چ شتێکی جوانە بیرهاتنەوەی تۆ؛
لە ناوەڕاستی هەواڵەکانی مەرگ و سەرکەوتندا،
لە زیندان و
ئەو دەمەی تەمەن لە چل لایداوە.
چ شتێکی جوانە بیرهاتنەوەی تۆ؛
دەستی جێماوت لەسەر پارچە قوماشێکی شینی ئاسمانی،
لەناو قژەکانیشتدا،
نەرمیی خاکی بە ویقاڕی “ئیستانبوڵ”ی ئەزیزیم.
بەختەوەریی ئەڤینی تۆ،
چەشنی بوونی کەسی دووهەمە لە ناخمدا.
بۆنی جێماوی گەڵای شەمدانی بەسەر پەنجەکانتەوە،
ئاسوودەییەک چەشنی خۆرەتاو و
بانگهێشتی جەستە؛
بۆ شەقارشەقارکردنی تاریکییەکی گەرمی قەترانی،
بە هێڵی سوور و زەردەوە.
چ شتێکی جوانە بیرهاتنەوەی تۆ؛
نووسین لەبارەی تۆ،
بیرکردنەوە لە تۆ،
ئەو کاتەی لە زیندان و لەسەر پشت ڕاکشاوم.
بیرهاتنەوەی وشەیەک کە فڵان رۆژ،
لە فڵان شوێنە پێتگوتووم.
نەک خۆی،
بەڵکو دونیای دەربڕینی وشەکە.
چ شتێکی جوانە بیرهاتنەوەی تۆ!
دەبێ دیسان دەست پێبکەم؛
لەسەر تەختەیەک نەخشەکارییەکت بۆ هەڵکۆڵم،
دۆڵابێک،
ئەنگوستیلەیەک…
پارچە قوماشێکی ئاوریشمی سێ مەتریشت بۆ بچنم.
یەکسەریش،
لە شوێنی خۆمەوە ڕاست ببمەوە،
بڕۆم خۆم بنووسێنم بە میلە ئاسنینییەکانی پەنجەرەکەوە و
بە ڕەنگی سپی و شینی ئازادی،
هەموو ئەو وشانەی بۆم نووسیوی،
پڕ بە گەرووم هاوارکەم و بڵێمەوە.
چ شتێکی جوانە بیرهاتنەوەی تۆ؛
لە ناو هەواڵەکانی مەرگ و سەرکەوتندا،
لە زیندان و
ئەو دەمەی تەمەن لە چل لایداوە.
٢٣ی ئەیلولی ١٩٤٥
ئاخۆ ئێستا خەریکی چی بێ؟
ئێستا، هەر ئێستاکە؟
لە ماڵەوەیە، یان لە کۆڵان
لەسەر کارە، پاڵ کەوتووە، یان لەسەر نوێن و بان؟
ڕەنگە دەستێکی بەرز کردبێتەوە،
-وای گوڵی من!
مەچەکە گۆشتن و سپییەکانی چۆن دەردەخا ئەم جوڵەیە-
ئەو ئێستا خەریکی چییە؟
هەر ئێستاکە، ئێستا؟
ڕەنگە پشیلەیەکی لە باوەشدا بێ و
نەوازشی کا.
شایەدیش، بە ڕێگاوەیە و هەنگاو هەڵدێنێتەوە؛
-ئەو هەنگاوە یەکجار شیرین و ئازیزانەی،
لە هەموو ڕۆژە سەختەکانمدا بە هەڵەداوان ئەو دەگەیەننە لای من-
ئەی ئاخۆ بیر لە چی دەکاتەوە؟
لە من؟
یان چوزانم…،
لەوەی بۆچی ئەو فاسۆلیایە بە هیچ ناکوڵێ.
یانیش بیر لەوە دەکاتەوە،
بۆچی زۆینەی مرۆڤەکانی ئەم ڕۆژگارە هێندە بێ بەختن؟
ئەو ئێستا بیر لە چی دەکاتەوە؟
هەر ئێستاکە، ئێستا، ئێستا؟
٢٤ی ئەیلولی ١٩٤٥
جوانترین دەریا؛
ئەو دەریایەیە کە هێشتا بۆی نەچووین.
جوانترین منداڵ؛
ئەو منداڵەیە کە هێشتا گەورە نەبووە.
جوانترین رۆژەکانمان؛
ئەو ڕۆژانەن کە هێشتا نەیانژیاوین.
جوانترین وشەش کە گەرەکمە بە تۆی بڵێم؛
ئەو وشەیە کە هێشتا پێم نەگووتووی.
٢٦ی ئەیلولی ١٩٤٥
دیل و ئەسیریان کردین،
خستیانینە زیندانەوە؛
من لە ناوەوەی دیوارەکان
تۆ لە دەرەوەی دیوارەکان.
کێشەیەکی بچووکە ئەوەی ئێمە،
دەردی هەرە گران ئەوە؛
مرۆڤ خۆی،
لە غەفڵەت یان بە هوشیاری،
زیندان بگوازێتەوە ناخی خۆی.
زۆرێک لە مرۆڤی ئەم رۆژگارە خراونەتە ئەم حاڵەوە؛
مرۆڤگەلێکی باش،
خەباتکار،
شەرافەتمەنــــد و
هێندەی خۆشەویستی من بۆ تۆ،
شایەنی خۆشەویستن.
٢ی ئۆکتۆبری ١٩٤٥
شنەی با هەڵی کردووە؛
هیچ لقی دار گێلاسێک، تەنانەت یەک جاری تریش بە هەمان شنەی با نالەرێتەوە.
مەلان لەسەر درەختەکان جریوەیان دێ،
باڵەکانیان مەیلی فڕینیان هەیە.
دەرگا داخراوە،
گەرەک زەختی لێ بکرێ و بکرێتەوە،
من تۆم دەوێ،
ژیانێکیش؛ وەک تۆ جوان،
خۆشەویست و هاوڕێ.
دەزانم؛
هێشتا دوایی نەهاتووە،
میوانداری نەهامەتی و سەفالەت،
لێ بەڵام دوایی دێ.
سەرچاوە: سەرجەم شیعرەکانی نازم حیکمەت. وەشانخانەی یاپی کرێدی- چاپی حەوتەم ٢٠١١. ل: ٦١٧-٦٢٣.
سەرنج ڕاکێش و جوان بوو، دەستخۆش