لەبەردەم وێرانەییەکی مرۆییدا

پرۆژەی هەڵوەرینی هونەرمەند (سوفیان جەلال)

سەرەتاکانی دەستپێکی هونەری شێوەکاری لە باشووری کوردستاندا وەک کایەیەکی هونەری بۆ ساڵانی حەفتاکان دەگەڕێتەوە. قوتابییە کوردەکان لە پەیمانگا و ئەکادیمیای هونەریی بەغدا سەرەتای خوێندنی هونەری شێوەکارییان دەستپێکرد. سەرەتاکانی خوێندنی ئەکادیمیا و پەیمانگا زیاتر فێرکاری و ئەکادیمی بووە و گواستنەوە و کۆپیکردنەوەی کارە شێوەکارییە کلاسیکییەکانی ڕۆژئاوا بووە. دوای ئەم قۆناغە، قۆناغی ئیشکردنی ڕیاڵیتی و واقیعی دێت، واتا لە گواستنەوە و کۆپیکردنەوەی هونەری شێوەکاریی کلاسیکەوە بۆ گواستنەوە و کۆپیکردنەوەی واقیع. ئەم قۆناغە پتر ڕەهەندێکی ئێستاتیکی بەسەردا زاڵ بوو، لەلایەکی تریشەوە ڕەنگدانەوەی دۆخی کوردستان بووە. دوای ئەم قۆناغەش بە نزیکەیی لەنیوەی دووەمی هەشتاکان بەدواوە، تەکنیک و قوتابخانەی هونەری تر دێنە ناو هونەری شێوەکاریی باشووری کوردستانەوە، لەوانەش: ئەبستراکت، ئێکسپرێشینیزم، کوبیزم، سوریالیزم… کاریگەریی ئەم قوتابخانانە بەسەر شێوەکاریی باشوورەوە زیاتر دەرەنجامی کۆچی هونەرمەندانی کورد بوو بۆ ئەوروپا. لە ئەوروپادا هەریەک لەو قوتابخانە هونەرییانە دەرهاویشتەی کۆنتێکستێکی دیاریکراو بوونە و هەوڵی ڕەخنەکردن و دابڕانیان داوە لەگەڵ قوتابخانەکانی پێش خۆیاندا. لای هەریەک لەو قوتابخانانە بینینێکی جیاواز هەبووە بۆ واقیع، سەرهەڵدانی هەریەکێکیان ئاماژەیەک بووە بۆ جۆرە بینینێکی تر بۆ واقیع. ئەو قوتابخانە هونەرییانەی ئاماژەمان بۆیان کرد کەم تا زۆر هونەرمەندانی کورد وەک تەکنیکێکی نوێی بەرهەمهێنانی ئیشی تابلۆیی کاریان پێ کردووە. دەکرێت بپرسین تا چەند ئەو کارپێکردنانە دەرەنجامی گۆڕانێکی ڕاستەقینە بوونە و دەلالەت بوونە لە جۆرە بینینێکی تر بۆ واقیع؟ ئایە ئەو کارپێکردنانە نیشانەی ئەو دابڕانەیە کە چیتر ئۆبێکتی تابلۆ تەنیا بە شێوەیەکی ئێستاتیکی و واقیعی و ڕوون نیشان نادرێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لەدەرەوەی باسی ئەم وتارەوەیە، بەڵام بە گشتی دەکرێت بڵێین بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت لە فۆرمەوە دەست پێبکەین. ئایە ئەو قوتابخانانە تەنیا وەک تەکنیکێکی ڕووت هاتوونە یان فۆرمیان پێ بەرهەمهێنراوە؟ تەکنیکی ڕووت مەبەستمان ئەوەیە کارپێکردن بەو قوتابخانانە تەنیا لاسایی و هەوڵی نزیکایەتی بوونە لە هونەری ئەوروپی، فۆرمیش مەبەستمان ئەوەیە تا چەند ئەو تابلۆیانەی بەرهەمهاتوون ڕەنگدانەوەی خودێتیی هونەرمەندان و سیاق و سەردەمەکەی خۆیانی پێوە دیاربووە.

