نەمگوت چیم لە دڵە

بەهار بوو، مۆمێکم لەسەر گۆڕەکەت هەڵکرد

بەدەم فاتیحەوە هەزاران دوعایان کرد

مەلایەک بەپەلە “یاسین”ی خوێندەوە،

چەند دینارێکیان پێیدا.

تا دەهات لە قەبرەکەت ونتر دەبووی

من هەر هیچم نەگوت.

 

ڕۆژێ پڕ بە باوەشی خوشکەکانم گریام

هەزار و یەک قسەم کرد

بە چوار زمان “بکەرەکانم” نیشاندان

کە بێ وەڵام بوون، زانیم هیچم نەگوت.

 

پێش کچەکەم بێتە دونیا، پڕ بەو دونیایە هاوارم کرد

کە ناوکیان لە من بڕی، دیسان هیچم نەگوت.

قسەی زۆرم لەگەڵ براکانم نەکرد،

چونکە دەمزانی هیچ بەوان ناڵێم.

 

لە خۆپیشاندانێکدا هاوارم کرد

لە پێشی پێشەوە وەستام و قسەی دڵی خۆم و

هەمووانم کرد،

دەنگم نووسا هێندەی بڵێم، کە سەیری دواوەم کرد؛ چۆڵ.

 

ڕۆژێ پیتێکم درکاند

چاوانی خاڵۆ چاو میهربانەکەم ڕەنگیان گۆڕا،

دیسان هیچم نەگوت.

دەستی پوورێکمم ماچ کرد،

هێشتا بە دەستیم نەگوتبوو خوێنی لە پشتم هێنا

دیسان هیچم نەگوت.

 

کوڕێک دەستی بۆ گرتمەوە،

 هێڵەکانی نێو دەستمی بردە سەر ڤینۆس؛

کە چاوم کردەوە خۆی لەنێو پەنجەیەکم ببوو بە ئەڵقە.

چوومە چین و لە بەرزاییەک بەرەو خۆرهەڵات وەستام، ویستم بیڵێم،

بایەک هەڵیکرد و کڵاوەکەمی تا بابل فڕاند.

لە هەڕەمەکانی میسر دەسوڕامەوە دەمویست لەسەر بەردێک بینووسم؛

 کچەکەم دەیگوت لێرە مێژوو قسە دەکا، تۆ هیچ مەڵێ.

 

ئەم شەو دەمویست بڵێم:

ئەوە بڵێم، کە لەسەر گۆڕی بابم و لە خۆپیشاندان و

 لە هیچ کوێیەک نەمگوت

نەتهێڵا بیڵێم

سەفەرێکی درێژم کرد

بە خڕایی دونیادا سووڕامەوە، قژم سەد جار ڕەنگ کرد

ئەوەی لە دڵم بوو هەر نەمگوت.

 

پایزێک عاشق بووم

جلکی ڕەنگاوڕەنگم لەبەر کرد

ڕەنگم گۆڕی و خۆمم گۆڕی،

دەم و گفت و نیگام هێناو برد هەر نەمگوت.

ئەم شەو دەمویست بیڵێم

هەر نەمگوت!

photo_٢٠٢١-٠٣-٠٢_١٦-٣٣-٠٣

سەرنجێک بنوسن