سەری ساڵی کۆن، کاتژمێر بیستوپێنج، ھەولێر- عەنکاوە

منداڵە کوردەکەی ڕۆژاڤا!

ئەمشەو پێویستت بە زارێکە

ھێندەی تەواوی تاوەرەکان درێژ بێ،

وشە دڕەکانت پەردەی گوێ بسمێ.

ئەمشەو ھەر “کرمانجی”یە بێزراوتەماشاکراوەکەت ھاوەڵتە. براکانت ھەستت دەڕووشێنن کە بە: “سوورییەکە؟!” پەنجەی ئاماژە ڕادەوەشێنن.

دەزانم چی ببارێ برسێتییت داناپۆشێ

بەڵام حەقە حەوت تەبەقەکە

بەسەر ئەم شارە کارتۆنییە داڕمێ.

تۆ پەیکەرەکەی مەریەم نی سەرما نەتتەزێنێ،

تۆ چندراو لە تاریکییت… مانگی تابانی چی؟

کلینێکسەکانی دەستت کەڵکی سڕینەوەی لیکی پێکەنین، فرمێسکی پیازی، سپێرمی پوول لێ داچۆڕاو نەماون.

ھەڵاتوو لە دەست تارمایی بابانوئێل

لەم شەقامە، ژێی پچڕاوی گیتارێکی

پەنجە بەرت ناکەوێ، بجووڵێی.

خاک نەماوە بۆ ھەناسەدان، بەڵام بۆ مەرگ وا ھەموو جێیەک ڕاخراوە.

ئەمشەو ھەرکوێت بوێ

نیو مەتر ھەڵدەکۆڵی و ڕادەکشێی.

٢٦/١٢/٢٠٢٠

photo_٢٠٢١-٠٣-٠٦_١٩-٤١-٢٨

سەرنجێک بنوسن