆیەوە، تێگەیشتنێکی بەرینمان لەپێشدا دەکاتەوە.

پاش یەکەم جەنگی جیهانی و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی لەسەر دەستی وڵاتی هاوپەیمانان، بەریتانیا، فەڕەنسا، ڕووسیا و…، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی دا، کە کوردستانیش لە پریشکی ئەو گۆڕانکارییانە بەدەر نەبوو. پاش جەنگ، هاوپەیمانان کەوتنە دابەشکردنی شار و خاکی ڕۆژهەڵات، بێگومان کوردستانیش کەوتە دەست چەند وڵاتی سەردەست و پەل پەل کرا. سلێمانی، وەک چەقی ئەم نووسینە، کەوتە دەست ئینگلیزەکان و کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بەرچاو، لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و… لەم شارەدا ڕوویان دا. بۆ وێنە: لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵێنی دامەزراندنی یەکەم حوکمڕانی کوردییان بە شێخ مەحموودی حەفید دا، بەڵام دواتر، هەر لەسەر دەستی ئینگلیزەکان، حوکمڕانییەکە کۆتایی هات و شێخیش بۆ هیندستان دوور خرایەوە. یەکێکیتر لەو نوختەگۆڕانانە، هێنانی چاپخانەیەک بوو لە لایەن حاکمی سیاسیی ئینگلیز، مێجەرسۆنەوە. هاوکات، لەگەڵ سوپا و دەسەڵاتی ئینگلیز، تورکە کەمالیستەکانیش، لێرەولەوێ، دەیانویست لەژێر پەردەی ئایین و بەڵێنی سەربەخۆییدا، سۆزی کوردەکان بەلای خۆیاندا ببەن. دەتوانین لەو ڕۆژگارەدا چەند دەستە و تاقمێک دەستنیشان بکەین، کە لە ململانێی بەردەوامدا بوون لەگەڵ یەکتر، لایەکەوە ئینگلیزخوازەکان، کە بە فەرمەسۆن و بۆینباخ‌لەمل و کافر ناودێر دەکران، لە نموونەی جەمال عیرفان و تۆفیق وەهبی و…، تورکخوازەکان دەستەیەکی تر بوون، کە بە جلخوارەکان ناودێر دەکران، بۆ نموونە: ئەحمەد تەقی سەر بەم دەستەیە بوو، هەروەها کۆمەڵێکی بەرفرە لە چەتە و ڕێگر، لە ناوشار و دەرەوەی شار، کە پێکهاتبوون لە بەشێک لە هەمەوەندەکان و خەڵکانی تر، بە تەنیشت ئەمانەشەوە تاقمێکیتر هەبوون، مننەوەر و نیشتمانپەروەر، ڕەفیق حیلمی، زێوەر، حەمدیی ساحێبقڕان، کەریم عەلەکە و… سەر بەم تاقمە بوون.

***

کورتەچیرۆکەکەی مامۆستا کەریم سەعید زانستی لە هەناوی ئەم دەستە و تاقم و ململانێیانەوە دێتەدەر و تەنیا چمکێک، یان تاقمێک دەگرێت، کە ئەویش جلخوارەکانن. با لە ناونیشانی چیرۆکەکەوە دەست پێ بکەین: “بۆچی جلخوارم؟” د. جەمال نەبەز بنەچەی وشەی “جلخوار”ـی وەها لێک داوەتەوە: «وشەی “جلخوار” لە جلی خوارەوە نەهاتووە. وشەکە لە بنەڕەتدا “جر خوارە” جر Gier لە زمانی کوریدا بە مانای ڕەوشتوخوو، هەڵسوکەوت، دێ. لە کوردیی باکووردا دەبێژرێ: “جرێ وێ خراپە Gire we xirape” واتە “ڕەوشتوخووی خراپە. کەواتە “جلخوار” مانای “ڕەوشتنزم”ـە.» چیرۆکەکەش بە تەواوی مانا، هەوڵی پێشاندنی ئەم ئاستە لە نزمیی ڕەوشت دەدات و ڕەخنەی توند لەو تاقم و جۆرە ئەخلاقیاتە دەگرێت. نوێنەری ئەم تاقمە تورکە کەمالیستەکان بوون و کەسی یەکەمینیان لە کوردستان، لە ناوچەی ڕەواندز دانیشتووە، ئەویش “ئۆزدەمیر” بووە. ئەگەر چیرۆکی “لە خەوما” بە بارێکدا ڕەخنە بێت لە حوکمەتەکەی شێخ مەحموود و دەوربەرەکەی، ئەوا “بۆچی جلخوارم؟” ڕەخنەیە لەو کەسانەی کە مەیلیان بەلای تورکە جلخوارەکاندا هەبووە و لەگەڵیان هاودەم و هاودەست بوون. بێگومان ئەمەش بایەخی چیرۆکەکە دەباتە ئاستێکی بەرز و لە گوزەری ئەدەب و ژانری چیرۆکەوە، ئەم ڕەخنەیە ئاراستە دەکات و دەلاقەیەک بەسەر ڕابردوو، ئێستا و داهاتووشدا دەکاتەوە، کە باشتر لە هەموو ئەو کتێبە مێژووییانەیە لەو بارەیەوە نووسراون و دەنووسرێن و لایەندارانە ئەو دەورە هەڵسەنگێنن.

