مانای بنەڕەتی فەلسەفە

وەرگێڕانی: کازیوە ن
لیۆ شتراوس (١٨٩٩-١٩٧٣) فەیلەسوفی ئەمریکی-ئەڵمانی

مانای بنەڕەتی فەلسەفە چییە؟ فەلسەفە، لە بنەمادا، پەیدۆزی هەقیقەتە، هەقیقەتی کامڵ – پەیدۆزی بنەماکانی هەموو شتەکان. لەم مانایەدا، فەلسەفە وەک ئوستووە(myth)یە. بەڵام فەیلەسوف، لە بنەڕەتدا لەگەڵ وەگێڕ و ئافرێنەری ئوستوورەکان جیاوازە. ئەوەی فەیلەسوف لە میتۆلۆژیست جیا دەکاتەوە، کەشفی سرووشتە. یەکەمین فەیلەسوف، دۆزەرەوە(کاشف)ی سرووشت بوو. سرووشت دەبوایە کەشف بکرێ. مرۆڤ زۆر زوو تێناگا کە شتێکی وەک سرووشت هەیە. سرووشت کاتێ کەشف بوو کە پەیدۆزی بنەماکان، لەسەر بنەمای ئەم دوو جیاوازییە بنەڕەتییە بەرەو پێش چوو:

ئەلف: جیاوازی نێوان بیستنەکان و بینینی شتەکان بە چاوی خۆت- دەبوایە بنەماکانی هەموو شتەکان لەسەر پایەی ئەوەی کە هەموو مرۆڤەکان لە ڕۆژی ڕووناک یان بە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکان دەتوانن ببینن؛ ئاشکرا یان کەشف بکرێ..

ب: جیاوازی نێوان ئەو شتانەی مرۆڤ-دروستی کردوون و ئەو شتانەی کە مرۆڤ-دروستی نەکردووە – سەرچاوی شتە دەستکردە دروستکراوەکان مرۆڤە، بەڵام مرۆڤ بە ئاشکرا، یەکەمین شتی سەرەتای شتەکان نییە. لەم ڕووەوە ئەو شتانەی کە دەستکردی-مرۆڤ نین، زیاتر لە مەسەلە دەستکرد و دروستکراوەکان، ئێمە بەرەو یەکەمین شتەکان ڕێنوێنی دەکەن،.

بەرهەمهێنانی دەستکردە دروستکراوەکان بە هۆی ڕێخۆشکردن، بە هۆی دووربینییە. سرووشت کاتێ کەشف کرا کە ئەوەی لەبەرچاو گرت کە ئیمکانی ئەوەی کە ڕەنگە شتەکانی سەرەتا، شتەکانی دیکە نەک بە هۆی دووربینی بەڵکو بە زەرورەتی کوێرانە  دروست کردبێ. من دەڵێم: شیانی ئەمەی کە سەرچاوەی شتەکان دووربینی، دووربینی ئیلاهی بێت وەلا نانێم. بەڵام ئەم بانگەشەیە لەمەودوا پێویستی بە بەڵگەیە. ئاکامی تایبەتی کەشفی سرووشت، خواستێکی بەڵگەیی ورد بۆ سەلماندنی بوونی هەبووەکانی ئیلاهییە، بەڵگەیەک کە لە شیکاری دیاردە ئاشکراکان لەسەر هەمووان، دەست پێ دەکات.

فەلسەفە لە بنەمادا ئەتایستە.

لەوێوە کە هیچ بەڵگەیەک ناتوانێ بابەتی بەڵگەکەی خۆی بە ئەرکی خوایی بزانێ، فەلسەفە لە بنەمادا ئەتایستە. جیاوازی نێوان ئەفلاتون و ماتریالیستێکی وەک دێمۆکریتوس، ئەگەر لەگەڵ جیاوازی نێوان ئەفلاتون و هەر ڕوانگەیەکی ئەزموونی ئایینی بەراورد بکرێت، ناکاریگەرە. هەوڵەکانی ئەفلاتون و ئەرەستۆ بۆ سەلماندنی بوونی خوا تایبەتمەندی ئایینی بۆچوونەکانیان ناسەلمێنێ، لە ڕاستیدا ڕەتی دەکاتەوە.

زمانی ئەفلاتون و زۆرێکی دیکە لە فەیلەسوفانی پێش مۆدێرن، ئەم تایبەتمەندییە دانسقەیەی شاردەوە. ئەم بنەمایە کە لەخۆگری ئەم جۆرە تایبەتە لە قسەکردنە، تاهەنووکە هەرگیز بە دروستی مانیفێست نەکراوە. کەواتە مۆڵەتم بدەن تا چەند قسەیەکی لەبارەوە بکەم.