پڕۆژەی هونەریی «هەڵوەرین»ی سوفیان جەلال، ساڵی ٢٠١٩ لە «گەلەری ئێستا- کارگەی کۆنی جگەرەی سلێمانی» نمایشکرا. پڕۆژەی هەڵوەرینی سوفیان جەلال یەکێک بوو لە کارە جدییەکان و دەکرێت وەک دابڕانێ سەیری بکەین لە هونەری شێوەکاریی باشووردا، دابڕانێک چ وەک تەکنیک و چ وەک فۆرمیش. تێزەیەک کە زیاتر لەگەڵ دەروونشیکاریدا سەرهەڵدەدات و لەژێر کاریگەریی ئەودا برەوی پێدەدرێت ئەوەیە: هونەر سەر بە ناخودئاگایی هونەرمەندە و سەرچاوەی کاری هونەری لەوێوە سەرهەڵدەدات. لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە کاتێک چەپاندن و سەرکوت لە ژیانماندا ڕوودەدەن یان لە ڕێگەی خەونەوە دێنەوە یانیش لە ڕێگەی هونەر و ئەدەبەوە بەرجەستە دەبن هتد، هەڵبەت بەرجەستەبوونێک کە بە دروستی خودی هونەرمەندیش نازانێت سەرچاوەکەی کامە غەریزەی چەپێنراو بووە. ئەم تێزەیە سەرەڕای ئاڵۆزی و ناڕوونییەکەی، تێزەیەکە تا ئێستاش برەوی هەیە و ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت. «مەسعود فەراسەتی» کە یەکێکە لە ڕەخنەگرە دیارەکانی ئەمڕۆی ئێران، بە درێژایی ماوەی کارکردنی ڕەخنەیی خۆی لە بواری هونەردا ئیشی بەم تێزەیە کردووە. بەلای فەراسەتییەوە «تەکنیک ڕەبتی بە خودئاگاییەوە هەیە و فۆرمیش سەر بە ناخودئاگاییە». فۆرم لە ناخودئاگایی هونەرمەندەوە دێت و لە ڕێگەی تەکنیکەوە بەرجەستە دەبێت. تەکنیک ئامرازی فۆرمە، تەکنیک ماتریاڵ نییە، بەڵکو شێوازی بەکار‌هێنانی ماتریاڵە. تەکنیک سەر بە پانتایی فێربوونە، بەڵام فۆرم نا. دەکرێت کەسێک فێری تەکنیک و شێوازی بەکارهێنانی ماتریاڵ بێت و کاری تەکنیکی دروست بکات، بەڵام فۆرم فێربوون نییە، فۆرم خوڵقاندنە و دەبێت هونەرمەند بیخوڵقێنێت. هەڵبەت بۆ ئەو خوڵقاندنە هونەرمەند پێویستی بە تەکنیک و فێربوونی تەکنیکی هەیە. گەر لەڕووی چێژەوە جیاوازیی لەنێوان کارێک کە تەکنیکی ڕووتە لەگەڵ کارێکدا کە فۆرمی هونەرییە بکەین، دەکرێت بڵێین لە کاتی دروستکردنی کارێکی تەکنیکیدا هونەرمەند لە پرۆسەی دروستکردنەکەدا چێژ لە کارەکە نابینێت، تەنیا دوای تەواوبوونی کارەکە و بینینی کارەکە، هونەرمەند چێژ لە کارەکە دەبینێت. بەڵام کاتێک هونەرمەند فۆرمی هونەری دەخوڵقێنێت لە خودی پرۆسەی خوڵقاندنەکەشدا چێژ دەبینێت. وەک بڵێی لەگەڵ بەکارهێنانی ڕەنگ و فڵچەدا هونەرمەند ناخودئاگای دەردەبڕێت و چێژ لە بەرجەستەبوونی ئەو فۆرمە دەبینێت کە لە ناخودئاگاییەوە دێت. هونەرمەند دەبێت لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆ بێت، ڕاستگۆبوون لێرەدا پرسێکی ئەخلاقی نییە بەڵکو پرسێکی بە تەواوی هونەرییە. ڕاستگۆیی واتا هونەرمەند لە ڕێگەی تەکنیکەوە ئەو فۆرمە بەرجەستە بکات کە لە ناخودئاگاییەوە دێت. لە کارەکەی هونەرمەند سوفیان جەلالدا بینەری کارێکین کە فۆرمی هونەری خوڵقاندووە و تایبەتمەندێتیی خودیی هونەرمەندی