چیرۆکەکە ڕوونە و ڕەنگە هەر لێدوانێکی تر دەربارەی، زیان بە ناوەڕۆکەکەی بگەیەنێت. تەنیا ئەوەی شیاوی باس بێت ئەوەیە، ڕێنووس و خاڵبەندیی چیرۆکەکەیە (وەک وێنەی پارچەیەکی لەگەڵ ئەم نووسینەدا هاوپێچ کراوە)، کە هەمان ڕێنووس و خاڵبەندییە، کە تاکو نیوەی یەکەمی سەدەی بیستیش ڕەچاو کراوە، وێڕای گواستنەوەی بۆ سەر ڕێنووس و خاڵبەندیی ئەمڕۆ، هاوکات هەوڵم داوە وەک خۆی، بێ هیچ گۆڕینێک، چیرۆکەکە بینووسەوە.

بۆچی جلخوارم؟

blank

کەریم سەعید زانستی

وەک تێئەفکرم لە ئەرضی خواییدا نە مالیکی بستێک ئەرض و نە دوو پوول پارەیەکم هەیە، دەستێ سپی، بێ مەسلەک، نەخوێندەوارم، بەم ناوەدا بەطاڵ و حەطاڵ لۆژ لۆژ ئەگەڕێم و لە ڕووشم نایە کاسبیش بکەم، چونکە…

بەڵێ؛ وەکو بیستوومە ئەڵێن شەڕ لە بەطاڵی چاکترە، وا چاکە ناوێک بۆ خۆم بدۆزمەوە و هەم مەشغووڵی شتێک ببم… جارێ لە پێش هەموو شتێکدا ڕانک و چۆخەیەکی بێ دووکەڵ لەبەر بکەم، سەرێکی زلی قۆزاخەداری پێکەوە بنێم، تاکێکی کەوشەکانم بنوشتێنمەوە و قۆڵێک لە قۆڵی پەستەکەکە هەڵکێشم، ئەویش بە تەواوەتی شۆڕ ببێتەوە، لەگەڵ قیتبوونی سمێڵم بەژن و باڵام موازەنەت حاصڵ ئەکات، ئیتر بەم نەوعە تۆزێک لە مەسلەکی جلخواریدا نام و نیشان پەیدا ئەکەم.

بە کەش و فشێکەوە ڕۆژی پانزە کەڕەت ئەمسەر و ئەوسەری بازاڕ ئەکەم، دە پانزە ماڵێک و چەند قوژبن و کوچەیەک ئەگەڕێم و تێی ئەگەم، لە تۆزێک شت، شت هەڵئەکڕێنم.

جارجار تووشی هەر کەسێک بووم بەبێ موقەدیمە پێنج شەش قسەی لەنگ و زبر و تەنک ئەکەم، لارسەنگی ئەیهاوم، قیروسیا خۆ دوو پیاوی دڵصانم بۆ ئیقناع ئەبێت. ئەگەر یەکێکی عاقڵیش ئیعتراضی کرد موجامەلەی لەگەڵ ناکەم، بە تووڕەییەکەوە ئەو جێگایە تەرک ئەکەم و جێی ئەهێڵم، یاخود ئەڵێم: خاڵۆ ئەمە بۆ ئیسلامیەتە، ئیسلامیەت.