فەلسەفە وەکوو پەیدۆزی بنەما هەقیقییەکانی هەموو شتەکان، هەوڵێکە بۆ جێگرتنەوەی گومان لەبارەی ئەم بنەما بەراییە، لەگەڵ ناسین یان زانستی هەقیقی سەبارەت بەوانە. ئێ، بە هیچ شێوەیەک حەتمی نییە کە ئەمە پەیدۆزییەکی ڕەوا بێت. نەک تەنیا زوو بڕیاردان(پێشداوەری)یەکی گشتی لە دژ بە خۆهەڵقورتان لە ڕازەکانی خوایان هەبوو بەڵکو بەڵگەیەکی بەهێز ئاماژە لەسەر ئەو تێڕوانینە دەکات کە گومان و، نەک ناسین، ڕەگەزی بنەمایی ژیانی مرۆیی یان کۆمەڵایەتی یان سیاسییە.

فەلسەفە خۆی لە خۆیدا ڕووخێنەرە

ئەگەر گومان، ڕەگەزی بنەڕەتی ژیانی سیاسییە، فەلسەفە کە گومانەکانیش بە پرسیار دادەمەزرێنێ، بنەمای بنەڕەتی ژیانی کۆمەڵایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە: فەلسەفە خۆی لە خۆیدا ڕووخێنەرە (لاوەکان لە ڕێ بەدەر دەکات). لە ڕوانگەی فەلسەفەوە، ئەم مەسەلەیە پەڵپێک نییە لەسەر فەلسەفە، لەبەر ئەوەی پەیدۆزی هەقیقەت چەندپاتە گرنگترە لە ژیانی سیاسی: فەلسەفاندن ڕاهێنانی مەرگە. لەگەڵ ئەمەشدا فەیلەسوف چارەیەکی جگە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خواستە ڕەواکانی کۆمەڵگە یان خستنەئەستۆی بەرپرسیارێتی هاوڵاتییەتی خۆی نییە. ئەو ئەم بایەخە بە خۆپارێزی لە فێرکاری ئاشکرای ئەوەی کە ئەو بە تاقانە هەقیقەتی لەقەڵەم دەدات، تاڕادەیەک کە ئەو تاقانە هەقیقەتە دەکرێ بۆ کۆمەڵگە مەترسیدار بێت، ئەنجام دەدات

ئەم تێڕوانینە پێوەندارەی، بە پێوەندی فەلسەفە لەگەڵ ژیان، لەگەڵ کۆمەڵگە دەبێتە هۆی ئەوەی کە فەلسەفە خۆی لە خۆیدا، لە دەستی کەسانێکی زۆر کەمدا بێت کە بێگومان بۆ فەلسەفە گونجاون. جیاوازی بنەڕەتی نێوان بیرمەندان و ڕەشۆک، جەوهەری تێگەی سەرەکی فەلسەفەیە. ئەم ئایدیایە کە فەلسەفەش دەتوانێ بگۆڕدرێ بۆ بنەمای ژیانی مرۆیی، بە گشتی بۆ هەموو بیرمەندانی پێش مۆدێرن نامۆ بوو. ئەفلاتون خوازیاری ئەوەیە کە دەبایە فەیلەسوفان ببنە پاشا؛ ئەو خوازیاری ئەوە نییە کە فەلسەفە دەبێ ببێتە فەرمانڕەوا: لە یۆتۆپیای ئەودا تەنیا دوو یان سێ کەس، بە هەموو شێوەیەک دەستیان بە فەلسەفە دەگات؛ زۆرینەیەکی گەورە بە درۆی شەریفانە ڕێنوێنی دەکەن. پەیدۆزی بۆ ناسین، هۆکارە کە لە هەموو ئەو بارانەدا کە شایەتی تەواومان نییە، دەبێ لە ڕێککەوتن خۆ بپارێزین یان دەرکردنی حوکم هەڵپەسێرین. ئینجا، خۆپارێزی لە ڕێککەوتن یان هەڵپەساردنی دەرکردنی حوکم لە بابەتگەلی بێکۆتا زەروری کە پێویستی بە بڕیاردانی بەلەز هەیە، ناموکینە.

لە بابەتگەلی پێوەندیدار بە مەرگ و ژیان ناتوانرێ دەرکردنی حوکم هەڵپەسێندرێ. سەرکەوتن یان شکستی مژووڵی فەلسەفی، لە بارمتەی شیانیی هەڵپەساردنی دەرکردنی حوکمە، بۆیە پێویستیەتی کە بابەتگەلی پێوەندیدار بە مەرگ و ژیان، لە پێشدا یەکلا کرابنەوە. دەتوانرێ هەموو بابەتەکانی پێوەندیدار بە مەرگ و ژیانەوە بە پرسیاری چۆن دەبێ بژین، بهێنرێتە خوار. مژووڵی فەلسەفی وا دادەنێ کە پرسیاری چۆن دەبی بژین، پێشەکی یەکلاکراوەتەوە. ئەم پرسیارە بە ڕێگەی پێش فەلسەفەی هەڵکەوتە لەم دیدەوە یەکلاکرایەوە کە شێوازی دروستی ژیان، تەنیا شتی پێویست ژیانێکە کە بۆ فەلسەفە تەرخان کرابێت و نەک هیچ شتێکی تر.