پێوە دیارە. لە کارەکەیدا جگە لە ڕەنگ، کەرەستە و ماتریاڵی جۆربەجۆری بەکارهێناوە: پوش‌وپەڵاش، توێکڵەپرتەقاڵ، گەنمەشامی، خۆڵ و تەنانەت قرژاڵی سرووشتیشی تێدا بەکارهێناوە… لە کارەکانی سوفیاندا بە گشتی بەر بە ڕەنگی زبر و چڕ، داڕشتنی جوڵەئامێز و بەسەریەکدا دراو، کەرەستە و ماتریاڵی جیاواز، دەکەوین. کەرەستە و ماتریاڵەکان، ڕەنگەکان ڕژاونەتە سەریان و تێکەڵ بە ڕەنگەکان بوونە و کەشێکی زبر و چڕیان پێ كێشراوە. شێوازی مامەڵەکردنی سوفیان لەگەڵ تابلۆدا لە ئێکسپرێشینیستە نوێیەکانەوە نزیکە، بە تایبەتیش ئەنسلم کیفەر. ئەنسلم کیفەر وێنەکێش و پەیکەرسازی ناسراوی جیهان، کەڵکەڵەی کارەکانی بە دەوری هەندێ پرسی ئۆنتۆلۆژییەوە دەخولێنەوە: ئێمە کێین و لەکوێوە هاتووین و بەرەو کوێ دەڕۆین و ئامانج و غایەت لە بوونی ئێمە لەم جیهانەدا چییە؟ کیفەر کەرەستە و ماتریاڵی جۆراوجۆر لە تابلۆکانیدا بەکاردێنێت، هەریەکێک لەو کەرەستە و ماتریاڵانە مانایەکی قووڵی بۆ کیفەر هەیە و پەیوەندیی بە یادەوەریی دوور و قووڵی کیفەرەوە هەیە. بەشێک لەو کەرەستە و ماتریاڵانەی کیفەر بەکاری دێنێت پاشماوەکانی جەنگە، بەشێکیشی هی ژیانی ڕۆژانەیە. جگە لە بەکارهێنانی کەرەستە و ماتریاڵی جیاواز، تایبەتمەندییەکی تری تابلۆکانی کیفەر گەورەیی ئەندازەی تابلۆکانێتی. سوفیان جەلالیش وەک ئەنسلم کیفەر کەرەستە و ماتریاڵی جیاواز لە تابلۆکانیدا بەکاردێنێت و ئەندازەی تابلۆکانیشی گەورەن کە بەنزیکەیی لە دەوروبەری “٢٠٠×٣٨٠” سانتیمەتردان. سەرەڕای ئەم نزیکایەتییەی سوفیان جەلال لە ئەنسلم کیفەرەوە، بەڵام کارەکانی چ وەک ماتریاڵ و تەکنیک چ وەک فۆرمیش تایبەتمەندیی خودی پێوە دیارە و توانیوێتی فۆرم بخوڵقێنێت.

هونەرمەندی ئێکسپرێشینیست بەو جۆرە لە واقیع ناڕوانێت دۆخێکی ئۆبێکتیڤی و ئێستاتیکیی دیاریکراو بێت و بیگوازێتەوە بۆ ناو تابلۆ، بەڵکو بەو جۆرە لە واقیع دەڕوانێت کە لە دەروونی ئەودا ڕەنگدەداتەوە. ئێکسپرێشینیستەکان زۆر گرنگی بە بارە دەروونییە خودییەکان دەدەن، ئازار و ناڕەحەتی و پشێوییە دەروونییەکانیان- کە بەرهەمی دۆخێکی واقیعییە یان وجودییە- دەگوازنەوە ناو تابلۆکانیان. بۆیە بە گشتی لە کارەکانیاندا تاریکی، ناڕێکی، تێکدان، ماتی… ڕەنگدەدەنەوە. سوفیان جەلالیش بۆ ئەوەی ئازار، نائارامی، پشێوی و قەلەقییە دەروونییەکانی دەربڕێت، پەنادەباتە بەر دەربڕینی ئێکسپرێشینیستییانە. ئازار، نائارامی و پشێوییە دەروونییەکانی هونەرمەند هەم بەرهەمی هەلومەرجێکی دیاریکراوی واقیعییە هەمیش دەرەنجامی ئەو دۆخە وجودییەیە کە هونەرمەند تێیدا ژیاوە. لە هەڵوەریندا بەگشتی بینەری کەشێکی کارەساتاوین، وێرانبوونی سروشت و شار، داڕمان و تێکچوون و سووتان. لە دوو تابلۆدا بینەری زبڵستانێکین فیگەری کوڕ و کچێکی تێدایە نغرۆبوونە و لەناو ئەو فەزا زبڵستانییەدا وەک تارمایی دەردەکەون. لە