ئەنجا بەم نەوعە، دیسانەوە بەم نەوعە فروفێڵانە وەکو خۆم جەمعەتێکی لار و لەوار پێکەوە ئەنێم، لە ماکینە تازەکەی خۆمان قسەی تازە و نەبیستراو بڵاو ئەکەینەوە بەم عالەمەدا، ئەگەرچی چاو بە چاو ئەکەوێتەوە و ڕوو بە ڕوو ئەکەوێتەوە و خەجاڵەتیشمان بۆ ئەمێنێتەوە، ئەمما تەئسیری نییە ئەمانە هەموو، لاکینمن ئەگەر دەوامیش بکەم جارجار ئەچمە سەر کورسیی خطابەت و پێنج شەش قسەی تازە بە صورەتی جددییەت بە منگەمنگێکەوە ئەدای ئەکەم، کە مالیکی پوولێکیش نیم با خەڵک بە دەوڵەمەندم تێ بگات، ئەڵێم هەرچییەکم هەیە لەم ئۆغرەدا ئەیدەم، کە لێبوومەوە گوێ لە قسەی کەس ناگرم و ئەچمە ماڵەوە، ڕەنگە لەبەر خۆیشمەوە ئەمانە لێک بدەمەوە، چ درۆ و دەسیسەیەکم ئیرتیکاب کرد لەگەڵ هەموڵاتییەکانی خۆمدا، بەم نەوعەش لە حقووقی بەشەریەت ساقیط ئەبم و حەقی ژیانیشم نابێت، هەم پشێوی بخەمە ناوشارەوە و هەم خیانەتێکی گەورە لە وەطەن و هەم لەگەڵ میللەتەکەما بیکەم، ئاخۆ ئەمە شەرطی ئینسانیەتە؟

نەبەخوا، وەڵڵاهی، چونکە خل بە جەمعیەتی بەشەر ئەدەم نەمانم گەلێک چاکترە، ئاهـ! ئاخ! ئۆف! مللاربوونەوە گەلێک باشترە لەم جلخواردبوونەیە.

سەرچاوە و پەراوێز:

١/ یاسین قادر بەرزنجی، کە بە بایەخەوە،لە ژمارە (١٣٧)ـی گۆڤاری (بەیان)، لە تشرینی دووەمی ١٩٨٧دا ئەم چیرۆکەی بەسەر کردووەتەوە، ناساندنێکی کورتیشی دەربارەی نووسیوە، بەڵام لە گواستنەوەی چیرۆکەکە بۆ ڕێنووسی نوێ، چەند هەڵەی بەسەردا تێپەڕیون، وێڕای ڕەچاونەکردنی خەسڵەتگەلێک کە بۆ دەقی کۆن پێویستە ڕەچاو بکرێن و نەکراون، بۆ وێنە: ساخکەرەوە دەبێت یەکلا بێتەوە کە تێکڕای پیتەکان بە “کوردی” یان “عەرەبی” دابنێینەوە، نەک نیوەکوردی و نیوەعەرەبی.

٢/ بۆ چیرۆکی “بۆچی جلخوارم؟” و هەموو ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە ڕۆژنامەی “ژیانەوە” هەیە، سوودم لەم سەرچاوە وەرگرتووە:

  • ژیانەوە و شوێنی لە ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا (١٩٢٤ – ١٩٢٦)، عەبدوڵڵا زەنگەنە، پێشەکی و پێداچوونەوەی: د. کەمال مەزهەر ئەحمەد، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی، چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠٠٠.

٣/ بۆ لێکدانەوەی وشەی “جلخوار”، سوود لەم سەرچاوە وەرگیراوە:

– د. جەمال نەبەز، کۆبەرهەم ژمارە (٦)، زنجیرەوتار و وتووێژ لەگەڵ دەزگەی ڕاگەیاندنی گشتی، چاپی یەکەم، لەسەر ئەرکی نووسەر چاپ کراوە، کوردستان- سلێمانی ٢٠٠٦.

٤/ کەم و زۆر، سوود لەم سەرچاوە جیاوازانەش وەرگیراوە:

  • چیرۆکی هونەریی کوردی (١٩٢٥ – ١٩٦٠)، لێکۆڵینەوە، حسین عارف، چاپی نوێی ئاراس، هەولێر ٢٠١١.
  • لێکۆڵینەوە و بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی، (١٩٢٥ – ١٩٦٩)، عومەر مەعروف بەرزنجی، لە چاپکراوەکانی کۆڕی زانیاری کورد، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد، بەغداد ١٩٧٨.
  • چیرۆکی نوێی کوردی، حەسەن جاف، دەزگای ڕۆسنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغداد ١٩٨٥.
  • گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی، لێکۆڵینەوە، فەرهاد شاکەلی، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: محەمەد خزری‌ئەقدەم، وەشانخانەی مادیار، چاپی یەکەم، سنە ١٣٩٩(٢٠٢٠).

٥/ بۆ وێنەی فۆتۆگراف و ژیاننامەیەکی پوختی مامۆستا کەریم سەعید زانستی، سوودم لە سایتی ویکیپدیا وەرگرتووە.