ئەم ڕێگەیەی پێش فەلسەفە، پاشان لە فەلسەفەدا بە شیکارییەک لە سرووشتی مرۆڤ، پەسەند کرا، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە فەلسەفە، وەک مانا بنەماییەکەی، تەنیا شێوەی دروستی ژیان، یانی دوایین بەختەوەری مرۆڤ بێت. لە ئاکامدا، هەموو پیشەکانی تری مرۆڤ هەرچەندە بە شکۆ، لە بنەڕەتدا دەبێ خەوشدار یان شێوەگەلێک لە بێدەرەتانی مرۆڤی دابنرێ. ژیانی ئەخلاقی وەکوو ژیانی ئەخلاقی، ژیانی فەلسەفی نییە: بۆ فەیلەسوف، بابەتی پێوەندیدار بە ئەخلاق شتێکی بەشەکی هەلومەرج یان ئاکامی لاوەکی فەلسەفاندن نەبووە و لە خۆیدا بە بەها نییە.  

فەلسەفە نەک بەس مێتا-کۆمەڵایەتی و یان مێتا-ئایینی نییە، بەڵکو هەروەها مێتا-ئەخلاقیشە.

فەلسەفە نەک بەس مێتا-کۆمەڵایەتی و یان مێتا-ئایینی نییە، بەڵکو هەروەها مێتا-ئەخلاقیشە. فەلسەفە بانگەشە دەکات کە مرۆڤ لە کۆتاییدا هەڵبژادەیەکی جگە لە هەڵبژادنی نێوان فەلسەفە و نائومێدییەکی شاراوە لە تەوەهم نییە. تەنیا لە ڕێگەی فەلسەفەوەیە کە مرۆڤ بەبێ لە دەستدانی مرۆڤبوونی خۆی، توانای بینیی واقیعیەتی لە شێوە ناحەزەکەی دەبێت. بانگەشەی فەلسەفە کەمتر لە نانگەشەی وەحی، بنەڕتی نییە. سەرکەوتن و شکستی فەلسەفە لە بارمتەی شیانی هەڵپەساردنی دەرکردنی حوکم لەبارەی بنەڕەتیترین پرسەکانە. یانی فەلسەفە لە هەمان کاتدا بە گومانە: لە مانای بنەمایی وشەکە (σκέψις) بە مانای سەیرکردنی شتەکان، لەبەر چاو گرتنی شتەکانە

فەلسەفە لەبارەی دەرکی ئاڵۆزی واقیعیەتە وەک گشتێک. ئاڵۆزییەکە پێدەچی ببێتە بەربەستی وەڵامگەلی ڕۆشنگەر بۆ پرسیارە بنەڕەتییەکان: ڕەنگە ئەو بەڵگانەی کە بە سوودی وەڵامە جۆراوجۆرە نەگونجاوەکان دەخرێنە ڕوو، بێ ئاکام بن. ئەم مەسەلەیە مژووڵی فەلسەفی بێهودە ناکات

بۆ فەیلەسوف دەرک و تێگەیشتنی مەسەلەیەک بێکۆتا گرنگتر لە هەر جۆرە وڵامێکی پەتییە. ئەوەی لە ڕوانگەی فەلسەفی، یانی لە پلەی تێروانین بایەخی هەیە، بەیانی ڕوونی بابەتی بنەڕەتییە؛ واتە بەیانێکی ڕۆشن کە بەرهەمی بەڵگەهێنانەوە بە سوودی دوو وەڵامی دژ، لە بری خەریک بوون بە وەڵامەکان بێت. فەلسەفە لە مانای بنەمایی خۆیدا پتر لەوەی کە یەقینی بێت، مشتومڕئامێزە. مشتومڕ و باسوخواس تەنیا بۆ ئەوانە شیاوە کە گیرۆدەی بڕیاردان نین، ئەوانەی کە پەلەیان نییە، بۆ ئەوانەی کە جگە لە مشتومڕ هیچیان بۆ زەرورەت نییە. بێ سەقامی ڕژێمەکان، ڕیسوایی فەیلەسوفە جیاوازەکان، بە هیچ کلۆجێک، لە بێدەسەڵاتی فەلسەفە نییە:

کاتێ فەیلەسوفەکان دەڵێن کە تەنیا بەختەوەریی شیاو، بریتییە لە فەلسەفاندن، مەبەستیان ئەمە نییە کە فەلسەفە دەتوانی گرنتی بەختەوەری مرۆیی بکات؛ چونکە ئەوان دەزانن کە مرۆڤ خوایەکانی چارەنووسی خۆیان نین: εὐημερία (بەختیاری): تیرۆژی هەتاو بە شێوەی خۆراک، سەرپەنا، سڵامەتی، ئازادی و هاوڕێیەتی- تیرۆژێک کە بە دەستی فەلسەفە نەهاتووەتە ئارا بۆ فەلسەفاندن و لە کۆتاییدا بۆ بەختەوەری پێویستە، گەرچی ئەم تیرۆژە بەختەوەری ناهێنێتە دی.

سەرچاوە:

 “Reason and Revelation” (1948), Leo Strauss and the Theologico-Political Problem, trans. Marcus Brainard, New York