ڕووی ئەندازەییەوە گەورەیی قەبارەی تابلۆکان موبالەغەی تەکنیکی نییە، بەڵکو ئەو فۆرمەی سوفیان جەلال هەیەتی وا دەخوازێت بەو ئەندازەیە بەرجەستەی بکات، چونکە کارەساتەکان لای هونەرمەند گەورەن و دەبێت بەو جۆرە گوزارشتی لێبکات. لە کاری تابلۆدا بە گشتی ئەوە فۆرمە قەبارە و گەورە و بچوکی دەستنیشان دەکات. گەورەیی ئەندازەی تابلۆکان کاریگەریی زۆری بەسەر هەستی بینەرەوە دەبێت، بینەر زیاتر تێکەڵ بە کەشەکە دەبێت و زیاتر هەست بە گەورەیی کارەسات و ڕووداوەکان دەکات. تابلۆکان هەستی بینەر داگیردەکەن و بینەر دەخەنە ناو دڵی ڕووداوەکانەوە. تابلۆکان پرسیارێک دەوروژێنن، پرسیارێک جەوهەر و کەڵکەڵەی سەرەکی کارەکەیە، پرسیارەکە ئەوەیە کێ بکەری ئەم وێرانە و ڕووداوانەیە؟ یان چی ئەم کارەساتانە بەرهەم دەهێنێت؟ ئایە هێزێکی میتافیزیکی و موتەعالی لەپشتەوەی ئەم ڕووداو و کارەساتانەوەیە یان بکەرێکی واقیعی وەک مرۆڤی لەپشتەوەیە؟ لە تابلۆکاندا بەر بە فەزای سرووشتی و فەزای شار دەکەوین، بەشێک لە تابلۆکان نیشاندەری فەزای سرووشتین و دەلالەتن لە تێکچوون و وێرانبوون و سووتانی سرووشت: سووتانی پەرێز و کێڵگەی گەنمەشامی، تێکچوونی هێلانەی پەرەسێلکەکان و وشکبوونەوەی گۆماو، لێرەدا دەکرێت بڵێین کێ یان چی هۆکاری ڕوودانی ئەم ڕووداوانەیە و ئەم وێرانەیەی خستووەتەوە؟ عادەتەن لە زەینی ئەوانەدا کە ئیماندارن و باوەڕیان بە بوونی هێزێکی میتافیزیکی هەیە، هەمیشە ڕووداوە سرووشتییەکانیان داوەتە پاڵ هێزێکی میتافیزیکی و بەوەش قەناعەتیان بە خۆیان هێناوە حیکمەتێکی ئیلاهی تێدایە. لەم بەشەی تابلۆکاندا و لەو ڕووداوانەی کە لە سرووشتدا ڕوویانداوە ئەو ‌هێزە میتافیزیکییە غایبە و وەک بکەری پشتەوەی ئەم ڕووداوانە دەرناکەوێت. بۆ سەلماندنی ئەم دەربڕینەمان دەکرێت بڵێین لە کۆی ئەم تابلۆیانەدا زۆربەیان ڕەهەندی ئاسمان تێیاندا غیابێکی تەواوەتی هەیە، تەنیا لە چەند تابلۆیەکدا نەبێت ئاسمان ڕووبەرێکی کەمی داگیرکردووە. گەر هونەرمەند هۆکاری ئەم ڕووداوانەی بگەڕاندایەتەوە بۆ سەرچاوەیەکی میتافیزیکی دەبوو ڕووبەرێکی زۆری بۆ ئاسمان تەرخان بکردایە بۆ ئەوەی ئەو هەستەی لەلای بینەر دروستبکردایە کە لەپشتەوەی ئەم ڕووداوانەوە هێزێکی میتافیزیکی ئامادەیی هەیە. بەڵام ئەم تابلۆیانە بەهۆی غیابی ئاسمانەوە نایەڵن بینەر ئەو هەستەی لەلا دروست بێت. ئاسمان بۆ زۆرینە ئاماژەیەکە بۆ بوونی هێزێکی میتافیزیکی و موتەعالی، هەرکات بینەر ڕووبەری ئاسمان دەبینێت ئەو هەستەی لەلا دروست دەبێت. بەڵام هونەرمەند بۆ ئەوەی لەبەرامبەر بەم ڕووداوانە ئەو هەستەمان لەلا دروست نەبێت و سەرچاوەی ئەم ڕووداوانە نەگەڕێنینەوە بۆ هێزیکی موتەعالی، ڕووبەری ئاسمانی تاڕادەیەکی زۆر فەرامۆشکردووە. کەواتە گەر هێزێکی میتافیزیکی لەپشتەوەی ئەم ڕووداوانەوە نەبێت، ئەوە مرۆڤ بکەری پشتەوەی ئەم ڕووداو و کارەساتانەیە و خۆی هۆکاری تێکدانی سرووشتە. فەزای دووەم کە ڕووداوەکان تێیاندا ڕوویداوە، فەزای شارە. لە دوو تابلۆدا چرکەساتی وێرانبوون و داڕمانی شار وێنەکێشراوە، بینەر لەبەردەم ئەم دوو تابلۆیەدا هەستێکی نەهیلیستیی قووڵ دایدەگرێت و جگە لە ڕووبەری وێرانە هیچ ئاسۆیەکی تر نابینێت. لە تابلۆیەکی تردا بینەری ئەو چرکەساتەین کە خەریکە ڕۆژەکە دەکەوێتە خوارەوە بەسەر شارەکەدا. لێرەدا کەوتنە خوارەوەی ڕۆژ سەمبولێکی دینی نییە و دەلالەت نییە لە ئەپۆکالیپییەکی میتافیزیکی، بەڵکو پتر دەلالەتە لە کەوتنی ئاسمان وەک شوێنگەیەکی میتافیزیکی بۆ پاراستنی جۆری مرۆڤ. ئاسمان چی تر ئەو شوێنە نییە مرۆڤ سەیری بکات و بۆ ئاسوودەییەکی دەروونی بگەڕێت، بەڵکو ئەمڕۆ ئاسمان سەرچاوەی وێرانە و دروستکردنی کارەساتە. بەڵام ئەوەی لەمڕۆدا لە ئاسمانەوە ڕوودەدات، ڕووداوێکی سرووشتی نییە، بەڵکو مرۆییە و دەستی مرۆڤی لەپشتەوەیە. ئەوەی ئەمڕۆ لە ئاسمانەوە زەوی وێران دەکات گەشەی تەکنەلۆجیا و زانستە، بە جۆرێک دەتوانرێت شارێک یان وڵاتێک یانیش گۆی زەوی لە ڕێگەی تەکنەلۆجیا و ئەو بۆمب و فرۆکانەوە لەناو ببرێت کە مرۆڤ لە دەرەنجامی گەشەی زانستەوە بەرهەمیهێناوە. بە گشتی پڕۆژەی هەڵوەرینی سوفیان جەلال نیشاندەری چرکەساتی جیاواز جیاوازی وێرانبوون و داڕمان و سووتان و تێکدانە، بینەر دەخاتە ناو کەشێکی ئەپۆکالیپییەوە و ئەو هەستەی لەلا دروستدەکات خەریکە مرۆڤ، سرووشت و خودی خۆشی لەناو دەبات.

1 سەرنج

  1. blank sardar لە 16ی ئازار، 2021 کاتژێر 5:24 pm

    بە ڕای من ئەو تابلۆیانە ئێستێتیکی سالۆنەکاننو بۆ هەڵواسینیان لە ساڵۆندا کراون. دیمەنی سروشتن بە دیدی سەردەمێکی ڕابوردو. تەنها خاڵێکی ئەرێنی کە دەیبینین لەو کارانەدا ئەوەیە لە پشتی ئەو تابلۆیانەوە هونەرمەندێک دەبینین، کەسێک دەبینین واتە بکەرێک لە پشتیناەوە، یەکبونێک هەیە لە نێوانیادا و لە هەرتابلۆیەکیشدا، بێگومن ئەمەش وەک تێبینیەک لەو کارانەی کە دەکرێن لە کورودستان. پاشان بزوتنە هونەریەکان ؛ ئەمرێسیۆنیش، یێکسپرێسیۆنیست، کوبیست، سوریالیست، ئەپستراکت، تەختەو هەڵگر…تاد، ڕاستە تێروانینی سەردەمێکن بەلام هەریەکێک لەو بزوتنەوانە دەرگایەکی شکاند بە ڕوی هونەردا و هەر هونەرمەندێک ئەمڕۆ ئەگەر بیەوێت خۆی وەک هونەرمەند بزانێت دەبێت ڕەچاوی ئەو بزاتنەوانە بکات ؛ کوبیست وەک ئازادی شکڵ، سوریالسیس، ئازادی باس، ئاپستراکت گوزارشتکردن لە باسێک بە بێ ئەوەی پەنا ببەیەن بەر شکڵێکی ناسراو، تەختو هەڵگر ئازادی لە شکڵی تابلۆدا….تاد. من هەرگیز باوەڕم بەتەکنیک نیە، ڕاستە بزوتنەوەکانی پێش خۆمان ئەو ئازدیەمان ئەدەنێ بەڵام کە هونەرمەند گەشتە ئەو ئاستەی هزرێکی داڕێأراوی هەبێت ئەوسا تەکنیکێک دەخولقێنێت بە خۆڕسکانە. نازانم مەبەست لە فۆرم چیە ؟ دەست خۆش بۆ نوسینەکەت.



سەرنجێک بنوسن